Skip to Content

کوردی ناکۆک لە ئوروپا!؟ … برایم فەڕشی

کوردی ناکۆک لە ئوروپا!؟ … برایم فەڕشی

Closed
by ئازار 16, 2017 General

کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئوروپا KSSE کە ساڵی ١٩٥٦ لە بەڕلین- ئاڵمانی ڕۆژئاوا، بە دەستپێشخەری عیسمەت شەریف وانلی و عەبدوڵرەحمان قاسملو ، دامەزرا و بە خێرایی لە ناو لاوان و خوێندکارانی چەپ، ڕوخسارێکی جیهانی پەیدا کرد، سیمای یەکگرتووی کورد لە ئوروپا بوو! پێکهێنانی KSSE، پاش کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی، کە هاوکات بوو لە گەڵ دێموکراتیزەکردنی ئوروپا و پەرەساندنی بیری ئاشتیخوازیی و مافخوازیی ، ژیرانەترین سیاسەتی کورد و حزبەکانی بوو. مستەفا بارزانی ئەم ڕێکخراوەیەی بە باڵوێزخانەی کورد دەزانی کە لە کۆی خوێندکارانی هەر چوارپارچەی کوردستان پێکهاتبوو. ئەم یەکگرتنە ڕووداوێکی دەگمەن لە ناو میللەت و وڵاتێکی پارچە پارچەکراودا بوو!

کۆمەڵەی خوێندکاران ڕێگای بۆ بەشداری نووسەر و شاعیر و هونەرمەندانی کورد وەکو هەژار موکریانی، ئەنوەر قەرەداخی، قادر دیلان و کەسانی تر لە فستیواڵ و سمینار و بۆنەکانی جیهانی لاوان و خوێندکاران لە دەیەکانی ٦٠، ٧٠، ٨٠ هەموار کرد، کە پیشتر ئیمکانی وا بۆ کورد نەڕەخسابوو!

شەش ساڵ دواتر کنفدراسیون (خوێندکارانی ئێرانی) دامەزرا،کە خوێندکاری کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش تێیدا چالاک بوون. لە قاودانی سیاسەت و ئاکاری ڕژیمەکانی ئەو چوار وڵاتە دەرحەق بە کورد، لە قاودانی بارو دۆخی زیندانیانی سیاسی کورد لە زیندانەکان، پشگیریی لە زیندانیانی سیاسی کوردی ئەو سەردەمە وەک غەنی بلووریان، عەزیز یۆسفی و کەسانی تر لە ڕێگای KSSE و ڕێکخراوی کۆنفیدراسیۆنی خوێندکارانی ئێرانی، سازدانی خۆپیشاندان و گرتنی بالوێزخانەکانی ئێران و عێراق بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک و مێدیا و لایەنەکانی سیاسی، هەمووی بەرهەمی کاری باڵوێزخانەی یەکگرتووی کورد لە ئوروپا بوو.

پەیمانی ئەلجەزایر لە نێوان ئێران و عێراق ساڵی ١٩٧٥ ، باڵوێزخانەکەی بارزانی وێران کردو ڕووی ڕاستەقینەی جوڵانەوەی کورد و ڕابەرانی دەرخست و ناکۆکی گەڕاندەوە ناو کۆمەڵگا و جوڵانەوەی کورد! پارتی دێموکراتی کوردستان لەبەریەک ترازا، کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئوروپا کرا بە سێ کوتەوە!:” کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا مەڵبەندی بەرلین سەر بە پارتی، کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات سەر بە یەکیەتی نیشتمانی، کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئوروپا مەڵبەندی پراگ سەر بە حزبی شیوعی عێراق”.

هەر لە ساڵی١٩٧٥ کنفدراسیونی خوێندکارانی ئێرانی وەک کۆمەڵەی خوێنکارانی کورد، کرایە چەند پارچە و هەر پارچە لە گەڵ حزبەکەی خۆی گرێدرایەوە و ڕێکخراوێکی سیاسی کە قورسایی گرنگی بە دژی ڕژیمی شای ئێران پەیدا کردبوو، لەبەر یەک هەڵوەشایەوە و ساڵی١٩٧٩ ئەندامانی چەپی ئەم ڕێکخراوەیە کە سەر بە تەیفی (سێ جیهانی، مائۆئیست، توودە و چریک فەدائی) بوون، لە گەڕانەوە بۆ ئێران ناکۆکی نێوان خۆیان بردەوە بۆ وڵاتەکەیان، کە ئەوە ئەندامانی کوردی ئەم ڕێکخراوەیەشی دەگرتەوە!

