كۆڵان كۆڵان گێڕانه‌وه-61 ….. كه‌ریم كاكه
یاده‌وه‌ری
به‌رماڵ گوڵی كۆسارانی شێت كرد
61
چ هاوارێ له گه‌رووی گوڵی كۆسارانه‌وه هه‌ڵیكرد و دنیای له‌رانده‌وه، دڵنیام دنیای له‌راندۆته‌وه، ده‌نا چۆن ده‌ست و گۆچانی پیری سوارچاكان ده‌كه‌ونه له‌رزه، ئه‌و سوارچاكه كه‌متر له له‌رزینی دنیا به هیچ ناله‌رزێ، پیری سوارچاكان له دیدی منه‌وه وابوو، كێوێ بوو، ئاسمانیشی به سه‌ردا رووخابا، په‌له به‌ردێكی لێ نه‌ده‌بۆوه، مسته خۆڵێكی لێ به‌رنه‌ده‌بۆوه..
له هاواری گوڵی كۆسارانه‌وه هه‌ستمكرد كه‌وتینه نێو گێژه‌لووكه‌یه‌كه‌وه دنیای ژێراوژووركرد، وه‌راوگێڕیكرد، من جگه له له‌رزینی پیری سوارچاكان چم نه‌دی، دنیا له كراسی ژنه شه‌هید ره‌شتر داگه‌ڕا، وه‌ك خه‌ونێك له تاریكی دێته‌وه‌بیرم، گوڵی كۆساران له به‌سته‌كه‌وه به سه‌ر به‌رده‌بازه‌كانه‌وه هات و گه‌یشته پیری سوارچاكان و گوتی:
+حاجی، ده‌مكوژێ، ده‌مكوژێ..
_كچێ، كێ ده‌تكوژێ؟
+ ده‌مكوژێ، كوڕه‌كه‌ت ده‌مكوژێ.
_ لۆ ده‌تكوژێ؟
+ له‌و بپرسه…
مه‌ریه‌م له پێش هه‌مووان گه‌یشتێ و به چپه گۆتیه پیری سوارچاكان:
مامه، مامۆژنم كه‌مێك شێوایه…
كه‌مێك شێوان! گوڵی كۆساران ته‌واو شێواوه، چاوه‌كانی پڕ جندۆكه‌ن، جوولانه‌وه‌ی ده‌ست و په‌نجه‌ی هه‌ر له هی شێتان ده‌چێ، ئه‌و په‌نجانه‌ی پێشترێ به نازی پیرانه‌وه بۆ بسكه‌كانی ده‌بردن! بسكه سۆره لووله‌كانی له بن گه‌ردنی لێكگرێ دابوون، وه‌ك بیه‌وێ به بسكی خۆی خۆی له سێداره بدات، پێشتر بسكه‌كانی جوان جوان شۆڕببوونه‌وه و ده‌گه‌یشتنه سه‌ر مه‌مكه چورچه‌كانی، رۆیینی پێشتر كوا وابوو؟ گوڵی كۆساران پێشتر ده‌نگی نه‌رم نه‌رم له ده‌نگی ككوختی ده‌چوو، كه‌چی ئێستا خۆ گوێتان لێ‌بوو چۆن ئه‌و هه‌موو ماڵه لێكدی دووره‌ی له پێش ماڵی ئێمه خڕكرده‌وه..
گه‌ڕه‌ك رژایه كۆڵانێ، رژایه ده‌و كه‌ندێ، پێش ماڵی ئێمه، ئه‌گه‌ر ئاسمان هه‌یهای لێنه‌كردبان، بن ده‌ست و پێ ده‌كه‌وتین، ئاسمان گرماندی، دایكرده بارانێ، وه‌ك كونده‌ی سه‌ربه‌ره‌ژێر، ده‌ریا له ئاسمانه‌وه كونی تێبوو، خه‌ڵك په‌رته‌یان لێ‌كرد، كه‌ند هه‌ستا، باش بوو زوو لێیكرده‌وه ده‌نا مسۆگه‌ر هه‌ر ماڵی ئێمه نا ماڵی حه‌مه‌د مه‌ستانیش ئاو ده‌یبرد، دوور نیه شه‌پۆل گه‌شتبایه‌ته نزیك ماڵی شاتكه شێتیش كه قه‌یاسه‌ك له كه‌ندێ دوور بوو..
گوڵی كۆساران، بۆ وات به‌سه‌رهات؟ به‌رماڵ به‌و ده‌رده‌ی برد؟ ده‌زانن بۆ پاڕانه‌وه چه‌ند له سه‌ر به‌رماڵ مایه‌وه، پاڕانه‌وه له خودا به نیازی گێڕانه‌وه‌ی بینایی بۆ چاوی پیری سوارچاكان، به قسه‌ی شاتكه شێت بێت، گوڵی كۆساران به‌رماڵ شێتی كرد، من له شاتكه‌م بیستووه:
هه‌ركه‌سێ زۆر زۆر له سه‌ر دووگرد بمێنێته‌وه، جندۆكه ده‌ستی لێده‌وه‌شێنێ
شاتكه شێت حه‌مه‌د مه‌ستانیشی خستبووه ریزی شێتان، شێتی سه‌ر به‌رماڵ، ئۆبال به ملی شاتكه،گوایه ئه‌و حه‌مه‌ده له تافی لاوێتی پێیه‌كی له ئیش و قوڕكاری پێیه‌كی له مزگه‌فتێ بووه، سه‌ری چووه نوێژی نه‌چووه، خواپه‌رستێ بووه نه‌ك غه‌وسی گه‌یلانی سه‌ید مارفیش پێینه‌گه‌یشتووه، گوایه هێنده له سه‌ر به‌رماڵ ماوه‌ته‌وه تا شێت و سه‌رگه‌ردان بووه، به‌ڵام نه‌كه‌وتۆته كووچه و كۆڵانان، هاتووه به دیار شووشه‌ی عه‌ره‌قه‌وه دانیشتووه، ده‌ڵێن حه‌مه‌د مه‌ستان دوای بیستنی ئه‌و قسه‌یه، گۆتبوویه شاتكه شێت:
لۆت له خودا ده‌پاڕێمه‌وه، له شێتایه‌تیه‌كه‌ی خۆت به‌تاڵتبكاته‌وه، له شێتایه‌تیه‌كه‌ی من شووشه‌یه‌كی لێورێژ به سه‌ر لێوته‌وه بكات..
هه‌وكه كاتی به‌زمی شاتكه و مه‌ستانم نیه، ده‌چمه‌وه كن گوڵی كۆساران و ئه‌و رسته‌یه‌ی ده‌ڵێمه‌وه كه هێنده‌ی ده‌گوته‌وه، نازانم كێ بوو به دووكه‌ڵی جگه‌ره‌ی پیری سوارچاكانی به‌راورد ده‌كرد، له‌وه‌ی وه‌ك چۆن دووكه‌ڵه‌كه نه‌ده‌پسایه‌وه و له دووره‌وه دیاربوو، رسته‌كه‌ی ویش پسانه‌وه‌ی نه‌بوو، هه‌ر كێ و هه‌ر كاتێ رێی به كۆڵان و پێش ده‌رگای ماڵی ئێمه كه‌وتبێ، رسته‌كه‌ی وی بیستووه:
بمشارنه‌وه، ده‌مكوژێ..
پیری سوارچاكان و زۆریدی زۆریان لێپرسی:
بۆ ده‌تكوژێ؟
گوڵی كۆساران له په‌نای بالیفه گه‌وره‌كه‌ی بن پشتی پیری سوارچاكان خۆی گرمۆله ده‌كرد، چاوی خۆی ده‌گرت، له كه‌لێنی په‌نجه وردیله‌كانی كه ده‌تگوت بامیه‌ی باریكی وشكهه‌ڵاتوون، تیشكێكی كزم له چاوه‌كانی ده‌دی، وه‌ك بڵێی بیه‌وێ خۆی له سێره‌ی گولله لابدات یان خۆی له په‌نای ئه‌و دووسێ گوشه په‌ته و خوریه ده‌شارده‌وه كه له قوژبنی په‌نا ده‌رگاكه له سه‌ر یه‌كتری هه‌ڵچنیبوون و كه‌س نه‌یده‌زانی بۆ كه‌نگێی هه‌ڵگرتوون، پێده‌چوو وا تێگه‌یشتبێ گولله خوری و موو نابڕێ، به ده‌نگێكی مشت له ترس ده‌یگۆ:
دایكی خۆی به پێله‌قه كوشت، من ناكوژێت!
ئیدی كه‌س نه‌یده‌پرسی بۆ كوشتی و بۆ ده‌تكوژێ، زۆر هه‌وڵمدا پێبكه‌وم داخوا راسته دایكی خۆی كوشتووه، پێنه‌كه‌وتم و نه‌گه‌یه‌شتمه هیچ، به‌ڵام گه‌یشتمه ئه‌وه‌ی كه‌س نیازی كوشتنی گوڵی كۆسارانی نیه، ئێ، گوڵی كۆساران هێشتا پێش هاتنه‌وه‌ی مریشك بۆ كۆڵیت، ده‌رگای توند له سه‌ر خۆیان داده‌خست، فریشته، زێنه‌به‌ی كچیشی له پێش ده‌رگا راوه‌ستابا، لێینه‌ده‌كرده‌وه، له پشت ده‌رگاوه گوێم له پیری سوارچاكان بووه:
كچێ بۆم بكه‌وه، ده‌چمه سه‌ر پێشاوێ.
ده‌یگۆ:
لێره دانیشه، له ناو ته‌شتێ بیكه..
ئێواره‌یه‌كی باراناوی بوخچه‌ی پێچایه‌وه، داوای له بابم كرد، هه‌ر ئێستا بیگه‌یه‌نێـته ماڵی زێنه‌به‌ی كچی، ماڵیان له كوێیه؟ له بانه‌قه‌ڵاتی ده‌و به‌ستی شه‌رغه، بابم(تاهو وا)یه‌كی نه‌رمی كرد، به شێوه‌یه‌ك گوڵی كۆساران پێیتێكنه‌چێ، ئه‌گه‌ر بزانن ماڵی زێنه‌به چه‌ند دووره، رێ چه‌ند ترسناكه، ئارامیی بابمتان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ، ئاخر هه‌ر له بنه‌سراوه‌وه بگره تا ماڵی زێنه‌به، شه‌ڕوشۆڕه، حكومه‌ت كێرووشك له زه‌وی ببینێ، ده‌بابه‌ی بۆ ده‌نێرێ، كێشكه به ئاسماندا بفڕێ به تۆپێكی ده‌سپێرێ، له نێوان ماڵی گوڵی كۆساران و ماڵی زێنه‌به‌ی كچی ئاگر و ئاسن ده‌بارێ، پیری سوارچاكانیش جه‌حێل بێته‌وه له‌و رێیه نادا، كه‌چی گۆتیه گوڵی كۆساران:
جگه له من كه‌س ناتوانێ به‌گه‌ڵت كه‌وێ، بۆیه له خودا بپاڕێوه بۆ شه‌وێك جه‌حێڵم بكاته‌وه..
گوڵی كۆساران وه‌ك بڵێی گوێی له‌و قسه‌یه نه‌بێ، گۆتیه بابم:
من چوار كچم هه‌یه، تۆم له زووه‌وه به كوڕی خۆم داناوه، له كوڕیشم زیاتری، تۆ دڵت دێ له پێش چاوی خۆت دایكت بكوژن..
ئه‌و شه‌وه بابم و پیری سوارچاكان هه‌رچۆنێ بوو بوخچه‌ی كۆچیان پێخسته‌وه ناو باوله گه‌وره‌كه‌یه‌وه، هه‌رێیان دایێ كه سبه‌ی بیگه‌یێننه‌وه ماڵی كچه‌كه‌ی، نازانم سبه‌ی بوو یان دووسبه‌ی و سێیه‌ی، رۆیشت، كچێكی هات و له‌گه‌ڵی رۆیی، بابم به‌ڕێیكردن، دێته‌وه‌بیرم، پیری سوارچاكان به ده‌م نكه‌نك و ئاهی قووڵه‌وه گوتی:
لێیگه‌ڕێن با بڕوا، دڵی مه‌شكێنن، كوێی ده‌وێ با بچێته ئه‌وێ..
رۆیی، گوڵی كۆساران پێكه‌نینی پیری سوارچاكانی له‌گه‌ڵ خۆی برد، له دوای وی كه‌س ئه‌وی به پێكه‌نینه‌وه نه‌دی، رۆیی و هه‌ستانه‌وه و گه‌ڕانی پیری سوارچاكانی له‌گه‌ڵ خۆی برد، دوای وی، ئه‌و له ناو جێ كه‌وت و بۆ سه‌ر پێشاو ده‌بوو شان بده‌یته بن پیلی، گولی كۆساران رۆیی و ئێمه‌ی بێ نه‌نك هێشته‌وه، نه‌نكێك له نه‌نكی كه‌س نه‌ده‌چوو، شیرینی و میهره‌بانیی نه‌نكایه‌تی لێ ده‌باری، ماچی ده‌تگوت په‌لكه گوڵه به سه‌رتا ده‌باری و ده‌ست به‌سه‌رداهێنانی له‌گه‌مه‌ی ناو قه‌رسیل ده‌چوو، قسه‌ی گوڵی كۆساران ده‌تگوت شنه‌بایه، وه‌ی چه‌ند نه‌رم و له‌به‌ر دڵان بوو، ژنێك بوو سه‌د سوێندت ده‌خوارد له‌گه‌ڵ به‌فردا باریوه، هێشتا گه‌رد و تۆزی زه‌وی نه‌دیوه، وه‌ی چ نه‌نكێكم له‌ده‌ستچوو، له دوای وی من له زۆر شت بووم، به نانی تیریشه‌وه، نانی وی هێنده‌ی به‌رانپیلێ، تۆ بڵێ نیوه‌ی چاوه خانووێك ده‌بوو، خۆی گوته‌نی: ئه‌گه‌ر سێر و خوانه‌ی گه‌وره‌ی ده‌بێ، به دوو نان چاوه‌یه‌ك پڕده‌كاته‌وه، من ئه‌و نانه‌شم چوو، ئاخر تا نانی ده‌ستی وی هه‌با، هی ده‌ستی دایكمم نه‌ده‌خوارد، گوڵی كۆساران رۆیی له نانی گه‌رم و ناسكه‌نانی كردم، ئا، به‌و پیریه ناسكه‌نانیشی بۆ ده‌كردین، ناسكه‌نانی ده‌ستی وی له سه‌موونی بازاڕێ خۆشتر بوو كه هه‌ندێ كه‌س ده‌یانخسته ناو نانه‌وه!
گوڵی كۆساران له داخی چاوی پیری سوارچاكان له سه‌ر به‌رماڵ شێت بوو، پیری سوارچاكان ئه‌وه‌ی ده‌زانی، بۆیه ده‌یگوت:
هێی گوڵه‌كه‌ی كۆسارانم، تۆم به چ ده‌ردێ برد، ده‌ترسم خودا له سه‌ر تۆ بمباته دۆزه‌خێ..
پیری سوارچاكان رۆژ دوای رۆژ له كورتی ده‌دا، ده‌بنێسێ، زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕێ، گه‌یشته ئه‌وه‌ی بۆ سه‌ر پێشاو من به ته‌نێ بۆم قیتنه‌كرێته‌وه، كه‌وت، له جێ كه‌وت، له جووله كه‌وت، ته‌نێ زاری ده‌گه‌ڕێ، من هه‌ر له قوتابخانه دێمه‌وه، ده‌گه‌مه سه‌ری و له ناو ئه‌و هه‌موو نه‌وه‌یه ته‌نێ بانگی من ده‌كات، جار جاره ده‌ڵێ:
كه‌ریم، باوكه‌كه‌م، هه‌ندێ پشتم بخورێنه..
پشتی ده‌خورێنم، جوان بۆی ده‌خورێنم…
ده‌ڵێ:
درۆی فه‌رموو، ئه‌وه‌ی گۆتی: ده‌ستی كه‌س پشتی كه‌س ناخورێنێ..
كه‌سوكار له بنی دنیاوه دێنه سه‌ردانی پیری سوارچاكان، دنیا به سه‌ر ماڵی ئێمه‌دا رژاوه، من پتر به هاتنی خدر خه‌رمان دڵم ده‌بۆوه، ئه‌و پیاوه ماڵیان له سه‌یداوه، له پشت ماڵی مام عه‌لی عاره‌ب بوو، له بایزی بابی كوێخا مه‌حموودی گه‌وره‌وه ده‌گه‌یشته‌وه پیری سوارچاكان، ئه‌و خدره خه‌رمان بوو له یاده‌وه‌ری و قسه‌ی كۆن، دیرۆكی پیری سوارچاكان و هه‌مووانی ورد ورد ده‌زانی، ده‌یگێڕایه‌وه، سه‌رهاتی وای له‌وانه ده‌گێڕایه‌وه كه‌س نه‌یبیستبوو، پیری سوارچاكان كه ده‌یبیست ده‌یگوت:
وایه، خدر وایه، من خه‌ریكه له‌بیرمبچنه‌وه..
خدر كتێبێكی گه‌وره بوو، دنیای تێدا نووسرابۆوه، خدر نازانم كێ بوو ده‌یگۆ: ((خه‌رمانێكه له سه‌رهات و گێڕانه‌وه)) هه‌ر بۆیه من دواتر دوایوه‌ی كتێبه‌كه بزربوو، كه‌س نه‌یخوێنده‌وه، دوایوه‌ی خه‌رمان به‌ر ره‌شه‌بای رۆژگار كه‌وت و هه‌ر دنكێكی كه‌وته بن به‌ردێكی له‌بیرچوونه‌وه، ناوم نا خدر خه‌رمان، ئه‌و خه‌رمانه كتێبیه هه‌زار كۆڵانی ده‌وێ بۆ گێڕانه‌وه، جارێ له خدر گه‌ڕێن، پیری سوارچاكان بانگمده‌كات، بزانم چی ده‌وێ:
– چیه، باپیره؟
+كوڕم، شمشاڵه‌كه‌ت بێنه، (هاوار ده‌لال)ێ لێده
یه‌كپێ هه‌ستام و شمشاڵم هێنا، ده‌زانن ئه‌وه جاری یه‌كه‌مه پیری سوار چاكان داوای شمشاڵم لێبكات، پێشتر په‌نجه و شمشاڵی منی دیتبوو، شمشاڵی منی بیستبوو، ده‌ستخۆشیشی لێم كردبوو، ئێ، له منه‌وه هاوار ده‌لال و له‌ویشه‌وه- له بن چاوان ته‌ماشام ده‌كرد- هورده رۆندك، منیش گریانم هات، گریان هاوار ده‌لالی خنكان.. وه‌بیرمدێ خزمێك به‌سه‌ردا هات، پرسی:
ئه‌وه جێ نه‌ما، له بن گوێی باپیرت تووڕه تووڕ ده‌كه‌یت؟!
پیری سوارچاكان كه هه‌ر ئه‌وه‌ته ده‌نگی ده‌هات، باگۆی داوه:
ئه‌وه تووڕه تووڕ نیه، هاوار ده‌لاله..
دوای چاكوچۆنی له‌گه‌ڵ ئه‌و خزمه ره‌زا قورسه، پاش كه‌مێكیتر ده‌یبینن چه‌ند ره‌زای قورسه! پیری سوارچان گوتی:
ده‌ی كوڕه‌كه‌م، نۆره‌ی (سه‌رچیایی)یه..
ئۆی! چما پیری سوارچاكان ده‌زانێ من سه‌رچیاییش ده‌زانم! له منه‌وه سه‌ر چیایی، به چاوی خه‌یاڵیش پیری سوارچاكانم دیت سواری ماینه‌كی كه‌وێته و چیا و چیا باڵی گرتووه، ده‌ستی به هه‌وره‌وه گرتووه، ده‌بینم ردێنی پیری سوارچاكان تێكه‌ڵی بژی ماین و هه‌وری سپی بووه، ده‌بینم گوڵی كۆساران چارۆگه‌ی له سه‌ری كردۆته‌وه و له سه‌ر سه‌ری رایده‌وه‌شێنێ، ده‌زانێ ماین مێرده‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه، ده‌یه‌وێ بیگێڕێته‌وه و بڵێ: بگه‌ڕێوه، من لێره‌م، بگه‌ڕێوه پیری سوارچاكان، گوڵه‌كه‌ت، گوڵی كۆساران ئۆوه‌ته، لێره‌یه..
نه‌ده‌بوو پتر په‌نجه له شمشاڵ ببزێوم، ئاخر تا من لێوم به شمشاڵه‌وه بێ، په‌نجه‌م به شمشاڵه‌وه بێ، پیری سوارچاكان پتر له گوڵی كۆساران دوورده‌كه‌وێته‌وه، من وا چووبوومه خه‌یاڵه‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌ست له شمشاڵ هه‌ڵگرم، پیر و گوڵ ده‌گه‌نه‌وه یه‌ك، ده‌نگی شمشاڵ نه‌ما، حه‌یف، له جیاتی گوڵی كۆساران، خزمه ره‌زا قورسه‌كه‌م به ته‌نیشت پیری سوارچاكانه‌وه دیت، ئه‌وجا چ بڵێ باشه:
حاجی، تۆ له جیاتی شمشاڵ، قورئانت له سه‌ر بخوێنن، باشتر نیه؟
پیری سوارچاكان به نه‌رمه كۆخه‌وه:
قورئان له جێی خۆی، شمشاڵ له جێی خۆی، قورئانه‌كه بۆ دوای مردن هه‌ڵگره..
وه‌بیرمدێ چاوه‌كه‌ی پیری سوارچاكانم به‌جێهێشت و چوومه‌وه چاوه‌كه‌ی خۆمان و گۆتمه دایكم:
دایه، ئێستا ئه‌و پیاوه سه‌گبابه‌ی كن باپیرم ده‌ركه..
دایكم هۆپێكی له خۆی زانی:
بۆ! كوڕم چی كردووه؟ ئه‌وه…
گوتم: ده‌رینه‌كه‌یت، دارلاستیقه‌ك له كه‌پووی ده‌ده‌م..
