مافی ژنان: لە نێوان هەڵکشان و داکشان، ژنانی عێراقی لە چاوی زریاندا.. شیرین عەبدوڵڵا
لە کاتێکدا کۆتا ڕۆژەکانی ئەمساڵ بەڕێدەکەین و نزیک دەبینەوە لە ساڵی نوێ (٢٠٢٦)، دەبینین هەڵاواردن و دابەشکاری و نایەکسانییە جۆراوجۆرەکان لە گەشە کردندان لە نێو چەندین قەیران و بەرزبوونەوەی شەپۆلی کۆنەپەرستی لە جیهانێکدا کە بۆ چەسپاندنی باڵادەستی پیاوان دیزاین کراوە. مافی ژنان و گرووپە پەراوێزخراوەکان لە سەرانسەری جیهاندا ڕوو لە دابەزینە، ئەو دەستکەوتانەی بە خەبات بەدەست هێنراون کەوتوونەتە بەرهێرش و تا دێت دەوڵەتە بورژوازییەکانیش زیاتر و زیاتر لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دەکشێنەوە. ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هوشیاربوونەوە بە ناجێگیری مافەکانمان و ئاسانیی لەدەست دانیان. لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی خەباتی بەردەوام و ڕزگاریخوازانەی ژنانەوە، لێرە و لەوێ تیشکی هیوا بۆ گۆڕانکاری و پێشکەوتن دەدرەوشێتەوە.
لێرەدا چەند نموونەیەک لە پاشەکشە و دەستکەوتەکان دەخەینەڕوو، پاشان تیشک دەخەینە سەر بارودۆخی عێراق، کە ڕەنگە پەسەندکردنی پاکێجی ئەحکامە شەرعییەکانی جەعفەری (المودەووەنە) لە (٢٨)ی ئابی (٢٠٢٥)دا گەورەترین و مەترسیدارترین هێرش بێت بۆ سەر مافەکانی ژنان، نەک تەنها لە عێراقدا، بەڵکو لە سەرانسەری ناوچەکە.
- لە لاتڤیا، پەرلەمان لە (٣١)ی ئۆکتۆبەر دەنگیدا بە کشانەوە لە ڕێککەوتننامەی ئەستەنبوڵ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
- لە گامبیا هەوڵ هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەکردنی خەتەنەکردنی مێینە کە لە مێژە بە کاربووە.
- لە مانگی حوزەیرانی (٢٠٢٢)، دادگای باڵای ئەمریکا بڕیاری (ڕۆ -دژی -وەید)*ی هەڵوەشاندەوە، بەمەش پارێزگاری دەستووری لە هەموو ژنان سەندەوە سەبارەت بە لەباربردن و چاودێری پزیشکی ڕزگارکەری ژیان، هەروەها زۆرێک لە ژنان و پێشکەشکەرانی خزمەتی لەباربردنی منداڵ ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و تۆمەتباری کردەوە. دایک و باوکەکان بەهۆی یارمەتیدانی کچەکانیان بۆ دەستگەیشتن بە چاودێری تەندروستی ڕووبەڕووی تۆمەت دەبنەوە. لێپرسینەوەی یاسایی و تاوانبارکردنی ژنانی دووگیان بە ڕێژەیەکی مەترسیدار زیادی کردووە.
لە بەرامبەردا: - لە (٢٥)ی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری (٢٠٢٥)، پەرلەمانی ئیتاڵیا یاسایەکی نوێی بە فەرمی دەرکرد کە ژنکوژی لە یاسای سزادانی وڵاتەکەدا جێگیرکرد و سزای زیندانی هەتاهەتایی پەسەند کرا. دەنگدانەکە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان.
- لە بەریتانیا، لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەری ئەم ساڵدا، دادگای باڵا بڕیارێکی لەمێژینەی دادگای خێزانی هەڵوەشاندەوە، کە تیایدا توندوتیژی خێزانی لەنێوان دایک و باوکدا بە پەیوەندیدار لەگەڵ مەترسی بۆ سەر منداڵەکانیان نەدەبینرا. ئەمەش دەستکەوتێکی بەرچاو بوو بۆ ئەو ژن و منداڵانەی بەرکەوتەی توندوتیژی خێزانی بوون. ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی کۆمیساری توندوتیژی خێزانی گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە لە (٨٧٪)ی ئەو کەیسانەی کە خراوەتە بەردەم دادگای خێزان، توندوتیژی خێزانی هۆکارێک بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تەنها لە (٤٢٪)ی کەیسەکاندا بە پەیوەندیدار بە بڕیارەکانی سەرپەرشتیکردنی منداڵان دانراوە.
لە عێراقدا خودی ئەو مودەوەنەیەی کە پەرلەمان پەسندی کرد، واتا (پاکێجی ئەحکامە شەرعییەکانی جەعفەری) گوزارشە لە دوژمنایەتی دەسەڵاتداران بەرامبەر بە ژنان و پێداگرییان لەسەر پەراوێزخستنیان و چەسپاندنی هەژموون و کۆنترۆڵکردنی پیاوان و ئاساییکردنەوەی توندڕەوترین شێوەکانی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان بە مەبەستی سەپاندنی ئەجێندای سیاسی کۆنەپەرستانەی خۆیان.
ئەم دوژمنایەتیە تێمان دەگەیەنێت کە بۆچی یاسای توندوتیژی خێزانی بۆ زیاد لە ١٠ ساڵە لە ناو پەرلەماندا بێنەو بەرەی پێ دەکرێت!
جگە لەوەش، شێوازی تێپەڕاندنی مودەووەنەکە، لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی سێ لایەنە لە بەینی قەوارە سیاسییە تائیفی و ناسیۆنالیستەکانی ناو دەسەڵات، دەربڕینێکی ئاشکرایە لە سروشتی پیاوسالاریی توێژی سیاسی دەسەڵاتدار و میکانیزمەکانی دامەزراوەکانیان، کە لەسەر بنەمای سازان و بەرژەوەندی هەر فراکسیۆنێک لەسەر حیسابی چاکەی گشتی کاردەکەن.
هەروەها، پشتگوێخستنی نیمچە تەواوی میدیای جیهانی و ناوخۆیی لە تووڕەیی و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەرامبەر بە هەموارکردنەکە و مودەووەنەکە بەڵگەیە لەسەر ڕادەی ڕاکێشانی ڕای گشتی بە دژی ژنان و ڕۆڵی هاوبەشیی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، کە سوودی دارایی لەو لایەنانە وەردەگرن کە بەرژەوەندییەکانیان بەستراوەتەوە بە ئەجێندای ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان کە کۆنترۆڵی بڕیاردانی سیاسی دەکەن لە عێراق و ناوچەکەدا.
دوای کەمتر لە سێ مانگ لە دەرکردنی ئەم یاسا دڕندانەیە دژی نیوەی کۆمەڵگا، هەمان پەرلەمانی پیاوسالار، هەڵبژاردنێکی ئەنجامدا. ئەم هەڵبژاردنە کە بە دەوری خۆشی لەسەر بنەمای سازان و دابەشکاری قەومی و تائیفی و حیساباتی فڕاکسیۆنە پەرلەمانییەکان و دابەشکردنی ڕۆڵ و تاڵانی غەنیمەکان دامەزراوە، نەک هەر هیچ پەیوەندی بە بەرژەوەندی و چارەسەری ئازارەکانی خەڵکەوە نییە، بەڵکو لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دانراوە کە ئیرادەیان لێ بستـێـنـێـتەوە و لە ڕێگەی پارە و چەکەوە ملکەچیان بکات و بەم جۆرە درێژە بە سیستەمەکەی بدات.
یەکێک لە تایبەتمەندیە دیارەکانی ئەم هەڵبژاردنە لە خزمەتی کۆنەپەرستیدا، زیاتر جیگیر کردنی ستەمکاری بە دژی ژنان و بەردەوامدان بە یاسای ئەحکامی جەعفەری بوو.
شایانی باسە کە ئەم هەڵبژاردنە، وەک هەڵبژاردنەکانی پێشوو لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە بێبەش نەبوو لە نوێنەرایەتی ژن. ژنان لە دوای ئەنجومەنی حوکمڕانی ئینتقالییەوە بەشدارییان کردووە، کە بە بڕیاری دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی پۆڵ بریمەر پێکهێنراوە و لە کۆی (٢٥) ئەندام سێ (٣) ژنی تیابوو. دوای دوو ساڵ و لە ساڵی (٢٠٠٥) دەستووری عێراق پەسەند کرا، کە (٢٥٪)ی کورسییەکانی پەرلەمانی بۆ ژنان تەرخانکرد (سیستەمی پشکی ژنان)؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە لە کۆی (٣٢٩) کورسی (٨٣) کورسی بۆ ژنان تەرخانکراوە.
دوابەدوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی (٢٠٢١)، کەناڵی جەزیرە نێت بابەتێکی بەناونیشانی “لە پێشینەیەکی بەرچاودا… بەم شێوەیە ژنان هەڵبژاردنی عێراقیان سەرسام کرد” بڵاوکردەوە و ڕوونیکردەوە “سەرەڕای ئەو هەموو ناکۆکییانەی سەبارەت بە ڕۆڵی ئایندەی ژنانی عێراق هەیە، هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا پێشکەوتنێکی بەرچاویان بەدەستهێناوە”. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی (٢٠٢١)دا (٩٧) ژن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردران، کە بە ڕێژەی (١٤) کورسی پشکەکانیان زیاتر بوو، هەروەها سێ پۆستی وەزارییان دەستەبەرکرد کە بریتین لە دارایی، پەیوەندییەکان و کۆچ.
بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە ئەوەیە کە ئەم بەشداریکردن و نوێنەرایەتیکردنەی ژنان لە ڕووبەرێکی درۆ و فریودەر زیاتر نەبووە. بوونی زۆرینەی ژنان لە پەرلەماندا بە پلەی یەکەم ئامرازێک بووە بۆ پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان و دامەزراندنیان بۆ خزمەتکردنی ئەجێندای قەوارە سیاسییەکان، تەنانەت ئەگەر ئەو ئەجێندایانە لەگەڵ پرس و بەرژەوەندییەکانی ژناندا ناکۆکیش بن. ڕوونترین بەڵگەی ئەمە ئەوەیە کە ئەم “پێشکەوتنە گەورەیە” نەبووە ڕۆڵێکی دیاریکراو بۆ ڕەتکردنەوەی یاسای جەعفەری یان تەنانەت چەسپاندنی یاسای توندوتیژی خێزانی. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژنە پەرلەمانتارەکان دابەش بوون بەسەر دوو بەشدا کە بەشێکیان بەرگری لە مافەکانی ژنان دەکەن، و بەشەکەی تریان بە پێشخستنی دڵسۆزی بۆ حزب و خێڵ و نەتەوە و ئایین، دژایەتی مافی ژنان دەکەن.
پەرلەمانتار جەمیلە عوبەیدی مشتومڕێکی بەرفراوانی لە کۆمەڵگەی عێراقدا دروستکرد، بە بانگەوازی هەڵمەتێک بۆ هاندانی فرەژنی و ڕەتکردنەوەی کەلتوری تاکژنی، بەو پێیەی ئەو پێشنیارە سوود بە ژنانی جیابووەوە و بێوەژن دەگەیەنێت کە لە شەڕدا مێردەکانیان لەدەستداوە. ئەو پەرلەمانتارە داوای دەرکردنی یاسایەکی “بۆ پاراستنی ژنانی ئازادی عێراق و چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە” کرد لە ڕێی دابینکردنی هاندانە داراییەکانی وەک دەرماڵـە و باج بۆ هاندان و هاوکاریکردنی پیاوان بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ “هەموو بێوەژنێک و جیابووەوەیەک”، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە “سەختی دارایی یەکێکە لەو هۆکارانەی کە ڕێگری لە هاوسەرگیری لەگەڵ زیاتر لە یەک کەس دەکات”. ئەو ژنە پەرلەمانتارە پاڵپشتییەکی بەرچاوی لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە وەرگرت، هاوکات ڕووبەڕووی ڕەخنەی هەندێک لە هاوپیشە ژنەکانی بووەوە. پێشنیارەکەی لەو کاتەدا لە سۆشیال میدیادا شەپۆلێکی توڕەیی و گاڵتەجاڕی لێکەوتەوە، کە بە “سوکایەتیکردن بە ژنان” دانرا.
ژنە پەرلەمانتارمان بیستووە کە بانگەشەی هەڵبژاردنیان لەسەر بنەمای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی بوو بۆ لابردنی مەرجی ڕەزامەندی ژن بۆ هاوسەرگیری دووەم. ژنە پەرلەمانتارانی دیکە پشتگیریان لە هەموارکردنەوەی مادەی (٥٧) کردبوو کە پەیوەندی بە زەوتکردنی مافی سەرپەرشتیکردنی دایکانەوە (حەزانە) هەیە.
جێگای سەرسوڕمانە کە سەرۆکی لیژنەی خێزان و منداڵ، دونیا ئەلشەمەری، خۆی بەرگریکاری هەموارکردنە کۆنەپەرستانەکەی یاسای باری کەسی (١٨٨) بوو، نوێنەرایەتی بۆچوونەکانی قەوارە سیاسییەکەی خۆی دەکرد و بەم شێوەیەش ئاستەنگی زیاتری خستە بەردەم ئەوانەی دژایەتی هەموارکردنەکەیان دەکرد.
بۆیە سەیر نییە کە دوای دوو دەیە لە دەستگرتنی حزبە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکان بەسەر چارەنووسی خەڵکی عێراق ودوای شەش هەڵبژاردن، خەڵک هیچ باوەڕێکی بەو شتە نەماوە کە پێی دەوترێت پەرلەمان و هەڵبژاردن. سروشتی ڕاستەقینەی ئەم هەڵبژاردنانە ئەمجارە لە جاران زیاتر بە ئاشکرا دەرکەوتووە: لە کۆنتڕۆڵی ملیاردێرەکان، کڕینی دەنگ و نەبوونی هیچ دیدگایەک یان بەرنامەیەکی چاکسازی کە ڕەنگە سەختییەکانی ژیان کەم بکاتەوە، و لەم پرۆسەیەدا ژنان و مافەکانیان بونەتە گەورەترین قوربانی.
هەروەها، لە سایەی هەمان ئەم بلۆکە پەرلەمانیەدا بوو، کە گەورەترین کۆمەڵکوژیی گەنجان کرا لە کاتی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩)، کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە (٨٠٠) کەس و برینداربوونی زیاتر لە (٣٠) هەزار گەنج و ژن و پیاو، و لەگەڵ ئەوەشدا کە ژنان لەم ڕاپەرینەدا کۆت و بەندییان شکاند ولەماڵ هاتنەدەر، هێزەکانی کۆنەپەرستی یەکسەر و بێ دواکەوتن دەستیان دایە سەرکوت و پڕوپاگەندە و چەواشەکاری دژە ژن.
هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە ژنانی عێراق (و پیاوانیش) ڕووبەڕووی دوژمنێکی ئاسایی یان سیستەمێکی پیاوسالاری نەریتی (تەقلیدی) نین وەک ئەوانەی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی مۆدێرن دەبینرێن، بەڵکو ڕووبەڕووی دوژمنێکی زۆر دڕندە دەبنەوە کە تواناکانی بێئەندازەیە و پەیوەندیی ئاڵۆز و چڕی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە- دوژمنێک کە درێغی نییە لە ئەنجامدانی قێزەونترین کۆمەڵکوژی لە دژی نەیارەکانی بۆ پتەوکرنەوەی چەپۆکی دەسەڵاتەکەی بەسەر خەڵکدا.
لەم کەش و هەوا سیاسییە خنکێنەر و دژە ژنەدا، کە بۆ هەندێک لە توێژە نێرینەکانی عێراق دیزان و قۆرخ کراوە و لەڕێی توندوتیژییەوە و بە سیستماتیک، و بە پشت بەستن بە بنەمای بەها و نەریتی خێڵەکی و ئایینی کۆنەپەرستانەوە بەرهەم دەهێنرێتەوە، دەنگ و ئازارەکانی ژنان بەزەحمەت دەبیسترێت.
جگە لەوەش، ژنان وەک هەموو گرووپە پەراوێزخراوەکانی دیکە، ڕووبەڕووی چەندین بەربەستی زیادە دەبنەوە لەبەردەم بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسی و توانای ڕۆڵگێڕانیان لە داڕشتنی سیاسەتەکان کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان بکات و مافەکانیان بپارێزن؛ چالاکی سیاسی ژنان بە پێشێلکاری نەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان دادەنرێت، و فشارە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان زۆرێک لە ژنان بێهیوا دەکەن لە بەشداریکردن لە کاری سیاسیدا. کاندیدی ژن پێویستی بە ڕەزامەندی خێزانەکەی یان هۆزەکەی هەیە و لەوانەیە تووشی هەڕەشە وهێرشی میدیای ئەلیکترۆنی و هەراسانکردن بێت. جگە لەوەش ژینگەی کێبڕکێ و پیاوسالاری و پەراوێزخستن و ڕوانگەی سووکایەتیکردن بۆ ژنان لە شوێنی کار و دامەزراوە حکومییەکان وەک ڕێگرییەک لە دژی چالاکیی سیاسی کاردەکات.
شایانی باسە، ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی بە دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی ١٨٨ کە دواتر لە شێوەی مودەووەنەدا لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند کرا، بە ڕێخرابوو، کە هەتا ئێستاش بەردەوامە و هەر ڕۆژە ژنان دەرگیری ئاکامە کارەساتبارەکانی دەبنەوە، چەندین ڕێکخراو و چالاکوانی ژنان و ئازادیخواز کە هەندێکیان لە تەحالوفی ١٨٨ بەشدار بوون، بەڵام ئەم ناڕەزایەتیانە نەیاتوانی بەر بە شەپۆلی کۆنەپەرستی ناو کۆمەڵگەو پەرلەمان بگرێت.
شاهیدی چەندین هەڵمەتی شکۆشکاندن بووین بەرامبەر بەو ژنە پەرلەمانتار و پارێزەر و چالاکوانانەی کە دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسایەتی ڕاوەستاون، تەنها بەهۆی دەربڕینی بۆچوونەکانیان لە پرۆسەیەکدا کە گوایە دیموکراسییە و لەسەر بنەمای دیدگای جیاواز دامەزراوە.
چالەنجەکانی بەردەم ژنان لە عێراقدا بێ ئەندازە و فرەلایەنەیە، پێویستی بە خەبات لە دژی ستراکتۆرە چەسپاوەکانی سیستەمی پیاوسالاری هەیە، کە لەلایەن پایەکانی سیستەمی سەرمایەداری و بەها کۆمەڵایەتییەکانی دوژمنایەتی ژنان و ڕزگاریکردنیانەوە پاڵپشتی دەکرێن. بەڵام نە پیاوسالاری و نە سەرمایەداری نەمر و هەتاهەتایی نین و ئەوەی ژنانی عێراق ئەزموونی دەکەن، قەدەرێکی حەتمی نییە. لەم سەردەمەدا ئەمە چارەنووسێکی حەتمی نییە، بەڵکو سیستەمێکە کە بە زەبری توندوتیژی و بەهێزکردنی بەها و نەریتە کۆنەپەرستەکانەوە بەرهەم هێنراوەتەوە.
ئەرکەکە لە خەباتدایە بۆ هەڵوەشاندنەوە و ڕیشەهەڵکێشکردنی ئەم سیستەمە و گرتنەبەری دیدێکی کۆمەڵایەتی ڕادیکاڵ و سیاسەتێکی پراکتیکی هاوتا لەگەڵ چالەنجەکاندا.
٢٩-١٢-٢٠٢٥
*لەباربردنی منداڵ لە سەرانسەری ئەمریکادا، دوای بڕیارێکی یاسایی گرینگ لە ساڵی ١٩٧٣، یاسایی کرا، کە زۆرجار بە دۆسیەی ”ڕۆ دژی وەید” ناودەبرێت.
