
تارماییەکانی ۳۱ ی ئاب.. مەحمود عەبدوڵڵا
۳۱ ی ئاب تەنیا ڕابردویەک نییە، کە ئێمە یادی بکەینەوە؛ بەڵکو داھاتوشە دەبێت ڕێی لێبگرین،ئێستایە دەبێت لەگەڵی بجەنگین. ۳۱ی ئاب تەنیا ھێمایەک نییە بۆ ناسینەوەی ھێزێکی سیاسی “پارتی” بەڵکو تارماییەکیشە بەسەر ھەرێمی کوردستانەوە.
ئەم خیانەتە نیشتیمانییە، چرکەساتێک نییە تێپەڕی بێت، بەڵکو لەگەڵمان دەژیت و لە پێشمانەوەیە،نەک بە گوتەی ئێمە، بەڵکو پارتی خۆی پێمان دەڵێت “ھەر کات فشارمان لەسەر بێت پەنا بۆ خیانەتێکی نیشتیمانی دەبەین”
بۆیە ھەر ھەوڵێک بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراتی ،ھەرقسەیەک ،نوسینێک ،چالاکییەک ،داواکارییەک بۆ چاکساری و گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی، جۆرێکە لەفشار بۆ سەر پارتی،یاخود پارتی بەفشاری دەزانێت لەسەرخۆی لە بەر ئەوە پارتی دژە کردەوە نیشان دەدات، بەرامبەر ھەر چالاکییەک و ھەر ھەوڵێک بۆ گۆڕینی ئەو واقیعەی ۳۱ی ئاب دروستی کردووە. پارتی تائێستا ھێزی خۆی لە و خیانەتە وەردەگرێت . جوگرافیای پارتی جوگرافیای سی و یەکی ئابە.
بۆ ھەر مرۆڤێک کە پارتی بناسێت دەزانێت ئەم مێژووە ڕابردوو نییە ئێستاو داھاتووە،لەدوامانەوە نییە،لەگەڵمانە و لەپێشمانە ھەموو چرکەساتێکە.
چونکە پارتی بەردەوام بەرژەوەندی وڵاتانی تر دەپارێزێت لەسەر حیسابی بەرژەوەندی نیشتیمانی و نەتەوەیی خۆی قەڵەوە دەکات. بۆیە سی و یەکی ئاب تەنیا ھێنانی سوپای داگیرکەر نییە، بۆ سەر خاکی کوردستان،بەڵکو پاراستنی بەرژەوەندی دەوڵەتانی داگیرکەر ە لەسەر حیسابی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان، تاڵانی ئابورییە، ڕێگە نەدانە بە دامەزراندنی حکومەتێکی نیشتیمانی و ناحیزبی و قۆرخکردنی سەرچاوەکانی ئابوری ، پەک خستنی پەرلەمان، ڕیفراندۆمی حیزبی ،چونکە دواجار ھەموو ڕەفتارەکانی پارتی دەبنە ھۆی لاوازی ھەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی. کاتێک هێزێک بەخیانەتی نیشتیمانی ببێتە هێزی یەکەم،ئەوا هەربەخیانەتیش وەک هێزی یەکەم ودەمێنێتەوە
ئێمە ناتوانین بڵێین ئەم خیانەتەمان تێپەڕکردووە،تا ئەو کاتەی ترسمان لە شەڕی ناوخۆ و دیکتاتۆریەتی پارتی ھەبێت ،تائێستاش پارتی دەستی لەم عەقلییەتە ھەڵنەگرتووە،بەڵکو ئەوە تێزێکی نەگۆڕە کە پارتی ھەرکات فشاری لەسەربێت خیانەت دەکات.ئیتر ئەمە وەک یاسایەکی فیزیایی سادە ی لێھاتووە و گومان ھەڵناگرێت.
ئێمە چۆن دەزانین کە ئاسن بەگەرم بوون دەکشێت،ئاواش دەزانین کە پارتی فشاری لەسەربێت خیانەتی نیشتیمانی ئەنجامدەدات بەشێوەیەک لەشێوەکان.
بۆیە ئەم بەروارە سەر چاوەی بێ ھیواییەکی گەورەی ھێزە دیموکراتییە کان و سەرجەم ھاوڵاتیانە .بۆچونی ھاوڵاتییە کی سادە ئەوەیە” ھیچ ناکرێت،گۆڕانکاری ڕونادات دەست بۆ ھەر شتێک بەریت پارتی کەتنێک دەکات ،پشت بە داگیرکەران دەبەستێت،شەڕی ناوخۆ ھەڵدەگیرسێنێت و …”
پارتی بەھۆی ئەم خیانەتەوە گەورە بوو لە بەرئەوە لای پارتی پیرۆزە و بەرگری لێدەکات و دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم دەکات دەیژیێنێت، چونکە ئەم ھێزە مەرگی خۆی لەناو ئاوێنەی دیموکراتی دەبینێتەوە ،ئیتر نەک لێی ڕاناکات ،بەڵکو بەرەو پیری دەچێت و خەڵک و ھێزە دیموکرات خوازەکانی پێ دەترسێنێت ،بەجۆرێک پارتی وەک بۆمبێکی تەوقیتکراوی لێھاتووە کەس ناوێرێت دەستی بۆ بەرێت نەک بتەقێتەوە و کارەساتێکی ترمان بەسەر بێنێت!ئەمەیە ئەو ھێزەی بانگەشەیڕیفراندۆ م و سەربەخۆیی و دەوڵەت دەکات،لەکاتێکدا تارماییەکانی سیویەکی ئاب بەسەر ھەرێمی کوردستانەوە .
ئیتر پارتی ناچار نییە فەزیلەتی سیاسی ھەبێت،مادام بەھۆی خیانەتێکی نیشتیمانییەوە گەیشتبێتە لوتکە .ئەم ھێزە بەردەوام ھەوڵی جوانکردنی ئەم خیانەتە ئەدات بەجۆرێک باوەڕی بەلا یەنگرانی خۆی ھێناوە کە پێویستییەکی نیشتیمانی بوو! کەواتا کارەساتەکە ئەوەیە ئەم ھێزە کادیرانێک پەروەردە دەکات کە خیانەتی نیشتیمانی بە فەزیلەتی سیاسی بزانن.ئەمەیە تارماییەکانی سی و یەکی ئاب ،کە پارتی کردویەتی بەوانەیەک لەپەروەردەی سیاسی دا .ئیتر چۆن ئەم ڕوداوە کۆتایی دێت و تارماییەکانی دەڕەوێتەوە. ئێمە ئەمڕۆ لەواقیعێکدا دەژین بەرهەمی ۳۱ی ئابە. لەبەر ئەوە بۆ ئەم هێزە سیویەکی ئاب دەبێت بردەوام بێت،بەشێوازی دیکە، بۆئەوەی نائومێدی و بێ ئینتیمایی بەرهەم بێنێت،چونکە گەلێک نائومێد و بێ ئینتیما نکرێت،قبوڵناکات هێزێک بەخیانەت خۆی بەسەردا بسەپێنێت. کاتێک دەڵێین ئێستا مێژوی پارتییە،و مێژووی پارتی ئێستایە،واتای ئەوەیە ئەوهێزە بەردەوام دەبێت لە خیانەتی نیشتیمانی،دەبێت هەستی نیشتیمان پەروەری سوک بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت پاساو بۆخیانەت بهێنێتەوە. سوککردنی هەستی نیشتیمانیش بەسیایەتی برسیکردن و ترساندن و ڕفاندن و کوشتن،جەنگی دەرونی و… پشت بەستن بەداگیرکەران دەبێت.
مەحمود عەبدوڵڵا