قوروەی ئازا و بێناز.. شیوا میرهكی
پێشەکی: ئەگەر بمانهەوێ سەبارەت بەقوروە بنووسین لە ڕاستیدا ئەتوانین بڵێین نووسراوە یا لێکۆڵینەوەی بەهێز و ئاکادێمیکی تایبەت بۆ ناسینی ئەم ناوچە لە بەر دەستماندا نییە و ئەوانەی کە هەن تەنیا توانیویانە بەشێكی بچووك لە حەقیقەتی مێژوویی یان فەرهەنگی ئەم ناوچەمانە بۆ ڕوونبکەنەوە کە ئەم کەمتەرخەمییەی نووسەر و چالاکی فەرهەنگیی کورد خەسارێکی زۆرە بۆ لەناوچوونی ڕاستییەکانی ناوچەی فرە دەوڵەمەندی فەرهەنگی مێژوویی قوروە. هەر وەک ئاماژەم پێکرد کتێبگەلێك سەبارەت بە ناوچەی قوروە هەیە و نووسراوه، ئەوانەی نووسەری کورد نووسیونی هەم کەمن وه هەم دەبوایه بەهێزتر بنووسرایە نەک ئەوەی بە شێوەی پێرست و کورت ئاماژەی پێبکرێ .لەم ساڵانەی دواییدا کەسێکی تورکزمان بەناوی (موحسێن ساڵحی) لەسەر ئەم ناوچەیەی نووسیویە (بلوک اسفنداباد، جنگ سولچە و…) کە بەداخەوە ناکرێ وەکوو سەرچاوەی متمانەپێکراو بیناسێنین. بۆ نووسینی ئەم بابەتە توانیومە کەڵک لە کتێبی ( آوازهای سرزمین پدریم ) وەربگرم کە یادی بەخێر بێ کتێوێکی زۆر لاوازە و شێعری کوردی و حەقیقەتی ناوچەكهی تورکاندووە و جگە لە پێشەکییە سێ لاپەڕەیهكهی شتێکی دیكهی بۆ وتن نییە، هەر وەها لە چەن وتارێکی مێژوویی و مێژووی مادی دیاکۆنۆف و….هتد کەڵکم وەرگرتووە.
کورتەی باس:
شاری قوروە لە چوار گۆشەوە هاوسنوورە لەگەڵ سونقوڕ کولیایی سەر بە پارێزگای کرماشان، ئەسەدئاوای سەربە پارێزگای هەمەدان و وه دێولان و بیجاڕی سەر بە پارێزگای سنە، کە ئەم تایبەتمەندییە بووەتە هۆی ئەوەی پێوەندی پتەو و هاتووچۆی زۆر لەنێوان ئەم شارگەلە پێک بێت و زاراوەکانی ئەم شارگەلە لە شاری قوروەیش بوونی هەبێت. هەندێ جار بەهۆی تێکەڵاوبوونی زاراوەکانی ناو شاری قوروە لەگەڵ ئەو زاراوەگەلەی شارە دراوسێەکان، زاراوەی نوێ درووس بووە کە بە نسبەت زاراوەی ڕەسەنی کوردی جیاوازە و ناتواندرێ وهك زاراوەی ڕەسەنی کوردی بێتە ئەژمار، بەڵام جیا لەکوردیش پێناسە ناکرێ. هاتنی کۆچبەرانی لەک و نیشتەجێبوونیان لەم ناوچەیە و هەبوونی عەشیرەتی زەند و شێخ ئیسماعیلی کە بنەڕەتیان شارەزوورییە و هەر وەها هەبوونی بنەماڵەی ئەردەڵان وەکوو دەسەڵاتداری ناوچەکە کاریگەری زۆریان لەسەر درووسبوونی زاراوە و شێوەزارەکانی لەم ناوچەیەدا بووە. شارەزوور پێش هاتنی ئیسلام بریتی بوو لە (هەولێر، شاربازاڕ، ئارپاخا (کەرکووک)، شیز (هەوشار)، دزدان، پاتیز(زەهاو)، زاموا، دینەوەر (ئەسپەنئاوا بەشێ لە دینەوەر)، نەهاوەند و هەمەدان). یاقووتی حەمەوی وای بۆ ئەچێ کە شارەزوور ناوچەیەکی بەربڵاوە کە لە کێوەکانی نێوان هەولێر تا هەمەدان دەگرێتەوە کە بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ دەورەی ساسانییەکان و هەروەها شارەزوور شاری پیرۆزی یارسان و شوێنی حەشر و نەشری ئایینی یارسانە.
لەم شارە (165) ئەسەری مێژوویی لە ئاسەواری نەتەوەیی وڵاتی ئێران تۆمار کراوە کە نیشاندەری پێشینەی دوور و درێژ و مێژووی دەوڵەمەندی ئەم ناوچەیەیە، یەکێک لەو ئاسەوارانە (فەرهادتاش)ە لەوێنسار کە لە سی کیلۆمێتری شاری قوروە بەرەو هەمەدانە و بە بڕوای خەڵک پێوەندی لەگەڵ (شیرین و فەرهاد)ی کرماشاندا هەیە کە دێهاتە ژێرزەوییەکانی ئەم ناوچەیە ئەو بڕوا و گومانەی خەڵکە بەهێزتر ئەکا. هەر لە شوێنی فەرهادتاش ئەشکەوتێک هەیە و جۆرێ فۆسیلی زەریایی لێیە کە لەم جۆرە بەردگەلە بۆ بیناسازی (مەعبەدی ئاناهیتا) لەتەخت سلێمان کەڵکوەرگیراوە لە وێنسار هەتا هەوشار دێهاتی ژێرزەوینی بووە کە ڕەنگە پێوەندیدەری ئەم دوو ناوچە بووبێت. هەروەها لە وێنسار کانییەکی بەردچن درووستبووە کە خەڵک بۆ شوکرانەبژێری ئەو کانییە ڕێوڕەسمی گاکوژی بەڕێوە ئەبەن و بەڕێوەچوونی ئەم ئایینە کۆنە ئەتوانێ نیشاندەری میترائیسم لەم ناوچەیە بێت . قوروەی ئەمڕۆیی بەشێک لە لەیلاخ بووە کە شوێنی گەرمێن و کوێستانی کۆچی ئێڵەکانی شێخ ئیسماعیلی، میرەکی، زەنگنە، زەند، بەلیلوەن، لالەای و گورگەیی بووە و نیشتەجێبوونی ئەم خێڵگەلە تا دەورەی فەتحعەلی شا بەردەوام بووە. قوروە لە دەورەی سەفەوی و سەددەی هەشتەمدا بەهاتنی کۆچبەرانی تورک، بەناو ئەسپەنئاوا لە لەیلاخ جیا بووەتەوە. قوروەی ئەمڕۆیی لە درێژەی دەسەڵاتداری میری ئەردەڵان یەکێ لە هەژدە بلووکەکەی ئەم میرنشینە بووە.
بلووکی ئەسپەنئاوا لە نەخشە مێژووییەکاندا بە کیشاسوو ناوی براوە کە یەکێ لە ناوەندە پڕ حەشیمەتەکانی نزیک بە هەگمەتانەیە. قوروه بەهۆی بارودۆخی جۆغرافیایی خۆی یەکێ لەناوەندە ئێستراتژیکەکانی زاگرۆسە کە هەمیشە سوارە نیزامی ئامادەی شەڕی بووە.
بۆ سەلماندنی ئەم وتە ئەتوانین ئاماژە بە شەڕی یەکەمی جیهانی و شەڕی سەنجەرخان لەبەرانبەر ڕووس و شەڕی سۆلچە لەبەرانبەر یۆپرەم خانی ئەرمەنی بۆ دەسەڵاتداریی ئەم ناوچە بەدەس (سالاروددەولەوە) بکەین. ئەم ناوچەیە لهپێش ئیسلام لە ژێر چاوەدێری (دەوڵەتی ماد)دا بووە و لە سەددەی هەشتەمدا بەهاتنی بەربڵاوی تایفەگەلی تورکمانی بۆ ناوچە کوردییەکان قوروەیش بووە بە بەشێ لەناوچەی دەسەڵاتداری عەلیشەکەر قەراقویونلوو و چەن شوێنێکی تورکنشین لەم ناوچەیەدا درووستبوون. یەکێک لە قەڵاگەلی گرینگ لە بەشی ژوورووی ڕۆخانەی ئامادای یا سپیڕوودا بووە کە لە باکووری ئەم شارە هەڵکەوتووە و سەرەتاییترین برووسکەی شۆڕشی ماد دژ بە ئاشوور لە قەڵای کیشاسۆ و خارخار دەستی پێکردوە و بووە بە هۆی درووسبوونی یەکەمین دەسەڵاتی گشتگیر لەوڵاتی ئێراندا.