باش بوو زوو هه‌ستا و رۆیشت ده‌نا به‌ردێك، شتێكم ده‌خێواندێ، ئه‌و پیاوه ساڵ نا ساڵێ ده‌چووه حه‌جێ، به‌ڵاَََََََََََََََََََََََََََم كه‌شیده‌ی نه‌ده‌به‌ست نه له سه‌ر نه له پشت، كه‌سیش حاجیی نه‌ده‌گۆتێ، بیستبووم پیری سوارچاكان پێیگۆتبوو:
یه‌ك حه‌ج سه‌رو زیاده، پیاو به جارێك ده‌بێته حاجی، كه ده‌بێته سێ و چوار له حه‌ج ده‌رده‌چێ، له چوونه مه‌یدان ده‌چێ..
خزمی ره‌زا گران پێده‌چوو ئه‌و قسه‌یه‌ی له دڵ مابووبێ، به (قورئان له سه‌ر خوێندن) تۆڵه‌ی خۆی له پیری سوارچاكان كردبێته‌وه..
واز له‌و خزمه بێنم باشه، ئاخر پیری سوارچاكانیش گه‌ردنی ئازادكرد، دێته‌وه‌بیرم داوای گه‌ردنئازادی لێ‌كرد، پیری سوارچاكان گوتی:
بڕۆ تۆش له رێزی سه سمێڵ به، گه‌ردنی ئه‌ویشم ئازادكردووه
ئێوه سه سمێڵی ترسنۆكتان له‌بیرماوه؟ ئه‌و سه‌یه‌ی ته‌نێ بۆ من ئازابوو، ئێستاش نیشانه‌ی كه‌ڵپه‌ی ویم به له‌شه‌وه ماوه.
پیاوی به‌زم خۆشیش ده‌هاتن، ئه‌ها، چاوده‌نه ئه‌و پیاوه، له ده‌و كه‌ندی سه‌یداوه‌وه به گونیه‌یێ گونه‌وه دێ، ناوێكی وه‌ك مام ته‌های هه‌یه، به‌ڵام له یاده‌وه‌ریی من به كه‌شیده‌شین ناوی له ناو ناوانه، كه‌شیده‌كه‌ی ده‌بینن! دێ و پیری سوارچاكان لێی ده‌پرسێ:
+ له‌گه‌ڵ زه‌رد و ته‌له‌فزیۆن پێكنه‌هاتیه‌وه؟
– كه‌نگێ تۆ ده‌ستت له ناو ده‌ستی ئاغایان نا، منیش پێكدێمه‌وه
ده‌بێته پێكه‌نینێ پیری سوارچاكان پیری و نه‌ساغیی له‌بیرده‌چێته‌وه، له‌و دانیشتنه ته‌نێ پێكه‌نین و دوو رسته‌كه‌م له‌بیره، به‌ڵام سه‌ربرده‌ی ئه‌و پیاوه هی له‌بیرچوونه‌وه نین، بیرمه هه‌موو سه‌یداوه سێ ته‌له‌فزیۆنی هه‌بوو، من ئه‌وه‌كه‌ی چاخانه‌كه‌م دیتبوو، كه‌شیده شینیشم له‌وێ ده‌دیت، له سه‌ر لا گونێ داده‌نیشت، ده‌گێڕنه‌وه، سه‌ر زله‌كه‌ی ناو ته‌له‌فزیۆنێ هه‌واڵێك ده‌خوێنێته‌وه:
له میسر ره‌شه‌بایه‌كی هێند توند هه‌ڵیكردووه، ترومبێلی به حه‌وا خستووه..
كه‌شیده شین ده‌ڵێ:
وای له‌و شینه درۆیه
ئیدی له‌وه‌وه هه‌ر هه‌واڵێك له ته‌له‌فیۆنه‌وه بێ، ده‌ڵێ وای له‌و درۆیه..بۆ كه‌شیده‌كه‌ش، ئه‌و پیاوه پێش فه‌هد كۆمه‌نیست بوو، سه‌ریشی چووبا نوێژی نه‌ده‌چوو، رقی دنیاشی له پارتی بوو، حه‌جیشی كرد، به‌ڵام له باتی زه‌رد كه‌شیده‌یه‌كی شینی به‌ست، گۆتبووی:
چ بكه‌م، كه‌شیده‌ی سۆر نیه!
ته‌نها ره‌زا قورس نا، خزمی ره‌زا شیرینیشمان هه‌یه، ئه‌وه‌تا پیاوێكی كورته‌بنه‌ی خڕكه‌ڵه‌ی گوپنی كه‌پوو قه‌سپیی چاو لێكدی دووری برۆ باریكی سمێڵ تیژ و پڕی، ردێن كه‌مێك هاتووی ماشوبرنجیی قه‌له‌مكراو، چوارمه‌شقی به دیار پیری سوارچاكانه‌وه دانیشتووه، ئه‌و پیاوه وه‌ك ده‌ڵێن دوژمنی بالیفه، شان به سه‌ر ئاگردا بدا به بالیفی دانادا، له نووستنێش لنگه پێڵاوێك، كه‌سته‌كێك، پاینجانێك، كوودیه‌ك، دوو سێ سه‌لكه پیاز، تۆ بڵێ ته‌پاڵه‌یه‌ك بالیفی ئه‌و پیاوه‌یه، له‌بیرمان بێ سه‌ر له سه‌ر له‌په و پشتی ده‌ست له سه‌ر بالیفه‌كانی، ئه‌وخزمه بالیف زۆره خه‌ڵكی ده‌و زێی بادینان- به‌ری هه‌ولێر بوو، له زگ خزم ده‌بۆوه، شه‌وێك دوو لای پیری سوارچاكان مایه‌وه، قسه‌ی هێند خۆش بوو، شتی وای ده‌گێڕایه‌وه، هه‌شبه‌سه‌ری ده‌هێنایه پێكه‌نین، ناوه ناوه‌ش سوێندێكی گه‌وره له هه‌موو سوێندان گه‌وره‌تری پێدا ده‌دا:
به‌و قورحانه‌ی وا له ناو زگی چێڵه سۆره..
له‌و هه‌موو سه‌ربرده‌یه‌ی كه پیاوی ده‌و زێ گێڕایه‌وه، ته‌نێ قورئانه‌كه‌ی ناو زگی چێڵه سۆرم بیرماوه، به ده‌م سوێند خواردن به قورئان ئاوا قورئانه‌كه‌ی گێڕایه‌وه:
(( له هه‌موو ده‌ڤه‌ری سوورچیا، هه‌ردوو به‌ری زێ، سۆرا و بادینان، یه‌ك مه‌لا و یه‌ك قورحان هه‌بوو، قورحان له شین و شایی له سه‌ر ده‌ستی مه‌لا بوو، خه‌ڵك هه‌موو سووندیان به (قورحانی سه‌ر ده‌ستی مه‌لا) ده‌خوارد، شه‌وه‌كی به‌فراوی مه‌لا دیاره هه‌جه‌لی دێ، به ته‌نێ ده‌په‌ڕێته‌وه ئه‌و به‌ری زێ، ره‌وه گورگ تووشی دێن و مه‌لا ده‌كه‌نه جه‌مه‌كی خۆش، باش بوو قورحانی ده‌گه‌ڵ خۆی نه‌بردبوو، ده‌نا قورحانیش ده‌بووه ئالیكی گورگان، ئیدی قورحان بێ خودان مایه‌وه، دوایوه خه‌ڵك كاتی سووندیان ده‌خوارد ده‌یانگۆ(( به‌و قورحانه بێ خودانه))، ئێ، بڵێمه مام قادری خۆم، قورحان چ بڕ نه‌ژیا بێ خودان! رۆژه‌كی چێڵه‌كه‌ی خارۆژنه فاتێ ده‌وی ده‌گاته قورحانێ، هه‌مووی لوول ده‌دا، لۆ سووندیش په‌ڕه‌كی ناهێلێته‌وه، ئیدی له‌و رۆژه‌وه سووندی ده‌و زێ ئیوهایه: به‌و قورحانه‌ی وا له ناو زگی چێڵه سۆری پلكه فاتێیه.. ئه‌منیش وات ده‌ڵێمێ:
به‌و قورحانه‌ی له ناو زگی چێڵه سۆری پلكه فاتێیه، ئه‌تو له من پتر ده‌ژی..))
با بزانین وایه!
حه‌فته وه‌رنه‌سووڕایه‌وه، هه‌واڵێك له لای زێی بادینانه‌وه هات، پیاوی ده‌و زێ ئه‌وه‌ی زاری پڕ بوو له (قورحان..) به زێدا چووه، له ئاقاری ئه‌و لایه‌ی ئامۆكان، پیاوی ده‌وزێ، له رۆخ زێ، پێی ده‌خزێ، ده‌كه‌وێته زێ، له خوار كه‌ڵه‌كی یاسیناغا بنه كفرێك گرتوویه‌تیه‌وه، ده‌یانگوت: كفر به دۆخین گرتبوویه‌وه..
ده‌بێ وابووبێ، ئاخر له‌بیرمچوو بڵێم، خزمه شیرینه‌كه‌ی ده‌وزێ كاتێ له باتی بێجامه ده‌رپێ سپیه فشه‌كه‌ی له پێ ده‌كرد، دۆخین به سه‌ر كیر و گونیدا شۆڕده‌بۆوه، نه‌یده‌خسته ناو ده‌رپێوه…
بیرمه (عه‌زه مێشه)ی خوارزای پیری سوارچاكان دوای هه‌واڵی مه‌رگی خزمی ده‌و زێ، ده‌یگۆ:
حه‌یف، ئه‌وجا كێ، سوێند به قورئانی ناو زگی چێڵه سۆر بخوات!
له جێی قورئانی ناو زگی چێڵه سۆر له ده‌و زێ سوێندێكیدی ده‌كه‌وێته سه‌ر زاران: به سه‌ری ئه‌و پیاوه‌ی كفر گرتیه‌وه…
وابوو مه‌رگی خزمی ده‌و زێ كه‌وته پێش مه‌رگی پیری سوارچاكان، به‌ڵام پیری سوارچاكان به‌وه‌ی نه‌زانی، ده‌زانم ده‌پرسی بۆ؟ به‌ڵام به‌ر له وه‌ڵام با شتێك له مێشه‌كه‌ی عه‌زیز بگێڕمه‌وه، ئه‌و پیاوه به‌ر له‌وه‌ی ببێته شاری، مێشه‌وان بوو، به‌ستی شه‌رغه ئه‌وه‌ی ده‌زانی، به‌ڵام كه‌س به مێشه بانگی نه‌ده‌كرد تا دایكم مێشه‌كه‌ی پێوه نه‌نووساند، دایكم به سه‌ردان ده‌چێته ته‌ڕوار، وا ده‌بێ، له كه‌ندی به‌رماڵان له كن كونه ته‌یاران، گه‌واڵه مێشێك ده‌بینێ، ده‌زانێ عه‌زیز مێشه‌وانه و به دوای مێشه‌وه‌یه، یه‌ك به ده‌نگی خۆی هاوارده‌كات:
عه‌زیز ئه‌وه مێشه، كوڕه عه‌زیز مێشه، عه‌زیز مێشه..
نازانم كێ (عه‌زیز) ه‌كه‌ی كرده (عه‌زه) به‌ڵام مێشه‌كه دایكم پێوه‌ی نووسان، ئیدی له‌ورۆژه‌وه ئه‌و پیاوه بووه عه‌زه مێشه، تا نه‌ڵێن عه‌زه مێشه خۆشی خۆی ناناسێته‌وه.. له‌و سێ چوار رۆژه له به‌لاشاوه و نزیك ماڵی پێشانی خۆمان و پیری سوارچاكان، له ماڵێك عه‌زه مێشه‌م دیته‌وه( كۆتایی پایز و سه‌ره‌تای زستانی 2014 ده‌ڵێم) له باره‌ی مێشه‌كه‌وه نا، له باره‌ی پیری سوارچاكانه‌وه پرسیارم لێیكرد، شتێكی بیرهێنامه‌وه، ئه‌و نه‌با، وه‌ك خزمی ده‌وزێ ئاوه و ئاو چووبوو، وای گێڕایه‌وه:
((له دوا رۆژه‌كانی باپیرت، خۆ به بیرتدێ ماڵیان ئه‌ها له‌و كۆڵانه‌ی پشته‌وه، له خانووه‌كه‌ی ئێوه بوو، نه‌نكت نازانم له كنی بوو یان به‌جێیهێشتبوو، رۆژێك تراشم ده‌كرد، ئاگام لێ‌بوو بانگی كه‌سێكی ده‌كرد، یان داوای شتێكی ده‌كرد، ده‌ستی هه‌ڵده‌ته‌كاند و ده‌یگوت: ئا…ئئئ، ئا…
گوتم: خاره، تۆ چیت ده‌وێ؟ ئاوێنه، چی؟
گوتی: وایش! ناوی هینه‌كه‌ی خۆم له بیركردووه، ژنه‌كه‌م ده‌ڵێم..
پیری وایه ، ناو ژنی خۆت له‌بیرده‌باته‌وه!))
چ دوور نیه له‌بیرچوونه‌وه‌ی پیری سوارچاكان، دوایوه‌بێ كه گوڵی كۆساران سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت و چوو..
پیری سوارچاكان دوای گوڵی كۆساران سه‌ری له سه‌ر خۆی نه‌ما! پێش چه‌ند ساڵێ خدر خه‌رمانیش شتێكی نزیك له‌وه‌ی گۆ…