Skip to Content

رێزگرتن لە ئازادی رادەربڕینی منداڵان … رەزا شوان

رێزگرتن لە ئازادی رادەربڕینی منداڵان … رەزا شوان

Closed
by ئازار 8, 2018 General, Kids Literature

منداڵەکانمان نەوەی ئەمڕۆن و هـیوای داهـاتووی کوردستانن.. بەنرخترین و گرنگترین سامـان و سەرمایەی گەلەکەمانن.. بۆ ئەوەی نەوەیەکی بڕوابەخۆ و گەشبین و هیوادار پێبگەیەنین.. بۆ ئەوەی داهاتوویەکی شیاوتر و گەشتر بۆ کورد کوردستان دابینبکەین.. نەوەیەکی دڵسۆز گۆش و پەروەردەبکەین کە هاوبەستەبوونیان بۆ کورد و کوردستان هەبێت.. نەوەیەک رابهێنین و ئاراستەیان بکەین کە لە داهـاتوودا بتوانن بەرپرسێتی هەڵبگرن و چارەنووسی گەلەمان لە ئەستۆبگرن.. نەوەیەک کە رانەمێنن و بتـوانن لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی رۆژگاردا هەڵبکەن و دەربەرن، لەگەڵ داهێنانە تازەکانی تەکنۆلۆژیادا دانەمێنن.. نەوەیەک کە بتوان ئاڵای زانست و زانیاری و پێشکەوتن و داهێنان و تازەگەری بەرزبکەنەوە.. ئەم ئامانجانە و بە دەیان هیوا و ئامانجی تریش.

پەروەردەکردن و پێگەیاندنی نەوەیەکی خوازیاری واش، دەکەوێتە ئەستۆی دایکان و باوکان و مامۆستاکان و نووسەران و هونەرمەندان و میدیا و راگەیاندنەکان و کۆمەڵگا و حکوومەت و هەموو کەسانێکی ئاواتەخـوازی داهـاتوویەکی باشتر و گەشتر بۆ کورد و کوردستان.
زۆر گرنگ و پێویستە کە رێز لە را و لە رادەربـڕینی منداڵەکانمان بگرین.. لێیانگەڕێین و هانیان بدەین و گوێیان لێبگرین با بە ئەوپەڕی ئازادییەوە گوزارشت لە هـزر و را و لە بۆچوونەکانیان بکەن.. بە ئازادی و بەبێ ترس ئەوی لە دڵیان دایە دەریان ببڕن.

لێیانگەڕێن با چێژ و خۆشی لە منداڵێتییان ببینن، جیهانی خەیاڵ فراوانیان لێتێکنەدەین، جیهانێکە سەرتاسەر لە پاکی و لە بێتاوانی و لە سادەیی و ساوێلکەیی.. پڕە لە هـیوای شیرین و لە خۆزگە و لە خەونی سەوز و لە گەشبینی.. منداڵان دڵیان وەکو پەڕەی گـوڵ وایە.. راستگۆن و درۆ و فـڕوفـێل و خەڵەتاندن و پێچ و پەنا نـازانن.. رق و کینە و بوغز و گێچەڵ و تۆڵەسەندنەوە نازانن.. منداڵان بە پاکی و بێتاوانی لەدایک دەبن.. هـەچ رەفتارێکی ناپەسەند و ناشیرین و نەرێنیش فـێربن.. بێگومان لە گەورەکانەوە فێریان دەبن.. وەکو کورد دەڵێ: ” گـەورە ئـاو دەڕێـژێ و بچووک پێی تێدەخـا”

نابێت فەرامۆش و پشتگوێ و پەراوێزیان بکەین و لێیان نەپرسینەوە، پێویستە پرسیان پێبکەین.. را و خواست و رەخنە و پێشنیارەکانیان بە هەند وەربگرین، بە تایبەتیش لەو پرس و بڕیارانەی کە کاریگەریان لە ژیانی ئەمڕۆ و لە چارەنووسی داهاتوویانەوە هەن .. پێویستە رەنگ و دەنگ و ئامادەبوونیان هەبێت.. بەشداربن لە گفوگۆ و لە بڕیارەکان دا .. رێزگـرتن لە ئـازادی رادەربـڕین و گوزارشتکرن سادەترین مـافی رەوای منـداڵانە.

پێویستە فەزایەکی فروانی ئـازادی بۆ منداڵەکانمان بڕەخسێنین.. تا بە ئازدی گوزارشت لە خەیاڵ و لە رای خۆیان بکەن.. شایەنی ئاماژە و باسیشە ئازادی رادەربڕینی منداڵان مافێکی رەوای دانپێنراوە، لە لایەن کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکراوە.
رێکەوتننامەی مافەکانی منداڵ، بڕیارنامەی(٢٥، ٤٤) لە (٢٠ی/ نۆڤەمبەر/١٩٨٩) کە لە لایەن کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکرا و لە (٢ی/سێپتەمبەر/١٩٩٠) دا، کەوتە بواری جێبەجێکردن و پابەندبوونی وڵاتانی واژۆکردووی ئەم رێکەوتننامەیە.

لە دەقی ـ بەندی دوانـزەیەم ـ لە بڕگەی یەکەم دا:” وڵاتانی ئەندام لەم رێکەتننامەیەدا، دەبێ مـافی ئـازادی دەستەبەربکەن بۆ ئەو منداڵەی کە توانـای رێکخستنی بـیروڕای تایبەتی خۆی هەبێت، مافی ئەوەی هەیە کە بە ئـازادی راکـانی دەربڕێت، سەبارەت بە هەموو ئەو پرسانەی کە کاریگەرییان بە ژیانی منداڵەوە هەبێت، پێویستە بەپێی تەمەن و گەشەکردنی ئەو منداڵە راکانی بە هەند وەربگيرێن”
لە دەقی ـ بەندی سیانـزەیەم ـ لە بڕگەی یەکەم دا، جەخت لەسەر ئەوە دەکات :” منداڵ دەبێ مافی ئازادی هەبێت، ئەم مافەش ئازادی داواکردنی هەموو جۆرەکانی زانیـاری و بیروڕاکان وەرگرتنیان و بڵاوکردنەوەیان دەگرێتەوە، چ بە زارەکی بن یا بە نووسراوبن یا چاپکراوبن یا هـونەری بن، یا لە رێگای هەر راگەیاندنێکی تروە بن، کە منـداڵ خۆی هەڵییبژێرێت”
پێویستە ئەوەش بزانین کە، منداڵان هەستیارن و توانایەکی زۆریان لە هەستکردن بە رووداو و شتەکانی دەوروبەریان.. هەندێ جار وشەگەلێکی قوت و جوان و سەیریان لێدەبیستین، ئەم قسانەش لە خۆتەن و لە بۆشییەوە نایەن، ئەوە دەگەیەنن کە منداڵان تا چ رادەیەک لە رووداوەکانی دەوروبەریان تێگەیشتوون.. ئەوان راستن و بە راشکاوی راستییەکان دەدرکێنن.. ئەوەی لە دڵیان دایە، هەر ئەوەیە کە لەسەر زاریان دایە.
گۆزارشتکردنی منداڵان بە ئازادی لە سۆز و هەست و لە را و لە راز و نیـازیان، لە گرنگترین پێویستییە تەندروستییەکانی دەروونـی و جەستەیی منـداڵان و گەورەکانیشە.. بەڵام بۆ منـداڵان کردارێکی زۆر گرنگە و هۆکارێکی گونجاوە، چونکە منداڵان هێشتا کامڵ نەبوونە، کە بتوانن ئەڵتەرناتیڤێکی تەندروستی بدۆزنەوە، تا بتوانن لە میانەیەوە سۆز و هەڵچوونی متبووی دەروونیان دەرببڕن.
گەر خێزانەکان دۆخێکی ئەوتۆ بۆ منداڵەکانیان نەڕەخسێنن، بۆ ئەوەی بە ئازادی سۆز و خرۆش و هەڵچوونیان دەرببڕن.. دووچاری فشار و متبوون و تێکچوونی دەروونی دەبن.. ناچاردەبن رەفتار لەگەڵ سۆزداری پەنگخواردووی دەروونیان بکەن.. ئەمەش دەبێتە هۆی بەردەوامی دڵتەنگی و تێکچوونی دەروونییان.. هەست و سۆزداییەکانیان بە نەستی و بە ناتەندروستی دەجووڵێن و دەورووژێن.
کەواتە زۆر گرنگ و پێویستە، کە گرنگی و بایـەخ بەوە بدەین، کە چی هۆش و بیری منداڵەکانمانی سەرقاڵ کردوون.. دەبێ هانیان بدەین بە ئازادی و بەپێی ترس و شەرم، بە قسەکردن یا بە نووسین یا بە وێنەکێشان ئەوەی دەیانەوێت دەریان ببڕن.. نابێت
قسەکانیان پێببڕين.. فێری ئەوەشیان بکەین کە چۆن ئازادی دەربڕین بە خۆیان رەوا دەبینن.. ئاوهاش گـوێ لە کەسانی تر بگرن و رێـز لە ئازادی و لە رای و بۆچوونی جیاوازی هاوڕێکانیان بگرن.. هەستی کەسیش بریندارنەکەن.. دەبێ هەر لە منداڵییەوە ئەوە لەهۆشیان دا بچێنین، کە ئازادی مانای بەرەڵڵای و ملهوڕی نییە.. ئازادی پێوەر و سنووری هەیە.. مـرۆڤ تا ئەو ئاستە ئـازادە، کە پێشێلی ئـازادی و مـافی کەسانی تر نەکات و سنوور نەبەزێنێت.
بە تاقیکردنەوە و لێکۆڵینەوە، ئەو ساغ بۆتـەوە، کە رێزگرتن لە ئـازادی دەربڕینی منداڵان هۆکارێکی گرنگە لە هۆکارەکانی باڵادەستی و پێشکەوتنی منداڵان.. منداڵان بەوەش ناسراون کە خۆهەڵقورتینن و خۆبەرەپێشەوەن و خۆدەرخەرن.. زۆر دەپرسن، جار و باریش بە پرسیاری سەیر رامان و دامانمان دەکەن.. بەڵام ئەمە خاڵێکی ئەرێنی و نیشانەی زیرەکییانە، هەرگیز نابێت پرسیارەکانیان وەڵام نەدەینەوە.. یا بە وەڵامێکی ناراست و سەقەت بەڕێیان بکەین.. ئەوان دەیانەوێت ئەوانەی نایانزانن، بیانزانن.

هەندێ لە منداڵان، گـرفتی بێتوانایی رادەربـڕین و گوزارشتکردن و نەبوونی ئـازایی ئەدەبییان هەیە.. ئەمەش پەیوەندی بە ترس و شەرم و گۆشەگیری و دەسەڵات سەپێنی دایکان و باوکانیانەوە هەیە.. کە توندوتیژ و تووڕە و رەقـن لەگەڵیان دا، سەرکـوێر و سەرکوت و دەمکوتیان کردوون.. بە شێوازی فەرمان وسکت و بیدەنگیان کردوون.. بـەری ئـازادی رادەربڕینیان لێگرتوون.. بە لای ئەمانەوە، دەبێت منداڵان لە رووی گەورەکان دا، دەمیان دابخەن و قسەنەکەن، تەنها گوێبگرن و گوێدێـربن.
(یۆ نامات) دەڵێ:” تا تەمەنی سیانـزە ساڵیم، وامدەزانی کە ناوم ـ دەمت داخـە ـ یە”
ئەم هەڵەیەی دایکان و باوکان.. لە ئەمڕۆ و لە داهاتووش دا، زیـان و کاریگەری و رەنگدانەوەیەکی خراپیان لەسەر کەسایەتی و ژیانی منداڵان دەبێت.
لەم پێودانگەوە، پێویستە هەموومان ئەوە بزانین، کە ئازادی رادەربڕینی منداڵان چەند گرنگ و پێویستە.. چ کاریگەرگەرییەکی ئەرێنی لەسەر گەشەکردنی تواناکانی منداڵان هەیە.. نەک تەنها ئەم مافەی منداڵەکانمان بە رەوا و پێویست بزانین.. بەڵکو پێویستە بوار و زەمینەیان بۆ بڕەخسێنین.. هانیان بدەین و ئافەرین و دەستخۆشیان لێبکەین.

رەزا شوان
نەرویـج: ٩ی/ئادار/٢٠١٨

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress