Skip to Content

ئازادی دەربرینی بیروڕا لەکوردستان و کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان.. هیوا ئەحمەد

ئازادی دەربرینی بیروڕا لەکوردستان و کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان.. هیوا ئەحمەد

Closed
by ئازار 5, 2021 General

سەرەتا بۆ تێگەیشتن لەم پرسە دەبێت پێناسەیەکی کورتی ئازادی دەربڕینی بیروڕا بکەین بەگشتی تا بزانین لەکوردستاندا چەندێک ئەم مافە بونی هەیە و لایەنەکانی چۆنە.
ئازادی دەربڕینی بیروڕا بە گشتی واتە: دەەربڕین و خۆنیشاندانی بێمەرجی مرۆڤ لەهەموو ڕویەکەوە، ئازادی تەواوی هەڵسوڕانی سیاسی، دروستکردنی حیزب و ڕێکخرای سیاسی وجەماوەری ومەدەنی، ئازادی خۆپیشاندان وگردبونەوە وناڕەزایەتی دەربڕین، ئازادی دەربڕین و ڕەخنەگرتن لە هەر بیروباوەڕێکی جیاواز، ئازادی ڕۆژنامەگەری، ئازادی هەجوکردن، ئازادی دەەربڕین و خۆنیشاندان لە ڕویی هونەری و ئەدەبی وشیعرەوە.
لە هەرێمی کوردستاندا تا ئێستا دەستورێک نییە کە مافی ئازادی دەربرینی بیروڕا و ئەم مافە سەرەتایانەی خەڵکی تێدا جێگیرکرابێت و بەفەرمی ناسێنرابێت لەلایەن دەسەڵاتەوە، ئەوەی تا ئێستا هەیە و دادگاکانی کوردستان کاریپێدەکەن یاسای سزادانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس و ئەو یاسایانەن کە هەموارکراونتەوە کە یاساگەلێکی تەواو دژە ئازادی و سەرکوتگەرانەیە و دژی سەرەتاییترین مافی مرۆڤە، بەمپێیە یاسایەکی دانپیانراو و فەرمی سەبارەت بە ئازادی دەربڕینی بیروڕا لە کوردستان بونی نییە.
لە لایەکی ترەوە یاسای ئازادی رۆژنامەگەری هەیە کە لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوێنراوە، کە ئەویش دەیان مەرج وڕێگری بۆدانراوە وەک: ئاسایشی نەتەوەیی ونیشتیمانی نەخاتە مەترسییەوە، دژ بە ئاداب و ڕەوشتی گشتی نەبێت، دژ بە بنەماکانی شەرع و دین نەبێت… وەختێک ئەم هەموو مەرجە دادەنرێت ئیتر بەهیچ شوەیەک ناتوانرێت لە خانەی ئازادی بێمەرجی بیروڕادا دابنرێت. چونکە هەر ئەو بیانوو و تۆمەتەی کەئەمرۆ شێروان شێروانی ڕۆژنامەنووس و هاوڕێکانی پێدادگایکراوە ئەوەیە کە دەلێت ئاسایشی نیشتیمانیان خستۆتە مەترسییەوە!
ئەو کەمە ئازادیەی کە ئێسا لە کوردستان هەیە خێر و سەدەقەی دەسەڵاتی حیزبەکانی کوردایەتی نییە هەروەک هەمیشە ڕیاکارانە بۆچەواشەکردنی خەڵک بانگەشەی بۆدەکەن، بەڵکو ئاکام و درێژکراوەی ئەو کەشە نیمچە ئاواڵا سیاسیەیە کە بەهۆیی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە بەهاری ١٩٩١دا دژ بە رژێمی بەعس ئەنجامیاندا هاتەئاراوە. بەوەدەرنانی رژێمی بەعس و لاوازبون و هەڵوەشانی پایەکانی دیکتاتۆریەت و سەرکوت، خەڵک توانی تا ئاستێک سود لەو کەشە ببینێت و پییادەی هەندێک لە ئازادییەکانی خۆی بکات.

بەدەسەڵاتگەیشتنی ناسیونالیزمی کورد وحیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەپشتیوانی ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژئاوا هەر لەسەردەمی بەرەی کوردستانیەوە تا ئەمڕۆ ئەم دەسەڵاتە لەهەوڵی بەرتەسکردنەوە و نەهێشتنی ئەم کەمە ئازادیەدا بوە، خودی دادگایکردن و سزادانی دەستگیرکراوانی سیاسی و رۆژنامەنوسی بادینان لەڕاستای ئەم پرۆسەی بەرتەسکردنەوە ونەهێشتنی تەواوەتی ئەم کەشە نیمچە ئاواڵا سیاسیەدایە کە جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان لە خەباتدان بۆ هێشتنەوەیی وپاراستنی.
حیزبەکانی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد کە خۆی لە یەکێتی و پارتی و حیزبەکانی بەشدار لە حکومەتدا دەبینێتەوە بەهۆی ناڕەزایەتی قوڵی جەماوەری کوردستان دژ بەپێشێلکردنی ئازادیەکان و سەرکوت و دزی وگەندەڵی دەسەڵاتی ئەم دوو حیزبە و هەروەها بەهۆی یەکلانەبونەوە و نادیاربونی ئاسۆ و داهاتوی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان، دوچاربونیان بە قەیرانێکی قوڵی حوکمڕانی و سیاسی و ئابوری وکۆمەڵایەتی، قوڵبونەوەی جیاوازی وململانێی سیاسی و حوکمڕانی و حیزبی وبنەماڵەیی و دابەشبونیان بەسەر دوو قەڵەمڕەوی دەسەڵات و دوو جەمسەری سیاسی ناوچەیی دژ بەیەک کە بەرەی ئێران و تورکیان، تا ئێستا نەیانتوانیوە دەسەڵاتێکی یەکدەست و یەک ناوەند و تەواو دیکتاتۆریانە دروستبکەن کە بتوانن بەزەبری هێزی سەرکوت تەواوی ئەو دەسەتکەوتانە لە خەڵک وەربگرنەوە کە لە ئاکامی ڕاپەڕینی ساڵی ٩١ دا بەدەستهاتن، هەر بۆیە ئەم کەشە سیاسی و ئازادییە نیمچەئاواڵایە بەجۆرێک تا ئێستا بەردەوامی هەیە.
بەڵام ئەم دەسەڵاتەی کوردستان لە لایەکەوە کەوتۆتە بەر ناڕەزایەتیەکی قوڵی خەڵک و داوای ڕوخاندنی دەکرێت، وە لەلایەکی تریشەوە بەجۆرێک توشی قەیرانی سیاسی وحوکمڕانی و ئابوری بوە کە تەنها بە سەپاندنی دیکتاتۆریەت و سەرکوتکردن دەتوانێت درێژە بەدەسەڵاتەکەی بدات هەربۆیە کەیسی دادگایکردنی دەستگیرکراوانی بادینان لەڕاستای توندکردنەوەی ئەم سەرکوت ودیکتاتۆریەتەی ناسیونالیزمی کورد وحیزبەکانیدایەبۆ بەرگرتن بەڕاپەرینی جەماوەری خەڵکی کوردستان.
هەردوو حیزبی ناسیونالیستی کورد، یەکێتی وپارتی، ئازادی دەربڕینی بیروڕا لە فەرهەنگ و بەرنامەی سیاسی وپراتیکی ئەم دوو حیزبەدا نییە چ ئەوکات کە لە شاخ بون چ ئێستا کە ئەوە سی ساڵە لە دەسەڵاتدان. هەمیشە پێشێلکاری ئەم مافە بون و بەجۆرەها شێوە وبیانوی جۆراوجۆر سەرکوتیانکردوە، تا ئێستا هەزاران نەیاری سیاسی خۆیان زیندانی وئەشکەنجە وتیرۆرکردوە و دەیەها رۆژنامەنوس و نوسەر و خەڵکی ئازادیخوازیان تیرۆر کردوە کە نموونەکانی سەردەشت و سۆران و کاوە گەرمیانی و چەندەهای ترە.
لە کەیسی دادگایکردنی دەستگیرکراوانی بادینانان و حوکمدانیان بە شەش ساڵ زیندانی، مەبەستی پارتی لەمە ئەوەیە کە ئەو سەرکوتکردنی ئازادی سیاسیەی کە لەماوەی دەسەڵاتداریەتیاندا تا ئێستا پایادەیان کردوە، بەسازدانی سیناریۆیەکی قێزەونی لەمجۆرە بەیاسایی بکەن و شەرعیەتێکی یاسایی پێبدەن و بە یاسا قەدەغەی بکەن. بەم پێیەش کۆمەڵگا و جەماوەری کوردستان و چالاکەوانان و رۆژنامەنوسان چاوترسێن بکەن بە جۆرێک کە بیکەنە لەمپەرێکی یاسایی بۆ ئەوەی لە داهاتودا ڕێگە لەهەر جۆرە ناڕەزایەتیەک و ڕەخنەیەک کە لەبەرامبەر دەسەڵاتەکەیاندا دێتەئاراوە بگرن و لێرەشەوە بتوانن درێژە بەدەسەڵاتی سەرکوتگەرانەیان بدەن تا بتوانن کەڵەکەی سەرمایەی زیاتر و درێژە بە گەندەڵی و دیزینی سەروەت وسامانی کوردستان بدەن و خەڵکیش لە برسێتی و نەبوونی و ژیانێکی کولەمەرگیدا بهێڵنەوە.
ئەم سیاسەتەی پارتی ئەگەر بۆیی بچێتەسەر هەنگاوێکی مەترسیدارە بۆ خەڵک وکۆمەڵگا و پێویستە هەموو ئازادیخوازان و خەڵکی کوردستان بەگشتی لە هەوڵی جدیدا بن بۆ بەرگرتن بەم سیاسەتە و پاشەکشەپێکردنی.

هیوا ئەحمەد

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish