Skip to Content

“ڕۆمانی کوردی لە نێو ڕەوت و دیدە جیاوازە کانی ئەدەبی جیهانی، لێکەوتە و کاریگەرییەکانی”.. دڵشاد کاوانی

“ڕۆمانی کوردی لە نێو ڕەوت و دیدە جیاوازە کانی ئەدەبی جیهانی، لێکەوتە و کاریگەرییەکانی”.. دڵشاد کاوانی

Closed
by ئاب 6, 2021 General, Literature

دڵشاد کاوانی: فرەڕەهەندی بنەمایێکی بەهێزە بۆ دیاری کردنی ڕۆمانی باش و ناوازە. ئەوانەی زمان سادە دەکەنەوە چیڕۆک چڕدەکەنەوە ئەمانە نووسەرانێکن پانتایی بیرکردنەوەیان بچووکە و هەڵگڕی مەعریفەیەکی پتەو و بەهێز نین.

دڵشاد کاوانی: کۆمەڵێک ڕۆماننووسی تازە پەیدابوون فێری ئەوە بوون دەڵێن دەبێت ڕۆمان زمانی سادەبێت و گرێی گاڵی تێدانەبێت، دەیانەوێت خۆیان لەگەڵ خوێنەرانیان بگونجێنن من پێم وایە پانتایی بیرکردنەوەی ئەم ڕۆماننووسانە خۆی سادە و ساکار و بێ ئەوەی خۆشیان هەست بەوە بکەن لەگەڵ ئاستی خوێنەرەکانیان دابەزیوون.

دڵشاد کاوانی: مێژووی ڕۆماننووسانی جیهانی ئەمەی سەلماندووە، کە هەموو ئەو ڕۆمانانە سەرکەوتووترن کە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان فرەیی و هەمەچەشنی زێدەتر سەرکەتووترن لەوەی کە ڕۆماننووس یەخەی تەنیا یەک ڕووداو بگرێت و تا کۆتایی بە دوای دابچێت.

لێکۆڵینەوە: دڵشاد کاوانی ڕۆماننووس و ڕەخنەگر.

پێشەکی:.

ڕۆمان وەک دیارترین و تازەترین ژانری سەرەکی ئەدەبی، بۆتە بابەت و ڕوانینی جیا جیای ناوەندە زانستی و ئەدەبییەکانی جیهانی و وەک سەیروورەتێکی ئەدەبی خۆی خزاندۆتە نێو سەرجەم ئەدەبیاتی نووسراوی جیهان و ئەدەبە جیاوازەکانی گەلان و هەر یەکەیان بە زمانێک و کلتوورێکی جیاوازەوە لە ڕێگای ڕۆمانەوە دید و ڕوانین و بچم و دابونەریت و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەکەی خۆیان نیشاند دەدەن.
چیڕۆک و ڕۆمان لە شێوەی ژانرەکانی دیکەی ئەدەب بە سادە و ساکاریی لە هەناوی پەخشانەوە لە دایکبوو پاشان خزایە نێو فەرهەنگ و کایەکانی ژیانی مرۆڤ، بەم جۆرە ڕووی لە مێژووی ئەدەبییەوە ڕۆمان دەرگایای بەسەرو خواستی مرۆڤاییەتی کردوە دواتر گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
بۆئەوەی بەراوردێکی ئەدەبی زانستیانە بکەین، دەبێت سەرەتا بزانین ژانری ڕۆمان چییە و چۆن و کەی وەک پێوستییەکی نووسین ڕووی کردۆتە نێو ئەدەبیاتی جیهان و مێژوویی ئەدەبی نووسراوی کوردی، ئێمە لە کوێی ئەم هاوکێشەیە ئەدەبییە داین، کە ڕۆمان وەک ڕەوتێکی تازە و هەنووکەیی دونیای ئەدەب پێیدا تێدەپەڕێت.

سەرەتا:.

ڕێشەی ڕۆمان بۆ وشەی نۆڤڵ (novel) دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی هەژدە دوابەدوای وشەی نۆڤێلا (novella)، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بۆ چیرۆک بەکاردەهێنرا. وەک ناسنامە پەرەیسەندووە و گۆڕانکاریی بەسەرداهاتووە، ئێستا وا دادەنرێت کە ڕۆمان چیرۆکێکی پەخشانییە کە زیاتر لە پەنجا هەزار وشە لە خۆ بگرێت. ڕۆمان لە چیرۆک زیاتر سەرنج دەخاتە سەر پەرەسەندنی کەسایەتییەکان. ڕۆمان لە هەموو جۆر و ژانرەکانیدا لێکۆڵینەوە لەسەر دەروونی مرۆڤ دەکات.

مێژووی ڕۆمانی جیهانی:.

هەرچەندە ڕۆمان لە چاو ژانرەکانی تری ئەدەب درەنگ وەخت هاتە نێو فەرهەنگی ژیانی مرۆڤ، دەقی ڕۆمان كە بەشێوەی پەخشان نووسرابێت نەوەك شیعر و بە یەكەم ڕۆمان لە مێژووی مرۆڤاییەتی دابنرێت و بە تەواوی بەشەكانییەوە مابێتەوە، ڕۆمانی (كەری زێڕین)ـ لە نووسینی نووسەر و فەیلەسووفی ئەمازیغی لۆكیوس ئەپۆلیوس، لە ساڵی (١٢٥-١٨٠ز) ئەگەرچی ڕۆمانێكی دیكە پێش ئەو هەیە بەناوی (سێریكون) لە نووسینی (گایۆس پێترۆنیس ئەریتەر) کە لە ساڵی (٦٦ ز) مردووە و ڕۆمانێكی تەنزئامێزە، بەڵام بە ناتەواوی گەیشتۆتە دەستی خوێنەران و هەندێک بەشی لێ فەوتاوە. بۆیە ڕۆمانی (كەری زێڕین) یەكەم ڕۆمانی كۆنە كە دەقەكەی هیچی لێ نەفەوتابێت و وەک خۆی مابێتەوە. ڕۆمانی (كەری زێڕین) بە شێوازێكی نوێی ئەدەبی و بەشێوەی پێكهاتەگەرایی نووسراوەتەوە كە كۆمەڵێك چیڕۆك لەخۆ دەگرێت، كەسی یەكەمی تاك ڕووداوەكان دەگێڕێتەوە، ئەو شێوازەی لەم ڕۆمانەدا بەكارهاتووە، لە سەردەمەكانی دواتر لە گەلێك ڕۆماندا بەكارهێنرا و سوودی لێ وەرگیرا و تا ئێستاش سوودی لێ وەردەگیرێت.
لۆكیوس ئەپۆلیوس، نووسەرێكی لاتینی و گوتاربێژێكی ئەمازیغیی نۆمیدیە و فەیلەسووف و زانای سروشت و ڕۆماننووس و شانۆنووس و داستاننووس و شاعیر بووە، خەڵكی ناوچەی نۆمیدیا بووە، كە دەكەوێتە وڵاتی جەزائیری ئێستا. لە ساڵی (١٢٥ ز) لە شاری مادور (مداوروشی جەزائیر) لەدایكبووە، لە ساڵی (١٨٠ز) كۆچی دوایی كردووە.
سەرەتای ڕۆمانی ئەوڕوپی نوێ:.

