Skip to Content

سەبارەت بە شەڕی تراژیدیائامێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.. حەمید تەقوایی

سەبارەت بە شەڕی تراژیدیائامێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.. حەمید تەقوایی

Closed
by تشرینی دووه‌م 19, 2023 General, Opinion

و: کاوە عومەر
بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی کەناڵ جەدید ئامادەکراوە

حەسەن ساڵحی: حیزب لە بەیاننامەکانیداسەبارەت بە شەڕی نێوان هێزە ئیسلامییەکان و ئیسرائیل،ئەو شەڕەی بە شەڕێکی کۆنەپەرستانە لە دژی خەڵکی لە هەردوولا زانی. گومانی تێدا نییە کە حەماس هێزێکی کۆنەپەرستە، بەڵام ئایا ئازارەکانی خەڵکی فەلەستین لەم کارەدا جێگای نییە؟ لە لێکدانەوەی کۆتاییدا ئایا ئەم شەڕە بەهۆی ئاوارەبوونی دەیان ساڵەی فەلەستینییەکان و تاوانی حکومەتەکانی ئیسرائیلەوە نییە لە دژی ئەوان ؟

حەمید تەقوایی: لە ئاستێکی بنەڕەتیدا بە دڵنیاییەوە هەر بەوجۆرەیە. ڕیشەی ئەم کێشەیە ئازار و مەینەتی خەڵکی فەلەستینە، کە لە خاک و ماڵ و گوندی خۆیان ئاوارە بوون و هەموو ڕۆژێک ئەم کێشەیە ڕەهەندی کارەساتبارتری وەرگرتووە. مافە سەرەتاییەکانی خەڵک پێشێل کراوە و بەشێکی زۆری خەڵکی فەلەستین تا ئێستاش لە وڵاتانی جیاجیادا ئاوارەن و تەنانەت لەو شوێنانەی کە تێیدا نیشتەجێ بوون، لە کەرتی غەززە و لە کەرتی ڕۆژئاوا، نەک هەر بێبەشن لە سەرەتاییترین بارودۆخی ژیان، بەڵام سێبەری ڕەشی حکومەتی ئیسرائیل بەردەوام بەسەر سەریانەوەیە. ئەمە کارەساتە و ڕوونە کە لە ڕوانگەی سیاسی وکۆمەڵایەتیەوە ڕەگی کێشەکە لێرەدایە.
لە لایەکی ترەوە هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە ئەمە شەڕێکی کۆنەپەرستانەیە. هەردوولا له هێرشه کانیاندا خه ڵکیان کردووه ته ئامانج و نه ته وه یه کگرتووه کان به فه رمی ڕایگه یاند که هەردوولا له چه ند ڕۆژی ڕابردوودا تاوانی جه نگییان ئه نجام داوه . ئەم لایەنانە هەمووی ڕاستن، بەڵام کاتێک کە لەڕووی مێژووییەوە دەگەڕێینەوە سەر ڕیشەی کێشە ، تاوانێکی دیکە ڕوویداوە، کە بەتەواوی یەکلایەنەیە. کارەساتەکە بە ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە خاک و ماڵ و حاڵی خۆیان دەست پێدەکات و زیاتر لە ٧٠ ساڵە ئەم بابەتە بەردەوامە. تا چارەسەری کۆتایی ئەم پرسە نەکرێت، ئێمە ناوەناوە شاهیدی شەڕی خوێناوی لەو شێوەیە دەبین. ئه مه برینێکی قووڵه له سەر جەستەی خەڵکی فه له ستیندا و ڕێگا چارەی کۆتاییهێنان به و شه ڕانه چاره سه ڕێکی ئینسانیە بۆ ئه م کێشه یه . تراژیدیاکە ئەوەیە کە لەم شەڕەدا کە ڕویداوە خەڵکی فەلەستین نوێنەرایەتی ناکرێت.
کێشەی فەلەستین بووەتە هۆی ئەوەی لە چەند دەیەی ڕابردوودا هێزی جۆراوجۆر بێنە مەیدان و شەڕ لەگەڵ داگیرکەرانی ئیسرائیل بکەن. هێزەکانی وەک ڕێکخراوی ئەلفەتح، کە ڕێکخراوە ناسیۆنالیستی و چەپەکان تێیدا چالاک بوون، بەڵام هێزە ئیسلامیەکان جێگەیەکی ئەوتۆیان نەبوو. دوای ئەوەی ستراتیژی گشتی ئەمریکا بۆ دروستکردنی پشتێنەی سەوز لەدژی یەکێتی سۆڤیەت پێشنیار کرا – کە تئەندازیاری دامەزراندنی موجاهیدینی ئەفغانستان و بەرزکردنەوەی خومەینی لەخۆگرتبوو – حکومەتی ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی بڕیاریاندا پشتیوانی هێزەکانی دەسەڵاتی فەلەستین بکەن لە پرسی فەلەستینیشدا مەیدانێک بدە بە هێزە ئیسلامیەکان و حەماسیش لێرەوە دەست پێدەکات. سیناریۆیەکی هاوشێوەیبردنەپێشەوەی داعش. بەم شێوەیە پرسی خەڵکی فەلەستینیان ڕفاند و کردیان بە ململانێی نێوان ئایینە جیاوازەکان. تا ئەو کاتە ململانێی نێوان هەردوولا لەسەر هەڵاواردنی نەتەوەیی و پرسی دەوڵەتی فەلەستین و مافی چارەی خۆنووسینی خەڵکی فەلەستین و هتد بوو. بەڵام بە ئەنقەست و بە ئاگادارییەوە خستیانە چوارچێوەی ململانێی نێوان ئیسلام و جولەکە. لە حکوومەتی ئیسرائیلدا کوتلە توندڕەوە ئاینییەکانی وەک حکومەتی ئێستای نەتانیاهۆ دەستی باڵایان هەیە، کە هەموو شەرعیەت و هۆکارەکانی بوونی وڵاتەکەی لە تەورات و بەڵێنی خاکی بەڵێندراوەوە وەردەگرێت.
ئەم چوارچێوە ئایینییە بە تەواوی لە بەرژەوەندی ئیسرائیل کاردەکات، چونکە بنەمای کێشەکە کە ئاوارەبوونی خەڵکی فەلەستینە، وەک ململانێ و شەڕی مەزهەبە ئاینیەکان بەلاڕێدا دەبات ودەشێوێنێت. بەڵگەگەلێک هەن کە بە ڕوونی نیشانی دەدەن کە ناتانیاهۆ بە ئەنقەست سیاسەتی بەهێزکردنی حەماسی پەیڕەو کردووە بە ئامانجی دووبەرەکی نانەوە لە ڕیزی فەلەستینییەکاندا (لە نێوان فەتح و حەماس) و بە کردەوە پلانی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینی ڕەتکردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە هێزگەلێکی وەک حیزبوڵڵا، حەماس و کۆماری ئیسلامی هەن کە ئاڵای ڕەشی جیهادی ئیسلامییان لە دژی زایۆنیستەکان هەڵکردووە. لەهەردوولاوە مەسەلەکە بووەتە ململانێ و شەڕێکی مەزهەبی، لەکاتێکدا بنەمای مەسەلەکە بەهیچ شێوەیەک ئایینی نییە و هیچ پەیوەندییەکی بە جیاوازی ئایینیەوە نییە. مەسەلەکە تایبەتە بە ئاوارەکردنی خەڵکی ناوچەیەک لە ماڵ و حاڵی خۆیان و ئەمەش پرسێکە کە دەبێت چارەسەر بکرێت.
وەک ئاماژەم پێدا، هێزە ئیسلامییەکان و حکومەتی ئیسرائیل لە چوارچێوەیەکی ئایینیدا هەردوو کیان پرسەکەیان بردووەتەوە و هەر لەبەر ئەمەشە کە ئێمە شاهیدی ئەو کارەساتانە دەبین کە ئێوە باستان کرد. لە مێژوودا دڕندانەترین تاوان لە شەڕە ئایینییەکاندا ڕوویانداوە و نموونەیەک ئەم شەڕەی ئێستایە.

