Skip to Content

ناسینی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی ئەنفال، بۆچی گرنگە؟..  ئاسۆکمال

ناسینی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی ئەنفال، بۆچی گرنگە؟.. ئاسۆکمال

Closed
by نیسان 16, 2021 General, Opinion


لای خەڵکی کوردستان باکگراوندی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی ئەنفال هێشتا نەناسێنراوە و کاری فکری و سیاسی لە دژ نەکراوە و زیاتر ئەنفال وەک کیمیایی باران و کارەساتەکانی تری سیاسەتی بەعس دەبینرێ.
هۆلۆکۆست وەک ئایدیۆلۆژیای دژی سامی بونی نازیزم و بەم پێیەش وەک ئایدیۆلۆژیای دژی ئینسانی ناسراوە، بەڵام بەم شێوەیە ئایدیۆلۆژی ئەنفالی ئیسلامی لای خەڵکی جیهان پێناسە نەکراوە. ئەمەش دەوری هەیە لەوەی کە کارەساتی ئەنفال وەک هۆلۆکۆست نەکراوەتە مەسەلەیەکی نێونەتەوەیی و هیچ زەمانەتێک بۆ دووبارە نەبونەوەی لە ئارادا نیە.
سەدام لەشەڕی ٨ ساڵەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران پێویستی بەوە بوو کە خۆی وەک نوێنەری ناسیونالیزمی عەرەبی نیشان بدا و عێراق بکاتە دەرگای ڕۆژهەڵاتی نیشتمانی عەرەبی کە بەر بە خەتەری هاتنەناوەوەی پان ئیسلامی ئێران بگرێ. لەم پێناوەدا جەنگەکەی وەک ئیسلام و فارس نیشاندەدا و بەتایبەت لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە حەملەیەکی ئیمانی دەستپێکرد کە سەرتاپای دامودەزگاکانی دەوڵەت و سیمای شەڕی گرتەوە . ناسیونالیزمی عەرەبی و سونەی چ لەعێراق و چ لە ووڵاتانی عەرەبیدا هێنایە پشت سەری خۆی و وەک نوینەری”‘ئومەی” عەرەبی و ئیسلامی دژ بەئێران خۆی نواند. هێرشی ئەنفالیش وەک بەشێک لەم شەڕەی بەناوی دینەوە ئەنجامی دا .
ئەنفال کە سوورەتی ھەشتەمی قورئانە لە دوای جەنگی بەدر بڵاو بووەوە بە مەبەستی روونکردنەوەی دابەشکردنی ئەو غەنیمە و دەسکەوتانەی لە شەڕی کافرەکان دەکەوتە دەستی موسڵمانەکان وەک سامان و چەک و مەڕو ماڵات گونجاو بوو ببێتە هاوشێوەی ئەو شەڕەی بەعس دژ بەخەڵکی کورد کردی. بەلێکدانەوەی بەعس لە عەمەلیاتی ئەنفال کورد بە کافر و لەڕێ لادەر لە قەڵەم دراو سەرو ماڵی حەڵاڵ کرا. هەرچەند بۆ بەعس ئەنفالکردنی کورد پێویستی بە تەبریری دینی نەبوو بەڵام وەک بەشێ لە سەرجەم جەوی دینی شەڕی بەعس بۆ کۆمەڵکوژیەکی لەم چەشنە ئەم ناوە لەگەڵ ئەو کارانەدا دەهاتەوە کە ئەم سورەتە باسی دەکا وەک لە بڕگەکانی ٦و٧و٤١و٦٩وئەوانی تردا ئاوا باسی دەکا
“6 •يُجَادِلُونَكَ فِي الْحَقِّ بَعْدَمَا تَبَيَّنَ كَأَنَّمَا يُسَاقُونَ إِلَى الْمَوْتِ وَهُمْ يَنظُرُونَ • 7وَإِذْ يَعِدُكُمُ اللَّهُ إِحْدَى الطَّائِفَتَيْنِ أَنَّهَا لَكُمْ وَتَوَدُّونَ أَنَّ غَيْرَ ذَاتِ الشَّوْكَةِ تَكُونُ لَكُمْ وَيُرِيدُ اللَّهُ أَن يُحِقَّ الْحَقَّ بِكَلِمَاتِهِ وَيَقْطَعَ دَابِرَ الْكَافِرِينَ • 41وَاعْلَمُواْ أَنَّمَا غَنِمْتُم مِّن شَيْءٍ فَأَنَّ لِلَّهِ خُمُسَهُ وَلِلرَّسُولِ وَلِذِي الْقُرْبَى وَالْيَتَامَى وَالْمَسَاكِينِ وَابْنِ السَّبِيلِ إِن كُنتُمْ آمَنتُمْ بِاللَّهِ وَمَا أَنزَلْنَا عَلَى عَبْدِنَا يَوْمَ الْفُرْقَانِ يَوْمَ الْتَقَى الْجَمْعَانِ وَاللَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ • 69 فَكُلُواْ مِمَّا غَنِمْتُمْ حَلالاً طَيِّبًا وَاتَّقُواْ اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَّحِيمٌ “.
ئەنفال بەرهەمی تیوری چۆنیەتی سەرکوتی خەڵکی کورد و کۆمەڵکوژی بوو کە بەعس وەک بەشیك لەسیاسەتی ناسیونالیزمی عەرەبی پیادەی کردوە و هەویەی قەومی عەرەبی بەسەر عێراقدا فەرزدەکرد و ستەمی قەومی لەسەر خەڵکی کوردستان و هێشتنەوەیانی وەک هاوڵاتی پلەدوو و ژێردەستە پێویست بوو. ئەم ناسیونالیزمە عەرەبیەی بەعس هەمیشە ئیسلام کۆڵەکەیەکی فکری و مەعنەوی بوە و دوانەی دەسەڵاتدارێتی چینە باڵاکان بوون لە عێراق و جیهانی عەرەبیدا. سوود وەرگرتن لە بنەماکانی ئیسلام بۆ حوکم کردن و شەڕ و کۆمەڵکوژیەکان داهێنانی بەعس نەبوە و لە عێراقدا ئەمە وەسیلەیەکی مێژوویی حوکم کردن و بەپیرۆزدانانی سەرکوت و شەڕە یەک لەدوای یەکەکانی خەلافەت و ئیمپراتۆریەتی ئەمەوی و عەباسی و عوسمانیەکان و هەر دەسەڵاتدارێک بوە. گەڕانەوەی بەعس بۆ ئەنفال بەشێک لەو باکگراوندە دینییە کە سیاسەتی دەسەڵاتدارانی عێراق لەمێژوودا بۆ پیرۆزکردنی شەڕەکانیان بەردەوام بەکاریان هێناوە و خەڵکی کورد هەمیشە یەکیک لە قوربانیەکانی ئەم دەسەڵاتدارە ئیسلامیانە بوە.
ناساندنی ئەنفال وەک بەشێک لە ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی ڕیگە لە دووبارەبونەوەی ئەم مێژووانەی ئەنفال دەگرێ و داهاتوی خەڵکی کوردستان و ناوچەکە دەپارێزێ.

ئاسۆکمال

Previous
Next
Kurdish