لە دوای ئەوە، توێژەرانی ئەدەبی، باسی ڕۆمانی “دۆن كیشۆت” ی ڕۆماننووسی ئیسپانی میگڵ دی سێرڤانتس (١٥٤٧- ١٦١٦ز) دەكەن، كە بە دوو بەش لە ساڵانی (١٦٠٥) و (١٦١٥) بڵاوی كردۆتەوە و بە یەكەم ڕۆمانی ئەوروپیی نوێ، بە یەكەم گەورەترین كاری ئەدەبیی جیهانی دادەنێن و بۆ زۆربەی زمانەكانی جیهان وەرگێڕدراوە.
ڕۆمان لە جهیانی عەرەبی:.

بەمەش هونەری ڕۆمان زۆر دواتر دەگاتە جیهانی عەرەبی و ڕۆمانی ئاقیبەت خێر (حسن العواقب) ی زەینەب فەواز كە لە ساڵی (١٨٩٩ز) دەرچووە، بە یەكەم ڕۆمانی عەرەبی دێتە هەژمار، دوای ئەویش ڕۆمانی دڵی پیاوەكە (قلب الرجل) ی لەبیبە هاشم كە لە ساڵی (١٩٠٤ز) بڵاوی كردۆەتەوە، پاشان ڕۆمانی بەدیعە و فواد (بديعة و فؤاد) ی عەفیفە كەرەم دێت، كە ساڵی (١٩٠٦ز) بڵاوكراوەتەوە. ئەم ڕۆماننووسە ئافرەتانە، پێشەنگی ڕۆمانی زمانی عەرەبین و هەرسێكیان خەڵکی وڵاتی لوبنانن. ئەمە لە كاتێكدا كە تا ماوەیەكی زۆر و بەر لە دۆزینەوەی ئەمانە، لە مێژووی ئەدەبی عەرەبیدا، ڕۆمانی (زەینەب) ی محەممەد حوسێن هەیكەل، كە لە ساڵی (١٩١٤ز) بڵاوبۆتەوە، کە بە یەكەم ڕۆمانی عەرەبی دەزانرێت.
ڕۆمان لە ئەدەبیاتی کوردیدا:.

کەچی زۆر لەوە بەکاوەخۆتر لە ئەدەبیاتی كوردی لە ڕووی گێڕانەوەوە، وەكوو هەموو بوارەكانی دیكە، لە دوای ئەدەبیاتی وڵاتانی دیكە دێت، یەكەم ڕۆمانی كوردی، لە ساڵی (١٩٣٥) لە لایەن عەرەبی شەمۆ (١٨٩٧- ١٩٧٨)، لە ئەرمەنستان بە ناوی (شڤانێ كورمانجا) بڵاوكراوەتەوە كە بە پیتی ڕووسی نووسراوە، بەمەش (شڤانێ كورمانجا) دەبێتە یەكەم ڕۆمانی كوردی كە چاپ و پەخش كرابێت .
پێش ئەوە، ڕۆمانی (مەسەلەی ویژدان) كە ئەحمەد موختار جاف لە ساڵانی (١٩٢٧- ١٩٢٨) نووسیوییەتی، بەڵام ئەو كات و بە هۆی نەگونجانی بارودۆخەكە، یان هه‌ر بارودۆخێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ نووسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌، ئەم ڕۆمانە چاپ نەكرا و بە دەستنووس مایەوە، تا دوای ساڵانی حەفتا، ئینجا چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌.
یەكەم ڕۆمانی چاپكراوی كوردی باشووری كوردستان، ڕۆمانی (پێشمەرگە)یە، كە دكتۆر ڕەحیمی قازی نووسیوییەتی و سەرەتا لە ساڵی (١٩٥٩) لە شاری ئیرەوانی وڵاتی ئەرمینیا چاپ كرا و چاپی دووەمیشی لە بەغدا لە ساڵی (١٩٦١) بڵاوبۆ‌تەوە.

قۆناغەکانی ڕۆمان:.
ڕۆماننووسان، ئەمان بەپێی قۆناغ و گەشەی کۆمەڵایەتی و هزری و پێویستی ئەدەبی و کەرستەکانی نووسین و مەعریفەی تاکەکانی کۆمەڵگاکانیان گەشە دەکەن و بە ڕوونیش دەبینین نەوە دوای نەوە قۆناغی تازە و لە ستایل و مۆدێلی نووسینی ڕۆمان سەر هەڵدەدەن. بۆ نموونە لە هەر قۆناغێک هیچێک لە ڕۆماننووسەکان لە قۆناغی پێش خۆیان نامێنەوە. هەروەک قۆناغەکانی جیهانی بە گشتی بەم جۆرەیە.

ڕۆمانی سەدەی نۆزدەم

لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە ڕۆمان لە ژێر کاریگەریی سەردەمی پێشووتر بوو. لەم سەدەیەدا گرنگییەکان زیاتر لە بیر و ھەست. لەسەر سروشت و خەیاڵ بوون.
گۆتی بنچینەی ڕۆمانی ڕۆمانسییە و جەختیان لەسەر توانا ڕۆحییەکان دەکردەوە. لە ڕۆمانە ڕۆمانسییە دیارەکان (جەین ئیێر) کە لە ساڵی ١٨٤٧ لە نووسینی چــارلۆت بــرۆنتەیە یەکەمین نموونەیە لە ناو ڕۆمانە سەرکەتووەکان دەربارەی پەروەردەکار و پیاوی نادیار.
نمونەیەیەکی دیکە (وزەرین ھایت) کە لە ساڵە ١٨٤٧ بە قەڵەمی ئیمیڵی بڕۆنت نووسراوەتەوە، کە ئەویش ڕۆمانێکی ڕۆمانسییە.
ھەروەھا ڕۆمانەکەی ھـــێرمان مێلڤیل لەسەر سرووشتی باشە و خراپە بە ناوی (مۆبی دیک) کە لە ساڵی ١٨٥١ نووسراوەتەوە، (نامە سوورەکە) و (ماڵی حەوت گێبڵ) ڕۆمانی نـــاسانیەل ھۆپۆرنن، کە دەربارەی گوناح و پیوریتانیزم بووە. ئەمانە و چەندین ڕۆمانی تر نموونەی ڕۆمانی ئەو سەردەمەن.

ڕۆمانی سەردەمی ڤیکتۆریا

ڕۆمان هێندە جێگیر و دامەزراو بوو کە بووە زاڵترین نووسینی ئەدەبی لە ماوەی فەرمانڕەوایی شاژنە ڤیکتۆریای ئینگلترا (۱۸۳۷ـ- ١٩٠١). ڕۆماننووسە ڤیکتۆریاییەکان بەرپەرچدانەوەی قارەمانە خاوێن و چاکەکارەکانی چینی مامناوەندیان دژی کۆمەڵگە و فێربوونی هەڵە لە ڕاستەوە لەناو زنجیرەیەک هەڵەی مرۆڤدا بەرجەستەدەکرد. ڕۆمانێکی واڵکۆت سکۆت بووە ھۆی نوێکاری لە نووسینی ڕووداوەکاندا. نووسەرە ڤیکتۆریانە بەناوبانگەکان وەک چـــارلس دیکێنس، باشترین ڕۆماننووسی ئینگلیزی سەردەمی ڤیکتۆریان، (کـــریسمس کــارۆڵی) لە ساڵی ١٨٤٣ نووسیووە. لــویس کـــاڕۆڵ (چارلس لۆدویج دۆجسۆن) سەرکێشییەکانی ئالیشا لە وۆندەرلاند، لە ساڵی ١٨٦٤ و (بەناو شێوە شووشەییەکە) دا لە ساڵی ١٨٧١ نووسیووە.

ڕۆمانی ڕیالیزمی

ئەم ڕێبازە دوای شۆڕشی پیشەسازی لە سەدەی نۆزدەدا ئەو جۆرە ڕیالیزمە سەری هەڵدا. کە ڕەتکردنەوەی ئایدیالیزم و ڕۆمانتیسیزمی ژانرای پێشوو بوون. ڕیالیزم بەخێرایی گەشەیسەند و گۆڕا بۆ سروشتگەرایی کە بارودۆخی کەسایەتییەکان ڕەشبینتر و بێھێزبووبوون بەھۆی سروشتیانەوە.
نموونەی ڕۆمانی سروشتگەرایی (کابینەی خاڵە تــۆم) ھــاریت بــیچێر ســـتۆوە، لە ساڵی ١٨٥٢ دەربارەی شەڕی ناوخۆیی ئەمەریکا نووسیوییەتی. دوو ڕۆمانی دیکە لە لای (تــۆم ســاویێر) لە ساڵی ١٨٧٦ و (سەركێشی هەكەلبێرى) لە ساڵی ١٨٨٥ لەلایەن (مـــارک تــواین) و (ســاموێل لانگھۆرن کلێمنس) نووسراون، دواجار بوونەتە ڕۆمانێکی بەناوبانگ لە ئەمەریکا.

ڕۆمانی (مۆدێرنتە) و سەدەی ھاوچەرخ

ڕۆمانی سەدەی بیستەم بەسەر دوو قۆناغی ئەدەبیدا دابەشدەکرێت. ئەدەبیاتی مۆدێرنتە (۱۹٠٠-۱۹٤٥) و (ئەدەبیاتی ھاوچەرخ-تاکو ئەمڕۆ) کە پۆستمۆدێرنتەیە. لە ڕۆمانی مۆدێرن و ھاوچەرخدا پرسیاری بوونی، سەرانگیری بەسەر ھۆکارەکانی مرۆڤدا، سروشتی حەقیقەت و ڕاستی، فۆرمفی سەرەکی ڕۆمانەکانە.
ڕۆمانی ئەم سەدەیە ڕەنگدانەوەی ڕووداوە گەورەکانی گێتین وەک جەنگی دووەمی جیھانی و جەنگی فێتنام و ھێرۆشیما و جەنگی سارد و شەپۆڵی کۆمەنیزم. ڕۆمانە بەناوبانگەکان وەک ڕۆماننووس ڤیرجینیا ولف، ڕۆماننووس جەیمس جۆیس، لە کە بەناوبانگترین ڕۆمانی دژە جەنگه لەسەر جەنگی یەکەمی جیهانی نو بێ وسراوەتەوە. هەروەها ڕۆماننووسی ئەڵمانی ئیرخ ماریا ڕیمارک و (دەنگ و دەمارگیری) ڕۆماننووس و کورتەچیرۆکنووسی ئەمریکی ویلیام فۆلکنەر باس لە پووکانەوەی باشوور دەکەن لە دوای جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتە.

ڕۆمانی پۆستمۆدێرن

هەرچەندە ڕیالیزم و سروشتگەرایی ڕۆمانیان بردە سەردەمی ھاوچەرخی سریالیستی کە تێیدا کەسایەتییەکان کاریگەرتر بوون. لێ ڕۆمانی سەدەی پۆستمۆدێرنتە، ھاوچەرخ، حەقیقەتی ئەفسوناوی و خەیاڵ و ڕۆمانی ھێڵکاری لەخۆدەگرێت. جەخت لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ لە لایەن ھێزێکی بەھێزترەوە فرمانڕەوایی دەکرێت دەکاتەوە و گەردوونیش بە تەنھا ھۆکارێک شیناکرێتەوە. ڕۆمانە مۆدێرنەکان زمانێکی گاڵتەئامێزی تێدایە و متمانەی کەمتر بە نەریتەکان و چۆنییەتی باسکردنی کاتەکان لە چیرۆکەکاندا پیشاندەدات. ڕۆمانە پۆستمۆدێرنتەکان وەک: (ڕەنگی مۆر) ۱۹۸۲، لەلایەن ئەلیس والکەر، (لە خوێنی سارد) لەلایەن ترومان کاپوت لە ساڵی ۱۹٦٦، (ڕەگەکان)ی ئالێکس هالێی لە ۱۹۷٦، (ترس لە فڕین) ئیریکا یۆنگ کە لە ساڵی ۱۹۷۳، پێشەنگی ڕیالیستەکان، ڕۆمانی ئەفسوناویی (۱٠٠ ساڵ تەنهایی) گابرێل گارسیا ماركێز.

ڕۆمانی ناو خۆ:.

لە سەرەتاکانی دەیەی شەستەکانی سەدەی بیستەم دەقی ڕۆمان لە ئەدەبییاتی کوردی کەوتە جمووجۆڵ و گەشەی ئەدەبیی خۆی کە لە ڕۆماننووسانی شەستەکان دێن، بگرە تا دێتە سەر نەوەی حەفتاکان، نەوەیەکی دیاری ڕۆمانووسانی کوردین زۆر بە ڕوونی دەکەونە ژێر کاریگەری ئەدەبی ڕیاڵیستی و بە هۆی بوونی کێشەیەکی نەتەوایەتیی زیاتر بەرەو ئەدەبی بەرگری و ناسیۆنالیزمی و بە دیاری کراوی لە ژێر هەژموونی ئەدەبی ڕووسی دان. بەتایبەتی ماکسیم گۆرکی و دیسکۆفیسکی تریرۆدۆسکی کاریگەری تەواویان بەسەر ڕۆماننووسانی کورد هەیە. بۆیەشە زۆتر گۆشەنیگای ئەدەبی ئەوانە لەسەر فۆڕم بووە، نەوەک تەکنیک و شێوزا و بونیادی ئەدەبیی.
لە ئەدەبیات دا بە گشتی پێوەرێک هەیە و پەێڕەوی دەکڕێت وەک جولیا کریستۆفا دەڵێ: هەموو تێکستێکی ئەدەبی ڕێشەی لە ناو تێکستی پێش خۆیەتی. بە واتایەکی دیکە گەڕانەوەی نەوە بۆ پێش نەوەی خۆی ڕەنگە رەوابێت، ئەمە بە هێزی نەوەی دواتر دەردەخات. لێ من ئەمە بۆ ڕۆمان بە باش نایبینم چونکە دەبێت ڕۆمان هەمیشە لەگەڵ گۆڕانکاری و پێویستی ژیانکردنی مرۆڤایەتی خۆی نوێ بکاتەوە و هاوکات لەگەڵ شەپۆڵ و ئاڕاستە نوێکانی ڕۆمانی جیهانی ڕێ بکات.
من ئەم دەرچوونە لە قاوغی پێشوو لە ڕۆماننووسانی کورد زۆر بەدەگمەن دەبینم، هەرچەندە خۆ جیاکردنەوەی ئەدەبی پێوستی بە ڕێچکە و ڕێبازی ئەدەبی خۆجێی هەیە. بەڵام لە ئەدەبیاتی کوردی تەنیا هەوڵ دەبیندڕێت، هەروەک هەروەک ئۆکتاڤیۆپاس گوتوویەتى: نوێخوازى لەبەرانبەر نوێخوازییەکى تر ڕەخنەى گرتووە و خۆى بەیان کردووە، بۆیە لەڕێگەى مانیفێستەوە دەریدەبڕن. بەشەکەى دیکەیان ئەو جەنگەیە کە لەنێوان گرووپى ئەدەبى شارچییەتی هەیە، بیانووەکەش ئەوەیە کە جیاوازى ستایلى کارکردنە، یاخود جیاوازى بۆچوونە بەرانبەر بە زمانى ئەدەب. ئەگەرچى مانیفێستەکە چ لەنێو فیکر و چ لەنێو ئەدەبیاتى گەلانیشدا شتێکى نوێ نییە، پێشتر لەنێو ئەدەبیانى گەلانى ڕۆژهەڵاتیشدا هەبووە، بۆ نموونە لەنێو فارسەکاندا، (بزورگى عەلەوى و سادقى هیدایەت و د. موسەدەق ) هەبوون، ئەم ئەدیبانە لەژێر کاریگەرى ئاڵوگۆڕى ڕەوشێکى سیاسى لە ئێران، ئەو مانیفێستەیان دەرکرد، لەناو عەرەب و بەتایبەتى ئەدیبانى عێڕاقیش وەک (سامى مەهدى و فازل عەزاوى و فەوزى کەریم و خالید عەلى) درووستبوون، ئەمانیش لەژێر کاریگەرى فیکرى چەپگەرایى بوون کە لە ئەوروپا وە وەک پڕدێک لە لوبنان و میسرەوە ڕووی لە عێراق کردبوو، ئەم دەستانە خۆیان ڕاگەیاند و مانیفێستی تایبەت بە خۆیان بڵاو کردەوە.

دەستە و گروپە ئەدەبییە کوردییەکان

بەهەمان شێوەش لەناو ئەدیبانى کورد، مانیفێستەى ئەدەبى گرووپى کفرى و ڕوانگەییەکان بەتایبەتی بزوتنه‌وه‌ی (ڕوانگە لە ساڵى ١٩٧٠) هەبوون، ئەم بزوتنه‌وه‌یه‌‌ یه‌که‌مین بانگه‌وازی خۆی له‌ به‌رواری ٢٥/٤/١٩٧٠ دا له‌ ژماره‌ (١٥) ی رۆژنامه‌ی (هاوکاری) له‌ شاری به‌غدا بڵاوکرده‌وه‌. بزوتنه‌وه‌که‌ خواستی سه‌ره‌کی نوێکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی بوو، به‌ هه‌وڵی کۆمه‌ڵێک قه‌ڵه‌می تازەی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ که‌ دواتر ده‌بنه‌ ناوێکی دیاری ئەدەبیاتیی کوردی، لەوانە (حسێن عارف، کاکه‌مه‌م بۆتانی، جه‌مال شارباژێڕی، جه‌لال میرزا که‌ریم، که‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د شێرکۆ بێکه‌س) ئه‌مانه‌ لە ژێر دروشمی (بیری نوێ، وته‌ی نوێ، کرداری نوێ)، هه‌ستکردن به‌ زه‌روره‌تی تازه‌کردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی و نوێکردنه‌وه‌ی جیهانبینی خوێنەرانی کورد، هه‌ڵده‌ستن به‌ داڕشتنەوەی کۆمه‌ڵێک فۆڕم و پێودانگ و جومگه‌ی کۆنی ناو ڕۆشنبیری کوردی و گۆڕینی به‌ فۆڕم و ناوه‌ڕۆک و بابه‌تی تازه. لەوانە شێرکۆ بێکه‌سی شاعیر یه‌کێک بوو له‌ ڕابه‌رانی بزوتنه‌وه‌کە هەرچەند ڕۆماننووسانی وەک حسێن عارف و کاکەمەم هەبوون، لێ ئەمە زێتر لە لە چوارچێوەی شیعریی و هەوڵی تاکەکەسی مایەوە، نەوەک دەستە و گروپ.
هەروەها لە نەوەدەکانیشدا مانیفێستى (وێران) و پێشووتریش کۆمەڵێک نووسەری هەولێر دەستە چەمعییەکیان بەناوی قوتابخانەی هەولێر هەبووە، لە هەندەرانیش گرووپى (ڕەهەندییەکان) لە پەنای کارى فیکری و لێکۆڵینەوەدا خۆیان ڕاگەیاند. لێ هیچ یەکێک لەو دەستە و گرووپانە کاریگەری خۆیان نەخستە سەر نەوەکان و ئەو ستایلە ئەدەبییەش کە تا ئێستا کارى پێدەکرێت. لێ لە هەر یەکێک لەم بزوتنەوە ئەدبییەکان بەتایبەتی کوردی ڕۆڵی چێڕۆکنووسان و ڕۆماننووسان کەمتر دەردەکەوێت و مانیفێستەیانە نەبووە مۆدێل و گوتارێکى زاڵى ئەدەبى و نەوەى دواى ئەوان بیکات بە بنەما و کارى پێکات، چونکە ئەدەب کارى تاکگەراییە نەک گرووپ کە ئەمە دواى چارەکە سەدەیەک بوو بە تێگەیشتنى فیکرى لەناو ئەدیبانى کورد، هەر بۆیە دواتر لەبەریەک هەڵوەشانەوە، کە بینیمان گرووپەکانى کەرکووک و ڕوانگە و هەولێر و ڕەهەندەکان چۆن توانەوە و نەیان توانی تاکو نەوەکانى تر شتێک زیاد بکەن بۆ سەر ئەو مانیفێستە ئەدەبییانە، چونکە دەرکەوت ئەدەب کارى تەنیاییە نەک گرووپ.
دواجار ئەوەى کە لەچەمکى مانیفێستەوە تێدەگەین، کارێکى دوو پەتییە، یەکەمیان:. لە پشت دەقى ئەدەبیدا مشتوومڕێکیى مەعریفی و هزریى دێنێتە ئاراوە تا برەو بە جیاوازییەکان بدات، دووەمیان:. ئەوەیە کە لەو دیووی ئەدەبدا جیاوازىیەکان دەمرێت، دەرووناسی کەسی توندڕۆ دادەبڕێنێت لە نووسەری دەق کە ڕەخنە لە دەقەکەى دەگیرێت و بە ئاسایى وەریدەگرێت، ئەوەش کە گورز لە جیاوازى دیدگا دەوەشێنێت، گرووپێک ئەوانیتر پشتگوێ دەخەن و دایاندەبڕن لە دونیاى ئەدەب، بە بیانووگرتنی نوێخوازی و دابڕان و کەلێنێک دروست دەکەن و تاقی دەکرێنەوە، بۆیەیە هەموو مانیفێستەک تەنیا وتەنیا بۆ ماوەیەکى کورت دەڕۆن نەوەک درێژ.
دوو دەیەی پێشوو مایەی ئەوە بوون کە ببنە فاکتۆیەک بۆ گەشەسەندنی ئێستای ڕۆمانی کوردی هەرچەند ڕۆماننووسانی نەوەکانی پێشوو لە پەنجەکانی دەست تێنەدەپەڕین.
لەوانە حسێن عارف لە هەشتاکانەوە هەردوو ڕۆمانی شار و ئەندیشەی مڕۆڤێکی چاپ کرد، عەزیزی مەلا ڕەش کوێخا سێوێ و غەوارە خەسرو جاف کۆردەرە و هیچی چاپ کرد.
لە ئەدەبیاتی شاخ و کێو دا، محەممەد موکری ڕۆمانەکانی سەگوەڕ و تۆڵە و هەرەس و حەمە کەریم عارف کۆچی سووری چاپڤکرد. لە هەندەرانیش چەند بەرهەمێک لەدایکبوون وەک ڕۆمانی مرنا کاڵەکەی ڕەند و هاوارا دیجلەیێ محەممەد ئۆزۆن، بەشێوەزاری کرمانجی ژووروو.
ئەگەر چی لەم قۆناغانەشدا یەک شێوازی گێڕانەوە و کاریگەری شۆسیالیستی ناسیۆنالیزمی بە زۆربەی ڕۆمانەکانەوە دەبیندرێت، دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەم قۆناغە ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی کە ڕۆمانی کوردی لە قۆناغی نەوەدەکان زۆر زیاتر پێشبکەوێت، گەشەسەندنێکی وا بەخۆیەوە ببینێت کە هەرگیز گەشەسەندنی وای بە خۆیەوە نەبینێبێت.
سەرباری ئەو ڕۆمانانە کۆمەڵێک ڕۆماننووسی ڕەچەڵەک کورد ڕۆمانیان بە زمانی بێگانە ڕۆمان دەنووسی ناوبانگی جیهانییان هەبوو وەک یەشار کەمال کە بە تورکی دەنووسێت (سەلیم بەرەکات) بە عەرەبی (ئیبراهیمی یونسی) کە بە فارسی دەینووسی.
هەرچەند ئەم ڕۆماننووسانە لە لایەنی زمان ناچنە خانەی ڕۆمانی کوردی کەچی لە ناوەڕۆک باسی ژیان و خەباتی کورد دەکەن.

-دواین نەوەی ڕۆمانووسی کوردی
تا ئێستا جگە لە چەند ڕۆماننووسێک کە بە پەنجەی دەست هەژمار دەکرین، گەرنا بە گشتی ڕۆماننووسانی گەنج لەژێر هەژموون و کارتێکردنی ڕاستەوخۆی نەوەی پێشوتر دەرنەچوون و نەیانتوانیوە ئەم قاوغە تێک بشکێنن. بۆ نموونە ماوەیەک لەمەوبەر من دوو ڕۆمانی دوونەوەی جیاوازم خوێندەوە کە هەردووکیان لە ناوەڕۆکدا یەک باس بوون. کە یەکیان نەوەی حەفتاکان و هەشتاکانە دووەمیان ڕۆماننووسێکی تازەیە، هەردووکیان لە فۆرم و ناوەڕۆک باسی ڕێکخستنەکانی ناو شاری بزوتنەوەی کوردایەتی دەکەن. ئەمە کاردانەوە و موتربە کردنی بیری لقی دوومە لەسەر فۆڕم و بیری و کەدی یەکەم لق و پۆپی گرتووە، کە دەبووایە سیمایەکی نوێی بە بیرەکەی دابوایە. بۆیە پێوستە ڕۆماننووسان هەمیشە خۆیان تازە بکەنەوە و بەرەو ڕەوت و کارتێکردنی تازە بچن، لە بەرامبەرشیدا هەوڵی زۆر جوان هەن وەک پڕۆگرافیکی شەوانی باکۆی کەماڵ سەعدی، لە ڕووی شکلییەوە و سادیستییەتی ڕۆمانی بەڕێگاوەی بەندە و زانستیی مرۆڤی هەرزانی گۆران سەباح، عیرفانی ڕۆمانی میدیای هۆشەنگ شێخ محەمەد. کە بە تەواوی لە فکر و ناوەڕۆکی رۆمانەکانی پێش خۆیان دەرچوون و تازەن بە ئەدەبیاتی کوردی. ئارنست هەمەنگوای دەڵێت: شێوازی نووسین ئەوەیە، وا بنووسیت، پێشتر کەس وای نەنووسیبێت، داهێنانیش ئەوەیە لە هیچ داهێنانێکی پێشتر نەچێت.

پەیام لە نێو رۆمانی کوردی دا.
هەمیشە لە هەموو دونیادا ڕۆمان پەیامێکی بەرزتری بۆ خوێنەرانی پییە، بۆیە زۆر جار نووسه‌ر ده‌گه‌یێنیته‌ ئاستی دوودڵی و دڵه‌ڕاوێكی جددی. لێره‌ كارامه‌یی و زه‌ندی نووسه‌ر خۆی زیت ده‌كاته‌وه‌ و دێته‌ پێشه‌وه‌ كاتێك كه‌ وا له‌ خوێنه‌ر ده‌كات ناچار تا ئاستی ده‌ق به‌رزبێته‌وه‌، چونكه‌ پانتایی نێوان و خوێنه‌ر نووسه‌ر زۆر جار وه‌ك پانتایی نێوان زه‌وی و ئاسمان واییه‌، گر‌نگه‌ باشترین نووسه‌ران ئه‌و كه‌سانه‌ نه‌بن كه‌ بۆ ئاستی خوێنه‌ر نه‌یێنه‌ خواره‌وه‌ به‌ڵكوو ئه‌وه‌ خوێنه‌ره‌ ده‌بێت به ‌پایه‌كان و نه‌رده‌بانه‌كانی نووسین سه‌ركه‌وێت وه‌ك جبار جمال غریب ده‌ڵێ: من گه‌ر یه‌ك خوێنه‌رم هه‌بێت درێژه‌ به‌ نووسین ده‌ده‌م.
سەرەڕای هاتنی گۆلباڵ و پێشكەوتنی تەكنەلۆژییا و سەرقاڵبوونی زیاتری مرۆڤەكان و خەریكبوونیان بە بابەتە كورت و خێراكان، تا ئێستاش ڕۆمان پێگەی خۆی لەدەست نەداوە و ڕۆماننووسانیش بەردەوام لە ڕووی تەكنیك و گرێچنی و گێڕانەوەی ڕووداوەكانەوە، پەرە بە هونەرەكەیان دەدەن. هەرچەندە لەگەڵ دەركەوتنی كۆمپیوتەر و مۆبایل و ئامێرە زرنگەكان، باسی مەرگی نووسراوی سەر كاغەز و بەر لە هەمووشیان باسی مەرگی ڕۆمان لە جیهان دەكرێت. مێژووی ڕۆماننووسانی جیهانی ئەمەی سەلماندووە، کە هەموو ئەو ڕۆمانانە سەرکەوتووترن کە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان فرەیی و هەمەچەشنی زێدەتر سەرکەتووترن لەوەی کە ڕۆماننووس یەخەی تەنیا یەک ڕووداو بگرێت و تا کۆتایی بە دوای دابچێت. لە بەر دوو هۆکار.

ڕۆڵی ڕۆمان لە هەمبەر فەلسەفەدا:.
هەڵبەتە ژانری ڕۆمان یەکێکە لە ڕەگەزەکانی ئەدەب کە مرۆڤ بە دەربڕینی زمانێکی جیا لە گێڕانەوەی ڕووداو و بەسەرهاتەکانی ژیان بەدەر لە نووسینەوەی مێژوو و یادەوەریی و بیرەوەرییەکان، بە زمانێکی تابەتی تر و باڵاتر لەوانەی پێشوو کە باسمان کرد، لە ڕێگای گەمەی زمان و گێڕانەوەی سەرد و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و دەرخستەی داهاتووی خۆی پێ دیاری دەکات. هەروەک ئەلبێڕ کامۆ لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا ئێژێ “ئەوەی ڕۆمانی پێ لە ژانرەکانی تری ئەدەبی جیا دەکرێتەوە هەمەچەشنی و فرە ڕەهەندی ڕۆمانە لە نووسینەوەی ڕووداوەکان” بەمەش ڕۆمان وەک قورسترین و زەحمەترین ژانری ئەدەبی دیاری دەکرێت. بە هەمان شێوە کامۆی ڕۆماننووسی جیهانی لە درێژەی تێڕوانینە تایبەتییەکانی خۆیدا دەنووسێت ” بۆئەوەی بتەوێت ببیت بە فەیلەسووف سەرەتا بڕۆ ڕۆمانێک بنووسە” گەر بێت و ئەمە دیدگایەکی ئەدەبی بێت بۆ باڵگرتنی دەقی ڕۆمان، پێچەوانەکەشی هەر درووستە. وەک ژان پۆڵ سارتەری فەیلەسووفی بوونگەڕایی ولۆ سەرنجی دەخاتە سەر فەلسەفە ” فەلسەفە وەک نووسینی ڕۆمان وایە، لە هەموو ڕووداوێکدا پرسیارێک درووست دەکات” بەم پێودانگە کەواتە دەکرێت ڕۆماننووس وەک فەیلەسووفێکی بچووک لێی بڕواندرێت. سەرباری ئەوەی کە مەرجە نووسەری ڕۆمان سەرەتا ئەدیب بێت و دواتر ڕوانینی تایبەتی و باڵای هەبێت بۆ ژیان و سەرداوی جیاواز و ئەبستکراتی و ڕەهایی هەبێت بۆ پڕۆژیکتۆیی ژیان و دەرخستەی نهێنی و پەنهانەکانی ناخی مرۆڤ لەبەر یەک هەڵبخات، شیکاری بۆ بکات و بیخاتە بەر خەرمانی ئەدەب و ئازایانە و بە بوێریەوە بیخاتە بەر باس.

هەمەچەشنی و فرە ڕەهەندی لە ڕۆماندا:.
مێژووی ڕۆماننووسانی جیهانی ئەمەی سەلماندووە، کە هەموو ئەو ڕۆمانانە سەرکەوتووترن کە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان فرەیی و هەمەچەشنی زێدەتر سەرکەتووترن لەوەی کە ڕۆماننووس یەخەی تەنیا یەک ڕووداو بگرێت و تا کۆتایی بە دوای دابچێت. لە بەر دوو هۆکار.
یەکەمیان: تەنیا ڕووداوێکی دیاری کراو، خوێنەرێکی دیاری کراویش بە سەرنج دەگرێت.
دووەمیان: تەنیا یەک ڕووداوی گشتگیر پەیامێکی دیاریکراویش بەدەستەوە دەدات. وەلێ لە فرە ڕەهەندی ڕووداو دا خوێنەری هەمە ڕەنگ و پەیامی فرە چەشنیش دەکاتە ئامانج.
ئەرکی ڕۆمان لە ژیانی مرۆڤ:.
هەروەک چۆن هەردوو نووسەری دیاری جیهانی بواری دەروونی ماسۆشیەت و سادیزمی، دۆناتا فرانسۆ دیسادی فەرەنسی، ناسراو بە مارکیز دیساد لە ساڵی ١٧٤٠- ١٨١٤ و فۆن زاخر مازۆخی نەمساوی لە نێوان ساڵانی ١٨٣٦-١٨٩٥ دوو نووسەری دەروونشیکران نەبوون بەڵکوو دوو ڕۆماننووس بوون توانیان گەورەترین هەر دوو نەخۆشی سادیستییەت و ماسۆخیزمی بدۆزنەوە. بەمەش دەشێ ڕۆماننووس ببێتە فاکتۆیەک بۆ چارەسەر و گۆڕانکاری گەورە لە سەرجەم کایەکانی ژیانی مرۆڤایەتی، لە ڕزگاری و ئازادیی و پاراستنی چەمکە مرۆییەکان.
تەنانەت وەک بەرگریکاری نوێ و بێ لاگیری و گوێدانە قرخە قرخ و مقۆکان و هەڵواردەی جیاوازییە سروشتییەکان، ڕۆماننووس ڕۆڵی کارای دەبێ وەک ژیل دۆلۆز دەڵێت ” نموونەی هەرە گەش لای من بریتییە لە: کافکا، بیکێت، گیراسیم لۆکا و گۆدار، نووسینەوەی تەتەڵەیەکی زۆر جوانیان داهێنا، ئەویش نووسینەوەی تەتەڵەی تایبەتی خۆیانە. بەو پێیەش وەکوو کافکا ئەرکی ڕۆماننووس نووسینەوەی ڕووداوەکان و پیسی و پۆخڵی مرۆڤە وەک خۆی و لە ڕێگای شەپۆڵەکانی هزر و خەیاڵی تایبەتی نووسەر، بەمەش نووسەر دەبێتە هەڵگیرسێنەری شۆڕشێکی تایبەتی لە ناخی خوێنەردا و لێکەوتەکانیشی دەچێتە خزمەتی گیرفانی کەسانی تر، بەناوی شۆڕشی فکری و کۆمەڵایەتی و سیاسی، نەتەوەیی و نەژادی، ئەمەش بە ڕوونی لە لای ماکسیم گۆرکێ لە “دایک” و “زانکۆکانی ژیانم” و چیخۆڤ “زیندە خەون” و دیسکۆفیسکی لە “تاوان و سزا” دا بە سەرجەم ڕەهندەکانی دیکە دەبنە سەیرورەتی ژیان لای خوێنەر.
زمان لە ڕۆمانی کوردی دا
سەرباری ئەوەی ڕۆمانی ئێستا لە ناوەڕۆکی گێڕانەوە و تەکنیک و شێوە و شێواز و بوونیاد بەهێزە، لە بۆگێڕەوەی هەمووشتزان و کەم شتزان دا، پێشکەتووترە لە ڕۆمانەکانی شەستەکان و حەفتاکان، ئەمەش کاریگەرییەتی زۆر و زەوەندی وەرگێڕانی دەقی بیانی و نووسەرانی بێگانەیە لەسەر ڕۆماننووسانی کورد.
پێم خۆش بوو ئەمە ڕوون بکەمەوە کە ئێستای ڕۆمانی کوردی لە ڕووی زمان و لە ڕێنووسی و ڕێزمانی کوردی، لە خراپیترین دۆخی زمان دایە و دەتوانین بڵێین زۆربەی ڕۆمانووسانی کورد نەشارەزان بە زمانی جگماکیی، هەر ڕۆماننووس ڕێنووسێکی تایبەتی خۆی هەیە و بەتایبەتی تر لە بەکار هێنانی زمانی و ڕێنووسی، سەرباری ئەوەی بۆچوونی جیاوازم هەیە. بە باشم زانی دەستکاری نەکەم و وەک خۆی بیهێڵمەوە، هەرچەندە جەخار ئێمە تا ئێستا یەک ڕێنووسی دیاریکراو و یەکانگیریی کوردیمان نییە، بەڵکوو ئەسەف هەریەکەمان بە جۆرێک دەنووسێت. وەک ئەوە وایە بڵێین لە جەنگدا هەموو شتێک ڕەوایە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی زمانی داگیرکاریی زمانەکانی سەردەستە و کۆچ و تێکەڵی ڕۆمانووسانە بە ئەدەبی دەرەوە و کە سەری زمانی کوردی خواردوە.

ئەنجام:.

هەڵبەتە هەموو دەقێك چەندان گۆشەنیگای جیاوازی هەیە و دەشێت چەندان توێژینەوە و خوێندنەوەی جیاواز بۆ یەک دەق بكرێت، ئەوەی ئێمەیش شیانی ئەوەیە لە چەندان گۆشەی دیكەوە لەبارەی ڕۆمانەوە بدوێن، وەلێ ناكرێت لەبارەیانەوە نەدوێن. ڕێی تێناچێت ڕۆمانێک بنووسرێت، هەڵگری هیچ پەیامێک نەبێت، خوێنەر هیچی لێوە فێر نەبێت و کەم و زۆر بەشداری لە گۆڕینی هزری تاکی کورد نەکات، خوێنەری کورد تامەزرۆیە، خۆی لە ڕۆماندا ببینێتەوە، تێکەڵی ببێت و پرسیاری لا دروسست بێت، ڕۆماننووس بە ئاسانی دەتوانێت خوێنەری بورووژێنێت. خوێنەر لە ڕۆمانەوە فێر دەبێت، چۆن چێژ لە ژیان وەردەگرێت و زۆر جار خۆی لە دەقدا دەدۆزێتەوە کە لە واقیعدا دەستی ناکەوێت. بۆیە دوای ئەو لێکۆڵینەوەیە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی ڕۆمانی کوردی لە نێوەندێکی جیاوز دایە نە فرە دەنگە و نە یەک دەنگ، واتە ڕۆمانی کوردی نەوەک تاک توانیوییەتی وەک دەنگی جیاواز سنووری زمانەکانیتر ببڕێت و هەروەها وەک رەوت و دەستە و گروپیش نەبۆتە ئەودەنگە کە ببێتە ڕیبازێکی بە هێزی ئەدەبی و کاریگەری و لێکەوتەی بەسەر گەلانی دیکە دا هەبێت، تەنیا هونەری ڕۆمانی کوردی لەسەر هەوڵی جوانی تاکەکەسی ماوەتەوە.

سەرچاوەکان

کوردی:.

-ڕۆمانی كوردی، مێژوو و سەرهەڵدان، له ‌سه‌ره‌تاوه‌ تا ڕاپه‌ڕینی (١٩٩١)- سەنگەر زراری. گۆڤاری ڕامان، ژمارە (٢٣٩)، نیسانی (٢٠١٧)
-ڕۆمانی پێنجه‌مین كتێب. جمال جبار غریب.چاپی ٢٠٠٩.
-کتێبی یادداشتەکان ئەلبێر کامۆ. و پێشڕەو حسێن. چاپی ٢٠١١.
-کتێبی فەلسەفەی ژیل دۆلۆز. و ڕێبین ڕسوڵ اسماعیل. چاپی ٢٠١٨.
-حسێن عارف : روانگه‌و یاران و نه‌یارانی- ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م ، سلێمانی- چاپی یه‌که‌م ، 2005 .
شوان ئه‌حمه‌د : ڕوانگه‌ی یار و نه‌یار . 2013-12-04ڕۆژنامەی ئەیکتڕۆنی وتاری کورد.
مانیفێستۆى ئەدەبى. سمکۆ محەمەد . ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان ٢٠١٩ ئازار ٢٧ .

عەرەبی:.

-تأريخ الرواية، الموسوعة العربیة العالمیة- مجلد (١١)، مؤسسة أعمال الموسوعة للنشر و التوزيع, ط٢، ١٩٩٩.

  • كتاب نظرية النص الادبي. عبد المللك مرتاض. 3- يونيو 20017.
  • لأدب بين القومية والعالمية كيف يصبح الأثر الأدبي جزءا من الأدب العالمي. https://al-vefagh.ir/News/163716.html

فارسی:.

  • دن کیشوت.سروانتس ترجمه ی محمد قاضی. – ۲۹ بهمن- ۳۱۹۷ .
    -نام کتاب : مسخ (The Metamorphosis)نویسنده کتاب : فرانتس کافکا ژانر کتاب : پوچ گرایانه قالب ادبی : رمان زبان : آلمانی تاریخ خلق اثر : پراگ ، ۱۹۱۲ تاریخ چاپ : ۱۹۱۵ ناشر: Kurt Wolff Verlag.
    -بهرترین رمان ها تحلیل رمان ۱۹۸۴ اثر جورج اورول. پتامبر 23, 2019/2 دیدگاه /توسط محمدرضا تیموری.

mm

دڵشاد ڕەزاق ڕەسوڵ ناسراو بە (دڵشاد کاوانی). نووسەر و وەرگێڕ و چیرۆکنووس ڕۆماننووس و ڕۆژنامەنووس. چاڵاکوان له بواری ڕێکخراوەیی و مافەکانی مرۆڤ. لەدایکبووی 01-07-1978 شاری قەزوینی ئێرانە. لە ساڵی 1984 لە گوندی کاوانیانی شەقڵاوە چووەتە بەر خوێندن. یەکەم وێستگەی نووسینی لە ساڵی 1996 بە شیعر دەستی پێ کردووە. پاشان یەکەم چیڕۆک بە ناوی (هەرگیز پاشگەزنابمەوە) لە ساڵی 1997 نووسی، زیاتر لە 24 چیڕۆک و (100) کورتیلە چیڕۆکی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاوکردۆتەوە، خەڵاتی یەکەم و دووم و باشترین چیڕۆکی لە فیستڤاڵەکانی کوردستان وەرگرتووە.

Previous
Next
Kurdish