سه‌رکه‌وتنی باڵی چه‌پی ناو حزبی کاری به‌ریتانیا و کاریگه‌ریه‌کانی! … نوری به‌شیر:
پێشه‌کی:
پاش له‌ساڵێک له‌کێشه ناوخۆییه‌کانی باڵی چه‌پ و راست له‌ناو حزبی کار ( له‌یبه‌ر پارتی ) ی به‌ریتانیا، له‌سه‌ر سه‌رۆکی ئه‌و حزبه، له‌ئاخرین کۆنفراسیاندا که‌له‌رۆژه‌کانی نێوان 24/9 تا 28/9 ی خایاند، که‌ڕۆژی یه‌که‌م تایبه‌ت بوو بۆ ده‌نگدان بۆ سه‌رۆکی حزب، له‌شاری لێڤه‌رپوڵ به‌به‌شداری زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و حزبه، کۆتایی ته‌وازنی هێز و ده‌نگهێنان له‌به‌رژه‌وه‌ندی جێرمی کۆربین وه‌ک باڵی چه‌پی ناو حزبه‌که‌ی بۆ سەرۆکی پارتی کار به‌زۆربه‌ی ده‌نگ کۆتاییهات. بۆ حزبی کار وه‌ک یه‌كێک له‌حزبه بۆرژوازیه گه‌وره‌کانی به‌ریتانیا که‌زۆرترین ئه‌ندامی هه‌یه که‌خۆی له‌نیو ملیۆن ئه‌ندام ده‌دات، له‌پاڵ حزبی پارێزگاراندا ( کۆنسێرڤه‌تیف پارتی ) که‌له‌ده‌سه‌ڵاتدان حسابی بۆ ده‌کرێت. ئه‌م حزبه کێشه‌ی ناوخۆی هه‌بووه به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی باڵی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌یبووه وه‌ک سیاسه‌تی راستڕه‌وانه، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک که‌سایه‌تی ناسراو که‌مخالفی سیاسه‌تی ره‌سمی حزب بوون و به‌چه‌پ ده‌ناسرێن، له‌م چه‌ند ده‌یه‌یه‌ی دواییدا به تۆنی بین، جێرمی کۆربین و جۆن ماکدۆناڵد ده‌ناسرێن ( تۆنی بین له مارتی 2014 دا له‌ژیاندا نه‌ما)، ئه‌گه‌رچی باڵی ده‌سه‌ڵات نه‌بوون به‌ڵام که‌سانی دیاربوون، که‌جیاوازیان هه‌بوو له‌گه‌ڵ باڵی راستی ناو حزبی کار له‌زۆرێک لایه‌وه‌نه‌وه به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌کانی جه‌نگی ئه‌فغانستان و عێراق و به‌رده‌وام دژایه‌تیان هه‌بوو به‌سیاسه‌ته‌کانی ئه‌م دواییانه‌دا هه‌م به‌باڵی راستی ناو حزبه‌که‌یان و هه‌م به‌حزبی پارێزگاران، له‌سه‌ر لێدان له‌لیبیا، سیاسه‌تی دژی په‌نابه‌ری و کۆچ‌کردوان، له‌سه‌ر خوێندن، ته‌ندروستی، بێکارکردن و له‌سه‌ر چه‌کی نه‌وه‌وی، نه‌زه‌رو ناکۆکیانه‌یان له‌په‌رله‌ماندا به‌رچاو بوو.
هه‌لومه‌رجی جیهانی و هه‌وڵی ئه‌مه‌ریکادا بۆ باڵا ده‌ستی وه‌ک هێزی گه‌وره‌ی سه‌رمایه‌داری جیهانی و راکێشانی وڵاتانی ئه‌وروپا وه‌ک هاوپه‌یمانی خۆی و بڕیاردان و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی بازاڕی سه‌رمایه‌داری جیهانی، جه‌نگ و هێرش و کوشتار بۆ سه‌ر هه‌موو شوێنێک که‌له‌جیهاندا بیانه‌وێت، که‌له‌و نێوه‌دا وڵاتی به‌ریتانیا یه‌كێک له‌و وڵاتانه بوو له‌جه‌نگی ئه‌فعانستان و عێراق و دواتری جه‌نگه‌کان، له‌پاڵ سیاسه‌تی ئه‌مریکادا راوه‌ستابوو، تۆنی بلیری سه‌رۆک وه‌زیران و سه‌رۆکی پارتی کار له‌پێشه‌وه‌ی سیاسه‌تی راستی ئه‌م حزبه‌دا بوو، وه هه‌میشه له‌پاڵ ئه‌مریکادا ده‌ستی راست بوو. باڵی راستی ناو ئه‌م حزبه به‌باڵی تۆنی بلێر ده‌ناسرێت، به‌رده‌وام باڵی زاڵی ناو له‌یبه‌رو سیاسه‌تی راستی بۆرژوازیانه‌ی ده‌برده پێشه‌وه‌و پیاده‌ی ده‌کرد، ئه‌م که‌سه چه‌پانه‌ی ناو حزبی کار، که‌مایه‌تی بوون و له‌ئاستی سیاسه‌ته‌کانی حزبه‌کانیاندا وه‌ک تاکه که‌س هه‌ڵوێستیان ده‌نواندو مخالفی ئه‌و سیاسه‌تانه بوون، به‌ڵام به‌هۆی که‌مایه‌تی ئه‌مان و بوونی ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ستی راستدا نه‌یانده‌توانی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ده‌یانه‌ویست بیبه‌نه پێشه‌وه.
هه‌روه‌ها له‌سایه‌ی زاڵبوونی باڵی راستی بۆرژوازی له‌دنیادا و هه‌روه‌ها پاشه‌کشه‌کانی حزبه چه‌پ و سۆسیال دیموکرات و لیبراڵ و هه‌تا زۆرێک به‌ناو کۆمۆنیسته‌کان و باشه‌کشه‌و شکستی بلۆکی شوره‌وی به‌ناوی سۆسیالسیته‌وه فرسه‌تی زیاتری دایه ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانی که هێرش بۆ سه‌ر کۆمۆنیزم و مارکسیزم بکه‌ن و زۆرێک له‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ی که‌چینی کرێکار به‌خه‌باتی خۆیان به‌ده‌ستیان هێنابوو بسێننه‌وه. هه‌روه‌ها هێرش بۆ سه‌ر مه‌ده‌نیه‌تی کۆمه‌ڵگاو زاڵی سیاسه‌ت و ئایدۆلۆژی باڵی راستی بۆرژوازی له‌دنیادا، وه یه‌کده‌ستبوونیان له‌پاڵ سیاسه‌تی جه‌نگخوازی و دژی ئینسانی و دژی کرێکاری ئه‌مریکادا وه‌ستان و کارکردن له‌به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌داران و بۆرژوازیداو ده‌ستگرتنی کۆنه‌په‌رسترین هێزی قه‌وپه‌رست و ئیسلامی و زاڵکردنی سیاسه‌تی فره فه‌رهه‌نگی (مه‌ڵتی که‌ڵچه‌ریزم ) و راوه‌ستان له‌پاڵ حکومه‌ت و هێزو ده‌سه‌ڵاته میلیشیایی و قه‌ومی دیکتاتۆرو ئیسلامیه‌کانی دنیادا به‌زه‌ره‌ری خه‌ڵکی کرێکار‌و که‌مده‌رامه‌تی کۆمه‌ڵگا.
به‌ڵام پرسیارێک که‌خۆی مه‌تره‌ح ده‌کات له‌ئاوها هه‌لومه‌رجێکدا ئه‌مڕۆ زه‌مینه‌کانی به‌رزبوونه‌وه‌ی جێرمی کۆربین و ده‌نگهێنانی بۆ سه‌رۆکی حزبی کار و ده‌رکه‌وتنی وه چه‌پ و سۆسیالسیت و وه‌ک نوێنه‌ری باڵی چه‌پی ناو حزبی له‌یبه‌ر له‌به‌رامبه‌ر راستدا که‌زۆربه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان پێکده‌هێنن چیه‌و چ ده‌رگایه‌ک به‌ڕووی کۆمه‌ڵگادا ده‌کاته‌وه به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌وره‌ی پێشوو له‌به‌رژه‌وه‌ندی چینی کرێکار‌و کۆمۆنیزمدا.
سه‌ره‌تا ده‌بێت له‌وه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین، که‌ئه‌و زه‌مینه‌و هه‌لومه‌رجانه بزانین که‌جێرمی کۆربینی له‌ناو حزبی له‌یبه‌ردا هێنایه سه‌ره‌وه‌و له‌دوو هه‌ڵبژاردندا وه‌ک سه‌رۆکی ئه‌و حزبه هه‌ڵبژێرێت، له‌چه‌ند فه‌ردێکی که‌مایه‌تی و ده‌رکه‌وتن و ناسینیان وه‌ک که‌سانی سه‌ر راست و شه‌خسیه‌تی هێمن و خۆشه‌ویست و ده‌ستپاک، کرده سه‌رۆکی ئه‌و حزبه‌و به‌دوایدا ببنه باڵی زۆرایه‌تی و وه‌ک چه‌پ ده‌رکه‌ون و به‌دوایدا باسی سۆسیالیزم له‌قسه‌ی خۆی و جۆن ماکدۆناڵ و چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌ماندی تردا، زه‌ینی زۆربه‌ی ئه‌ندامانی راکێشێت. هه‌روه‌ها تاکیدکردنه‌وه له‌باسی یه‌کێتی ناو پارتی کار‌و گۆڕینی سه‌نگه‌ری شه‌ڕی ناوخۆی پارتی کار بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ حزبی پارێزگاران و قسه‌کردن له‌خۆئاماده‌کردن بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو تا ده‌سه‌ڵات بگرن له‌به‌ریتانیا. ئایا ئه‌م چه‌په‌ی ناو له‌یبه‌ر ده‌توانێت هه‌نگاوێک زیاتر له‌و به‌رنامه رێفۆرمانه‌ی که‌دایانناوه به‌رێته پێشه‌وه، پێشره‌وی رێگریه‌کان چیه‌و چه‌نده فرسه‌ت له‌به‌رده‌م روهێنانیان هه‌یه بۆ کۆمۆنیزم و چینی کرێکار‌و هه‌نگاو به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات و ئاڵوگۆڕی ریشه‌یی له‌کۆمه‌ڵگادا.
زه‌میه‌نه‌کانی هاتنه پێشه‌وه‌ی جێرمی کۆربین!
