
دیداری سودانی و ستارمەر، دووڕوویی پیاوسالاری.. شێرین عەبدوڵڵا
هەرکەسێک لە دوور یان نزیکەوە ئاگاداری دۆخی ژنان بێت لە عیڕاق، ناتوانێت چاوپۆشی لەو پاشەکشە کۆنەپەرستانە گەورەیە لە ماف و ئازادییەکانی ژناندا بکات لە ناوجەرگەی هەژموون و کۆنترۆڵی هێزە میلیشیایی و تائیفی و عەشایرییەکان لەم چەند دەیەی ڕابردوودا، و بۆی دەردەکەوێت کە بڕگەی تایبەت بە ژنان لە بەیاننامەی هاوبەشی ئەم دواییەی نێوان سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە لە دوای سەردانەکەی ئەلسودانی بۆ بەریتانیا دوو هەفتە لەمەوبەر بڵاوکرایەوە، سەرلێشێوێنەر و چەواشەکار و بگرە سووکایەتیکردن بوو.
تەنها هەفتەیەک بەسەر وادەی ئەو بەیاننامەیەی سەرەوە تێپەڕیبوو، کە پەرلەمانی عێراق، بە دیاریکراوی لە (٢١)ی کانوونی دووەم (ی ٢٠٢٥)، و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی کۆنەپەرستانەی یاساکان لە نێوان بلۆکە پەرلەمانییەکاندا، یەکێک لە کۆنەپەرستانەترین و ئازارمەندانەترین یاساکانی لە مێژووی وڵاتدا لە دژی ژنان پەسەند کرد، واتە: هەموارکردنەوەی بەدناوی یاسای باری کەسێتی (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩). لەم مامەڵەیەدا، بلۆکە پەرلەمانییەکانی تائیفی شیعە و سوننە و کورد ژیانی ژنان و کچانی عێراقیان خستە مەترسییەوە لە پێناوی چەند دەستکەوتێکی سیاسی دیاریکراو، هەریەکەیان لە بەرژەوەندی بلۆکە پەرلەمانییەکەی خۆی. پێدەچێت ئەم ڕووداوە گەورەیە و ئەم بازە مێژووییە گەورەیە بۆ دواوە، کە چەند مانگێکە، مایەی نیگەرانیی گەورەی ملیۆنەها ژن و منداڵی عێراق و لایەنگرانی ئازادی ژنان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و سۆشیالیستەکان و هەموو پێشکەوتنخوازان بووە و هەڕەشەیەکە بۆ سەر ژیان و سەلامەتی هەموو ژن و کچ و منداڵێکی ئەم کۆمەڵگایە، لە بیر و ئاگای هەردوو سەرۆک وەزیران غائیب بوو!
یەکەم شتی سەرنج ڕاکێش لە خوێندنەوەی ئەو بڕگەیەی کە تایبەتە بە ژنان لە بەیاننامەکەدا تایبەتمەندبوونیەتی بە دەستەواژەی بێناوەڕۆک و پووچەڵ کە هیچ جۆرە بەڵێن و پابەندبوونێک سەبارەت بە مافەکانی ژنان و پێگەی ئەوان لە عێراقدا نیشان نادات، دەستەواژەکان لە چەند وشەیەکی بەتاڵ تێناپەڕن وەک “بەڵێن”، “پێشوازی”، “ڕێکەوتن لەسەر”، “درکیان کرد بە گرنگی”، کە هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە ژیانی ناهەمواری ژنان لە عێراقدا بەدوادا نایەت، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی نائومێدیم، چونکە هیچ پێشکەوتنێک چاوەڕوانکراو نییە لە ماف و یەکسانی ژنان لە عێراقدا لە سایەی ئەم سیستمە تائیفی و ئایینی و ناسیۆنالیستییەی نوقمی پیاوسالارییە. هەروەها، بایەخدان بە ماف و خۆشگوزەرانی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگاش بەشێک نییە لە ئەولەویاتی ئەجیندەی پارتی کرێکارانی ئێستا لە بەریتانیا بە سەرکردایەتی کیەر ستارمەر، ئیتر چۆن دەتوانێت گرنگی بە ژنانی عێراق بدات، بە تایبەتی کە پارتەکەی ئەو، بە سەرکردایەتی تۆنی بلێر و هێڵی ڕاستڕەوی ناو پارتی کرێکارانی ناسراو بە (نیو لەیبەر)، ڕۆڵێکی کاریگەری لە داگیرکردنی عێراقدا گێڕا و بووە هۆی وێرانکردنی هەموو ژێرخانی وڵات و چەسپاندنی تائیفەگەری و لەئاکامدا هەژموونی حزبە ئیسلامی و تائیفی و ناسیۆنالیستەکان و تەشەنەکردنی گرووپە تیرۆریستەکان و کۆمەڵکوژییە کارەساتبارەکانی عێراق.
بەڵام ئەوەی مایەی بێزارییە لە بەیاننامەکەدا، ئەو دووڕووییە پیاوسالارییە ئاشکرایەیەتی؛ لە بڕگەی تایبەت بە ژناندا، بەیاننامەکە ئاماژە بە بەڵێنی هەردوولا دەدات بۆ “قوڵکردنەوەی هاوکاری لەسەر کارنامەی ژنان و ئاشتی و ئاسایش”ی نەتەوە یەکگرتووەکان و پێشوازیی بەریتانیا لە ” پلانەکانی عێراق بۆ دەستپێکردنی پلانی نیشتمانی سێهەم و تۆڕێکی ژنە ئاشتیخوازانی عێراقی لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥دا”، وەک ئەوەی لە عێراقدا هەموو شتێک زۆر باش بێت! ئەو ڕاستییەیان تەواو پشتگوێ خستووە کە لە ئەنجامی پێداگری لایەنە ئیسلامییە سیاسییە شیعەکان لەسەر تێپەڕاندنی ئەم هەموارکردنەوەیەی یاسایە، نیوەی کۆمەڵگای عێراق کە ژنانە، هەموو هەستێکی ئاسایش و ئارامیان لەدەست داوە، چ لە ماڵ و چ لە شوێنی کاریان. ئەم هەموارکردنە پێشێلکردنی هەموو بەها مرۆییەکان و تەنانەت ستاندارد و نۆرمە نێودەوڵەتییەکانە، و باڵادەستی دەسەڵاتە ئاینییەکان بەسەر پرسەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە دەستەبەردەکات و شەرعیەتدان دەدات بە دەستدرێژیکردنە سەر کچانی منداڵی تەمەن (٩) ساڵ و بە ڕاددەیەکی زۆر کۆمەک دەکات بە هەژارکردنی ژنان و زەوتکردنی مافەکانیان لە میرات، سەرپەرشتیکردنی منداڵ و تەنانەت ئەو ماف و ئیمتیازاتە کەمانەی کە هەبێت، و دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی تائیفەگەری و دابەشبوون لە کۆمەڵگادا.
هەرچەندە بەیاننامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە “هەردوو سەرۆک وەزیران هاوڕابوون لەسەر گرنگی پاڵپشتیکردنی ڕێکخراوەکانی مافی ژنان و ئەوانەی کە بە ڕابەریی ژنانن، هەروەها دانیان بە پێویستی بەردەوامی پاڵپشتی و دادپەروەری و لێپرسینەوە بۆ هەموو ڕزگاربووانی توندوتیژی سێکسی کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراوە”، لە هیچ ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بە بوونی ژنێک لەنێو شاندەکاندا بەدی ناکرێت و لە هیچ کام لە هەواڵەکاندا هەواڵێک سەبارەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی مافەکانی ژنان نییە و هیچ کام لە گرێبەستەکان پڕۆژەی پەیوەست بە تەندروستی و خۆشگوزەرانی ژنان، منداڵان، یان هەر گروپێکی پەراوێزخراو لە عێراقدا نەبووە. پێدەچێت شاندی عێراقی ئەوەیان لەبیر چووبێت بە هاوتا بەریتانیەکانیان بڵێن کە ڕژێمی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ وە بە بەردەوامی شەڕ لە دژی ڕێکخراوەکانی ژنان دەکات و بە شێوەیەکی سیستماتیک سەرکوتی چالاکوانی ژنان و ڕزگاریخوازان لە عێراق دەکات!
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، “هەوڵە بەردەوامەکان بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان و کچان…”، لە کاتێکدا جێبەجێکردنی هەموارکردنی یاسای باری کەسیەتی هیچی تر نییە جگە لە گەورەترین هەڵمەتی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵانی عێراق، کە لەلایەن دەوڵەت و پەرلەمانەکەی و بە پشتگیری لەلایەن سیستەمی خێڵەکی و تائیفی پیاوسالاری کۆنەپەرست کە بەریتانیا بۆ دەیان ساڵە بەشداری کردووە و بەردەوامە لە چەسپاندنی بناغەکانی.
دوا ڕستە، “کۆک بوون لەسەر گرنگی تەواوکردنی خوێندنێکی باشی کچان و بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە، کە سوودی بۆ هەموو کۆمەڵگا دەبێت”، تەنها گاڵتەکردن و گاڵتەجاڕییەک بوو، وەک چۆن هەموارکردنەوەی یاسای (١٨٨)، کە ئیلهامەکەی لە قوتابخانەی بیرکردنەوەی جەعفەری وەرگرتووە، هانی هاوسەرگیری کچان دەدات لە تەمەنی (٩) ساڵییەوە و بەزۆر زیندانیکردنیان لە ماڵەکاندا و سەرقاڵبوونیان بە پەروەردەکردنی منداڵ و بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی ماڵ، لەکاتێکدا هێشتا منداڵن، ئیتر باسی چ پەروەردە و بەهێزکردنی ئابوورییەک دەکەن؟
“مامەڵەی مێژوویی”، بە سوودی کێ؟
سەردانەکەی ئەلسودانی کە بە “مێژوویی” و “ناوازە” و “جیاواز” وەسف کراوە بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی ئابوری و ئاسایش و کۆچی نایاسایی، باس لەوە کراوە کە شاندێکی نزیکەی (٧٠) بازرگانی عیڕاقی و چەندین سیمینار و کۆبوونەوەی تیا بووە لەگەڵ (٢٤) کۆمپانیای بەریتانی بۆ لێکۆڵینەوە لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت کە لە ئەنجامدا پاکێجێکی بازرگانی (١٢.٣) ملیار پاوەندی لێکەوتەوە، کە بە زنجیرەیەک ڕێککەوتنی هەناردەکردن پشتگیری دەکرێت، بۆ پشتگیریکردن لە پەرەسەندنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان بەریتانیا و عێراق.
بەڵام ئەم (١٢.٣) ملیارە بە پلەی یەکەم ئامانجی کەڵەکەکردنی قازانج بۆ کۆمپانیا سەرمایەدارە بەریتانییەکان و شەریکە گەندەڵەکانیان لە ناوەندی دەسەڵات و سەرمایەدارەکانی دەوروبەریان لە عێراق، و ئەم گەشە ئابوورییە سەرمایەدارییە بە زەروورەت لەگەڵ هەژاری و بێبەشی زیاتر و قووڵبوونەوەی ڕووبەری نایەکسانی بۆ جەماوەری زەحمەتکێش لە عێراق و بۆ ژنان بەتایبەتی دێت.
ئەم ڕێککەوتنانە دەستکەوتی ئابووری و هەروەها ستراتیژی و سیاسی گرنگیان هەیە بۆ هەردوو حکومەت.
بەریتانیا کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی برێگزیت و پەتای کۆڤید و شەڕی ئۆکرانیا چەندین گورزی گەورەی ئابووری بەرکەوتووە، هەوڵدەدات کێشەکانی وڵاتەکەی لە بێکاری، هەژاری، کەمیی خانووبەرە و نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتیەکان بخاتە ئەستۆی پەنابەران، کۆچبەرانی نایاسایی، هەژاران و خانەنشینان بە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئاوارەبوون و دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران و بڕینی زەمانی کۆمەڵایەتی و یارمەتییەکانی خانەنشینی و فرۆشتنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان بە کەرتی تایبەت. یەکێک لە بڕگە گرنگەکانی ڕێککەوتنەکە بریتی بوو لە بڕیارە کۆنەپەرست و سەرکوتگەرانە دژ بە پەنابەران و تاوتوێکردنی پلانی عەمەلی بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە نامرۆڤانەی دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرانەی کە دۆسیەی پەنابەرییان لە بەریتانیا قبووڵنەکراوە و تەواوکردنی ئەو ڕێککەوتنە بوو کە لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو لە نێوان هەردوولا ئەنجامدرا، کە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ئیڤێت کوپەر شانازی پێوە دەکات کە کوالیتییەکی هەیە، بە تایبەت کە عێراقییەکان بەشێکی بەرچاو لەم کۆچبەرانە پێکدەهێنن.
سەبارەت بە عێراقیش ئەم ڕێککەوتنە لە پاشخانی تەقینەوەی ڕووداوەکانی ناوچەکە و گۆڕینی ڕژێمی سوریا و گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێزی ناوچەکە و پێویستی عێراق بۆ دۆزینەوەی هاوپەیمان لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە بۆ خۆپاراستن لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی، هەروەها لە پێشبینیی ئیدارەی ترەمپ و سیاسەتەکانی بەرامبەر عێراق و ناوچەکە.
ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیعدا دەگوزەرێت لە عێراقدا، تەواو پێچەوانەی ئەو وێنە گەشاوەیە کە لە بەیاننامەکەی سەرەوەدا ڕەنگدانەوەی هەیە و ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە پاشخانی دەرکردنی یاسای جەعفەری حکومەتی (چوارچێوەی هەماهەنگی-إطار التنسيقي)، بە سەرۆکایەتی ئەلسودانی، دەرئەنجامی سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوان، بەتایبەتی بەریتانیا و ئەمریکا، و ستراتیژیان بەرامبەر عێراق، بەتایبەتی لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە.
٣١-١-٢٠٢٥