پڕۆفیسۆر قه‌ناتی كوردۆ: ژیان و به‌رهه‌مه‌کانی … نووسینی: زانکۆ یاری
نووسه‌ر و زانای مه‌زنی كورد، پڕۆفیسۆر قه‌نات کڵاشۆڤیچ کوردۆیێف یان قه‌ناتی كوردۆ، (Prof. Qanatê Kalashevich Kurdo) له 30-9-1909، له گوندی سۆسز (Sûsiz) سه‌ر به پارێزگه‌ی قارسی (Qersê)باكووری كوردستان (ده‌وڵه‌تی عوسمانی)، له‌دایكبووه و ناوی ته‌واوی “قه‌نات كوڕی كوردۆ كوڕی كه‌له‌ش كوڕی خدر” بووه.
له‌كۆتایی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی له‌ساڵی1918 ، كه توركه‌كان به‌سه‌ر ئه‌رمه‌ندا زاڵبوون، له دوایی ده‌ساوێژی ده‌وڵه‌تی فاشیستی تورک‌دا، بنه‌ماڵه‌ی قه‌نات و خه‌ڵكی ئاواییه‌كه‌یان خۆیان له‌چنگی توركه‌كان ڕزگار كردوو به‌ره‌و ناوچه‌ی ئاپارانی (Aparan) سه‌ر به پارێزگه‌ی بێریڤانی ئه‌رمه‌نستانی ژێر ده‌ستی ڕووسیا (یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوو –(USSR كه‌وتنه‌ڕێ و له گوندی كۆربلاخ (Kurbolakh)نیشته‌جێ بوون، خه‌ڵكی گونده‌كه هه‌موویان كوردبوون و هه‌ر له‌و ساڵه‌دا توركه‌كان ناوچه‌ی ئاپارانیان داگیر كرد، به‌تایبه‌تی گونده‌كانی كورد، بۆیه ماڵی قه‌نات ماوه‌یه‌ك ده‌ربه‌ده‌ر بوون و له دواییدا گه‌ڕانه‌وه ئاپاران. باوکی که پێشتر جوتیار بوو، به حه‌ماڵی گوزه‌رانی ده‌كرد، هه‌روه‌ها بنه‌ماڵه‌که‌یان له‌سه‌ر ئایینی ئێزیدیش بوون.
له ساڵی1920 دا ڕوویان كرده گورجستان و له شاری ته‌بلیس (Tbilisi)سه‌قامگیر بوون و ملیان دایه ڕه‌نجبه‌ری، باوكی له1921 دا كۆچی دوای كرد و په‌روه‌رده كردنی ئه‌و كوڕه 12ساڵییه كه‌وته ئه‌ستۆری دایكی. له ساڵی 1922، له قوتابخانه شه‌وو ڕۆژیه‌که‌ی هاگۆب گازاریانی ئه‌رمه‌نی ناسراوبه لازۆ (Hagop “Lazo” Ghazaria)ده‌ستی به‌خوێندن كرد و ئه‌و زانایه به پیتی لاتینی ئه‌رمه‌نی فێری كوردی بوو و دوایی ژنه‌كه‌شی زمانی ئه‌رمه‌نی فێری كرد.
قه‌ناتی كوردۆ له‌ساڵی 1928دا خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌و قوتابخانه تایبه‌تیه ته‌واو كرد، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له لاوانی کوردی ئه‌رمه‌نستان وه‌کوو عه‌رب شه‌موو (Erebê Şemo)له‌گه‌ڵ هه‌جده لاوی دیکه بۆ شاری لێنینگراد (Leningrad)ڕێکه‌وتن. قه‌ناتیش له‌گه‌ڵ ئه‌م گرووپه بوو و له ئه‌نستیتۆی زمان‌ناسی (زمانه زیندووه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات) ده‌ستی به خۆێندن کرد، ئه‌م گرووپه دوای ماوه‌یه‌ک یه‌که‌م گۆڤاری کوردی بڵاو ده‌که‌نه‌وه. پاشان له رشته‌ی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی زانستگای پترزبۆرگ (Petersburg) وه‌رگێڕا و له كۆلیژی كارگه‌ران له‌شاری لێنینگراد وه‌رگیراو له‌ساڵی 1931دا ئه‌و كۆلیژه‌ی ته‌واو كرد، كه به‌رامبه‌ر قۆناغی ناوه‌ندی و ئاماده‌یی بووه و له كۆتایی ئه‌و ساڵه‌دا قه‌نات و دوو هاوڕێی كوردی كۆلێژی زمانه‌وانه‌ی زانستگای لێنینگراد وه‌رگیران. له‌ساڵی 1936دا کۆلێژی ڕۆژهه‌ڵاتی له ئه‌نستیتۆی مێژوو و توژێژینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و زمان‌ناسی له لێنینگراد ته‌واو كرد و هه‌ر ئه‌و ساڵه له به‌شی دوكتۆرا وه‌رگیرا. له 20ی پووشپه ڕی 1940دا به‌رگری له تێزه‌که‌ی (له مه‌ڕ زمان و ئه‌ده‌بی کوردی) کرد و پله‌ی دوکتۆرای وه‌رگرت. له دوایی جه‌نگی جیهانی دووه‌میش وه‌کوو مامۆستای زمان و ئه‌ده‌بی کوردی وانه‌بێژ بوو.
له ساڵی 1941دا خوێندنی باڵای ته‌واو كرد و بڕوانامه‌ی دوكتۆرای وه‌رگرت و له په‌یمانگای ئه‌سنۆگرافیای ئه‌كادیمیای زانستی سۆڤیه‌ت دامه‌زرا، دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م نێردایه “فابریقه‌ی شه‌فه‌قی سو‌و” تا مانگی شوباتی 1942 دوكتۆر قه‌ناتی كوردۆ له‌ساڵی 1945دا بووه ئه‌ندامی پارتی كۆمۆنیستی ڕووسیا و له‌پاش جه‌نگ بوو به مامۆستا و زمانی كوردی به خوێندكارانی به‌شی ئێرانی ده‌گوته‌وه. له‌ساڵی 1947ه‌و تاكوو 1960 سكرتێری لیژنه‌ی ناوچه‌ی پارتی كۆمۆنیستی په‌یمانگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناس بووه له‌و شاره‌ی لێنینگراددا تاكوو ساڵی 1958قه‌ناتی كوردۆ و ئیسحاق سوكه‌رمان (Îsahak Sûkêrman)و مارگریت ڕودینكۆ (M. B. Rūdankū) له به‌شی ئێرانی په‌یمانگای ڕۆژهه‌ڵاتناسی خه‌ریكی كوردناسیی بوون.
له‌ساڵی 1958دا به‌شی کوردناسی له ئە‌نستیتۆی ڕۆژهه‌ڵاتناسیی سن پترزبۆرگ به یارمه‌تی ئۆربێلی ڕووسی (Hovsêp Orbêlî) سه‌رۆكی په‌یمانگای ڕۆژهه‌ڵاتناس جیاكرایه‌وه و بووه به‌شێكی سه‌ربه‌خۆ. له دوایی یه‌ک ساڵ ئه‌م به‌شه به قه‌نات سپێردرا و هه‌تاکوو مه‌رگی خۆی ئه‌م ئه‌رکه‌ی به ئه‌شق و ئیراده به‌سه‌ر برد. ئه‌م پیاوه مه‌زنه له 8ی 1947ه وه مامۆستای یاریده‌ر بوو، له 23ی 1950وه به باسکارێکی زانستییانه، له به‌شی دیراساتی ئێرانی سه‌ر به ئه‌نستیتۆی تۆژینه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی لێنینگراد دامه‌زرا و دوای دامه‌زراندنی به‌شی دیراساتی کوردی، له ساڵی 1955وه کرایه سه‌رۆکی به‌شی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی ئه‌و کۆڵێژه. (له‌سه‌ره‌تادا ئۆربێلی خۆی بووه سه‌رۆكی، به‌ڵام له‌دواییدا دوكتۆر قه‌ناتی كوردۆ به سه‌رۆكی به‌شه‌كه هه‌ڵبژێردرا). مامۆستا قه‌نات له ساڵانی (1941-1939) و (1953-1945)دا له زانستگای لێنینگراد وانه‌بێژ بوو و له ساڵانی (1941-1939)دا له بواری دیراساتی کوردی‌دا باسکاری زانستییانه‌ی ئه‌تنۆگرافیا بووه.
ئه‌وه‌ی شایانی گوتنیشه دوكتۆر قه‌نات له ساڵی 1968دا بڕوانامه‌ی دكتۆرای “ناووك” واته دوكتۆرای زانسته‌كانی وه‌رگرت و پله‌ی زانستی بووه‌ته پڕۆفیسۆر. هه‌روه‌ها قه‌نات ته‌نیا ئه‌ندامی ده‌ره‌کی كوڕی زانياری كورد له كوردستانی ئێراق بوو.
كوردناس، پڕۆفیسۆر قه‌نات، هه‌تاكوو ڕۆژی كۆچی دوایی له 18ی نوامبری 1985دا (5ی ربیع الاول 1406 ه.ق) و‌ه‌ك سه‌رۆكی به‌شی كوردی و زانایه‌كی مه‌زنی كورد و كوردناسێكی دڵسۆز و لێهاتووی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خزمه‌تی زمان و وێژه‌ی و مێژووی كوردی كرد و به‌ڕێز و حورمه‌تی زۆره‌وه له شاری لێنینگراد به خاک سپێردرا. پڕۆفیسۆر قه‌ناتی كوردۆ گه‌لێك به‌رهه‌می به‌نرخی نووسیوه و بڵاوی كردۆته‌وه. به‌و بابه‌تانه‌وه که له کوردیێه‌وه بۆ ڕووسی وه‌رگێڕاون، زۆرتر له 100تۆژینه‌وه‌ی زانستییانه له بواری ئه‌ده‌ب و مێژووی کورده‌وه نووسیوه که دوایی له گۆڤار و ڕۆژنامه به‌ناوبانگه‌کانی جیهاندا بڵاوه بوو.
هه‌ندێ له به‌رهه‌مه‌کانی:
1-ته‌حویری مێژووی كورد له زانستی مێژوویی بۆڕجوازیی فارس، (1954)
2-خه‌پاتۆر ئابۆڤیان وه‌كوو كوردناس و ئه‌سنۆگراف، (1955)
3-بیروباوه‌ڕی ناڕاست له‌باره‌ی زمانی كوردییه‌وه، (1955)
4-په‌رتووكی ڕێزمانی كوردی – ئێره‌و‌ان، (1956)
5-كورد له په‌رتووكی نه‌ته‌وه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، (1957)
-6ڕێزمانی کوردی (دیالێکتی کورمانجی ژوور)، مۆسکۆ، (1957)
-7فه‌رهه‌نگی زمانی کوردی بۆ خۆیندکارانی سه‌ره‌تایی، مۆسکۆ،(1957)
-8دیرۆکه‌کانی ڕۆسته‌می زاڵ له نێو کورده‌کان، به زمانی ڕووسی، مۆسکۆ، (1976)
9-کۆمه‌ڵێک له چیرۆکه فۆلکلوره‌کانی کوردی، چاپی به‌غدا، (1978)
10-ڕێزمانی کوردی (به هه‌ر دوو دیالێکتی کورمانجی ژوور‌و و ژێرێ)، مۆسکۆ، (1958)
11-فه‌رهه‌نگی (کوردی-ڕووسی)، مۆسکۆ، (1960)
12-زمانی کوردی، له زه‌نجیره‌ی (زمانه کانی ده‌ڤه‌ری ڕۆژهه‌ڵات و ئه‌فریقا)، مۆسکۆ، (1960)
13-په‌رتووکی کوردناسیی، (1961)
14-وه رگێڕانی چیرۆکی سێقا حاجی به ڕووسی، مۆسکۆ، (1962)
15-زمانی کوردی، چاپی فرانکفۆرت ئا‌ڵمانیا، (1981)
16-فه‌رهه‌نگی كوردی – ڕووسی شێوه‌ی كورمانجی باشوو، (1983)
17-فه‌رهه‌نگی کوردی سۆرانی – ڕووسی ، (1983)
18-ئه‌حمه‌دی خانی و به‌رهه‌می وێژه‌یی.
19-دروستبوونی وشه له زمانی كوردیدا.
20-كوردی سۆڤیه‌ت له وێژه‌یی كوردی ده‌ره‌وه‌دا.
21-بیروباوه‌ڕی قاره‌مانیه‌تی له به‌رهه‌می وێژه‌ی ئه‌حمه‌دی خانی‌دا.
22-وه‌رگێڕانی چیرۆکی ده‌مده‌م و قه‌ڵا به ڕووسی.
13-لێکۆڵینه‌وه یه‌ک بۆ كوردی زازاكی.
24-ئیزدی و مێژووی ئیزدیه‌کان..
25-لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک بۆ ئه‌ده‌بی زاره‌کی کوردی. …
سه‌رچاوه‌کان:
-1کڵاشۆڤیچ کوردۆیێف، قه‌نات، کوردناسیی. و: ڕه‌وف حه‌سه‌ن، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری (به‌ڕێوبه‌ێتی خانه‌ی وه‌رگێڕان)، سلێمانی 2007.
-2روحانی، بابا مردوخ، تاریخ مشاهیر کورد (عرفا، علما، ادبا، شعرا)، جلد دوم، چاپ سوم-سروش 1390.
-3 خه‌زنه‌دار، دوکتۆر مارف مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی، سه‌ده‌کانی چوارده‌م-هه‌ژده‌م، چاپی یه‌که‌م، به‌رگی دووه‌م، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، هه‌ولێر، 2003.
-4یاری، زانکۆ، زبان و ادبیات کوردی، پیشینه و مسایل اجتماعی-مقاله، بخش سوم (نامدران کورد در ترکیه)، خاکه‌لێوه‌ی 1395.
5-Http://www.kurdipedia.org/lng=1&q=100_.سالیا_زانا_ونڤیسەرێ_کورد_قەناتێ_کوردۆ
6-Boyik, Eskerê (27 October 2004), Qanatê Kurdo: Zanyarê Kurd Ê bi Nav Û Deng original (PDF) in Kurdish, Peyama Kurd (published 5 November 2004), p. 15, retrieved 30 December 2016 .
zanko.yari@yahoo.co.uk
نووسینی: زانکۆ یاری
کارناسی زمان و ئه‌ده‌بی ئینگلیزی