Skip to Content

گۆران مەریوانی..وونبوون لە هوشیاری و بێهودەیی و ئاوێتەکردنی بوون و نەبوون.. ٣.. نزار جاف

گۆران مەریوانی..وونبوون لە هوشیاری و بێهودەیی و ئاوێتەکردنی بوون و نەبوون.. ٣.. نزار جاف

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 10, 2022 General, Literature


( 3 ـ 3)
نزار جاف


یەکێك لە ئەرکە بنەڕەتییەکان ئەدەب و هونەر، بەرجەستەکرنی سێ بنەمای ژیان و بوونە کە لە”چاكی، رەوا وجوان”ی پێکهاتووە، ئەو بەرهەمە یەدەبی یا هونەری کە هەر یەك لەم سێ بنەمایە یا هەرسێکیان پێکەوە تێدا بەدی نەکرێت، ئەوا ئەو بایەخ و نەرخەی نییە. کەسانی وەك شکسپیر یا دیستوفسکی یا مایاکۆفسکی یا والت وێتمان یا نالی یا عەبدوڵڵا پەشێو، کاتێك بەرهەمەکانیان هەڵدەسەنگێنین، ئەوا دەبینین کە هەمیشە مەبەست و ئامانجێکیان هەبووە و پیامێکیان بە مرۆڤ گەیاندووە.
ئەوەی کە جێگەی سەرنجە، یەکێك لە هۆکارە سەرەکییەکانی داهێنان، یاخیبوونە لەو ریتم و شێوازەی کە بۆ ماوەیەك خۆی سەپاندووە بە سەر بەشە جیاوازەکانی ئەدەب و هونەردا، بەڵام، هەموو یاخیبوونێك ئەو یاخیبوونە نییە کە ئێمە لەبارەوەی قسەدەکەین. یاخیبوونی مەبەست، یاخیبوونێکە کە شتێکی نوێ بهێنێتە ئاراوە و ئەو سێ بنەمایەی باسمان کرد لەخۆبگرێت. هەرچەندە لێرەشدا دەبێت ئەوەش بڵێین کە شێوازی لەخۆگرتنی ئەو سێ بنەمایە جۆرەکانی جیاوازن و توانا و بلیمەتی ئەدیب یا هونەرمەند لەو ڕووەوە دەردەکەوێت.
گۆران مەریوانی، هەروەك لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەمدا ئاماژەم پییدا، کەسێکی رۆشنبیر و هەمیشە خوولیای خوێندنەوە بوو و، ئیستاش هەروایە، هەر بۆیە هەست بە قووڵییەك و دەوڵەمەندییەك لە هەڵبەستەکانیدا دەکەیت چونکە نووسەر یا شاعیریکی خاوەن رۆشنبیرییەکی بەرفراوان، بیەوێت یا نەیەوێت، ئەوا لە نووسینەکانیدا ئاستی رۆشنبیرییەك دەردەکەوێت و، هەر لە سەرەتاوە، گۆران لە هەڵبەستی”پەنجەرەدا” ئەوەی سەلماند زۆر بەجوانی، هەڵبەتە هیچ کام لەو شاعیرانەی کە لەناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردوو لە چایخانەی قەڵادزییکان دەمناسین، وەك گۆران سەرەنجیان رانەکێشام بەو جۆرە قووڵەش گوێم بۆ نەدەگرتن، رۆژکاریش بۆی سەلماندم کە هەڵەنەبووم.
لە هەموو بەرهەمێکی ئەدەبی چ شیعر یا چیرۆك یا رۆمان، بەشێك یا بڕگەیەك یا تەنانەت دێڕێك هەیە کە بە دڵ و ناوکرۆکی بەرهەمە ئەدەبییەکەی دابنێین هەڵبەتە لای رەخنەگران، ئەوە بە “پەڵە زێڕین”ەکە دادنرێت، خۆی لە بەش و بڕگەکانی تر جیائەکاتەوە، هەروەك چۆن دڵۆپێك زەیت بکەیتە ناو جامێك ئاەوەوە رێك دیارە و جیاوازە، هەر بۆ نموونە لە ‌هەڵبەستی”شەوێك” فروخ فروخزاد دێڕێ” شەوێك لیوی تینووی من بە سۆزەوە لە ئاگری لێوی تۆدا دەسووتێ”، بە پەڵەی زێڕینی دادەنرێت یا لە گوڵی خوێناوی عەبدوڵلا گۆراندا ئەوا دێڕی”وەرە تاوێك سەرکەرە سەر ڕانم با بگریم بۆ گۆڵێك دۆڕانم” بەو پەڵەی زێڕینە دەژمێردرێت. هەر بەو ئاراستە، سێ هەڵبەستی”پەنجەرە” و “ئیتر من باردەکەم لێرە” و”گرێ”وەك سێ پەڵەی ناو هەرچی شیعرە کە تا ئێستا گۆران نووسیبێتی، بەڵام ئەگەر ئەگەر پەڵە سەرەکییەکەی نێوانیان دیاری بکەن ئەوا هەڵبەستی”گرێ” خۆی دەسەپێنێت، سەبارەت بە دێڕی پەڵە زێڕینی هەرچی شیعری گۆران مەریوانییە کە تا ئیستا نووسیوێتی ئەوا بە بۆچوونی من لە هەڵبەستی”گرێ”دایە کە دەڵێت:
” هه‌ڵده‌ستم و؛
له‌ هه‌ستمدا مردوه‌.”
هەڵبەتە هۆی ئەم بۆچوونەشم دوایی روون دەکەمەوە.
بۆچی”گرێ” دادەنێم بە”پەڵەزێڕین”ی ناو شیعرەکانی گۆران؟ ئەمە پرسیارێکی سادەیە بەڵام وەڵامەکەی زۆر قووڵە، چونکە ناتوانرێت راستەوخو وەڵام بدرێتەوە وەك هەر پرسیارێك لەسەر بابەتێکی دیار و سادە. گرێ قووڵترین گەشتی گۆرانە نەك بۆ چەند شار و ووڵاتێك یا تەنانەت بۆ ئاسمان و هەسارەکان، بەڵکو بۆ ناو خودی خۆی.
لە شانۆگەری”رێوی و ترێ”ی فیدریکۆ جۆلهیرم، ئیزۆبی بەندە لە دوای ئازاد کردنی بۆ کۆیلایەتی دەگەڕێتەوە، چونکە کەس وەك کەسێکی سەربەست رەفتاری لەگەڵ ناکات، هەڵبەتە هەستکردن بە نامۆیی و ناپەسەندکردنی دەوروبەر بۆ ئیزوب، وایلێکرد کۆیلایەتی لە سەربەستی بە باشتر بزانیت. لە هەڵبەستی”گرێ”دا، گۆران لە ململانێیەکی قوڵە لەگەڵ خودی خۆیدا! هەڵبەتە، گۆران لێرەدا بە دەست شیزوفرینیایەکی فیکری و دەروونی نائاساییەوە دەناڵێنێت، و لە نێوان سادیزم و مازۆخیدا گیری خواردووە! بەڵام ئەو هەرگیز وەك ئیزۆب ناکات و ناگەڕێتەوە کۆت و بەندی رەهەندی فیکری ئاسایی جیهان بەڵکو دژایەتی ئەوەش دەکات دەخوازێت رێبازێکی نوێ تەنانەت گەر پەنجەرەیەکیش بێت لە قووڵایی ماخیدا!
“دەمانچەکەم دەردێنم، بەرامبەری دادەنیشم
جگه‌ره‌ كێشیش نیم تا جگه‌ره‌یه‌ك داگیرسێنم
ڕاسته‌وخۆ ده‌چمه‌ ناو باسه‌كه‌وه؛‌
”ئیدی ته‌واو؛ ……………….، به‌ جێت دێڵم”
ئەم چوار دێڕە، هەرچەندە وەك دیارە لە شوێنێکی دیاریکراودا روودەدات، کە زێتر وەك ژوورێکە، بەڵام، کاتێك لە وەی کە گۆران دەێڵێت و وەبیرهێنانەوەی خودی گۆران، ئەوا دەبێت بزانین کە دووچاری جیهانێکی پڕ لە دژایەتی و ئاڵۆزی چوون بە ناخدا، دەبینەوە.
ئەوەی دەمانچەکە دەردێنێ و ئەوەیشی کە بەرامبەر ئەو دەمانچەی دانیشتووە و چاوەڕوانی لە دەستدانی ژیانێتی، هەر گۆرانە! لەمەشدا گۆران لە رووی فیکری و دەروونییەوە پێش شاکارەکەی ئەلبرتۆ مۆرافیا”من و ئەو” دەکەوێتەوە، “من”ەکەی مۆرافیا خودی خۆیەتی بەڵام “ئەو”ەکەی ئامێری نێرییەتییەتی، بەڵام گۆران هەردوو کەسایەتیی هەڵبەستەکەی خودی خۆیەتی!
گۆران لەم دووفاقەییەی کەسایەتیدا لە هەڵبەستەکەیدا، نابێت بە دوو رەهەندی خێر و شەڕی دابنێین، ئەوەی کە پتر سەرنج رادەکێشێت، هەردوو کەسایەتییەکە هاوتای یەکدین، چ لەرووی پۆزەتیفەوە یا لە رووی نەگەتیفەوە، هەرچەندە گۆران هەوڵ دەدات کار لە مێشکی خوێنەر بکات کاتێك لە بەرەوپێشچوونێکی درامیدا لە هەڵبەستەکەدا دەڵێت:
” به‌رامبه‌ری داده‌نیشم؛
یاری به‌ ده‌مانچه‌كه‌م ده‌كه‌م
چاویش له‌و ناتروكێنم
ڕه‌نگی ده‌په‌ڕێ
ته‌ڕی له‌ گه‌رویدا ویشك ده‌بێ”
رووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆیدا و، هەوڵدان بۆ دوواندنی خۆ، داهێنانێکی مەریوانی نییە، بەڵکو مرۆڤ هەر لە سەرەتای مێژووە خەریکی دوواندنی خود و دەوروبەرێتی و، لەگەڵ بەرجەستەبوونی رۆڵی ئایین ئەوا دوواندنی خود پتر پەرەی سەند بەتایبەتی کاتێك بابەتی”تەسەووف”و’عیرفان”لە هزری ئایینیدا هاتنەئاراوە و، ئەم شێوازەش لە شیعری رۆژهەڵاتیدا رەنگی داوەتەوە و گەر تەماشای موزەفەرە ئەلنەواب بکەین لەم شیعرەی خوارەوەدا ئەوا دەبینین هەوڵ دواندنی یەزدان دەکات بە مەبەستی دۆزینەوەی راستییەکان:
“ئەوا من رووخسارم بۆ ئاسمانەکانت بەرزدەکەمەوە
بەڵام هیچ نابینم
کەچی تۆ دەمبینیت
چونکە من ئێستا نابینام..!
ئایا کەسێك دەبینیت کە تۆ نایبینیت؟”
ئەم جۆرە دواندنە دەروونییە کە دەوروبەر دەهێندرێتەئاراوە بۆ دەوڵەمەندکردنی هێڵی درامی هەڵبەست لای شاعیر، گۆران لە گرێدا دەستی لێ هەڵگرتووە و تەنها پشتی بە جیهانی خودی خۆیەتی و بەس!
گۆران کە رووبەڕووی خۆ دەبێتەوە و هەڕەشەی نەمان لە خۆی دەکات، هەروەك “مەنسوری حەللاج” وایە کاتێك دەڵێت:
“منم شەیدا و ئەویشی شەیدای منم”، هەرچەندە لێرەدا دەبێت ئاماژەش بەوە بدەین کە حەللاج لەو جۆرە دوواندنە دەروونییەدا، پەروەردگار بەرامبەر خۆی دادەنێت و خۆی و خوا بە یەك دادەنێت، کەچی گۆران لەم هەڵبەستەدا و، ئەوەیش جێگەی تێڕامانە، هەردوو لایەنەکە بە خۆی دەزانێت دەخوازێت لەناو خودی خۆیدا نهێنی بوون و نەبوون و رازەکانی ژیان بزانێت.
بەڵام، بۆ زێتر تێگەیشتن و چوونە ناو ناخی مەبەستی شاعیرەوە ئەوا دەبێت لەم هەڵبەستە یەکجار ئاڵۆزەی گۆراندا زۆر بە ئاگا و وریابین، چونکە ئەگەر لەسەر رووکەش و شێوە واتاکان وەربگرین ئەوا هەر مەبەستەکەی ناپێکین و جوانی لێ تێناگەین چونکە ئەم هەڵبەستە چەند جیهانێکی جیاواز، گۆران لەم هەڵبەستەدا زۆر جیهان و ئاراستەی دژ بە یەکی تێکەڵ کردووە، هەروەك چۆن بیرمەند”رایمۆت رایش” لە کتێبێ”چالاکی سیکسی و ململانێی چینەکان” بۆ گەیشتن بە مەبەستی پشت بە دوو ئاراستەی جیاواز دەبەستێتەوە، کە بریتین لە مارکسیزم و زانستی شیکردنەوە فرۆیدی، تا یاسایەکی بنەڕەتی بۆ دروست بکەن کە سیفەتی گشتگیری لە خۆی بگرێت، گۆران ئاراستەی دەروونی قووڵ و ئاراستەی ریالیزمی کە نقوومە لە بیر و هزرێکی بێ سنوور لەم هەڵبەستەدا دەگرێتە بەر بۆ گەیشتن بە لۆجیکیکی ئارام بەخش، هەڵبەتە ئەوەی جێگەی سەرنجە هەردوو ئاراستەکە لە قووڵایی ناخی خودی گۆراندایە، بەمەش گۆران پتر سەرنج رادەکێشێت کە شێوازەکەی وەك دیمەنی دەرەکی لە شێوازی سۆفی گەرانی سوننی و عاریفگەرانی شیعە دەشوبهێت، چونکە ئەوانە بڕوایان بە “وحدة الوجود”ە واتە یەکێتی بوون، و هەروەك چۆن لەمەوبەر لە بڕگەیەکی شیعری حەللاج ئاماژەمان پێیدا. لەمەش زێتر، گۆران لەم هەڵبەستەدا بەرپەرچی رێبازی فەلسەفی دیکارت دەداتەوە و تەنها رازی نابێت بە”من گومان دەکەم کەوتەم من بوونم هەیە”، بەڵکو دەچێتە قووڵایی گومانەوە و لەوێشەوە دەماندوێنێت و بابەتەکان روون دەکاتەوە.
گۆران دەڵێت:
” ئه‌وێ كه‌ فێر نییه‌ كه‌سێ به‌رپه‌رچی بداته‌وه
ئه‌وێ كه‌سێ زات ناكا‌‌
قسه‌ی پێ ببڕێ، یان شتێكی بۆ ڕوونبكاته‌وه‌‌
هه‌میشه‌ سه‌ركرده‌ بووه‌، هه‌میشه‌ ڕابه‌ر
ده‌مانچه‌كه‌م ڕاناوه‌شێنم وێنه‌ی گاگنسته‌ره‌ ئامریکییە‌كان
جگه‌ره‌ كێشیش نیم تا دووكه‌ڵی جگه‌رم؛
بكه‌م به‌ ڕووخساریدا،
نه‌ دوودڵم؛ نه‌ په‌رێشان.
له‌ پڕ دوو گوولـله‌ ناڵه‌ ده‌كا
ئه‌وێ كه‌ هه‌میشه‌ سه‌ردار بووه‌،
بڕوا ناكا”
ئەو کەسەی گۆران لەم هەڵبەستە وەسفی دەکات بەوەی “فێر نییە کەس بەرپەرچی بداتەوە” و”کەسێ زات ناکا قسەی ببڕێ، یان شتێکی بۆ روون بکاتەوە” و”هەمیشە سەرکردە بووە، هەمیشە رابەر”، ئەم کەسە رەهەند یان لایەنی دەروونی قووڵی مرۆڤە کە گۆران ناخی خۆی کردۆتە تاقیگەیەکی لیکدانەوە بۆ لە نزیکەوە ناسینی، ئەوەیشی دەمانچەکەی بە دەستەوەیە بە هەمان شێوە، رەهەند یان لایەنی واقیعی کاڵ و کرچی مرڤە کە گۆران خۆی بۆتە ئەکتەری نواندنی!