له‌پاڵ ده‌یان هۆی جۆراوجۆردا له‌سایه‌ی نه‌زمی نوێی جیهانی سه‌رمایه‌داری و بازاڕی ئازاده‌که‌یدا، له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داران و حکومه‌ت و داموده‌زگای جۆراوجۆری بۆرژوازیدا بۆ هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ، کاولکاری، ئاواره‌یی، کوشتاری ملیۆنی خه‌ڵک، تیرۆریزم، بێ‌کاری، برسێتی و هاوکاری هێزه تیرۆریسته ئیسلایه‌کانی له‌چه‌شنی داعش، که‌سیمای ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی سه‌رمایه‌داری و ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازیه له‌جیهاندا، که هۆکاری سه‌ره‌کی زه‌مینه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و به‌هێزبوونی ناڕه‌زایه‌تی کرێکاری و جه‌ماوه‌ری به‌شمه‌ینه‌ته له‌جیهاندا. دوو هۆکار که‌هێزو که‌سایه‌تی چه‌پ، ریفۆرمیست و سوسیالسیت، سه‌ریان ده‌رهێنا یان چالاک‌تر بوونه‌وه، ئه‌وه‌ش یه‌که‌م ئه‌زمه‌یه‌کی سه‌رمایه‌داری که‌له 2008 وه سه‌ریهه‌ڵدا، دووه‌م فشاری بزوتنه‌وه کرێکاری و جه‌ماوه‌ریه‌کان بوو به‌تایبه‌ت بزوتنه‌وه ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی کرێکاران و جه‌ماوه‌ری مه‌حرومی یۆنان و سه‌رهه‌ڵدانی حزبی سیریزا بوو.
یه‌که‌م، ئه‌زمه ده‌وره‌ییه‌کانی نیزامی سه‌رمایه‌داری که‌جار له‌دوای جار قوڵتر‌و فراوانتر ده‌بێته‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌زمه‌ی ئێستا خه‌ریکه به‌ره‌و یه‌ک ده‌یه ده‌ڕوات، که‌دامنه‌ی هه‌موو سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له‌حکومه‌ت و سه‌رمایه‌داران و حزبه‌کانی گرتۆته‌وه. حزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات به‌باڵی راست و چه‌پیه‌وه، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌دا توشی قه‌یران بوون، ده‌یانه‌وێت هه‌موو ئه‌زمه‌که به‌سه‌ر کرێکاران و بێبه‌شانی کۆمه‌ڵگادا بشکێننه‌وه، له‌گرانی، بێ‌کاری، داسه‌پاندنی شه‌ڕو کوشتارو کاولکاری، بێئاسۆیی سه‌رمایه‌داری و ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانی له‌ئاست نه‌بوونی ئه‌لته‌رناتیف بۆ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاسیا‌و ئه‌فریقادا، له‌وڵاته‌کانی وه‌ک سوریا‌و یه‌مه‌ن جه‌نگی به‌وه‌کاله‌ت سه‌پاوه، به‌ئاشکرا سه‌رانیان له‌ترامپ و هلاری کلتتۆنه‌وه بگره تا سه‌رانی تری وڵاتانی غه‌رب و تا ده‌گاته روسیا، نه‌ک هه‌ر هاوکارن له‌ده‌می خۆیانه‌وه دان به‌هاوکاری و ده‌ستگرتنی جۆراوجۆری سه‌رانی دکتاتۆرو کۆنه‌په‌رستی وه‌ک حافز ئه‌سه‌دو عه‌بادی، سیسی، وڵاتانی سعودیه‌و ئێران وحزبوڵای لوبنانی و یه‌مه‌نه به‌حکومه‌ت و حوسیه‌کانه‌وه و تورکیا، تا ده‌گاته مه‌سعود بارزانی، به‌ڵکو دان به‌یارمه‌تی و هاوکاری هێزه تیرۆریستیه‌کانی وه‌ک قاعیده‌و داعشدا وه‌ک ده‌وڵه‌تی خه‌ڵافه‌تی ئیسلامی‌دا ده‌نێن، که‌هه‌موویان هێزی دژی کرێکار‌و ژنان و خه‌ڵکی به‌ش مه‌ینه‌تی کۆمه‌ڵگان. هه‌موو ئه‌و حکومه‌ت و لایه‌نه بۆرژوازیانه به‌قه‌ومی ئیسلامیه‌وه چاوه‌ڕوانی ده‌وره‌یه‌کن که‌بتوانن ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له‌تێپه‌ڕاندنی ئه‌زمه‌ی ئێستادا، ساز‌و ئاماده بکه‌ن، له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌ت و به‌دیلی زلهێزه‌کانی وه‌ک ئه‌مریکاو روسیا و هاوپه‌یمانه‌کانیاندا بۆ ته‌قسیم و سازدانه‌وه‌ی جیهان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و سه‌رمایه‌داران.
ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌دا زه‌مینه‌یه‌کی وای دروستکردوه، ماهیه‌تی سه‌رمایه‌داری و بازاڕی ئازادی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانی له‌لایه‌ک و روسیا‌و هاوپه‌یمانانی له‌لایه‌کی تره‌وه رۆشنتر کردۆته‌وه‌و ناڕه‌زایه‌تیه جیهانیه‌کان به‌دژیان به‌شێوه‌ی جۆراوجۆری له‌جیهاندا ده‌بینرێت، به‌تایبه‌ت بزوتنه‌وه کرێکاریه‌کانی یۆنان، فه‌ره‌نسا، به‌ریتانیا، هندستان، ئه‌ڵمانیاو وڵاتانێکی جۆراوجۆر له‌شێوه‌ی بزوتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری له‌به‌رامبه‌ر ژیان و گوزه‌ران و به‌دژی جه‌نگ و ئاواره‌یی و کوشتارو کاولکاری و بۆ موچه‌و ماف و پێداویستیه سه‌ره‌تاییه رۆژانه‌ییه‌کانی ئینسان، سیمای رۆژانه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانه له‌جیهاندا.
ئه‌م هه‌لومه‌رجه له‌گه‌ڵ خۆیدا جارێکی که له‌گه‌ڵ ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیه کرێکاری و جه‌ماوه‌ریانه‌دا، روهێنانی زیاتر‌و زه‌مینه‌ی سازکرد که کۆمه‌ڵگا روو به‌چه‌پ و سۆسیالیزم، زیاتر کرد به‌گشتی له‌یۆنان و ئیسپانیا‌و به‌ریتانیا، که‌دیاری ترینیان کۆمه‌ڵگای یۆنان بوو، که‌حزبی سریزای به‌ماوه‌یه‌کی کورت هێنایه ده‌سه‌ڵاته‌وه، وێنه‌ی مارکس و ئاڵای سورو له‌چاپ دانه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌کانی مارکس و مارکسیزم و باسی مارکس له‌سه‌ر حه‌ق بووه دێته‌وه ناو میدیاکان، له‌وڵاتانێکی تری دنیادا له‌نموونه‌ی کوردستان ده‌یان که‌سایه‌تی وگروپ و ده‌سه‌ته‌جاتی چه‌پ سه‌ر ده‌رده‌هێنێت و سه‌رچاوه‌کانی ماکس و مارکسیزم چاپ ده‌کرێنه‌وه.
بزوتنه‌وه‌ی کرێکاری و جه‌ماوه‌ری یۆنان به‌دژی سه‌رجه‌م داموده‌زگای حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی و پاش چه‌ند ساڵ ئه‌زمه‌ی حکومه‌ت و راگرتنی وه‌ک حکومه‌تێکی سه‌رمایه‌داران له‌لایه‌ن حکومه‌تانی سه‌رمایه‌داری ئه‌ورپاوه، له‌کۆتاییدا له‌ژێر فشاری ناڕه‌زایه‌تیه کرێکاریه‌کاندا داڕماو رێگای بۆ حزبی سیریزاو رابه‌ره‌که‌ی ئه‌لكسيس تسيبراس وه‌ک چه‌پ کرده‌وه بێته سه‌ر ده‌سه‌ڵات، که نه‌ک له‌ئاستی یۆنان به‌ڵکو له‌ئاستی ئه‌وروپاو ده‌نگدانه‌وه‌ی له‌جیهاندا ره‌نگی دایه‌وه، وه ترسی له‌به‌رده‌م حکومه‌تانی ئه‌وروپا دانا و ئه‌وانیش له‌ژیر فشاری بونی قه‌رزدا، توانیان پاشه‌کشه به‌سیریزاو رابه‌ره‌که‌ی بکه‌ن.
دووه‌م: تاسیراتی حزبی سیریزا یه‌کێکی تر بوو له‌و کاریگه‌ریانه‌ی که‌سایه‌تی خۆ به‌چه‌په‌کانی ناو حزبه‌کانی ئه‌وروپای خسته به‌رده‌م دوریانی رادیکاڵبوونه‌وه‌و هاتنه سه‌ر مه‌یدانی پێشه‌وه‌ی سیاسی و حزب و کۆمه‌ڵگا، له‌وانه حزبی پۆدیمۆسی ئیسپانیا و رابه‌ره‌که‌ی بابلۆ ئه‌غليسياس، وه جێرمی کۆربین و جۆن ماکدۆناڵد له‌ناو حزبی کاری به‌ریتانیدا، هه‌روه‌ها کاریگه‌ری له‌سه‌ر ژماره‌یه‌کی زۆری به‌رچاوی ئه‌حزابی چه‌پی جۆراوجۆری خۆ به‌سۆسیالست و رادیکال و ترۆتسکیست، ستالینیزم، سۆسیال دیموکرات و لیبرال، ئه‌گه‌ر چی بچوک حاشیه‌یی له‌کۆمه‌ڵگادا، له‌چه‌شنی پارتی سۆسیالست، ورکر لیبرتی، پارتی کرێکارانی سۆسیالیست، حزبی کۆمۆنیستی به‌ریتانیای گه‌وره، ئه‌مانه له‌به‌ریتانیاو زۆرێکی تریش له‌وڵاتانی تری ئه‌وروپای چالاک کرده‌وه، تا ده‌گاته سه‌رهه‌ڵدانی مه‌یلی جۆراوجۆری تر له‌وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له‌چه‌شنی ترۆتسکیزم و خۆ به‌ماکسیزم زان و گروپی رۆشنگه‌ری مارکسیستی و ده‌ست بردن بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌کانی مارکس و ماکسیسته‌کانی تر، تا ده‌گاته تاسیراتێک له‌سه‌ر رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کانی ئه‌وروپا قسه‌کردن له‌سه‌ر مارکس و زه‌روره‌تی جیهانی جارێکی تری مارکس و کاپیتاڵی مارکس و ته‌فسیرو داواکاری به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر.
هاتنه پێشه‌وه‌و کردنی جێرمی کۆربین به‌سه‌رکرده‌ی حزب له ساڵێک له‌مه‌و به‌ره‌وه، زاده‌ی ئه‌م هه‌لومه‌رجانه بوو، به‌تایبه‌ت به‌دوای هاتنه سه‌رکاری حزبی سیریزا له‌یۆنان، ئه‌وه بوو له‌ساڵێک له‌مه‌وبه‌ره‌وه واته له‌سێپتێمبه‌ری 2015 دا، که‌حزبی کار وه‌ک باقی حزبه راسته‌کانی تر له‌ئه‌زمه‌دا بوو، فرسه‌ت بۆ جێرمی کۆربین کرایه‌وه که‌خۆی ته‌رح کات بۆ رابه‌رایه‌تی وسه‌رکرده‌ی حزبی کار، ئه‌وه‌بوو له‌سه‌ره‌تاوه باڵی راست به‌جدی نه‌یگرت و ده‌نگی هێنا، له‌گه‌ڵ ده‌نگهێنانی جێرمی، چه‌په‌کانی به‌ریتانیاشی به‌گشتی چالاک کرده‌وه‌و له‌و حزبانه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئیشاره‌م پێدا پاڵپشتیان له‌جێرمی کرد، که‌زۆریان وه‌ک ئه‌ندامانی حزبی کار هه‌ڵسوڕانیان ده‌رده‌که‌وت و ئه‌ندامگیریان بۆ ده‌کرد. ئه‌مه ده‌رگایه‌ک بوو به‌ڕویاندا کرایه‌وه که‌چالاک بنه‌وه‌و هه‌ڵسوڕان و ته‌بلیغ بۆ جێرمی و حزبی کار بکه‌ن. ئه‌وه‌بوو جێرمی و هاوڕێکانی ده‌ستیان کرد به‌ته‌بلیغ بۆ خۆیان و ئه‌ندامگرتن بۆ له‌یبه‌ر و روهێنان بۆ جێرمی زیادی کرد، به‌هێزکردنی باڵی خۆیان وه‌ک چه‌پ له‌ناو له‌یبه‌ردا ده‌برده پێشه‌وه، به‌ڵام باڵی راست زۆر به‌توندی رووبه‌ڕووی جێرمی بوونه‌وه‌و زۆربه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان به‌دژی بوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌م نوێنه‌رایه‌تی راسته‌وخۆی سه‌رمایه‌دار و خاوه‌ن کۆمپانیا و باڵی راستی بۆرژوزایان به‌ئاشکرا ده‌کرد و ترسی له‌ده‌ستدانی جێگا‌و رێگا‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان هه‌بوو بکه‌وێته مه‌ترسیه‌وه.
ئه‌گه‌رچی کۆربین وهاوڕێکانی نه‌خشه‌و پلانێکی رۆشنیان نه‌بوو که‌خه‌تێکی جیاکه‌ره‌وه‌ی ته‌واویان هه‌بێت له‌گه‌ڵ باڵی راستی ناو له‌یبه‌ر جیا له‌قسه‌وباس و به‌رگری له‌خواسته‌کانی جه‌ماوه‌رو داواکاری و ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی کۆمه‌ڵگا که‌مه‌وجود بوون، به‌ڵام هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵگاو ناڕه‌زایه‌تیه‌کان له‌به‌رامبه‌ر باڵی راستی ناو له‌یبه‌ر و له‌به‌رامبه‌ر حزبی پارێزگاران و لاوزبونێکی پارێزگاران به‌دوای ده‌رچونی به‌ریتانیا له‌یه‌کێتی ئه‌وروپاو وازهێنانی ده‌یڤید کامیرۆن له‌سه‌رۆکی وه‌زیران وه‌ک که‌سیکی چالاک و هه‌ڵسوڕاوی کۆنسێرڤه‌تیف و ده‌وڵه‌ته سه‌رمایه‌داریه‌که‌ی، که‌هیچ کات ئه‌م حزبه هێنده لاوازی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیبوو، ئه‌مانه هه‌مووی شانسیان دایه جێرمی ئه‌ندامێکی زۆر بگرێت و له‌کۆمه‌ڵگادا لایه‌نگری بۆ په‌یدا ببێت. هاوکات له‌گه‌ڵ دژایه‌تی گه‌وره‌ی باڵی راستی ناو له‌یبه‌ر و بڕیاردانیان که‌ئه‌گه‌ر جێرمی کۆربین له‌ڕابه‌ری حزبی کاردا بمێنێته‌وه ئه‌وا ئه‌وان قبوڵی ناکه‌ن. 172 له‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مان که‌زۆربه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانی له‌یبه‌ر ده‌کات له‌کۆی 231 ئه‌ندامیان به‌دژی جێرمی بوون و هه‌تا هه‌ڕه‌شه‌ی جۆراوجۆریان ده‌کرد، تا ئاخرین کۆنفراسی چه‌ند رۆژ له‌مه‌وبه‌ریش.
به‌ڵام کۆنفراس هاوکێشه‌که‌ی پێچه‌وانه کرده‌وه‌و به‌ته‌واوی له‌به‌رژه‌وه‌ندی جێرمی کۆربین و چه‌پی ناو حزبی کار کۆتایی هات. به‌ڵام بۆ جێرمی و چه‌پی ناو حزب ئه‌مه کۆتایی کارێک و سه‌ره‌تای کارێکی تربوو. بۆیه بۆ جێرمی ده‌ستپێکردنی ده‌وره‌یه‌کی تازه له‌باسی سۆسیالیزم و له‌سیاسه‌تی راگرتنی وه‌زعی ناو حزبه‌که‌ی و داوای یه‌کێتی ناو حزبه‌که‌ی و نیشاندانی دژایه‌تی حزبی کار له‌گه‌ڵ حزبی ده‌سه‌ڵاتدا حزبی پارێزگاراندا بوو، واته داوای کرد سه‌نگه‌ری جه‌نگیان له‌ناوخۆوه بگویزنه‌وه بۆ ده‌ره‌وه به‌دژی حزبی پارێزگاران و گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتودا.
کۆنفراس و گۆڕانی ته‌وازن له‌به‌رژه‌وه‌ندی جێرمی کۆربین و چه‌پ به‌ره‌وکوێ؟
ئه‌مه دووه‌م هه‌ڵبژاردنی جێرمی کۆربین بوو، یه‌که‌م ساڵێک له‌مه‌وبه‌رو دووه‌م کۆتایی سێپتێمبه‌ری ئه‌مساڵ بۆ سه‌رۆکی حزبه‌که. ئه‌مه یه‌که‌مجاره ته‌وازنی هێز له‌ناو حزبی کاردا به‌م ئارسته‌یدا ده‌ڕوات، له‌کاتێکدا 138000 ده‌نگی ئه‌ندامانی تازه به‌هۆی جێرمیه‌وه که‌له‌دوای مانگی شوباته‌وه بووبوونه ئه‌ندام حساب نه‌کرا، به‌ڵام رۆژی 24/9 له‌کۆنفراسێکی تایبه‌دا به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ که‌نزیکه‌ی %62 بوو جێرمی کۆربین ده‌نگی هێنا، له‌به‌رامبه‌ر %38 بۆ ئۆون سمیت وه‌ک نوێنه‌ری باڵی راست. ته‌وازنی هێز له‌به‌رژوه‌ندی جێرمی و و چه‌پی ناو حزبی کار، توانی به‌دوایدا قسه‌وباسه‌کانی جێرمی و جۆن ماکدۆناڵدو چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانی تر بگۆڕێ و فه‌زای کۆنفراسیش به‌هه‌مانشێوه‌و هێنانه ناوه‌وه‌ی باسی سۆسیالیزم بوونیان و قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌و کێشه‌و گرفتانه‌ی کۆمه‌ڵگاو شیعاری سه‌ره‌کی پێکه‌وه کار بکه‌ین بۆ گۆڕانکاری دروست، گواستنه‌وه‌ی جه‌نگی ناوخۆی له‌یبه‌ر بۆ جه‌نگ به‌دژی حزبی پارێزگاران، فه‌زای کۆنگره‌و ئاماده‌بوانی به‌چه‌پڵه‌لێدان و شادیه‌وه ده‌برده پێشه‌وه، ئه‌مانه هێزو ئومیدی خسته‌به‌رده‌م جێرمی و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان و ده‌رکه‌وتنی پاشه‌کشه‌یه‌ک به ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی باڵی راست و بێده‌نگی ژماره‌یه‌کی تر‌و هه‌تا روو هێنانی ژمایه‌کیان بۆ لای جێرمی. ئه‌گه‌رچی جێرمی وه‌ک نوێنه‌ری باڵی چه‌پ سه‌رکرده‌ی حزبه‌که‌ی گرت، به‌ڵام به‌مانای کۆتایی کێشه‌ی ناوخۆیی نیه!، خۆ ئاماده‌کردن بۆ ده‌سه‌ڵات له‌ساڵی داهاتوودا و کارکردن بۆی، زیاتر پاشه‌کشه به‌سه‌ر باڵی راستی ناو لیبه‌ردا ده‌سه‌پێنێت، به‌ڵام ئایا جێرمی توانای یه‌کده‌ستی حزبی له‌یبه‌ری هه‌یه، ئایا شانسی هاتنه ده‌سه‌ڵاتیان له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا هه‌یه، وه چه‌پ و سۆسیالیستی جێرمی چ کاریگه‌ریه‌کی ده‌بێت له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا، که‌زۆرێکی تر پرسیار‌و گرفت و پێشره‌وی له‌کاره‌کانی داهاتوودا رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه دێته پێێشه‌وه هه‌رهوه‌ها جۆری چه‌پ و سۆسیالسیتی حزبی کار‌و جێرمی له‌کۆمه‌ڵگادا ده‌خاته به‌رده‌م لێکدانه‌وه‌وه.
حزبی کار به‌سه‌رۆکی جێرمی کۆربین چ کاریگه‌ری و ئاڵ‌وگۆڕێک ده‌توانێ بکات!
جێرمی کۆربن پێشتر زۆر ئێدعایه‌کی گه‌وره‌ی نه‌بووه له‌سه‌ر سۆسیالسیت بوونی خۆی، خۆی وه‌ک چه‌پ نیشانداوه، تا به‌روونی له‌کۆنفراسدا ته‌عریفی خۆی له‌سۆسیالسیت بوونی خۆی کرد که‌له‌کوێوه ئه‌م سۆسیالیسته‌ی هێناوه‌و وه‌رگرتووه، به‌وه‌ی که‌هه‌رکه‌س سۆسیالیزم له‌و جێگایه‌وه دێنێت که‌لێی تێگه‌یشتوه‌و تاسیری له‌سه‌ری هه‌بووه، نه‌ک سۆسیالیزم له‌زه‌روره‌تی خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی چینی کرێکار‌و ئه‌سڵی مارکس خۆیه‌وه. هه‌ربۆیه سیاسه‌ت و به‌رنامه‌یه‌کیش له‌ئێستادا دایناوه له‌ئاستی کۆمه‌ڵگادا که‌خۆی و باڵی چه‌پی ناو له‌یبه‌ر که‌ئه‌م رابه‌رێتی بکات، به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ئه‌و خواسته جه‌ماوه‌ریانه‌و ره‌فاهێتانه‌یه که‌له‌ده‌وره‌ی تۆنی بلیرو دوایی حزبی پارێزگارانداو هه‌تا له‌ده‌ورانی تانسۆ چیله‌ره‌وه بڕاوه‌و هێرشی کراوه‌ته سه‌ر، له‌ته‌ندروستی، خوێندن، دژی راسیستی، بێکارکردن، مه‌سه‌له‌ی کۆچ‌کردوان، خانووبه‌ره‌و قوتابیان، که بۆخۆیان خواست و داواکاری جه‌ماوه‌رین له‌کۆمه‌ڵگاداو گرنگن.
واته جێرمی کۆربین ده‌یه‌وێت ئاڵ‌وگۆڕێک له‌و مه‌جالانه‌دا بکات نه حزبی کار که‌له‌ده‌سه‌ڵاتدا بوو نه حزبی پارێزگاران ئێستا له‌ده‌سه‌لاتدایه نه‌یانکرد، به‌ڵکو زیاتر فشاری زیاتریان ده‌خسته سه‌ر کۆمه‌ڵگاو به‌تایبه‌ت کرێکاران و ده‌ست ته‌نگانی کۆمه‌ڵگاو لێگرته‌وه‌نه‌ی زیاتریان ده‌کرد، به‌تایبه‌ت ئه‌زمه‌یه‌ک که‌یه‌خه‌ی سه‌رمایه‌داری و ئه‌مانیشی گرتووه، بۆ ئه‌وه‌ی سودی سه‌رمایه‌داران دانه‌به‌زێت ده‌بێت ئه‌و ئه‌زمه‌یه بشکێنه‌وه به‌سه‌ر به‌شی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگادا، بۆئه‌مه‌ش کرێی که‌م، بێکارکردن، زیاترکردنی داهات له‌سه‌ر کرێکاران و که‌مده‌رامه‌تی کۆمه‌ڵگا، گرانی، زیاترکردنی پاره‌ی خوێندن له‌سه‌ر خوێندکارانی زانکۆ، لێگرتنه‌وه‌ی له‌بواری ته‌ندروستی و خوێندنگاکان و رێگری زیاتر له‌سه‌ر په‌نابه‌ران و کۆچ‌کردوان…هتد . واته سۆسیالیزمێک که‌جێرمی تاکیدی لێده‌کاته‌وه گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ سۆسیال دیموکراتی ده‌ورانی ره‌فاهو ریفۆرمێک له‌هه‌لومه‌رجی فه‌لاکه‌تباری کۆمه‌ڵگادایه، له‌به‌رامبه‌ر بۆگه‌ناوی هه‌لومه‌رجێک که‌سه‌رمایه‌داری و ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ته‌کانیان به‌سه‌ر جیهان و کۆمه‌ڵگادا سه‌پاندویانه.
به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه له‌فه‌زای ئه‌زمه‌ی قوڵی سه‌رمایه‌داری ئه‌مڕۆو ناڕه‌زایه‌تی به‌رفراوانی جه‌ماوه‌ریدا، که ده‌رگایه‌ک جێرمی به‌ڕووی چه‌پی ناو حزبه‌که‌ی و کۆمه‌ڵگادا کردویه‌تیه‌وه بۆ باسی سۆسیالیزم له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدا (له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باسی سۆسیالیزم له‌کۆمه‌ڵگاو له‌ناو حزبه چه‌په‌کانی به‌گشتی هه‌ر هه‌بوه، به‌ڵام حاشیه‌یی و باسیکی سۆسیالیزمی دانیشگایی و غه‌یره کرێکاری و ترۆتسکیزم و ستالینیزم بووه)، ده‌کرێ تاسیراتی هه‌بێت، وه هه‌ر به‌م تاسیراته‌وه شانسی ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌مدایه که‌له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوی به‌ریتانیا له‌یبه‌ر به‌و چه‌پ و سۆسیالیزمه‌ی که‌ئیدعای ده‌کات ده‌نگ بهێنێت و ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست. بۆیه خۆ به‌چه‌پ زانین و ئه‌و سۆسیالیزمه‌ی ناو حزبی کار که قسه‌ی له‌سه‌رده‌که‌ن ئه‌گه‌ر بتوانێت دژایه‌تی باڵی راستی بۆرژازی ده‌سه‌ڵات بکات له‌سه‌ر ئه‌و خواستانه‌ی نێو کۆمه‌ڵگا کاریگه‌ری موسبه‌تی ده‌بێت. به‌ڵام به‌چه‌پێک و سۆسیالیزمێک که‌جێرمی ئیدعای ده‌کات ناتوانێت له‌وه واوه‌تر بڕوات، ئه‌گه‌ر تاسیراتی له‌سه‌ر نه‌بێت هه‌م تاسیراتی بزوتنه‌وه‌ی کرێکاری و رابه‌رانی، هه‌م تاسیراتی کۆمۆنیزمی کرێکاری. جێگای خۆیه‌تی خاڵێک ئیشاره بکه‌ین یه‌کێک له‌کاریگه‌ریه‌کان که‌جێرمی وه‌ک چه‌پ چالاک کرده‌وه، حزبی سیریزا بوو، ئه‌ویش به‌هۆی سیاسه‌تی چه‌پی زاڵی ئیستا‌و رانه‌وه‌ستان له‌پاڵ کرێکار‌و به‌دیلی کرێکاریدا به‌دیدێکی ماکسیستانه‌و کۆمۆنیستیه‌وه و هه‌روه‌ها فشاری حکومه‌تانی سه‌رمایه‌داری وڵاتانی ئه‌وروپادا شکستی خوارد، بۆیه ئومێده‌که‌ی جێرمی که‌متربۆ‌وه. به‌ڵام تاسیراتی کۆمه‌ڵگا له‌ناڕه‌زایه‌تی و له‌پاڵدا وه‌ستانی چه‌پ و رادیکالیزمی کۆمه‌ڵگاو له‌لایه‌کی تره‌وه وه‌حشیه‌ت که سه‌رمایه‌داری و حکومه‌ته‌کان به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵگا ئه‌نجامی ده‌دات، هه‌روه‌ها وه‌زعێکی شۆڕوشه‌وق به‌چه‌پ و سۆسیالیزم له‌کۆنفراسدا، ئومیدی دایه‌وه به‌ر جێرمی و هاوڕێکانی و ده‌کرێ کار بکرێت ئه‌م ئومێده زیاتر بێت.
چه‌پ و سۆسیالسیتی ناو حزبی کار ده‌رگا به‌ڕووی کرێکار‌و کۆمۆنیزمدا!
باسی سۆیالیزم له‌ناو حزبی کاردا ده‌کرێت له‌و تێڕوانینه‌ی که‌هه‌یانه بۆ سۆسیالیزمێک له‌چه‌شنی سۆسیال دیموکرات یان ترۆتسکیزم بگۆڕیت، به‌تایبه‌ت بۆ چه‌پێکی کۆمۆنیستی و کرێکاری، چه‌پێک که‌ئێستا له‌دنیادا مه‌وجوده‌و کار و هه‌ڵسوڕان ده‌کات زیاتر چه‌پێکه له‌ژێر کاریگه‌ریه‌کانی چه‌په‌کانی ده‌ورانی پێشودایه که‌زۆربه‌یان پاشه‌کشه‌یان کردوه‌و ژماره‌یه‌کی تریان وه‌ک باڵی راستی بۆرژوازی کار ده‌که‌ن له‌ده‌سه‌ڵاتدا، واته چه‌پێکه هێنده‌ی فه‌زای باڵی چه‌پی بۆرژوازی و باڵی چه‌پی ناسیونالیزم و چه‌پی زۆرگه‌رایی و میلیشیایی به‌سه‌ریدا زاڵه هێنده فه‌زای مارکس و خه‌بات و خواستی چینی کرێکار‌و کۆمۆنیزمی کرێکاری به‌سه‌ریدا زاڵ نیه. که‌مه‌نسوور حیکمه‌ت له‌جیاوازیه‌کانمادا هه‌موو ئه‌و جۆره چه‌پانه ده‌داته به‌ر ره‌خنه‌و جارێکی که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مارکس خۆی و بۆ کۆمۆنیزمی کرێکار.
ئه‌گه‌رچی چه‌پ و سۆسیالیزمی ناو حزبی کار‌و جێرمی ئه‌و چه‌په زاڵه‌ی فه‌زای ئه‌مڕۆیه که‌له‌جیهاندا مه‌وجوده، به‌ڵام وه‌ک حزبێکی ده‌سه‌ڵات نابێت ده‌ست که‌م بگیرێت، لایه‌نی ئیجابی و سه‌لبی خۆی هه‌یه. ئیجابی به‌و مانایه‌ی ده‌رگایه‌که به‌ڕووی کۆمۆنیزم و چینی کرێکاردا له‌کۆمه‌ڵگادا که‌له‌ژێر فشاری راستی بۆرژوازیدا بوو ده‌کرێته‌وه، که‌بتوانێت له‌ئاستی کۆمه‌ڵگادا شته‌کانی خۆی به‌فراوانی بهێنێته مه‌یدان و کۆمۆنیزمێک که‌له‌مارکس و چینی رێکاره‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه و هه‌م تاسیریش له‌چه‌پی ناو له‌یبه‌ر بکات که‌حزبی ناو ده‌سه‌ڵاته و ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا زیاتر روو به‌کۆمۆنیزم و چینی کرێکار روو بنێت و ته‌جروبه‌ی شۆڕشی به‌لشه‌فیک و لینین بڕواته ناویانه‌وه، به‌قازانجی ئاڵوگۆڕی ریشه‌یی له‌کۆمه‌ڵگا وه‌رچه‌رخێت.
سه‌لبیه به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر چینی کرێکار‌و چه‌په‌کانی ئێره‌ش وریا نه‌بن ئه‌و شیوه له سۆسیالیزم که‌پۆپۆلیستیه، یان نزیکه له‌سۆسیال دیموکراته‌کانی پێشوو که‌وه‌رچه‌رخان به‌ره‌و راست رۆیشتووه، به‌ژماره‌یه‌ک ریفۆرم نموونه‌یه‌ک ده‌خاته‌وه روو و ده‌یکاته سومبل بۆ سۆسیالیزم که دووره له‌خواست و خه‌باتی چینی کرێکار و سۆسیالیزمی کرێكاری، به‌و مانایه کاریگه‌ری مه‌نفی ده‌بێت.
به‌هێزبوونی کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی سۆسیالیزمی کرێکاری ناو چه‌پی حزبی کار‌و باقی چه‌پ و کرێکاری کۆمه‌ڵگا، وه‌پێداگریان و کارکردن بۆ ئه‌و خواست و داواکاریه جه‌ماوه‌ریانه که هه‌یه له‌کۆمه‌ڵگادا، وه داسه‌پاندیان به‌سه‌ر حزبی پاریزگاراندا، که‌باڵی راستی بۆرژوازی زۆر توندڕه‌وه به‌رابه‌رایه‌تی سه‌رۆک وه‌زیران تره‌یسی مه‌ی، هه‌م ئاڵوگۆڕی باشتر له‌ژیانی خه‌ڵی کرێکار‌و مه‌حرومی کۆمه‌ڵگادا دروست ده‌کات، هه‌م زه‌مینه‌ی به‌هێزبوونی بزوتنه‌وه‌ی کرێکاری و کۆمۆنیستی دروست ده‌کات. ئه‌مه‌ش له‌کۆمۆنیسته‌کان و رابه‌رانی کرێکاری ده‌خوازێت که‌ده‌خاله‌تی جدی و هه‌ڵسوڕانی جدی بکه‌ن له‌کۆمه‌ڵگادا به‌و ئاکاره‌دا.
30 سه‌پتێمبه‌ری 2016