
یوسف عزه‌دین له‌گفتوگۆیه‌كی گۆڤاری لڤین-دا … سازدانی: وریا باقر
( یوسف عزه‌دین یه‌كێكه له ده‌نگه جیاوازه‌كانی ناو دنیای فیكر له دنیای رۆشنبیری كوردیدا. ئه‌و خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی له‌نوسینداو هه‌ر ئه‌وه‌شه كه ره‌سه‌نایه‌تی پێبه‌خشیوه. له‌م دیداره‌دا گۆڤاری لڤین گفتوگۆیه‌كی تایبه‌ت له‌گه‌ڵا ئه‌م نوسه‌ره ره‌خنه‌گره‌دا ده‌كات)
لڤین: بۆ ده‌بێت هه‌ر له‌سه‌ره‌تاكانی مێژووی مرۆڤایه‌تییه‌وه، جه‌نگ و كوشت و كوشتار و توندوتیژییه‌كان، گه‌وره‌ترین پشكی هه‌بێت له‌مێژووی ده‌سه‌ڵاته جیاجیاكاندا؟ به‌ڕای ئێوه وه‌ك روناكبیر و نووسه‌ر، ئایا هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نه‌رم و نیان له‌مێژوودا ده‌بیننه‌وه؟
یوسف عزه‌دین: ئه‌گه‌ر سۆمه‌رییه‌كان وه‌ك شارستانیه‌تێكی دێرین و سه‌رنج راكێش له‌مێژوودا بكه‌ینه نموونه، ده‌بینین داهێنه‌ری شێوازه نووسینی “مێخی”بوون و چه‌ندین سه‌ده له‌نێو وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌دا به‌كارهاتووه‌و توانیویانه له‌ڕێی نووسینه‌وه، گه‌لێك رووداوی ریالیستی و هه‌ندێك جاریش به‌سه‌رهاتی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌مان پێ بگه‌یه‌نن.. لای سۆمه‌رییه‌كان دوو جۆر مێژوو هه‌بووه، مێژوویه‌كی پێش تۆفان و مێژوویه‌كی دوای تۆفان. لای ئه‌وان خوداوه‌ندی سه‌ره‌كییان له‌یه‌كێك له‌گه‌ڕۆكه‌كان نیشته‌جێیه‌و ناوی گه‌ڕۆكه‌كه‌ش نیبرۆ-یه‌و ئیتر له‌وێوه نه‌وه‌ی خوداوه‌نده‌كان به‌ره‌و زه‌مین چوون و به‌پێی بڕوای ئه‌وان، ته‌نها ساڵێكی سه‌ر گه‌ڕۆكی نیبرۆ سێ هه‌زار و شه‌ش سه‌د ساڵی سه‌رزه‌مین بووه‌و به “سار” ناویان بردووه..به‌ڕای ئه‌وان ته‌مه‌نی مرۆڤی پێش تۆفان گه‌یشتۆته هه‌زار ساڵ و دوای تۆفانیش كورتكراوه‌ته‌وه بۆ سه‌د ساڵ و قسوور.. سۆمه‌رییه‌كان شاره‌زاییه‌كی سه‌رسووڕهێنه‌ریان هه‌بووه له‌به‌كارهێنانی زێڕ و زیوداو به‌چه‌شنێك كه‌له‌ئێستاشدا لاسایی كردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌له ناوازه‌كانیان ئاسته‌مه، ئه‌مه جگه له‌زانین و خستنه‌ڕووی زانیاری سه‌باره‌ت به‌هه‌ساره و گه‌ڕۆك و ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی بینینیان به‌چاو ئاسان نییه.. تاساڵانێكی زۆریش مێژوونووسان پێیان وابوو، سۆمه‌رییه‌كان ئاشتیخواز و نه‌رم و نیان بوون و وه‌ك شارستانێتییه‌كانی تر دڕنده‌و خوێناویی نه‌بوون، به‌ڵام دۆزینه‌وه ئه‌ركۆلۆژییه‌كانی “جۆن ئه‌لده‌ر” پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ی سه‌لماند، وه‌ك له‌كتێبی “به‌رده‌كان ده‌دوێت”دا پێیوایه..سۆمه‌رییه‌كان حه‌زیان به‌زیاده‌ڕه‌وی بووه له‌پێشكه‌شكردنی مرۆڤ وه‌ك قوربانی، به‌تایبه‌تیش كاتێك پاشا‌و میره‌كانیان ده‌مردن، له‌یه‌كێك له‌گۆڕستانه تایبه‌ته‌كانی یه‌كێك له‌پاشاكانیاندا، ئێسك و پرووسكی تیمێكی سه‌ربازی به‌جلی فه‌رمییه‌وه دۆزرایه‌وه كه‌له‌ئاماده‌باشیدا رمه‌كانیان به‌ده‌سته‌وه بوو.. سه‌رباری دۆزینه‌وه‌ی نۆ مێینه‌ی كۆشك ، به‌تاجه ئاڵتوونییه‌كانیانه‌وه و له‌زاركی گۆڕستانه‌كه‌شدا دوو عه‌ره‌بانه‌ی چوار پێچكه دۆزرانه‌وه.. هه‌ر یه‌كێكیان سێ گوێره‌كه رایكێشاون.. جل و به‌رگی عه‌ره‌بانچی و هاوه‌ڵه‌كانیشی دۆزرانه‌وه.. هه‌روه‌ها له‌گۆڕستانی شاژن “شوباد”یشدا، دوو ریز مێینه‌ی كۆشك دۆزرانه‌وه.. دواهه‌مینیان مێینه‌یه‌ك بوو ئامێرێكی میوزیكی له‌باوه‌ش گرتبوو، له‌گه‌ڵ دوو كۆیله‌ی سوژده‌بردووشدا كه‌له‌پاڵیاندا نێژرابوون…
لڤین: مه‌به‌ستان له‌وه‌یه بڵێن شارستانییه‌تێكی پێشكه‌وتووی وه‌ك سۆمه‌رییه‌كان ئه‌گه‌ر ئه‌مه حاڵی بووبێت له‌گه‌ڵ دۆستان و ئه‌حباب و هه‌ڵسووڕاوانی مه‌مله‌كه‌ته‌كه‌ی و هه‌ر به‌زیندوویه‌تی زینده‌به‌چاڵی كردبێتن، ئه‌ی ده‌بێت چی له دوژمن و نه‌یاره‌كانی كردبێت!؟
یوسف عزه‌دین: ئه‌گه‌ر گه‌شتێك به‌نێو نه‌خش و نیگار و وێنه‌و ریلیف و په‌یكه‌رسازیی شارستانییه‌ته كۆنه‌كاندا بكه‌ین.. به‌شێكی زۆری ماجه‌راو به‌سه‌رهاته‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ت دێته پێشچاو.. چۆنیه‌تی جلوبه‌رگ و خۆ نمایشكردنیان له‌مه‌راسیمه ره‌سمییه‌كانیاندا.. چه‌شن و چۆنیه‌تی كوشت و كوشتاریان، چه‌شنی زه‌لیلكردنی ئه‌سیر و دوژمنه‌كانیان، هه‌ر له‌به‌قامچی لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌دانیان و ته‌جاوزكردنه سه‌ر مێینه‌كانیشیان.. ده‌رخستنی چۆنیه‌تی راوكردنیان و به‌تایبه‌تیش راوكردنی شێر وه‌ك له‌هه‌ڵكۆڵینه ئاشوورییه‌كاندا به‌زه‌قی ده‌یبینینه‌وه‌و به‌تایبه‌تیش كاتێك یه‌كێك له‌پاشاكانیان ته‌نها به‌ده‌ستێكی و بێ ترس ده‌ستی داوه‌ته بینه‌قاقای شێرێك و خه‌ریكی خنكاندنیه‌تی..له‌یه‌كێك له‌ریلیفه‌كانی ئاشوورییه‌كاندا، دیمه‌نی هێرشێكی خۆیان بۆ سه‌ر قه‌ڵایه‌ك نه‌خشاندووه‌و ده‌بینین چۆن دوژمنه‌كانیان سه‌رده‌بڕن و له‌شوێنێكی تریشدا سێ كوژراویان به‌سه‌ره رم به‌رزكردۆته‌وه.. له‌ریلیفێكی تریشیاندا سه‌ربازێكی ئاشووری ده‌بینیت، سه‌رێكی سه‌ربڕدراوی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و خه‌ریكی فڕێدانییه‌تی بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵێك سه‌ری سه‌ربڕدراوی تری له‌عه‌ردا كه‌وتوو.
لڤین: لێره‌دا پرسیارێك دروست ده‌بێت، چۆن ده‌بێت هه‌مان ئه‌و كوشت و كوشتاره سامناكه، به‌تایبه‌ت ملپه‌ڕاندنی مرۆڤ له‌هونه‌ردا ره‌نگ بداته‌وه، به‌تایبه‌تیش له‌سینه‌ما-دا، چونكه به‌شی هه‌ره گرنگی زۆربه‌ی كاره هونه‌رییه‌كانی سینه‌ما له‌نێوان و سێكس و توند‌و تیژیدا دێت و ده‌چێت و ئه‌مه‌ش بێ سانسۆره‌و رێگه‌پێدراوه؟
