Skip to Content

دانپیانانێکی درەنگوەخت.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

دانپیانانێکی درەنگوەخت.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 18, 2023 General, Poems

پێی لێ دەنێم
ئەژدیهای کارەسات لوشی داوم
ژیان چەواشەی کردووم
گەرنا مردن هێندە خراپ نییە
دوای فیشکەی ماری غوربەت کەوتم
نەمزانی
لەملاوە ژار لە لەشی نیشتمان دەکرێ
حەزحەزەکانی ناخم
ناهێڵن لەسەر رانی وڵات وەنەوزێک بدەم
ناوبژیی لە نێوان خۆم و ژیاندا دەکەم
لەولاوە زەمەن خۆی بەتاڵ دەکاتەوە
لە لاوکە شیرینەکانی خۆشنودی
سەرم هەندێجار لە رەقیدا گاشەبەردێکە
زۆرجاریش باوڵێکی پڕ حیکمەت
هەمیشە گۆرانییەکی هیلاک لەناویدا
بیر لە خۆکوشتن دەکاتەوە
چاوم زینا لەگەڵ سەفەر دەکات
گوڵە شەوبۆی تێڕامانم
ملی لە چەقۆی دابڕان دەسوێت
یاساوڵەکان چاودێریی شیعرەکانم دەکەن
نەکا بێ رووخسەت وەرگرتن
کۆدەکانی عەدەم
لە باوەشی وجوددا بکەنەوە
زەمەنێکە زەینم کوێر بۆتەوە
تەنانەت ئەو شەوانەشی نایەتەوە یاد
ئاسمانم دەتەکاند و
ئەستێران بەردەبوونەوە نێو چاوەکانم
ماڵی چۆڵی خەونەکانم
سێڵاوی زەمەنێکی سۆزانی بردوویەتی
لەسەر خاکی ئایندەیەکی مات دەگیرسێتەوە
چاوی رۆژگارم سوور هەڵگەڕاوە
گوێم لە کزەی جەرگی پەروانەی رۆحمە
لەناو گڕی قەدەردا قرچە قرچی دێت
دەریای ئارەزووەکانم بێدەنگە
مرواری خۆزگەیەک تێیدا نادرەوشێتەوە
لە فارگۆنی دواوەی شەمەندەفەری ژیاندا
وەک بەردێک لە شوێنی خۆم رەق هەڵاتووم
بیرم لە هیچ شتێک پێ ناکرێتەوە
هیچ شتێک بیرم پێ ناکاتەوە
هەموو رێگاکانی لەززەت خۆڵاوین
بەهەر کامیاندا هەنگاوم نا
سییەکانم پڕ بوون لە تەپوتۆزی وەڕزیی
کاتێک نیشتمان ببوو بە ئاو
وازیم بە ئاگری سەرهەڵگرتن دەکرد
کاتێک نیشتمان ببوو بە ئاگر
ببوومە چەمێکی بێ ناز لە مەنفا
لەسەر قەرەوێڵەی کەنەفتی پاڵ کەوتووم
پزیشکەکان بەدوای نەخۆشییەکەمدا دەگەڕێن
بیریان چووە ژیان خۆی نەخۆشە
ئەگەر فریای نەکەوین جوانەمەرگ دەبێت
لەوەتەشی بیرم دێت
غەمێکی ئەزەلی بەخۆیەوە دەمگوشێت
پەراسووی حەزەکانم وردوخاش دەکات
لەناو ئارەقاوی خەونێکی نەبینراودا دەخنکێم
خۆ ئیدی خەونێک نەماوە بیبینم
من نەماوم خەونێک بمبینێت
مەرگ هەموو رۆژێک پەنجەی هەڕەشە
بۆ تەمەنم بەرز دەکاتەوە
من دەلەرزم و لێی دەپارێمەوە
پێش ئەوەی وەک دووپشکە پێمەوە بدات
بەرلەوەی رەشەبا ئاسا گسکم بدا
مۆڵەتم بدا سەر بنێمە سەر سینگی یار
خۆم دەستی بگرم و بڵێم دەی بابڕۆین
لەوەتەشی هەست بەبوونی خۆم دەکەم
لۆمە دەکرێم لەسەر شێتییەکانم
بەهۆی ئەوەی سەرخۆشم لە رۆژدا
هەمیشە بێدارم لە نیوەشەوەدا
ئەوان نازانن رۆژانە لەگەڵ خۆمم
شەوانیش لەگەڵ ئەو خەیاڵانەی
دەمگەیەننە باوەشی مەعشوق
نهۆ دان بە هەموو شتێکدا دەنێم
پەنجەی پەشیمانی دەگەزم
نەمتوانی وەک دڵۆپە شەونمێک
بڕژێمە نێو مەمکەکانی یارەوە
نەمتوانی وەک ئاوازێکی بۆنخۆش
بخزێمە قورگی ژنێکی چاوەڕوانەوە
نەمزانی چۆن سەرەتای یەکترناسینمان
بکەمە دوماهی رابردوویەکی خەواڵوو
نەمزانی چۆن کۆتایی ئەم شەرمنییە
بکەمە سەرەتای هەڵسانی زێی ماچ
پێی لێ دەنێم
رستەیەک هەیە لە دەمدا زیندانم کردووە
نەدەتوانم کەلەپچەکەی بکەمەوە
نەدەتوانم قووتی بدەمەوە
ئاه چ رستەیەکی ئاگراوی
ناو رێزمانی ئیرۆسە
خۆزگە دەمتوانی
لەبەردەم ئەو ژنە بوەستم
رووقایمانە پێی بڵێم
هەروەک رۆحت
وەک پێکەنینەکەکەت
وەک میهرەبانیت
لەشی رووتتم خۆش دەوێت

Previous
Next
Kurdish