مرۆڤی بێ پارێزبەندی*.. و. لە عەرەبیەوە: یاسین لەتیف
لە دەرەوەی شوورەکانی شار: مرۆڤی (بێ پارێزبەندی- Homo sacer) یان حەڵاڵکراو لە پەیکەری سەروەریدا ، لە هەوڵێکدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆدی سیاسەتی ڕۆژئاوا، ڕەنگە دەستبەجێ وێنەی “پەیماننامەی کۆمەڵایەتی” و سندوقەکانی دەنگدان و مافەکانی هاوڵاتیبوون بە مێشکماندا بێت، بەڵام ئەو هەڵکۆڵینە فکرییانەی کە جۆرجیۆ ئاگامبین لە کتێبە دامەزرێنەرەکەیدا ئەنجامیان دەدات، پەردە لەسەر کۆمەڵێک بناغەی زۆر خوێناویتر و تۆقێنەرتر لادەدا. سیاسەتی مۆدێرن -وەک چۆن ئاگامبین وێنای دەکات- تەنها مەیدانێک نییە بۆ دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، بەڵکو زیاتر لە “ئامێرێکی ئەنسرۆپۆلۆژی” دەچێت کە بە بێدەنگی کار دەکات بۆ بەرهەمهێنانی جەستەگەلێکی ڕووت کراوە لە ماف، کە بە ناوی خودی یاساوە شایانی پێشێلکردنن. کەچی ئەم وێنە دیموکراسییەی دەوڵەتی مۆدێرن، هەر کە دەیخەینە ژێر “مایکرۆسکۆپی مێژوو”ـەوە، خێرا دەڕەوێتەوە، لێرەدا دەسەڵات ڕووت دەکرێتەوە بۆ ئاشکراکردنی ناوکە ڕەقەکەی، بەتایبەتیش لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ چەمکە ڕۆمانییە لێڵەکە: “مرۆڤی پیرۆز” (Homo Sacer). ئەم چەمکە لە هەناویدا پارادۆکسێکی بوونگەرایی تۆقێنەر هەڵدەگرێت . چونکە ئاماژەیە بۆ ژیانێک کە لە تەرازووی ئیلاهیات و بیروباوەڕە ئاینییەکاندا هیچ بەهایەکی نییە (ناکرێت بکرێتە قوربانی بۆ خوداوەندەکان)، لە تەرازووی یاساشدا هیچ سەنگێکی نییە (ئەو کەسە سزا نادرێت کە دەیکوژێت).
ئەو بوونەوەرێکی گیرخواردووە لە “ناوچەی قەدەغەکراو”دا، بەجۆرێک کە تاکە تێکەڵبوونی لە کۆمەڵگەدا، لە ڕێگەی “دوورخستنەوەی”ـەوەیە لێی. بەو مانایەی دورخستنەوەیان لە کۆمەڵگا ،لێرەدا ئاگامبین ئامێرەکانی پزیشکی نەشتەرگەری دەگرێتە دەست بۆ توێکاریی پەیکەری سەروەری و ، دەریدەخات کە ئەم شێوازە کۆنەی دوورخستنەوە تەنها پارچە شوێنەوارێکی مۆزەخانەیی نییە، بەڵکو ئەو مۆدێلە شاراوەیەیە کە لە جیهانی هاوچەرخماندا حوکمی سیاسەتی ژیان (Biopolitics) دەکات.
جدەلی(دیالێکتیکی) “زۆی” و “بیۆس”:
بەسیاسیکردنی جەستەی ڕووت ، ئەو قەیرانەی کتێبەکە چاودێری دەکات، لەگەڵ وردبوونەوە لە داڕمانی کارەساتباری سنوورە جیاکەرەوەکانی نێوان دوو چەمکی یۆنانی بۆ ژیان، قووڵتر دەبێتەوە: “زۆی” (Zoē)، کە بریتییە لە ژیانی بایۆلۆژیی سروشتیی هاوبەش لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا، و “بیۆس” (Bios)، کە بریتییە لەو ژیانە سیاسییە شیاوەی هاوڵاتی لە شاردا پیادەی دەکات. ئاگامبین پێی وایە کارەساتە گەورەکەی مۆدێرنیتە لەوەدایە کە دەسەڵات چیتر تەنها بە حوکم کردنی “بیۆس”ەوە ناوەستێت، بەڵکو کشاوە بۆ ئەوەی “زۆی”یش قوت بدات. ئیتر ژیانی بایۆلۆژیی ڕووت بووەتە گرەوی سەرەکی لە گەمەی سیاسیدا؛ چونکە دەوڵەتی مۆدێرن گرنگی بە تەندروستیی دانیشتووان، ڕێژەی لەدایکبوون، جینەکان و مردنی سەرێری دەدات، ئەمەش بەو مانایەیە کە جەستەمان وەک بوونەوەری زیندوو، ڕاستەوخۆ کەوتووەتە چنگی دەسەڵاتی سەروەرەوە. بەپێی ئاگامبین، و بە ئیلهام وەرگرتن لە تێزەکانی کارل شمیت سەبارەت بە “دۆخی نائاسایی”، یان دۆخی ئاوەرتە ئەو شوێنەی کە ئەم ڕاستییەی بە دزێوترین شێوە تێدا بەرجەستە دەبێت، “شار” یان “پەرلەمان” نییە، بەڵکو “ئۆردوگا” (The Camp)ـیە. ئەم ئۆردوگایە جا چ ئۆردوگایەکی دەستبەسەرکردنی نازی بێت یان ناوچەیەکی مۆدێرنی ڕاگرتنی پەنابەران ئەو فەزایەیە کە تێیدا یاسا بە شێوەیەکی هەمیشەیی هەڵدەپەسێردرێت و “دۆخی نائاسایی” تێیدا دەبێتە بنەما. لەم فەزایەدا، مرۆڤ لە هەموو سیفەتە یاساییەکانی دادەماڵرێت تا دەبێتە تەنها “ژیانێکی ڕووت” (Bare Life)، واتە پارچە گۆشتێکی زیندوو کە بەتەواوی ملکەچی دەسەڵاتی ڕەهای سەروەرە بەبێ هیچ نێوەندگیرییەکی یاسایی. ئۆردوگا ئەو شوێنەیە کە تێیدا “مرۆڤی پیرۆز” بە شێوەیەکی پیشەسازی و سیستماتیک دروست دەکرێت. لەکۆتاییدا، ئەم شیکارییە ڕەچەڵەکناسییەی دەسەڵات بەرەو ڕاستییەکی ترسناک دەمانبات، ئەویش ئەوەیە کە دیموکراسییە ڕۆژاواییە مۆدێرنەکان نەک هەر دژی تۆتالیتاریزم (شمولیەت) نین، بەڵکو تۆوەکانی ئەو لە ناخی خۆیاندا هەڵدەگرن. کەلێنی نێوان هاووڵاتیی خاوەنماف و “مرۆڤی بێ پارێزبەندی” یان خوێن حەڵاڵکراو (وەک پەنابەرێکی “نایاسایی”، یان نەخۆشێک لە بێهۆشییەکی درێژخایەندا، یان دەستبەسەرکراوێک لە گوانتانامۆ) کەلێنێکی زۆر لاواز و تەنکە. لەکاتێکدا دەوڵەتان لە سەمای دەستووریی خۆیان و بەباڵاداهەڵدانی مافەکانی مرۆڤ بەردەوامن، چەمکی “مرۆڤی پیرۆز” وەک ئەو سێبەرە قورسە دەمێنێتەوە کە بەدوامانەوەیە؛ ئەوەمان بیردەخاتەوە کە یاسا هەمیشە خاوەنی “دەرگایەکی پشتەوە”یە، کە ڕێگەی پێ دەدات پەلاماری “ژیانی ڕووت” بدات و، ئێمە هەموومان لە ساتی ڕاگەیاندنی باری نائاساییدا، پاڵێوراوین بۆ ئەوەی ببین بەو جەستە بێ پارێزبەندە خوێن حەڵاڵکراوەی کە بە تەنیا و بە ڕووتی لەبەردەم هەژموونی سەروەریدا ڕاوەستاوین .
——————————————
*((جەمیل سالم، لە دەرەوەی شوورەکانی شار: مرۆڤی بێ پارێزبەندی لە پەیکەری سەروەریدا، کتێبی (Homo Sacer)ی نووسەر جۆرجیۆ ئاگامبن، ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥))