یوسف عزه‌دین: ئاشوورییه‌كان وه‌ك نمونه‌ی شارستانییه‌تێكی دێرین و هاوشێوه‌ی گه‌لێك شارستانییه‌تی دیكه به‌مه‌به‌ست ویستویانه، له‌ڕێی نه‌خشاندنی كوشت و كوشتاره‌كانیان، له‌یه‌ك كاتدا چ جه‌نگێكی ده‌روونی له‌گه‌ڵ ژێر ده‌سته‌و نه‌یاره‌كانیاندا بكه‌ن و چ مه‌به‌ستیان بووه مێژووی خۆیان له‌ڕێی هه‌ڵكۆڵینه‌وه وێنابكه‌ن.. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌م هه‌ڵكۆڵین و وێنه سامناكانه‌ی سه‌رده‌مانی پێشوو له رووی قۆناغی مێژوویی و سه‌رده‌مه‌كه‌یه‌وه له‌ئێستادا ئاسایی وه‌ربگیرێت.. ئه‌ی ده‌بێت چی بڵێین كاتێك ته‌ماشای زۆرێك له‌كاره هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ندی به‌توانای سه‌رده‌می رێنیسانس”كاراڤاجیۆ” ده‌كه‌ین و ده‌بینین له‌ئاستێكی هونه‌ری باڵای نیگاركێشاندا، سه‌ربڕینی مرۆڤی كردۆته بابه‌تی تابلۆكانی و له‌یه‌كێك له‌تابلۆكانیشیدا مێینه‌یه‌ك به‌كرده‌ی سه‌ربڕینه‌كه هه‌ڵده‌ستێت!؟
لڤین: كه‌واته شیاوه كاری هونه‌ری توندوتیژی بكاته بابه‌ت و به‌تایبه‌تیش له‌سینه‌ما-دا؟
یوسف عزه‌دین: ده‌بێت پرسیار له‌وه بكه‌ین، بۆ سه‌ره‌تاكانی سینه‌ما زیاتر مرۆڤ دۆستانه‌یه‌و تاڕاده‌یه‌كی زۆریش مه‌رگه‌ساته‌كانی چینی چه‌وساوه‌و كه‌م ده‌رامه‌تانی كردۆته بابه‌ت.. ره‌نگه زۆرێك له‌فیلمه‌كانی “چارڵی چاپڵن”یش نمونه‌یه‌كی زیندووی ئه‌م جۆره ته‌رح و تێزه مرۆڤ دۆستانه‌یه بێت، كه‌هه‌رده‌م جیاواز له‌وه‌ی بۆته ئاسایی و سانا ئه‌و دێت رووبه‌ڕووی ئیغتیراب و سه‌رسامی و پرسیاركردنمان ده‌كاته‌وه، تا بزانین ئه‌وه‌ی له‌دنیادا ده‌گوزه‌رێ نائاساییه.. هه‌وڵه‌كانی ئه‌و و هاوشێوه‌كانی كه‌تۆكمه‌ترین نمونه‌ی ئیغتیراب لای “به‌رتۆڵد برێخت” ده‌گاته باڵاترین ئاستی هونه‌ری و ته‌كنیكی و مه‌عریفی.. به‌ڵام مه‌خابن دواجار هه‌موو ئه‌م هه‌وڵانه به‌به‌رنامه ده‌خرێنه په‌راوێزه‌وه‌و به‌بازرگانی كردنی هونه‌ریش ئه‌وله‌وییه‌تی پێده‌درێت.
لڤین: توندوتیژی له ناخی مرۆڤدا، چۆن و له‌كوێدا جێی ده‌بێته‌وه؟
یوسف عزه‌دین: “جی.ئه‌یچ.وێڵز” پێی وابوو ده‌توانرێت ره‌گه‌زی مرۆڤ له‌ڕێی قه‌ناعه‌ت پێكردنه‌وه، ده‌ستبه‌رداری خوێن رشتن و كوشت و كوشتار ببێت.. ته‌نانه‌ت خۆشباوه‌ڕیش بوو به‌رانبه‌ر ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی پاش جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م، به‌ناوی ده‌سته‌ی گه‌لان بۆ پاراستنی ئاشتی دروست ببوو، پێی وابوو ده‌توانێت ئاشتی و ئارامی له‌دنیادا به‌رقه‌رار بكات.. به‌ڵام هێنده‌ی نه‌بردو له‌ده‌رئه‌نجامی بینینی كاروكرده‌وه توندوتیژه یه‌ك له‌دوای یه‌ك و به‌رده‌وامه‌كانی مرۆڤ، له‌بیروبۆچوونه‌كه‌ی پاشگه‌زبۆوه.. یه‌كێك له‌نمونه زۆر ناشایسته‌و دزێوه‌كانی مێژووش، دڕندایه‌تی سوپای ژاپۆنی بوو له‌شارێكی چین-ی‌دا.. بێجگه له‌كوشتنی سه‌رجه‌م نێرینه‌كان.. ده‌ستدرێژی سێسكی كرایه سه‌ر هه‌زاران مێینه، به‌منداڵ و گه‌وره‌وه، ته‌نانه‌ت مێینه پیره‌كانیش له‌مه ده‌ربازیان نه‌بوو، كۆمه‌ڵێكیان هه‌ر له‌كاتی سێكس كردن له‌گه‌ڵیاندا ورگیان هه‌ڵده‌دڕاو ده‌كوژران.. ئه‌وانه‌ی به‌زیندوویه‌تیش رزگاریان بوو، له‌كه‌شێكی به‌كۆمه‌ڵدا به‌ویستی خۆیان و پێكه‌وه ئینتیحاریان كرد..
