جیریكو و كەڵەكی مێدوسا.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
ساڵی 1816 كاتێك لەكەنارەكانی رۆژئاوای ئەفریقا كەشتییە ناودارەكەی (مێدوسا) تێكشكا نغرۆ بوو، كاپتن و ئەفسەر و كەسە دیارەكانی سەری به‌به‌له‌می فریاگوزاری، خۆیان دەرباز كرد، كە لەناویاندا حاكمی سەنیگالی داگیركراو هەبوو، بەڵام خەڵكە ئاساییەكەیان لەناو گێژاوی زەریا جێهێشت. دوای گەڕانەوەشیان هیچ باسێكی ئەوانیان نەكرد. له‌لایه‌كی دیكه‌وه له‌ناو ده‌ریا پانزە كەس لەوانەی بەجێهێشترابوون، بەپارچە تەختە پەرت و بڵاوه‌كانی كەشتییە تێكشاوەكە كەڵەكێكیان دروست كرد و دوای نزیكەی دوو هەفتە مانەوەی ناو زەریا كە ئازاری زۆریان لەدەست برسێتی و تێنویەتی و مەترسی شەپۆڵەكان چێژت و هەندێكیشیان مردن. ئینجا بەڕێكەوت بەكەشتییەك گەیشتن و رزگاریان ده‌بێت. كاتێكیش ده‌گەڕێنەوە فەرەنسا. ئەو هەواڵە وەك بۆمبی ئابڕۆبەر هەموو ئەوروپای هەژاند. ئەوسا جیریكوی نیگاركێش ویستی ئەو رووداوە بەجۆرێك بەرجەستە بكات ببێت به‌په‌یامی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌خنەش له‌به‌رپرسیاریه‌تی لادان بگرێت و سه‌ركۆنه‌ی ناعه‌داله‌تیش بكات. ماوه‌ی ساڵێك جۆره‌ها لێكدانه‌وه و تاقیكردنه‌وه‌ی كرد. بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی كەسانی رزگاربووی كارەساتەكەی كرد. هەروەها سەردانی نەخۆشخانەیەكی كرد تاكو تێیدا تەرمی مرۆڤی مردوو ببینێ. ئەمەو داوای لەدارتاشێكیش كرد نموونەی كەڵەكێكی بۆ دابڕێژێ. لەئەنجامدا شاكاره‌كه‌ی (كەڵەكی مێدوسا Le Radeau de La Méduse) ی كیشا و ساڵی 1819 لەپیشانگەی ساڵانەی سالۆنی پاریس هەڵواسی كە تێیدا له‌درامای كاره‌ساته‌كه، ئه‌و ساته‌ی هه‌ڵبژاردووە كه سه‌رنشینی كه‌ڵه‌كه‌كه له‌دووره‌وه كه‌شتییه‌كی فریاگوزار ده‌بینن و زۆربەیان بەتاسەی كەم ئومێدانە هەوڵی ئاگادار كردنەوەی دەدەن.
تابلۆكه كە شێوەیەكی هەڕەمی وەرگرتووە، پڕە لەهەڵچوون. تێیدا مرۆڤی مردوو و زیندوو و هی وه‌هاش ده‌بینرێن كه له‌سه‌ره‌مه‌رگدان. لەپێناو مانه‌وەشدا، لەنێوانیان هه‌ست بەپاڵنان و جۆرێك له‌شه‌ڕ ده‌كرێت. هەروەها لەدیمەنەكەدا كۆمه‌ڵێك ورده‌كاری دیكە هەیە چاوی بینه‌ر كێش ده‌كه‌ن، له‌وانه ئه‌و پیاوه ئه‌سمه‌ره‌ی كه له‌پێشه‌وه‌ی كه‌ڵه‌كه‌كه په‌ڕۆیه‌ك راده‌ته‌كێنێت بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی كه‌شتییه‌كه. ئه‌و به‌شه‌ی تابلۆكه لوتكه‌ی شكۆی دیمه‌نه‌كه و هێزه درامیكیه‌كەیتی. لێرەدا جێگەی ئاماژە بۆ كردنە جیریكو پێداگرانە ویستویەتی تابلۆكه‌ی وێنه‌ی مرۆڤێكی ئه‌فریقی تێدابێت تاكو ببێت به‌هێما بۆ یه‌ك هیوایی هه‌موو مرۆڤ به‌بێ جیاوازی. ئه‌و كاره‌ش بۆ ئه‌وسا ئاسایی نه‌بوو. له‌لایه‌كی دیكه‌ی دیمەنەكە پیاوێكی پیر ده‌بینرێت كه لاشه‌ی كوڕه مردووه‌كه‌ی گرتووه. ئه‌مانه و بەشێوەیەكی گشتی لەو كارەدا جیریكو له‌به‌كارهێنانی كاریگه‌رییه‌كانی رووناكی و تاریكی گه‌یشتۆته ئه‌وپه‌ڕی و سه‌رشێتی سرووشتیشی وه‌ها ده‌رخستووه كه هێشتا دانه‌مركابێته‌وه، هه‌ربۆیه ده‌ڵێن هه‌موو كه‌سێك ناتوانێت به‌دیار ئه‌و شاكاره بوه‌ستێت. بەوپەڕی ژیری كێشاویەتی تەنانەت ئەو كەشتییەی كە فریاگوزارە، لەدوور تەنیا ئالاكەی دەركەوتووە، ئەوەش بەلای ئەوانەی كە دەیانەوێت فریایان بكەون، ئەوپەڕی سەختی و كەم ئومێدییه.
ئەو شاكارە بەیه‌ك له‌كاره هونه‌رییه ناودار و كاریگه‌ره‌كانی چاخی رۆمانسی دادەنرێ. شوێنێكی گرنگیشی هه‌یه لەمێژووی هونه‌ری نوێ. دوای ئەو بەرهەمە دەیان رۆمان لەبارەی چیرۆكی ئەو رووداوە نووسرا. ئەوسا مشتومڕی سیاسی لێكەوتەوە، ئەوەش هێندەی دیكە ڕقی رەخنەگران و مامۆستایانی ئەكادیمیای جولاند و جیریكویان تۆمەتبار كرد بەوەی هونەری كلاسیكی و رێسا رەسەنەكانی هونەری بەزاندووە، نەك هەر ئەوەندە بەلكو شاڵاوی توندیان كردە سەریو جیریكویان دووچاری بارێكی خراپی دەروونیی كرد، ناچار بوو ساڵی دواتر سەر هەڵبگرێ و بەرەو وڵاتی ئینگلتەرا بچێت.
نیگاركێش له‌چه‌ند ستوونێكدا:
- جان لویس ئەندریا تیۆدۆر جیریكو ناسراو بە تیۆدۆر جیریكو Théodore Géricault ساڵی 1791 لەخێزانێكی دەوڵەمەند و بۆرجوازی شاری روانی هەرێمی نۆرماندی هاتە دونیا. ساڵی 1824 لەشاری پاریس كۆچی دوایی كرد.
- له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی كورت بوو كه‌چی له‌بواره‌كانی نیگار و پەیكەر و دیزاینەری نەخشە بەیەك لەپێشەنگەكانی هونەری نوێ و رێبەرە بوێرەكەی قوتابخانە نوێیەكەی (رۆمانسی) ئەوسا لەفەرەنسا دادەنرێت.
- هونەرەكەی جیریكو هەموو ئەو رەشبینییەی بەرجەستە كردووە كە لەدوای شۆڕشی فەرەنسی لەو وڵاتە هاتەئارا. لەناویشیدا راستەوخۆ رەخنەی لەڕژێمی پادشایەتی و بۆچوونی عەقڵگەرایی ئەوسا گرتووە.
- یه‌ك له‌و نیگاركێشانه‌یه كه‌زۆر شه‌یدای كێشانی دیمه‌نی ئه‌سپ بوو، زۆر حەزیشی لەتاودانی بوو، تا رۆژێك لەسەری هەڵدێرا به‌هۆیه‌وه مرد.
- جگه له‌و شاكاره‌كه‌ی لێكادنه‌وه‌مان بۆی كرد كۆمه‌ڵێك تابلۆی دیكه‌ی ناوداری هه‌یه‌له‌وانه (ناپلیۆن لەگۆڕەپانی شه‌ڕ، ئەفسەری نیشانە شكێنى سوارەی گاردی ئیمپراتۆری، ئەسپی خۆڵەمێشی عەرەبی، ئەسپەكان لەله‌وه‌ڕگه).
