خوشک و براکانم.. سمکۆ ئەحمەد ڕەشید
برایەکم هەیە لە بۆکان،
قۆڵێکی قرتاوە و قاچێکی دەستکردە
بە نیو دەستنوێژ دەچێتە سەر بەرماڵ و
فریشتەکانی خوداش ورد ورد گوێی بۆ ڕادەدێرن
برایەکی دیکەم هەیە لە ئامەد،
دەستی ڕاستی پلاستیکە
بە دەستی چەپ سڵاوی خەڵک وەردەگرێتەوە و
تەوقەش دەکات
کەچی فریشتەی سەر شانی چەپی
هیچ گوناهێکی بۆ نانووسێت
برایەکی تریشم هەیە لە هەڵەبجە
سیی و حەوت ساڵە
هەردوو چاوەکانی شووشەن
بۆ پەڕینەوە لە شەقام و گۆماوەکان
خودا خۆی فریشتەیەکی بۆ دەنێرێت
بۆ ئەوەی بن باڵی بگرێت
خوشکێکیشم هەیە لە کۆبانێ
دوژمن هەموو کاتەکانی لێ بردووە
کاتی خەوتن
کاتی خواردن
کاتی پیاسە
كاتی چوونە بەر ئاوێنە
کاتی سەر هەڵبڕین بۆ ئاسمان و
لاواندنەوەی دێڕێک ئەستێرە
کاتی زینکردنی ئەسپی خەیاڵێک و
فڕین بۆ ناو ئاسۆی ئەوین
کاتی خواردنەوەی دوو قوم گۆرانی
کاتی دانیشتن و گەرمکردنەوەی یادێکی بەستوو
خوشکێکم هەیە لە کۆبانێ
دوژمن هەموو کاتەکانی لێ زەوتکردووە
بەکاتەکانی نوێژیشەوە
کەچی فریشتەکانی خودا هەتا ئێستا
لەگوڵ کاڵتریان پێ نەگوتووە
سوپاس بۆ میهرەبانیت
خودای کورد
سمکۆ ئەحمەد ڕەشید
