ساتیرەچیرۆک: ئه‌زمه و به‌دیل.. هێرش رەسوڵ
Closed
حه‌ماسه‌ت گرتبوی. ده‌ماری ملی له‌راده‌به‌ده‌ر به‌رزببوه‌وه. چاوه‌کانی بز کردبونه‌وه. په‌نجه‌ی دۆشاومژه‌ی ده‌ستی راستی راده‌وه‌شاند و به ده‌نگێکی قرخن هاواری ده‌کرد:
- ئاخر پێم ناڵێن ئێوه له چیتان که‌مه؟ بیرتان چۆوه ئێمه ئه‌م گونده‌مان له چییه‌وه کرد به چی؟ به‌خوا وێرانه‌یه‌ک بو بۆ خۆی. جاده‌مان بۆ راکێشا. مه‌کته‌ب و خه‌سته‌خانه‌مان بۆ دروستکردن. منداڵی داماوی ئێمه به کوێره‌وه‌ریی زۆر ده‌چن له مه‌کته‌به‌کانی شار ده‌خوێنن، هی ئێوه‌ش له پاڵ ماڵه‌کانی خۆتانه‌وه.
خۆتان هه‌ر ده‌رد و نه‌خۆشییه‌کتان هه‌بێت، له بنکه‌ی ته‌ندروستیی گوند عیلاج ده‌کرێن، بۆ ئه‌مه‌ش ئێمه ده‌بێ بۆ کۆکه و هه‌ڵامه‌تێکی به‌سیت به ناچاری بچینه شار و له موسته‌شفا ده‌ولییه‌کان کۆڵێ فه‌حص و فحوصات به ته‌شتێ دۆلار و یۆرۆ بکه‌ین. بیرم نایه عه‌مودی کاره‌بامان بۆ داناون، چه‌ند ساڵێکیشه وایه‌رمان بۆ لێ به‌ستون و کاره‌باتان هه‌یه.
بۆ مه‌سه‌له‌ی ئاو-یش، کانیی گوندمان بۆ پاراستون، نه‌مانهێشتوه ئه‌و میراته گه‌وره‌یه‌ی باووباپیرانمان له‌وه پیس و لێڵتر بێت، بۆ ئه‌مه‌ش ئێمه خۆمان دڵمان نایه له‌و ئاوه بخۆینه‌وه، تاکو که‌م نه‌کات، قیروسیامان له نه‌فسی خۆمان کردوه، ئاوی موقه‌تته‌ری که‌س نازانێ چۆنی ده‌به و په‌رداخ له شارانه‌وه دێنین.
ئا بیرم که‌وته‌وه، باسی تیجاره‌ت و هاورده‌مان کرد، ده‌زانن ئه‌م گونده شیرینه‌مان کردۆته‌وه مه‌رکه‌زێکی گه‌وره‌ی تیجاری. ئیتر بازاڕی ره‌ش نه‌ماوه، ئێمه بازاڕی ئازادمان بۆ کردنه‌وه، چیتان ده‌وێ هه‌مانه، له په‌نیر و که‌ره‌ی ئێرانییه‌وه بۆ ماستی تورکی و یۆنانی و هه‌نگوینی کلۆره‌داره‌کانی سعودییه، له میوه‌جاتی وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌وه بۆ سه‌وزه و ته‌ماته و خه‌یاری ئێران، بۆ خه‌ڵوزی چینی، جلوبه‌رگی ره‌سه‌نی گوندی خۆمان به ده‌ست و په‌نجه‌ی وردیلانه‌ی خوشک و برا چینییه‌کانمان، ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی خۆتان و ماڵ و منداڵتان له ده‌ست بۆنی قشپل و ریخ و ته‌پاڵه نه‌جاتتان بێ و چیتر له‌و گه‌رما و سه‌رماتاقه‌تپڕوکێنه‌ی گونددا شوان و گاوانی و جوتیاری و کار و کاسبی نه‌که‌ن.
هه‌مو گوند، به ژن و منداڵ، گه‌وره و بچوک، ته‌نانه‌ت پیر و په‌ککه‌وته‌وه ئاگادارکرابونه‌وه که له ئانی وتاره نایابه‌که‌دا له گۆڕه‌پانی گوند ئاماده‌بن.
پیاوانی کوێخا، به هه‌موانیان راگه‌یاندبو، ئه‌ورۆژه مه‌کته‌ب و خه‌سته‌خانه و دائیره و ده‌وائیر و هیچ کار و کاسبییه‌ک نیه، “ئه‌گه‌ر مردوشن، به جه‌نازه‌که‌وه له‌وێ، له‌به‌ر قرچه‌ی گه‌رما، به پێوه ده‌وه‌ستن و ته‌نها بۆتان هه‌یه چه‌پڵه لێبده‌ن و هوتافی (بژی، بژی) و ره‌زامه‌ندی بۆ جه‌نابی کوێخا بکێشن”. “که‌سمان ناوێ ده‌موچاوی بدابه‌یه‌کدا، یان له‌به‌ر خۆیه‌وه ورته‌ورت بکات، یاخود چرپه چرپ له‌گه‌ڵ ته‌نیشته‌که‌ی قسه‌بکات”.
کوێخا تا چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌درا، زیاتر که‌یفی به خۆی ده‌هات و ده‌نگی لێهه‌ڵده‌بڕی. جار جار ته‌ماشایه‌کی ئه‌ملاولای خۆی ده‌کرد و هه‌ستیده‌کرد له‌گه‌ڵ هه‌ر چه‌پڵه‌یه‌کدا بست بست باڵا ده‌کات.
وتاره مێژوییه دورودرێژه‌که‌ی کوێخا له‌به‌ر سێبه‌ری سته‌یجی نێوده‌وڵه‌تیی گوندی (ئاشی نه‌زان) بو، که شاره‌زایان به که‌پر و دار و دره‌خت دروستیانکردبو.
یه‌کێک له پیاوه هه‌ره متمانه‌پێکراوه‌کانی موکه‌ببه‌ره‌که‌ی بۆ کوێخا گرتبو، ئه‌ویش به قاته شاڵه شینکییه زۆر تازه‌که‌یه‌وه، که ئه‌وه‌نده نه‌ده‌بو له کوێخای گونده‌که‌ی ئه‌ولاوه به دیاری بۆی هاتبو، وه‌ستابو، به فیزێکه‌وه ده‌ستی چه‌پی خستبوه به‌ر پشتێنه گوڵگوڵه‌که‌ی، و ده‌ستی راستیشی کردبوه هاوکاری ده‌م و زمانی، تاکو به ره‌وانترین شێواز بیروڕاکانی (دامه‌زراوه‌ی کوێخایه‌تیی گوندی ئاشی نه‌زان) به هاوگوندانی بگه‌یه‌نێ و تازه‌ترین ئه‌حداث و مه‌وقیفه‌کان ده‌رباره‌ی ره‌وشی ئه‌مڕۆی گوند و ناوچه‌که‌یان بۆ لێکبداته‌وه.
له‌وه‌ده‌چو راوێژکاره‌کانی، کوێخایان له میدیاکانی گوند پڕکردبێ و به “تابوری پێنجه‌م” هه‌ژماریانکردبن. به تایبه‌ت باسی هه‌ریه‌ک له: رۆژنامه‌ی (چاوی گوند)، گۆڤار‌ی (ئاشه‌وان)، رادیۆی (نه‌زان ئێف ئێم)، ته‌له‌ڤزیۆنی (نه‌زان سات)، سایتی (نه‌زان ویکیلیکس) و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی: (شه‌وچه‌ره)، (کانیی ژنان) و (حه‌وزه‌که‌ی به‌ر مزگه‌وت)یان بۆ کردبو، گوایه دژی خۆت و دامه‌زراوه و بڕیاره‌کانت هه‌واڵ و زانیاری و وتاری ناڕاست و پڕ له ناوزڕاندن بڵاوده‌که‌نه‌وه.
دوای دو ئحم، وه‌ک نیشایه‌ک بۆ مسه‌یته‌ری، و بۆ ئه‌وه‌ی که‌مێک توڕه‌ییه‌که‌شی بشارێته‌وه، کوێخا ده‌ستیکرده‌وه به وته‌کانی:
بیستومه له‌ملاولا و له ئیعلامی ته‌قلیدی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ره‌سم و ڤیدیۆی قۆڕ داده‌به‌زێنن و باسی نه‌بونی موچه و ئاو و کاره‌با و به‌نزین و نه‌وت و غاز و ئه‌و شتانه ده‌که‌ن. ئاخر تو ویژدانتان من بۆ ئه‌وه حوڕڕییه‌تم بۆ فه‌راهه‌مکردون؟ له‌مانه‌ش ناخۆشتر ماوه‌یه‌که سه‌ری زمان و بنی زمانتان بوه‌ته باسی (ویلایه‌تی کوێخایه‌تی)، گوایه مودده‌م به‌سه‌رچوه و یه‌کێک ده‌خه‌نه شوێنم.
پاش ئه‌وه‌ی کوێخا که‌مێک وه‌ستا و به چاو ئاماژه‌ی بۆ کوپه‌که‌ی سه‌ر مه‌نه‌صه‌که کرد، یه‌کێک له نۆکه‌ره‌کانی کوپه‌که‌ی برده لای زاری و کوێخاش شله‌مه‌نییه‌که‌ی خوارده‌وه، که دیارنه‌بو ئاو بو یان عه‌ره‌ق! لەوکاتەشدا، لە دڵی خۆیدا و بە بێ ئەوەی دەمی بجوڵێنێت، دەیگوت: “من ئێوه‌م له پشته ئێوه، تا ئێوه بمێنن، تا ده‌نگی ئێوه هه‌بێ، تا بێده‌نگیی ئێوه به‌رده‌وام بێ، تا چه‌پڵه‌ی نه‌زانانه‌ی ئێوه ببیستم، تا چه‌مانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ئێوه ببینم، من هه‌ر کوێخایه‌که‌ی جارانم، دڵنیابن”.
ئینجا ده‌ستی به سمێڵه ره‌شکراوه‌که‌یدا هێنا و درێژه‌یدایه‌وه: - ئاخر بیرتان چۆوه، جاران چۆن بون و ئێستا چۆنن؟ جاران چییتان هه‌بو و ئێستا خاوه‌نی چیین؟ ئااای چ قه‌ومێکی زاکیره زه‌عیفن!
من هه‌مو قیتاعه‌کانی گوندم پێشخست، که‌رتی کشتوکاڵ، بازرگانی، پیشه‌سازی… ته‌ناته‌ت نه‌مهێشت له ده‌رهێنانی سامانی ژێر زه‌ویش ئێوه ئه‌زێت بکێشن، خۆم له‌گه‌ڵ کۆمپانیای شاری پێشکه‌وتو رێککه‌وتوم، رێککه‌وتنی ماوه‌درێژ، خۆیان بۆمان ده‌رده‌که‌ن و بۆشمان به‌ڕێده‌که‌ن و بۆشمان ده‌فرۆشن، ئیتر کێشه‌تان چییه؟
من هه‌موتانم حه‌سانده‌وه، له کۆڵ و جوتکردن و شه‌نه و ده‌غڵ و دان و توتن و گوڵه‌به‌ڕۆژه و مه‌ره‌زه و فه‌لاحه‌تی و ره‌نجکێشانم کردنه‌وه. زۆربه‌تانمان کرد به پۆلیس و ئاسایش و حه‌ره‌س قه‌ریه و گوندپارێز. هه‌ندێکتانم کرده خانه‌نشین بێ ئه‌وه‌ی رۆژێ له رۆژان بۆ یه‌ک ده‌قیقه ئه‌م گونده‌تان پاراستبێت. به‌شێکیشتان بندیوار و به‌رسێبه‌ر و موفته‌خۆر.
دوای ئه‌وه‌ش، ئاراسته‌ی وتاره‌که‌ی به لای لاوان‌دا گۆڕی: - گه‌نجان، لاوان پێم ناڵێن بۆ کوێ ده‌ڕۆن؟ سه‌ری خۆتان بۆ کام گوند و شار و مه‌مله‌که‌ت هه‌ڵده‌گرن.
ئینجا به دڵی پڕ و چاوی به گریانه‌وه، به نه‌غمه‌یه‌کی ناخۆشه‌وه ده‌ڵێت: ئاخر چۆن دڵتان دێ ئه‌م گونده جوان و قه‌شه‌نگه جێبێڵن.