حەسەن ساڵحی: هێرشێکی وەها بەرفراوانی هێزە ئیسلامیەکان بۆ سەر ئیسرائیل بێ وێنەیە. بەشێک لە چاودێران پێیان وایە کە ڕەهەندەکانی ئەم شەڕە بە هۆی پشتیوانی سیاسی و سەربازی کۆماری ئیسلامیی حەماس و حیزبوڵڵایە. بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چیە؟

حەمید تەقوایی: گومانی تێدا نییە کە کۆماری ئیسلامی یەکێکە لە هێزە سەرەکییەکانی پشتیوانی نەک هەر حیزبوڵڵا و حەماس بەڵکوو لە بزووتنەوەی تیرۆریستی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکە و لە جیهاندا. زۆر ڕوونە کە کۆماری ئیسلامی هەمیشە لە ڕووی دارایی و سەربازی و سیاسییەوە پشتیوانی ئەو هێزانە بووە. بۆ کۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی پرسی فەلەستین ئاڵایەکە بۆ پاراستنی پێگەی خۆی و پاساودانی سیاسەتە کۆنەپەرستانەکانی لە ناوچەکە و تەنانەت لە دژی خەڵکی ئێرانیش.
هەر بۆیە ئەم شەڕە بەناچاری پێی کۆماری ئیسلامیشی تێدەکەوێت. بێگومان خامنەیی بۆ ئەوەی نەکەوێتە ژێر فشاری ڕاستەو، ڕایدەگەیەنێت کە ئێمە ڕاستەوخۆ لەم شەڕەدا بە شداریمان نەکردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕایدەگەیەنێت کە ئێمە پشتیوانی حەماس دەکەین، ئەمانە گەنجی ئازای فەلەستینین و پاڵەوانن و هتد. بە واتایەکی تر، کوشتنی منداڵان و ئەو کارەساتانەی کە حەماس بەسەر خەڵکی ئیسرائیلدا هێناوە، لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە هەنگاوێکی جێی ستایش و ئازایانە و قارەمانانەیە. هەموو جیهان ئەمەی بینیوە و هەمووان دەزانن کە کۆماری ئیسلامی سەر بەم بلۆکە سەروو کۆنەپەرستانەیە لە ناوچەکەدا.
بەدیاریکراوی کۆماری ئیسلامی لە بواری سیاسەتی ناوخۆ و ناوچەییدا دەیەوێت ئەم شەڕە بۆ بەهێزکردنی خۆی و بارودۆخی قەیراناوی خۆی بەکاربهێنێت، لە دژی شۆڕش لە ناو ئێران و لە ناوچەکەدا بۆ ئەوەی ڕێگری لە نزیکبوونەوەی سعودیە و ئیمارات لە ئیسرائیل و پەیمانی ئیبراهیم و هتد بکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارانە کۆماری ئیسلامی پێویستی بەم شەڕە هەیە و دەیەوێت کەڵک لەم شەڕە وەربگرێت. بەڵام ئەوەندەی پەیوەندی بە کۆمەڵگای ئێرانەوە هەیە، ئەم جۆرە هەوڵانەی ڕژێم سەرکەوتوو نابێت. بەپێچەوانەوە ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەم شەڕە دەگۆڕێت بۆ گۆرەپانەیەکی دیکە لە خەبات و ناڕەزایەتیی خەڵکدا. ئەمە حکومەتێکە کە ڕووبەڕووی شۆڕشێکی مەزن بووەتەوە و بە لەگەڵ هەر هەنگا و هەوڵێکیدا زیاتر بەرەو لێواری لەناوچوون دەجێت. دڵنیام ئەم شەڕە بە زیانی کۆماری ئیسلامی کۆتایی دێت.

حەسەن ساڵحی: دوای کوشتنی جەرگبڕو نامرۆڤانەی بەشداربووانی فێستیڤاڵێکی میوزیک لە باشووری ئیسرائیل و موشەکبارانی چەند شارێکی ئەم وڵاتە و کۆمەڵکوژی دانیشتوانی گوندە سنوورییەکان لەلایەن حەماسەوە، حکومەتی ئیسرائیل لەگەڵ بۆردومانی بەردەوامی غەززە.، دەستپێکردووە بەهێرشێکی تۆڵەسێنانەی بەرفراوان ،ڕایگەیاندووە کە ئەمە تەنها سەرەتایەکە. ئایا ئامانجی نەتانیاهۆ ئەوەیە کە حەماس بەتەواوەتی تێکبشکێنێ و دوبارەی کەرتی غەززە بلکانێتەوە بە ئیسرائیلەوە؟

حەمید تەقوایی: باس لەوە دەکرێت کە ئەم هێرشە ئاسمانییە بەردەوام و بۆردومان و مووشەک باران و هتد، لە ڕۆژانی داهاتوودا هێرشێکی زەمینیشی لەگەڵدابێت. ئیسرائیل زیاتر لە ٣٠٠ هەزار سەربازی لە سنووری غەززە کۆکردۆتەوە بە مەبەستی دەستپێکردنی لەشکرکێشی زەمینی. ئەوان خۆیان ڕایانگەیاند کە ئەمە کۆتایی کارەکانی حەماسە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە ئایا کۆتایی هاتنی کارەکانی حەماس بە مانای کۆتایی هاتنی ئەو ئۆردوگایە لە کەرتی غەززە کە لەبەردەستی فەلەستینییەکان بەجێیان هێشتووە یان نا. پێویستە ئەمە ببینرێت، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا بڕیارە غەززە بە تەواوی لەناوببەن. جەنەڕاڵێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند کە کەرتی غەززە دەگەڕێنینەوە بۆ سەردەمی بەردین. واتە بەرد لە سەر بەرد دانانێین. ئەوان پلانێکی وایان هەیە و بە بیانووی ئەوەی کە دەیانەوێت حەماس لەناوببەن، تەواوی کەرتی غەززە لەناو دەبەن، ئەمەش لە ڕاستیدا کۆمەڵکوژییەکی بێ وێنەی لێدەکەوێتەوە. یەکێک لە تاکتیکەکانی هێزەکانی حەماس پەنابردنە بۆ ناو خەڵک. بنکەکانیان لە ژێر زەوی و ژێر نەخۆشخانە و قوتابخانە و…هتد و مرۆڤ وەک قەڵغانی مرۆڤ بەکاردەهێنن. هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەریان دەبێتە هۆی لەناوچوونی هەموو نیشانەکانی ژیان لە کەرتی غەززە. ئەوان بە ڕوونی ڕایانگەیاندووە کە دەیانەوێت هەمان شت بکەن. بیانوویەکیان هەیە بۆ لەناوبردنی هەموو شتێک لە کەرتی غەززە. بەڵێ، بەڕاستی هێزەکانی حەماس وەک داعش کوشتارێکیان ئەنجامداوە، ئەمەش وا دەکات مووی لەشی هەرکەسێک ڕاست بێتەوە. کوشتارێک کە تەنانەت لە تاوانی جەنگیش تێدەپەڕێت. بەڵام تاوان پاساو بۆ تاوان نادات. حکومەتی ئیسرائیل دەیەوێت بە کوشتاری خەڵکی غەززە تۆڵە لە حەماس بکاتەوە.
تا ئێستا ڕوون نییە کە هێرشەکانی ئیسرائیل لە کۆتاییدا بەرەو کوێ دەڕوات. لەوانەیە دووبارە داگیرکردنی کەرتی غەززە بێت یان دووبارە لکاندنی بە ئیسرائیلەوە. بەڵام ئەنجامەکەی هەرچییەک بێت، ئەم شەڕە بەکوشتاری بێ وێنەی لەگەڵدا دەبێت. کارەساتێک کە پێم وایە جیهان، خەڵکی شارستانی جیهان، تەحەمولی ناکات و لە بەرامبەردا دەوەستنەوە. بەڕای من وەستانی دەستبەجێی شەڕ کە لەمڕۆوە داوای دەکەین، دەبێتە پرسێکی بەپەلە بۆ هەموو هێزێک و هەموو حکومەتێک کە توزقاڵێک بەها بۆ ژیانی مرۆڤەکان قایل بێت. دەبێت لە دژی ئەم شەڕە بوەستین. لە بارودۆخی ئێستادا حکومەتی ئەمریکا و حکومەتەکانی ئەوروپا بە بیانووی هێرشی دڕندانەی حەماس ڕایانگەیاندووە کە لێبڕاوانە وبە تەواوەتی پشتیوانی لەحکومەتی ئیسرائیل دەکەن. بەڵام پاراستنی ئەم پێگەیە لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕەکە قورستر دەبێت. چونکە تاوانە جەنگییەکانی حکومەتی ئیسرائیل زیاتر دەبێت و قورستر و قورستر دەبێت پاساو بۆ لایەنگرانی ئیسرائیل بهێنرێتەوە. بەرگریکردن لە ئیسرائیل بە بیانووی ئەوەی کە حەماس دەستی بە هێرشەکە کردووە، چیتر جێگەی خۆی لە بیروڕای گشتیدا نابێت.
هیوادارم ئەم دۆخە ببێتە هۆی ئەوەی جیهانی شارستانی ڕاپەڕێت لە دژی ئەم تاوانبارانە بوەستێت و ڕێگە نەدات ئەم کوشتارانە بەردەوام بێت.

حەسەن ساڵحی: دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هێرشی حەماسیان وەک سەرکەوتن بۆ خەڵکی فەلەستین ئاهەنگ بۆ دەگیڕان و پێشکەشکارانی تەلەفزیۆنە فەرمیەکانی کۆماری ئیسلامیش بێ شەرمانە کوشتنی منداڵان و خەڵکی بێ دیفاعیان وەک دەستدرێژیکار پاساو بۆدەهێناوە. ئایا ئەم شەڕە لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامیدایە؟ کاریگەرییەکانی لەسەر بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و ئێران و شۆڕشی ئێستا چی دەبێت؟

حەمید تەقوایی: کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات زۆرترین سوود لەم شەڕە وەربگرێت بۆ بەرژەوەندی خۆی، هێزی خۆی نیشان بدات، بانگەشەی ئەوە دەکات کە هێشتا دەسەڵاتی ڕێکخستنی شەڕێکی لەو شێوەیەی هەیە و هەوڵ دەدات هێزە ئیسلامییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێز بکات.. هتد. بە گوتەی کۆماری ئیسلامی، هێرشی حەماس گورزێکە لە حکومەتی “داگیرکەری قودس” و زیاتر تەپڵی دژە ئیسرائیل لێدەدات.
بەڵام لە کۆمەڵگای ئێراندا ئەم قسانە کڕیارێکیان. خەڵکی ئێران تاوانەکانی ئەم حکومەتەیان بینیوە کە بە بەراورد لەگەڵ تاوانەکانی حەماسدا ڕەنگی پێوەنامێنێت. ئەگەر حەماس لە یەک هێرشدا هەزار کەسی کوشت، کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا دەیان هەزار کەسی هەر ئێران کوشت. نەک لە شەڕدا، بەڵکو وەک حکومەتێک هاوڵاتیانی خۆی کۆمەڵکوژ کردووە. دوا حاڵەتیش کۆمەڵکوژی ١٠٠ کەسە لە ڕۆژی هەینی خوێناوی زاهیداندا بوو. ئەمە حکومەتێکە کە تەقەی لە چاوەکان کردووە و تەقەی لە منداڵان کردووە و کیمیابارانی قوتابخانەی کچانی کردووە و دەستدرێژی کردووەتە سەر زیندانییەکان و تاوانی دیکە. هەرکاتێک حکومەتێکی لەو جۆرە تاوانەکانی حکومەتی ئیسرائیل ئاشکرا بکات، خەڵک تەنها بە زەردەخەنەیەکی تاڵ وەڵامی دەداتەوە. دەڵێن سەرەتا دەستە خوێناویەکانت لە شوێنێک بشارەوە، ئینجا ئەوانی تر ئاشکرا بکە! خەڵک دەمێکە دروشم دەڵێنەوە، فەلەستین بەجێبهێڵن، بیر لە ئێمە بکەنەوە. بۆیە ئەم فەلەستیندۆستیە لە کۆمەڵگای ئێراندا هیچ جێگایەکی نییە.
ئامانجی ڕێژیم قەناعەت پێکردنی خەڵکی ئێران و بەدەستهێنانی خۆشەویستی نییە. دەزانێت تازە کار لەکار ترازاوە. مەبەستی هێزنواندن و ترساندنی کۆمەڵگایە. دەیەوێت نیشان بدات کە نەک هەر لەرزۆک نیە، بەڵکو تەحەدای ئیسرائیلی کردووە. بەڵام ئەمە کورتخایەن و ڕاگوزەرە. هەروەک وتم لە درێژەی ئەم شەڕەدا کارەساتێکی وا ڕوودەدات کە هەڵگیرسێنەرانی دەکەونە بەر نەفرەت و توڕەی زیاتر لە لایەن خەڵکی نەک تەنیا ئێران بەڵکو خەڵکی ناوچەکە و خەڵکی فەلەستین خۆی و خەڵکی جیهانی شارستانی. بەم مانایە لە درێژخایەندا کۆماری ئیسلامی دۆڕاوی ئەم شەڕەیە.
ئەوەی کە ئەوان لە تیڤیەکانی خۆیانەوە بەرگری لە کوشتاری منداڵان و خەڵکی ئیسرائیل دەکەن وەک کوشتنی دەستدرێژیکار، بۆ خەڵکی ئێران جێگەی سەرسوڕمان نییە. ئەمە حکومەتێکە لەسەر تاوانی بەهایی بوون خەڵک دەکوژێت، لەسەر تاوانی بێ حیجاب دەکوژێت، لەسەر تاوانی لادەر و کوفر و سوکایەتی بە پیرۆزییەکان و هتد دەکوژێت. بە شێوەیەکی سروشتی ئەم کەسانە پێیان وایە تەنانەت منداڵێکی ساواش وەک دەستبەسەرداگرتن دەبێ بکوژرێت. ئەم لۆژیکە تەنیا بۆ خوێنڕێژانی وەک کۆماری ئیسلامییە، هیچ کەسێک کە هەستی مرۆڤایەتیی هەبێت نەک هەر ئەو جۆرە پاساوانە قبوڵ ناکات، بەڵکو توڕەیی و ڕق و کینەی بەرامبەر بەو تاوانبارانە زیاتر دەبێت و ئیرادەی بۆ ڕووخاندنی ئەم حکومەتە بەهێزتر دەبێت.
بەڕای من ئەم شەڕە مەیدانی شەڕێکی نوێ لە بەردەم شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا دەکاتەوە. گۆڕەپانی خەبات لە دژی حکومەتێکی شەڕخواز کە سەرمایەی سیاسی لە نەهامەتیەکانی خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل بنیاتناوە. شۆڕش لە ئێران تاکە ڕێگاچارەی ڕاستەقینەیە کە بتوانێت سەری ماری ئیسلامی سیاسی کە کۆماری ئیسلامییە بدابەزویدا و بەم شێوەیە خەڵکی ناوچەکە لە دەست هێزە ئیسلامیەکان ڕزگار بکات. خەڵکی ئێران ئەمە دەزانن، خەڵکی جیهان ئەمە دەزانن و من پێم وایە ڕووی ڕەشی ئەم شەڕە بۆ کۆماری ئیسلامی دەمێنێتەوە و دۆڕاوی ئەم شەڕە کۆماری ئیسلامی دەبێت.

حەسەن ساڵحی: هێزە ڕاستڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆن کە بە زۆری پاشایەتیخوازەکان، هێرشی دڕندانەی حەماس دەخەنە ئەستۆی خەڵکی فەلەستین و پڕوپاگەندەکانیان دژی فەلەستینییەکان و عەرەبەکان چڕتر بووەتەوە. پێت وایە ئەگەری ئەوە هەیە ئەم پڕوپاگەندە ڕەگەزپەرستانەی هێزە ڕاستڕەوەکان بە لەبەرچاوگرتنی دوژمنایەتی خەڵکی ئێران لە گەڵ هێزە ئیسلامیەکاندا جێگایەک لە کۆمەڵگادا بکاتەوە؟

حەمید تەقوایی: ڕەنگە ئەوانیش لایەنگریان هەبێت، بەڵام جێگایەک نادۆزنەوە. ئەم شۆڕشە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیە. شۆڕشی نەتەوەیی- نیشتمانی و پیاو نیشتیمان ئازادی وکوروشی هەخامەنی و شانازیکردن بە دێرینەکانەوە و هتد نییە. ئەمە شۆڕشێکی نەتەوەیی نییە، شۆڕشێکی ئینسانییە. خەڵک خۆی ئەمەی ڕاگەیاندووە، دروشمی سەرەکی شۆڕش ئەمە دەڵێ. هەر لەبەر ئەم هۆکارانە، تەنانەت ئەمڕۆش هێزە پاشایەتیخوازەکان لە نێو خەڵکدا جێگەیەکی ئەوتۆیان نەبووە.
بەڵام ئەوەندەی پەیوەندی بەم شەڕەوە هەیە، وەک هەر بەوجۆرەی کەڕوونم کردەوە، هەر لەسەرەتاوە کە کێشەی فەلەستین هاتە ئاراوە، ڕەگ و ڕیشەکەی ناڕەزایەتی بوو بەرامبەر بە ئاوارەبوونی خەڵک لە وڵات و ماڵی خۆیان و لەپێناو بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆیان، کە خواستێکی پێشکەوتنخوازانە و مرۆڤدۆستانەیە. بەڵام کاتێک ئەم خواستە مرۆڤانەیان لە لەفافەی ئایینی و قەومی و ڕەگەزیدا پێچایەوە، بوار بۆ مانۆڕکردنی هێزە ڕەگەزپەرستەکان هەبوو. هێزی ئۆپۆزسیۆنی ڕاست و بەتایبەتی پاشایەتیەکان بەشێکن لەو هێزە قەومی و ڕەگەزییانە.ئەوان تەپڵی ئێران و ئێرانیبوون لێدەدەن و دژە عەرەب و دژە ئەفغانین. لەم دواییانەدا شایەتحاڵی ڕق و کینەیان بووین بەرامبەر بە کۆچبەرانی ئەفغانستان. نەفرەتکردن لە عەرەبەکانیش بەشێکە لە ناسنامەی ئەوان. دژی خەڵکی فەلەستین و حەماس و تاوانەکانی دەخەنە ئەستۆی خەڵکی فەلەستین. لە تویتێکدا نووسیم حەماسهەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی نوێنەرایەتی خەڵکی ئێران دەکات، نوێنەرایەتی خەڵکی فەلەستین دەکات! واتە هیچ، مانای ئەوەیە حەماسیش وەک کۆماری ئیسلامی دوژمنی خەڵکە.
لەم نێوەندەدا، هێزە ڕاستڕەوەکان کە ناسنامەکەیان ئێرانیبوون و ڕەگەزپەرستی ئێرانی و گەورەیخوازی فارسەکانە بەرامبەر بە بیانییەکان و کۆچبەرانی ئەفغانی و عەرەب و فەلەستینیەکانە،کەواتە خۆیان بەشێکن لە کێشەی خەڵک. سیاسەتی ئەوان ئەوەیە چاو لە تاوانەکانی ئیسرائیل دابخەن و تاوانەکانی حەماس لە پێی خەڵکی فەلەستین بنووسنەوە. ئەمە هێڵ و پێگەی ئەوانە. ئەوان بانگەشە دەکەن، دروشم دەڵێنەوە، هەڵوێستیان لەسەر ئەمە هەیە و بە بڕوای من یەکێک لە ئەرکەکانی هێزە پێشکەوتنخوازەکانی وەک حزبی ئێمە ئەوەیە کە لە دژی کۆماری ئیسلامی و دژی هێزە ئیسلامییەکان و دژی حکومەتی ئیسرائیل و دژی هەموو ڕەگەزپەرستەکان وهێزە قەومی ناسیۆنالیستیەکان، لەوانەش ڕەگەزپەرستی ئێرانیبێینە مەیدان. هەموو ئەمانە نەوت بە ئاگری ئەم شەڕەدا دەکەن و دەبێت بەریان پێبگیرێت.

حەسەن ساڵحی: هەروەک لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەت پێکرد، پرسی فەلەستین و ئاوارەبوونی خەڵکی فەلەستین، پرسێکە کە مێژووەکەی هێندەی تەمەنی حکومەتی ئیسرائیلە، کە بووەتە ناوەندێکی قەیران و شەڕی ماڵوێرانکەر لە ناوچەکەدا. چارەسەری ئەم کێشەیە چییە؟ پێشمەرجەکانی چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین چین؟

