
خانە نشینبوون …. عوسمان ڕانیەیی
لەكۆمەڵگە پێشكەوتووەكاندا بەتایبەت لە دانشگا و ناوەند و دامەزراوە گرنگەكانی دەوڵەت، ڕوناكبیران و داهێنەران و ئەكادیمیەكان و كەسانی یاسایی و ئیداری و سیاسی، دوای گەیشتنیان بەماوەی یاسایی خانەنشینبوون وەك فەرمانبەران و بەڕێوەبەرانی ئاسایی خانەنشین ناكرێن. چونكە ئەو كەسایەتیانە بە(بیر)کار دەكەن نەك بە(جەستە)، سەرمایەی كەسانی ڕۆشنبیر و بیرمەند و ئەكادیمی ئەقڵ و بیروهۆش و تواناكانیانە لەداهێنان و بەخشش نەك چەند ساڵێكی دیاریكراوی خزمەتكردن، لەبەرئەوە گەیشتن بەماوەی خانەنشینبون وجێبەجێكردنی لەسەر فەرمانبەرانی ئاسایی و ئیداریەكان مانای كۆتایی هاتنی كارو پیشەو ڕۆڵی لەبوارەكانی ژیان دا نییە بەڵكو گۆڕانێكی ئیداری یاساییە ڕودەدات.
خانەنشینبوون وەك قۆناغێك لەقۆناغە ئاساییەكانی ژیانی ئیداری لەهەر وڵات و كۆمەڵگەیەك بەگوێرەی یاسای ناوخۆیی رێكخراوە، بۆنمونە لەزۆربەی وڵاتانی ئەوروپاو بەتایبەت لەدامەزراوە باڵاكان و زانكۆكان ماوەی گەیشتن بەكاتی خانەنشینبوون دەگاتە حەفتا ساڵ یان بەكراوەیی دەمێنێ یان ئەو كەسە خۆی بخوازێت خانەنشین بكرێت یان باری تەندروستی ڕێگەی بەردەوامبوونی كاری پێ نادات، لەهەندێ دەوڵەتیش ئەو كەسانەی دەگەنە ئاستی تەمەنی خانەنشینبون ئەگەر بخوازن بەردەوامبن لە كاركردن ئەوا بواریان پێ دەدەن سەرپەرشتی نامەی ماستەر و دكتۆرا بكەن یان لەناوەندەكانی توێژینەوە شوێنی تایبەت و شیاویان بۆدابین دەكرێت، هاوكات گشت هەلومەرجی حەوانەوەو ژیانێكی پڕ لەئاسوودەییان بۆلەبەر چاو دەگیرێت، تەنانەت هەندێ ناوەندی ئەكادیمی لەوڵاتانی پێشكەوتوو هەوڵ دەدەن سوود لە بەهرەی ئەكادیمی وڵاتانی تر ببینن، بۆنموونە دكتۆرێكی هاوڕێم هەیە خەڵكی باشوری كوردستانە پێشتر لەوڵاتی فەرەنسا خوێندوویەتی، تائێستا چەند جارێك لەلایەن ئەو وڵاتەوە داوەتكراوەو باشترین جێگەی حەوانەوەیان بۆ دابین كردوە لەبەرامبەردا ئەركێكی ئەكادیمیان لەبواری لێكۆڵینەوە یان وەرگێرانی ئەدەبیات بۆماوەیەكی دیاریكراو پێ سپاردووە و دوای ئەنجام دانی كارەكە بەرێزەوە ماڵ ئاوایی لێ دەكرێت.
بابەتەكە دەبەستمەوە بەهەرێمی كوردستان دەبینین لەو بوارەشدا كەموکوڕی ھەیە بەپێچەوانەی كلتوری گەلانی پێشكەوتوو هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەم لایەنە دەكرێت بەجۆرێك ئەو توانا ئەكادیمیانەی ڕۆژانێك ڕوویەكی گەش و دەنگێكی دیار و لایەنێكی سەرەكی كاركرن و كۆڵەگەیەكی بنەڕەتی بوون لە داهێنان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری هەرئەم كەسایەتیە بەرێزانە كاتێك گەیشتن بەوادەی خانەنشینبون بەسادەیی و ساردو سڕی بەڕێ دەخرێن وەك ئەوەی بڵێی ئەوكەسە بارگرانی بوبێت لەسەريان تەنانەت ڕێز بۆ ئارشیف و كەل و پەلی ژوورەكانیان دانانێن ئەمە لەكاتێكدا ئەو كەلوپەلانە دۆكیۆمێنت و بابەتی ئەكادیمی بوون و لەكاتی خۆیدا هەوڵ و ماندوبونێكی زۆری مادی و مەعنەوی بۆ خەرج كراوە، راستە لێرەولەوێ چەند حاڵەتێكى وەك مەراسيمى خاترخواستن لەو كەسانه دەكرێت بەڵام شتەكە گشتى نييە، چونكە بەها و گرنگی زانست و ڕوناكبیری لای هەندێك كەسانی بڕیار بەدەست گرنگى پێ نادرێت بۆیە دەبینین تەنانەت هەڵسوكەوت كردنیشیان لەتەك ئەو كەسایەتییانەدا شیاو و لەجێی خۆی نیە.
پرسیار ئەوەیە ئایا ئەمە بێ ڕێزی نییە لەبەرامبەر كەسایەتیانی وڵات دەكرێت؟ ئایا ئەمە دروستكردنی كولتوری بێڕێزی نییە كە خەڵكانێك بەمەزاجی شەخسی خۆیان بەرامبەر خەڵكیتر دەیكەن؟ ئەم پرسیارانە پێویستە لایەنی بەرپرس وەڵامیان بداتەوە. لەبەرامبەردا پێویستە كولتوری یەكتر قبوڵكردن و رێزگرتن و بەهای نیشتیمانی و ڕەوشت بەرزی لە كۆمەڵگە دروست بكرێ و پەرەی پێ بدرێ نەك سڕینەوەی بەها جوان و پیرۆزەكانی ناو كۆمەڵگەی كوردەواری كەپڕیەتی لە ڕێزگرتن و خۆشەویستی و مرۆڤایەتی.