لڤین: كه‌واته هیچ شارستانێتییه‌ك به‌بێ به‌كارهێنانی زه‌بر و زه‌نگ، توانای مانه‌وه‌ی نییه؟
یوسف عزه‌دین: بڕوانه شانۆنامه‌ی”بۆقه‌كان”ی “ئه‌ریستۆفانیس” ده‌بینیت له‌سه‌ر زاری پاڵه‌وانی شانۆنامه‌كه ده‌ڵێت: ( هاوڕێم كاتێك به‌سه‌ر دوژمنه‌كه‌تدا زاڵ بوویت، به‌گوریس بیبه‌سته‌وه‌و پشتی به‌قامچی سووركه‌ره‌وه‌و پارچه‌یه‌ك ئاسنی داندار بكه به‌كۆمیداو ئه‌گه‌ر له‌هۆش خۆشی چوو به‌شه‌راب به‌ئاگای بهێنه‌ره‌وه‌و پاشان قوومه ئاوێكی بده‌رێ.. دێته‌وه هۆش خۆی و پێی وایه له‌ده‌ستت قورتاری بووه، به‌ڵام ئه‌مه وه‌همه..ده‌بێت هه‌ر چوار په‌لی به‌گوریس ببه‌ستیته‌وه، به‌چوار ئه‌سپی سرك و رامنه‌كراوه‌وه..سركه بكه‌ره چاو و لوت و ده‌مییه‌وه.. دواتر به‌خه‌نجه‌رێكی تیژ ئه‌ندامی نێرینه‌ی ببڕه‌و ئینجا ئه‌سپه‌كان تاوده.. تا هه‌ریه‌كه‌یان به‌لایه‌كدا هه‌ڵبێن و لاشه‌ی پارچه پارچه بكه‌ن)..ئه‌مه تێكستێكی به‌ناوبانگی شانۆنووسێكی كۆمیدی گریكه‌و بێگومان ئه‌مه بابه‌تی كات به‌سه‌ربردن و رابواردن وپێكه‌نینی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی گریكی به‌ناو مه‌ده‌نی بووه..پاش گریكه‌كان رۆمانه‌كانیش داهێنانی زۆر سه‌یریان له‌بواری ئه‌شكه‌نجه‌داندا كرد، ته‌نانه‌ت “ئۆكتافیۆس” لیژنه‌یه‌كی راسپارد تا باس و خواسی سه‌رجه‌م ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌كانی كۆن و نوێی میلله‌تانی بۆ بهێنن، دواتر لیژنه‌كه باسی فیرعه‌ونیه‌كانیان بۆ كرد كه‌له‌سه‌ر زینا لوتی ئافره‌تیان بڕیوه‌و پیاویشیان خه‌ساندووه.. باسی حیسییه‌كانیان بۆ كرد، سه‌باره‌ت به‌و كه‌سانه‌ی كه‌هه‌نگوینیان دزیوه، چۆن به زیندوویه‌تی كه‌وڵكراون و خراونه‌ته به‌ر پووره هه‌نگ و ورووژانوویانن تا بیانگه‌زن.. باسی قارتاجییه‌كانیان بۆ كرد كه‌چۆن هه‌ردوو لاقی كۆیله‌ی هه‌ڵهاتوویان بڕیوه.. یان چۆن ئاشوورییه‌كان رمیان له‌كۆمی دوژمنه‌كانیان بڕیوه‌و جوله‌كه‌كانیش به‌سه‌رخستنه ژێر ئاوی دوژمنه‌كانیان، به‌كاوه‌خۆ و به‌چه‌ند جارێك خنكاندوویانن. دواجار “ئۆكتافیۆس” بڕیاریدا ده‌بێت له‌مه‌ودوا سه‌رجه‌م ئه‌و ئه‌شكه‌نجانه پێكه‌وه له‌سه‌ر نه‌یاره ده‌ستگیركراوه‌كان تاقی بكرێته‌وه.. بێگومان، بێ‌شومار نمونه‌ی دیكه‌مان هه‌یه..هه‌ر له‌مێژووی كۆنه‌وه تا ئێستا‌و..
لڤین: وه‌ك ده‌ڵێن جه‌نگ كاریگه‌ری زۆر وێرانكه‌ر و خراپی له‌سه‌ر منداڵان و هه‌رزه‌كاران هه‌یه، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵا گه‌وره‌كان..ئێوه له‌سه‌ره‌تاكانی جه‌نگی “ئێراق-ئێران”-دا و دواتریش تاكۆتایی جه‌نگه‌كه، چ یاده‌وه‌رییه‌كی لا جێ هێشتوون؟
یوسف عزه‌دین: له‌سه‌ره‌تاكانی جه‌نگه‌كه‌دا، ئه‌وه‌نده‌ی كه‌فام و ئه‌قڵم به‌دنیا ده‌شكا، وه‌ك زاتێكی ته‌نها و دووره په‌رێز ده‌مڕوانییه هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ڕوویده‌دا، واته زۆر ئاگام له‌قسه‌و باسی نێو كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌كان نه‌بوو، سه‌باره‌ت به‌و جه‌نگه خوێناوییه.. یان ئه‌گه‌ر گوێشم لێ ببایه.. پێنه‌ده‌چوو باش لێی حاڵی ببام.. وه‌ختایه‌ك بیر له‌و ده‌مانه ده‌كه‌مه‌وه، نازانم بۆ زیاتر هه‌ست به‌هه‌ور و ته‌م و بارینی به‌رده‌وامی باران ده‌كه‌م، بارانێكی تێكه‌ڵا به‌بۆنی ریشۆڵه‌ی رزیوو، بارانێكی ره‌ش و نامۆ… بیرمه له‌سه‌ره‌تاكانی ئه‌و جه‌نگه شوومه‌دا، له‌یه‌كێك له‌و ئێوارانه‌ی كه‌له‌قوتابخانه ده‌گه‌ڕامه‌وه.. پێم نا به‌كه‌لاكی تۆپیووی جرجێكی گه‌وره‌ی گه‌نیوودا.. چ قێزه‌وون و ناخۆش بوو..به‌تایبه‌ت كاتێك ناوه‌خن و هه‌ناوی جرجه‌كه تاكێكی پێڵاوه‌كانمی سواغدا.. بڕێكی زۆری گۆشت و كلك و هه‌ناوی جرجه‌كه‌م له‌گه‌ڵ شه‌قاوه‌كانمدا، تامه‌ودایه‌كی زۆر برد‌و ماوه‌یه‌كی زۆر به‌لێواری شۆسته‌یه‌ك هه‌وڵی پاككردنه‌وه‌ی تاكه پیسبووه‌كه‌ی پێڵاوه‌كه‌م دا…
لڤین: كه‌واته هیچ ئاسۆیه‌كی گه‌شبینانه بۆ نه‌مانی توندوتیژی له‌ئارادا نییه؟
یوسف عزه‌دین: ده‌ركه‌ی پرسیار و گه‌ڕان به‌شوێن هۆكاره‌كانی سه‌رجه‌م ئه‌و كوشت و كوشتارانه‌ی مرۆڤ پێی هه‌ڵده‌ستێت، چ به‌ته‌نها و چ به‌كۆمه‌ڵا، واڵا و له‌سه‌ر پشته!؟ ئاره‌زووكردنی توندوتیژی و حه‌ز و خواستی له‌ناوبردن، هه‌ندێك جار هێنده سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه، نازانیت چی ده‌رحه‌ق بڵێیت!.. له‌ساڵی 1958-دا له‌یه‌كێك له‌شه‌قامه‌كانی “نیومه‌كسیكۆ”دا، پیاوێك به‌ناوی “نۆرمان فۆز” ئۆتۆمبیله‌كه‌ی راده‌گرێت و تفه‌نگی راوكردنه‌كه‌ی ده‌رده‌هێنێت و دوو منداڵی مه‌كسیكی ده‌كوژێت، له‌كاتێكدا له‌قه‌راغ شه‌قامه‌كه‌دا خه‌ریكی گه‌مه كردن بوون.. كاتێك دادگاییان كرد‌و لێیان پرسی بۆ ئه‌مه‌ت كرد، گوتی ویستوومه ئاستێك بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی دانیشتووان دابنێم..لای خۆشمان ساڵانێك له‌مه‌وپێش مێردمنداڵێك سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی خۆی كوشت، به‌خوشكه بچوكه‌كه‌شیه‌وه، كاتێكیش لێی ده‌پرسن بۆ كوشتت، له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت، به‌زه‌یم پێدا هاته‌وه‌و نه‌مویست به‌ته‌نها بمێنێته‌وه.. له‌هه‌مووشی سه‌یرتر پاش ئازادبوونی ئه‌و بكوژه مێردمنداڵه له‌زیندان، به‌كوشتنی باپیری زنجیره‌ی كوشتنه‌كانی ته‌واو ده‌كات.. چه‌ند راسته نازانم، به‌ڵام فرۆید پێی وابووه، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه كرده‌ی بایۆلۆژی، كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر خوو و ره‌وشتی مرۆڤ هه‌بووه، چونكه به‌ڕای ئه‌و مرۆڤ له‌چاو ئاژه‌ڵه شیرده‌ره قه‌باره گه‌وره‌كانی تردا، ماوه‌یه‌كی كه‌متر له‌منداڵدانی دایكی‌دا ده‌مێنێته‌وه.. واته به‌ناكامڵی له‌ڕووی سایكۆلۆژییه‌وه له‌دایك ده‌بێت وبه‌مه‌ش واقیع كاریگه‌ری زۆر توندی له‌سه‌ری ده‌بێت.
لڤین: تا چه‌ند سه‌رچاوه مێژووییه‌كان، به‌درێژایی مێژووی كۆن و نوێ، به‌تایبه‌تیش له‌گوێزانه‌وه‌ی رووداو و به‌سه‌رهاته‌كاندا راستگۆ بوون؟
یوسف عزه‌دین: تۆ وه‌ره بڕوانه مێژوونووسێكی وه‌ك “هیرۆدۆت” كه‌ده‌رئه‌نجامی گه‌ڕانی به‌زۆر وڵات و كیشوه‌ردا، زانیارییه‌كی زۆری سه‌باره‌ت به میلله‌تان و وڵاتان نووسیووه‌ته‌وه‌و له‌وانه‌ش خستنه‌ڕووی زانیارییه سه‌باره‌ت به‌حوكمڕانی و بوونی مێژوویی ماده‌كان.. “ئیگۆر میخائیلۆڤیچ دیاكۆنۆف” له‌نووسینی كتێبی ماد-ه‌كاندا سوودی لێوه‌رگرتووه..به‌ڵام به‌درێژایی مێژوو، لێره‌و له‌وێ كه‌سانێك به‌رپه‌رچی هیرۆدۆت-یان داوه‌ته‌وه‌و راستی و دروستی زانیارییه‌كانیان خستۆته ژێر پرسیاره‌وه، تا ده‌گاته “هیوزینگ” كه‌له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا زۆر هه‌وڵیدا، باس و خواسی سه‌باره‌ت به‌ماده‌كان-ی هیرۆدۆت به‌درۆ بخاته‌وه.. كۆنترین هه‌وڵدانیش بۆ دژایه‌تی و به‌درۆ خستنه‌وه‌ی هیرۆدۆت، له‌لایه‌ن كتسیاس-ه‌وه كراوه‌و به‌ناوبانگترین كتێبی مێژوویشی به‌ناوی “پرسیكا” نووسیوه..ئه‌م زاته وه‌ك ده‌ڵێن پزیشك بووه‌و له‌پێش زایین‌دا له‌لایه‌ن ئێرانییه‌كانه‌وه به‌دیل گیراوه‌و سه‌ره‌تا براوه بۆ ده‌رباری داریوشی دووهه‌م و دواتریش حه‌ڤده ساڵی له‌ده‌رباری ئه‌رده‌شێر-دا بردۆته سه‌ر و بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵا گریكه‌كان سوودی لێوه‌رگیراوه.. دیاكۆنۆف سه‌باره‌ت به‌كتسیاس ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو، كه‌هیرۆدۆت هه‌ر شتێكی به‌سپی باس كردبێت، ئه‌وه كتسیاس كردوویه‌تی به‌ڕه‌ش و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، یان ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوی له‌ڕووداوێك حاڵی نه‌بووبێت، ئه‌وه له‌خۆیه‌وه شتی نووسیوه‌و هه‌ر ناوێكیشی نه‌زانیبێت یان له‌بیری چووبێته‌وه، ئه‌وه هه‌ر له‌خۆیه‌وه ناوی شوێنێكی تری بۆ داناوه.. كتسیاس رك و كینه‌یه‌كی زۆری ده‌رحه‌ق به‌هیرۆدۆت هه‌بووه‌و به‌ناو و شوهره‌تی گه‌لێك قه‌ڵس بووه، بۆیه هه‌رچییه‌ك ئه‌و وتبێتی، ئه‌م پێچه‌وانه‌كه‌ی وتووه.. لێره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه نووسینه‌وه‌ی مێژوو، چه‌ند ناڕاست و خوار و خێچ بووه.. “پلوتارك” یش مێژوونووسی سه‌ده‌ی یه‌كه‌می زایینی، هه‌ر به‌تایبه‌ت كتێبێكی دژ به‌هیرۆدۆت نووسیوه‌و ناوی ناوه”به‌ربه‌رپه‌رست”.. چونكه پلوتارك و هاوچه‌شنه‌كانی له‌سۆنگه‌و دیدگه‌یه‌كی ره‌گه‌زپه‌ستانه‌وه مێژوویان داتاشیوه‌و گه‌لانی غه‌یره گریكی و رۆمانییان به به‌ربه‌ر و دڕنده وه‌سفكردووه.. هه‌ن پێیان وایه هیرۆدۆت بێلایه‌نانه مێژووی نووسیووه‌ته‌وه‌و هه‌شن پێیان وایه به‌ئاره‌زووی ده‌سه‌ڵاتدارنی ئاتن، مێژووی هۆنیوه‌ته‌وه.
لڤین: ئه‌مه‌ی تۆ باسی ده‌كه‌یت، وامان لێده‌كات هیچ باوه‌ڕێكمان به‌نووسراوه مێژووییه‌كان نه‌مێنێت و به‌تایبه‌تیش كتێبه دیراسییه‌كانی مێژوو، كه‌مه‌نهه‌جییانه له‌قۆناغه‌كانی خوێندندا وه‌ك به‌ڵگه‌نه‌ویست ئه‌قڵی خوێندكارانی پێ سیخناخ ده‌كرێت؟
یوسف عزه‌دین: به‌ڵی ساخته‌كارییه‌كانی نێو كتێبه مێژووییه‌كان، گرفتێكی مه‌عریفی زۆر گه‌وره‌یه.. ئه‌مه له‌بواره زانستییه‌كانی تریشدا ده‌بینرێته‌وه، هه‌ر بۆ نموونه ساڵانێكی زۆر هه‌وڵدرا له‌ڕووی فیزیكی و بایۆلۆژییه‌وه، ره‌گه‌زه‌كانی مرۆڤ جیابكرێته‌وه، كه‌كۆمه‌ڵه زانایه‌ك پێیان وابوو، ره‌گه‌زی ئه‌فه‌ریقی هۆمۆسابیا-یه‌و ئاسیا-یه‌كانیش له‌ڕه‌گه‌زی هۆمۆ ئیریكۆس-ن و ئۆروپاییه‌كانیش له‌ڕه‌گه‌زی نیاندرتاڵ-ه‌وه هاتوون..به‌ڵام ئه‌مه تاساڵی 1987بڕیكردوو زانای بایۆلۆژی”بێركڵی”له”كالیفۆرنیا” به‌شیكاركردنی “دی.ئێن.ئه‌ی” ره‌گه‌زه جیاوازه‌كان، سه‌لماندی كه‌هه‌ر هه‌موو مرۆڤایه‌تی له‌یه‌ك بنه‌چه‌ی مرۆڤه‌وه هاتوون و سه‌رچاوه‌كه‌شی ئه‌فریقایه..شایانی باسه له‌كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌شدا، له‌به‌شه ئه‌ڵمانییه‌كه‌ی باشووری ئه‌فه‌ریقادا، به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ژماره‌ی ئاژه‌ڵه شیرده‌ره كوژراوه‌كانی ئه‌و سنووره جوگرافییه نووسراوه‌و جێی سه‌رنجه كوژرانی چوارسه‌د مرۆڤی ئه‌فه‌ریقی له‌ژێر ناونیشانی”دانیشتووانی دارستانه‌كان” له‌هه‌مان راپۆرتداو وه‌ك توخمێك له‌ئاژه‌ڵ جێكراوه‌ته‌وه.
لڤین: بۆیه ده‌بێت هه‌رده‌م له‌پێناو ساغكردنه‌وه‌ی راستییه مێژووییه‌كاندا، له‌گه‌ڕانی به‌رده‌وامدا بین؟
یوسف عزه‌دین: ده‌بێت له‌گه‌ڕانی به‌رده‌وامدا بین، به‌ڵام جیاواز له‌و گه‌ڕانه به‌رده‌وامه‌ی زانای دكۆمێنته كۆنه‌كانی ئه‌ڵمان “كۆستانتین چیندرۆف” كردی، پاش چه‌ند سه‌فه‌رێكی بۆ میسر ساڵانی 1844و1853و پاش مایه‌پووچبوونی له‌دۆزینه‌وه‌ی تێسكته كۆنه ئاینییه‌كانی ته‌ورات و ئینجیل و هاوچه‌شنه‌كانی، دواجار له‌ساڵی 1869دا دنیای سه‌رسامكرد به‌دۆزینه‌وه‌ی ده‌ستنووسێكی كۆن له‌كڵێسایه‌كی میسر و به‌و پێیه‌ی كه‌نیسه‌كه ئه‌رسۆزۆكسی بوو، له‌لایه‌ن تزاری روسیاوه كۆمه‌ك ده‌كرا، هه‌ر بۆیه ده‌ستنووسه‌كه‌ی پێشكه‌ش به‌تزار كرد‌و ئیدی بووه ئیعجابی هه‌موو ئه‌وانه‌ی بۆ سه‌یری ده‌چوونه شاری پوتروسبۆرگ و تا دواجار به‌لشه‌فییه‌كان له‌ساڵی 1933دا به‌مه‌بله‌غێكی خه‌یاڵی به‌به‌ریتانیا-یان فرۆشت و ده‌ركه‌وت ئه‌و ده‌ستنووسه ته‌نها بریتی نییه له‌ته‌ورات و ئینجیل به‌ڵكو “ئینجیلی به‌رنابا”ش له‌خۆ ده‌گرێَت، كه له‌لایه‌ن كڵێساوه له‌سه‌ده‌ی سێیه‌می زایینییه‌وه قه‌ده‌غه‌كرابوو.. له‌كاتێكدا ئه‌مه‌و چه‌ندین به‌ڵگه‌ی تر، راستی و دروستی ده‌ستنووسه‌كه‌ی ده‌سه‌لماند.. به‌ڵام زاتێكی وه‌ك “كاممایر” پاش گه‌ڕان و وردبوونه‌وه توانی ساخته‌بوونی ده‌ستنووسه‌كه كه‌شف بكات، كه چیندرۆف له‌ڕێی قه‌شه‌یه‌كی گریكیی ته‌زویرچییه‌وه، به‌ناوی “سیمونیدس” ئه‌م ته‌زویراته‌ی كردبوو، ئه‌و زاته یه‌كێك بووه له‌و ته‌زویرچییه زۆر شاره‌زایانه‌ی، كه‌بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاره ده‌یان تێكست و ده‌ستنووسی ته‌زویر كردبوو.. ماوه‌ته‌وه بڵێین ” كاممایر” یه‌كێكه له‌و ره‌خنه‌گره به‌توانایانه‌ی كه‌له‌ساڵی 1889له‌دایك بووه‌و له 1929دا كتێبی “ته‌زویری گه‌ردوونیی مێژوو”ی نووسی، به‌ڵام هیچ ده‌زگایه‌كی چاپ و بڵاوكردنه‌وه بۆیان بڵاونه‌كرده‌وه.. چ نازییه‌كان دژایه‌تییان كردووه‌و چ دواتریش كاتێك له‌ئه‌ڵمانیای دیموكراتیدا ده‌ژیا، شیوعییه‌كان.. تا له‌ساڵی 1959دا به‌بێكاری و له‌برساندا سه‌ر نایه‌وه‌و مرد.. ئه‌م پیاوه خاوه‌نی هیچ بڕوانامه‌یه‌ك له‌مێژوودا یان پسپۆڕییه‌ك نه‌بووه، به‌ڵام كاره‌كانی هه‌موو روناكبیرانی سه‌سامكردووه‌و بۆ خۆی وتویه‌تی:” له‌پێناو پاڵنه‌ره رووناكبیرییه ره‌سه‌نه‌كاندا ده‌نووسم، چونكه مێژوویه‌كی ته‌زویركراو ترسناكه بۆ شارستانییه‌ت و كلیلی هه‌ڵه‌مان ده‌داته ده‌ست و ده‌بێته مایه‌ی خوڵقاندنی مه‌عریفه‌و هۆشمه‌ندییه‌كی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر، كه‌به‌خێرایی ده‌بێته سووته‌مه‌نی كێشمانكێشه‌كانی داهاتوو”.
*له‌ژماره”343″15-12-2016ی گۆڤاری لڤین-دا بڵاوبۆته‌وه.
ناساندن
یوسف عزه‌دین
رۆماننووس و نووسه‌ر
له‌ساڵی 1990-1991زیندانی بووه له‌مودیریه‌تی ئه‌منی سلێمانی سه‌رده‌می ڕژێم”ناسراو به‌ئه‌منه سووره‌كه”و پاش ئه‌وه‌ی خۆی و هاوڕێكانی فه‌رمانی گولله‌بارانكردنیان بۆ ده‌رده‌چێت ، كه‌ده‌بوو له21-3-1991دا له‌مه‌لعه‌به‌كه‌ی سلێمانی گولله‌بارانبكرێن..به‌ڵام ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكی كوردستان بووه له‌مپه‌ر و له به‌رواری 8-3-1991 پاش شاڵاوی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیوو بۆ ئه‌منه‌سووره‌كه ئازادكرا.
یه‌كێكه له‌و ناوانه‌ی نه‌وه‌ی نووسه‌رانی پاش ڕاپه‌ڕینیان پێده‌وترێت و هه‌وڵی زۆر جدیی هه‌یه، چ له‌بواری رۆماننووسینداو چ له‌بواری ته‌رحی فیكری و بگره‌و به‌رده فه‌لسه‌فییه‌كاندا وه‌ك له‌دیالۆگ و گفتوگۆكانیدا دیاره، ئه‌م سه‌رقافڵه‌و پێشه‌نگی ژماره‌یه‌ك ده‌نگ و ناوی جدییه.. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی زۆر له‌و ده‌نگانه‌ی كه‌هه‌میشه له‌به‌رچاوان و ده‌ور قه‌ره‌باڵغن.. نووسه‌رێكی ته‌نها و دووره‌په‌رێزه، هیچ تێكه‌ڵیی و خوڵقی نێوه‌نده ئه‌ده‌بی و رۆشنبیری و سه‌نته‌ر و كایه‌كانی تری نییه.. ره‌نگه ئه‌مه له‌ڕوویه‌كه‌وه باش بێت، چونكه كه‌س هێنده‌ی نووسه‌ر پێویستی به‌ته‌نهایی و دووره په‌رێزی نییه.. به‌ڵام مه‌خابن له‌ڕوویه‌كی تریشه‌وه كارێكی خراپه بۆ نووسه‌ر، به‌تایبه‌ت بۆ وه‌سه‌ته ئه‌ده‌بی و رۆشنبیرییه‌كانی لای خۆمان.. چونكه ناساندن و خۆ بردنه پێش و پشتگیری ئه‌ملاو و ئه‌ولا، گه‌ره‌نتی به‌ره‌وپێش چوون و ناساندن و بره‌ودانه به‌نووسه‌ر و به‌رده‌وامبوونی چاپكردن و ریكلام بۆكردنی كتێبه‌كانییه‌تی، ئیتر ئه‌گه‌ر زۆر له‌نووسه‌ران عه‌وداڵی ئه‌م گه‌مه‌یه بن، نووسین پێپلیكانه‌ی چوونه سه‌ره‌وه‌و زیادبوونی ئیعتیباری كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی مادیی و هه‌ندێك شتی دیكه بێت لای هه‌ندێك له‌نووسه‌ران.. ئه‌وه لای “یوسف عزه‌دین ” به‌جۆریكی تره‌و لای ئه‌و نووسین و بیركردنه‌وه‌و خوێندنه‌وه، مانایه‌كی جوداو جیاوازتری هه‌یه، له‌و مانا سه‌رزاره‌كی و سه‌تحییانه‌ی كه‌نێوه‌نده فه‌رمی و ته‌قلیدییه‌كانی رۆشنبیری و نووسین تێیدا چه‌قیوون.
ئه‌م نووسه‌ره چه‌ند زمانێك ده‌زانێت، له‌وانه زمانی توركی و عه‌ره‌بی به‌باشی ده‌زانێت، چ بۆ نووسین و چ بۆ وه‌رگێڕان.. كۆمه‌ڵێك بابه‌تی وه‌رگێڕدراوی له‌زمانی توركی و عه‌ره‌بییه‌وه هه‌یه.. بابه‌تی نووسراو و بڵاوكراوه‌ی به‌زمانی عه‌ره‌بی هه‌یه، كه‌له كۆمه‌ڵێك ڕۆژنامه‌و سایتی عه‌ره‌بیدا بڵاوكراونه‌ته‌وه.
نووسه‌ر و وه‌رگێڕی مه‌غریبی “سه‌عید بلغربی” كۆمه‌ڵێك تێكستی ئه‌م نووسه‌ره‌ی له‌زمانی عه‌ره‌بی-یه‌وه كردۆته ئه‌مازیغی و له‌دوو توێی كتێبێكی سه‌ربه‌خۆدا له‌مه‌غریب به‌چاپی گه‌یاندووه‌و شایانی باسه ئه‌مه یه‌كه‌مین جاره تێكستی كوردی بكرێته ئه‌مازیغی و له‌دوو توێی كتێبێكدا چاپبكرێت.. به‌تایبه‌ت مه‌غریب وڵاتی نووسه‌رانی به‌توانای وه‌ك “تاهیر بن جه‌لون”و “محه‌مه‌د زفزاف”و”محه‌مه‌د شوكری”یه‌و خاوه‌ن خوێنه‌رانێكی جدییه.. هه‌روه‌ها ئه‌م كتێبه بۆته ماته‌ڕیاڵی دیراسی كۆلێژی ئادابی یه‌كێك له‌زانكۆكانی مه‌غریب و وه‌ك وه‌رگێڕش له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا ئاماژه‌ی پێداوه، ئه‌و خۆی له‌نێو كۆمه‌ڵێك تێكستی ئه‌ده‌بی وه‌رگێڕدراوی كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری كورددا، به‌بێ ناسینی خودی نووسه‌ر، ته‌نها تێكسته‌كانی یوسف سه‌رنجی ڕاكێشاوه‌و سه‌رسامی جدییه‌تی بووه‌و هه‌ر بۆیه ماوه‌یه‌كی دوور و درێژی بۆ وه‌رگێڕان و پاشان به‌چاپ گه‌یاندنی ته‌رخان كردووه.
كتێبه چاپكراوه‌كانی نووسه‌ر
دیوێكی دیكه‌ی حیكایه‌ته نه‌نووسراوه‌كان/رۆمان/چاپخانه‌ی شڤان-سلێمانی2006
ته‌نها ڕۆژێكی سارد/رۆمان/ده‌زگای موكریان/هه‌ولێر/2008
پێخه‌فێك له‌خوێن/هونه‌ری گێڕانه‌وه/ده‌زگای ئاراس/هه‌ولێر/2008
ماجه‌راكانی سه‌لمانی فارسی/رۆمان/یانه‌ی قه‌ڵه‌م/سلێمانی2009
وێڵگه‌ی یاده‌وه‌رییه گریمانكراوه‌كان/ رۆمان/به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی/2009
وه‌هم و شوناس/ گفتوگۆ‌و وتار/چاپخانه‌ی یاد/ سلێمانی/2012
كۆتاییه‌كان/ئه‌نفارار/ هونه‌ری گێڕانه‌وه-سردیات/به‌زمانی ئه‌مازیغی-دار كه‌به‌دانی-مه‌غریب2015