گۆران بەردەوام دەبێت لە نمایشە دەروونییە فیکرییە فەلسەفیییە ریالیزمە بێهودەییەکەی و دەڵێت:
” من فوویه‌ك له‌ لووله‌ی ده‌مانچه‌كه‌م ده‌كه‌م؛
هه‌ڵده‌ستم؛
دڵنیام بۆ ئه‌به‌د له‌ دڵمدا ده‌یكوژم
دڵنیام له‌سه‌ر خاكی ڕۆحمدا نایهێڵم
جارێكی تر‌ قامكی زیاره‌تی به‌ردی؛‌
دوورگه‌ په‌رشوبڵاوه‌كانی گیانم ناكا
لێوی ئیدی بۆ ئه‌به‌د لێوم ماچ ناكا
هه‌ڵده‌ستم و؛
له‌ هه‌ستمدا مردوه‌.
هه‌ڵده‌ستم و؛
له‌ له‌شمدا دوژمنێكی هه‌ڵهاتووه‌
ده‌مانچه‌كه‌م ده‌كه‌مه‌وه‌ به‌ر پشتێنه‌كه‌م
خوێن له‌ هه‌ردوو چاوییه‌وه‌ فیچقه‌ ده‌كا
به‌ جێی دێڵم تا بۆ خۆی وه‌ك ده‌عبایه‌ك بـ…..، بـ…………….،
ده‌ڕۆم،
ده‌رگاكه‌ش داناخه‌م”
ئەم بڕگەیە، بەتایبەتی سەرەتاکەی کە دەڵێت:” من فوویه‌ك له‌ لووله‌ی ده‌مانچه‌كه‌م ده‌كه‌م”، هەموو دەزانین فووکردن لە لوولە دەمانچە هەروەك لە فیلمی کاوبۆیدا بینیومانە، دوای تەقەکردنە، هەربۆیە یەکەم بیرۆکە کە لە مێشکماندا جێگیربێت، ئەوەیە کە تەقەی لە بەرامبەرەکی کردبێت، کەچی گۆران بە ئاراستەیەکی یەکجار جیاواز دەڵێت:” دڵنیام بۆ ئه‌به‌د له‌ دڵمدا ده‌یكوژم.. دڵنیام له‌سه‌ر خاكی ڕۆحمدا نایهێڵم… جارێكی تر‌ قامكی زیاره‌تی به‌ردی…. دوورگه‌ په‌رشوبڵاوه‌كانی گیانم ناكا… لێوی ئیدی بۆ ئه‌به‌د لێوم ماچ ناكا”، دڵنیایی لە وەی کە دەیکوژێت واتە هیچ رووی نەداوە و، تەنانەت تەقەش نەکراوە و، هەروەها دڵنیایی لەوەی کە لەسەر خاکی روحیدا نایهێڵێت، ئەوە دەردەخات کە شاعیر تەقەیەکی گرنگتر و کاریگەرتری کردبێت لە”رەهەندە”بەرامبەرەکەی کە ئەویش هەڵوێست وەرگرتن بە دەرچوون لە کۆتی و بازنەی ئەو رەهەندە بەتایبەتی کە گرنگترین و پڕ واتا ترین دێڕی شیعری کە لە سەرەتا ئاماژەمان پێیدا و بە پەڵە زێڕینی شیعریمان دانا، دەڵێت:
” هه‌ڵده‌ستم و؛
له‌ هه‌ستمدا مردوه‌.”
هەڵدەستێت، هەروەك ئەوەی رابێت لە خەو و، دڵنیابێت لەوەی کە رەهەندە دەروونییەکەی لە هەستیدا مردووە! بەڵام هەڵساندنەکەیشی وەك رابوون و راپەڕاندنێکی نائاساییش دەژمێردرێت و، گۆران لەم دێڕەدا پەیامی سەرکەوتنی بەسەر خۆیدا رادەگەێینێت، بەڵام کام خودە؟ خودە دەروونییەك کە بە ئازادکردن یا بە رێپێدانی ئەوا رووبەڕووی گۆرانێکی نێگەتیف دەبینەوە. ئەم چەند ووشە کەمە بێهودەیی و ریالیزم و فەنتازیا و سوریالیزم تێکەڵ بە یەك دەکات! هەڵبەتە دەبێت ئەوەش بڵێم کە چەند ووشە دێڕە شیعرێکی شاعیری ئێرانی”تورج نیگەهبان”م وەبیر دێنێتەوە کە واتایەکی فەلسەفی زۆر قووڵی هەیە کە دەڵێت:
“ژیان سەرەنجامی نەبوونە
چڕینی سروودێکی ناتەواوە”
هەڵبەتە، گەرچی لای نیگەهبان پتر رەهندە فەلسەفییەکی کیرکەگارد و سارتەر دەبینینەوە بەڵام لای گۆران لەو چەند ووشە کەمەدا رووبەڕووی رەهەندی بێهودەیی و ریالیزم و فەنتازیا و سوریالیزم، دەبینەوە. بەڵام سەیر لەوەدایە کە جارێکی تریش گۆران یاری بە ووشەو و ئاراستە واتا دەکات کاتێك بۆ هەڵسانەکەی دەگەڕێتەوە و ئەوەی کە لە هەستیدا مرد، ئەمجارە بە”دوژمنێکی هەڵاتووی”لە لەشیدا، دادەنێت و، نەك ئەوەندە و بەس بەڵکو زیاتریش لەوە دەڕوات کاتێك دەگاتە لووتکەی بێهودەیی کە دەڵێت:
” ده‌مانچه‌كه‌م ده‌كه‌مه‌وه‌ به‌ر پشتێنه‌كه‌م
خوێن له‌ هه‌ردوو چاوییه‌وه‌ فیچقه‌ ده‌كا”
دەمانچەکە بێ ئەوەی تەقەی پێ بکات دەیگەڕێنیتەوە بۆ پشتێنەکەی بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خوێن لە چاوی رەهەندە دەروونییەکەی فیچقەدەکات!
دوای ئەو هەموو ململانێ و بەگژیەکداچوون و ئاڵۆزی و ئاویتەکردنی واتاکان، شاعیر دەڕوات بەبێ ئەوەی دەرگاکە دابخات، بە راشکاوانە رادەگەێینێت:
” له‌ده‌ره‌وه‌،
بۆ یه‌كه‌مجار؛
هه‌ست به‌ ئازادی خۆم ده‌كه‌م.”
ئەو ئازادییە مایەی لەناوبردن و بەزاندنی رەهەندی چەوتی دەروونییە کە گەورەترین دوژمنی مرۆڤایەتی و شارستانییەت و هەموو شتە باشەکانی جیهان و ژیانە!
دوا تێبینیم بەر لەوەی کۆتایی بەم نووسینە دوورودرێژەم بەم ئەوەی؛ گۆران مەریوانی گەرچی وەك پاڵەوانێکی چالاکە لە بواری سیاسی وفیکری و دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە بەڵام لە بواری ئافرەت و غەزەلدا، هیچ رۆڵێلی نییە، هەڵبەتە من وەك خۆم، بە هۆی پێوەندیم بە گۆرانەوە لە ماوەیەکی زۆر هەستیاری ژیانیدا، دەزانم کە ئافرەت لە ژیانیدا هەبووە و، بەتایبەتی لەدوا ساتەکانی بەجێهێشتنی بۆ کوردستان و، من بۆ خۆم شایەتی حاڵی ئەوە بووم، بەڵام نازانم بۆ هەموو بابەتێك لە شیعریدا رەنگی دایەوە جگە لە ئافرەت و غەزەل؟!

Previous
Next
Kurdish