سەلاح شەمس بورهان، ئەندامی پێشووی کۆنفدراسیۆن لە سمینار و کۆبوونەوەکان لە بۆکان و مەهاباد، ڕووی لە سەر کەسایەتی و سیاسەت و ئاکاری عەبدوڵڕەحمان قاسملو بە پێی ناسینی خۆی لە دەرەوەی وڵات، دادەماڵی کە بووە هۆی تیرۆرکردنی! سازمانی پەیکار بە هەمان شێوە حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی خستبووە ژێر ڕەخنە و پروپاگەندە، کە بووە هۆی تیرۆرکردنی چەند لە ئەندامانی بە دەستی پێشمەرگەکانی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری بۆکان. ناکۆکی نێوان حزبی دێموکرات و پەیڕەوانی کۆنگرەی چواری ئەم حزبە، ناکۆکی نێوان حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێکخراوی فەدائییەکانی خەڵکی ئێران- ئەکسەریەت، تیرۆری ئەندامانی ئەم دوو ڕێکخراوەی لێکەوتەوە و پاش ئەم ڕووداوانە، شەڕی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕوخسارێکی نوێی لە تیرۆر نیشان دا،کە تا ئەو کاتە نەبیندرابوو.

بەم چەشنە، ناکۆکی نێوان کەسان و کۆمەڵە کەس، کرایە مایەی “فکریی- سیاسی- حزبی- تەشکیلاتی” بۆ کووشتنی مرۆڤی سیاسی بە دەستی مرۆڤی سیاسی”، “کووشتنی نوخبەی سیاسی بە دەستی نوخبەی سیاسی”،”کووشتنی پێشڕەوی سیاسی بە دەستی پێشڕەوی سیاسی” کە ئیدعای ئازادکردنی خەڵک و میللەت” لە بەرنامەیاندا تۆمار کرا بوو.
ئەم ڕووداوانە ڕەنگدانەوەی ئیدەی جیاوازی سیاسی نێوان کەسان و حزبەکان نەبوو، ڕەهاکردنی ئێنێرژیی “زۆردارانە” و نیشاندانی “زۆردارپەروەر”ی لە ناو کۆمەڵگا و بنەماڵەکان بوو، کە مێژوویەکی چەند هەزارساڵانەی لە پشت بوو، کە بە پڕانی لە کەسایەتی مرۆڤەکان بە خەستی ڕەنگی داوەتەوە و سەرجەم سیاسەتی حزبەکانی کوردی پێ پێناسە دەکرێ!

تێکشکانی “خەبات” لە باشوور ساڵی١٩٧٥ و ڕۆژهەڵات ساڵی١٩٨٢ ، شەپۆلێکی بەرینی کۆچکردن بۆ ئوروپای وەڕێخست و ناکۆکییەکان سەر لەنوێ گەڕاندرانەوە بۆ ئوروپا!
ڕێستۆرانی دانشگاکانی فرانکفۆرت، گیسن، ماینز و بەڕلین لە ئاڵمان، ببوون بە مەیدانی کێبەرکێ و ناکۆکی و تەنانەت شەڕ! کۆمەڵەی خوێندکارانی سەر بە پارتی کە چەند لە بەرپرسانیان لە فرانکفۆرت بوون ، لە گەڵ هەر دوو کۆمەڵەی خوێندکاریی و حزبەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات ناکۆک بوون.
تاکە بەرپرسی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە خۆی خوێندکار بوو، هەفتەی جارێک بڵاوکراوەکانی حزبی لە ڕێستورانی دانشگای فرانکفۆرت بە دزیی دەگەیاندە دەستی ئەو کەسانەی کە دەیانیناسی. ئەم دوو حزبە(پارتی باشوور و دێموکراتی ڕۆژهەڵات) بە تووندی لە گەڵ یەک ناکۆک بوون. لایەنگرانی کۆمەڵەی زەحمەتکیشان و حزبە چەپەکانی ئێرانی هاوپەیمانی کۆمەڵە(کە لە کوردستان ببوونە لایەنێکی ناکۆکییەکانی دەیەی هەشتا لە ناو کوردەکان)، دژی هەردوو حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی دێموکراتی کوردستان عێراق بوون، ئەوان لە فرانکفورت و گیسن و ماینز چالاک بوون و لە گەڵ کۆمەڵەی خوێندکارانی سەر بە یەکیەتی نیشتمانی”ئاکسا” پێوەندیان هەبوو.