ساڵی (716)ی پێش زایین سارگۆن هێرشی کردۆتە سەر دەوڵەتی مەننایی و شوێنگەلێک کە چاودێری مەننایی لەسەریان لاواز بووە، سەرەتا قەڵای گرینگی کیشاسۆ ئەسپەنئاوای داگیرکرووە و خاون دەسەڵاتەکەی بە دیل گرتووە. لەسەددەی نۆی کۆچی بەدوا بەناو بەشێک لە شوێنی دەسەڵاتی قەراقویۆنلوو ناوبانگی دەرکردوە و کۆچبەرانی تورک لە ناوچە کوردییەکاندا نیشتەجێ بوون. لەو هەموو میر و خانە لەم ناوچەیەدا ئەتوانین ئاماژە بە ئیلخانی جاف مورادی و شێخ ئیسماعیلی بکەین کە لە خانە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەی ئەسپەنئاوا بوون. خاوەنی ئەسڵی ئەم ناوچەیە خەڵکی گۆران و جافن کە بەردی بنەڕەتی ئەم شارەیان داناوە و دواتر تایفەگەلی لەک، سۆران، هەورام، نۆتەرەکی، وەرمەزیار، پڕپێشە و کەلهۆڕی لەوێدا نیشتەجێ بوون، کە لە دەیەکانی دواتر کۆچبەرانی تورکی قەشقایی، بەهارلوو، شاهسەوەن، خودابەندەلوو، لەم شوێنە نیشتەجێبوون. لە ئەسپەنئاوا قەڵا و تەپەی مێژوویی زۆر هەیە وەکوو؛ دەروازە، کۆڵەوا، قەڵوەز، هانەسارد، قەسڵان، بان سەرانجیک، جنیان، دێوەزەن، خانەڱا، مەیهەم و…. هتد.
ئەم شارە لە دەشتێکی پان و بەرین بەپانتایی (58400) کیلۆمێتر و بەرزایی (1800)مێتر لە زەریاس کە لەڕۆژهەڵاتی شاری سنه و لەسەر ڕێگای سنەهەمەدان هەڵکەوتووه. ناوەندی سەرەکی حوکومەتی ئەم شارە لەڕابڕدوودا گوندی مێژوویی قەسڵان بووە کە خاوهنی قەڵا، عێمارەت، مزگەوت، گەرماو، باخ و بێشەی گەورە و بازاڕ بووە و دواتر بەهۆی درووستبوونی ڕێگای هەمەدان-سنە و دووری قەسڵان لەو ڕێگایە لادێی قوروە وردە وردە گەورەتر دەبێ و لە ساڵی (1337) ناوەندی حوکومەت بۆ قوروە دیاری ئەکرێ و قەسڵان ئەکەوێتە پەراوێزەوە. لهم شارە ئاسەواری مێژوویی سروشتی زۆر تۆمار کراوە، وەکوو شاخی کۆڵەوا، گەرماوی قەسڵان، پردی فەراوا، باوەگوڕگوڕ، فەرهادتاش، ئەشکەوتەکانی کانی گەنجی و… هتد، زمان یەکێک لە فاکتە گرنگهکانی شوناسی نەتەوە، کۆڵەکە و بنەڕەتی مانەوەی نەتەوەس. هەر چەن خەڵکی شاری قوروەیش لەم شەڕە نەرمەدا دۆڕاوە و تووشی ئاسمیلەبوون بووه، بەڵام هێشتا زمان و جلوبەرگیان پاراستووە. خەڵکی ئەم شارە جۆراوجۆری زمانیی و فرە کولتووربوونیان هەیە و زاراوەکانی کەلهوڕی، سۆرانی، گەڕووسی، ئەردەڵانی، هەورامی و لەکی لەم شارەدا بوونی هەیە. شوێنە مێژووییەگەشتیارییەکانی قوروە بریتین لە:
باوەگوڕگوڕ؛ لە گوندی باوەگوڕگوڕ هەڵکەوتووە و کانی ئاهەکسازی زۆری تێدایە کە ئاوی سوێر و تاڵە و بۆ نەخۆشینی مێعدە و پێست بەکەڵکه و لەدەسەی ئاوگەلی (کلر و بیکربنات). هەر لەو شوێنە بەرز و نزمیگەلێک بوونی هەیە، کە لەباوەڕی خەڵکدا ئەژدیها بووە و لەدرێژەی زەماندا وای لێهاتووە کە ئەم ئەژدیها پێوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەفسانە کوردییەکاندا هەیە. پێشتر ئاماژەم بە ئایینی (گاکوژی و میترائیسم) کرد کە (میترا) نەوەکوو ئایین بەڵکوو باوەڕێک لهپێش زەردەشت کاریگەریی خۆی بووە و دوای دەسەڵاتداریی زەردەشت بەتەواوی لەنێو نەچووە و بەشێکی زۆری تا ئێستاش هەر ماوە و تەنیا بەپێچەوانەوە پیشان دراوە. واتە مانای ڕاستەقینەی خۆی لەدەست داوە، بەڵام هێشتا هەر ماوتەوە و ئاگامان لەوە نییە کە لە باوەڕەکانی میتراییە. میترا لە زەردەشتدا ئەتوێتەوە، پلەوپایەی لە ئەهوورامەزدا نزمتر ئەبێت و هەروەها ناوەڕۆکەکەشی ئەگۆڕدرێت. واتە ئەبێتە هێمای خۆر و ڕووناکی کە ئەهوورامەزدا میترا ئەخوڵقێنێت تا پارێزگاری لە هەستی بکات.
له ههموو بهردەنووسهکان و بهرههمه کۆنهکاندا که له وێنهکانی میترا له تاقهکاندا بهجێماوه، چ له کاتی ڕاوکردن و چ له کاتی کوشتن و شهڕکردن لهگهڵ مانگادا، میترا لهگهڵ مار، دووپشک و شێر نیشان دراوه، مار و دووپشک و شێر، هێمای مێهرن و میترا له زۆرێک له هێما کهونینهکاندا به جهستهی مرۆڤ، شێرسهر، لهگهڵ ئهژدیها/مارێک که لە دهوری ئاڵاوه، نیشان دراوه. بە بڕوای مادهکان خوداکان به شێوهگهلێکی سهرسووڕهێنەر دهبینرێن. خوداگهلێک کە بەر سهر شێرن و نیوه مرۆڤ بە سەر مار و بە لەش مرۆڤ وەکوو شاماران.
کۆڵەوا یەکێک لە هێماکانی ئەم شارەیە لە نزیکی سەراوی قورووە، کە بەرزییەکەی ئەگاتە (2400)میتر و چەند ئەشکەوتێکی مێژوویی تێدایە و ئاسەوارێ کە دۆزراوەتەوە تایبەت بە دەورەی ساسانی بووە و لە باوەڕی خەڵکدا لووتکەکەی وەکوو ئەژدیهایە کە سەری لە بەردێک ناوە تا بتوانێ پارێزگاری لە شار بکات.
کەسایەتییە بەناوبانگەکانی ئەم شارە بریتین لە : محەمەدڕەزا کوردستانی، ناسراو بە میرزادە عێشقی شاعێر و شانۆنامەنووسی کوڕی ئەبولقاسم خان لە ساڵی (1272) لەگوندی قاسم ئاوا هاتۆتە ژیانەوە کە بەرپرسی ئەوەڵ ڕۆژنامەی ناوچەکە بووە و لە بەر چاونەترسی و ئازایەتی و دەروەستبوون بەدەستی ڕەزاخان تێرۆر کراوە.
عەرەبعەلی شروه پەیکەرتاش و نیگارکێش و مامۆستای زانکۆی هونەرەجوانەکانی تاران بووە کە لە ساڵی (1318) لەگوندی شوکراوا چاوی بە ژیان هەڵێناوە و بنیاتنەری شێوازی نیگارکێشیی نوێ لەئێراندایە و لە ساڵی (1390ی)هەتاوی کۆچی دوایی کردووە .
عەبدولباقی خان سوڵچە سەردار و فەرماندەی شەڕی سوڵچە بوو .ئەم شەڕە دوو بەش بووە، سەرەتا لە ملەی هەمەکەسی ڕوودەدا کە بە شکستهێنانی داگیرکەر کۆتایی پێدێ و بەشی دووهەم لە قەڵای سوڵچە بووە کە لە ئاکامی ئەم شەڕەدا یۆپرەم خان ئەرمەنی، دوکتور سۆهرابی، عەبدولباقی خانی سەرۆکی چەرداوەڕی و عەباس خان چناری سەرۆک ئێلی کەلهوڕ دەکوژرێن .
جلوبەرگی ژنانی ئەم ناوچەیە وەکوو باقی ناوچەکانی کوردەواری کوردییە کە لەکراسی چیندار بە شاڵی سێ گرێ، سەروێن، ژێرچناکە، قازانقوڵف، چارەکە، سینەپۆش، سوخمە و سەڵتە، کوڵە و کەوا پێکهاتووە و جلوبەرگی پیاوانیش وەکوو باقی ناوچەکانی کوردەوارییە.
