Skip to Content

ڕێژەى نەگۆڕ …..!؟ … برهان ئەحمەد

ڕێژەى نەگۆڕ …..!؟ … برهان ئەحمەد

Closed
by تشرینی دووه‌م 15, 2016 General, Poems

دەمانچە لە من بەختى باشترە , تفەنگ لە تۆ خەونى زیاترە
کانییەکان دەدەیتە بەر دەستڕێژى وشکایى , پەینى خەزان دەخەیتە سەر ڕەگى شەوبۆ, ڕوومەتى پوونگە بەشةمزين ئاوپرژێن دەکەى , ئاگرت لە باران بەرداوە , جۆگا دەترسێ .
خەریکى رووتکردنەوەى زەویت , جلت لە بەر بەهاردا نەهێشت ,بزر بووى لە نێوان هاتن و چوون , پەنجەرەت خەڵتانى ڵێڵى کردووە , ڕۆشنایی تووشى کەمخوێنى هاتووە , تاریکیش خوێن بەربوون .
ئەى ئینسان ,
هەموو شتێکى جوانت قفڵدا , زنجیرت خستە گەردن مامزوو باڵدارانەوە , لەبەر بێباکیت , باخچە دەپژمێ , تووشى هەڵامەتى دڵەڕاوکێ بووە .
جریوەى ئەستێرە بە کلى تەڵخى دەرێژى , پەتووى تەم دەدەیتە سەر خەیاڵى فڕیوى پەپوولە , ناوکى وەسواسیت , لەسەر ڕێگاى کوکوختى و خاڵخاڵۆکەکاندا چاند , دەستدرێژى دەکەیتە سەر کبریاى گردوو تەپۆڵکە , هەیبەتى شاخ و چەمت هەڕاج کرد , مەلوولى دەگوازیتەوە نێو روحى گیا , دڵتەنگى دەگەیەنیتە نێو دەمارەکانى ئاو , نێو ئێسک و پروسکى هەور .
رەز لەرزوتا دەیگرێ , شێڵڵۆیى تەرازوو لاسەنگ دەکات , هەنگوینى کەم و کووڕى وتارخوێنى یەکسانییە , میوەى درەختى زمان بەکاڵى دەچنیتەوە .
ئەى ئینسان ,
لە ترسى تۆ , لە ناو هاوارێکى کپ , دەنگێکى خامۆش , قیژەیەکى خەواڵوودا خۆم گرمۆڵە کرد , لەناو خۆم هەڵکوڕمام , لە ناو گلێنەى مانگێکى نووستوودا ئەڤین و شەیداییم شاردەوە , خۆشەویستیم بۆ هەتا هەتایە پاراست .
ئیتر لەوە تێگەیشتم ئەمە ئەرکە سەرەکى و راستەقینەکەى منە .
هەرچى بەختیاریم هەبوو , هەرچى خەندەم کۆکردبووەوە , ئارەقەى مەچەک و بازوو , دیدگاى تەماشاو بینین و وردبوونەوەم , سپاردە دەستە بەهێزەکانى ئەستێرەیەکى مردوو , سەعاتى سپێدەکانم بەخشییە تەرمى زیندووى شەوێک , کاتە ئاڵتوونییەکانى خەیاڵ و بیرکردنەوەم لەناو هەستى ترساوى تابووتێک دامنا .
تۆش ئەسپە ڕەسەنەکەت بە دیارى بۆ سوڵتانێک برد , لە با سووکتروو لە پووش پووچتر بوو , هەنگوینە بەتامەکەى بەهەشتى ئایندەى زەردەخەنەى نەوەکانت لە ژوورى مێشەکاندا هەڵگرت , لە هۆڵى مشکەکاندا دەرگات لەسەر زەخیرەو دانەوێڵەکان داخست , قاسپەى کەوەکانت سپاردە خەیاڵى راوچییەک .
منیش ناچاربووم
لە ناو کفنى بێ ئۆقرەییدا ڕابکێشم ,
بۆ ئەوەى دێڕ بەدێڕى گریان توڕ هەڵدەم , بەدەفتەرى فرمێسک و حەسرەتەکانما چوومەوە .
مردن ,
خۆرى بانگەوازێکە نادیار, لە هەنیەى مەنارەى ژیانەوە هەڵدێ , ڕووداوى سەعاتێکە ژەنگ ناگرێ , بەرهەمى گۆرانییەکە ئەزەلى , سەرئەنجام هەموو کەس دەیچڕێ , تامى دەكات و دەيچێژێ , بەرووبوومى باخێکە پیربوون ناناسێ , ئاوازى کەمانێکە ئەبەدى , دەنگى مۆسیقاى پەنهانییە لە زایەڵەى روونیدا , کردارى تامکردن و لە بیرچوونەوەیە .
