بەخیلیی …. نەوزاد بەندی
من بەخیلی بە مێش ئەبەم ،
تەمەنی تەنها حەوت ڕۆژە ..و
بێ دەنگ ئەمرێ و
دوای مەرگیش،
نایبینینەوە !
نە دۆزەخ داخی دەکات و
نە بەهەشت ئەیخاتە بەحری
هەنگوینەوە ..!
تەنانەت
فریای گۆڕینی
قاتە ڕەشەکەی ناکەوێ ،
هێشتا مێشێکتان بینیوە ،
بە تراکسودێکی شینەوە ؟
نە شۆڕش و
نە کودەتا ..
نە پەرلەمان ..
نە ئەگەری ڕاوەستانی موچەی بەغا..
نە ئەمریکا ،
ئەتوانێ دەستی تێ وەردا ..
نە ئێران و سعودیەو تورکیا
نەستەلەی بۆ تێکەڵ ئەکەن
لەگەڵ سەد نەخۆشی ودەردا
نە نیوەی تەمەنی ئەڕوا ،
بە دوای( یار) ی بێ دینەوە..!
شەممە لە دایک ئەبێت و
هەینی بە بێ پرسە ئەڕوا ..
هیچ ڕۆژێکی لە یەک ناچن ..
نە لە ناوا ..
نە لە بەروار ..
یەکەم ڕۆژ ودوا ڕۆژیشی
بە هەمان گوڕ و تینەوە ..
نە دایبی و دیالاکی ئەوێ ..
نە ڕەگەزنامە و پەساپۆرت
نە توشی ئینزیلاق ئەبێ
نە پڕۆستات ..
نە گیر ئەخوا بە دەست کێشەی
دەغڵ و دان و
مادەی ۱٤۰ و
دواڕۆژی
کەرکوک وخانەقینەوە ..!
هەموو دنیا
ئەگۆڕێتەوە بە دەنکێ
شەکری ورد ،
کە نوساوە به پارچەیەک
لەبزینەوە ..!
نەوزاد بەندی
٧ حوزەیران ٢٠١٩