گه‌شمه‌رگی فه‌رمانده ئازادی حه‌مه‌گه‌محان…. دڵشاد تاقانه
مه‌گه‌م مێژوو بتانی وێنای ئه‌و که‌ڵه‌پیاوه بکێشی ده‌نا هیچ گۆته و پێنوسێک ئادگاری ته‌واو ناکات… پیاوێک له‌سێبه‌ر و زۆرپێکراوی هه‌رگیزنه‌زان، هه‌ڵکه‌وته‌یه‌کی دبلۆماسی له‌کام پله و پایه‌با هه‌رڕێبه‌ر و ڕاوێژه‌ربوو، مامۆستای په‌یوه‌ندی و هه‌واڵگری، پێشمه‌رگه‌کی لێوه‌شاوه‌ی بێ سڵه‌مینه‌وه بوێر و سزاده‌ری هه‌ردژه‌کوردێک ئه‌گه‌ر نازانم کوڕی کێش بی! فه‌رمانده‌یه‌ک له‌به‌رێوه‌بردن و ئامانج ئانگێو.
مرۆڤناسی..
سه‌رناس و چاوناس، ده‌یتوانی زۆر به‌ئاسانی بتخوێنێته‌وه، کلیلی ده‌روازه‌کانی له‌ڕوانینێکدا ده‌گرته‌وه. چاوه‌ڕه‌شه‌کانی زۆر قول و تیژبین، پرچه لوول و به‌گروازه‌که‌ی چه‌ندان ده‌وری سه‌رده‌می دی بوو، زۆرکه‌م تێده‌که‌وت هه‌میشه به‌ئاگابوو. ڕاکێشه‌ر به‌ئه‌ندازه‌یه‌ک له‌دیتنێکیدا وات ده‌زانی ده‌یان ساڵه ده‌یناسی چونکه خاکی و ساده له‌بلیمه‌تیدا.
قسه‌زان..
گفتولفتی شیرین ته‌وه‌رێکه له‌کاڕکاڕه‌ی که‌سایه‌تی کاک ئازاد ده‌یان و سه‌دان ڕێچکه‌ی لێکۆڵینه‌وه هه‌ڵده‌گرێ، که‌سه‌کی قسه‌زان و بڕواپێهێنه‌ر زۆربه‌ئاسانی تێیده‌گه‌یاندی. پشی درێژی گفتوگۆ له‌مه‌نگاویدا ده‌یخولاندیه‌وه بێ ئه‌وه‌ی ئازارت بدا به‌خۆبه‌زلزانی یان پشتگوێخستن و شه‌رگه‌ی ده‌روونی. وه‌ک هه‌ڵۆیه‌ک له‌چنگی به‌ڵام بێ ئازار و خۆشه‌ویستیه‌وه گه‌مه‌ی ده‌کردی نه‌یده‌ڕه‌نجاندی. هه‌موو که‌سێکی پێویست بوو، هیچ که‌سی وه‌لانه‌ده‌نا، ده‌توانی برێی جۆکه‌ری هه‌موو پێڕێکی توانامه‌ندی بوو، له‌ڕسته‌یه‌کدا دۆست خۆشیان ده‌ویست دوژمنیش لێی تۆقی بوون.
چاخانه‌ی حه‌مه‌گه‌محان..
چایخانه‌که‌ی بابی پێگه‌یه‌نه‌ری سه‌ره‌کی که‌سایه‌تی و تیکه‌ڵ بوونی به‌رده‌وامی به‌خه‌ڵکی بوو له‌لاویه‌وه ببووه ئه‌لبومی براده‌رایه‌تی و زۆرینه‌ی ده‌ناسی. ئه‌و چاخانه مه‌کۆی ده‌یه‌ها شاعیر و سیاسی و ناوداری شاری کۆیه بوو که‌س نیه له‌وێوه ته‌له‌فزیۆنی له‌سه‌ره‌تاکانه‌وه ته‌ماشا نه‌کردبی، شه‌وانه به‌دیار ئوم که‌لسومی عه‌ره‌بی ئێشکی نه‌گرتبی، زرینگه‌ی چای خه‌ست و شرقه‌ی دۆمینه‌ی گێ لێ نه‌بووبی، له‌گه‌ڵ ئاوی به‌فراو یا ماستاوی خه‌ست به‌جامی فافۆن فڕنه‌کردبی لێوه‌کانی پێ نه‌ته‌زی بی!
