
په‌تای شیعر … به‌ختیار محه‌مه‌د
Closed
- دوو حه‌فته‌یه‌ك به‌ر له ئه‌مڕۆ، كاك ئازاد عهبدولواحیدی سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری ڕامان به ته‌له‌فۆن پێوه‌ندی پێوه كردم، كه من ماوه‌یه‌كه بابه‌تیان (نووسینیان نه‌ك شیعر) بۆ نانێرم. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌و قسه‌ی له‌سه‌ر شیعر كرد (كه منیش له‌مێژه دوو ده‌قی شیعرییم بۆ ناردوون و تا ئێستا بڵاویان نه‌كردووه‌ته‌وه و پێشناچێ بڵاوی بكه‌نه‌وه؛ ئه‌مه یه‌كه‌مجاریشمه شیعر بۆ ڕامان بنێرم)؛ تێبینی و سه‌رنجی ڕاست و جوانی خۆی له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای شیعر له ژیانی ڕۆشنبیریی ئێمه‌دا بۆم باس كرد، كه چۆن ئه‌وان له گۆڤاره‌كه‌شیان موعاناتی تووشبوون به‌م په‌تایه‌یان هه‌یه؛ بێ گومان ئه‌و (منیش له‌گه‌ڵ ئه‌و) خۆی له خۆیدا ڕه‌خنه‌ی له شیعر نییه وه‌ك ژانرێكی ئه‌ده‌بی (هه‌رچه‌نده ئێستا ئه‌م ژانره له‌سه‌ر ئاستی جیهانیشدا گرفتی خۆی هه‌یه)، به‌ڵكو ڕه‌خنه و سه‌رنجی ئه‌و له‌سه‌ر په‌تای میعری كوردییه.
منیش له زووه‌وه هه‌مان ڕای ئه‌وم هه‌یه: به‌ڕاستی بڵاوبوونه‌وه‌ی ترسناكی په‌تای میعر گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته و وای لێهاتووه، كه بڵێین ئه‌م دیارده‌یه ده‌لاله‌ت له هیچ ناكا جگه له هه‌ژاری و بێ ده‌سه‌ڵاتی دنیای ڕۆشنبیریی ئێمه نه‌بێ. واته له‌م سه‌رده‌می پێشكه‌وتنی عهولمهیهدا به زمانی شیعر (میعر) نه‌بێ ناتوانێ بدوێ و بوونی مرۆیی (ئیستاتیكی و مه‌عریفی) ئێمه ده‌رببڕێ.
- چه‌ند ڕۆژێك به‌ر له ئه‌مڕۆ به‌ڕێكه‌وت دیتم، كه له كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی قه‌ڵات مه‌راسیمی پێشكه‌شكردنی كتێبی ده شاعیر، كه هه‌ر یه‌كه‌یان ده‌قێكی خۆی خوێنده‌وه پێشكه‌شكرا: به‌ڕاستی گاڵته‌جاڕییه‌كی گه‌وره بوو! جگه له ده‌قی یه‌كێكیان نه‌بێ، كه ده‌قێك بوو هه‌ندێك به وێنه و زمانێكی تازه و جیاواز نووسرابوو، هه‌موو ئه‌وانی دیكه په‌تای كوشنده‌ی میعر بوون (خه‌ڵكێكی زۆریشی له ڕۆشنبیرانی میعری بۆ داوه‌ت و بانگكرابوو)؛ ئه‌مه‌ش جارێكی دیكه بۆمانی سه‌لماند، كه چۆن له‌م ساڵانه‌ی دوایی له هه‌موو وه‌ختێك زیاتر، دنیای ڕۆشنبیریی ئێمه دووچاری ئه‌م په‌تایه كوشنده‌یه بووه. پێشده‌چێ زۆربه‌ی ئه‌و شاعیرانه هه‌ر نه‌خوێننه‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر كه تا زۆرێكیش بخوێننه‌وه، ئه‌وا هه‌ر ته‌نیا شیعر و ده‌قی ئه‌ده‌بی ئاسان بخوێننه‌وه.
- دوێنێ شاعیرێكی ناسراویش له فه‌یسبووك وێنه‌ی كۆمه‌ڵێك كتێبی شیعریی هه‌ندێك شاعیری بڵاو كردبووه‌وه، كه به‌دیاری پێشكه‌شیان كردووه، ئه‌ویش سوپاسی كردبوون…
- شاعیر و ڕه‌خنه‌گرێكیش هه‌یه، ماوه‌یه‌كه خه‌ریكی نووسینی كتیبێكه له‌سه‌ر شیعری هه‌ندێك شاعیری هاوچه‌رخی كورد… ئه‌دی كوا چیرۆك؟ كوا شانۆنامه؟ كوا گوتاری ڕه‌خنه‌یی باش؟ كوا هزر و فه‌لسه‌فه له دنیای ڕۆشنبیریی ئێمه‌دا (هه‌ڵبه‌ت به‌ده‌ر له‌و ده‌قه كه‌مانه‌ی، كه له‌م بواره‌دا هه‌ن و به‌ده‌ر له‌و نووسه‌ره ده‌گمه‌نانه‌ش، كه له‌م بواره‌دا كار ده‌كه‌ن و ده‌نووسن)؟…
- هاشم سه‌ڕاج، كه شاعیرێكی ناسراوه و خاوه‌ن ده‌قی جوانه، كه خۆم كاتی خۆی له‌سه‌رم نووسیوه (بڕوانه گۆڤاری ڕامان ژماره 141)، ئێستا ڕۆژانه له فه‌یسبووك زۆر شیعری (ده‌قی) ناشیعر بڵاو ده‌كاته‌وه و هیچ پێوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكی زیندوویان به زمان و گوتاری شیعره‌وه نییه (ئه‌مه جگه له‌وه‌ی، كه جار جار ده‌قی شیعریی جوان بڵاو ده‌كاته‌وه، بۆیه پێویسته ته‌نیا ئه‌م جۆره ده‌قانه بڵاو بكاته‌وه، نه‌ك ئه‌و زۆری و بۆرییه، كه ده‌قه باشه‌كانیشی لێ ون ده‌كا).
- شیعره‌كانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر له ئینشایه‌كی پڕ له زه‌خره‌فه‌ی درێژدادڕ ده‌چن، كه هیچ ڕۆحی واتایان تێدا نییه. ئه‌و گوایا شیعری بێگه‌رد ده‌نووسێ: ئایا شیعری بێگه‌رد واتای چییه؟ شیعری بێگه‌رد ئه‌وه‌یه، كه كه‌س نه‌زانێ ده‌ڵێی چی و بێ هیچ نیشانه‌یه‌كی خاڵبه‌ندییش هه‌ر ڕسته و په‌یڤ و وشان بڕێسی و له ئاكامدا به‌ناوی قه‌سیده‌وه، دوو سێ لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامهیهكمان بۆ پڕ بكه‌یته‌وه و نه‌ك هه‌ر هیچ ده‌لاله‌ت و واتایه‌كی مه‌عریفی قووڵمان پێ نابه‌خشێ، به‌ڵكو له چێژی ئیستاتیكاش (كه گوایا ئه‌م جۆره شیعره له بنه‌ڕه‌تدا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته نووسراوه) بێ به‌شمان ده‌كا.
ئه‌مانه شیعر له پێناو میعردا ده‌نووسن؛ شیعر له پێناو وێرانكردنی شیعر و ئه‌ده‌بدا ده‌نووسن… ڕاستییه‌كه‌ی شیعر له ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا وه‌ك ئه‌نفۆنزای باڵنده‌ی لێهاتووه، كه هه‌موو ژیانی ڕۆشنبیرییمانی گرتووه‌ته‌وه.
بێ گومان ئه‌وه خۆشم ده‌گرێته‌وه، ئه‌گه‌ر شیعر و ده‌قی له‌م جۆر و له‌م بابه‌ته‌م نووسیبێ.
به‌ختیار محه‌مه‌د.
22 / 3 / 2019