Skip to Content

تۆ چی دەزانی لەبارەی پیاوێکەوە لەناو خۆیدا گرمۆڵە بووە؟.. قەسیدە: ستیڤان شەمزینی

تۆ چی دەزانی لەبارەی پیاوێکەوە لەناو خۆیدا گرمۆڵە بووە؟.. قەسیدە: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئازار 9, 2024 General, Poems

تۆ چی لە بارەی پیاوێکەوە دەزانی
لە نێو مەراقەکانیدا دەگەوزێت؟
چەندان جار خۆی کوشتووە
وەک پشیلەی حەوت رۆح نەمردووە
چەندان جار لە وەجددا
نقوم بووە و نەخنکاویشە
دەیان جەنگی ھەڵگیرساندووە
لە شتاقیاندا سەرنەکەوتووە
ھەزاران سڵاوی بۆ کۆتر ناردووە
ئەو ھەر بێزیشی نەھاتووە
تاقە جارێک بۆی بگمێنێت
ھەزاران شیعری رۆمانسی نوسیوە
ھەزاران جار تەریق کراوەتەوە لەسەری
بە پۆزەوە دراونەتەوە بە چڕوچاویدا
سەدان جار لەناو خۆیدا ون بووە
دەیان جار لە دوورگەیەکی بزردا
خۆی دۆزیوەتەوە
دەیان جاری تریش
پێکی شەیدابوونی
بۆ ژمارەیەک سۆزانی تێکردووە
پاش خوماربوون
لەنێو حەرەمسەراکەیدا ھەڵفڕیون
زۆر جاریش وا روویداوە
کۆمەڵێک داڵەکەرخۆرەی مێ
نێرینەییان کرۆژتووە
دوا دەنووکیشیان لە دڵی داوە
تۆ چی دەزانیت
لە ھەمبەر ئەو پیاوە ماندووەی
دوای کڵاوی بابردووی خەیاڵ و
روئیای ھەڵوەریوی خۆی کەوتووە؟
لەوەتی خۆی دەناسێت
تۆوی پێکەنین دەچێنێت
ھێندە بەدشانسە
ھەر ھەنسک دەدورێتەوە
دەستی میھر بەسەر جوانیدا دەھێنێت
دەستەیەک چەتەی فیکریی
ئاوی روونی ناوبانگی لێڵ دەکەن
لەوەتی فامی کردۆتەوە
شیعر بە باڵای گوڵدا ھەڵدەدات
ھەموو کات و لە ھەموو وەرزەکاندا
دڕکی تۆمەت لە رۆحی دەچەقێت
دەیەوێت بەھەشت بگوازێتەوە
بیکاتە گەڕەکێکی بۆنخۆش لە نیشتمان
گروپێک تارمایی دەستوەشێن
بە باڵ راکێشان فڕێی دەدەنە
بەشی خوارەوەی دۆزەخ
لەوەتی بوونی ھەیە
بە ژوانی ژنێکەوە دوو گیانە
ئاە چ بەدبەختییەکە
ھەر زارۆی دابڕانی دەبێت
چاوەڕوانی شەماڵی موحیبەت و
توانەوەی ئانی ماچە
ھەر گەردەلولی رق راپێچی دەکات
بۆ مەملەکەتی تێکشکان
بۆ ژێر کەپری دڵشکان
تۆ چی دەزانیت
لە بارەی ئەو پیاوە تاساوەی
زمانی لە بەستەڵەکی قەدەرێکی بەددا
بەستوویەتی و
بە زوبانی دڵ قسەمان بۆ دەکات؟
ئەو ھیچ چیرۆکێکی خۆشی نییە
بۆ جۆشدانی شەوانی گوێ ئاگردان
بەشی پێنج دەقیقە
خۆشی نییە، بۆ گێڕانەوە
بە سەدان سەعات
باسی عەزابەکانی بکات
ھەر تەواو نابن و بێزار دەبین
لەو حکایەتی مێشە
ھێندە کەساسە
ھیچ زمانێک نازانێت
سەر بە ئێستا بێت
بە زمانی پەتی دڵ قسە دەکات
ھیچ لە مەکرونازی عەقڵ تێناگات
زوو زوو وەک دەریا ھەڵدەچێت
خێرا خێراش مینا ھەور دەتوێتەوە
بە بەرامەی ماچێک بە بۆن دەکەوێت
بە وشەیەکی ئاڵ سەبوری دێت
بە زەردەخەنەیەک دەکەوێتە سەما
بە پیاڵەیەک مەی رووت دەبێتەوە
بە داگیرسانی مۆمێک نەشە دەبێت
بە نیگای ژنێک دەکەوێتە باڵەفڕە
بە چاوداگرتنێک سەراسیمە دەبێت
ئەو تەنیا لە ھێماکان تێدەگات
بێزارە لە سواویی وشەکان
بێزارە لە درۆی ناو تێکستەکان
قەڵسە لە دەبڵ مۆراڵی زمان و
دەستەوەستانی مرەکەب
تۆ چی دەزانیت
لەبارەی ئەو پیاوە پەڕاگەندەی
لە نێو نیشتماندا
تفبارانی مێژوویان کرد
لە غوربەتیشدا
کردیانە خۆراکی دەستی کاری ھەرزان؟
ھەمیشە کۆڵبەری غەمەکانێتی
موفەڕکی یاخیبوون لە مەچەکیدایە
بەردەوام وێڵی کلیلێکە
دەرگای نەھامەتی پێ دابخات
خۆشەویستی پێ بکاتەوە
لە ھەر شوێنێک
درەخت ئازار بدرێ
لقێکی بریندارە
لە ھەر شوێنێک
سەری عەشق پان بکرێتەوە
شەھیدی ئەوینە
لە ھەر جێگەیەک
جوانی مەست بێت
پێکێکی خەستە
لە ھەر جێگەیەک
قورگی ستران بگیرێت
سۆلۆیەکی راپەڕیوە
لە نێو ھەر خەونێکی کورتەباڵادا
بەژنی بەرزی ئازادییە
لە نێو ھەر زەمەنێکی بەقوڕ گیراودا
مزگێنی ئاسۆیە
لە داڵغەی رەشی ھەر جەلادێکدا
تارمایی شۆڕشە
تۆ چی دەزانیت
لە ھەمبەر ئەو پیاوە غەریبەی
تەنھایی ھەڵیدەگڵۆفێت
لە ئێوارەیەکی نەرمدا
لەناکاو ھاڕە دەکات؟
ئەو نوێنەری غەمگینییە لەسەر زەوی
باڵیۆزی دەوڵەتی گۆشەگیرییە
لە خانەقای وێرانبووی شیعرەوە
موناجات بۆ خەوزڕانی خۆی دەکات
پێنووسێکی دڵخۆشی ھەبوو
ئازار زەفەری پێ برد
وەھمی عەشقێک فریوی دا
بەردەوام پوشی وشە کۆدەکاتەوە
دەیکات بە ھێلانەی قەسیدە
لە بەدبەختی ئەودا
ساڵەکەی دەبێتە وەیشوومە
ھێلانەی تێکوپێک دەدرێ
بەردەوام زەردەخەنەی کۆدەکردەوە
تەمای ئەوەبوو بیکاتە
سەمفۆنیایەکی تولانی پێکەنین
لەبەدبەختی ئەودا
وەرزەکەی نەھات بوو
فرمێسک بە لێزمە دەباری و
زریانی گریان
ماڵی پێکەنینی راماڵی
ئەو لە چاخی سەھۆڵبەنداندا
چاوی بۆ ھەتاو دەگێڕا
لە قرچە قرچی ھاوینی غوربەتدا
تینوێتی بە ماچی
کچێکی نیشتمانەکەی دەشکا
لە نێو گۆڕی یادگارییەوە
بە ھەناسەبڕکێ
تەماشای ئێستای خۆی دەکات
بەدەم ناڵینەوە چاوەکانی دادەخا

١٥-١١-٢٠١٨
ئەڵمانیا- گوتەرسلۆ

Previous
Next
Kurdish