بیتوێن..
له‌ژێر پێی ده‌له‌رزی، کێ هه‌بوو له‌ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکان سه‌رتیپی ده‌شتی بیتوێن بکا له‌گه‌ڵ جڕ و جانه‌وه‌ری خێڵه‌کیه‌تی ئاغا و مسکێنی ئه‌وێ هه‌ڵبکا؟ به‌قه‌رد نه‌ترسێ و سه‌رچیخ هه‌موو چڕنۆکداره‌کان بریندار بکا! هه‌موویان که‌وی له‌قه‌فه‌زی خۆیدا له‌باڕیه‌تی بخات. تیپی 99 ی بیتوێن به‌فه‌رمانده‌یی خۆی جێگه و پێگه‌ی مێژوویی خۆی وه‌رگرت له‌مێژووی پێشمه‌رگایه‌تی ده‌توانین بڵێن: سیاسیترین سه‌رتیپ بووه. له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌یان و سه‌دان کادیر و پێشمه‌رگه پێگه‌یین. ئه‌وێ ڕۆژێ له‌به‌رچاومان مامۆستایه‌کی پێشمه‌رگه‌یی، وره‌یه‌کی جه‌ربه‌زه و خۆڕاگری، پێشه‌نگێکی دانوستانکاری کارامه‌ی هه‌ل نه‌ته‌رفێن بوو.
سه‌رکردایه‌تی..
پێکهاته‌ی خودی کاک ئازاد فه‌رمانده‌یی بوو هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ش تیشکه‌کانی بڵاوبوو، ئه‌وانی سه‌ره‌وه باشتر هه‌ستیان پێده‌کرد، ڕێگری لێده‌کرا ده‌نا له‌زۆرانێک ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی و مه‌کته‌ب سیاسی ئه‌وێ ڕۆژێ لێزان و به‌تواناتر بوو ده‌کرا ئه‌وانێک شاگردی بن و لێی فێرببن. نرخی پێشمه‌رگه‌ی له‌لابوو ده‌کرێ برێین: باب و برای هه‌ره‌زۆری بوو. هه‌میشه له‌ئاپۆرای پێشمه‌رگه‌دا بزرده‌بوو نه‌ت ده‌ناسیه‌وه که فه‌رمانده‌یه.
ڕێکخستنی ناوشار..
کاتی نیوه‌ی دووه‌می حه‌فتاکان کاک ئازاد کارمه‌ندی به‌ڕێوه‌بردن بوو له‌دواناوه‌ندی کۆیه‌ی کوڕان. ئامێری تایپی چاپکردنه‌که‌ی به‌کارده‌هینا لۆ نوسینی بڵاوکراوه‌کانی شۆڕشی نوێ ئه‌وجا به‌ڕۆنیۆیه‌که چه‌ندین نموونه‌ی لێده‌گرته‌وه له‌بنه گونیه‌کی ده‌یبرد و دابه‌شی ده‌کرت به‌سه‌ر ئه‌ندامانی ڕێکخستن ته‌نانه‌ت لۆشاره‌کانی هه‌ولێر و ڕانیه و سلێمانیش ده‌ناردرا چونکه تایپی چاپ که‌م و ده‌گمه‌ن بوو ڕژێمی ئه‌وسا چاودێری له‌سه‌ر دانابوو. زۆر نه‌ترس و به‌هیمه‌ت و بوێربوو له‌و ڕۆژانی ئه‌نگوسته‌چاوه‌دا ئه‌و هه‌میشه چرای شۆڕشی نوێی ده‌دیت و هه‌ڵکاری چراکان بوو.
جه‌مه‌دانی له‌مل..
جه‌مه‌دانی له‌مل بوو یان ده‌یکرده ده‌مامک. که‌س نه‌یده‌زانی شه‌وێ له‌کوێ و کام ژوور ده‌خه‌وێ! هیچ لاملیه‌کی نائاگایی نه‌ده‌کرد، لۆ هه‌موو گچکه‌ئه‌گه‌رێک ئاماده‌باش و چاوه‌ڕوانکار، زیت و زرینگ. له‌هه‌موو پێچ و که‌لێک ڕه‌وان ئاواده‌بوو. هیچ شوناسێ جێ پێی پێ هه‌ڵنه‌ده‌گیرا، مانگی شه‌و و ڕۆژی ئاسمان بوو.
دڵشاد تاقانه