
لێبووردن بۆ كێ؟ … به‌ختیار محه‌مه‌د
ئێمه له جیهانێكدا ده‌ژین، ناتوانین مه‌سیح بین؛ پێم وایه مه‌سیح بوون درۆیه‌كی گه‌وره‌یه. ئێمه ناتوانین بڵێین ((ئه‌وه‌ی هی قه‌یسه‌ره با بۆ قه‌یسه‌ر بێ و ئه‌وه‌ی هی خواشه با بۆ خوا بێ))؛ چونكه ئێمه له دنیایه‌كدا ده‌ژین زۆر جار خوا و قه‌یسه‌ر یه‌ك شتن. ئێمه له‌سه‌رمانه، كه به پێی توانا سته‌م قبووڵ نه‌كه‌ین: ئینجا ئه‌م سته‌مه قه‌یسه‌ر بیكا، یان به ناوی خواوه بكرێ. ئێمه ده‌بێ بزانین له هه‌موو حاڵه‌تێكدا له‌گه‌ڵ مرۆڤدا (مرۆڤی باش، یان مرۆڤی شه‌ڕانگێز) ڕوو به ڕوو ده‌بینه‌وه و ده‌ژین و هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ین. ئه‌وه‌ی به ناوی قه‌یسه‌ره‌وه قسه ده‌كا مرۆڤه، ئه‌وه‌ی به ناوی خواشه‌وه قسه ده‌كا هه‌ر مرۆڤه. سته‌م چ به ناوی خواوه بكرێ، چ به ناوی قه‌یسه‌ره‌وه بكرێ هه‌ر یه‌ك شته؛ له‌مه‌وه ناكرێ ئێمه له سته‌م ببورین، چونكه بووراندن له سته‌م نیشانه‌ی یان بێ ده‌سه‌ڵاتییه، یان گه‌مژه‌ییه؛ ئه‌وانه‌ی له پێگه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه له سته‌مكاران ده‌بوورن، ئه‌وه به‌ر له هه‌ر شتێك ئه‌وان سته‌م له سته‌ملێكراوان ده‌كه‌ن. واته ئه‌وان ده‌بنه هاوبه‌شی سته‌مكار (سته‌مكاری یه‌كه‌م).
له ئیسلامدا ده‌گوترێ، ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌ر به‌و شكۆمه‌ندییه له ئه‌بو سوفیان، دڕترین دوژمنی ئیسلام نه‌بووریبایه و نه‌یگوتبایه ئه‌وه‌ی بچێته ماڵی ئه‌بو سوفیان سه‌ر و ماڵی پارێزراوه (ده‌زانم هونه‌ری دپلۆماسی و به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی له‌مه‌دا هه‌بوو)، ئه‌وه ڕه‌نگه چاره‌نووسی مێژووی ئیسلام به‌م شێوه‌یه تراژیدیی و خوێناویی نه‌بوایه. وه‌ك ده‌زانین به‌نی ئومه‌ییه و عه‌لی بوونه دوژمنی سه‌رسه‌ختی یه‌كتری و تا ئێستاش له دوای پتر له هه‌زار و چوار سه‌د ساڵ ئیسلام به‌ده‌ست ئه‌م مێژووه تراژیدییه‌وه ده‌ناڵێنێ.
ڕاستییه‌كه‌ی لێره‌دا (له گۆشه‌نیگای ئیسلامه‌وه)، ئه‌گه‌ر ئه‌با سوفیان سته‌مكار بووه ( كه ده‌زانین دوا كه‌س بوو به ناچاریی بووه ئیسلام) ئه‌وا لێ بووردن لێی (له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك بێ) به زیانی ئیسلام شكاوه‌ته‌وه: ئه‌م دینه‌ی كرده دوو مه‌زهه‌بی سه‌ره‌كی دوژمنی بابه‌كوشته‌ی یه‌كدی (من ئه‌وه‌ش ده‌زانم، كه ئه‌م لێبووردنه به‌ند بووه به سه‌ركه‌و‌تنی ئیسلام و پێگه‌ی ئه‌بوسوفیان و هۆزی به‌نی ئومه‌ییه و هه‌رگیز پێشبینینه‌كردنی پێغه‌مبه‌ر بۆ ورده‌كاری ڕووداوه‌كانی دوای مه‌رگی خۆی، به نموونه: كوشتن و هه‌تككردنی تراژیدیانه‌ی نه‌وه‌كانی {حوسێن و كه‌س و كاره هه‌ره نزیكه‌كانی} به ده‌ستی كوڕانی ئه‌بو سوفیان {یه‌زید})…
كه‌واته وا باشه ئێمه هه‌رده‌م له به‌رانبه‌ر هه‌موو حاڵه‌تێك و هه‌موو كه‌سێكدا لێبوورده بین، ته‌نها له تاوانبار و سته‌مكار و چه‌وسێنه‌ر خۆشنه‌بین؛ ئه‌مه تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه نییه، به‌ڵكو ماف وه‌رگرتنه‌وه‌یه، ئه‌و مافه‌ی نابێ له مافخوراوان زه‌وت بكرێ.
به‌ختیار محه‌مه‌د