Skip to Content

پشوويەک لە ژوانی کتێبفرۆش.. سەردار ڕەزا جاف

پشوويەک لە ژوانی کتێبفرۆش.. سەردار ڕەزا جاف

Be First!
by كانونی یه‌كه‌م 7, 2025 General, Literature


پێشەکی..
ڕۆمانی “ کتێبفرۆش “ يەکێکە لەو ڕۆمانانەی سەرنجی ڕاکێشاين و دوور و نزيک خودی نووسەر نەبينين بە بارتەقای ئەوەی خودی دەق دەبينين، قسەکردنيشمان لە پێناو برەودانە بە کاری ئەدەبی خودی تاک پاشان گشتگير، لە سەرەتاوە دەستخۆشانە لە نووسەر دەکەين کە بە لە خۆبردوويەکی بؤ بڕانەوە دەستی داوەتە کارێک کە لە مێژووی ئێمەی کورددا زۆرجاران ڕووی داوە، نەمازە بەڕێز سابير ڕەشيد يەکێکە لە نووسەرە ديار و بەچاوەکانی شاری هەولێر، شارەزایی و سەردەرکردوویی باشی هەيە لە نووسينی ڕۆماندا .. ڕۆمان کارێکی وا سانا نييە هەر کەسێک دوو تەقەڵی لە گەڵ شيعردا هەبوو ئيدی سەروگوێلاکی دابگرێتەوە، لێرەدا “ کتێبفرۆش “مان هێناوەتە بەر نووکی تيژی نەشتەر… ڕۆمان سەرباری ئەوەی کۆمەڵێک بنەمای زانستی و جێگيری رۆماننووسين هەيە، گەرەکە رۆماننووس حەوسەڵەيەکی باشی هەبێت و هەناسەی دوورودرێژ بێت، کەمن ئەوانەی بتوانن ئەسپی خۆيان لەم سارا پان و بەرينە تاو بدەن و بروسک ئاسا تێيدا سەرکەوتوو بن، دەمێک بوو خوليام دنەی دەدام کە ناکرێ لەبارەی رۆمانی (( کتێبفرۆش )) ی نووسەری ديار و بەرچاو “ سابير ڕەشيد “ بێدەنگی بنوێنين ئەو ڕۆمانەی باس و خواسی زۆری لە سەرە و لێرەو لەوێش لە خودی نووسەرانەوە بايەک بەر گوێمان کەوتبوو، کاتی خۆشيی کە کتێبەکەی وێدام، پێم گوت ڕەنگە لە بارەی رۆمانەکەوە بێينە دواندن، گەلەکی پێ باش بوو، هەڵبەتە دواکەوتنی نووسينمان پەيوەستە بە سەرقاڵی و نەخۆشکەوتنەوە، تاوناتاوێ رێی نەخۆشخانە تەنگمان پێ هەڵدەچنێ و ئەمەيش راستەوخۆ کاری لە ژيانی رۆژانەمان کردووە.
خوێندنەوەی هەر دەقێک زۆر جياوازە لای خوێنەری ئاسایی و خوێنەری دەستەبژێر، ئەگەر وەک يەک خوێندنەوەيان هەبێت ئەوا بە هيچ جۆرێ ئەو پێشکەوتنەی ئەمڕۆ لە ئەدەب و کايەکانی ديکەی ژياندا بوونی خۆيان سەلماندووە ڕوويان نەدەدا، دەشێ زۆريش لە جێی خۆی بێت کە خوێنەری ئاسایی بە شان و باڵی هەر دەقێکدا هەڵ بدات، واتا پياهەڵدان پيشەی ڕەخنەگر و خوێنەری ورد نييە، هاوکات ناکرێ بە کۆنە قينەوە لە تەک دەق مامەڵە بکرێت، يان لە ئيرەیی بردنەوە، کە خەڵکانێکی زۆر ستايشی فڵانە دەق دەکات دەبێ بچم وا و وای لێ بکەم، بە داخەوە لای ئێمەی کورد زۆر کەم رێک دەکەوی خوێندنەوە بۆ دەقێک بکرێ خودی دەقەکە ببينرێت، يان خزم خزمێنە و خاتروخۆتر بووە يانيش من بۆت بووم و تۆيش بۆم ببە بووە، حاڵەتێکی ديش ئەوەيە کە باسمان کرد، کۆنە قين و ئيرەیی بردن. لە نووسينە ڕەخنەييەکانمان هەرگيز هێندە ساويلکە نەبوين ڕوومان لە کاری وا کرد بێت، چونکە ئەدەب و زمانی کورديمان لە خۆ زێتر خۆشويستووە. هەر کە لە بەراييەوە ئاماژەمان بەوە داوە کە ناکرێ بێدەنگی لە مەر ئەم ڕۆمانە “ کتێبفرۆش “ بنوێنين مەبەست ئەوە نييە لە سەر چەقی لايەنی نەرێنی حەمەتاڵی بانە ئاسا سەرەڕێيەکەی لێ بگرين….
ڕۆچوون….
کاتێک ڕۆماننووس دەست دەداتە قەڵەم و ڕۆمانێک دەنووسێ هەر لە بەراييەوە تەواوی سەرهات و ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە تا دەگاتە دوا دوای ڕۆمانەکە هەر هەموو لە هزر و بيريدا ئامادەکراو و سازە جا پێويستی بە نووسين و شەن و کەوی و رێکخستنە، ناکرێ ڕۆماننووس لە ديدی ڕەخنەگرەوە ڕۆمانەکەی دابڕێژێت داخوا لە کوێ دەکرێ ڕاست بکرێتەوە يان باز بە سەريدا بدا، نەبا ڕەخنەگر بەو ديدە يان ئەوی دی ديقەتی لێ بدات، سەرنجەکانی دەبان ئاسا بەر نەشتەر نەکەون، نەخێر ڕۆماننووس بەر لە هەموو ئەو کارانە گەرەکە خاوەن پاشخانێکی ئەبستمۆلۆژی بێت لە بەرایی و کرۆک و دوماهی ئەو ژانرە قاڵبوو بێت، هەڵبەتە لە قاڵبی تەسکی يەک باس وخواس کۆی دەکاتەوە دەرچوونيش لەو چوارچێوەيە دەرچوونە لە خودی بنەما سەرەکييەکانی داڕشتن و نووسينی ڕۆمان، سەبارەت بە ڕەخنەگريش لەو پاژەوەی دەستی پێکردووە بنەما سەرەکييەکانی ڕۆمان يان هەر دەقێک لە بەرچاو بگرێ نەبا بکەوێتە هەڵەيەکی زەقەوە، ڕۆماننووسين تەنها کۆکردنەوەی رووداوگەلێکی پەيوەست پێکەوە نييە بە زمانێکی سادە بخرێتە ڕوو، بە بارتەقای ئەوەی کە داهێنانێکی ئەدەبی ناوازەيە بە جۆرێکی هونەری داڕێژراوەتەوە و خوێنەر موبتەلای دێر دوای دێری رووداوەکان دەکات، زۆر نووسەر لە ڕێی رۆمانەوە داهێنەرن و ناووناوبانگيان دونيای تەنيووە…
زمان ستوندەگی تاوڵی ئەدەبە بە هەموو بەشەکانييەوە نەمازە رۆمان، پێمانوايە هەر کەسێک لە هەر کات و سەردەمێکدا خوێندنەوە بۆ ڕۆمان بکات گەرەکە بە جۆرێ لە جۆرەکان لەمەڕ زمانی رۆمانەکە بدوێ، زمان ڕايەڵەی نێوان نووسەر و خوێنەرە، ئيدی پێويستە نووسەر بزانێت بە چ زمانێک لە گەڵ خوێنەر دەدوێ، ئەگەر ڕەوا بێت کە ڕۆمان و شانۆ زۆر لە يەک نزيکن بن نەک دراوسێن بگرە لە يەک خانوو پێکەوەنشين بن، ئەوا ئەم حاڵەتە ئەوەمان بە هزردا دێنێت کە ڕۆمانيش بۆ کەسانی ئاسایی دەنووسرێت و وەک شيعر بۆ دەستەبژێر نييە، بۆيە ناکرێ لە ڕووی زمانەوە هێندە قووڵ بکرێتەوە کە خوێنەر عەوداڵی فەرهەنگ بێت و دوای خوێندنەوەی هەر چەند دێرێک بگەڕێتەوە بۆ واتای وشەکان، ئەمەيش زنجيرەی چەمکیی لای خوێنەر دەپسێنێت، تاکە کايەی ئەدەب کە زمان دەوڵەمەند بکات لە ڕۆماندا دەيبينينەوە، چونکە ئاخاوتنەکانی کارەکتەرەکان بەردەوام بە زمانی ئەو دەڤەرە دەبێت کە روودارەکانی رۆمانەکەی تێدا بەرجەستەيە، نەک گێڕانەوەی خودی نووسەر، ئەم حاڵەتە لێرەولەوێی “ کتێبفرۆش “ دەبينين، ئەمەيش ئەو واتا ناگەيەنێت کە بە زمانێکی جوان دانەڕێژرا بێت، نەخێر هەرگيز وا نييە، سابير ڕەشيد خاوەن زمانێکی جوانی ئەدەبييە و خودی ئەم ڕۆمانەيشی بەو زمانە جوانەی نووسينی خۆی ڕەنگڕێژ کردووە، لە هەندێ شوێن زمانی دەڤەرەکەی لە نووسينەوەی گێڕەڕەوە بەکار هێناوە، ئەمەيش وا لە خوێنەری ئاسایی دەکات ناوبەناو بگەڕێتەوە بۆ فەرهەنگ، وەک گوتمان شانۆ درامايە درامايش بۆ تاکە هاوکات لە گەڵ رۆمانيش لە يەک ڕێچکەن.

کتێبفرۆش “ ١ “
خەسڵەتی ڕۆمان وايە گەرەکە ڕۆماننووس لە سەرەتادا تەواوی تواناکانی خۆی بۆ پەلکێشکردنی خوێنەر بۆ دێر بە دوای دێری ڕۆمانەکەی بخاتەگەڕ و ئيدی خوێنەر لە خواردن و خواردنەوە بکات و هەموو مەيل و ئارەزووەکانی تەواوکردنی رووداو گەلێک بێت کە چەشنی خۆشترين خۆراک هزری قۆرخ کردووە و دەيەوێت لێی تێر بێت، لە سەرەتای ئەم رۆمانە خوێنەر ئەو مەيل و ئارەزووەی نييە، ئەوەيش ڕەنگە هۆکار گەلی خۆی هەبێت ……
بەر لەوەی غلۆربينەوە بۆ بنەماکانی ڕۆمان جێی خۆيەتی بێژين کە ڕۆمان بۆ خۆی زنجيرە ڕووداوێکی بە دوای يەکدان بە شێوازی پەخشان ئامێزی دەخرێتە بەر ديدی خوێنەر،جا ئەو ڕووداوگەلە راستی بن يان لە ئەندێشەی خودی نووسەرەوە هەڵقوڵابن، هەروەها دەبێ خودی ئەو رووداو و چيرۆکانەيش دوابەداوی يەکی کاتييەوە بن و پاش و پێش نەکرێن چونکە دەبێتە هۆی پچڕانی بيری خوێنەر و زەمەنی لا دەئاڵۆسکێنێ، رۆمانی کتێبفرۆش رۆمانێکی رياليستييە تەواوی رووداوەکانی راستين و نووسەر چۆتە هەناوی مێژووی پاڵەوانەکەوە و وردەکاری دەگێڕێتەوە.(( نووسەر لە ڕۆمانە ڕياليستييەکاندا باشترين خەسڵەت بۆ پاڵەوانی ڕۆمانەکەی دەستنيشان دەکات، تاوەکوو وا لە خوێنەر بکات بە خەسلەتەکانی کاريگەر بێت، بەم جۆرە کۆمەڵگا لە گەندەڵی دوور دەخاتەوە )) “ ٢ “ رێک ئەم حاڵەتە لە کتێبفرۆشدا دەبينين . ئامانجی ڕۆمانی ڕياليستی وێناکردنی ژيانی رۆژانەی تاکی کۆمەڵ و ئەو رووداوانەی لە دۆراندۆريدا ڕوو دەدەن بە جۆرێک بگێڕێتەوە کە وا بکات هەندێجار تراژيدی بن و دەمانێکی دی کۆميدی و دەمانێک کۆمەڵايەتی و ئەو دابونەريتە دواکەوتووانەيش دەخزێنە خانەی ئەم جۆرە ڕۆمانەوە کە وەک خۆی بگوازرێتەوە بۆ خوێنەر بە جۆرێک دابڕێژرێت کە خوێنەر هەم سەرسام هەميش پەلکێش بکات بۆ رووداوەکانی ڕۆمانەکەی….
“ کتێبفرۆش “ باس لە کەسێک دەکات بە ناوی ئومێد کتێب فرۆشە لە شاری هەولێر بژێوی ژيانی لە سەر ئەم کتێبفرۆشتنەيە هاودەم خودی کتێبفرۆشەکە شاعيريشە زێتر دەشی ئەم ئارەزووەی وای لێکرد بێت کتێبفرۆشتن بکاتە پيشەی، بە هۆی کتێبفرۆشتن و سەردانيکردنی بۆ بەغدا، ئاشنای ئافرەتێ دەبێت لە يەکێ لە يانە شەوەکانی ئەو شارە و دواييش ژيانی هاوژينی پێکەوە دەنێن، پاشان يەک دوو برادەری بۆ پەيدا بووە و لێی نزيک بوون، کاريگەرييان بە سەر يەکەوە هەبوو دواتر کەسێک کە ناوی چيادە خۆی لە کتێبفرۆشەکانی هەولێر دەکاتە عەباس سوڵتانی ئەم کەسە خۆی وەک کارمەندێکی ئەمنی بە کتێبفرۆسەکانی ئەو دەوروبەرە ناناسێنێت، بەڵکوو خۆی وەک جێگر ئەفسەری سەربازی نيشان دەدا، ئەم چيادە سەرسام دەبێ بە ئومێد هەر ئەميش کاريگەری بە سەرييەوە دەبێ و هزری ( چياد_ عەباس سوڵتانی ) دەگۆرێ لە مرۆڤێکی بکوژەوە بۆ مرۆڤێکی هەست ناسک، نامەوێ زێتر لە سەر ڕۆمانەکە بدوێين چاکترە خوێنەر بۆ خۆی بيخوێنێتەوە و پاشان لەگەڵ ئەم لێکۆڵينەوە بەراووردکاری بکات…
ئێمە لە کتێبفرۆش دا بنەما سەرەکييەکانی توخمی ڕۆمان هەڵوێستە دەکەين، تەنها لەم خاڵانە و بەم جۆرە (( گێڕانەوە، کات و شوێن ، کرۆک” حبکة “ دەرئەنجام .

١ – گێڕانەوە:
گێڕانەوە ئەو شێوازەيە کە نووسەر پەنای بۆ دەبات و وا دەکات خوێنەر بە شێواز و جۆری نووسينەکانی سەرنجی خوێنەر بۆ ڕۆمانەکەی پەلکێش بکات و رووداوەکان بە دوای يەکدا بۆ خوێنەر بخاتە ڕوو، گێڕەرەوە کە زۆرجار خودی نووسەر دەبێت تەواوی بنەماسەرەکييەکانی توخمی ڕۆمان لە خۆی دەگرێت، کە لێرەدا کتێبفرۆس وا کراوە، کەواتە رووداوێک هەيە کە بوونی رووداو خۆی سەلماند ئەو کات گێڕەڕەوە بە ئەرکەکانی ديکەی ئەو رووداوە هەڵدەسێت، وەک لێرەدا سابير ڕەشيد دەستی پێکردووە کەواتە پێويستە بزانين نووسەر چۆن دەست پێ دەکات: (( نووسەر، کاتێک دەنووسێت، ڕاستەوخۆ لە گەڵ رووداوە ديفاکتۆکە هەڵسوکەوت ناکات، بەڵکوو لە تەک ئەوەی کە لە هزريدا نەخشەی بۆ کێشاوە، يان بيری لێکردۆتەوە، لە وێنايەکدا کە تايبەتە بە ديفاکتۆکەوە))” ٣ “ لێرەدا ئەگەر ديقەتێکی دەسپێکی رۆمانەکە بدەين و هوردبينەوە لێی کە دەڵێ: (( ئومێد ئەو ڕۆژەی لە سەربان وێستا بوو، ئازارێکی بێ ئامان خەريک بوو بە نێو سەرتاپای لەشيدا شۆڕ دەبووەوە، پێی وا بوو ئيدی ژيان، ئەو بەهايەی نەماوە، تاوەکوو خۆتی پێيەوە شۆڕبکەيتەوە، ل ٥ )) هەست دەکەين داڕشتنەکەی لە هزری خودی نووسەرەوە چەکەرەی کردووە، ئەم شێوازە تا کۆتایی ڕۆمانەکە وا دەڕوات، ئومێد هەر لە سەربان وێستاوە و بير لە رووداوگەلی بەسەرهاتەکەی دەکاتەوە. ئەم سەرهاتەيش دەبێتە ڕۆمانی کتێبفرۆش، ئيدی لە هەر بەشە و بير لە سەرهاتێکی خۆی دەکاتەوە، بە سەرهاتەکان رووداوی ڕاستەقينەن و دەست پێکەکە لە هزری نووسەرەوە خوڵقاوە و بەرەو ڕۆمانەکەی ڕاماندەکێشێت، بەپێی ئەوە بێت کە خوێنەر چاوەنواڕ دەکا لەم بەشە نا ئەوی دی ئومێد خۆی دەخاتە خوارەوە و دەمرێت کەچی هەر لە هزری خۆيەوە ڕۆماننووس شتێکی ديمان پێ دەڵێ، چونکە مردنی ئومێدی بە تەمومژاوی بۆ خوێنەر جێهێشتووە ئەمەيش ئەوەمان پێ دەڵێت کە لە هزری خۆيەوە دەستی بە سەرەتا و دەسپێکی نووسينی ڕووداوەکان کردووە و وەک ئەوە نييە کە لە راستيدا رووی دا بێت و بە کردەنی ئومێد لە سەربان وەستابێت خۆی فڕێ بدات و بمرێت… لايەنێکی ديکەی ئەم گێڕانەوەيە ئەوەيە کە نووسەر لە زمانی خۆيەوە بەسەرهاتەکانی ئومێدمان بۆ دەگێڕێتەوە نەک لە زمانی ئومێدەوە کە ئەو لە سەربانە و بير دەکاتەوە، هەندێجار نووسەر وا لە خوێنەر دەکات کە ئەمە بيرکردنەوەی ئومێد نييە بەڵکوو گێڕانەوەی خودی نووسەرەکەيە کە لە راستيدا وا نييە و ئومێدە بير دەکاتەوە، بە جۆرێک وای داڕشتووە کە خوێنەری ئاسایی هەست بەم بازدانە نەکات، تەماشا چ دەڵێ : (( خاتوون خەڵکی موسڵ بوو، بەڵام خەڵکی ڕەسەنی ئەو شارە نەبوون، کاتی خۆی لە بەردەڕەشەوە هاتوونە موسڵ، کەسوکاری لە بەر دوژمنداری لە شوێنی خۆيان نەمان، لە گەڕەکی مەيدانی موسڵ، کە گەڕەکێکی هەژارنشين بوو خانوويەکی دوو ژووری کۆن بە کرێ دەگرن تيايدا دەژين. ل ٢١ )) لێرەدا ئەوە دەردەکەوێ کە ئەم قسانە لە چواچێوەی ياد و بيرهێنانەوەکەی ئومێد نييە، وەلێ ئەوە گێڕانەوەی خودی نووسەرە کەچی لە لاپەڕە ٢٠ لەدەسپێکی پاژی نوێی بەشی يەکەم بەم جۆرەنووسەر باس لە ڕووداوەکە دەکات،(( ئومێد هەردوو دەستی خستە سەر چاوەکانی، بۆ ئەوەی ئامادەی خۆفڕێدان بێت، لەو دەمەدا وەک بروسکە خەياڵی بۆ ئەو شەوە گەڕايەوە، کە يەکەمين جار سەردانی يانەی ئاسياوی سووری کرد لە شەقامی سەعدوندا، ئەو دەمەی هاتەوە بير، کە ئافرەتێک بووە ڕوانگەی چاوەکانی و بە جوانی و شۆخ و شەنگييەکەی سەرسام بوو، هەر لەو ڕوانينەدا تيری ئەڤينێک لە دڵی گير بوو، بە گارسۆنەکە داوەتی سەر مێزی خۆی کرد، پێکەوە ڕۆنيشتن و خوارديانەوە، يەکدييان ناسی )) بەم جۆرە دەچێتە نێو يادەوەرييەکانی ئومێد خوێنەر لێرەدا پەی بەوە دەبات کە ئەمە بە ناوی ئومێدەوە گێڕانەوەکە لە لای خودی نووسەرە دەگێڕدرێتەوە، ئەوەی پێشتريش لە لايەنی خودی نووسەرەوە وەک گێڕانەوەی خۆی بەرجەستە دەبێت، هەڵبەتە ئەمە جۆرێکە لە زيرەکی خودی نووسەر ئاقڵانە بازێک دەدات هيچ کەسێک پەی پێنەبات و جيايان ناکاتەوە، تەنها کەسانی وردبين درکی پێ دەکەن.
هەر لەم چوارچێوەدا بۆ زێتر روونکردنەوە نووسەر هەندێ کات خۆ دەخزێنێتە ناو ئومێد و بە ناوی ئەوەوە دەدوێ و قسە دەکات ئەو کات دەبێتە منی دووەم، کاتێکيش ڕووداو يان روونکردنەوەيەکی پێويست دێنێتەوە بە زيرەکانە دەبێتە منی يەکەم (( کاتێک ڕۆماننووس دێت و نموونەيەک يان ڕوونکردنەوەيەک دەخاتە چواچێوەی دەقەکەيەوە، وەک خۆی دەڵێ، “ خاتوون خەڵکی موسڵ بوو، بەڵام خەڵکی ڕەسەنی ئەو شارە نەبوون، کاتی خۆی لە بەردەڕەشەوە هاتوونە موسڵ …. “. ئەمە نە قسەی يەکێ لە کەسايەتييەکانە نە قسەی گێڕەڕەوە” بە بيرهێنانەوەکانی ئومێدە “ بەڵکوو گێڕانەوەی ڕۆماننووس / نووسەرەکە خۆيەتی لە پشتی گێڕەڕەوەيە، بە پەيڤێک هاتۆتەگۆ کە چوارچێوەکە وای خواستووە )) ( ٤ )، ئێمە لێرەدا لە بری ئەو نمونەی کە لە سەرچاوەکەوە باسکراوە بۆ زيندوو راگرتنی نووسينەکەمان نموونەی سەرچاوەکەمان گۆڕی بە نموونەی ڕۆمانی کتێبفرۆش.
جۆرێکی ديکەيش لە گێڕانەوە لەم رۆمانەدا دەبينرێت ئەويش کاتێک ئومێد بەبيری خۆی دەهێنێتەوە کە ئەو کاتەی دەفتەری ياداشتەکانی “ چياد “ ی دەخوێندەوە نە لە زمانی خودی نووسەرەکەوەيە نە لە زمانی ئومێدەوەيە، بەڵکوو خودی چيادە ياداشتەکانی خۆيمان بۆ دەگێڕێتەوە، لێرەدا خوێنەر گەرەکە جياوازی لە نێوان ئەم سێ گێڕانەوەيە بکات، نووسەر کارێکی باشی کردووە و لێزانانە وای کردووە خوێنەر تووشی سەرلێشێوان نەبێت، لە لايەک بە هۆی کاتەوە سەری لە خوێنەر شێواندووە، لێرەدا قەرەبووی بۆ کردۆتەوە، دەنا ئەم هەموو تێکەڵ و پێکەڵييە لە کرۆک “ حبکة “ ی رۆمانەکەی کەم و لاواز دەکرد.
بەر لە دوماهی لايەنی گێڕانەوە گەرەکمانە هەڵوێستەيەک لە سەر ئەم لايەنە بکەين، گێڕانەوە خۆی لە خۆيدا خاوەن توێژينەوەی قووڵ و کنەکردنی زۆروزەوەندە هەموو ئەو ميتۆد و توێژينەوە و ديراساتانەی لە بارەی گێڕانەوە و گێڕەر هەيە بۆ دەقی رۆمانی، دەکارێ بۆ هەر رۆمانێک لايەنە ئەرێنی و نەرێنييەکەی بخرێتە ڕوو و بەراود بکرێ لە گەل ديدگای نووسەری دەقەکە، کاتێک سابير ڕەشيد باس لە ئومێد دەکات کە لە سەربانی ماڵی خوشکييەتی و بە نيازی خۆ هەڵدانە خوارەوەيە، لێرەدا بە گێڕانەوەی خۆی دەست پێ دەکات، ئەو دەمانەيش کە دەڵێ ئومێد بيری لە فڵانە رۆژ و کات و مانگ و ساڵ دەکردەوە ئەمەيان هەر گێڕانەوەی خۆيەتی وەلێ خزاوەتە گيانی ئومێدەوە و پێمان وايە هەموو ئەوانە گێڕانەوەی ئومێدە، ناوبەناويش هەر لە چوارچێوەی بيرهێنانەوەکانی ئومێد دەردەچێت و روونکردنەوە و کاری پێويستمان پێ دەڵێت کە رۆمانەکە گەرەکييەتی، لە هەمان کات هەست ناکەين کە ئومێدە قسە دەکات وەلێ نووسەر هەر بۆ خۆيەتی، کاتێکيش ياداشتەکانی چياد دەخوێنێتەوە دەچێتە قالب و زمانی چيادەوە، لەوێدا ( من ) دەبێتە گيڕەرەو ئەو منە راستە نووسەرە بەڵام بە زمانی چيادەوەيە. لێرەدا دەمانەوێت بڵێين کە نووسەر لێزانانە ئەم کارەی ئەنجام داوە بە بێ ئەوەی خوێنەر هەست بە لە قاڵب دانی گێڕانەوەی ڕۆمان دەرچوو بێت، وەلێ خوێنەری ورد ئەو لەرەی لادانە هەست پێ دەکات و دەبوايە بە جۆرێ لە جۆرەکان ئەو لايەنەيشی کۆنترۆڵ بکردبا…
ڕۆماننووس پێويستە لە چوارچێوەی گێڕانەوەکەيدا وريای بنەما و پرنسيپە سەرەکييەکانی رۆماننووسين بێت، کە شوێن و کات زۆر زۆر بۆ ڕۆمان گرينگن و هەرگيز ناکرێ پشتگوێ بخرێت، لێرەوە دەچينە سەر ئەم دوو لايەنە ….

٢ – کات و شوێن ؛
أ – کات ….

کات سەرچاوە و بنەمای هەرە سەرەکی ڕۆمانە، ڕۆمان بێ کات دەقێکی مردووە، هەڵبەتە مردوويش بە هيچ کڵۆجێک زيندوو نابێتەوە، کەواتە دەقێکی مردوو جارێکی دی نە خودی ڕۆماننووس نە ڕەخنەگر ناتوانن ڕۆحی بە بەردا بکەنەوە و بيبووژێننەوە، تێکەڵ و پێکەڵکردنی کاتيش ئێمە وای دەبينينەوە هاوشێوەی مرۆڤێکی خاوەن پێداويستی تايبەتە، کە تا ماوە گيرۆدەيە و پێيەوە دەناڵێنێت، يەکێک لە ڕەخنەگران دبێژێت : (( کەسايەتی سەرەکييە لە ڕۆمانی هاوچەرخدا ))، هەروەک گوتمان ئەو مرۆڤە خاوەن پێداويستييەيە بۆيە ڕۆماننووس گەرەکە هەم پشوو درێژ بێت هەميش پەلە پروزەی پێوە ديار نەبێ چونکە دەرئەنجام کارەکەی لە دەقێکی ساغلەم و جوانەوە بۆ دەقێکی لە پەلوپۆ کەوتوو دەبات. (( ئەدەب وەک مۆزيک وايە، هونەری کاتە، چونکە کات نێوەندگيری ڕۆمانە، هەروەها نێوەندگيری خودی ژيانيشە ))” ٥ “ ئەمە گرينگی و هەستياری کاتمان بۆ خودی ڕۆمان و ژيانيش بەرجەستە دەکات، لێرەدا دەردەکەوێت کە ڕۆمان يەکسانە بە ژيان و ژيانيش بێ کات مەحاڵە.
ئەو دەمەی ڕۆماننووس دەست بە نووسينی رۆمانەکەی دەکات گەرەکە زۆر بە ورد ئاگاداری، ئەوە بێت کە زنجيرەی رووداوەکان بە دوای يەکديدا بێن و پاش و پێشی تێدا نەبێت (( کات بۆ خۆی، پێشينەيەکی لۆژيکييە لە گێڕانەوە بە واتا وێنايەکی پێشوەختەييە پارچەکانی چيرۆکەکە لە خۆيدا لە هۆنينەوەيەکی کاتيدا پێکەوە گرێ دەدا ))” ٦ “ لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە نووسەر پێويستە بە ورياييەوە لە کاتی رووداوە ئالۆسکەکانی ناو رۆمانەکە بە ئاگا بێت و لە پاش و پێشخستن نەکەوێتە هەڵەی زەقەوە، هەندێ جار دەشی وەک بيرهێنانەوەيەک رووداوێک بە بير بهێنێتەوە وەلێ زنجيرە رووداوگەلی ناو رۆمانەکە ناکرێ بيری خوێنەر ئاڵۆز بکات، لێرەدا نووسەر دەڵێ : “ فرێياندايە دەرەوەی گرتيگەوە، هاتەوە ناو ژيانی ئاسایی خۆی، وەلێ بە هۆی فەلاقەی زۆر و کارەبا لێدانی لە چووک و ئەندامی نێرينەيدا، سوودی سەر جێی نەما بوو. ئەم ڕووداوە و گرتنەی ئەو، چەند ساڵێک دوای هاوسەرگيری بوو لە گەڵ خاتوون، هۆکاری منداڵ نەبوونيشيان، سەرەتا خاتوون خۆيشی نەيدەزانی، چونکە ئەو هەر لە منداڵييەوەلە ڕەوشێکی سەخت و دژوار و تژی لە ئێش و ئازار لە گەڵ ناخۆشی و چەرمەسەرييەکانداگەورە بووبوو، ل ١٨ “ ئەگەر خوێنەر بە وردی ديقەتی ئەم دوو گەڕاندنەوە بۆ ڕابردوو يان بيرئانينەوەيە بدات کە بە فۆنتی جياواز ئاماژەم پێداون، جياوازن لە يەکدی، ئەوەی يەکەم لە جەستەی ڕۆمانەکەيە واتا زنجيرە گرێدراوە و ناکرێ لێرەدا باسی بکات وەلێ دەبوايە پێشوەخت باسی لەم رووداوە بکردبايە، ئەوەی دووەميان هەرچەندە دەخزێتە ناو خودی رۆمانەکە وەلێ ئاساییە کە وەک بيرئانينەوە باس بکرێ، کەواتە کات لێرە گەمەی پێکراوە و لە خشتەی سيستماتيکەکە دەرچووە، نە دەبوايە سابير ڕەشيد بکەوتبايە وەها هەڵەيەکەوە نەمازە هێشتان لە بەرایی رۆمانەکەدايە کە دەکرا دەسکاری بکردبايە، بە ديدی ئێمە دەکرا هەر لەم بەشی يەکەمەدا نووسەر بەشێکی زياد بکردايە و باسی ئەوينداری قووڵی نێوان ئومێد و خاتوونی بکردايە بە زەماوەندی هاوسەرگيرييەکەيانەوە، نەک وەک هەواڵەکانی ئەمڕۆی دەزگا ميدياييەکانی کوردستان کە لە ناوەڕاست و کۆتاييدا دەلێن (( ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ……. )) نووسەر لە لاپەڕەی دوایی شتێکی ديکەی بە هەمان شێوە هێناوەتەوە بەر باسکردن کە دەڵێ ؛ (( ئەمەيش ئەو کاتە بوو کە دايکی دەمرێت و باوکی دەيخاتە بەردەم زڕدايکێک، کە هەرگيز بەزەیی پێدا نەهاتووە و بەردەوام کاری سەختی پێکردووە. ل ١٩ )) ئەم گێڕانەوەيە بۆ رابردوو کە دوایی بە دوور و درێژی باسی لێوە دەکات زۆر لە جێی خۆيەتی مايەی هەڵوێستە لە سەر کردن نييە، بە جوانی باسی لێوە کردووە، وەلێ ئەوەی کە جێی سەرنجە لە پانزە دێڕدا هەر سێ گێڕانەوەکەی پێکەوە لکاندووە، ڕێک وەک ئەوە دێتە پێش چاو کۆمەڵێ کەس وێنە بگرن و هێندە خۆ بەيەکەوە دەلکێنن کە بيريان نييە چەند کەسێکيان دانيشن و بە شێنەیی وێنەکە بگرن، نووسەر پەلە پرووزەی پێوە ديارە ئەمە لای خوێنەری ورد هەستی پێدەکرێت… باشلار لەم بارەوە دەڵێ : (( ئەوەی بە بيرمان دێنێتەوە ياخود تياماندا پەرشوبڵاو دەکاتەوە يادەوەرييەکانی ماڵی منداڵييە)) “ ٧ “ رێک ئەوەی سێيەم جاريان دەخزێتە ئەم خانەيەوە کە باشلار باسی لێوە دەکات، دروستە و لە جێی خۆيەتی، ئەوەی يەکەميان وەک گوتمان بەو جۆرە دەبێت کە لە لای گێڕەڕەوە بەشی تايبەتی بۆ بنووسێت…
کات هاوشێوەی ئەندازەييە کە ناکرێ بازدان بە خۆوە بگرێت، لەم حاڵەتەدا خوێنەر شتێکی لە بەرچاو بەرقەرار نييە هەتاوەکوو هەواڵەکان بگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوە يان بير هێنانەوەی خۆی بۆ تەواوی رووداوەکە وەک هەواڵ لە ڕۆژی پێشتر يان چەند رۆژێ بەر لەو کاتە، لێرەدا کە باسی ئەوينداری قووڵی ئومێد و خاتوون نەکرا بە ئاهەنگی گواستنەوەيشە ئەوا لەو بازنە ئەندازەييە ترازاوين، (( لە بير ژيريمان سەرکەوتوو بووين چونکە ئەندازەیی تايبەتمان بۆ کات دانا، و هەستی پێ دەکەين، لە نێوان ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو، لە نێوان ڕۆژ و هەفتە و مانگ و ساڵدا، گەرەکە لەم چواچێوە ئەندازەييەدا بژين، وەلێ رێکخستنی چوارچێوەکە، رێکخستنی ناوەڕۆک ناگەيەنێت، ئەگەر ئەم چوارچێوەيەمان بۆ ساتێک هەڵگرت، فۆرمەلە ناوخۆييە خوازراوەکان دەست پێدەکات و، هەست دەکەين تاکە شت کە تێيدا ڕەقە ئەويش مردنە )) “ ٨ “ ئەوە نەبێت هەندێ لە ڕووداوەکانی بە پێی زنجيرەیی لە ناو خودی هەر بيرهێنانەوەيەکی ئومێد لە ياد کرد بێت، وەلێ خودی بيرهاتنەوەکانی ئومێد دوا بە دواي يەک نين، پچڕپچڕن ئەمەيش لای خوێنەر سەر ئێشە و ئاڵۆزی لە بيرکردنەوەکانی دەخوڵقێت. (( ئەگەر کات لەم سەردەمەماندا جياکاری لە ريتمی پەلەدا دەکات، ئەو دەمە دەبێتە ئاريشەيەکی دەروونی مەترسيدار بۆ مرۆڤ، دەبووايە هەر کاری چيرۆکەکە بەم هەستە کاتييە ڕاڕاييەوە زۆر کاريگەری دەربارەی هەبێت، لە بەر ئەوە ئێمە زۆرجار دەبينين ڕۆمانی هاوچەرخ جەخت لە وێنای کەسايەتی و ڕووداوەکان ناکاتەوە بە بارتەقای ئەوەی بايەخ بە دەرخستنی گۆڕانکارييە دەروونييەکان دەدات، کە لە ناو خودی مرۆڤدا ڕوو دەدەن، لە دەرئەنجامی هەستی ڕاڕاييەوە بە ريتمی کات)) “ ٩ “ باسمان لە مۆزيک و ئەدەب کرد لە بەرايی شرۆڤەی کاتدا، نها ئەو ريتمە دێتە ئاراوە، ناکرێ ئاوازێک بە ريتمی داڕێژراو پاش و پێش بخرێت ئەو دەمە مێشکی مرۆڤ دەئاڵۆسکی، هەڵبەتە زنجيرەی کاتيش لە ڕۆماندا بە هەمان شێوەيە، جارێکی ديکەيش دووپاتی دەکەينەوە کە کاتی درێژە پێدەری خودی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە بە دوای يەکدا بێن و کات و سەرهاتی دی کە دەکارێ پەيوەست بێت بە ڕۆمانەکەوە بە بير بهێنرێتەوە لێرەدا پاش و پێش هێندە کێشە ناخولقێنێت،
ئەوەی لە جوانی کاتدا دەريخستووە لەم ڕۆمانەدا لايەنی باشی خستۆتەڕوو، نووسەر ئەدا و تەکنيکی جوانی بنەما زانستييەکەی قەڵەمی ڕۆمانەکەی وەگەڕخستووە، ئەويش ئەوەيە هەستکردنی کەسايەتييەکان بە کاتەکە، (( بەر باسکردنی ئێستاتيکای پەيوەندی پێکهاتوو سەبارەت بە کات لە دەستنيشان کردنی کەسايەتييەکان لە نێو بونيادی گێڕانەوەکەدا و ئەوەی ئەم کاتە دەسەپێنێت لە گۆڕانکاری ژيانی کەسايەتييەکانی گێڕانەوە )) “ ١٠ “ تەماشا چۆن تەماسێک خوڵقاوە کە بۆتە تەونی جاڵجۆڵەکە ئومێد نازانێ چۆن لەو کاتە قورتار بێت، لێرەدا خوێنەر رادەکێشين بۆ لاپەڕە “ ١٣٣ “ ی ڕۆمانەکە بزانە عەباس ئەلسوڵتانی ( چياد ) دوای ئەوەی کاتێک دادەنێ ئومێد لە غاباتی کوران ببينێ، لەوێ يەک دی دەبينن و سەرەتا دادەنيشن پاشان عەباس ئەلسوڵتانی بەرامبەری ڕادەوێستێ و دەمانچەکەی دەردێنێ و بە ئومێد دەڵێ : (( ئومێد هەرچەندە من و تۆ برادەرين، بەڵام من بۆ کوشتنی تۆ راسپێردراوم )) ئەمە کردە و قسەيەکی سانا نييە، هەڵبەتە نووسەر بە جوانی کاتەکەی هێناوەتەوە، وەلێ ئەوەی جێی سەرسوڕمانە نووسەر هەر دوا بە دوای ئەمە بێ هيچ بۆشاييەکی کات لە نێوانيان يا تاسان بوونی هەر دووکيان ياخود تەنها تاسانی ئومێد نيشان بدات، کە ئومێد دێتەگۆ هيچ شڵەژان و کاردانەوەيەکی پێوە ديار نييە، دەڵێ: (( بۆچی دەمکوژی و لە سەر چی و کێ ڕايسپاردووی؟ )) لێرەدا هەست بە دوو لايەن دەکرێ لە کاتدا، يەکەم تايبەتە بە خودی ڕۆماننووسەوە کە دەيەوێ کاتەکە دوورودرێژ نەکاتەوە و کاتی دەرەوەی ڕۆمانەکەيش لە بەرچاو دەگرێ کە سەردەم و باوی نووسينی کورتە، دووەميان، کاتەکە لە کارەکتەرەکانی کورت دەکاتەوە بۆ ئەوەی مەبەستەکەی بە زوویی بڵێت، لە کرۆک “ الحبکة “ دا بە ڕوونتر لەمەر ئەم پرسە دەدوێین،
هەر دەربارەی کات لە کۆتایی هەر بەشێک يان پاژێک دا خوێنەر هەميشە کە دەچێتە بەشێکی نوێ يان تازە هزری ئاڵۆز و تێکچڕژاوە و دڵی لە مشتيدايە نووسەر بەرەو لايەکی ديکە و کات و سەردەمێکی دی نەگوازێتەوە، چونکە لە بەراییدا خوێنەری بەو جۆرە گۆش کردووە يانی گەمەی بە کاتی دەرەوەی ڕۆمان کردووە و ئەمەيش شپرزەیی خوڵقاندووە، بەتايبەت کە دەگاتە بەشی پێنجەم و بەرەو ژوور، لێرەوە خوێنەر دەيەوێت تەماسی لە تەک رووداوەکە بەردەوام بێت، لە هەمان کاتدا خوێنەر هەست دەکات کات و کارەکتەر پێکەوە دووانەيەکی لێک دانەبڕاون ئەمە سەرکەوتنی بۆ نووسەر داناوە، نەمازە لە بەشی پێنج و شەشەوە رووداوەکانی بە دوای يەکدا هێناوە و کاتێ خوێنەر لێ دەبێتەوە زۆر سپاس و دەستخۆشی لە نووسەر دەکات لە ناوەڕاستی ڕۆمانەکەوە کاتەکانی بە زنجيرەیی هێناوەتەوە، جەغار ئەوەی لای خوێنەر تەماسی کاتی کارەکتەری ون کردووە ئەو ماوەيەيە کە ئومێد چل ڕۆژ لە دايرەی ئەمن دەگيرێت هيچ سەر و سۆراغێکی خاتوون ناخاتە ڕوو لێرەدا کاتی خاتوون لەو سەردەمە ونە کە نەدەبووا پشتگوێ بخرێت، لە بەر ئەوەی خاتوون پاڵەوانێکی دی و سەرەکی ناو ڕۆمانەکەيە، لە گرتنی ئەم چل ڕۆژە و لە گرتنی لەدوای خۆکوژی چياد، دەبوايە زۆر کار هەبوو بيخستايەتە ڕوو چونکە خوێنەر چاوی لە پاڵەوانی دووەمە دەيەوێ بزانێت لای ئەو چ دەگوزەرێ کاتی چۆن دەباتە سەر، ئەمەيش غيابی هەيە.
بەر لەوەی دۆسييەی کات بپێچينەوە، لە سەر سێ لەو چوار کاتەی ڕۆمانەکە هەڵوێستە دەکەين، لای ئێمە بەم جۆرەيە، يەکەم کاتی نووسينی ڕۆمانەکەيە کە ناديارە و خوێنەر پەی پێ نابات، هەروەها کاتی چوونە سەربانی ئومێديش بە هەمان شێوە ناديارە و ڕوون نييە، ئەوەی تايبەتە بە کاتی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە بەم جۆرە شتێکمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، لە لاپەڕە (٨٥ ) نووسەر باس لەوە دەکات کە ئومێد لە دايک بووی ساڵی ١٩٥٦ و بۆ شەڕی ئێران ئێراق دەگيرێتەوە بە سەرباز و ڕەوانەی بەرەکانی جەنگ دەکرێ و باس لە هێرشی سوپای ئێراق دەکات بۆ سەر شارۆچکەی قەسری شيرين، کە شارەکە دەگرێت، ئەم ڕووداوە لە مانگی نۆی ساڵی ١٩٨٠ ڕووی داوە، جا لێرەدا پێويستە ئەوە بخەينەڕوو کە لە دايک بووانی ١٩٥٦ ساڵی ١٩٧٨ يان سەرەتای ١٩٧٩ لە سوپا نەماون، پێشتريش بە هيچ کڵۆجێ باس لە بوونی سەربازی ئومێد ناکات، دەبێ دەسپێکی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە بۆ کۆتاييەکانی حەفتەکان بگەڕێتەوە، کەچی وانييە و وردبينی گەرەکە، هەر لە بارەی سەرەتای کاتی ڕۆمانەکە، ئەگەر بگوترێت لە لاپەڕە ( ٧٣ ) دا باسی ساڵی ١٩٧٧ دەکات، ئەوا ئەم کات و ڕووداوە لايەنێکی پەيوەستە بە کرۆکی باسەکەوە بۆيە دەکارێ بخزێتە چواچێوەی کاتی دەسپێکی خودی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە. چونکە گێڕانەوەی سەرهاتی کاوە سەرسپی هاورێی ئومێدە، کە دەڵێ (( کاوە ئەو کاتەی ئەو زانيارييەی لە هاوڕێیيکی خۆی وەرگرت، دەنا نەيدەزانی دامەزراندن مەرکەزييە. ڕۆژێکيان لە گەڵ کاروانی هاوڕێی، چوون بۆ بەغدا، داواکاری دامەزراندنيان پێشکەشکرد، ئەو ساڵە ساڵی ١٩٧٧ بوو، هەردووکيان دەرچووی ئامادەیی کشتوکاڵ بوون، ل ٧٣ )). پەيوەست بوونی ئەم ڕووداوە بە ڕۆمانەکەوە لەوێدايە کە دەڵێ : (( لە ناو خزم و کەسوکاری کاوەدا يەک تاکە هاوڕێی هاتبوو، ئەويش ئومێد بوو، چونکە لە هاوسەرگيری ئومێد و خاتوونيشدا کاوە وەک تاکە هاوڕێی ئومێد لە گەڵيدا چوو بوو،ل ٨٠ )) کەواتە ئومێد پێش ساڵی١٩٧٧ خاتوونی گواستۆتەوەو ڕووداوەکان بۆ بەر لە ئەو کاتەمان دەباتەوە، کۆتاييەکەيشی ناديارە هێندە دەزانرێت کە ئومێد بە هۆی لێبوردنی گشتييەوە مانگی نۆی ١٩٨٨ ئازادکراوە، وەلێ ئەمە ناکاتە کۆتایی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە بە بۆچوونی ئێمە دەشێ تا ناوەڕاستی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو کاتی تەواوی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە بوو بێت.
ب – شوێن :
لە ڕۆمانی ڕياليستی کە ڕووداوە ڕاستييەکان لە خۆ دەگرێت لە گەڵ ئەوەی ڕۆماننووس لە گەڵ بەشێ لە ئەندێشەی خۆی ئاوێتەی دەکات گەرەکە شوێن بە تەواوی دەستنيشان بکات، شوێن پانتاییەکی بەرفراوانی لە ڕۆماندا قۆرخکردووە و بە هيچ جۆرێک لێی جودا نابێتەوە بەشێک و بنەمايەکی سەرەکی ڕۆمانە، نەبوونی شوێن لە ڕۆماندا هەم کرچ وکاڵی ڕووداوەکان نيشان دەدات هەميش وەرگر “ خوێنەر “ چەمکی وێناکەی پێ ناگەيەنێت و خوێنەر ناتوانێت خۆی تێکەڵی رووداوەکان بکات، بە تايبەت لە ڕۆمانی ڕياليستی و مێژووييدا زۆر گرينگە پانتایی شوێن بە وردی دەستنيشان بکرێ بۆ ئەوەی وەرگر بچێتە خودی شوێنە کە لەتەک کاتدا، ئەوا ديمەنێکی ناوازە دێنێتە بەر ديدی خۆی، بۆ نموونە ئەگەر سەردەمی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بێت ئەوا لە تەک تەوزيفکردنی شوێنەکە لە لايەن ڕۆماننووسەوە خوێنەر لە جل و بەرگی تاکی ئەو کاتەوە تا دەگاتە ترومبێل و پاس و ستايلی دوکان و موغازە و تەنانەت شۆستە و شەقامەکەيش لە بەر چاوی خۆیدا وێنا دەکات، (( نيشانکاری شوێن بە تەنها هاريکار نييە لە دروستکردنی فەزای ڕۆماننووس، گەرەکە مرۆڤ بەرەو شوێنەکە پەلكێش بکرێت، لە تەکيدا هەڵسوکەوت بکات و، لە گەڵيدا بژيت، لە گۆشەنيگايەکی دياريکراوەوە بيناسێنێت، راژەيەکی گشتی بە چوارچێوەی ڕۆمانەکە بگەيەنێت، بە جۆرێک خودی شوێنەکە بگوێزێتەوە بۆ توخمێکی کاريگەر)) “ ١١ “ لێ ئەگەر ڕۆماننووس بە وردەکارييەکانی کات و شوێندا بە جوانی گوزەری نەکرد ئەوا خوێنەر لە فەزايەکی ناديار دەبێت نازانێت ڕووداوەکانی لە چ شوێنێکە.
(( ئومێد ئەو رۆژەی لە سەربان وێستا بوو، ئازارێکی بێ ئامان خەريکبوو بە نێو سەرتاپای لەشيدا شۆڕدەبووەوە، ل ٥ )) نووسەر ڕۆمانەکەی بە ئومێدی پاڵەوان دەست پێ دەکات، واتا کەسايەتی و پاڵەوانی ڕۆمانەکە، پاشان رۆژ کات دێت، دواييش سەربان شوێن، کات و شوێن و پاڵەوان کرۆکی پێويستە کرۆکيش لە ئازارەکەوە سەرەتاتکێی لە گەڵ دەکات، نووسەر دەسپێکێکی زۆرجوانی هێناوەتەوە سێ توخم کەمتر لە دێرێک بوونی هەيە، ئێمە لێرەدا مەبەستمانە ماهيەتی شوێن لە کتێبفرۆش باس بکەين، لێرەدا نووسەر تەنها باس لە سەربان دەکات ئيدی نازانرێت لە کوێيە و لە کام سەربانە، هەتا خوێنەر دەگاتە لاپەڕە ( ٦١ ) و نووسەر پێمان دەڵێ : (( ئەگەرچی لەم ماڵە نوێيەدا، کە ئەوی هاتۆتە ناوی تەنيا نەسرينی خوشکی و مێردەکەی لێ دەژيان، کە ناوی هاوڕێ بوو، ئەويش بوو بە سێيەمين ئەندامی ئەم ماڵە. ٦١ )) خوێنەر لێرە بۆی دەردەکەوێت کە سەربانی ماڵی خوشکی ئومێدە و دوای ئەمە چەند جاڕیکێ ديش باسی دەکاتەوە، (( وەلێ ئەو دوای ئەم ڕووداوە چيدی لە ماڵی نەسرينی خوشکی نەهاتەدەر ل ٦٤ )) لەجێی ديکەيش باسی دەکات و ئێمە هەوڵ دەدەين باسی زۆربەيان بکەين، (( خۆی لە سەربانی ماڵی خوشکەکەی فڕێ دەدات، کە هەر بۆ ئەو مەبەستەش هاتۆتە سەربان. ل ١٨٠ )) لە جێگەيەکی ديش دەڵێ :
(( ئومێد بۆ ماوەيەکی کورت گەڕايەوە ناو باری خۆی، کە لە سەربانی ماڵی خوشکی بوو، ل ٢٠٤ )) هەروەها دەڵێ : (( ئەو کەسايەتييەی کە لە سەربانی ماڵی خوشکی وەستاوە و لە جيابوونەوەی خاتوون و ……. ل ٢٠٦ )) تادەگاتە ئەوەی کە پێمان بڵێ ڕۆيشتنی ئەو بۆ سەربان و خۆ فرێدان و خۆکوشتنی بە هۆی ئەوە بووە ماڵی خوشکی لە ماڵ نەبوون، کە دەڵێ (( ماڵی خوشکی ئەو رۆژە کەسيان لە ماڵ نەبوون. ل ٢١٧ )) ئەوەی خوێنەر لای مەبەستە لە جۆرە ڕۆمانێکی وادا نووسەر دەبێ نيشانکاری شوێن بە وردی بە خوێنەر بڵێ تەنانەت ئەگەر بيەوێ دەقاودەق شوێنەکە نەگوازێتەوە لە خەياڵ يان شوێنێکی ديکە دەستنيشان بکات، لە کام گەڕەک بووە، دەکەوێتە کوێی هەولێرەوە، باخچە و قوتابخانە و مزگەوت و جۆگەلە چی نزيکی ئەو ماڵە هەيە، ڕەنگە ئەمە پێويست بێت بۆ ئەوەی سيمايەکی کۆڵانەکە لای خوێنەر دروست بکەی، تاوەکوو خوێنەر بگەڕێتەوە بۆ بۆنی ئەو گەڕەکە لەو ڕۆژگارەدا و شێوەکەی بهێنێتەوە بەرچاوی خۆی خوێنەر و ڕۆمان تەواوکەری يەکدی بن، ئەوەتا هەر بۆ خۆی سابير ڕەشيد دەمانباتە ناو کۆڵانێکەوە کە هيچ لە بارەيەوە نازانين و شێوە و فۆرمی گەڕەک و کۆڵانەکەمان لا ونە، کە دەڵێ (( گەڕايەوە سەربان، تەماشايەکی کۆڵانی کرد، لەو کاتەدا جەبار کێشکەی بينی، کە عارەبانەکەی ڕيشۆڵە فرۆشتنی لە ماڵەکەياندا دەردەهێنا و دەيبرد بۆ بازاڕ، ئەو پياوە ماڵيان بەرانبەر ماڵی نەسرينی خوشکی ئومێد بوو، کاری ڕيشۆڵەفرۆشتنی دەکرد لە ناو بازار. ل ٢١٩ )) هەر لە هەمان لاپەڕە دەڵێ (( لەو دەمەيدا، کە جەبار لە ماڵەوە هاتە دەرەوە و عەرەبانەکەی ڕاگرتبوو، هێشتا نەڕۆيشتبوو کوڕ و کچێک بەوێدا هاتن، پێدەچوو ئاشق و ماشق بن.ل ٢١٩ )) جگە لە نەبوونی نيشانکاری شوێن، کە پێويست بوو هەبێت، خاڵێکی ديکەيش لەم ديمەنەدا دەبووايە بقۆستايەتەوە بۆ ئەو حاڵەتەی ئومێد، کە بۆ کرۆکی باسەکە سوودی دەبوو، ئێمە لە لايەنی کرۆکی رۆمانەکە دێينە سەر ئەم باسەيش، ئەمە هەڵدەگرين بۆ ئەو کاتە.
لەم ڕۆمانەدا نووسەر دەبووا لە سێ شوێن بە وردی باسی شوێنی ڕووداوەکانی بکردبا، يەکەمين ئەوە بوو باسمان کرد سەربانەکە بوو، دووهەمين شوێن بن ديواری دادگايە، لەم ڕوانگەوە دبێژين، بە داخەوە زۆربەی نووسەرانی کورد کارەکانيان لە بەر تەسکی ديدگای ناوچەکەی خۆيەوە دەبينێت، هەميشە خۆ لە هونەر و تاکتیکی بەر تەسکدا دەخزێنن، هەم دەقەکەی هەم خودی خۆی بچووک دەکاتەوە، کە نووسەری کتێبفرۆش دێت و شوێنی کتێبفرۆشمان پێ دەڵێت وەک ئەوەی منێکی خوێنەر لە هەولێرييە کۆنەکان بم، ڕەنگە خودی نەوەی نوێ نەزانن دادگا لە کوێ بووە، کەچی لە لاپەڕە ( ٨٤ ) دا زۆر بە وردی باس لەو شوێنانەی بەغدا دەکات وێنای شوێنەکان بۆ خوێنەر دەکێشێت، دەبووا بە هەمان شێوە لە باسکردنی شوێنە گرينگەکانی ڕۆمانەکە بەم جۆرە بدوابا، بۆيە پێويست بوو ڕۆماننووس جێی دادگای نيشانم بدايە، کە منێکی نەوەی نوێی هەولێری دادگای ئەو سەردەمە نازانم لەکوێ بووە، ئيدی کەسێکی سلێمانی يان کەرکووک ياخود کوردستانی رۆژهەڵات، ئەگەر دوورتر بڕۆين کە ڕۆمانەکە وەرگێڕدرايە سەر زمانێکی دی بۆ نموونە عارەبێکی ئێراقی کە هاموشۆی هەولێر دەکا چۆن بزانێت دادگا لە کوێ بووە کاتی سەردەمی ڕۆمانەکە، وەک وتمان دەبووا بگوترێت دادگا دەکەوێتە رۆژئاوای قەڵای هەولێرەوە هەر دە پانزە مەترێک لە قەڵاوە دوور بوو، ئەو کاتە تۆ بە خوێنەر دبێژی دادگا لە ناوجەرگەی شار بووە، ئەمە جگە لەوەی چۆنييەتی دانانی کتێبی کتێبفرۆشانی شار و ئەو ژينگە و دەوروبەرە چۆن بووە، پاڵەوانی ڕۆمانەکە زۆربەی ژيانی لەوێ بە سەربردووە نەدەکرا وا بە سەر پێی باس لە ئەو ڕەوشە بکرابا، با پێکەوە ئێرنيست هەمەنگوای لە ڕۆمانی “ ماڵئاوا لە چەک “ چۆن بە وردی پەنجە لە سەر شوێن و دەوروبەر دادەنێت: ((لە دوادوای هاوينی ئەمساڵ، لە خانوويەکدا بووین دەيڕوانييە سەر ڕووبار و دەشتاييەکە کە تا جياکە درێژ دەبۆوە، گۆمی ڕووبارەکە پڕ لە چەو و زيخ بوو وا دەردەکەوتن لە بن تيشکی خۆرەکە، کە سپی و هيشکن، ئاوەکە ڕوون بە تيژی پێچی دەکردەوە، لە کەناڵەکاندا شين باو دەردەکەوت، تيپە سەربازييەکان بە تەنيشت ماڵەکەوە بەرەوژوور سەردەکەوتن، بە ڕێکردنەکەيان کاريگەری تەپوتۆز بە سەر گەڵا دارەکانەوە نيشتبوو، لەو ساڵەدا گەڵاکان بەر لە کاتی خۆی هەڵدەوەرين، ئێمەيش بە درێژایی کاتەکە سەيری تيپە سەربازييەکانمان دەکرد کە ڕێيان دەبری، تەپوتۆزيش بەرز دەبۆوە، گەڵای دارەکانيش بە شنەکە پەرش دەبوون و دەکەوتنەخوارەوە، سەربازەکان لە ڕۆيشتنی خۆيان کۆڵيان نەدەدا، زۆری پێ نەچوو ڕێگاکە ڕەنگی سپی لە هەموو شتێ چۆڵ بوو تەنها گەڵای دارەکان نەبێت ……
دەشتاييەکە بە بەروبووم دەوڵەمەند بوو، باخچەی زۆری تێدا بوو، ميوەی تێدا بوو، و لە پشتييەوە چيايەکی تاريک و ڕووتەن بوو، شەڕەکە لە وێدا ڕووی دەدا، و دەمانتوانی لە کاتی شەودا بڵاچەی تيشکی ئاگری تۆپەکان ببينين، کە وادەردەکەوت لە نوتەکی تاريکيدا بێت وەک ئەوەی ڕوونی هاوين بێت، بەڵام ئێواران سارد بوو، هەستەکانمان خەجاڵەتيان نەدەکردين کە گێژەڵوکەيەک هەڵبکات…)) “ ١” تەماشا چەند بەجوانی ديمەنەکەمان لە بەرچاو ڕوون دەکاتەوە کە ئەمەيش سەرەتای ڕۆمانەکەی نييە، وەڵی .لايەنێکێتی. بە هيواین لە دادێ ئەم حاڵەتانە لە بەر چاو بگيريت سێيەمين شوێن کە دەبووا گرينگی بە باسکردنی بدرێت کە بەلای ئێمەوە ئەم سێ شوێنە گرينگ بوو لە رۆمانەکە، ئەويش ناو زيندان بوو، هەڵبەتە باسی کردووە وەلێ وەک پێويست نەبووە. (( فيڵدينگ، شوێنی ڕوودانی ڕۆمانەکانی بە هەمان ئەو وردەکارييە وەسف دەکرد کە بە دواييەکدا هاتنی کاتی ئەو ڕووداوانە وای کردووە زۆر لەو شوێنانەی کە تۆم جۆنز لە سەر ڕێگەيدا بۆ لەندەن پيايدا ڕەت دەبێ بە ناو دەست نيشان کراون و دەتوانرێ بە وردی شوێنی جوگرافيایی ئەوانی تريش بە بەکارهێنانی بەڵگەی جياجيای ديکە بزانرێ )) “ ١٢ “ ئەم هەنگاونانە وامان لێ دەکات ئەو جۆرە ڕۆمانانە بە زيندوویی بمێننەوە و کاريگەری خۆی بە سەر خوێنەرەوە جێ دەهێڵێت لە هەر کات و سەردەمێک بێت . گرينگی شوێن لە ڕۆماندا وا دەکات رايەڵەی پەيوەندی نێوان نووسەر و خوێنەر لە ڕێی دەقەوە بەهێزتر بکات، مەرج نييە بە وردی کەرەستەکانی دەوروبەر شیبکرێتەوە، بۆ نمونە هەندێ جار نووسەر وا لە خوێنەر دەکات لە دانيشتنی ژوورێکدا گوێ قوڵاغی چرکەچرکی کاتژمێرەکە بێت، يان بۆنی ئەو ياپراغە وا بێنێ بەسەر خوێنەردا کە بۆ خۆی هەست دەکات لە سەر بەڕە شڕێکدایي، نووسەر چ ئێستاتيکايەکی شوێنی لە دەقدا خوڵقاندووە، مەرج نييە ئەم کەش و رەوشە تەنها لە شوێنە داخراوەکاندا روو بدەن دەکرێ بگوازرێتەوە بۆ سروشت کە دەکاری لە شوێنی کتێبفرۆشتنەکە نووسەر وای لە خوێنەر بکردبا کە چ مقۆمقۆيەکی ڕۆشنبيری لەوێوە وەک کانياوێک هەڵدەقوڵێت، ((هەموو دەقێک هێمای شوێنیی خۆی هەيە، کە دەبێتە نێوەندگيری نێوان داهێنەر و خوێنەر، ئەم ئاماژە و هێمايانە بە زانياری وردتر دەست پێدەکات، پاشان لە ناو دەقەکەدا بە هۆی ئەم زانياريانە بۆ هێما دەگۆڕدرێت، هەرکاتێکيش رووداوەکان پەيوەست بوو بەم هێمای شوێنانەوە، بەهرەکان زياد دەکەن هەرجارێ لەدەقدا باسکرايەوە، لقيشی لێ دەبێتەوە، – لە ناو دەقەکەدا – هێمای لقی. لە کۆی گشتيدا کۆدی شوێن پێکدێنێت، بە جۆرێکی زياتر هاوبەش دەبێت لە بەرهەمهێنانی دەلالەتدا، ئەگەر چواچێوەيەکی وێنەیی فەراهەم بوو، ئەو کات هێماکان تیايدا واتابەدستەوە دەدەن، بەواتا کەرەستەی شيکارين بەکاردەهێنرێن. )) ” ١٣ “ کەواتە شوێن خاڵی گرينگ و وەچەرخانی ئەرێنییە لە ڕۆمان .

٣ – کرۆک ( الحبکة ) …
ئێمە بە کرۆکی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەی ناوی دەبەين، دەکرێ بگوترێ زۆربەی کاری ڕۆمان، جا بەهۆی ئەوەی سەرلەبەر لايەنەکانی ديکەی بنەمای ڕۆمان دەگرێتەوە، ناڵێين سەرلەبەر، يان باشتر وايە ئەگەر بکارێ بێژين هەموو ئەو ئاريشە و پرس و ئاڵۆزيانەی لە ناو ڕۆمان هەن و دواتريش بەرەو دەريچەيەک رێ دەگرێت، چونکە لە هەمانکاتدا بۆ ڕۆمان گرێيشی پێ دەگوترێت، هێندەی بە لای ئێمەوە گرينگە بزانين مەبەست و چەمک چييە هێندە ناو و دەستەواژەکەی جێی سەرئێشەی ئێمە نييە، کەواتە بابزانين مەبەست لە کرۆک يان گرێ ( الحبکة ) ياخود ( العقدة ) چييە لە ڕۆماندا، (( کەسانی چاودێر بەم پرسە دووپاتی دەکەنەوە، کە کرۆک دەستەواژەيەکی ئەدەبييە مەبەست لێی کۆمەڵێ رووداوی دوابەدوای يەک و زنجيرەدارە کەچيرۆکێکی لێ پێکدێت، لە گەڵ جەختکردنەوە لە سەر پەيوەست بوونی رووداوەکان بە يەکدييەوە، ئەوەيش لە پێناو هاوێربوونی کاريگەری سۆزداری يان هونەری لای خوێنەر يان پەيگير )) ” ١٤ “ بەر لە ڕۆچوونە ژانرەکەمانەوە وەک کرۆک، با خوێنەر لێرەدا ديقەتی ئەوەيش بدات کە لێرەيشدا داوای زنجيرەیی و بە دوای يەکی ڕووداوەکان دووپات دەکرێتەوە، لێرەدا ئەوە دەردەکەوێت کە تەواوی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە و گرفتەکانی دێنە ڕێ هەڵبەت مەبەستمان گرفتی ڕۆمان نووسين نييە وەلێ ئەو گرفتانەی دێنە ناو ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەوە، هەر لە سەرهەڵدانيانەوە تا دەگاتە زەقکردنەوەيان و قووڵ کردنی ئاريشەکان و پاشان دۆزينەوەی چارەسەر و عەيانکردنی دوا هەنگاوەکانی ڕۆمانەکە و يەکلایی کردنەوەی، (( کرۆک بونيادێکی بزواوە نەک جێگير، لە ناوخۆی خۆيدا نهێنی ئەو ڕۆڵەی بە کەسايەتييەکان و تێڕوانينەکان دەدرێت، دەپارێزێت. هەروەها لە نێو دەقەکەيدا هێڵی چيرۆکیی دەچێنێت کە بە پێی ڕۆمانەکە دەجوڵێتەوە و، فۆرمەکيش بە پێی گێڕانەوەکە گەشە دەکات و، خەسڵەتی دەمودووەکانيش دەخزێتە ناو چيرۆکەکەوە، سەرباری هەموو ئەوانەی پەيوەستە بە ئاستی دەنگی کەسايەتييەکان و داماڵينی زمانەوانی پشت پێ بەستوو، بە واتا بۆ خۆی پرسيار لە ئامێز دەگرێت ڕۆمانەکە ئەگەری فرە وەڵاميشی دەبێت )) “ ١٥ “ ئێستێ بەرچاو ڕوونييەکمان لە بارەی کرۆکی ڕۆمان و کێشە و گرفتەکانی و چارەسەر و خودی ژانری ڕۆمان بە ئاگا بووين .
لە سەرەتاوە بە کورتی لە بارەی ژانری ڕۆمانەکە دواين، هەڵبە بە سەرپێی و گوزەرکردنێکی خێرا مافی خۆی پێ نادات و ئەگەرچی لێرە بە دوورودرێژيش باسی بکەين هێشتان ناتوانين مافی خۆی بێ کەموکوڕی بۆ فەراهەم بکەين، چونکە هەموو دەقێک هەم خوێندنەوەی جياوازی بۆ دەکرێت هەميش لە ڕووی ڕەخنەييەوە بێگومان لايەنی ديکەی فەرامۆش دەکرێت، هەر بۆ نموونە کە لە رووی زمانەوانييەوە بە تەواوی شۆڕنەبووينە نێو وردەکارييەکانی زمانەوانی لە ناو ڕۆمان بە گشتی و لێرەيش بە تايبەتی.
نووسەر بەر لەوەی شێوە و خەسڵەتی پاڵەوانی ڕۆمانەکەيمان لەسەردەمی ڕووداوەکان پێ بناسێنێ، دەگەڕێتەوە بۆ منداڵی پاڵەوانەکە وەک ئەوەی پێمان بڵێ ئەمە رووداوەکانی ديفاکتۆی سەردەمێکی نێو نيشتيمانەکە و شارەکەی منە، هەر لە نێو بيرکردنەوەکانيدا ئومێد گەرەکێتی وەک مناڵی پڕ بە گەرووی هاوار بکا، (( ئاخر بۆ؟! ….. خاتوون بۆ ؟! ل ٦ )) لێرەوە ستايلی پاڵەوانەکەيمان پێ دەناسێنێت، دوای کۆمەڵێک وەسف هێنانەوەی پاڵەوانەکە، نووسەر هەر خۆی هەست بە تەريک بوونی مرۆڤ دەکات، ناکرێ پاڵەوانەکەی لە تەک خەڵکی نەدوێ و قسە نەکات، ئەدی چۆن دەبێتە پاڵەوان دەڵێ : (( مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵايەتييە، بۆيە تا لە دەستی تەنيایی هەڵبێت، لە هەوڵی ئەوەدايە هاوەڵێک بۆ خۆی پەيدا بکات، زۆر جاران بووکەڵەيەک دەکاتە برادەر و هاودەمی خۆی، تەنانەت گلە و گازاندەشی لە کن دەکات، ل ٨ )) نووسەر بەم جۆرە دەريچەيەک دەدۆزێتەوە و لە تەنيایی دەردەکات بەرەو نێو ئەو پەيوەندييە کۆمەڵايەتييە پەلکێشی دەکات ئەگەرچی دياریکراو و کەمە، زۆر بەجوانی نووسەر دێت کەسايەتی پاڵەوانمان لە ڕووی فسيۆلۆژييەوە دەخاتە بەر ديد کە زێتر وێنای پاڵەوان لە بەرچاوەکانماندا بوونی خۆی بسەلمێنێت،(( وا تێبگەن ئێستەش هەر ئەو زارۆکە لاواز و بنێس و دوورەپەرێزەيە، کە پێشتر مەزەندەيان کردبوو، نەياندەزانی ئەو مرۆڤێکی بەخشندە و لە خۆبووردووی لە ناخدايە، نەک کەسێکی لاواز و بنێس ، ل ٦ )) دوا بە دوای ئەويش هەر لە بارەی پاڵەوانی ڕۆمانەکەيەوە دەڵێ : (( پتر بە لای شەرم و فەدی و ئارامیدا بوو، جارجارە تێکەڵی يارييەکانيان دەبوو، لێ وەک ئەوەی خودا بۆ ئەو گەمانەی چێ نەکردبێت، هەردەم دەبووە جێی گلە و گازندەی ئەوانی دی، ل ٧ )) لێرەوە نووسەر وێنەيەکی جوانی پاڵەوانمان دەخاتە بەرچاو کە خودی رۆمانيش ئەوەی گەرەکە، بە وشەکانی وێنەی مرۆڤێکی کێشا، کەواتە لە ڕۆماندا بۆ زۆر لايەنی ئەم کارە پێويستە.
لێرەدا خوێنەر يەکسەر هزری بەلای نەبوونی پەند و وتەی نەستەق کە لە هزری خودی نووسەرەوە هەڵبقوڵێت، نەمازە ئەوانەی دووەمجار ئەم ڕۆمانە دەخوێننەوە، (( زۆرجار رۆمانەکانی ئەدەبی باڵا پرسياری فەلسەفی و ژانری مرۆیی گەورە لە خۆ دەگرێت، شرۆڤەيەکی ئەزموونی مرۆیی دەخاتەڕوو وەک لەوەی تەنها چيرۆکێک بێت” وا ديقەتی ئەم کارانە دەدرێت کە دڵکارانەيە و بەهای هونەری باڵای هەيە، زۆرجاران خەڵاتی ناودار بە دەست دێنێت وەک بۆليترز و بۆکر، هەروەها زۆرجار وەک کاری سەربەخۆ دەردەکەوێت،( نەک بەشێک بێت لە زنجيرەکە ) و ناخزێتە نێو پۆلينی دياريکراو وەک ئەندێشە و زانستی و ڕۆمانسی )) “ ١٦ “ ئەم ڕۆمانە تا ئەندازەيەک ئەم لايەنەی پشتگوێ خستووە، ئێمە لە گەڵ ڕووداوەکانی و چيرۆکەکانی ناو ڕۆمانەکە پێويستيمان بە زۆر شتە بۆ بونيادنانی پاشخانێکی ئەپسمۆلۆژی و دەوڵەمەندکردنی ئاوەزی ناوەوە.
هەر لەم ڕوانگەوە، پێويستە ڕۆماننووس هەميشە و لە هەموو ڕۆمانەکانیدا ئەوە لە بەر چاوی بگرێت و پەيڕەويشی بکات، کە زۆربەی هەرە زۆری ڕۆماننووسە ديار و بەرچاوکان پيادەيان کردووە، ئەويش لايەنی پەند و قسەی نەستەق يان بير و فەلسەفە، کە کرۆکی ڕۆمان لە گێڕانەوەی ئاسایی سەرهات و ڕووداوەکان دەگوازێتەوە بۆ ڕۆمانێکی فرە مەعريفی و فرە ڕەهەندی خوێندنەوە بۆ خودی ڕۆمانەکان، کاتێک وەک خوێنەری ژمارە يەک ديقەت بدرێين، ئەگەر ئەو ئاستەمان پێ ڕەوا ببينرێت، کە ڕۆمانێک دەخوێنينەوە هەميشە شەيدا و وێڵ و لە سۆراغی ئەم لايەنەين، دەگەڕێين بە دووی ئەو ڕستە و چەند ڕستانەی ڕۆماننووس هێزی خۆی تێدا بەکارهێناوە، ئەو پرسيارەيش زۆرجار لە هزرماندا گێنگڵ دەخوات، ئاخۆ ڕۆمان تەنها گێڕانەوەی ڕووداو و سەرهاتەکانە..؟ جا چ رووداوگەلی ڕاستی بن يان سەرهاتی خەياڵ ئامێزی، يانيش گواستنەوەی پەيامی بير و فەلسەفە و ئەبستمۆلۆژی قووڵن، کە دەبنە هۆکار بۆ دەوڵەمەندی پاشخانی مەعريفی..؟ ڕۆمان پێويستە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان ئەم لايەنە فەرامۆش نەکات، چونکە لە سەردەمی ئەمڕۆی تەکنۆلۆژيادا بەر دەستی ئەو جيهانە پان و بەرينەی سۆشيال ميديا تاکی تەمەڵ کردووە خوڵق بداتە خوێندنەوەی درێژ، ئەوەی ئەم تەمەڵييەی ڕەواندۆتەوە خودی ڕۆمانە خوێنەری باشيشی هەيە، ئەوەيش بە هۆی ئەوەی دێڕ دوای دێر و لاپەڕە دوای لاپەڕە خوێنەر پەيوەست دەکات بە خۆيەوە و پەلکێشی دەکات بۆ نێو قوڵایی باسوخواس و ڕوداوەکان لەم ڕێگايەوە رۆماننووس جگە لەوەی گوتمان بير و فەلسەفە و قسەی نەستەق و پەندی پڕ وانە بە خوێنەر بگەيەنێت، لێرەوە خزمەت بە پاشخانی ئەبستۆلۆژی تاک و کۆمەڵ دەگەيەنێت، بە پێچەوانەيشەوە هەروەک ئەو چيرۆکە کۆنانە دەبێت کە داپيرە و باپيرانمان لە گوێ ئاگردانی زمستانان بۆيان دەگێڕاينەوە….
کاتێک ڕۆماننووس” چوک پالانيک “* دێت و لە ڕۆمانی “ ياداشتەکان “ پێمان دەڵێ “ ئامانج ئەوە نييە تا هەتايە بژی، بەڵکوو ئەوەيە شتێک لە دوای خۆت جێبهێڵيت تاهەتايە بژی” ( ١٧ ) دەشێ ئەم وتە لە زۆر شوێنی ديکە وترا بێت، يان لە وتاردا نووسرابێت وەلێ وەک ئەوە نييە لە ڕۆمانێکدا هەبێت ڕەنگە لێرەوە باشتر پەيام و مەبەستی خۆی گەياند بێت، بە کورتی و کوردييەکەی دەمانەوێ بێژين ڕۆماننووسين تەنها گێڕانەوە نييە، (( لەم ڕوانگەيەوە، ڕۆمان تەنها گێڕانەوەی سەرهات و ڕووداوە راستی و خەياڵييەکان نييە، بەڵکوو لە کرۆکدا هەوڵێکە بۆ گەياندنی چەمکی پەيوەندی مرۆڤ بە جيهانەوە لە ڕێگای داڕشتنەوەی پرسيارە گەورەکانی بوون، ئەوەيش بە يارمەتی نێوان هەردوو پرۆسەی ڕۆمان ، فەلسەفی و دەربڕينی ڕەهەندی فيکری قووڵی مرۆڤايەتی و ژيانەکەی، ڕۆمان زمانی فەلسەفە بە ژيان دەبەخشێ، لە ميانی کەسايەتی پێگەيشتوو لە ژياندا، ڕووداوەکان بە ململانێ بيرۆکەييەکانەوە ئاراستەی ژيان و کۆمەڵگا دەکرێت )) ( ١٨ ) هەر لێرەدا دەمانەوێت بێژين کە جان پۆل سارتەر و ئەلبير کامۆ پەنايان بۆ ڕۆماننووسين برد بۆ بڵاوبوونەوەی بيری فەلسەفی و بونيادگەرایی، هەروەها نيتشەيش لە ڕۆمانی “زەردەشت ئاوهای گوت” هەمان ڕێچکەی گرتە بەر… ئەوەی تايبەت بێت بەم ڕۆمانە لەم بارەيەوە جێی دەهێڵم بۆ برايەکی ديکە ديدگای بخاتە ڕوو..
با بێينەوە سەر “ کتێبفرۆش “ خودی ڕۆمان پانتايی بەرفرەی هەيە نووسەر لە ڕۆماندا ئازادترە وەک لە ژانرەکانی دی ئەدەب، دەتوانێ بە ئارەزوو و مەيلی خۆی جگە لە تێهەڵکێشکردنی لايەنەکانی ديکەی ئەدەب و هونەر داهێنانی جۆريشی تێدا بخوڵقێنێت، (( ئەوەی دواييێيان ئومێدی بە لای شيعردا کێلکردەوە، دەفتەرێکی پڕ شيعر کردبوو، خۆی لێ بووبووە گەورەترين شاعير، ڤێجا کە پتر چووە نێو دونيای خوێندنەوە و شارەزاييەکی سەرەتایی لە ڕەوتی شيعری کوردی و شيعری جيهانی پەيدا کرد، ئيدی دەفتەرە شڕەی سەرنگووم کرد و هەر باسيشی نەکردەوە. ل ١٠ )) نووسەر بە هزرماندا دەهێنێتەوە کە ئومێد لە ڕێگای شيعر کەوتە نێو دونيای نووسين و خوێندنەوە هەر ئەمەيش بووە هۆی ئەوەی ببێتە کتێبفرۆش، لێ ئەوەی غيابی هەيە دەبووا نووسەر يەک دوو دەقی لە شيعرەکانی بخستبا بەر ديد جا مەرج نييە لە خودی شيعری پاڵەوانی واقيعی ڕۆمانەکە بوايە دەکرا خودی نووسەر بۆ خۆی چەند کۆپلە شيعرێکيشی بخستايەتەڕوو، نەمازە نووسين و شيعر نەک هەر پيشەی بووە بگرە کرۆکی ژانری هەم ژيان هەم ڕۆمانەکەيە بۆيە نەدەکرا لە بير بکرێت، يان ڕەنگە نووسەر مەبەستی بوو بێت لە خۆ پاراستن لەم ڕووەوە، کە بە ڕای ئێمە دەبووا يەک دوو بەشی تايبەت کردبا بۆ دەمودوو و مشتومڕ و باسوخواسی نووسين و ئەدەب و فيکر لە گەڵ چيادی پياوی دەزگای ئەمن.
نووسەر لە مەڕ نازناوی ڕەشپۆش هەڵوێستەيەک دەکات و بۆ خوێنەری شرۆڤە دەکات، (( تۆ بڵێی ئەو ڕەشپۆشييەی، بێ ئەوەی ئاماژەيەکی ئاشکرای پێوە ديار بێت، چارەنووسی ئەو نەبووبێت ياخۆ لە چارەی نووسرا بێت ؟! ئاخر ئەو، بەر لە ژنهێنانيش هەر ڕەشپۆش بوو، ل١١ )) بە وردی حاڵیمان دەکات کە ڕەشپۆشييەکەی هاوتەريبە لە گەڵ سەرهاتەکانی ڕۆمانەکەی، بۆيە هەڵوێستەی لە سەر کردووە، لەم کاتەيشدا کە لە سەربان وێستاوە و گەرەکێتی خۆی بکوژێت هەر گەڕانەوەيە بۆ ڕەشپۆشی، بريا نووسەر زۆر لايەنی گرينگی وەک ئەم ڕەشپۆشييە و خستنە ڕووی کەسايەتی پاڵەوانەکە بۆ خوێنەر شيتاڵ شيتاڵ دەکرەدەوە.
ئەوەی لای خوێنەر دەبێتە جێی پرسيار ئەوەيە کە سابير ڕەشيد لەم ڕۆمانەدا باس لە ژنهێنان و ئاهەنگی گواستنەوەی خاتوون ناکات، کە کرۆکی باسەکەی ئەم ڕووداوانەيە، هەر لە سەربان بوونی نهايشی پەيوەستە بەوەی خاتوونی لە دەست چووە، کەچی نووسەر دێت و پانتاييەکی زۆر دەداتە ژنهێنان و داواکردنی ژن بۆ برادەرەکانی پاڵەوانی ڕۆمانەکەی “ کاوە و سيامەند “ بە ڕای ئێمە ئەمە زيادەيە و دەبووا ئاهەنگی ئومێدی باس بکردبا. تەنها هێندەی لێ دێنمەوە ئەو دوای بۆ خوێنەر جێدێڵين لە ڕۆمانەکەدا پەيگيری بکات (( ئەوان بە مام و خاڵەکانی کاوەيان گوت ئەمجارە دايک و باوکی دژی ئەو هاوسەرگيرييە نەبوون، چونکە حەزيان دەکرد کوڕەکەيان بە دڵی خۆی کێی پێ باش بێت ئەو هاوسەری بێت و نەياندەويست ببنە بەربەست لە بەردەم بەختەوەری کوڕەکەيان، حاجی کاکۆی مامی گەورەی لەم هاوسەرگيرييەدا ڕێگربوو، چونکە ئەو حەزی دەکرد کاوە بکاتە زاوای خۆی، و بێهێنێتەوە هەولێر. ل ٧٨ )) هەڵبەتە نووسەر بۆ سيامەنديش زياد لە پێويستی خستۆتە ڕوو، دەکارێ بۆ خودی خۆيشی نووسەر ديدی جياوازی لەم بارەيەوە هەبێت.
نووسەر ئەو دەمانەی کارێکی ناوازە ئەنجام دەدات گەرەکە زۆر بە وردی بچێتە نێو کرۆکی باساکەی هيچ کون و کەلەبەرێکی بۆ نەهێڵێتەوە، لێرەدا پاڵەوانی ڕۆمان کێشمەکێشی جگە لە تەک خاتوون کە باسمان لێوە کرد لايەنێکی ديکەيش هەيە کە بۆتە خۆرەی جەستەی ئومێد ئەويش دەسەڵات و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژێمی بەعس بوو، با بێین بزانين چی دەڵێ :
(( ئەو دەمە ساڵانی دوای نسکۆی شۆڕشی کورد بوو، ئەوەی دەهاتەوە لە شاخ و چەکی پێشمەرگايەتی دادەنا، يان وازی لە پێشمەرگايەتی دەهێنا بە تايبەتی ئەوانەی بە خێزانەوە دەهاتنەوە، دەيانناردن بۆ شارەکانی خوارووی ئێراق، لە وێش پياو و گەنجيان لە فەرمانگەکانی ميری دادەمەزراند، ئەمەشيان بۆ گۆڕينی ديمۆگرافيای شارەکانی کوردستان بوو، کە کوردی دەبردنە خواروو و عارەبانيشيان دەهێنايە کوردستان، بە تايبەتی لە شارەکانی کەرکووک و خانەقين و مەندەلی و گەرميان و دەوروبەری موسڵ تاکوو خەڵکی ئێمە تێکەڵ بەداب و نەريت و زمانی ئەوان بێت و وردە وردە هەستی نەتەوەیی کورد خامۆش بکەن، ل ٧٢ / ٧٣ )) نووسەر پێويستە هەميشە هزری بەلای ئەوەدا بچێت کە ڕۆژێک دادێت دەقەکەی بۆ زمانێکی ديکە دەگوازرێتەوە، لێرەدا هەست بە دوو يان سێ پرس دەکرێت لەم نووسينەدا، لە لايەک باس لە دامەزراندنە، کە ئەوە خودی ژانرەکەيە لەم کاتەدا، خاڵی دووەم لايەنی شۆڕشی کورد و لايەنێکی ديش گۆڕينی ديمۆگرافيا، لە گۆڕينی ديمۆگرافيايش هەولێر لە باسەکەدا نييە بە بارتەقای ئەوەی باس لە شارەکانی دەرەوەی (( ناوچەی ئۆتۆنۆمی ئەو سەردەمە دەکا )) دەمانەوێت زێتر ئەم لايەنە شرۆڤە بکەين ، بە تايبەت لە ناو ڕۆماندا: (( لە جيهانی ڕۆماندا، کرۆک “ الحبکة “ بڕبڕەی پشتە کە جوڵەی ژيان بە دەقی ئەدەبی دەبەخشێت، هەبوونی بيرۆکە و کارەکتەری ناوازە بەس نين بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن، چونکە پرۆسەی رێکخستنی ڕووداوەکان لە چوارچێوەی دراماتيکێکی پەيوەست بە يەکەوە گووڕ بە کاريگەری و سترێسی دەدات، هەر يەک لە ڕووداوەکان بۆ پارچەيەکی هونەری دەگوازێتەوە کێشمەکێش و ململانێی ناوخۆیی و دەرەکی تێهەڵکێش دەبێت، پاڵنەر و سۆزەکان بە جۆرێک ئاوێزان دەبن بە جۆرێک کە خوێنەر لە تەک کەسايەتييەکاندا دەژيت گەشتێکی پڕ لە سپڕايز و گۆڕانکاری دەبێت، کە خولياکانی هەر لە يەکەمين ساتەوەختەوە هوراژاندووە تا دوا دێری ڕۆمانەکە، دەشێ کرۆک “ الحبکة “ هاوشێوەی هۆنينەوە هەژمار بکرێ کە هەموو توخمەکانی کارەکە يەکانگير دەکات)) “ ١٩ “ لێرەدا بە وردی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە گرينگە کاری خۆمان لا بچووک نەبێت، مادام نەتەوەين و خاوەنی هەموو بنەما سەرەکی و پێکهاتەکانی بين، زۆر زۆر پێويستيشە هەوڵ بدەين کاری ناوازەی خۆمان بچووک نەکەينەوە، دەبوايە نووسەر بە وردی ئەوەی شی بکردايەتەوە کە کورد سنوورێکی تايبەت بە خۆی هەيە و ئەم کێشەی نێو کورد و دەسەڵاتداران لە ئێراق کێشەيەکی بەردەوامە ( مزمن ) ه، باشتر زێتر ڕوونکردنەوەی هەم لە بارەی نسکۆی شۆڕش و هەم دامەزراندن و هەميش گۆڕينی ديمۆگرافيا بدايە، پێمان وايە هێندە لە نيو لاپەڕەيەکدا بۆ خوێنەری بيانی کەمە، هەر لە بارەی ئەوەی سەرەوە پرسە کێشەييەکەی نێوان کورد و دەسەڵاتداران: (( ئەو دەمەی مۆری دەسبەردان و بەخشينی سەربازی لە دەفتەری ڕاژەی سەربازی درا، وايزانی تازە هاتۆتە سەر دنيايێ، خوا هەموو ئەم دنيايەی بەو بەخشيوە، چونکە ئيدی لەم جلکە نەگريسەی سەربازی رزگاری دەبێت و هەموو کاتێک لای خاتوون دەبێت و بە ماڵ و کتێبەکانی شاد دەبێتەوە، جارێکی ديکە بێ منەت دەگەڕێتەوە سەر شۆستەی بن ديواری دادگە و دەبێتەوە کتێبفرۆشەکەی جاران، ل ٨٨ )) لێرە بە تەنها دێرێک نووسەر دەيتوانی ئەم خۆشييەی ئومێد بە هۆی قورتار بوونی لە راژەی سەربازی دەرببڕێت، جگە لەوەيش گرێدانی ( ديمۆگرافي و نسکۆی شۆڕش و دامەزراندنی ) لە تەک ئەم لايەنە پێکەوە گرێدراون ئەويش ئەوەيە کە کورد هەستی بە نامۆ بوون لە سەر خاکی خۆی کردووە، لە رووی هەموو مافێکەوە.
هاوشانی پاڵەوانی ڕۆمانەکە خاتوون کارەکتەری دووەمی کتێبفرۆشە کەچی لە چل رۆژ زيندانيکردنی ئومێد، خاتوون لە بەرچاوان و باسکردن ون دەبێت، دوو پاڵەوانی سەرەکی يان پاڵەوانە سەرەکييەکانی ڕۆمان هەميشە کاريگەری راستەوخۆيان لە گەشەسەندن و پێشکەوتنی کرۆکی ڕۆماندا هەيە بە جۆرێک گرنگيان : (( کەسايەتی سەرەکی چەقی رۆمانەکەن، بزوێنەری سەرەکی ڕووداو و ژانرە سەرەکييەکانن، زۆرجاران کە ئەم کەسايەتييانە لە ميانەی ڕۆمانەکەدا پێشدەکەون ، قووڵاييەکی دەروونی و سۆز بە چيرۆکەکە دەبەخشن )) “ ٢٠ “ بۆيە پێويستە کەسايەتييە سەرەکييەکان لە بەر ديدی خوێنەر ون نەکرێن چونکە خوێنەر هەڵوەدايە بزانێت ئەوی دی لە نەبوونی پاڵەوان کاتەکانی چۆن دەگوزەرێنێت، نەمازە لێرەدا خاتوون لە پاڵەوان هەڵگەڕاوەتەوە و لە سەرەتای ڕۆمانەکەيشەوە پاڵەوان لە سەربانی خۆی فڕێ بداتە خوارەوە، بە هۆی ئەوەی خاتوون شووی بە کەسێکی دی کرد، لە ڕێگای پەيوەندی سۆزدارييەوە، بەش بەحاڵی خۆمان حەزمان دەکرد بزانين خاتوون چی دەکات کاتێ ئومێد لە زينداندايە.
هەموو هێز و کاريگەری و توانای ڕۆمانەکە لەوێدايە کە نووسەر دەڵێ : (( ئەو دەمەی کە چياد هاتە بەردەم ئومێد و لە غاباتی کوران يەکديان بينی، دوای گفتووێژ و يەکدی بينينێکی کورت، دەمانچەکەی بەر پشتی دەرهێنا و بە دەستێکی لەرزۆک و دڵێکی وێران و دەروونێکی ناڕەحەتەوە، کە دڵی لە جاران خێراتر لێی دەدا، بە زمانێکی پچڕ پچر و شپرزەوە، کەسايەتی خۆی و ناوی ڕاستەقينە و ئامانجی کوشتنەکەی و پلە و شوێنی کارەکەی خۆی بە ئومێد گوت، ڤێجا پێی ڕاگەياند کە بۆ کوشتنی ئەو ڕايانسپاردووە، ئێستەکەش کۆتایی پلانەکەيە . ل ١٤١ )) لێرەدا خوێنەر هەست دەکات بە تەواوی ئاوێزانی ڕووداوەکە بووە و جۆرێک لە ترس يان بڵێين دڵەکوتێ و پەلەپەلی دەيگرێت تا بزانێ بە کوێ دەگات: (( کرۆک ” الحبکة ” چی بە دەقی گێڕانەوە دەبەخشێت ؟، وەلامەکەی خۆی لە سروشتی بونيادی هونەری دەبينێتەوە کە چێژێکی تايبەت بە چيرۆک و ڕۆمان دەگەيەنێت، بەڵام سەرکەوتن ياخود شکست، چونکە گرينگی ژانرەکە و ڕووداوەگەورەکان لە چيرۆک يان ڕۆمان، دەشێ گرينگی خۆی لە دەست بدات ئەگەر کرۆکەکە لاواز يان نەبوو بوو، بە واتا چێژ و سوودەکانی پێکەوە لە دەست دەدات)) ” ٢١ “ . ئەم ڕۆمانەی سابير ڕەشيد لێرەدا سەرکەوتنی خۆيمان نيشان دەدات، کاتێک خوێنەر وەک حاڵەتەکەی ئومێدی بە سەر دێت و لە سۆراغی دەرئەنجامە بە کوێ دەگات، بونيادی هونەری و گرينگی ڕووداو و ژانرەکە هەست پێ دەکەين، دەکارێ بڵێين کرۆک لای نووسەر بە هێزە و خوێنەر سەرگەردانی دەرئەنجام دەکات.
رائيد سەلمان کەسايەتييەکی لاوەکييە لە ڕۆمانەکەدا، وەلێ وەک ئەفسەرێکی دڕندە نيشان دەدرێ يان يەکێک بووبێت لە ئەفسەرە ناسراو و ديارەکانی ئەو سەردەمەی ڕێژيم لە هەولێر (( هەر کە يەکەمين جار بە چاوبەستراييەوە برديانە بەردەم ڕائيد سەلمان، دوو ڕۆژ بوو شل و کوتيان کردبوو، بە نيوە مردوویی فڕێياندايە بەردەم ئەو، ل ١٦٥ )) خوێنەر لێرە پێويستی بە ناسينێکی کورتی ئەم ڕائيدەيە .
ئەوينداری و ئيشق زەمەنی جوانی خۆی هەيە و پێويستی بە تەوزيفکردنە (( وا خۆشەويستی ئومێدی لە دڵدا دەرهێنا و بۆ يەکێکی ديکەی کردە کوانووی دڵداری و توانی هەموو ئەو ڕۆژانەی ڕابردوو لە گەڵ ئەودا بسڕێتەوە و ژيانێکی نوێ بۆ خۆی بدۆزێتەوە، ل ١٧٨ )) ئەو جوانی و دەربڕينەی نووسەر بۆ ئەم لايەنە لێرەدا هەيە گەرەک بوو لە سەرەتاوە بە شێوازێکی سەليقەیی و ناوازانەتر کە نکوڵی لە توانای نووسەرەکە ناکرێت، دەرببڕدرايە و هەم خوێنەری زياتری پەلکێش بەرەو قووڵایی ڕۆمانەکەی دەکرد هەميش جواننووسی خۆی لە کارێکی ناوازەدا نيشان دەدا،
نووسەر پێمان وايە لێرەدا کەوتۆتە هەڵەيەکی مێژووییەوە کاتێک ئەنفال هێشتان ڕووی نەداوە و لەزاری ئومێدەوە کە بەرەو بەغدای دەبەن، واتا ساڵی ١٩٨٥ دەڵێ : (( خوايە گيان بۆچی ئێمەت بۆ ژێر دەستەیی چێ کرد، چی دەبوو ميللەتی منيش وەک هەموو ميللەتانی دنيا ئازاد بوايە و مرۆڤەکانی لە جياتی زيندان و تێهەڵدان و کوشتن و قڕکردن و ئەنفالکردن و کيمياباران و چەوساندنەوەی نەتەوەیی، خەريکی ژيانی خۆيان بووان و لە نەتەوە يەکگرتووەکاندا خاوەن وڵات و ئاڵای خۆی بووايە و خەڵکانی بە ئازادی و سەربەستی و ئاسوودەیی بژيابووان، ل ١٨٥ )) چونکە لە کاتی ئازادبوونی نووسەر پێمان دەڵێ سێ ساڵی لە زينداندا بە سەر برد ئازادبوونيشی بە هۆی لێبووردنێکی گشتييەوە بووە لە ساڵی ١٩٨٨.
لە گێڕانەوەی ياداشتەکانی چياد زۆر تێيدا سەرکەوتوو بووە و لە جێی خۆی باسی کردووە و وردەکارييەکانی دەگێڕێتەوە، خوێنەر ئاسوودە دەکات.
لايەنێکی ديکەی کرۆک “ الحبکة “ ئەو باسەبوو لە شوێن ئاماژەمان پێ دا، (( لەو دەمەيدا کە جەبار لە ماڵەوە هاتە دەرەوە و عەرەبانەکەی ڕاگرتبوو، هێشتە نەڕۆيشتبوو کوڕ و کجێک بەوێدا هاتن، پێدەچوو ئاشق و ماشوق بن، چەند چۆلەکەيەکيان لە جەبار کڕی و بەرەڵڵای ئاسمانيان کردن، پێدەچوو بۆ بەرەکەتی بە يەکگەيشتنيان ئەم خێرە بکەن، ل ٢١٩ )) هەڵبەتە ئومێد هەر لە سەربانە و لە دەرئەنجامی لە دەستدانی ئاشقەکەی خاتوون بە نيازی خۆفڕێدانە خوارەوەيە، دەبووا نووسەر ئەم ئيشقەی کوڕ و کچەکەی بقۆزتايەتەوە بۆ باسکردنێکی ديکەی زەمەنی ئيشقی ئومێد، چونکە خوێنەر کە ئاشق و ماشوق دەخوێنێتەوە و لە دواييش خێرکردنەکە بۆ بەيەک گەيشتن بێت، کەواتە هەر دەبێ باسی ئيشقی کۆن بکا، با بزانين نووسەر لە کوێ دەدات: (( ئومێد تەماشای ئەو ديمەنەی دەکرد، کە ڕيشۆڵەکانی بينی ئازاديان پێ بەخشرا و لە قەفەزەوە هێنرانە دەرەوە و توانيان هەوای ئازادی هەڵمژن، ئەو لەو دەمەدا رۆژی ئازادبوونی خۆی هاتەوە ياد لە زيندانی ئەبو غرێب ل ٢١٩ )) سەرەتا دبێژين لە نووسينی يەکەم دەڵێ چۆلەکە و لە دووەم ڕيشۆڵە، با لەوە گەڕێين، ئومێد بۆ خۆی وەڕسە لە ژيان وا خۆی دەکوژی چ دەربەستە ئازادکراوە يان نا، ئەوەی هەناوی ئومێدی هەڵتەکاندووە ئيشق و تەمەنێکی زۆری ژيانێتی لە گەڵ خاتوون، بۆ ئازادی بير بکەوێتەوە ئەی بۆ سەردەمی ئيشقی خۆی و خاتوونی بير نەکەوێتەوە، پێمان وايە لێرەدا نووسەر دەبوايە جەختی لە ئيشق بکردايەتەوە زێتر تەشويقی بە ڕۆمانەکەی دەدا،

دەرئەنجام
هەرچەندە لێرەدا نايەمە سەر دەرئەنجام لە خودی ڕۆمانەکە، وەلێ دەرئەنجامێک لەوەی نووسيگمە، دەمەوێ بێژم ڕەنگە زۆر زۆر زياتر هەڵبگرێ نووسين لە سەر ڕۆمانی کتێبفرۆش لێی دەگەڕێين بۆ کەسێکی دی و شەنوکەوييەکی دی ئەو لايەنانەی ئێمە جێمان هێشتووە و لەوە زياتر درێژ دادڕی نەکەين و جێی خۆيەتی لێرەوە دەستخۆشانە لە برای نووسەر سابير ڕەشيد بکەين، ماندوو بوون بە کارەکەيەوە ديارە، کارێکی باش و ناوازەی خستۆتە بەر دەستی خوێنەر، زۆر لەم ڕووداوانە لە ناو کۆمەڵی کوردی هەن، باس نەکراون و ئاوەوئاو ڕۆيشتوون، بە هيچ کڵۆجێک نەمانەويستووە لە ئەرکی جوانی کەم بکەينەوە، راستييەکەيش ئەوەيە هيچ کارێک بێ کەموکوڕی نابێت و کاری ڕەخنەيش بە شان و باڵ هەڵداندا نييە و وا دەخوازێ پەنجە بخرێتە سەر کەموکوڕييەکان و تا لە دادێ هەم خودی نووسەر و هەميش نووسەری ديکە لە نووسينی هەر دەقێکدا ڕەچاوی بنەما زانستی و ئەکاديمييەکانی دەق بکات، بە هيواين خشتێکمان خستبێتە سەر خشتێک و برای نووسەر تێبينی و سەرنجەکانمان بە دڵ و سينەيەکی فراوانەوە وەربگرێت، هەڵبەتە غيابی ڕەخنەی بونيادنەرانە وامان لێ دەکات هەم ئەدەبی کوردی پێش نەکەوێت هەميش غياب بوونمان لە نێو ئەدەبی هەرێمايەتی و نێودەوڵەتی بەردەوامی هەبێت.

سەردار ڕەزا جاف
شاعير و ڕەخنەگر، ئەڵمانيا

———————————-

سەرچاوەکان :
١ – کتێبفرۆش ، ڕۆمان … سابير ڕەشيد ، ٢٠٢٠ هەولێر
٢ – ماهي أنواع الرواية في الأدب و عناصرها.-، راندا عبدالحميد، موقع مقال، في ١٣ / ٢ / ٢٠٢٠
٣ – تقنيات السرد الروائي في ضوء المنهج البنيوي، دکتور يمنی العيد ، دار الفارابي _ بيروت _ الطبعة الثالثة، ٢٠١٠
٤ – الراوي و المنظور في السرد الروائي ، الدکتور الراحل،محمد عزام ، من سوريا، موقع ديوان العرب، في ٢٠ / ٤ / ٢٠١٦
٥ – الزمن في الرواية، هانز ميرهۆف، ص ٩
٦ – بنية الشکل الروائي ، حسن بحراوي ، لبنان، بيروت . المرکز الثقافي العربي ، الطبعة الأولی، ١٩٩٠
٧ – باشلار، گاستۆن… جمالية المکان ، غالب هلسا ، بيروت، المؤسسة الجامعية للدراسات، الطبعة الثانية، ١٩٨٤
٨ – الشعر العربي المعاصر، عزالدين أسماعيل ، دار الفکر الحربي ، القاهرة، الطبعة الثالثة ، ١٩٦٦
٩ – نقد الرواية، نبيلة أبراهيم، مکتبة غريب
١٠ – بنية الزمن في الرواية، دراسة تطبيقية لروايات التسعينات، ميسون صلاح الدين الجرف، مجلة أتحاد الجامعات العربية ، المجلد ٩ العدد ٢ ب ، ٢٠١٢
١١ – جمالية المکان في الرواية، أحمد زياد محبک، موقع ديوان العرب، ٦ / ٦ / ٢٠٥٥
١٢ – سەرهەڵدانی ڕۆمان ڕياليزم و ژانری ڕۆمان، ئيان وات، کتێبی تيۆری ڕۆمان، کورداندنی : محەمەد کەريم لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم،٢٠٠٢
١٣ – تجليات المکان في الرواية ، مصطفی عطية جمعة ، مجلة الکلمة، نقد – العدد ٣٩ ، يوليو ٢٠١٠
١٤ – الحبکة الروائية، مفاهيم أدبية، علي حسين عبيد . موقع شبکة النباء ، ١ / ٢ / ٢٠٢٣
١٥ – الحبکة … سؤال الرواية الدرامي ، محمد العباس ، موقع ثقافات في ٧ / مايو / ٢٠١٥
١٦ – غياب تصنيف الرواية وأزمة النقد الروائي في العالم العربي ، أبراهيم آل سنان ، في ١٠ / ٣ / ٢٠٢٥
١٧ – أقتباسات عميقة من روايات عربية و عالمية، محمد أحمد ، موقع فرصة في ٨ / ٤ / ٢٠٢٥
١٨ – الرواية کمسألة فلسفية ، فواز حداد ، موقع الحربي الجديد ، في ٢٢ / ٤ / ٢٠٢٥
١٩ – في متاهات السر،: مفاتيح کتابة حبکة روائية تتجاوز حدود الواقع، يوسف الخطيب ، موقع الکتابة الأبداعية في ١٥ / ٢ / ٢٠٢٥
٢٠ – أنواع الشخصيات في الرواية ، کتابة مشاري الحربي ، موقع المرسال في ٢٠ / ١٠ / ٢٠٢٤
٢١ – الحبکة الروائية. علي حسين عبيد ، شبکة النباء ، في ١ / ٢ / ٢٠٢٣

  • – فيڵدينگ: رۆماننووسی ئينگليزی ( ١٧٠٧ _ ١٧٤٥ )
  • چوک پۆلانيک، ناوی چارلز ميشێل چوک پۆلانيکە لە ٢١ / ٢ / ١٩٦٢ لە هەرێمی واشنتۆن لە ويلايەتە يەکگرتووەکانی ئەمريکا لە دايک بووە.
  • ١ رۆژنامەی الشرق الأوسط، ڕۆژی ١٩ / ٤ / ٢٠٢٥ ئەوەی پێويستە لەم بارەوە ڕوونکردنەوە بدەم ئەو بەشەی ڕۆمانەکە بە خۆمان وەرمان گێڕاوە
Previous
Next

Leave a Reply