Skip to Content

فلاشباک-37- ستیڤان شەمزینی

فلاشباک-37- ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 11, 2022 General


لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە


بەشی سی و حەوت

رقم لێتە مارکس.. چوونکە رۆژە خۆشەکانت شێواندم، بە بیرۆکەیەکی نەفرەتی، واتلێکردم بۆ شکانەوەی لقی درەختێک بگریم. واتلێکردم باجی خۆشویستنی مرۆڤ بدەم، واتلێکردم لە پێناوی خوشویستنی مرۆڤدا، دوا کەس خۆمم بیر بکەوێتەوە. رقم لێتە مارکس نەتهێشت وەک ئەو خەڵکە بە گەمژەیی بەڵام خۆشبەختانە بژیم، تۆ خوێنی یاخیبوونت خستە رۆحمەوە. چەند شیرینە ئازاری ئەم یاخیبوونە تاڵە!!. ئەگەر هەڵە نەبم پێموایە فیساگۆرس وتوویەتی “ئەم جیهانە بریتییە لە ژمارە و ئاواز” منیش چەند بیر لە مرۆڤ ئەکەمەوە تەنیا ژمارەیەکە لە ژیاندا ئەگەر ئاوازێکی پێچەوانە نەژەنێ، ئەگەر پێچەوانەی شەپۆلەکان مەلە نەکات. بۆیە یاخی بە و گوومان بکە و هیچ پیرۆزییەک مەناسە، ئەوسا ئەبیتە ژمارەیەکی جاویدانی.
سێ بارە لە 12 رۆژی رابردوودا، دوو پارچەی تر نووسینم لەسەر شێوازی “زەردەشت وەهای گوت” نوسیوە، یەکەمیان بە ناوی “وشەی یەکتربڕ” کە لای خۆم زۆر دڵگیرە و بەم شێوەیە تەوزیفم کردووە:
*گەر رۆژێک لە ناکاو ون بووم، لە هیچ شوێنێک بۆم مەگەڕێ، لە کۆڵانەکانی قەسیدەیەکدا بمدۆزەرەوە.
*بۆ ئەوە دروستکراوم گوومان بکەم و یاخی بم،‌ هیچ پیرۆزییەکم نییە و هیچ دەسەڵاتێکیش ناناسم.
*لەپێناوی نەمریدا هەوڵ مەدە، هەموو ماندووبوونێکت لە پێناوی ژیاندا چڕ بکەرەوە.
*هیچ تێزێکی فەلسەفی، هێندەی گریانی منداڵێک کاریگەریی لەسەرم نییە.
*لە هیچ شتێک ناترسم، تەنانەت لە مەرگیش، تەنیا لە ململانێ لەگەڵ گێلەکان دەترسم.
*جاران دڵتەنگ بووم خەونەکانم نایەنەدی، ئێستا دڵتەنگی ئەوەم خەونیش نابینم.
*نازانم بۆچی هەمیشە لە سەرەتای رۆژێکی نوێدا، هەست بە کۆتاییەکی حەزین دەکەم؟.
*ئەگەر فەلسەفە سوودێکی هەبوایە، دەمێک بوو بەهەشت هاتبووە سەر گۆی زەوی.
*جارێک تووڕە بووم لە بەرانبەر ئاوێنەیەکدا، زانیم مرۆڤ لەکاتی تووڕەییدا زۆر ناشرینە.
*پێشووتر هەوڵمدا فێربم بخوێنمەوە، هەنووکە هەوڵدەدەم بۆ نووسەرەکان بگریم.
دووەمیشیان لە ژێرناوی “هاوڕێکانم” کە مامەڵەیەکی رەمزییە لەگەڵ دنیای نووسەر و فەیلەسووفەکان، بەڵام جێگەیەک نییە کە لە رۆحی ئەم نووسینانە تێبگات تا بڵاوی بکەمەوە، رۆژنامەکان هەمووی ئینشای سیاسین، کە ناردیشم بۆ رۆژنامەی “هاوڵاتی” وتیان لە چ زمانێکەوە وەرتگێڕاوە؟! لە کاتێکدا ئەمانە نووسینی خۆمن!! ئەم کورتە نووسینەم لە ژێر ناوی “هاوڕێکانم” نادەم بە هەموو ناوەندی رۆژنامەگەریی کوردیی، کە ئەمەیە:
*کارڵ مارکس: لە مرۆڤبوون حاڵی کردم و پێیوتم گرنگ چۆن ژیانە نەک بۆچی ژیان، بەڵام هاوکات کردمی بە هاوڕێی ستالین و پۆل پۆت و ئەنوەر خۆجە.
*نیتشە: گوومانی بەرانبەر بە مارکس خستە دڵمەوە، فێری لە خۆبایبوونێکی شاعیرانەی کردم.
*سارتەر: لە خەونی کۆیلایەتی رایچڵەکاندم، سەرکەشی فێر کردم و هەموو رێگاکانی یاخیبوونی نیشاندام.
*رۆسۆ: یەک وانەی فێر کردم، زوو دان بەراستییەکاندا بنێم، بۆیە منیش رۆژێک دانپیانانەکانی خۆم دژی خۆم دەنووسمەوە.
*هیگڵ: هیچی فێر نەکردم، بە زمانێک قسەی لەگەڵ دەکردم لێی تێنەدەگەیشتم، بەڵام تەعاروفی لەگەڵ مارکس پێکردم.
*مەکسیم گۆرکی: سەری زمانی و بنی زمانی باسی دایکێکی ئازا بوو، لەم سۆنگەوە دەڵێم ئەو پەیوەستی کردم بە دایکمەوە.
*نزار قەبانی: ئێوارەیەکی پایز بوو ناسیم، کەچی هەموو ژیانمی پڕ کرد لەبەهار و لە عەشقی ژندا تواندمییەوە.
*لوی ئاڵتوسێر: زۆر زوو سەرنجی بەلای خۆیدا راکێشام، کردوومی بە دوژمنى بیروباوەڕە دۆگمەکانی هاوڕێ نزیکەکانی ترم.
*ئاراگۆن: زوو زوو ئەو پەنجەرە تەڵخەم لێدادەخا کە سەیری ژیانی لێوە دەکەم، بەڵام تائێستا رەنج بەخەسار بووە.
*فۆکۆ: هەوڵدەدات بۆم بسەلمێنێت لەناو شێتییەکانی مندا جوانی هەیە، ئەرێ ئەو پیاوە بۆ وازم لێناهێنی؟ دیارە دەیەوێ منیش شێت بکات و بمکاتە بابەتی توێژینەوە؟.
جگە لەمەش شیعرێکی تازەم نووسیووە ئەم ئێوارە، ئەگەر بتوانین بەمە بڵێین شیعر، بەڵام تازە نووسیوومە و ناویشم لێناوە شیعر، ئەگەر شیعر هەستی تاکە کەسێک بێت، ئەمەش هەستی ئەمێستای منە:
ئەی رەشبینی تۆ لە کوێی؟
پێکەنین کوشتمی
ئەی بێهودەیی تۆ لە کوێی؟
ئومێدەواریی کوشتمی
سەرنجێک: هێندەی حەشاماتێک پێدەکەنم، چوونکە ژیان بە پووچ و مایەی پێکەنین دەبینم.

2-7-2001
ستیڤان شەمزینی

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 126-130 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ چاپ بووە.

Previous
Next
Kurdish