لە شاری کۆلن چەند دەزگای سەر بە حزبەکانی باکوور، پارتی سوسیالیست، پارتی دێموکرات، حزبی ڕزگاری لە ژێر ناوی کۆمکار، کاکادێکا و جێڤاتا کورد،بە بێ هاوکاری یەکتر چالاکیان دەنوواند. هەر لەو شارە لایەنگرانی حزبی شیوعی عێراق کە بەرپرسەکەیان کورد و ئەندامی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئوروپا مەڵبەندی پراگ بوو، هیچ پێوەندی لە گەڵ دوو کۆمەڵە خوێندکارییەکەی سەر بە پارتی و یەکیەتی نەبوو.

تەنیا دەزگای بەناو دوور لە حزبەکان، ئەنستیتۆی کورد لە شاری بۆن پایتەختی ئاڵمان بوو، کە لە لایەن حزب و دەزگاکانی ئاڵمانەوە، پشتیوانی ماڵی دەکرا و دوو کوردی باکوور و ڕۆژهەڵات بەرپرسی یەکەم و دووهەمی بوون. بەرپرسی یەکەم ساڵی١٩٨٧ بە هۆی دزیی و حەیف ومەیلکردنی پارە خسترابووە زیندان. ئەوان “ئینجیل”یان کردبووە کوردی و پارەیەکی زۆریان بۆ خەرج کردبوو. ئەنستیتۆی کورد لە بەر ناکۆکی و کێبەرکێی نێوان حزبەکانی باکوور لەمەڕ داگیرکردنی، لە لایەن دەزگاکانی ئاڵمانەوە بۆ هەمیشە دەخرا.

لەم بارودۆخەدا کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئاڵمان، سەر بە مەڵبەندی پڕاگ، بە بەشداری کوردی باشوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، پاییزی ساڵی ١٩٨٧ دامەزرێندرا، کە پرۆژەی هاوبەشی تەشکیلاتی حزبی شیوعی عیراق و ڕێکخراوی فەداییانی ئەکسەریەت لە ئاڵمان بوو. لە کۆنفرانسی دامەزراندنی کۆمەڵە لە شاری برێمن، بە بێ ئاگاداری پێشتر، لایەنگرانی حزبی توودەی ئێران و پەیڕەوانی کۆنگرەی چواری حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش،کە تازە گەیشتبوونە ئاڵمان، بەشداری ئەم کۆنفرانسە کران.

ئەم ڕێکخراوەیە لە ماوەی مانگی رێبەندان و ڕەشەممەی ساڵی١٩٨٨ دوو فستیواڵی بە ناوی دووی ڕێبەندان و نەورۆز لە دانشگای کۆڵن ڕێکخست. فستیواڵی دووهەم بە هۆی کارەساتی هەڵەبجە کرا بە فستیواڵی هەڵەبجە کە لەبەر بەشداری رێکخراوی جیهانی لاوان و لایەنی سیاسی ئاڵمانی و خەڵکی وڵاتانی تری نیشتەجێی ئاڵمان، ڕواڵەتێکی سیاسی پەیدا کرد. دروشمی سەرەکی ئەم فستیواڵە یەکگرتنەوەی کۆمەڵەکانی خوێندکاری کورد و پێکهێنانی بەرەی حزبەکانی باشوور بوو. ئەم دروشمە هەر لەو ساڵەدا، جێبەجێ کرا!

کۆنگرەی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە خوێندکارییەکان لە پاییزی ساڵی ١٩٨٨ بە بەشداری هەر سێ کۆمەڵەی خوێندکاریی لە بەڕلین ڕیکخرا. ئەم کۆنگرەیە لە لایەن فواد موعسوومەوە دوور لە هەر چەشنە پرێنسیپێکی دێموکراتیانە بەڕێوە دەچوو. لایەنەکانی حزبی، پێشتر هەموو شتیان بڕیبووە و کۆنگرە تەنیا دەوری فۆرماڵی بۆ پەسەندکردنی بڕیاری حزبەکان پێبەخشرا بوو. تەنانەت هەموو ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵەی یەکگرتوو لە دەرەوەی کۆنگرە دیاریی کرابوون.

شێوەی بەڕێوبردنی کۆنگرە، پێچانەوەی کەوڵی کۆنگرە، هەڵس وکەوتی حزبەکان، گوێڕایەڵبوونی زۆربەی بەشداربووانی کۆنگرە بۆ حزبەکان، نە تەنیا نەبووە هۆی بوژاندنەوەی کۆنترین ڕێکخراوی خوێندکاریی کورد لە ئوروپا، بەڵکوو بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی. دەستەی بەڕێوەبەری ئەم رێکخراوەیە، دوای کونگرە تەنانەت بۆیان نەکرا کۆبوونەوەکانی ئاسایی خۆیان پێک بهێنن. کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد بە بێ ڕاگەیاندن و لە بێدەنگیدا، لە ناوبردرا و ناوی لە مێژووشدا کوێر کرایەوە!

پاش هەڵوەشانەوەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئوروپا، دام و دەزگای لەو چەشنە کە لایەنەکانی کوردستانی و کوردی چوارپارچەی لە خۆ گرتبێ، بە دەگمەن بیندراوە و کۆڕوکۆمەڵە و سازییەکان لە ژێر هەر ناوێکدا سازکرابێتن، هێژێمۆنی ئەم حزب و ئەو حزبی بەسەرەوە بووە.

خوێندکارانی باکوور کە زۆربەیان منداڵانی ئەو کرێکارانە بوون کە پاش کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی وەک کرێکار هاوردرابوونە ئاڵمان، لە دەیەی هەشتا و نەود، رێگایان کەوتە زانستگاکان. کۆمەڵێک لەو لاوانە بەر لە بوون بە ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی١٩٨٦ و ٨٧ ، وەک جیلی پێشتر، ببوونە ئەندامی حزبی کۆمۆنیستی تورکیاو رێکخراوەکانی مارکسیست لەنینیستی تورک. ئەو ئەندامانەی پ کاکا بازنەی سەرەکی پێکهێنەرانی دام و دەزگاکانی هەمەجۆری سیاسی- فەرهەنگی- تیجاریی و مێدیایی و کۆمەڵایەتی پارتی کرێکارانی کوردستانیان لە ئاڵمان و دواتر ئوروپا پێک هێنا! ئەوان هەلیان بۆ نزیکردنەوەی پ کاکا لە بازنەی هێزەکانی چەپ و ئولترا چەپی ئاڵمان ڕەخساند، کە دواتر حزبی سەوزەکانی ئاڵمان و حزبی چەپی ئاڵمانیشی گرتەوە.

پاش ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٩٢ لە لایەن ئەندام و لایەنگرانی پ کاکا کە ئاڵۆزی فرەی خستە ناو کۆمەڵگای ئاڵمان، سەدان کەس لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان گیران و حزبەکەیان قەدەغە کرا و بواری کاری سیاسی بەناوی پ کاکا نەما و کەسایەتی سیاسی و حزبی ئەوان زەوت کرا و گرتنی سەرۆکی حزب و گواستنەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ تورکیا، هێندەی تر کاری ئەوانی لە ئاڵمان ڕووبەڕووی دژواری کرد.

لەم بارودۆخەدا سیاسەتی بوون بە ئەندام لە حزبی سەوز و دواتر حزبی چەپی ئاڵمان، لە لایەن ئەندامانی پ کە کەوە ڕەچاو کرا و ڕێگا بۆ کۆمەڵێک کەس کرایەوە ببن بە ئەندامی ناو شۆڕای شارەکان، پارلەمانی ئەیالەتەکان، پارلەمانی ئاڵمان و پەرلەمانی ئوروپا، کارێک کە پیشتر هیچ حزبێکی کوردی لە ئوروپا بۆی نەکرابوو.

بە ئەندامبوونی کوردەکان لە ناو حزبەکانی ئاڵمان کارێکی تاکە کەسییە ، ڕەنگدانەوەی هەمان تێگەیشتنی تووانەوەی نەتەوەیی و سیاسی لە حزبەکانی سەرانسەری چوار وڵاتی ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا بوو، بەو جیاوازییەوە کە لە ئوروپا ئەوان بە ئاشکرا و نهێنی ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان دەمانەوە و پێیانوابوو لەم ڕێگایەوە بۆیان دەلوێ گۆڕان بە سەر سیاسەتی ئەو حزبانە و دام و دەزگاکانی ئاڵمان بەرانبەر بە حزبەکەیان، بهێنن.

ئەم چاوەڕوانی و سیاسەتە کە لە بنەڕەتدا هەڵە بوو، دەرهاویشتنی پارتی کرێکارانی کوردستان لە لیستی تێرۆریستەکان لە ئاڵمان و ئوروپای لێنەکەوتەوە، هەڵگرتنی قەدەغە لە سەر پ کاکای لێنەکەوتەوە و ‌هەڵگرتنی چاوەدێری دەزگاکانی ئەمنیەتی لە سەر کەسان و دەزگاکانی نزیک بە پ کاکای لێنەکەوتەوە و هیچ بوارێکی سیاسی گونجاویشی بۆ ئەوان نەڕەخساند!

حزبەکانی ئاڵمان لە هەڵبژاردنەکاندا نیزیک چوار سەد هەزار(تەخمین دەکرێ) دەنگی کوردەکان وەردەگرن و کۆمەڵێک کوردیش کە ژمارەیان زۆر نییە، لێرەو و لەوێ هەڵدەبژێردرێن. ئەم کەسانە دەبێ گوێڕایەڵی سیاسەت و ئەمر ونەهی ئەو حزبانە بن کە بوونەتە ئەندامی، هەر وەک چۆن لە چوار وڵاتی ئێران و عێڕاق و تورکیا و سوریاش، وابووە. هیچ حزبێکی ئەو چوار وڵاتە و حزبەکانی ئوروپا، بەرژەوەندی حزب و وڵاتەکەیان لە گەڵ بەرژەوەندی ئەو کەسانە و میللەتەکەیان گرێ نادەن. بە پێچەوانە ئەم کەسانە دەبێ بەرژەوەندی تاکە کەسی خۆیان لە گەڵ بەرژەوەندی ئەو حزبانە و ئەو وڵاتانە، گرێ بدەن، کە دەتوانێ دژ بە بەرژەوەندی میللەتەکەی خۆیان تەواو بێ!

ناکۆکی ناو کوردەکان و پەیڕەوکردنی سیاسەتی چەوت و هەڵە لە ئوروپا (کە ئەوەیان باسێکی تایبەت هەڵدەگرێ) هێزو وزەی کوردەکانی بە فیڕۆ داوە و ئەو بوارەی نەڕەخساندووە کە کورد قورسایی سیاسی- کۆمەڵایەتی- ئابووری- فەرهەنگی پەیدا بکات. ئەمڕۆ لە ئوروپا و ئاڵمان هیچ ڕێکخراو و دام ودەزگایەکی کوردستانی بوونی نییە، هەرچەند سەدان کۆڕو کۆمەڵ بە ناوی کوردەوە ساز کراون!

حزب و ئیلیتی “سیاسی” کورد عاملی سەرەکی چەند بەرەکی بوون و هەن، تاکی کورد یەخسیریی تێگەیشتن و فەرهەنگی پڕ لە ناکۆکی و پەروەردەی کۆمەڵگایەکی ناتەبایە، کە بە درێژایی مێژوو، ریفۆرمی فکریی، ئایینی، فەرهەنگی، سیاسی بەخۆیەوە نە بینیوە. تاکەکان لە زیندانی کۆمەڵگا و فەرهەنگ و تێگەیشتنی پڕ لە ناکۆکی، نادێموکرات و پاوانخوازدا بار دێن! سەرۆکی بنەماڵە، تایەفە، عەشیرە ، دەوەر و وڵات،بەرهەمی ناتەبایین، کە بە هەزار داوی دیار و نادیارەوە، گرێدراوی ژێردەستەکانی خۆیانن.

بەردەوام نەمانەوەی پرۆژەکانی وەک کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد، بەرەی نیشتمانی باشوور، هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد و پرۆژەی لەو چەشنە، بەرهەمی کەسایەتی تاک و کۆی کۆمەڵگای کوردستانە کە ئەوەش گرێدراوی مەیل و تێگەیشتن و تاقیکردنەوەکانی مێژووییە، کە بەردەوام خۆی لە تێکشکاندنەکاندا دەبینێتەوە و ئەوەش ڕەوانی مرۆڤی کورد لە چەنبەرەی خۆیدا دەهێڵێتەوە. ڕەهابوون لەم بازنەی “شەیتان!؟”یە، بە بێ ویست و مەیلی “ئاگاهانە” کە چوونە ناو پرۆسەی “وەلانان و وەرگرتن”ە، سەر ناگرێ! مرۆڤی کورد لە ژێر ئەزموونی تێکشکانەکاندا ماوەتەوە و خۆی لەو ئەزموونەدا دووبارە دەکاتەوە، نەک لە ئەزموونی تێگەیشتن و ویستن!

گۆڕانکارییەکانی جیهانی کە زۆر بە خێرایی ڕوودەدەن، دوا سەنگەری یەکگرتووی کورد کە بنەماڵەیە و ترادسیۆنی هەزاران ساڵەی لە پشتە، دەڕمێنێ و کۆمەڵگای کورد بەرەو قەیرانی زۆرتر دەکێشێ. ڕەوی بە کۆمەڵی کوردان بەرەو ڕۆژئاوا ئەم پرۆسەیە خێراتر دەکات و بنەمای فکریی- سیاسی- ئیدئۆلۆژیک- ئایینی- زمانی- فەرهەنگی لە دەرەوە و لە ژوورەوە، زۆرتر لەوەی ببنە مەبنای یەکگرتن، دەبنە عاملی ناکۆکی، ئەوە حزب و سازی کوردیش دەگرێتەوە!

ئەو حزبانەی کە ئەمڕۆ بە ناوی کورد سیاسەت دەکەن و ئەو کۆڕ و کۆمەڵانەش کە لە ئوروپا ڕۆژانە ساز دەکرێن و هەڵوە دەوەشێندرێنەوە، نیشاندەری بینایەکی داڕوخاوی فکریی، ئایینی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، مەعریفەتی و فەرهەنگین(ئەم باسە لە وتارێکی دیکەدا ڕوون دەکرێتەوە)!
شەست و یەک ساڵ بەر لە ئێستا کۆمەڵێک کورد کە ژمارەیان زۆر نەبوو، بوونە دەنگی یەکگرتووی کورد لە ئوروپا. ئەمڕۆ بە بوونی ملیۆن کورد، ئەو دەنگە یەکگرتووە لە ئوروپا نابیسترێ و کورد خاوەنی سیمای یەکگرتوو نییە. گەر حزبەکانی کورد دێموکرات بایەن و پاوانخواز نەبایەن، جیاوازییەکانی سیاسی و ناسیاسییان بە دیاکۆگ چارەسەر دەکرد! بنەمای پڕ لە ناکۆکی کۆمەڵگای کورد، نیازی بە تێگەیشتن و ئاکاریی دێموکراتیک هەیە، بۆ ئەوەی داهاتوو جیاواز لە ڕابووردو بێ، ئەوەش لە ویستی گۆڕینەوە دەست پێدەکا! گۆڕینی تێگەیشتن و تاقیکردنەوەیەکی بە مێژوو کراو!

برایم فەڕشی
ڕەشەمەی ٢٠١٧

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish