Skip to Content

فلاشباک.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە..5/ستیڤان شەمزینی

فلاشباک.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە..5/ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئاب 3, 2021 General, Opinion


بەشی پێنجەم

ئەمڕۆ 28-10-1997 دوای 21 رۆژ حەپسکردن، لە زیندانی ئاسایشی سلێمانی هاتمە دەرەوە. 21 رۆژ لەو شوێنە، ئەزموونێکی زۆری بۆ من دروستکرد. جگەرە و کهولم لێبڕا بوو، پێموابوو ئەوە ناڕەحەتترین شت بوو بۆ من. لەوێ وەک زیندانی جەنگ مامەڵەم لەگەڵ دەکرا، لە ناو دەرزەنێک پیاوکوژ و هەتیوباز و دەرمانفرۆش و عەرەب و دزدا زیندان بووم، هەموو زیندانییەکان بە “مامۆستا” بانگیان دەکردم، رەنگە ئەمەش پەیوەندیی بەوەوە بێت قاتم لەبەرە و بۆینباخم بەستووە، یان بەهۆی شێوازی قسەکردنەوە بێت کە زۆر زاراوەی قورسی سیاسیی و فەلسەفی بۆ ئەو هەژارانە تیایە کە لێی تێناگەن.
بیر لەوە دەکەمەوە زیندان ناخۆشترین شوێنە، هاوڕێ “فەهد” دێتە یادم کە چۆن ئەم شوێنە نەفرەتییە نەیتوانی چۆکی پێ دابدا؟. یان هەزارەها ئازادیخوازی ئەم دنیایە کە ساڵهای ساڵ لە زینداندا بوون و زیندانیان کردە قوتابخانەی خۆڕاگریی و شۆڕشگێڕیی. هەرچەندە من دژی تاقیکردنەوەی ئینسانەکانم لەسەر مەبنای ئازایەتی و ترسنۆکی، بەڵام دەمەوێ ئازابم، ئەشزانم ئەوە ناسیۆنالیزمە پاڵەوانی دەوێ، بەڵام ئەمەوێ بەرانبەر بە ئازار و ئەشکەنجەی ئەم دەزگایە پاڵەوان بم. چوونکە ئەوان رقی زۆریان لە خودی خۆم و کۆمۆنیزمە، تەنانەت دوێنێ پێش بەربوونم ویستیان بە کەفالەتی وازهێنان لە کاری سیاسیی ئازادم بکەن، بەڵام وتم ئەمەوێ هەر لە ژوورەوە بم نەک تەسلیمی داوای ئێوە بم. کە ئەمزانی مانەوە لە زیندان زیاتر سوورم ئەکات لەسەر بیروڕاکانم.
ناخۆشترین شت لەو سێ هەفتەیەدا ئەوەبوو، کە داوای قەڵەم و کاغەزم ئەکرد، بە تووڕەییەوە وتیان لە یەکێتی نووسەران میوان نیت، ئێرە ئاسایشە کە تێیدا پشتی زۆر کەسی لە سکی نەرمتر کراوە. ئەو شەڕە دەروونییە، لە ئەشکەنجەدانەکان بە سوێتر بوو. ئاخر من لەسەر بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی سیاسیی دەستگیر کراوم، چۆن وا مامەڵەم لەگەڵ ئەکرێ؟ بەڵام نەگبەتی ئەم رۆژهەڵاتی نێوینە ئەوەیە دەزگا ئاسایشەکانی بە دەست کۆمەڵێ پیاوکوژ و نیمچە مافیاوەیە. کە نەک سڵ لە سوکایەتی و ئەشکەنجەدان ناکەنەوە، بەڵکو تیرۆری سیاسیی لایان لە قاوەخواردنەوە ئاسانترە. ئینجا خۆش ئەوەیە حزبەکانیان مەکتەبی تایبەتی حزبییان هەیە بە ناوی “مەکتەبی مافی مرۆڤ”!!. زاراوەی “مافی مرۆڤ” دروشمێکە کە زۆرترین تاوانی لەژێردا کراوە لەهەموو دنیادا.
ناخۆشییەکی تری ئەوە بوو، کە کۆمەڵێ لە ئەفسەرەکان ئەیانووت خۆ ئێمەش مارکسی و چەپین!!. جارێک منیش وتم ئێوە کە خۆتان بە لینین ئەزانن، ئەدی خۆ من “تزار”ی قەیسەری رووس نیم، چی دەکەم لە کونجی زیندانی ئێوە؟. هەروام وتی، جەلادێکی سوورفل بە کێبڵ بەربووە گیانم، هاواریان ئەکرد بەسەرما ئێوە کۆمەڵێ مناڵەورتکەن، رۆژێ وەک سەگ هەمووتان ئەتۆپێنین.! منیش بێعارتر بووم لەوان ئەمووت ئەگەر مناڵەورتکەین، بۆ لێمان ئەترسن؟. کابرایەکی تێکسمڕاو بە دەنگێکی نەرم وتی ئێوە زیرەکن بەڵام زۆر دەمدرێژن. دواتر زانیم کە ئەو پیاوە پلەدارێکی دەزگای ئاسایشی یەکێتییە. ئێستا هاتوومەتە دەرەوە لەبەر خۆمەوە ئەڵێم باشە قەڵەم و دەفتەریشیان بهێنابایە چیم ئەنووسی؟ خۆ من “ئەنتۆنیۆ گرامشی” نیم لە زیندانەوە فۆرمۆڵەی زۆر بنەمای مارکسییەتم بکردایە!. هەر دوو دێڕی بێسەروبەرم ئەنووسی ئیتر بۆ خۆم گەیاندە قامچی؟. ئەم یاخیبوونەم ترسناکە.

28-10-1997
ستیڤان شەمزینی

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 21-24 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە.

Previous
Next
Kurdish