پوخته‌یه‌ك له په‌یامی تۆبه‌كه‌رانی باشور … وه‌رگێڕانی شه‌داد شه‌دادی
جه‌نابی سه‌ماحه‌تی ئایه‌توڵا، به گه‌وره‌یی خۆتمان ببه‌خشه كه كوردین، كه هه‌ناسه ده‌ده‌ین. بۆ خاتری ره‌زای روحی پیرۆزتان هه‌زار كوردستانتان به فیدا ده‌كه‌ین. ببه‌خشه كه هه‌ندێك گومڕای حه‌قیڕمان هه‌ن له ڕوویان هه‌ڵهات ئاره‌زووی ئازادی ده‌رببڕن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ته‌واوی سه‌رداران فه‌رمووبوویان كه تاوانی وه‌ها له كاتی وه‌هادا ئه‌نجامنه‌ده‌ن. ئێمه زۆرمان پێیان گووت كه نه‌یكه‌ن، نه‌یڵێن، په‌نجه‌كانیان ببڕنه‌وه به‌ڵام به‌و ره‌نگه مۆره گڵاوی نه‌كه‌ن، دژی ئیراده‌ی یه‌زدانییانه‌ی ئێوه و سه‌ردارانی دیكه ره‌فتار نه‌كه‌ن، به‌ڵام، ئه‌فسوس، به گوێی ئێمه‌یان نه‌كرد و خۆیان گوناهباری دونیا و ئاخیره‌ت كرد. ئێمه پێمان گووتن كه به دژایه‌تیكردنی وویستی حه‌زره‌تتان، ئێمه‌ی عه‌بدی بێده‌سه‌ڵات تووشی تۆفانی غه‌زه‌بی ئیلاهیی ده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆ خاتری ده‌روونی شه‌یتاننشینی بیماریان هه‌ر كردیان.
ئه‌ی قه‌ومی كه‌راما‌تی نه‌به‌ویی شه‌ریف، ئێمه به ئازادی خۆمان خۆمان به فیدای خاكی به‌رپێتان ده‌كه‌ین. له‌عێراقێكی واحید و موحه‌دا ده‌بین به خزمه‌تكارێكی مووچه‌خۆری زه‌لیل، ده‌بین به مه‌ڕوماڵات، ده‌بین به دیواری زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوی توالێتی مزگه‌وتێكی به‌غا. ئێمه رق و كینه و جه‌نگ و تۆڵه و تووندوتیژی نازانین له هه‌مبه‌ر زاتی عه‌روبه‌ویتاندا، به‌ڵكو بلورێكی بێخه‌وشی خه‌جاڵه‌تیین و بۆ ئه‌به‌د ده‌ستله‌سه‌ر سینگ، نیگاشكاو، سه‌ردانه‌ویو، ده‌متۆپیو، ره‌زیلی ئومه‌تی عه‌ره‌بیین. كه له داریشمان ده‌ده‌ن، گریانی ئێمه بۆ مافی ئێوه‌یه. له هه‌مان كاتیش‌دا، ئه‌گه‌ر كوڕه كوردێك، كچه كوردێك، گه‌رمیانێك، چیایه‌ك، ئه‌ڵوه‌نێك زات بكا به داگیركه‌ر و ئیمپریالیست ناوی پیرۆزی عه‌ره‌بتان ببا، ووردوخاشی ده‌كه‌ین. ده‌ست و قاچتان ماچ ده‌كه‌ین مۆڵه‌ت بفه‌رموون كه سه‌ریان بخه‌ینه ژێر زنجیری تانكه‌كانی فتوحاته شه‌ریفه‌كانتانه‌وه كه نوور به جیهاندا بڵاوده‌كه‌نه‌وه.
جه‌نابی سه‌ردار و سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تداری موقه‌ده‌سزوبان، ئه‌ی شمشێری عه‌داله‌تی عه‌ره‌بیی و، سێبه‌ری زاتی موعه‌زه‌می ئیلاهیی، بمانبه‌خشه كه هه‌ندێ گومڕای سه‌فیل و سه‌خیفی كوردان زاتی ئه‌وه‌یان كرد ئاره‌زووی سه‌ربه‌خۆیی ده‌رببڕن. تا رۆژی حه‌شر په‌شیمانین و هه‌زار جار گوومان خوارد كه رێگه‌مان دا كه به فیت و فیتنه‌ی شه‌یتان ئێمه‌ش ئاوه‌ها گوناهبار بكه‌ن. فه‌رمانڕه‌وای خاوه‌نشكۆ، جه‌نابی فه‌رمانده‌ری راسته‌قینه، له ئێمه ببووره كه رۆژێك له رۆژان به كوردی گوومان خواردووه، به‌ڵام ده‌ستمان دامێنت باوه‌ڕ به به‌نی قه‌ومه‌كه‌مان مه‌كه، ریسوایان بكه، بیانكه به په‌ند، خوێنیان بۆ زه‌وی و سه‌روه‌ت و سامانی هه‌موو زه‌ویش بۆ تۆ. یه‌ك تكا كه هه‌مانه ئه‌وه‌یه به چاوێكی تر له ئێمه بڕوانی. ئێمه تۆپه‌رستین، ئه‌وان خه‌وارج و شعوبه‌وی. ئێمه تۆمان به سه‌ردار ده‌وێ و خواستی سه‌روه‌ریی كوردان هه‌واڵه‌ی جه‌هه‌نه‌م ده‌كه‌ین. یه‌ك یه‌ك ده‌بین به سه‌گی به‌رده‌رگای پیرۆزی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تسالارت به‌س تێكڕای ئه‌و كوردانه ته‌واو بكه كه باسی خودسه‌روه‌رییان كرد. ناموسمان بۆ تۆ، به‌س شكانی ئه‌وانمان بده‌رێ. چاره‌نووسمان بۆ تۆ به‌س ریسوایان بكه. كه‌ركوكمان بۆ تۆ به‌س خۆت سه‌ردارمان به و ناچاری ئه‌وه‌مان مه‌كه رێز له ره‌شوڕووتێكی كورد بگرین. سلێمانی و زاخۆشمان بۆ تۆ، به‌س خۆت، وه‌كو باوكێكی به‌به‌زه‌یی، مووچه‌یه‌كمان له به‌غاوه بۆ فڕێده با چیدی ناچاری ئه‌وه نه‌بین كه ببین به هاوخوانی هه‌تیوێكی كورد. به‌رماوه‌ی تووتكه سه‌گێكت به مووچه بۆ ئێمه زاده، ته‌په‌روكه، شه‌ره‌فه.
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌تداریی و عه‌رشدارییتان لێ جوانه، ئه‌ی سه‌میح و ره‌حیمه‌كانی ناوه‌ندی شه‌هامه‌ت و مه‌ڵبه‌ندی ئیجلال، ئێمه عه‌بد و جارییه‌ی ئێوه، به‌س بمانكه‌ن به خاوه‌نی نیگایه‌كی رووخساری ره‌زامه‌ندتان. بۆ تاقه ئافه‌رینێك له زمانی شه‌ره‌فمه‌ندتانه‌وه، به‌نی قه‌ومی حه‌قیڕمان كونبه‌ده‌ر ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر له ئه‌شكه‌وتی چیاكانیش بن. زنجیریان له پێ ده‌كه‌ین و ره‌وانه‌ی بازاڕه‌كانی كوفه‌یان ده‌كه‌ین.
تۆبه له گوناهی ئه‌وانه‌ی شه‌ریك بۆ زاتی ده‌وڵسالارتان ده‌دۆزنه‌وه. تۆبه له گوناهی ئه‌وانه‌ی كه ده‌ڵێن كورد عه‌بدایه‌تی و جاریایه‌تی پێخۆش نییه، تۆبه له گوناهی ده‌ربڕینی ئاره‌زووی ئیمانڕه‌وێنی سه‌ربه‌ستی.هه‌ر شتێك له ناوه‌نده‌وه بێت، ئه‌گه‌ر ئاگر و ئافاتیش بێ، ئێمه‌ی عه‌بدی زه‌لیل، كه‌یفخۆشین به فه‌رماندارییتان و شوكرین به به‌شمان.