ڕۆژئاڤا، پانتاییەک لە وزەی پۆزەتیڤی ئۆرگۆنیی.. ئەحمەد ڕەسوڵ
دەسەڵاتدارێتیی و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکیدان لەگەڵ یەکتری.
کاتێک دەسەڵاتدارێتییەک، ڕۆحی دەستەجەمعیی لەنێو خۆیدا نوێنەرایەتی دەکات، کۆمەڵگا دەبێتە یەکەیەکی کۆمەڵایەتیی پتەو و یەکگرتوو. هۆشیاریی تاکە کەس لە پڕۆسێسی پەرەسەندنی خۆیدا دەگاتە ئاستی بەرجەستەبوونی لەنێو ڕۆحێکی گشتگیر و یەکگرتوودا. هیگڵ ئەمە ناودەنیت ویستخوازیی ڕۆح “ارادە الروح”.
واتا دەسەڵاتدارێتی کاتێک دەتوانێت هاوئاهەنگییەکی “التناغم” کۆیی و یەکگرتوو لە تاکەکان و کۆمەڵگا بەدیبهێنێت کە نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە و بەرجەستەبوویەکی ڕۆح و وێژدان و ئاگاییی ئەوان بێت.
لە ڕۆژئاڤا دەسەڵاتدارێتییەک لە ڕەوتی گەشسەندنی خۆیدا هاتووەتە کایەوە، کە نوێنەرایەتی ڕۆح و ویژدان و ئاگایی گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان و تاکە تاکەی هاونیشتمانییان دەکات و لێرەوە ویستخوازیی ڕۆح “ارادە الروح” ی تاکە کەسەکان و ڕۆحی گشتی کۆمەڵگای لە نێو خۆیدا مانیفێست کردووە.
ئەم جۆرە لە دەسەڵاتدارێتیی، هاوئاهەنگیی و هاوگوتاریی لە نێو توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا دەگەیەنێت بە بەرزترین ئاستی خۆی. واتا دەسەڵاتداران و پیاوانی ئاینیی و نوخبەی ڕۆشنبیران و توێژی ئەکادیمیستان و کۆمەڵگا بە گشتیی هاوئاهەنگیی و هاوگوتارییەکیان لێوە بەرهەم دێت کە هەمووان پێکڕا دەبنە ئاوێنەی یەکتری و وێنەدانەوەیان بۆ یەکتری هەمان ئاست و هەمان شێوە دەبێت.
لە ڕۆژئاڤا، زمان و نەتەوە جیاوازەکان پێکڕا بەشێکن لەو هاوئاهەنگییە. واتا سیستمە سیاسیی و ئیدارییەکە لەسەر بنەمایەکی مرۆیی دامەزراوە کە هەمووان خۆیانی تێدا دەبیننەوە و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی هەمووان دەکات.
لە ڕۆژئاڤا گاپی نێوان بەرپرسان و خەڵکی ئاسایی لە نزمترین ئاستدایە. گەندەڵیی و بەهەدەردانی داهاتی گشتی لە نزمترین ئاستدایە. ئازادیی تاکە کەسیی و ئازادیی گروپە کۆمەڵایەتیی، ئیتنیکی، دینیی و نەتەوەییە جیاوازەکان لە ئەوپەڕی ئیمکانی خۆیدایە. لە ڕۆژئاڤا تاکە کەس بە تواناکانی و دڵسۆزیی و لێهاتوویییەکانیەوە سێنتەرە. داگیرکاریی بۆ پانتایی گشتیی لە نزمترین ئاستیدایە.
وزەی پۆزەتیڤی ئۆرگۆنی
وزەی پۆزەتیڤی ئۆرگۆنی لە دەسەڵاتدارێتییەکەی ڕۆژئاڤادا بە گوێرەی کۆنتێکستە مێژوویی، جیۆگرافیی و کۆمەڵایەتییەکەی لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە. بە گوێرەی ولیەم ڕایش وزەی ئۆرگۆنی، واتا وزەی ژیان و خۆشەویستی، وزەی ئازادیی و وزەی داهێنان.
لێرەوەیە کاتێک پیاوێکی ئاینی خاوەن کاریگەریی وەکو شێخ موڕشید مەعشوق خەزنەوی لەبارەی جەنگی دژ بە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەئاخڤێت، وزەی خواست بۆ ئازادیی و وزەی ژیان، سەرلەبەری گوتارەکەی پێکدەهێنێت.
کاتێک شەڕڤانانی پێکهاتوو لە نەتەوە و ئاین و ئاینزای جیاواز، بۆ مانەوە دەجەنگن، پڕن لە هێزی ئەرێنیی ژیان و وزەی ویستخوازی ئازادیی. لە ئاستی سەرکردە سیاسیی و سەربازییەکاندا، هەمانشێوە و بگرە لە ئاستێکی بەرزتردا بە وزەیەکی گەورەی ئەڤینەوە بۆ ژیان و ئازادیی، گوتار و ئەکت و پەیوەندییەکانیان بەرجەستە بووە. ئاوێزانیی و هاوئاهەنگییەکی بێوێنە لە نێوان پێکهاتە و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ڕۆژئاڤادا پایەدارە، کە لەسەر هاوبەندییەکی گەورەی ویست بۆ ئازادیی و هێزی ژیان و وزەی داهێنان بونیادنراوە.
ڕۆژئاڤا، ئەزموونێکی ناوازە و تاکانەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی ناوچەکەدا، لە ناوچەیەکدا کە پڕە لە ناعەدالەتیی، نایەکسانیی، چەوساندنەوە و ستەم.
پشتیوانی لە ڕۆژئاڤا، پشتیوانییە لە ئینسانییەت و جوانیی، لە عەدالەت و یەکسانیی. پشتیوانییە لە وزەی پۆزەتیڤی ژیان و ئازادیی و وزەی داهێنەرانە. پشتگیریی لە ڕۆژئاڤا، پشتگیریکردنە لە ئەزموونێک کە مۆدێلێکی باڵایە بۆ کۆمەڵگای ئێمە و کۆمەڵگاکانی دەوروبەرمان.
