فێربوون و پەروەردەی فنلندا -2- نووسەر: ئەحمەد مشاری
بەشی دووەم/
ئێمەی فنلیندیی: “گەل و کۆمەڵگەیەکی بچکۆلەین، بۆیە فێرخوازەکانمان پشتگوێ ناخەین و بەردەوام لەگەڵیانداین بۆ پێشکەوتنیان”
چیرۆکی فێرخوازێک، لەسەردەمی قەیران و وەستانی بازاڕ و کڕین و فرۆشتن
فێرخوازی فنلندیی لەگەڵ ئاراستەیەکدا گەورە دەبێت، کە بتوانێت وڵاتەکەی دەربازی بکات لەو قەیرانە ئابوورییانەی کە تووشی دەبێت.
لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی بیستدا، فنلندا تووشی قەیریانێکی ئابووریی قووڵ بوو، کە لەوە پێش بە خۆیەوە نەیدیبوو. بێکاری گەیشتە ئاستێکی بەرزی ترسناک، بەرهەمی ناوخۆیی وڵات گەیشتە ئاستێکی زۆر نزم، قەرزاریی گەیشتە پلەیەکی زۆر بەرز، بانکەکان داڕمان و مایەپووچ بوون، چۆن حکومەت لەم قەیرانە قووڵەدا بتوانیت پاڵپشت بێت بۆ فێرخواز؟
لە ماوەی ئەم قەیرانە قووڵەدا، منداڵی فنلندیی لەماڵەکی خۆیدا پاڵی لێ دەدایەوە و دەنووست و خەریکی یاریکردن بوو، نەیدەتوانی بچێتە دایانگا و باخچەی ساوایان، بەڵکو تا تەمەنی حەوت ساڵی لە ماڵی خۆیدا دەیخوارد و دەنوست و خەریکی یاریکردن بوو.
کاتێکیش دەگەیشتە تەمەنی حەوت ساڵی پەیوەندی دەکرد بە نزیکترین فێرگەی گەڕەک و ماڵەکەیەوە، مامۆستاکەی پێشوازی لێ دەکرد و پێی ڕادەگەیاند، کە لەم ڕۆوە هاوکاری و یارمەتی دەدرێت و ڕێنمایی وەردەگرێت بۆ فێربوون، لەم دەستپێک و سەرەتایەوە یەکەم وانەی ماندووحەسانەوە بوو.
منداڵ لەم قەیرانە قووڵ و گەورەیەدا، لەم دەستپێکەیەوە بە تەواوەتی فێری ماندووحەسانەوە دەبوو، نەدەخرایە ژێر فشاری وەرەقەی تاقیکردنەوەو و ئاڵانگاری کۆکردنەوەی زانیاری لای خۆی، هیچ جۆرە وەرەقەیەکی پێ نەدەدرا کە هەڵسەنگاندنی زیرەکیی لەسەر تۆمارکرابێت، هیچ مامۆستا و ڕاهێنەرێک هەڕەشەی مانەوەی لە پۆلەکەیدا لێ نەدەکرد. پێیان دەگوت فێرگەکەت فێرگەیەکی بەرز و باشی خۆتە، بەیانیان فێری ئەوە دەبوون کە ڕۆژەکەیان لە فێرگەدا چۆن بەخۆشی بەسەربەرن. کە زەنگی تەواوبوونی کاتی فێرگە لێ دەدرا، دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە بۆ لای دایک و باوکی، بێ ئەوەی هیچ ئەرکێکی بەسەردا درابێت، کە ئامادەی کات بۆ ڕۆژی دواتری فێرگەکەی، بۆیە بە خۆشییەوە هاوبەشی ژیانی لەگەڵ دایک و باوکیدا دەکرد.
ئەم وانەی پشوودانە، لە هەموو قۆناغاغەکانی فێرگەدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا، منداڵ لەگەڵ پشووەکانیدا گەورە بوو، فێری ئەوە بوو بیر بکاتەوە لە دەرچوونی کۆمەڵگاکەی لە قەیرانە قووڵەکان.
ئەوەی لە فێرگەی فنلندییدا دەگوزەرێت، ئەم پرسیارەیە: چیمان دەوێت لە فێرگەدا؟
دەڵێن، لە فنلندەدا:”ئێمەن نە ئاڵتوونمان هەیە و نە وزەی نەوتمان هەیە، بەڵام فێربوونمان هەیە”
دوای چەند ساڵێک لەم قەیرانە قووڵە، فنلندا بوو بە بەهێزترین دەوڵەت و وڵات لە ناو نزیکی بیست لەو وڵاتانەی کە کێبڕکێیانە، فێرخوازەکانی گەیشتن بە پلەیەکی زۆر بەرزی زانستیی.
ژاوەژاوی قەیرانە قووڵەکەی فنلندا نەدەدار بە گوێی فێرخوازەکاندا و باس و خواسی لە فێرگەدا نەبوو. لەم سەردەمی قەیرانە قووڵەدا، فێرگەکانی فنلندا میتۆدە میکرۆباوییەکەیان ئەفەرۆز دەکرد، بە هیچ جۆرێک قبووڵیان نەبوو. بە پێچەوانەی داوکارییە بازرگانییە دەستبەجێکانەوە، فێرخواز فێری داهێنان و چارەسەر و پلانڕێژیی بوون بۆ پاشەڕۆژ. بەم شێویە فێرخوازان بوون بە فریادڕەسی پاشەڕۆژ.
وەک فنلندییەکان دەڵێن:”ئێمە خاوەنی ئاڵتون نین، وزەی نەوتیشمان نییە، بەڵام فێربوونمان هەیە”
“Teach like Finland” (وەک فنلندا فێربن)، ئەو کتێبەی مامۆستایەکی ئەمەریکیی”تیموثی ووکر” نووسیوێتی، لەسەر ئەزموونی فێربوون لە فنلندەدا، میتۆد و بیری و ئامڕازەکانی فێربوون لە فنلندەدا باس دەکات.
پێش چونی ئەم مامۆستایە و هەرچ شاندێکی پەروەردەیی بۆ وڵاتی فنلاندا، واین وێنا دەکرد کە لە وڵاتەدا پەروەردە و فێربوون، شتێکی زۆر سەیر و سەمەرە و دەگمەنی کردووە، کە ڕەنگە لە وڵاتانی دیکەدا چنگ نەکەون لەبەر ئاڵۆزییان، وەک موچەی بەرزی مامۆستاکان؛ تەلار ی قەشەنگ و بەرزی فێرگەکان، یان وەک کۆمەڵە فاکتەرێکی زۆر ئاڵۆز، ئامڕازگەلێکی فێربوونی تایبەت، بەڵام لە کۆتاییدا هەموو شاندەکان بۆیان دەرکەوت، فێربوون لە فنلندەدا زۆر ئاساییە و بەڵکو لە وڵاتنی تر ئەوەندە ئاسانکارییش بۆ نەکراوە، بەڵام میتۆدێکی سەردەمیانەی بۆ دۆزراوەتەوە، کە فێرخواز بێ ئەوەی ماندوو بکرێت، یان بێ ئەوەی مامۆستا و ڕاهێنەران و فێرخوازن تووشی دڵەڕاوکێ و ئالۆزیی بن، زۆر بە ئاسانی دەتوانن لە یەکتریەوە فێربن و سەرکەوتنی گەورە بە دەست بهێنن.
“تیمۆثی ووکر” دوای چەند ساڵێک لە وانەگوتنەوە و فێربوون لە فنلندەدا، بۆی دەرکەوت، کە پەیڕە و پرۆگرامی فێرگەکان بۆ فێربوون و پەروەردە زۆر ئاسان و ساکارە(SIMPLE)، زۆر پەسەندە(Sensible)، سەربەخۆیە(Independent)، خاکەڕاییە(Modest)، خۆشییە(Playful)، بێ دڵەڕاوکێیە(Law-sress)، یەکسانە(Equitbale).
پوختەی پەیڕەو و پرۆگرامی فنلندا:
١/ پەسەندە: پەیڕە و پرۆگرامێکی پڕ لە پشوودانە، ١٥ خولەک پشوو دوای هەرچ وانەیەکی ٤٥ خولەکیی، ئەم پەیڕەو پڕۆگرامە لای فێرخوازان و پەروەردەناسانیش پەسەندکراوە.
٢/ سەربەخۆیە: تا ئاستێکی بەرز فێرخواز لە جوڵەکانی و گفتوگۆکانیدا لەگەڵ مامۆستادا سەربەخۆیە، فێرخوازان پێکەوە بە کۆمەڵ کۆمەڵ تیبپی تایبەتی بۆ خۆیان دروست دەکەن.
٣/ سادە و ساکارە: پەیڕە و پرۆگرامی قورس و تەکنیکی ئاڵۆز و بودجەی بەرز نەکراوە بە مەرج بۆ فێربوون، چونکە لە میانەی پەیڕە و پرۆگرامێکی سادە و ساکارەوە دەتوانرێت ئاستی فێربوونی فێرخواز بەرزبکرێتەوە، بۆیە پەیڕەو و پرۆگرامی خوێندن و پەروەردە لە فنلندەدا، سادە و سکارە.
٤/ شادیی و خۆشییە: منداڵی فنلندیی، لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەست دەکات بە خوێندن، بۆ ئەوەی تا ئەو تەمەنە شادمان و دڵخۆش بێت بە یاریکردن و بەزم و ڕەزمی تایبەتی منداڵانەی خۆی. کە لە تەمەنی حەوت ساڵیدا پەیەوەندی بە فێرگەوە دەکات، سێ سەعات بە خوێندن و فێربوونەوە سەرقاڵە، ماوەی پشوو و یاریرکردن لە فێرگەدا زۆرە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە هیچ ئەرکێکی فێرگە و فێربوونی بەسەردا نادرێت بۆ ئەوەی بتوانێت خەریکی یاریکردن و بەزم و ڕەزم و جێبەجێ کردنی حەزەکانی خۆی بێت، ئەمەش پڕ لە شادیی و خۆشییە بۆ منداڵ و فێرخواز.
٥/ نیگەرانیی و دڵەڕاوکێیی نییە: ناو فێرگە و دەروەی فێرگە ئەبێت ژینگەیەکی ئارام بێت بۆ فێرخواز، تا بتوانێت بە خۆشیی بژی، پشوودان و ئارامیی بۆ فێرخواز و مامۆستا زۆر گرنگ و بە بایەخە، بۆیە ئەم پەیڕەو و پڕۆگرامە نیگەرانیی و دڵەڕاوکێیی تیا نییە.
٦/ دادپەروەیی و یەکسانیی: تۆ لە هەرچ کوێیەکی وڵاتدا دەژیت و دانیشتووی هەرچ ناوچە و گەڕەکێکیت یان لادێیەکیت گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە مافی منداڵەکەت بچێتە فێرگە و فێر بێت، ئەمە مافێکی دادپەروەرانە و یەکسانانەیە بۆ هەموو کەس وەک یەک، ئەم پرنسیپە پەڕوەردەییە بە تەواوەتی لە خوێندن و فێربوون و پەروەردەی فنلندەدا جێبەجێ کراوە.
و.جیهاد موحەمەد
بنەمای فێربوون لە فنلندادا، فێرخواز پێویستە بجوڵێت و یاری بکات و لە ناو پۆلدا قسە بکات و بدوێت، پەیڕەو و پرۆگرامی فێرگەی فنلندیی ئاسانکاریی کردووە بۆ ڕێزگرتن لە جوڵەی منداڵ، وەڵامدەرەوەی جوڵە خۆڕسکیەکانی منداڵە بە زەوینەخۆشکردن بۆ جوڵەکانی و یاریکردن و گفتوگۆ و گەڕانی سەربەخۆ لە گۆڕەپانی فێرگەدا و دەربڕین و گوزارشت لە هەست و نەستی خۆی بەرمابەر بە فێربوون و مامۆستا و فێرگە و بەڕێوەبەرێتیی فێرگە.
ئەم بنەمای فێربوونە، کە خۆی لە یاریکردن و جوڵە و گفتوگۆی سەربەستانەی فێرخوازدا دەبینێتەوە، کۆمپانیای«Angry Birds» کە کۆمپانیایەکی فنلندیە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە یارییەکان بە شێوازێکی زانستیانە و کۆمەڵایەتیانە و سەرچڵیانەی منداڵ کە ئەو پەڕی خۆشیی پێ دەگەیەنن،وەرزانە و ساڵانە ئامادە بکات و داهێنانی نوێی تیادا بکات.
ئەم ئاراستەکردنە، ئەم جۆرە لە فێربوون، ئەم جۆرە لە بنەمای خۆشیدان بە فێرخواز، کاریگەریی ئەرێنیی گەیاندووە و فێرخوازەکان گەیشتوون بە پلەی زۆر بەرزی فێربوون.
بەردوام ڕێنمایی و ئامۆژگاریی و ئاگادارییەکان دەگاتەوە بە بەڕیوەبەری فێرگە، دەربارەی گفتوگۆی فێرخوازان و هەست و نەستیان و داواکاریەکانیان و خواستەکانیان.
فێرخواز:
١/ مەرج نییە هەموو شت لە تەمەنێکی زوودا فێربێت. ئەرکی مامۆسا و ڕاهێنەر پاراستنی هەوڵ و خواستەکانێتی بۆ فێربوون هەتا خودی خۆی گەورە دەبێت و دەتوانێت تایبەتمەندێتی خۆی دیاربکات و چی گونجاوە بۆی ئەوە بکات.
٢/ گوێگرتن لە هەموو ڕا و بۆچوونەکانی. هاندانی بۆ دۆزینەوەی کێشەکانی خودی خۆی و چارەسەرکردنی لە لایەن خودی خۆیەوە.
٣/ نیشاندان و دەرخستنی بەهرە و کارامەییە تایبەتە بەرزەکانی لە فێرخوازانی دیکە.
مامۆستا:
١/ ئەبێت ئەرکی مامۆستایەتیی و وانەبێژیی سوک و ئاسان بکرێت. فشاری زۆری وانەبێژیی و قورسکردن لەسەری توانای داهێنانی مامۆستایەتیی کەم دەکاتەوە، هەروەها پەیوەندیەکانی لەگەڵ فێرخوازدا لاواز دەکات.
٢/ مامۆسا دەبێت کەمترین قسە بکات. پۆلی نموونەیی و فێرگەی نموونەیی ئەو پۆل و فێرگەیەیە، کە فێرخواز سەربەستانە گوزارشت لە هەموو ڕا و بۆچوونێکی خۆی دەکات و لەگەڵ یەکترییدا بەو پەڕی ئازادیەوە گفتوگۆ دەکەن، زیاتر لەوەی لەگەڵ مامۆستادا گفتوگۆ بکەن(ئەمە فەلسەفەی جۆن دێوی بوو) بۆ فێربوون و پەروەردەی نوێ.
٣/ بڕوا و متمانەی پێ بدە، هەروەها دەسەڵاتی فراوانی پێ بدە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژانەی، بێ ئەوەی پێویست بکات بگەڕێتەوە بۆ لای بەڕێوەبەر و ئیدارەی فێرگە.
پەیڕەو و پرۆگرام:
١/ پەیڕەو و پرۆگرام ئاسان بێت بۆ جێبەجێکردن، چەقبەستێت لەسەر کارامەیی و بەهرە کۆمەلایەتیی و ئیدارییەکان، جیاوازیی تاک و تاکگەریی نێوان فێرخوازەکان قبووڵ بکات.
٢/ هەموو پەیڕە و و پرۆگرامێک دەبێت بە جۆرێک داڕێژرابێت، هەموو جۆرەکانی خۆشیی و خۆشەویستیی تیادا مسۆگەر کرابێت.
٣/ پەیڕەو و پرۆگارم، دەبێت بە جۆرێک بێت، خولی کێبڕکێ و هەوڵەکانی فێرخوازن بۆ گەیشتن بە پلەی بەرزی کۆمەلایەتیی و فێرگەیی تیادا مسۆگەر کرابیت.
«كين روبنسون»ی گەورە ڕاوێژکاری بەریتانیی و یەکێک لە ڕابەرە گەورەکانی فێربوون و پەروەردەی بەریتانیی، کە خاوەنی زۆرترین گوتاری بە ناوبانگ و کۆڕ و کۆبوونەوە دیارەکانە لەسەر فێربوون و پەروەردە، دەربارەی فێرگەی داهێنەرانە و پێشکەوتوو لە جیهاندا، دەڵێت: ئەگەر لێم بپرسن کام دەوڵەت لە دنیادا توانیوێتی باشترین و پێشکەوتووترین فێرگەی هەبێت بۆ فێربوون و پەروەردە، دەڵێم دەوڵەتی فنلاندا.
جیهاد موحەمەد/ نەرویج
١٧/٤/٢٠١٩