شەهیدبوون , ئەزموونى فڕینى هەڵۆى میهرەبانییە لە ئاسمانى بەرزى ستەمکاریدا
ئازادى بکەوێت , خۆشەویستيش دەمرێت
ئەمە حیکمەتى نووسراوى سەر سینەى کچە گەریلایەکە .
مردن ,
بەردەوام تۆڕى گەمارۆدانى ئێمەى هەڵگرتووە , هەمیشە بەڕێى کڕینى دەزوولەو خامەوەیە , بەردەوام تێکستى تەڵقینى لە گیرفاندایە , هەمیشە سەرقاڵى ئاوەدانکردنەوەى گۆڕستانەکانە , خوولیاى ئابڵوقەدانى هەردووکمان , ئارەزووى ئەوەى پێکەوە سەردانیمان بکات , پێکەوە ئاهەنگمان بۆ بگێڕێت , لەگەڵماندا دووا قاوەى نەبوون بخواتەوە .
ئەى مرۆڤ ,
تۆ , لەپێناو دەست بەسەراگرتنى چەند دۆنمێک لەزەت و شەهوەت
لەبەر خاترى هەندێ وەهمى جوان
ونببوون و سەرگەردانى و بیرچوونەوەت داهێنا , هەرچى وەفادارى مانگ هەبوو بۆ شەوى وێڵى عاشقان , چى چاکەى تریفە هەيە بەسەر هەنگاوى رێبوارانى رێگاى ئەوینەوە , لە ناو تەنەگەیەکى خۆڵدا ناشتت
دەشێ ڕوونەداو ڕووداو بێت
کۆتر دەستى لە کوشتنى خۆیدا هەبێت
دەشێ لە تەقینەوەیەکدا , چاوێکم لە ماڵى دراوسێیەکدا بدۆزرێتەوە , دەشێ ئەم سەرە پڕەم لە ڕەنگ و لە بۆن , بکەوێتە بەردەم دوکانێکى عەتر فرۆشەوە , دڵم لە حەوشەکەى ( ……….. ) بە جێبمێنێت .
واى کە دڵم دڵى خۆشە ئێستاکە …!!!!
چون بە کۆڵانەکەى ئێوەدا تێپەڕى , وەکو چۆلەکەیەک ڕێى کەوتۆتە بەر پەنجەرەکەى تۆ .
دەشێ دەستێکم ئارامى ئارایشتگایەکى خانمان تێکبدات , قاچێکم بکەوێتە گۆڕەپانى قوتابخانەیەکى کچانى سەرەتاییەوە .
دەشێ قەسابێکى دڵرەقى شار سى و جگەرى من و مەڕێکى پیرى بەسزمانى لێبگۆڕێت بەڕێکەوت گورچیلەیەکم فڕێبدرێتە بەردەست پشیلەیەکى تەماحکارى گەڕەکەکەمانەوە
ئەى ئینسان …؟
ئەوەى لە سینەتدا دەگوزەرا , ئەوەى لە خوێنتەوە فوارەى دەکرد , بەتاڵى دەکەیتە نێو فەخفوورى ئاودەستخانەیەک
ئەو باڵندانەى لەسەر شان و ملتدا دەنیشتنەوە
سەرت بۆ کردن بە قەفەس و دەستەکانت بە داو
ئیتر چۆن لێت نەترسم ئەى مرۆڤ …؟
چما لە چى گومانم نەبێ لێت ….؟
چیت ماوە زراوم نەبات …؟
بۆچى شتێکت ماوە نەمتۆقێنێت ….؟
دەشێت و …. دەشێت و …. دەشێت
ئەمانە ڕووداو بن
روویانداو
ڕوو بدەنەوە
بەڵام ئەوەى جێگیرە , ئەوەى مەحاڵە ڕووداو بێت .
ڕێژەى نەگۆڕى ئەم ڕووداوانەیە .
مردنى من , چیرۆکى هەزاروو یەک شەوەى ئازادییە
مردنى تۆ , پێ خزانى سەرخۆشێکە لەجادەکانى ئەستەموڵ
کەوتنى هیپییەکە لە پاریس
خلیسکانى تلیاک کێشێکە لە تاران .
مردنى من
هەڵهاتنى خۆرێکى ترە لە قەندیل , درەوشانەوەى خوێنى ڕژاوى پێشمەرگەیەکە لە شنگاڵ .
مەرگى تۆ
دۆزینەوەى تەرمى چیچانییەکە لە تەللوەرد . دانەوەى قەرزێکى کۆنە بە زەوى .
ئەى مرۆڤ ….. ئەى گەشتیارى بێ شوێن …؟
کەى , لە گۆڕماڵ , لە خانووە نوێکەت , لە کۆشکە لمییەکەت , پشوویەک دەدەى ,کەى ئارام دەگرى , کەى ڕادەکشێی ….؟
ئەى مرۆڤ ……………..

برهان ئەحمەد
مانگى _١ ى _ ٢٠١٦ کەرکوک

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish