Skip to Content

سۆناتایەکی بێ ناونیشان.. ستیڤان شەمزینی

سۆناتایەکی بێ ناونیشان.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 20, 2024 General, Poems

مێشکم بووەتە قوتوویەکی ژەنگاویی
لێوانلێوە لە جەستەی ئەو گوڵە وەریوانەی
ھەناسەی ژەھراویی ژیانیان ھەڵمژی
ھێی، ئەی رێبواری شەکەت
چیتر بە دوای ھەقیقەتدا مەگەڕێ
ھەقیقەت جوجەڵەیەک بوو
چەقەڵی درۆ خواردی
ھێندە بەخت بۆ زەوی مەگرەوە
بەرچاوی تۆڕی جاڵجاڵۆکە گرتوویەتی
ئەو ئاسمانە بەرینە بە تۆ چی
گەر ئەستێرەیەک گۆرانیت بۆ نەڵێت؟
چی لە کتێبەکانی حیکمەت دەکەیت
گەر شێتخانە لە چارەی تۆ نووسرابێت؟
تازە ژیان چیتری ماوە پێتبەخشێ
کە منداڵی لێ زەوت کردیت و
بە ریشێکی ماش و برنجییەوە
خزاندیتیە لیتاوی مەنفاوە؟؟


تۆ بە سوراوەکەت
ژیان تۆخ دەکەیتەوە
من بە فرمێسکەکانم
مردن کاڵ دەکەمەوە
تۆ شوێنەواری ئازارەکانت دەسڕیتەوە
من زەمەنی گریان دەنووسمەوە
تۆ بەرچنەیەک لە تیشک کۆدەکەیتەوە
من دارستانێک لە برووسکە دەڕوێنم
تۆ سەرنجی ئەو دڵۆپە بارانانە دەدەیت
خۆیان دەدەن بە پەنجەرەی دڵتدا
من سەرقاڵم بە بۆمبابارانکردنی
قەڵا تاریکەکانی تەنھاییەوە
تۆ خەریکی نامەنووسینیت
من سەرقاڵی خوێندنەوەی نامەکانت
تۆ نووسیووتە
چەند پڕ کابووسە
ئەو جیھانەی بەتاڵە
لە خۆشەویستی
من ئیتر دەستەوەستانم
خۆم بھۆنمەوە


ئازارەکانم ھێندە روون و جوانن
رەنگە خودا
کۆڵانەکانی بەھەشتیان پێ بڕازێنێتەوە
ناوێرم زەردەخەنە حەزینەکانم
ئاشکرا بکەم
نەکا خودا
پێغەمبەرێکی دڵشکاوی
پێ بخاتە پێکەنین
شێوەی برینەکانم ھێندە قەشەنگن
خوداش نازانێ
شوێن پەنجەی کام شێوەکارە
ھەستەکانم ھێندە داگیرساو و گەرمن
ترسم ھەیە لێم بدزم
بۆ تواندنەوەی بەستەڵەکەکان
جنونەکانم ئەوەندە نوێباو و جاحێڵن
دڵی پیری عەقڵ
سەرلەنوێ گەنج دەکەنەوە
لەگەڵ ئەوەشدا پێی لێ دەنێم
چەندان غەمم
لە ھەناوی شیعردا حەشارداوە
ھەزاران فرمێسکم
لە باخچەی پشتەوەی چاو ناشتووە
عەشقێکی گەورەشم
لە دڵێکی بچووک پەستاوە

تێبینی: کۆی ئەم سۆناتایانە لە نێوان مانگەکانی دیسامبەری ٢٠١٨ تاکو مارتی ٢٠١٩دا نووسراون، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠یش بە لە کۆ شیعری (سۆناتای خۆشەویستی) لەلاپەڕە ١٧٨-٢٢٨ بەشێوەی کتێبی کاغەز چاپکراون و لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان پێش ھاتنی کۆرۆنا ڤیرۆس مەراسیمی بڵاوکردنەوەی بۆ ئەنجام درابوو.

Previous
Next
Kurdish