بە تابۆبوونی چەمکی ئازادی، لە کۆمەڵگەی کوردییدا.. عومەر عادل عەبدوڵڵا
ناونیشانی توێژینەوەکە:
ئازادی، وەک چەمکێک لە کۆمەڵگەی کوردییدا، لە لێواری بەتابۆبوون و نامۆبوون دایە، ئێمەش بەهۆی درککردنمان بەو دیاردە، هەستاوین بە ئەنجامدانی توێژینەوەیەک و ئەو هۆکارەکان بخەینەبەر تیشک لێکۆڵینەوە و (بە تابۆبوونی چەمکی ئازادی، لە کۆمەڵگەی کوردییدا) وەک ناونیشانێک بۆ توێژینەوەکە هەڵبژاردووە.
گیروگرفتی توێژینەوەکە:
لە راستیدا، توێژینەوە خستەڕووی چارەسەرە، بۆ گرفتێک یان چەند گرفتێک و لە ئەنجامی هەوڵدان و گەڕان و لێکوڵینەوە، چەند گرفتێکی چاوەڕوانکراومان دێتە پێشەوە. لە دیارترین گرفتێک کە کە دووچارمان بۆتەوە، تازەی بابەتەکە بوو، چونکە بابەتی تازە شتی نوێ دەهێنتەوە و لە ئەنجامدا گرفتی نوێمان بۆ پەیدا دەبێت، لە هەموو ڕوویەکەوە.
ڕێبازی توێژینەوەکە:
ڕێبازی توێژینەوەکە ڕێبازی پەسنی – شیکارییە، لە ڕێگەی پەسنکردنی چەمکی ئازادییەوە، ئەو هۆکارانەمان شیکردۆتەوە، کە ڕەگەزی تابۆ بوونیان پێبەخشیوە.
پێشەکی:
کۆمەڵگەی کوردی، وەکو زۆرێك لە کۆمەڵگەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئەنجامی ئەوە جیهانگیری هاتە ئاراوە، کۆمەڵێ ئاکار و چەمک و هەڵسوکەوت، جا شیاو بێت، یان نەشیاو لە کۆمەڵگەی کوردییدا جێی خۆیان کردەوە، بۆیە تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی, بەهۆی نەگونجانی ئەو هەڵسوکەوت و ئاکارانە، لە بازنەیەکی تردا، لە دەرەوەی کۆمەڵگەدا جێیان کردەوە، بازنەیەکی قەدەغەکراو و حەرامکراو. دیارە چەمکی تابۆ یەکێکە لە گرنگترین ئەو چەمکانەی، کە لە ئەنجامی کرانەوەی نووسەران و ڕووناکبیران بە ڕووی ئاسۆی فراواندا خوێنەرانی کورد ئاشنای بوون، بە تایبەتی دوای وەرگێڕانی پەرتووکی
(تەوتەم و تابۆ)ی فرۆید کە تێدا باس لە مێژووی تابۆ و دروستبوونی تابۆ دەکات. هەروەها زیاتر ئاشنابوونی خوێنەران بە بابەتە دەرووناسی و کۆمەڵایەتێیەکان، یەکێکیتر بوو، لە گرنگترین ئەو هۆکارانەی کە تابۆ(قەدەغەکراو) ببێتە ناوەند و چەقی زۆرێک لە باسەکان.
چەمکی ئازادی:
ئازادی، یەکێکە لەو چەمکانەی زیاتر لە نێو بابەتە یاسایی و کۆمەڵناسیەکاندا خۆی دەبینێتەوە، لەبەر ئەوەی لە چوارچێوەی هەموو دەوڵەتێکدا، بە پێی یاسا بازنەی دیاری کراوە و لە نێو کۆمەڵگەشدا تاکەکان چەند بنەمایەکییان سەبارەت بە ئازادی داناوە و لەسەری ڕێکەوتوون، بەڵام ئەم ئازادییە، بە پێی تێپەڕبوونی کات بەرز و نزمی تێدەکەوێت، واتا ڕەنگە لە کۆمەڵگەیەکدا لە ڕابردوو شتانێک هەوێنی ئازادی بن و بەکارهێنان ڕێگەپیداو بێت، بەڵام ئێستا نائاسایی و قەدەغەکراون.
وەستان و نووسین لەسەر چەمکی ئازادی و کارکردن لەسەری، کارێکی ئاسان نییە، چونکە ” ئازادی لە مێژە وەک بابەتێکی مشتومڕاوی باس دەکرێت و لە سەردەمی هاوچەرخیشدا ئازادی لە نێو هەموو گەلاندا باس دەکرێت، بەها و پێگەیەکی تایبەتی هەیە و هەموو نەتەوەیەک خۆی بە ئازاد و بە قازانجی دەزانێت و شانازی پێوە دەکات. هەروەها هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ئەمڕۆ پرسی ئازادی گرنگترین داواکاری سەردەمی نوێیە”(فرهاد طهماسبیپور، ١٣٩٠، ٢) و هاوڵاتیانی هەموو وڵاتێک لە چوارچێوەی هاوڵاتیبوونیاندا، دەتوانن داوای ئەو مافە سەرەتاییە دەکەن.
جا ئەگەر بمانەوێت بە یەک وشە پەسنی ئازادی بکەین، ئەوە دەڵێن: مافە، واتا مافێکە هەموو مرۆڤێک دەتوانێت دەستی پێبگات، بێ جیاوازی ئاین و ڕەنگ و نەتەوە و…،” بە گشتی، ئازادی دۆخێکە هیچ شتێک پابەند و دەربەستی شتێکی تر و بتوانێ لە گەردووندا جێبەجێ بکرێت. لە پێوەندی لەگەڵ مرۆڤدا، ئازادی، دۆخێکە کە هیچ شتێک ڕێگر نەبێت لە بەردەم ئیرادەی تاك بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی.”( ئەحمەد شەبانی، ٢٠١٠، ١١) نووسەر زۆر بە بەرفراوانی گشتاندنی بۆ ئازادی کردووە و کە ئەمەش لەگەڵ ئازادیدا یەک ناگرێتەوە و دەڕواتە نێو چەندین ڕێڕەوی ترەوە, یان ئەگەر لە ڕووی سیاسیەوە باسی ئازادی بکەین ئەوە دەڵێن:” ئازادی مافێکی بنچینەیە لە مافەکانی مرۆڤ و دەبێ سیستەمە سیاسیەکان، هەر لە ستەمکاری دادپەروەرەوە تا دەگاتە سیستەمی کۆماری و دیموکراسیە هاوچەرخەکان، پەرۆشی چەسپاندنی ئەو مافە بن و ئەوەش گرنگترین بنەمایە لە بنەما دەستوورییەکانی تیوۆری هاوچەرخ.”( رۆبێرت دال، ٢٠١٢، ١٣) ئەوە پێڕەو ڕامیاریەی کە بەرهەڵستی لە هاتنە کایەی ژینگەیەکی ئازاد دەکات بۆ هاوڵاتیانی، بەشێوەیەکی ناڕاستەخۆ دەیەوێت ئەوەمان پێبلێن: کۆشکی دەسەڵات و هێزی لەسەر ستەم و نادادی بنیادنراوە و ئازادیش وەک بومەلەرزەیەک وایە، کە کۆشکی ستەمم دەروخێنێت.
لەبەر ئەوەی ئازادی چەمکێکی فرەڕەهەندە و لە نێو زۆرێک لە باسەکاندا، لێکوڵینەوەی لەسەر کراوە، هەر بوارێک و بە سروشت زانستیانەی خۆی چەمکی ئازادی ڕوون کردۆتەوە، بۆ نموونە:”پوختەی چەمکی ئازادی لە ڕووی شەریعەتەوە، لە دوروبەری ڕزگاربوون لە کۆیلایەتی دەخوڵێتەوە”(علی بن حسين بن احمد فيقهی،١٤٣٢، ١٢) چونکە پێش هاتنی ئیسلام، لە نیمچەدوورگەی عەرەبی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە شتێکی ئاسایی بوو، بەڵام پاش هاتنی ئیسلام ئەم دیاردە هەڵوەشایەوە و لە ڕووی دینیەوە، ئەم جۆرە مامەڵەیانە قەدەغەکرا. هەروەها ئازادی ” لە فەلسەفەی لاسایکەرەوەدا، بریتییە لە هەڵبژاردنی مرۆڤ بۆ ئەوەی بە ئەنقەست مامەڵە بکات لەگەڵ توانای جێهێشتنی کردارێک یان توانای هەڵبژاردنی دژ بەو کارە بکات”(م.د علاء شنون مطر،٢٠٢١، ٦)واتا مرۆڤ لە نێوان دوو هەڵبژاردەدا، لە نێوان ڕۆشتن و مانەوەدا، کردن و نەکردندا، لە نێوان ڕاست و چەپدا، لە نێوان هەڵسان و دانیشتندا، سەربەستییەکی تەواوی هەیە و ئاوەزووی خۆیەتی هەویری خۆی دەخاتە کام تەنوورەوە.
لە سیاسەتیشدا، ئازادی وەکو مافێکی یەکلاکەرەوە باسی لێوە کراوە و هەموو مرۆڤەکان مافی بەشداری کردنییان لە پرۆسە سیاسیەکاندا هەیە، لەگەڵ ئەمەش هەموو گەلێک مافی ئەوەی هەیە چ دەسەڵاتێک هەلبژێرێت، بۆ ئەوە فەرمانڕەوای بکات، بەڵام لە هەندێک پێڕەوی ڕامیاریدا ئەم مافە بە هاوڵاتییان نەدراوە، بۆ نموونە: لە فەرمانڕەوای دیکتاتۆریدا، چونکە”حکومەتی دیکتاتۆری حکومەتێکی تاکەکەسییە، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە کەسایەتی دیکتاتۆر و ئەوەی چێژی لێ وەردەگرێت لە هێز و توانا و لێهاتوویی کەسی دەبەستێت، هەر ئەویش یەکەم و کۆتا جووڵێنەرە بۆ هەموو لایەنەکانی دەوڵەت، بەبێ گەڕانەوە بۆ خواستەکانی گەل”(اسعد طارش، ٢٠١٥، ٤٣) ئەم تاکڕەوایی فەرمانڕەوایەتییە، کە لەلایەن دیکتاتۆرەکانەوە دەسەپینێرێت، جورێکە لە قڕکردنی ئازادییەکان.
لە سەرووی هەموو ئازادییەکانەوە، ئەو ئازادییەی کە زۆر گرنگی پێدەدرێت و تیشکی دەخرێتە سەر، ئازادی ڕادەبڕینە.”ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین یەکێکە لە ئازادییە بنەڕەتییەکان لە ڕوانگە جیاوازەکانی ئایینی، فەلسەفی، کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی، یاسایی و نێودەوڵەتی و تاوتوێ و لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و لە یاسا ناوخۆییەکان و بەڵگەنامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دامەزراوە و پشتگیری کراوە”. (سید حسین رضوانی، ١٣٩٥، ٦٧) چونکە ئازادی ڕادەربڕین دەرگاییەکە بۆ ئەوە بتوانین ئەزموونمان تاقی بکەینەوە و بێگومان مرۆڤ تاکو بیری ئازاد نەبێت و نەتوانێت بیروبۆچوونەکانی بە ئازادی دەربڕێت، ئەوە ئەستەمە بتوانێت بۆ ئازادییەکانی تر بجەنگێت و ململانێ لەگەڵ ئەو ژینگە و دوربەرە بکات، کە ئازادییەکانیان لێ بەرتەسک کردۆتەوە. واتا هەموو ئازادییەکانی تر، دەرهاویشتەی ئازادی ڕادەربڕینن.
دەبێت ئەوەش بزانین، کە ئازادی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکیتر لە ئاینێکەوە بۆ ئاینێکی تر، لە
کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر دەگۆڕێت، چونکە لە هەندێک شوێندا ئازادی ئەوەندە بەرفراوان دەبێت، هەموو کەس دەتوانێت ئەزموونی بکات، بە پێچەوانەوە، لە هەندێک شوێندا ئەوەندە بەرتەسك دەبێتەوە، تەنها کەسانێکی کەم دەتوانن ئەزموونی بکە، کە ئەوانیش ڕەنگە خاوەن پلە و پایەیەکی بەرزی ئاین یان سیاسی و کۆمەڵایەتی بن.
پرۆسەی بەتابۆبوونی چەمکی ئازادی:
تابۆ” مەبەست لە سەرجەم ئەو دەربڕاوە زمانییانەن، کە دەربڕینیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە، لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کلتوورییەوە ڕێگەپێدراو نییە”(د. هێمن عەبدولواحید شەمس،٢٠١٨، ١٤٢)واتا تابۆ هەموو ئەو دەڕبرینانە دەگەرێتەوە، کە لە کۆمەڵگەدا هێلی سوورن و وتنیان دەرئەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە، جا ڕەنگە ئەم تابۆیە لە ژێر کاریگەری هەر ئایندا بێت، یا ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی بێت لە نێو تاکەکانی کۆمەڵەدا.
مێژووی دروستبوونی تابۆ زۆر دوور و درێژە و “فرۆید بۆ باسکردنی(تابۆ) دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاتیرین کۆمەڵی مرۆڤ کە بە(تەوتەم) ناویان دەبات، کە(کڵانەکان) ئەمانە لە خێزان گەورتر و لە هۆز بچووکترن، ئەم تەوتەمانە سەرەتاییترین کۆمەڵی مرۆڤ بوون و خاوەنی کۆمەڵێك تابۆی هەمیشەیی و کاتی بوون، کە بریتیی بوون لە کۆمەڵێک حەرام کە ئەندامانی ئەو تەوتەمە نەدەبایە ئەم حەرامانە(تابۆیانە) سنوور بشکێنن و بیخەنە لاوە.”(پێشڕەو عەبدوڵڵا،٢٠١٣، ٤٢) لەمەوە دەگەین بەو ڕاستیەی کە تابۆ چەمکێکی کۆمەڵایەتییە و لە ئەنجامی گردبوونەوەی مرۆڤەکان لە دەوربەری یەکتردا ئەم چەمکە دروستبوو. تابۆ دەتوانێت لە بچوکترین بازنەی گردبوونەوە مرۆڤەکانەوە کە خێزانە، بیتە ئاراوە، چونکە ئەو کاتە لەلایەن سەرکردەکانی خێزانەوە، کە دایک و باوکن، کۆمەڵێک بڕیارێك لە بارەی قەدەغەکراوەکانەوە دەدرێت و بە ئەندامەکانی خوارەوەی خێزان ڕادەگەنرێت، کە ئەم وشە و هەڵسوکەوتە بەکارهێنانیان و ئەنجامدانیان قەدەغەیە.
“لە زمانی کوردیدا، زۆربەی دەربڕاوە قەدەغەکراوەکان پەیوەندییان بە(مردن، سێکس، نەخۆشی کوشندە، کفر)ەوە هەیە، کە ناوهێنانیان بە بڕوای زۆرینەی کۆمەڵی کوردی کاریگەری دەروونیی نێگتیڤانە لەسەر قسەکەر و گوێگر دروست دەکەن و تاڕادەیەک قەدەغەکردنی سەرتاسەی قەدەغەکراون و بەدەبڕینیتری هاوواتا جێگەیان پڕکراوەتەوە و زیاتر لە چەند دەربرینێک بۆ هەر یەکێکیان بەکادەهێنرێت”(هێمن عەبدولواحید شەمس، ٢٠٠٦، ١٢٨)ئەم دیاردە، دیاردەیەکی جیهانییە و هەموو کۆمەڵگاکان بە پێی هەڵکەوتەی ژینگەی و کۆمەڵایەتی خۆیان، کۆمەڵە وشە و هەڵسوکەوتێکیان وەک تابۆ دەستنیشان کردووە. هەروەها بوون و نەبوونی تابۆ پەیوەندی بە پێشکەوتن و دواکەوتووی نییە، بەڵکو لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا ئەم دیاردە بەدی دەکرێت، تەنها ئەوە هەیە، جیاوازی تێدەکەوێت، واتا ڕەنگە تابۆیەکی ئاینی لە کۆمەڵگەیەک بوونی هەبێت و بە پێچەوانەوە، لە کۆمەڵگەیەکی تردا بوونی نەبێت.
یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دروستبوونی تابۆ کۆمەڵگەیە و دروستبوونی تابۆ بەستراوەتەوە، بە دروستبوونی کۆمەڵگە، لە ئەگەری تیاچوونی کۆمەڵگەشدا، ڕاستەوخۆ ئەو تابۆش لە ناو دەچێت، کە کۆمەڵگە ڕۆڵی هەبووە لە دروستکردن و ڕازاندنەوەی ئەو تابۆیەدا, هەروەها” هەموو کۆمەڵگەیەک لە سنووری سیستەمە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیدا پێویستی بەبوونی کۆمەڵێك تابۆ هەیە، تا بتوانێت ئەو کۆبوونەوە پێدەڵێن کۆمەڵگە بپارێزێت”( پێشڕەو عەبدوڵڵا، ٢٠١٩، ١٥) ئەم جگە لەوەی کۆمەڵێک تابۆ هەن لە نێو هەموو کۆمەڵگەکاندا هاوبەشن, بۆ نموونە هەندێک لە تابۆ سێکسی و ئاینیەکان، کە دەربڕینیان لە نێو زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا قەدەغە و ڕێگە پێنەدراوە، چونکە ئەو کۆمەڵگەیانە خاوەن دابونەریت و ئاینی هاوبەشن.
کەواتە دەتوانین بڵێن: پرۆسەی بە تابۆبوون، بریتییە لەو پرۆسەی کە کە وشەیەک یان ڕستەیەکی ئاساییە و ڕێگە پێدراو، دەبێتە چەمکێکی قەدەغەکراو و نائاسایی. جا لەبەر ئەوەی پرۆسەی بە تابۆبوون لە نێو کۆمەڵگە ڕوودەدات، تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە ڕۆڵیان هەیە لە چاندنی ئەو تابۆیە و بزوێنەری سەرەکی ئامێری دروستکردنی تابۆن، واتا تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی، کاتێک ڕۆڵی گوێگر دەبینن و ناوی ئازادییان بەرگوێ دەکەوێت، بەهۆی ئەو ئەزموونە خراپی لەگەڵ ئازادیدا پێدا تێپەڕیون، ڕاستەوخۆ لە بیری مرۆڤەکاندا کۆمەڵە وێنە و مانایەکی تر دەهێنێت، کە دواجار ئەم وێنە و بیرانە، خۆی لە نێو چەندین تابۆی سێکسی و ئایندا خۆی دەبنێتەوە.
بەشێوەیەکی گشتی، ئەم پڕۆسییە هەرەمەکی و دوور لە چاودێری گەشە دەکات و دوای ماوەیەک درک بە پاشماوەی ئەم جۆرە پرۆسییە دەکرێت، دەتوانین بڵێن: ئەم پرۆسەیە لەژێر کاریگەری مرۆڤدایە و لە هەمانکاتدا مرۆڤەکان درکی پێناکەن، چونکە وەک کێشە جەستەیی و تەندروستییەکان، ڕاستەوخۆ جێپەنجی خۆی دیاری بکەن، بەڵکو پاش ماوەیەک و دوای تەواوبوونی پڕۆسەکە و بڵاوبوونەوەی بە نێو جومگەکانی کۆمەڵگەدا هەستی پێدەکرێت.
وەک هەمووان دەزانین هەمیشە لە نيوان زمان و بیردا پەیوەندیەک هەیە، بۆ نموونە قسەکەر قسەیەک دەر دەبرێت، ئەو گوێگر لەگەڵ ئەو ئەزموونە گەنجکراوەی هەیەتی و پێدا تێپەڕیوە لێکی دەداتەوە و لە تەرازووی بیریدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات،واتا” دەربڕینە زمانییەکانمان هەڵگری بیرەکانمانن زادە و ڕەنگدانەوە و گوێزەرەوە و دەربڕ و هەڵگری ئەو تێگە (چەمک) و بیروبۆچوون و تێروانینانەن کە لە هزرماندان.”( د.هێمن عەبدولحەمید شەمس، ٢٠١٨، ١٣٩) بۆیە کە گوێگر گوێی لە چەمکی ئازادی دەبێت، ڕاستەوخۆ لە بیر و مێشکی مرۆڤدا بەشێوەیەکی پیلەکانی کۆمەڵە تابۆیەکی سێکسی و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆید دێنێت.
بێگومان هەر باردودۆخە کۆمەڵاتییەکەیە، کە چەمکی ئازادی بەرەو لێواری بە تابۆبوون بردووە و چوارچێوەیەکی تابۆیانەی پێبەخشیوە، چونکە” تابۆی کۆمەڵایەتی بە پێی پێوەر و پرەنسپیەکانی دینیی و سێکسیەوە داتای تابۆیی دروست دەکەن”(م. سیروان سمين احمد، ٢٠٢١، ٤٥٦)بۆ نموونە: کەسێک باس لە ئازادی ئافرەت یان ئافرەتی ئازاد دەکات، ئەو کەسەی کە گوێگرە، بەهۆی ئەو ئەزموونە خراپەی لەگەڵ ئازادی ئافرەت هەبووە، یان هەڵە تێیان گەیاندووە، ڕاستەوخۆ دوای شڕۆڤەکردنی ئەو دەستەواژە لە ئاوەزیدا دیدگایەکی خراپی بۆ دروست دەبێت.
“ئەو کەرەستە و دەربڕینە زمانیانەی، ڕووی وتنیان نییە و هەڵگری واتای نەشیاو و ناپەسەندن و ناوهێنانیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەپێی هەندێک ئاین و کەلتوور و دابونەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان قەدەغە و ڕێگە پێنەداوە، یاخود مایەی نەنگی و شەرمەزاری و بێئەدەبی و پێچەوانەی ڕەفتار و ڕێسا و ئاکارەکان پیشاندەدات، بۆیە بۆ دوورکەوتەوە لە وشە تابووەکان و پیشاندانی خۆڕەوشت و دەربڕینی شیاو و جوان کۆمەڵێک وشەی سینۆنیمی لە بەرامبەر ئەو وشانە دێنە کایەوە، کە تاڕادەیەک گوتن و بەکارهێنانیان ڕێگە پێدراوە.”(ڕۆستەم محەمەد ئەحمەد، ٢٠١٦، ٥٤) بۆیە ئەوانەی وەها پێیان وایە، کە چەمکی (ئازادی) تابۆیە و سیمایەکی تابۆیە بە باڵادا کردووە، وای بۆ ئەچن، کە ئازادی هاوواتایی هەندێک لە تابۆ سێکسی و ئاینی کۆمەڵایەتییە و کەسێک گەر بیەوێت هێرش بکاتە سەر پیرۆزییە کۆمەڵایەتی و ئاینیەکان، دێت لە ژێر ڕەشماڵی ئازادییەوە کار بۆ مەرامەکانی دەکات. واتا وشەی ئازادی وشەیەکی سادە و ڕێگە پێداوە، بەڵام لە ئەو چەمکانەی خۆیان بە ئازادیدا هەڵواسیوە، زیاتر ڕەگەزی تابۆبوونیان پێبەخشیوە.چەند هۆکارێک هەن، کە چەمکی ئازادییان بەرەو تابۆبوون بردووە، کە دەتوانین لە خوارەوە ئاماژەی پێبکەین:
١.تێنگەیشتن لە ئازادی:
زۆرجار تێنەگەیشتمان بەرانبەر بە هەندێک چەمک و مانا، وا دەکات تێگەیشتنێکی خراپمان بۆی هەبێت، نەک هەر چەمکەکان، بەڵکو ئەمە بۆ گفتوگۆ و پەیوەندییەکانی ڕۆژانەشمان تەواو دروستە، چونکە ڕەنگە گوێگر بەهۆی تێنەگەیشتنی لە قسەکەر, جۆرە تێگەیشتنێکی تری لا دروستبێت، دوور لەو مەبەستەی کە قسەکەر ویستویەتی وەک پەیامێک بە گوێگری بگەیەنێت. هەروەها هەر تێنەگەیشتن لە ئازادییە، وا دەکات ئەوانەی کار لەسەر ئازادی دەکەن، بە شێوەیەکی هەڵە بەکاربهێنن.
٢.قۆستنەوەی ئازادی، بۆ بەرژەوەندییە کەسییەکان:
کۆمەڵە کەسانێك هەن، جا لە هەر پلە و پایەکەی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بن, هەمیشە چەمکەکان و ماناکان، بەو شێوەیە دەخەنەڕوو، کە سوودی بۆ بەرژەوەندی کەسی خۆیان هەبێت، دیارە ئازادیش وەک یەکێک لەو چەمکانە بووە بە قوربانی کۆمەڵێك بەرژەوەندی کەسی و بە پێی ویست و ئارەزووی خۆیان کاری لەسەر دەکەن.
٣.فۆبیای ئازادی:
“فۆبیا لە وشەیەکی یۆنانی وەرگیراوە، بە واتای (ترس) و گوزارشت لە کۆمەڵێک حاڵەتی تیرۆر و دڵەڕاوکێ و ترس و دڵەڕاوکێ دەکات کە پەیوەندییان بە شت و شوێن و ئەزموون و بارودۆخی تایبەتەوە هەیە.”(ارثر بيل،٢٠١١، ٧). فۆبیا ترسێکی ئاسایی و سادەی ڕۆژانە نییە، بەڵکو ترۆپکی ترسە، چونکە ترسی ئاسایی جۆرێکە لە ئامادەباشی بەرانبەر هێرشەکان، کەچی فۆبیا ترسێکی دۆخییە و لە دۆخە تایبەتەکاندا دروست دەبێ. فۆبیای ئازادی، یەكێکە لە تێکچوونە دەگمانەکان، کە زیاتر دووچاری ئەو کەسانە دەبێت، کە ئازادی کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر بەرژەوەندییەکانیان، بۆ نموونە وەک دەسەڵاتدارەکان، بە تایبەتی ئەو دەسەڵاتدارانەی کە بناغەی دەسەڵاتەکانیان لەسەر ناهۆشیاری و سەرکوتکردنی هاوڵاتیان بنیادناوە، چونکە ئازادی بەلای ئەوانەوە وەک گڕکانێکی بە ئاگابوونەوە وایە، کە لە دڵ و دەروونی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەوە هەڵدەقوڵێت.
ئەنجامی توێژینەوەکە:
لە ئەنجامدا، گەیشتین بەوەی, کە چەمکی ئازادی لە قۆناغی بە تابۆبوونی دایە لە کۆمەڵگەی کوردی، لەبەر ئەوە هۆکارانەی کە لەسەرەوە خستومانەتەڕوو و ئەگەریش ئەم پرۆسەیە درێژە بکێشێت، ئەوە لە داهاتوودا کاریگەرییەکان زیاتر و زۆرتر دەبن.
———————————-
سەرچاوە کوردییەکان:
١.پێشڕەو عەبدوڵڵا، ٢٠١٣، دەروونشیکاری شیعری کوردی، ئەکادیمیای کوردی، هەولێر.
٢.پێشڕەو عەبدوڵڵا، ٢٠١٩، تابۆشکێنی لە موفتی پێنجوێنی، گۆڤاری باران گۆڤارێکی وەرزی ئەدەبییە.
٣.هێمن عەبدولواحید شەمس، ٢٠٠٦، شێواز و دەربڕین لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکاندا، نامەی ماستەر کوڵێژی پەروردە، زانکۆی کۆیە.
٤.هێمن عەبدولواحید،٢٠١٨، پەیوەندی و کارلێکی زمان و بیر(تابۆی سێکسی بە نموونە) گۆڤار زانستە مرۆڤایەتییەکان، بەرگی ٢٢، ژمارە٣، کوڵێژی پەروردە زانکۆی کۆیە.
٥.ڕۆستەم محەمەد ئەحمەد، ٢٠١٦، سینۆنیم لە زمانی کوردی ناوچەی گەرمیاندا، نامەی ماستەر، کوڵیژی زانستە مرۆڤایەتییەکان، زانکۆ سلێمانی.
٦.م. سیروان سمین، (تابۆ لە پەندی پێشینان)دا، ٢٠٢١، مجلە جامعة کرکوک للدراسات الانسانية، مجلد:١٦، عدد:٢، زانکۆی کەرکوک.
٧.ئەحمەد شابانی، ٢٠١٠، فەرهەنگی سياسی، چاپی یەکەم، دانشگاە کردستان، سنە.
٨.ڕۆبێرت دال،و:د.سمیر ئیبراهیم حەسەن، ٢٠١٢، دیموکراسی ئازادی تاک و کۆمەڵگە، دەزگای واڵا، چاپخانەی کارۆ.
سەرچاوە عەرەبییەکان:
١.علي بن حسين بن احمد، ١٤٣٢ هـ مفهوم الحريةـ دراسة تاصيلية-، بحث ماجستير، الرياض.
٢.م.د . علاء شنون مطر،٢٠٢١، مفهوم الحرية و الحتمية فی فکر الفلسفي الیوناني، HOME / ARCHIVES / VOL. 1 NO. 34/35 (2021): مجلة كلية الفقه.
٣. م.د أسعد طارش عبد الرض، النظم الديكتاتورية قراءة في المضامين النظرية،مجلة تكريت للعلوم السياسية مجلة علمية دورية محكمة المجلد/3 السنة/3 العدد/6 حزيران 2016 – رمضان 1437 ISSN: 2073 _ 1140.
٤.ارثر بيل، ترجمة:عبدالحكم الخزامي،٢٠١١، فوبيا، دار الاكاديمية علوم،طبعة الاولى،قاهرة.
سەرچاوە فارسییەکان:
١. سیدحسین رضوانی، فصلنامه سیاست خارجی سال سیام، شماره 4، زمستان 5931، صص 39-51،حق آزادی بیان و مسئولیت بینالمللی کشورها در قبال آن.
٢. فرهاد طهماسبیپور, حق آزادي عقيده و وجدان، تاریخ دریافت: 1331/2/3 تاریخ پذیرش: 1331/4/22
٭ دانشجوی دکتری(( نظریهی حقوق و تاریخ دولت و حقوق»، آکادمی حقوق و علوم سیاسی دوشنبه- تاجیکستان.
ئەم توێژینەوەیە، لە ژمارە٢٣ی (گۆڤاری شارباژێر)دا بڵاوبۆتەوە.