ژینگە سامانێکی گشتییە و ئەرکی پاراستنی ژینگە لە ئەستۆی تاک بە تاکی کۆمەڵگاس. شاخی بەور و پەرێشان ناوچەیەکە پارێزراوی ژینگەییە کە دیمەنێکی دڵڕفێنی هەیە و ئامانجی شاخەوانەکانە. ژینگەی ناوچەی قوروە زیاتر تەرخان کراوە بۆ کشتوکاڵی گەنم، سێفەزەمینی، ئاڵف، هەنگوور و باخی سێو و … .
پووشەنی گیایی ئەم ناوچه بریتین لە گەون، شنگ ،چەقچەقە، گیابەلەک یا شیرین بەیان، کنیواڵ، قازیاخە، قاخڵی، کنگەر، گیلاخە، پەیکوڵ، داربەلەک، سالمە ،گوڵەحاجیانە، هەزبێ، شمڵی، گوڵەبەڕۆژە، بووماران یا بووژانە، پوونگە، گوڵە هێرۆ ،تورشکە، کەلەمەکاشی، بەلەشوانە و … هتد هەروەها گرنگترین چەم و کانیەکانی قوروە بریتین لە: کانی تاقەدار، کانی کوچکینە، هانەسارد، چەم زەلەجۆ، چەم دزە، گەڵاڵی، گەناو، جیقایە، قەڵا، جامەشۆران، کنگرە، قاملوو، شووراو،فەراوا،پلووسرکان، عەزیزاوا و نارنجەک کە گرنگترین چەمی ناوچە چەمشوورە بە درێژایی (35) کیلۆمێتر و زۆربەی چەمەکان ناوچە ئەڕژێتە چەم تەرواڵ و لە کۆتایی ئەڕژێتە ناو زەریای کاسپییەن. هەر وەها شوێنگەلێکی سروشتیی زۆر خۆش وەکوو دۆڵ مەیهەم، قەسڵان، کانی شاپەسەن، ئاسفاوا، سەرتیپاوا، ئەمیناوا، هەوریە و مانگادۆڵ و قەسڵان بۆ حەسانەوەی ڕۆح زۆر خۆشن و گەشتیاران ڕوو لە ئەو شوێنگەلە دەکەن. بای زەلان، بای شەماڵ، ڕەشەبا و گەردەلوولان لەو ناوچە زۆرە و ئەم باگەلە تۆز و خۆڵی ناوچەکە ئەنێرن بۆ ناوچەگەلیتر و بۆیەش بە خاوێنترین شاری ئێران ناسراوە
دەرئەنجام:
قوروە هەم لە بواری ئابووری و هەم بەهۆی زەویوزاری پڕڕزق و کانزای زۆر یەکێکە لە گرنگترین و هەستیارترین شارەکانی کوردستان. هەر وەها بە هۆی جۆراوجۆری زمان و زاراوە و ئایین ئەتواندرێ بە شاری ڕەنگاورەنگییەکانی کوردستان لە کوردستان بێتە ژمار کە بەداخەوە بەهۆی کەمتەرخەمیی خەڵک خراوەتە پەراوێزەوە و خەسڵەتی دوورەپەرێزی لە شەڕ و ئاژاوە حەز بە پاراستنی حاشیەی ئەمن هەرگیز هەنگاوێکی جێددی یا بەهێز بۆ زیندووکردنەوەی مێژوو، کولتوور و …ئەم ناوچەی نەدراوە کە ئەم خەسڵەتی خاوندارێتینەکردن لە نیشتمان یەکێک بەهۆی ئەوەسە کە جۆراوجۆری زۆری هەیە و کەس خۆی بە خاونی رەسەنی ئەم ناوچە نەزانیوە و کوردەکان زیاتر لە کاتی پێناسەکردنی خۆیان ناوی گوندەکەیان دەڵێن و ناڵێن من قوروەییم بۆیەش خاونی ناڕەسەن کەڵک لە قوروەییبوون وەردەگرێ و هۆکاریتریشی ئەوەیە کە لە دەورەگەلێکی پێشووی خەڵک لە ژێر دەسەڵاتی میر و خان و … لە شەڕی جۆراوجۆر چەوسێندراونەتەوە بەڵام لە گۆرانییە کۆنەکانی فولکلۆر سکاڵا لە جەفای ڕۆژکار و ناڵین لە دۆخ بەڕوونی دیارە.
قوروه
شیوا میرهكی