حەمید تەقوایی: بێگومان لەم بارودۆخەی ئێستادا مەرجی یەکەم ئەوەیە کە بە زووترین کات ئەم شەڕە بوەستێنرێت. لە دڵی ئەم شەڕەدا هیچ چارەسەرێکی سیاسی واقیعی و مومکین لە ئارادا نییە. ئەرکی یەکەم ڕاگرتنی شەڕە. ڕوونە کە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا سیاسەتێکی لەو شێوەیەیان نییە. لە لایەکی ترەوە لە بلۆکی بەرامبەر ئەوان و هێزە ئیسلامییەکان و بلۆکی ڕووسیا – چین نەک هەر ئامانجیان ئەوە نییە دەستبەجێ شەڕەکە ڕابگرن، بەڵکو هەموویان بە جۆرێک لە جۆرەکان سوودی لێ وەردەگرن. بۆیە کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی خودی خەڵک و هێزە پێشکەوتنخواز و ئازادیخوازەکانی جیهان بۆ ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لە دژی شەڕ و دەستبەجێی ڕاگرتنی شەڕ.
لە پێوەند بەو پرسیارەی کە چارەسەری پرسی فەلەستین چییە، دەبێ بڵێم کە چارەسەرەکە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە پێدەچێت، یان باشتر بڵێم، پێچەوانەی ئەو هەوڵ و ڕێوشوێنانەی کە چەندین ساڵە بۆ ئاڵۆزکردنی گیراوەتەبەر، لەبنەڕەتدا شتێکی ئاڵۆز نیە. ئەم چارەسەرە ماوەیەکی زۆرە پێشنیار کراوە، تەنها ئیرادەی سیاسی لەلایەن حکومەتەکانەوە نییە بۆ چارەسەرکردنی. وەک وتم دەردو ئازارەکانی خەڵکی فەلەستین ئامرازێکە هەم بۆ بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی و هەم بۆحکومەتی ئیسرائیل بۆ پاراستنی پێگە و دەسەڵاتی خۆیان، هەر بۆیە نایانەوێت ئەم پرسە چارەسەر بکرێت. بەتایبەتی حکوومەتی توندڕەو و ڕاستڕەوی نەتانیاهۆ کە هەوڵی سەپاندنی یاسا ئایینیەکانی ئایینی جوولەکە دەدات بەسەر کۆمەڵگادا، سوود لە ململانێ لەگەڵ هێزە ئیسلامییەکانی وەک حەماس وەردەگرێت.
لەم دۆخەدا ئیرادەیەکی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بوونی نییە، بەڵام چارەسەرکردنی کێشەکە شتێکی ئاڵۆز نییە. هەمان ڕێگایە کە ماوەیەکی زۆرە وەک چارەسەری دوو دەوڵەت پێشنیار کراوە و ئەمڕۆ لەبیر کراوە. چارەسەری دوو دەوڵەت لەسەر بنەمای ئەوەی کە خەڵکی فەلەستین وەک خەڵکی ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە کە بەهرەمەند بێت لە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیدا. پێویستە جیهان دان بە مافی هەبوونی خاک و دەوڵەتی فەلەستینی سەربەخۆ و یەکسان لە پاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا بناسێت. وشەی سەرەکی “مافی سەربەخۆ و یەکسان”ە و نەک حکومەتەکان وەک حکومەتی خۆبەڕێوەبەر و لە ڕاستیدا لە ژێر چاودێری حکومەتی ئیسرائیل لەگەڵ هێزە ئیسلامییە هەوساربچڕاوەکان. حکومەتێک کە خەڵکی فەلەستین بەڕاستی بتوانێت لە هەلومەرجێکی ئازاد و دیموکراسیدا هەڵیبژێرێت و بتوانێت کۆمەڵگەیەکی تایبەت بە خۆیان هەبێت شانبەشانی دەوڵەتی ئیسرائیل وەک حکومەتێکی سەربەخۆی. خەڵکی ئیسرائیل، خەڵکی فەلەستین، خەڵکی جیهان نەک هەر کێشەیەکیان لەگەڵ ئەم ڕێگایە نییە، بەڵکو بە تاکە ڕێگای ئینسانی و ڕاستی دەزانن. هەمووان دەزانن کە مەحاڵە ملیۆنان کەس لە خاک و ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بکرێن و چاوەڕێی ئەوە بکەن کە شەڕ ڕوونادات و خەڵک تەسلیم دەبێت و ڕۆژانە زیاتر و زیاتر لە ژێر فشاردا بێت. ڕۆژانە شوێنی نیشتەجێبوونی جولەکەکان فراوانتر دەکەن، تەنانەت لە هەمان ئەو ناوچانەی کە بەخشیویانە بە فەلەستینییەکان. ڕوونە کە ئەمە دەبێتە باروتی تەقینەوەی چەندین شەڕ، وەک چۆن تا ئێستا بووە. بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە دەبێت ماف بدرێت بە مافخوازان. پێویستە دان بە مافی ئینسانی خەڵکی فەلەستین و دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا بنرێت.
به داخه وه ئه م چاره سه ره به هۆی دامه زراندنی حکوومه ته کانی وه ک نه ته نیاهۆ له ئیسرائیل و هێزه هەوساربچڕاوە کانی وه ک حه ماس و حزبواللە زیاتر و زیاتر دەست پێڕانەگەیەشتوو دەکه وێت بەرچاو. هەر بۆیە پخستنەلاوە و پەراوێزخستنی ئەم هێزانە پێشمەرجی یەکەمە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. پێویستە خەڵکی جیهان لەپاڵ داوای کۆتایی هێنان بە دەستبەجێی شەڕ جەخت لەسەر ئەم چارەسەرە مرۆییە بۆ کێشەی لەمێژینەی فەلەستین بکەنەوە.

حەسەن ساڵحی: پێویستە هێزە پێشکەوتنخوازەکان و خەڵکی جیهان و بەتایبەتی خەڵکی ئێران لە وەڵامی ئەم شەڕە بەربەرییەدا چی بکەن؟
حەمید تەقوایی: بە گشتی ئەو جۆرە شەڕانە خۆشبەختانە لەلایەن هێزە پێشکەوتنخوازەکانی جیهانەوە ئیدانە دەکرێن و بزووتنەوەیەک لە دژی دروست دەبێت، دێنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەردەبڕن. پێویستە لەم حاڵەتەدا دیاریکاوەشدا بێتە سەر شەقامەکان دژی هەردوو لایەنی شەڕەکە. بێ گومان خۆپیشاندان و ناڕەزایی جۆراوجۆر لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە دەچێت. هەندێکیان لایەنگری ئیسرائیلن، هەندێکیان لایەنگری حەماسن، بەڵام هەڵوێستی ئینسانی هەڵوێستی سێیەمە. پێویستە دژی هەردوولا بێت. وە ڕایگەیەنێت کە ناتوانرێت لە ڕێگەی ئەم هێزانەوە پرسی فەلەستین چارەسەر بکرێت. ئەمانە لە بوونی ئەم ململانێیە دەخۆن. لەسەر ئەم بنەمایە دەسەڵاتی خۆیان، سامانی خۆیان بەدەستهێناوە و دەیانەوێت بیهێڵنەوە. بۆ چارەسەرکردنی شەڕەکە، پێویستە خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل و خەڵکی هەموو جیهان یەکبگرن.لە دژی شە ڕ و لەدژی هەڵگیرسێنەرانی شەڕ، بێنە سەر شەقامەکان ، بۆ کۆتایی هاتنی دەستبەجێی شەو جەخت لەسەر چارەسەری ئینسانی پرسی فەلەستین بکەنەوە.
پێموایە لەم نێوەندەدا خەڵکی ئێران و شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن. وەک وتم کۆماری ئیسلامی قاچێکی گرنگی ئەم شەڕەیە. دەیەوێت سوودی لێ وەربگرێت بۆ ئەوەی پێگەی خۆی لەم دۆخە ناجێگیر و مەترسیدارە ڕزگار بکات کە شۆڕش بۆی هێنا. بەدڵنیایی لە بەرامبەر ئەم هەوڵانەدا پێویستە، شۆڕشی ژن ژیان ئازادی زیاتر لە ڕابردوو جەخت لەسەر دروشم و داخوازییە ئینسانیەکانی خۆی بکاتەوە و ڕێگە نەدات حکومەت لە سایەی ئەم شەڕەدا بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا پاشکشە پێبکات. لە دڵی ئەم شەڕەدا، پێویستە شەڕ و هێرشێکی دیکە بە دروشمی کۆتایی هاتنی دەستبەجێی شەڕ و بمرێت خامنەیی شەڕخواز و بە تەحەدایەک بۆ کۆماری ئیسلامی وەک لایەنگری هێزە ڕەشە ئیسلامیەکانی وەک حەماس وحزبوااللە.
ئێران تاکە وڵاتێکە کە شۆڕشێکی مەزنی لەدژی بڕبڕەی پشتی ئیسلامی سیاسی تێیدا بەڕێوەدەچێت، پێویستە سەرنجی خەڵکی جیهان بۆ شۆڕشی ئێران وەک بەرەیەکی گرنگ لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم جۆرە شەڕە ناوچەییە ڕابکێشرێت. ئەم شۆڕشە تا زیاتر بەرەوپێش بچێت و دواجاریش کە کۆماری ئیسلامی دەڕوخێنێت، خەڵکی جیهان و خەڵکی ناوچەکە بەتایبەتی لە شەڕی هێزە تیرۆریستە ئیسلامیەکان ڕزگار دەکات. بە شێوەیەکی واقیعی و بابەتیانە، شۆڕشی ئێران دەبێتە بەرەیەکی گرنگی خەبات دژی کۆماری ئیسلامی و بۆ وەستاندنی نەک هەر ئەم شەڕە بەڵکو بۆ دەبێتە هۆی کۆتایی پێهێنانی یەکجاری بە شەڕ و دوژمنایەتییەکانی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان لە داهاتوودا.

١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣

Previous
Next
Kurdish