ڤاڤا ئینۆڤا.. ڤاڤا ئازادی سترانی دۆستایه‌تی كورد و ئه‌مازیغ … نووسینی: ئه‌مین بۆتانی
گه‌وره هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو ئیدیر:
كورده‌كان له عێراق وه‌ك نه‌ته‌وه رووبه‌ڕووی جینۆساید و پاكتاوی ره‌گه‌زیی بوونه‌وه
نووسینی: ئه‌مین بۆتانی
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك به‌ر له ئێستا (ئێستاش به‌رده‌وامم) سه‌رقاڵی گه‌ڕان و سووڕان بووم به‌دوای خوێندنه‌وه و ناسینی هونه‌ر و كه‌لتووری گه‌لان، بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری مۆرك و جۆری ئافراندنی ئه‌وان بم و دواجار وه‌ك گه‌نجینه و ئه‌زموونێكی مرۆڤایه‌تی سوودی لێ وه‌رگرین بۆ چاند و هونه‌ری كوردستان، ناكرێ له كه‌لتوور و هونه‌ری گه‌لانی جیهان دابڕێین، به‌ڵكو پێویسته ئێمه‌ش رایه‌ڵه‌ی هونه‌ر و ئافراندنی خۆمان به‌وان بناسێنین و وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی هونه‌ری و هاوبه‌شیی ژیاندۆستی پێشكه‌ش به كه‌لتووری مرۆڤایه‌تی بكه‌ین. له‌و ماوه‌ویه‌دا و له میانی گوێگرتنم له شاكاره هونه‌ریه‌كان و گه‌ڕان له ناو كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مازیغ، رێگام كه‌وته به‌ر ده‌رگای هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی ئه‌مازیغ (ئیدیر)؛ ئیدیر به‌خۆی و گیتاره‌وه، ئیدیر به هه‌ناسه و كسپه گۆرانی ده‌چڕێ، به‌ڵام به ده‌نگ و سه‌دای خۆی ئه‌و ناوه جۆش ده‌دا، له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ده‌نگهه‌ڵبڕین خرۆشان به هه‌وادارانی ده‌كه‌وێ، هه‌ندێ جار روخساریان ده‌دره‌وشێته‌وه و هه‌ندێ جاریش فرمێسك له چاوانیان داده‌بارێ.. ئیدیر بۆته باڵیۆزی دۆز و حه‌سره‌تی ئه‌مازیغه‌كان، بۆته ده‌نگی نه‌ته‌وه‌یه‌كی سته‌ملێكراو، نه‌ته‌وه‌یه‌ك خاوه‌نی ره‌سه‌نی باكووری ئه‌فریقیایه، كه‌چی ئه‌مڕۆ ناتوانێ به زمانی خۆیشی بدوێ و ده‌ربڕین له بوونی خۆی بكا، ساڵانێكی دوور و درێژه به ده‌ست سیاسه‌تی تواندنه‌وه و ئاسیمیلهكردنهوه ده‌تلێته‌وه.
به‌داخه‌وه ئیدیر كۆچی دوایی كرد و ئیتر هونه‌ری جوانی و به‌رگریی و ژیان به زمانی ئه‌مازیغی وه‌ك جاران نابیستین، ده‌نگ و خه‌بات و تۆماره ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی هه‌تا هه‌تایه ده‌مێنێ، به‌ڵام ئیدیر خۆی باری كرد.. من ئه‌وسا له میانی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونی ژیان و هونه‌ری ئیدیر و له میانی به‌رخودانی نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مازیغه‌كان، هاوبه‌شێكی نوێی جه‌ور و سته‌مم ناسی له‌ته‌ك نه‌ته‌وه‌ی كورد، تاقه گۆرانیه‌ك منی زیاتر به كه‌لتووری ئه‌و نه‌ته‌وه خۆڕاگره ناساند، گۆرانی (ڤاڤا ئینۆڤا) كه ئیدیری هونه‌رمه‌ند له نێو گه‌وهه‌ری كه‌لتوور و ئه‌فسانه دێرینه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مازیغ پارزنیویهتی و زۆر داهێنه‌رانه ههڵێنجاندویهتی چیڕۆكه‌كه‌ی بۆ سه‌دان ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه و وه‌ك گۆرانی ته‌مه‌نی 44 چل و چوار ساڵه و یه‌كه‌م ئالبومی گۆرانی ئیدیره كه له ساڵی 1976 بڵاویكردۆته‌وه، تێكسته‌كه له‌لایه‌ن شاعیری ئه‌مازیغی (محمد بن حمدوش) دانراوه و ئیدیریش یارمه‌تی داوه، ئاوازی گۆرانیه‌كه هی ئیدیر خۆیه‌تی، خاتوونه چكۆله‌ی ناو داستانه دێرینه‌كه‌ی ئه‌مازیغ ناوی (گریبا)یه و به (ساندرێلای ئه‌مازیغ) ناوداره، گۆرانی ڤاڤا ئینۆڤا بۆ بیست و چوار زمان وه‌رگێڕدراوه و به‌وه‌ی منه‌وه كه كردوومه‌ته كوردی؛ جیاواز له‌وان ئه‌وه‌ی ئێمه گۆرانیشه (به تێكست و ئاوازێكی ته‌واو كوردی له‌گه‌ڵ هێشتنه‌وه‌ی زاخاوه ئهمازیغیهكهی) ده‌بێته بیست و پێنجه‌مین زمان، ئه‌م گۆرانیه‌ی ئیدیر گۆرانی هه‌ره دڵخوازی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مازیغه و له‌سه‌ر ئاستی میللی وه‌ك زمانحاڵی دۆز و شوناسی ئه‌مازیغیه‌كان وایه و ئه‌مازیغی نیه ئه‌م گۆرانیه‌ی له‌به‌ر نه‌بێ،، (ئینۆڤا)ی نابینا و كه‌نه‌فت له‌و ئه‌فسانه كۆنه‌ی ئه‌مازیغ ناوی باوكی (گریبا)ی كچه چكۆله‌یه، گریبا و چه‌ند برایه‌كی بچكۆلانه‌ی و باوكێكی نابینا، له ماڵێكی تاق و ته‌نیا له نێو دارستانێكی چڕ و پڕ له وه‌یشوومه و ترس و له‌رز، گریبا ده‌بوایه هه‌موو رۆژێ بۆ په‌یداكردنی خۆراك له به‌یانییه‌وه له ماڵه‌وه ده‌ربچێ و له دارستانه‌كه شتێك بێنێته‌وه، كێشه‌ی گه‌وره ئه‌وه بوو، دڕنده‌یه‌كی ترسناك وه‌ك ده‌عبا و ئه‌ژدیها هه‌میشه وه‌ك خێو به‌دوای گریباوه بوو، ئه‌ویش زوو به زوو خۆراكێكی له‌و دارستانه په‌یدا ده‌كرد و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ده‌زانی دڕنده راوی ده‌نێ، به‌هه‌له‌داوان خۆی له ده‌ستی قوتار ده‌كرد و به په‌له‌پڕووزێ خۆی ده‌گه‌یانده‌وه به‌ر ده‌رگای ماڵه‌وه، ده‌رگای ماڵه‌وه قایم قایم كڵۆم دراوه؛ هه‌ڵبه‌ت له ترسی دڕنده و ده‌عبا، ئینۆڤای باوكی پێی گوتبوو هه‌ر جارێك گه‌ڕایته‌وه به‌ر ده‌رگا؛ بۆ ئه‌وه‌ی بزانم تۆی؛ بازنهكانت بخرۆشێنه بۆ ئه‌وه‌ی بزرینگێته‌وه و بتناسمه‌وه، نه‌وه‌ك رۆژێك ده‌رگا بكه‌ینه‌وه و تۆ نه‌بیت، ئینجا دڕنده‌كه تێمان به‌ربێ و هه‌موومان بخوا.. له‌و زستانه سارد و سڕه‌ی دارستان، گریبا هه‌موو رۆژێك ئه‌وه حاڵه‌كه‌ی بوو، به په‌له ده‌ڕۆی بۆ دارستان و به په‌له خواردنی ده‌هێنا بۆ باوك و براكانی و به پهلهك خۆی ده‌گه‌یانده‌وه به‌رده‌رگا و به په‌له خۆی ده‌كرد به ژووردا، ترس و زوقم و چاوه‌ڕوانی و مه‌رگ و نامۆبوون.. گۆرانیه‌كه‌ی ئیدیر (ڤاڤا ئینۆڤا) له‌م ئه‌فسانه‌یه هه‌ڵێنجراوه، من هه‌مان ئه‌و ناوهرۆكهم وه‌ك خۆم و سه‌رله‌نوێ و دوور له‌وه‌ی ئیدیر؛ تێكسته‌كه‌م نووسیوه، له رۆژی 3/8/2016 له نووسینی هۆنراوه‌كه بوومه‌وه؛ دواتر كارم له‌سه‌ر ئاوازه‌كه كرد، له‌سه‌ر هه‌مان ئاوازه‌كه‌ی ئیدیر؛ به‌ڵام زۆر جیاواز و كوردانه ئاوازه‌كه‌م كورداند، هه‌تا ئه‌و رادده‌یه‌ی لێی رازی بووم.
دوای ئه‌وه به‌چه‌ند مانگێك ویستم ئه‌و گۆرانیه بكه‌مه پرۆژه‌ی گۆرانیه‌كی دۆستایه‌تی نێوان دوو نه‌ته‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌مان سته‌می توانه‌وه و ژێرده‌سته‌یی، نێوان كورد و ئه‌مازیغ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ی خۆیان به ئامۆزای كورد داده‌نێن و ده‌ڵێن ره‌چه‌ڵكی ئێمه‌ش وه‌ك كورد بۆ ئیمپراتۆریه‌تی میدیا ده‌گه‌ڕێته‌وه، شانازی به‌و هه‌سته هاوبه‌شه‌یان ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی كورد، نموونه‌ی ئه‌و هه‌ست و هاوههڵوێستییهش (مه‌لیكه مه‌زان)ی شاعیر و نووسه‌ری ئه‌مازیغییه كه زۆر شه‌یدای خه‌بات و تێكۆشانی كورده له پێناو ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی؛ له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ده‌رهه‌ق به كورد خراوه‌ته زیندان و مه‌ینه‌تی چه‌شتووه، خاتوو مه‌زان له كاتی شه‌ڕی تیرۆرستانی داعش سه‌ردانی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كرد و جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانیش به رێزه‌وه پێشوازی لێ‌كرد.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م گۆرانیه وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی دۆستایه‌تی نێوان كورد و ئه‌مازیغ به ئامانج بگات، هه‌ڵه نه‌بم دوای ئه‌وه به چه‌ند مانگێك په‌یوه‌ندییم به شڤان په‌روه‌ره‌وه كرد و یه‌كترمان بینی، دوو جار به دوور و درێژی تێكست و ئاوازه‌كه‌م بۆی باس كرد، بابه‌ته‌كه‌ی به‌لاوه گرنگ و باش بوو، ریكۆردی ئاوازه‌كه‌م بۆ كرد و پێشهكیهكم به زمانی عه‌ره‌بییش بۆ نووسی و خوێنده‌وه (هه‌ر چه‌نده ئه‌مازیغه‌كان وه‌ك نه‌ته‌وه و زمان و كه‌لتوور هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به عه‌ره‌به‌وه نیه به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژێرده‌سته‌ی عه‌ره‌ب بوونه و سیاسه‌تی ته‌عریبیان له‌دژدا په‌یڕه‌و كراوه، ویستم به‌چه‌ند رسته‌یه‌ك ئه‌و دۆستایهتیهمان راگه‌یه‌نم بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان لێی تێبگه‌ن)، دواتر كاك شڤان په‌روه‌ر گوتی من خه‌ریكی ده‌بم و هه‌ر كاتێك له رووی ئاماده‌كاری و ئارانجه و كاره هونه‌ریه‌كانه‌وه به كۆتا هات؛ یه‌كتره ده‌بینینه‌وه و ئه‌نجامی ده‌ده‌ین، كاری دیكه‌شمان هه‌بوو بیكه‌ین،، له‌و رۆژه‌وه پرۆژه‌كه هه‌ر ئاوه‌ها مایه‌وه و هه‌ردوولامان سه‌رقاڵ بووین، ئێستا نازانم به‌رهه‌مه‌كه لای هونه‌رمه‌ند شڤان به كوێ گه‌یشتووه، حه‌تمه‌ن ده‌بێ كاری باشی له‌سه‌ر كردبێ. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ (3/5/2020) هه‌واڵی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی ئه‌مازیغی (ئیدیر)م خوێنده‌وه و له دڵه‌وه پێمناخۆش بوو هونه‌رمه‌ندێكی له‌م ئاسته سه‌ر بنێته‌وه و له ئافراندن بكه‌وێ، رۆحی شاد بێ و دۆزی نه‌ته‌وه‌كه‌ی به ئازادی بگات و ئه‌مازیغیه‌كان سه‌رفراز بن كه ئیدیر ساڵانێكی درێژ گۆرانی بۆ گوتن و بۆ هه‌ستی جوانی و خه‌ونی مرۆڤه‌كان و به‌رخودان و ژیاندۆستی گۆرانی چڕی. به‌هۆی ئه‌م كۆچه ناوه‌خته‌ی ئیدیر نه‌بوایه هه‌رگیز بیرم نه‌ده‌كرده‌وه ئه‌م بابه‌ته بنووسم، به‌ڵام نرخ و به‌های هونه‌ر و قه‌در و حورمه‌تی تێكۆشه‌رانی هونه‌ر و كه‌لتوور سه‌ر به هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بن ئه‌ركێكی هاوبه‌شی هه‌مووانه قسه‌ی له‌باره‌وه بكه‌ن و وه‌ك ئه‌زموونێكی جوان و خاڵێكی رۆشنی كه‌لتووری مرۆڤایه‌تی شانازی پێوه بكه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ش ویستم (شڤان په‌روه‌ر)ی كورد و (ئیدیر)ی ئه‌مازیغی له كارێكی هاوبه‌شی هونه‌ریدا به‌یه‌ك بگه‌یه‌نم كه هه‌ردووكیان ده‌نگ و هاواری ئازادین و نزیكه‌ی نیو سه‌ده‌یه له پێناو ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌كه‌یان خه‌باتیان كردووه و ماندوو بوون، به‌داخه‌وه‌م (له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك) ده‌رفه‌تی ئه‌وه نه‌ڕه‌خسا به ئیدیر رابگه‌یه‌نم كه كوردێك به ته‌مایه ئه‌و گۆرانیه‌ی تۆ و هاواری گریباكهی نێو دارستانه‌كانی ئهمازیغستان بگه‌یه‌نێته ده‌رگا و په‌نجه‌ره هه‌میشه كراوه‌كانی كوردستان. ئه‌مه‌یه هێزی هونه‌ر كه دۆستایه‌تی و خۆشه‌ویستی و ته‌بایی و جوانی ده‌گه‌یه‌نێته دوورترین شوێن و كاته‌كان،، كه تۆ هه‌بوویت،، بێگومان خه‌ڵكی دی هه‌یه گوێیان له بوونی تۆ ده‌بێ، تۆ قسه‌ی خۆتت كرد،، سه‌دا و زایه‌ڵه و دهنگدانهوهكانت هه‌میشه له سارا بیكۆتاكانی ئه‌فریقیا و شاخ و داخه سه‌ركه‌شه‌كانی ئه‌تله‌س و ئۆراس و بابۆر هه‌تا ده‌گاته زاگرۆسی میدیا شه‌پۆل ده‌دا و نابڕیته‌وه.
(ڤاڤا ئینۆڤا..
ڤاڤا ئازادی)
تێكست و كورداندنی ئاواز: ئه‌مین بۆتانی
پرۆژه‌یه‌ك بۆ سترانێكی دۆستایه‌تی نێوان كورد و ئه‌مازیغ
به‌رهه‌م لای هونه‌رمه‌ندی كورد (شڤان په‌روه‌ر)ه
…
هۆڤا سه‌قه‌مێ لپه‌ی منه
زوو ده‌ری ڤه‌كه ڤاڤا ئینۆڤا ئا ڤاڤا ئینۆڤا
لناڤ دارستانا سته‌مێ
ئازادی تونه ڤاڤا ئینۆڤا ئا ڤاڤا ئینۆڤا
لێ لێ لێ لێ لێ
لێ لێ لێ لێ لێ
ژبۆ ئازادیێ ئه‌م به‌نده‌وارن
لێ لێ لێ لێ لێ
سته‌ما كۆله‌داران
سڕ و سه‌قه‌ما دنیایێ ئه‌م خوارن
…
لبه‌ر ده‌رێ سه‌رفرازیێ
ڤاڤا ئینۆڤا سڕێ ئه‌م برن
نه ژیان نه ئازادی هات
سال زه‌مان ده‌ربازبوون ئه‌م ل ڤرن
لێ لێ لێ لێ لێ
لێ لێ لێ لێ لێ
ژبۆ ئازادیێ ئه‌م به‌نده‌وارن
لێ لێ لێ لێ لێ
سته‌ما كۆله‌داران
سڕ و سه‌قه‌ما دنیایێ ئه‌م خوارن
…
هێ دنیا گریبا دگری
چما نابهیزی ده‌نگێ بازنا
ده‌رێ وژدانا خوه ڤه‌كه
دل زاف تژه‌یه ژگلی و گازنا
لێ لێ لێ لێ لێ
لێ لێ لێ لێ لێ
ژبۆ ئازادیێ ئه‌م به‌نده‌وارن
لێ لێ لێ لێ لێ
سته‌ما كۆله‌داران
سڕ و سه‌قه‌ما دنیایێ ئه‌م خوارن
… … …
https://www.youtube.com/watch?v=Z_WEEh3I5OY
هونه‌رمه‌ند ئیدیر له چه‌ند دێرێكدا:
ناوی راسته‌قینه‌ی خۆی (حه‌مید شریات)ه له ساڵی 1949 له گوندی ئایت لحسێن له‌دایكبووه له‌شاری تیزی ئۆزۆی جه‌زائیر، دایكی ناوی ناوه (ئیدیر) وه‌ك سیمبول له كه‌لتووری ئه‌مازیغیه‌كان بۆ چاوه‌زار و تووشنه‌بوون به كاره‌سات و به‌ڵا، له‌ناو كوردیش هه‌مان كه‌لتووری ناونان هه‌یه بۆ مانه‌وه‌ی منداڵی نێرینه؛ له‌ناو كوردانی ئێزدی ناوی (كرێت و كورتان و…هتد)هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بمێننه‌وه و له‌وچاوی پیس به‌دوور بن.
ئه‌ندازیاری جیۆلۆجیا بووه و له بواری پترۆڵ كاری كردووه له بیابانه‌كانی جه‌زائیر.
وه‌ك باڵیۆزی هونه‌ر و گۆرانی و شوناس و كه‌لتووری ئه‌مازیغیه‌كان ناسراوه لهسرانسهر ئه‌و وڵاتانه‌ی باكووری ئه‌فریقیا كه نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مازیغی لێ ده‌ژی، هه‌ڵبه‌ت له وڵاتانی مۆریتانیا و مه‌غریب و جه‌زائیر و توونس و لیبیا و هه‌تا ده‌گاته مسر رێژه‌ی ئه‌مازیغه‌كان 90% و عه‌ره‌به‌كان ته‌نیا كهمتریشن له رێژه‌ی 10% ئه‌و وڵاتانه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنی موسوڵمانه‌كان بۆ باكووری ئه‌فریقیا به‌ره‌به‌ره ئه‌مازیغه‌كان وه‌ك بوون و كه‌لتوور و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی توێنرانه‌وه و به‌شێویه‌كی زۆره‌ملێ مۆركی عه‌ره‌بییان به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، له‌وباره‌وه هونه‌رمه‌ند ئیدیر ده‌ڵێ: ئێمه‌ی ئه‌مازیغ له باكووری ئه‌فریقیا كێشه‌ی شوناسمان هه‌یه و هه‌وڵ ده‌ده‌ین له رێگه‌ی سیاسیانه و ئاشتیانه و زانایانه و دانایانه چاره‌سه‌ری دۆخی نه‌ته‌وایه‌تی خۆمان بكه‌ین،، هه‌روه‌ها له شوێنێك كه پێی ده‌ڵێن بۆچی به عه‌ره‌بی قسه ناكه‌ی؟ ئه‌و ده‌ڵێ من ئهمازیغیم و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كم به‌عه‌ره‌به‌وه نیه، من سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاوازم. هونه‌رمه‌ند له‌باره‌ی ئه‌و جه‌ور و سته‌مه‌ی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كاندا هاتووه؛ به‌راورد له نێوان كورد و ئه‌مازیغدا ده‌كات و سه‌باره‌ت به چه‌وساندنه‌وه و پاكتاوی ره‌گه‌زیی دژ به كورده‌كان ده‌ڵێ” بارودۆخی ئێمه‌ی ئه‌مازیغ تۆزێك له‌وه‌ی كورده‌كان باشتر بوو، چونكه كورده‌كان له عێراق دووچاری جینۆساید و ریشه‌كێشكردن بوونه‌وه.
هونه‌رمه‌ند ئیدیر له سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو رووی له فه‌ره‌نسا كردووه و له‌و كاته‌وه له پاریس ده‌ژیا.
تا ئێستا چه‌ندین و به‌رهه‌م و ئالبومی گۆرانی هه‌یه به زمانی ئه‌مازیغی.
ئه‌و وه‌ك هونه‌رمه‌ند و كه‌سایه‌تیه‌كی هونه‌ری یه‌كێكه له‌وانه‌ی به‌هێزه‌وه له‌پێناو ئاشتیدا تێده‌كۆشا و زۆر به په‌رۆشه‌وه پاڵپشتیی ئه‌و هه‌وڵ و خۆپێشاندان و كۆڕ و كۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌ری و هونه‌ریانه بوو وه‌ك لایه‌نگرێكی دۆزی ره‌وای مرۆڤایه‌تی.
به‌داخه‌وه ئه‌م هونه‌رمه‌نده مه‌زنه دوای ساڵانێكی زۆر له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی، كاتژمێر نۆ و نیوی ئێواره‌ی رۆژی شه‌ممه 2/5/2020 له نه‌خۆشخانه‌ی (بیشا سان كلوود بێرنار) له پاریسی پایته‌خت كۆچی دوایی كرد.