یه‌کێک له حیمایه تایبه‌ته‌کانی به پارچه‌یه‌ک کلێنس فرمێسکه‌کانی کوێخا ده‌سڕێت. کوێخا به‌رده‌وامده‌بێت: - قه‌سه‌م به گیانبه‌ختکردوانی رێگای رزگاریی گونده‌که‌مان.. سوێند به خاک و ئاو و دار و دره‌ختی ئه‌م به‌هه‌شته، هیچ گوند و شاره‌دێ و شار و مه‌مله‌که‌تێک به قه‌د ئێره خۆش نیه، بڕواتان هه‌بێت. من هه‌مویم دیوه، هه‌موی گه‌ڕاوم، کاتێ به دوای دۆزی ره‌وای ئێوه‌ی چه‌وساوه‌وه بوم، کاتێ پێ به پێ به دوای مافی ئێوه له هه‌مو ده‌رگاکانم ده‌دا، زۆر مه‌کانی عه‌جیب و غه‌ریبم بینین، به‌ڵام هیچیان ناگه‌ن به تۆز و خۆڵی ئه‌م جه‌ننه‌ته.
کوێخا به حه‌ماسه‌ته‌وه ده‌یگوت: گه‌نجی هیچ شوێنێک بارته‌قای گه‌نجی ئه‌م دێیه خۆشبه‌خت و ئاسوده نیه. ئه‌وه‌تا منداڵ و جحێڵه نه‌گبه‌ته‌کانی خێزانه‌کانی ئێمه، که به ناچاری و له ترسی دوژمنی به‌دکار ئاواره‌ی ئه‌و شار و سه‌ڵته‌نه‌تانه بون، ئێستا له خراپترین دۆخی رۆحی و ده‌رونی و جه‌سته‌یی و ته‌ندروستییدان، به‌رده‌وام فرمێسک بۆ مه‌وتنی باب و باپیرانیان ده‌ڕێژن. قه‌ناعه‌تتان هه‌بێت، کاتێ له‌گه‌ڵ گێل فرێند و بۆی فرێنده‌کانیشیان ده‌چنه مه‌سبه‌ح و دیسکۆ و پۆپ و نایتکله‌په‌کانیش هه‌ر بیریان لێره‌یه و تۆزقاڵێک چێژ وه‌رناگرن. - لاوانی عه‌زیزی (ئاشی نه‌زان)!
ئێوه نه‌وه‌ی نوێی ئه‌م گونده‌ن، ئاینده بۆ ئێوه‌ی خوێنگه‌رمه، ئیتر چۆن دڵتان دێت ئه‌م باوه‌شه گه‌رمه جێبێڵن، رێی هات و نه‌هات بۆ ده‌گرنه‌به‌ر؟ دڵنیام دوایی په‌نجه‌ی په‌شیمانی ده‌گه‌زن، به‌ڵام دادتان نادات. بیریشتان نه‌چێت مادام خۆتان بڕیارتان داوه و خۆتان ئه‌م رێگه‌یه هه‌ڵده‌بژێرن، ئێمه ته‌حه‌ممولی هیچ مه‌سئولیه‌تێک ناکه‌ین.
کوێخا هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵی هه‌ڵکێشا و به توڕه‌ییه‌کی زۆره‌وه ده‌ستی به فه‌رمایشته‌کانی کرده‌وه: - ئێستا له هه‌مولایه‌که‌وه خه‌ته‌ری گه‌وره له‌سه‌ر گونده‌که‌مان هه‌یه، هه‌ڕه‌شه‌ی کوشت و بڕمان له‌سه‌ره. چیتر له ناحیه‌وه بودجه و موچه‌مان بۆ نایه‌ت، که‌چی ئێوه‌ی ناشکور تۆزێ ته‌حه‌ممولتان نیه. چه‌ند رۆژێکی که‌مه ئه‌زمه‌ی بودجه و موچه و نه‌وت و به‌نزین و غاز و ئاو و کاره‌با و …تاد په‌یدا بوه به‌رگه‌ناگردن. ئای چ میلله‌تێکی سه‌یرن.
له پڕ ژاوه‌ژاوێک له پشت گونده‌وه بیسترا، ورده ورده له شوێنی خوتبه مێژوییه دورودێژه‌که‌ی کوێخا نزیکده‌که‌وته‌وه. سه‌ره‌تا کوێخا سورهه‌ڵگه‌ڕا و زۆر شڵه‌ژا، وه‌ستان و پچڕان که‌وته نێو قسه‌کانی، به‌ڵام کاتێ یه‌کێک له پاسه‌وانه تایبه‌ته‌کانی له‌سه‌ر دره‌ختێکی به‌رامبه‌رییه‌وه به ده‌ست و په‌نجه ئاماژه‌ی (ئۆکه‌ی) بۆ کرد، ئاهێکی به‌به‌ردا هاته‌وه و له ژێر لێوه‌وه بزه‌یه‌کی کرد.
مه‌جموعه‌یه‌ک به جلی ئاڵوواڵاوه، به چه‌ند گوێدرێژێکه‌وه، که پێده‌چو له گونده‌که‌ی ئه‌وبه‌ره‌وه ته‌شریفیان هێنابێت، خۆیان به ئاپۆڕاکه‌دا کرد و که‌وتنه هاوارکردن: “کوێخا به‌دیلی نیه، کوێخا نمونه‌ی نیه.. ئه‌گه‌ر نه‌مێنێ کوێخا، کێ جێگامان بۆ راخا؟.. کێ پێی خۆشه با وس بێ، هیتر بمرێ له داخا”.
کوێخاش وا خۆی پیشاندا گوایه گرنگی به هوتافی ئه‌و گروپه نادات. ده‌ستیکرده‌وه به وتاره‌که‌ی: - هاوگوندانی به شه‌ره‌فم.. جه‌ماوه‌ری خۆشه‌ویست و شیرینی گوندی (ئاشی نه‌زان)!
هه‌مو ئه‌و شتانه‌ی ئێوه ناوتان ناون کێشه و ئه‌زمه و قه‌یران به‌د‌یلیان هه‌یه. موچه دواده‌که‌وێت، صه‌بر و ته‌حه‌ممولتان هه‌بێت، مه‌صره‌ف که‌م بکه‌نه‌وه، ئه‌وه‌نده مه‌چنه گه‌شت و گه‌ڕان و سه‌یران و صه‌فا، هه‌مو هه‌فته‌یه‌ک گۆشت و پڵاو مه‌خۆن، هه‌مو جه‌ژنێک جل و پێڵاوی تازه مه‌کڕن، واز له کڕینی ڤێللا و خان‌و و شوققه‌ی سیتی و گونده‌کانی ئه‌ڵمانی و ئینگلیزی و ئیتاڵی و فره‌نسی و خه‌ون و خه‌یاڵ و باخ و شاخ و چیا بهێنن، خانوه قوڕه‌کانتان بیرچۆته‌وه؟ چیتر منداڵه‌کانتان مه‌نێرنه مه‌دره‌سه گرانبه‌ها سیستم ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریکییه‌کان، ئه‌ی (سوید)یش ئه‌وروپا نیه؟ (سیستمی ئاشی نه‌زان) عه‌یبی چییه؟
کاره‌با نیه، به‌دیل هه‌یه، ده‌چینه‌وه سه‌ر چراڕه‌شکه‌کانی سه‌رده‌می باب و باپیرانی نه‌مرمان. ئاو نیه، به‌دیل هه‌یه، زۆر به که‌می ئاو ده‌خۆینه‌وه، جه‌ژناوجه‌ژن خۆمان ده‌شۆین،ده‌ست به ئاوه‌وه ده‌گرین. نه‌وت و غاز نیه، به‌دیل هه‌یه، ته‌پاڵه بۆ چێشتلێنان به‌کاردێنین. به‌نزین نیه، سه‌یاره‌کانمان ده‌سوتێنین، به سواری گوێدرێژ هاتوچۆ ده‌که‌ین، یان هه‌ر به پێ، بۆ صیحه‌تیشمان باشه.
بۆیه چه‌ندباره‌ی ده‌که‌مه‌وه: هه‌مو ئه‌و شتانه‌ی ئێوه ناوتان ناون کێشه و قه‌یران به‌د‌یلیان هه‌یه، به‌ڵام باش باش بیزانن و وه‌کو ئه‌ڵقه بیکه‌نه گوێچکه گرانه‌کانتانه‌وه: ته‌نها من به دیلم نیه، من!
28/09/2015 رانیه