Skip to Content

تەوقیتی سەردانی سەرۆکی حوکمەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا … لوقمان ئابڵاخی

تەوقیتی سەردانی سەرۆکی حوکمەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا … لوقمان ئابڵاخی

Closed
by حوزه‌یران 23, 2019 General



لەدوای شکستی ئاکەپە لە هەڵبژاردنی یەکەمی شارەوانیەکاندا لە شارە گەورەکانی تورکیادا، ئاکەپە توشی شڵەژاوی و پەشۆکاویەکی زۆر بوە و یەکەم هەنگاویان پوچەڵکردنەوەی هەڵبژاردنەکە بو کە بۆیان چوە سەر.
لەو ڕۆژەوە ئەردۆگان و حیزبەکەی بێوچان لە هەوڵی ئەوەدان کە هەڵبژاردنەکەی دوهەم جار ببەنەوە چونکە ئەوان باش ئەزانن کە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانە، پێوەرن بۆ هەڵبژاردنی سەرتاسەری تورکیا.
ئەردۆگان و حیزبەکەی هەمو توانا و وزەکان یان خستۆتە گەر بۆ بردنەوەی ئیستەنبوڵ چونکە ئەو شارە زۆر بایەخدارە لە ڕوی ئابوری و سیاسیەوە و ١٦ ساڵە بەدەست ئاکەپەوەیە. ئەردۆگان هەمیشە وتویەتی:”ئەوەی ئیستەنبوڵ بباتەوە، هەڵبژاردنی گشتیش دەباتەوە”.
هەوڵەکان لە هەمو بوارێکدا بون و لە ناوەوە و لە دەرەوەی تورکیادا ئەو هەوڵانە چڕکراونەتەوە. سەردانەکەی سەرۆکی نوێی حوکمەتی هەرێمیش، نێچیرڤان بەرزانی، خزمەتێکی زۆر بە ئاکەپە دەگەیەنێت بۆ ئەم هەڵبژاردنەی دوهەم کە لە ٢٣/٦/ ٢٠١٩ دەکرێتەوە.
نمونەی ئەو هەوڵانە ڕێگەدانی پارێزەرەکانی بە سەردانی سەرۆکی پێشوی پەکەکە، عەبدوڵا ئوچ ئالان، هێرشکردنە سەر باشوری کوردستان بە بیانوی لە ناوبردنی پەکەکە، وتارە ئاگرینەکانی ئەردۆگان خۆیەتی و یاریکردنیەتی بە سۆزی تورکە ناسیۆنالیستە ڕاستڕەوەکان.


سەردانی حوکمەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بەرزانی، بۆ تورکیا و پێشوازیکردنی لەلایەن سەرۆکی ئاکەپەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، هەر بەشێکن لەو هەوڵانەی ئەردۆگان و ئەم سەردانە سەرکەوتنێکی سیاسی بەرچاو بۆ ئەردۆگان، حیزبەکەی و بۆ تورکیا تۆماردەکات لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:
١- ئەردۆگان لە هەڵبژردنەوەی ٢٣/٦/ ٢٠١٩ دا پێویستی بە دەنگی کوردەکان هەیە و ئەم سەردانەی نێچیرڤان بەرزانی بەکاردەهێنێت بۆ ڕاکێشانی سۆزی کوردەکان بۆئەوەی دەنگ بدەن بە حیزبەکەی ئەردۆگان.
٢- بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەڵێت من پەیوەندیم لەگەڵ ئەو کوردانە باشە کە “بە تیرۆریست” حسابیان ناکەم. دیارە لەمەدا مەبەستی ئەوەیە بڵێت کە پەکەکە تیرۆریستە. سەیر لەوەدایە کە دەزگای موخابەراتی حوکمەتەکەی ئەردۆگان، میت، وە بەرپرسە باڵاکانی حوکمەتەکەی ئەردۆگان چەندین جار لەگەڵ سەرانی پەکەکەدا کۆبونەتەوە و مفاوەزاتیان لەگەڵ کردون . بەڵام هەمو جارێکیش درۆیان کردوە و ڕێزیان لە گفت و بەڵێنەکانیان نەگرتوە و بە مەبەستی ئاشتی مفاوەزاتیان نەکردوە.


٣- نێچیرڤان بەرزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە حیزبی سەرکەوتوە لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمدا و سەرۆکی نوێی حوکمەتی هەرێمە، لێرەوە ئەردۆگان وەبیری سەرۆکی پارتی ئەهێنێتەوە کە نێچیرڤان بەرزانی لەلایەن ئەوەوە پشتگیری تەواوی لێدەکرێت و هەر ئەویشی لا پەسەندتر بو لە سەرۆکی پێشوی حوکمەتی هەرێم. لێرەوە ئەیەوێت ئەو مونافەسەیەی نێوان نێچیرڤان و مەسرور بەرزانی زیاتر بکات و جیوازیەکانی نێوانیان گەورەتر بکات، ئەو لێرەشدا سیاسەتی “پەرت کە و زاڵ بە” بۆ بنەماڵەی بەرزانیش بەکاردەهێنێت.


٤- مانایەکی تری ئەم سەردانە ئەوەیە کە سەرۆکی حوکمەتی هەرێمی کوردستان لە جیاتی وەرگرتنی هەڵوێست بەرامبەر هێرشە داگیرکاریەی ئێستای سوپای تورکیا بۆ باشوری کوردستان و بەرگریکردن لە کوردستان، سەردانی داگیرکەرئەکات. ئەردۆگان وەکو سەرکردەیەکی بەهێز خۆی دەرئەخات کە لەلایەکەوە سەرۆکی هەریمی کوردستان بە کەسێکی لاواز، بێدەسەڵات و بێ هەڵوێست وێنادەکات بۆ خەڵکی تورکیا و بۆ خەڵکی کوردستان لەلایەکی تریشەوە بێ هیواییەکی زۆر لە دڵی هەمو کورد دروست ئەکات و ئەو هەستی خۆبەکەمزانینەی کە دوژمنانی کورد لە ناو تاکی کورد دروستیان کردوە، بەهێزترئەکات تیایاندا لە ڕێی بێـهـەڵوێستی و بێدەنگی سەرۆکی حوکمەتی هەرێمەوە کە خەڵکی کوردستان هیوایان پێی بوە. لێرەوە ئەو پەیامە خەڵکی هەمو کوردستان بە گشتی و خەڵکی باشوری کوردستان بەتایبەتی ئەنێرێت کە نێچیرڤان بە هەمان شیوەی بەڕێوەبردنەکەی کە سەرۆکوەزیران بوە، سەرۆکایەتی هەرێمیش بەڕیوە دەبات. ئەو شێوەیەش ڕازیکردنی تورکیایە و بەردەوامبونە لە بەخشینی سامانی نیشتمانی کوردستان بۆ تورکیا.


٧- لە لایەکی تریشەوە، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لەم کاتەدا وەک شەڕی دەرونی بەکاردەهێنێت دژ بە گەڕیلاکانی پەکەکە کە هەوڵێکە بۆ ڕوخاندنی ورەی گەڕیلاکان.
٨- هەڵبەتە ئەم سەردانە خاڵی نیە لە بەسەرکردنەوەی سەفـقـەکانی نێوانیان و پلان دانان بە گوێرەی ئەم بارودۆخە نوێیە.
٩- لەم سەردانەشدا، ئەردۆگان و حوکمەتەکەی هەمو ئەو شتانە لە نێچیرڤان بارزانی داوائەکەن کە ئەوان چاوەڕوانن بۆیان بکرێت وە لە بەڵێ کەمتریشی لێ قبوڵناکەن.
شایانی وتنە کە ئەردۆگان، سەرۆکی پێشوی هەرێمی کوردستانیشی بەکارهێناوە بۆ ڕاکێشانی سۆزی کوردەکان و بۆ بەدەستهێنانی دەنگی کوردەکان لە هەڵبژاردنەکانی پێشوی تورکیادا.


بەڵام ئەردۆگان خۆیشی دڵنیا نیە کە ئەمجارە بتوانێت ئەستەنبول بباتەوە چونکە لە ڕۆژانی پێش هەڵبژاردنی یەکەم هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی ٣١/٣/ ٢٠١٩ دا، ئەردۆگان لە ماوەی ٥٠ ڕۆژدا لە سەرتاسەر تورکیادا بەشداری ١٠٢ کۆبونەوەی جەماوەری کرد. بەلام لە دوای ئەو هەڵبژاردنەوە تا ئەم چەند ڕۆژەی پێشو ئەردۆگان بێدەنگەی لێکردبو وە بە پێی هەواڵی ڕۆژنامەکانی ناو تورکیا، ئەدۆگان پلانی سەردانی تەنها چوار ناوچەی ئیستەنبوڵی هەیە لە ڕۆژی یەکشەمەی داهاتودا ڕۆژی هەڵبژاردنی دوهەمە، چونکە ترسی دۆڕادنی هەیە و نایەوێت ئەو ڕوی ئەو دۆڕاندنەبێت بۆ ئەوەی بە لاواز و شکستخواردو دەرنەکەوێت و بۆ هەڵبژاردنە سەرتاسەریە گشتیەکەی داهاتوی تورکیا، ناو و وێنەی ئەو نەلکێنرێت دۆڕاندنی هەڵبژاردنەکە وبەشکستەکەی ئەمجارەی ئیستەنبوڵەوە، کە بەپێی شیکردنەوە و قسەی چاودێرە سیاسیەکان بە دور نازانرێت.

بۆستن- ٢٠/٦/ ٢٠١٩

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish