ئه‌وكاته‌ی “پاسه‌وانانی خودا”* من ده‌كوژن! … سەنگەر زراری
ئه‌گه‌ر كۆجیتۆ به‌ناوبانگه‌كه‌ی فه‌یله‌سووفی فەڕەنسی ڕێنییە دیكارت (1596-1650ز)، “من بیرده‌كه‌مه‌وه، كه‌واته من هه‌م”، هه‌وڵێك بێت بۆ دابڕینی (خود) له (ئه‌ویتر) و هه‌وڵێك بێت بۆ (تاكگه‌رایی)، ئه‌وا ڕۆمانی “پاسه‌وانانی خودا”، هه‌وڵێكه بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه مرۆڤ هه‌رگیز له (ئه‌ویتر) دابڕاو نییه و ناتوانێ به‌بێ ئه‌ویتر بژی و بیربكاته‌وه، به مانایه‌كی تر.. ئه‌م ڕۆمانه ده‌یه‌وێ بیسه‌لمێنێ كه مرۆڤ هه‌ر ته‌نیا خودی خۆی نییه له واقیعدا بوونی هه‌یه، به‌ڵكو وێنه‌ی كه‌سانی دیكه‌شه، یان كه‌سانی دیكه‌ش وێنه‌ی ئه‌ون و ئه‌و وێنه و ڕه‌نگدانه‌وانه هه‌ندێكجار تا ڕاده‌یه‌كی گه‌لێك زۆر په‌رشوبڵاو و زۆر ده‌بن و كه‌سه ڕاسته‌قینه‌كان تێیدا بزر ده‌بن.
له شوێنێكدا ڕێبوار (كاراكته‌ری سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه)، باسی ئه‌وه ده‌كات ماوه‌یه‌ك ڕۆمانی كڕیوه و بێ ئه‌وه‌ی ناوی نووسه‌ره‌كانیان بخوێنێته‌وه، به‌رگه‌كه و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌كه‌ی دڕاندووه بۆ ئه‌وه‌ی ناوی نووسه‌ره‌كه نه‌بینێ: “من ده‌مه‌وێت نه‌رجسییه‌تی مرۆڤه‌كان بكوژم…ل165″، ئینجا ڕۆمانه‌كه‌ی به‌بێ ناوی نووسه‌ره‌كه خوێندووه‌ته‌وه، یان باسی ئه‌وه ده‌كات كه بابه‌تێكی له‌سه‌ر كوشتنی (من) نووسیوه، “فه‌سڵێك له نووسینێكی خۆی بیركه‌وته‌وه كه باسی چوونه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ده‌سته‌یه‌ك له شۆڕشگێڕی ده‌كرد، كه داموده‌زگه‌ی تایبه‌ت داده‌نێن بۆ كوشتنی (من)، سه‌ره‌تا هه‌وڵ ده‌ده‌ن (من) له زماندا بسڕنه‌وه، به‌وه‌ی له جێگای (من)، (ئه‌و) به‌كارده‌هێنن و كاتێك كه‌سێك ده‌یه‌وێت بڵێت: من برسیمه، یاخود ئازادیم ده‌وێت، ده‌بێت بڵێت: ئه‌و برسییه‌تی، ئه‌و ئازادی ده‌وێت، تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی هه‌مووان له زماندا نائاماده ده‌بن و ده‌بن به كه‌سی سێیه‌م…ل165″، له شوێنێكی ڕۆمانه‌كه‌دا ئه‌م كوشتنی (من)ه ده‌گاته ئاستی نه‌مان، “كه‌واته ژیانێكی ڕاسته‌قینه بوونی نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه له خه‌یاڵی تۆدایه…ل156”.
سروشتی مرۆڤ وایه كه ئه‌گه‌ر له ژیانی ڕاسته‌قینه‌دا كه‌موكووڕییه‌كی هه‌بێت، یان ئامانجێكی هه‌بێت و نه‌توانێ بیهێنێته‌دی، به‌شێوه‌ی دیكه‌ی جیاواز، یان هه‌ر هیچ نه‌بێ له خه‌یاڵیدا هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ده‌دات و ده‌یه‌وێت قه‌ره‌بووی بكاته‌وه، ئه‌م وێنه خه‌یاڵییه، ئه‌وه‌یه كه ڕۆمانه‌كه به وردی كاری له‌سه‌ر ده‌كات، زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له ڕۆژهه‌ڵات ناتوانن ئه‌و ژیانه بژین كه له خه‌یاڵیاندایه، ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تیان هه‌بێت ڕاده‌كه‌نه وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌گه‌ر نه‌شبوو، به خه‌یاڵ بۆ خۆیان ژیانێكی دیكه دروست ده‌كه‌ن و خه‌یاڵیان دووره له‌و واقیعه‌ی تێیدا ده‌ژین، “زۆربه‌ی ئه‌و كچ و ژنانه‌ی له ڕۆژهه‌ڵات ده‌ژین، ڕێگه‌یه‌كیان دۆزیوه‌ته‌وه بۆ هه‌ڵاتن…ل150″، دیاره ئه‌و ڕێگه‌یه‌ش ڕێگای ژیانه له‌ناو خه‌یاڵ و فه‌نتازیایه‌كی خۆش، واتا به جه‌سته له ڕۆژهه‌ڵات و به خه‌یاڵ له ڕۆژئاوا.
ئه‌م ڕۆمانه ئه‌وه‌ش ده‌سه‌لمێنێ كه مێژوو، هێز و كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر شوێنه‌كان هه‌یه، ده‌شێ له‌سه‌رده‌مێكدا شوێنێك، جێگه‌ی ژیان بێت و له سه‌رده‌مێكی دیكه‌دا مرۆڤ لێی ڕابكات و نه‌توانێ لێی بژی، ڕۆژهه‌ڵات سه‌رده‌مانێك ڕۆژهه‌ڵاتی ڕۆحانییه‌ت و عه‌شق بووە، بۆنی بوخوردی لێ ده‌هات، ڕۆژهه‌ڵاتی خاوه‌نی یاساكانی حامۆڕابی و عه‌شتار و ئیمپراتۆرییه‌ته گه‌وره‌كان بوو، به‌ڵام ئێستا بووه‌ته جێگه‌ی شه‌ڕ و ئاژاوه و حوكمی داعش و به‌عسی و حووسیی و قاعیده و.. ده‌یان و سه‌دان حیزب و گروپی مه‌رگدۆستی دیكه و مرۆڤ به هه‌ڵه‌داوان لێی ڕاده‌كات.
كورد له وێنه (خه‌یاڵی)یه‌كانیشدا، بێ ئامانجه و چاره‌نووسی نادیاره. ڕێبوار سێ وێنه له گۆڤارێك ده‌بڕێت و ده‌یه‌وێت ڕۆمانێك له‌باره‌ی ئه‌و سێ وێنه‌یه (كه نایانناسێ و هه‌ڕه‌مه‌كی له گۆڤاره‌كه لێی كردوونه‌ته‌وه) بنووسێت و ژیان بۆ هه‌ر یه‌كێكیان ده‌خولقێنێ، یه‌كێكیان ناو ده‌نێ (خوان ڕۆسینتۆ)، وای داده‌نێ خه‌ڵكی ئیسپانیایه و ڕۆژنامه‌نووسه، دووه‌میان ناو ده‌نێ ئهبوئهنهسی تونسی، خه‌ڵكی تونسه و دوای ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی جێدێڵێت، ده‌چێته ئیسپانیا و له‌وێشه‌وه ده‌چێته ناو خیلافه‌ته‌كه‌ی داعش، سێیه‌میان ناو ده‌نێت فه‌رهاد و له سلێمانی ده‌ژی، فه‌رهاد ژیانێكی تایبه‌تی هه‌یه، ئه‌و له‌ناو كتێبه‌كانه‌وه هاتووه‌ته ده‌ره‌وه و له ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه زامداره و سووتاوه، ڕۆژێك بۆ كۆڵبهریی ده‌چێته كه‌ركووك، له‌وێ كاتێك ده‌یه‌وێ له په‌نا دیوارێك پشوو بدات، له ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا كه‌لله‌سه‌ری مرۆڤێك ده‌كه‌وێته باوه‌شی و به‌مه‌ش تووشی شۆك ده‌بێت و لاڵ ده‌بێت و دواتر چاره‌نووسی دیار نامێنێت.
خوان ڕۆسێنتۆ و ئه‌بوئه‌نه‌س له ئیسپانیا به ڕێككه‌وت له كافتریایه‌ك یه‌كتر ده‌بینن و هه‌ندێ گفتوگۆ له‌باره‌ی ئایین و ئافره‌ته‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌بوئه‌نه‌س نایشارێته‌وه كه ئه‌و به هیوایه ڕۆژێك له ڕۆژان ئیسپانیا (ئه‌نده‌لووسی جاران) بگه‌ڕێته‌وه بن ده‌ستی موسوڵمانان، دواتر ئه‌بوئه‌نه‌س ده‌چێته ناو داعش، خوان ڕۆسێنتۆش به مه‌به‌ستی كاری ڕۆژنامه‌وانی دهێته عێڕاق، به‌ڵام له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی دیكه و له كاتی ڕووماڵكردن، ده‌كه‌ونه بۆسه‌ی تاقمێكی داعش و ده‌ستگیر ده‌كرێت و به ده‌ستی ئه‌بوئه‌نه‌س (ئه‌بوئه‌نه‌س نایناسێته‌وه، به‌ڵام ڕۆسێنتۆ ئه‌و ده‌ناسێته‌وه) له‌به‌رده‌م كامێرا‌كان و به جلێكی پرته‌قاڵییه‌وه سه‌ری دهبڕدڕێ.
لێره‌دا نه ئه‌بوئه‌نه‌س وه‌كو (خود)، ڕۆسێنتۆ سه‌رده‌بڕێ و نه ڕۆسێنتۆش وه‌كو (تاك)ێك سه‌ری ده‌بڕدرێ، لێره ئه‌بوئه‌نه‌س نوێنه‌ری ده‌سه‌ڵاتێكی تووندڕه‌وه و ڕۆسێنتۆش وه‌كو وێنه‌ی ڕۆژهه‌ڵات له‌به‌رده‌م كامێرا‌كان له‌ناو ده‌برێ و سه‌ری ده‌په‌ڕێنرێت.
له‌م وێنانه‌دا ئامانجی ئه‌بوئه‌نه‌س دیاره كه گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی خیلافه‌تی ئیسلامی و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی هه‌موو دنیایه، ئامانجی ڕۆسێنتۆش دیاره كه كاری ڕۆژنامه‌وانی و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریی و په‌ره‌دانه به پیشه‌كه‌ی خۆی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه ئامانجی دیاره و نه چاره‌نووس، فه‌رهاده كه نه له‌دایكبوونه‌كه‌ی سروشتییه و نه ژیانه‌كه‌ی و نه چارهنووسهكهشی دیاره، ده‌شێ لێره‌وه ڕۆماننووس ئه‌وه‌مان پێ بڵێت كه هه‌موو مرۆڤێك سه‌ره‌تا و ژیان و ئامانجێكی دیاری هه‌یه، ته‌نیا كورد نه سه‌ره‌تایه‌كی ڕوونی هه‌یه و نه ئامانجێكی دیاریكراو و نه ژیانێكی شهڕهفمهندانهش.
له پرسی ئه‌م سێ وێنه‌یه‌دا، ئه‌وه‌ی من تێبینیم له‌سه‌ری هه‌یه ئه‌وه‌یه كه ده‌بوو ڕێبوار پێشوه‌خته ناو و كار و مه‌به‌ستی بڵاوبوونه‌وه‌ی سێ وێنه‌كه‌ی له گۆڤاره‌كه بخوێندبایه‌وه، پێم وایه ئه‌م فرهوێنهییهی مرۆڤ، كه ڕۆمانه‌كه مه‌به‌ستییه‌تی، ئه‌وكاته زۆر جوانتر و ڕوونتر به‌دیار ده‌كه‌وت، ئه‌گه‌ر ڕۆماننووس، وای دانابا ئه‌م سێ وێنه‌یه له گۆڤاره‌كه، كار و پیشه و وڵاتیان ته‌واو جیاوازه له‌و وێنانه‌ی ڕێبوار دروستیان ده‌كات و ده‌یانكاته چیڕۆك و به‌سه‌رهاتی ڕۆمانه‌كه‌ی. با به نموونه زیاتر مه‌به‌سته‌كه‌م ڕوون بكه‌مه‌وه.. وای دانابا وێنه‌ی یه‌كه‌م له گۆڤاره‌كه كه‌سێكی ئه‌وروپییه و ڕێكلام بۆ جلوبه‌رگ ده‌كات، دووه‌میان كه ڕیشێكی ته‌نكی هه‌یه، خه‌ڵكی یه‌كێك له وڵاتانی ئه‌مه‌ریكای باكووره و یاریزانی تۆپی پێیه، سێیه‌میشیان كه‌سێكی ڕۆژهه‌ڵاتییه و تاوانێكی ئه‌نجام داوه، بۆیه وێنه‌كه‌ی بڵاوبووه‌ته‌وه، به‌ڵام ڕێبوار حه‌قیقه‌تی ژیانی ئه‌م سێ وێنه‌یه ده‌ستكاری ده‌كات و ئه‌و شێوهژیانهیان پێ ده‌دات كه خۆی، یان ڕۆمانه‌كه‌ی پێویستییه‌تی.
من مه‌به‌ستم نییه له جیاتی عه‌تا محه‌مه‌د بیربكه‌مه‌وه و پێی بڵێم چی بنووسێت و چی نه‌نووسێت، به‌ڵام وه‌كو خوێنه‌رێك، حه‌زم ده‌كرد وێنای ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و كه‌سانه بزانم (بێگومان ئه‌ویش وێنه‌یه‌كی خه‌یاڵیی ڕۆماننووس ده‌بێت) و وێناكان به جۆرێك بان، زۆر جیاواز بان له‌و وێنایانه‌ی ڕێبوار بۆیان دروست ده‌كات، لێره‌شه‌وه خوێنه‌ر بۆی به‌دیار ده‌كه‌وێت كه خه‌یاڵی مرۆڤ چه‌نده فراوانه له دروستكردن و شێواندن و جوانكردنی وێنه و ژیانی مرۆڤه‌كانی تر، كه ئه‌م ڕۆمانه كاری له‌سه‌ر كردووه، واتا ئه‌گه‌ر بابه‌تی وێنه‌كان به‌و جۆره‌ی له گۆڤاره‌كه بڵاوبووه‌ته‌وه و ئه‌و وێنانه‌ی ڕێبوار دهیانخولقێنێ بخرابانهڕوو، ئه‌وا خوێنه‌ر زیاتر هه‌ستی به جیاوازی ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی كه‌سه‌كانی ناو وێنه‌كه و ئه‌و ژیانه ده‌كرد كه ڕێبوار بۆیان دروست ده‌كات و ئه‌مه‌ش تێڕوانینی جیاوازی مرۆڤ بۆ وێنه‌كان ڕوونتر ده‌كاته‌وه.
پێناچێ مۆته‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و دواكهوتووییهكهی واز له مرۆڤه‌كانی بێنێ، تۆ ته‌ماشاكه ڕێبوار و نیان كه ژن و مێردن و خه‌ڵكی كوردستانن، به‌ڵام له ئه‌وروپا ده‌ژین، خۆشه‌ویستییه‌كی زۆر له نێوانیاندا هه‌یه، هۆكارێكی دیاریش نییه بۆ جیابوونه‌وه‌یان، هه‌موو ئه‌وه‌ی دیاره ئه‌وه‌یه “تۆ ئه‌و كه‌سه نیت كه ده‌مناسی…”. له‌كاتێكدا ڕێبوار دیده ڕۆژهه‌ڵاتییه دواكهوتووانهكهی فڕێداوه و به چاوی ڕێزه‌وه له نیان و ئافره‌ت ده‌ڕوانێ و نیان خۆشی دان به‌وه‌دا ده‌نێت: “تۆ وا ده‌كه‌یت هه‌ست بكه‌م گوڵ له نێوان ڕانهكانمدایه نه‌ك برین…ل195″، دواتر سنووریش كه ڕێبوار ده‌ناسێ به‌هه‌مان شێوه دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه ڕێبوار چه‌نده جیاواز له ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان له ئافره‌ت ده‌ڕوانێ و ڕێزیان ده‌گرێت: “تۆ واتكرد گوڵێكی سیحری له جه‌سته‌مدا ئاشكرا بكه‌م…ل202″، كه‌چی نیان لێی جیا ده‌بێته‌وه، ته‌نانه‌ت دوای ئه‌وه‌ی جیاش ده‌بنه‌وه، نیان هه‌ر بیری لای ئه‌وه، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه، نیان ده‌زانێ كه ڕێبوار كه‌سێكه ڕێز له ئافره‌ت ده‌گرێت، كه‌چی كه‌شی ڕۆژهه‌ڵاتیی به‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانیاندا زاڵه و جیا ده‌بنه‌وه.
كه‌واته ده‌شێ هۆكاری ئه‌م ئاڵۆزی و لێكتێنه‌گه‌یشتنه ئه‌وه بێت كه خۆڕزگاكردن له دید و نه‌ریته‌كانی ڕۆژهه‌ڵات ئاسان نه‌بێ، بۆیه تووشی (دژیه‌كی)یش ده‌بن، ئه‌مه‌ش سیفه‌تی زۆربه‌ی ئه‌وانه‌یه كه له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه به‌ره‌و ڕۆژئاوا كۆچ ده‌كه‌ن، ئه‌و كاته‌ی له ڕۆژهه‌ڵات ده‌ژین خه‌یاڵیان له ڕۆژئاوا و ژیانێكه كه‌ڕامه‌تیان تێیدا پارێزراو بێت: “ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان هه‌میشه ماندوون، ماندووی هه‌ڵهاتن و به‌دوای جێگه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێن، تێیدا كه‌مێك پشوو بده‌ن…ل75”. به‌ڵام كه ده‌شگه‌نه ئه‌وێ، ناتوانن واز له كۆبوونه‌وه‌ی كورده‌واریی و جلوبه‌رگ و نه‌ریت و دۆڵمه و كفته بێنن و ده‌یانه‌وێ له‌وێ كوردستانێكی بچووك دروست بكه‌ن، “مام ڕه‌شید له ناو باخه‌كه‌یدا كه هه‌ر هێنده‌ی ژوورێكی سێ به چوار ده‌بوو، به شه‌ڕواڵێكی خاكییه‌وه خه‌ریكی ڕنینی كه‌وه‌ر بوو، ئه‌و ڕۆژه دنیا گه‌رم بوو، ڕێبوار به مام ڕه‌شیدی وت: بیری كوردستان ناكه‌یت؟ مام ڕه‌شید بێ ئه‌وه‌ی سه‌ر هه‌ڵبڕێت به ڕێبواری وت: ئه‌مه كوردستانی منه و ئه‌ویتریشم له دڵمدا هه‌ڵگرتووه…ل126”.
ئه‌مه وایكردووه خه‌ڵكانی ڕۆژهه‌ڵات به‌گشتی به جۆرێك بژین، كه ژیانیان له نێوان ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا هه‌ڵپه‌سێردراوه و نازانن له كوێ ده‌ژین، لێره یان له‌وێ.
ڕۆژهه‌ڵات هه‌ر به‌وه ناوه‌ستێ كه واز له مێژوو و به‌های خۆی بێنێ و مرۆڤه‌كانی ئێستای ئازار بدات، به‌ڵكو ڕابردووهكهشی ناشیرین ده‌كات، هێنانه‌وه‌ی نموونه‌ی داستانی شیرین و خوسره‌و له‌م ڕۆمانه و ده‌ستكاریكردنی به‌و جۆره‌ی كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سه‌رده‌می ئێستا بێت، وێنه‌یه‌كی گه‌لێك وردی دزێوییه‌كانی ئێستامان پێ ده‌ڵێت و پیشانمانی ده‌دات، له سه‌رده‌می ئێستا، چیتر خوسره‌و خه‌ریكی تاشینی به‌رده‌كان نییه له‌پێناو شیرین، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سێكه له شه‌ڕی ناوه‌خۆ، له ڕووداوێكی نادیار ده‌كوژرێت و ته‌رمه‌كه‌ی ده‌دۆزرێته‌وه، شیرینیش له‌پێناو دابینكردنی بژێویی نه‌نكه پیره‌كه‌ی و برایه‌كه‌ی و دوو خوشكه‌كه‌ی، ده‌بێته له‌شفرۆش و سه‌رئه‌نجام ون ده‌بێت و كه‌سیش ته‌رمه‌كه‌ی نادۆزێته‌وه.
ئیتر ئه‌مه ڕۆژهه‌ڵاته كه مرۆڤه‌كان له بۆته‌ی خۆی ده‌رده‌كات و كه‌س نازانێت ئه‌و كێیه؟! هه‌میشه له ناخی خۆیدا ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره ده‌بێته‌وه: ئایا ئه‌وه منم، یان من ته‌نیا وێنه‌یه‌كم و له خه‌یاڵدا ده‌ژیم؟!
* پاسه‌وانانی خودا، مێژوویه‌كی تر بۆ بینینی خۆمان (ڕۆمان)- عه‌تا محه‌مه‌د، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، چاپی یەكەم (2016).
sangarzrary@gmail.com