کۆمیدیای ئیسلامی دیموکراتی.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی
دە ساڵی رەبەق بەر لە ئەمڕۆ، لە سەروبەندی گۆڕانکارییەکانی وڵاتانی عەرەبی، وتارێکم بڵاوکردەوە لە ژێر تایتڵی “ئیسلامی سیاسیی ئەڵتەرناتیڤی رژێمە عەرەبییەکان نییە”. لە وتارەکەدا جەختم کردبووەوە، ئەو باهۆزەی لە وڵاتانی عەرەبیی هەڵیکردووە، بەشێک نییە لەو پرۆسەیەی ئیسلامی سیاسیی پێیدەڵێت “رابوونی ئیسلامی” بەڵکو شۆڕشێکە دژی دیکتاتۆریی، شۆڕشێکە بۆ نان و خۆشگوزەرانی، لێ لە هەمان چرکەساتی بڵاوکردنەوەی وتارەکەمدا ئیسلامییەکان سواری شەپۆلەکە دەبوون و لەو وڵاتانەی رژێمیان تێدا دەگۆڕا دەهاتنە سەر دەسەڵات، بەڵام هێشتا سووربوونی خۆم لەسەر ئەوە راگەیاند ئەو شۆڕشانە ئیسلامی نین و ئامانجەکانیان لەگەڵ سکۆلاریزم نزیکترە تاکو ئیسلامی فێندەمینتالیستی.
زۆر کەس سووربوونی منیان بەجۆرێک لە دەمارگیریی و لایەنگری کوێرانە و بەسۆزانە بۆ سکۆلاریزم لێکدەدایە، بەڵام هێدی هێدی دەبینم مەیدانی بیرکردنەوەکەی من فراوانتر دەبێت، چوونکە ئەوەی دواتر بۆ نموونە لەمیسر روویدا دژی دەسەڵاتە ئیخوانییەکەی”محەمەد مورسی”، هێندەی تر بۆچوونەکەی ئێمەی پشتڕاست کردەوە، کە ئامانجی شۆڕش لە وڵاتانی عەرەبی بۆ هێنانە کایەی “بەهاری ئیسلامی” نەبووە، بەڵکو ئێستاش شۆڕش درێژەی هەبوو بۆ ئەوەی بەهاری ئیسلامی بگۆڕن بۆ پایزی ئیسلامی. شۆڕش بەردەوامە چوونکە ئیخوان و نەهزە و جەماعەی ئیسلامی هیچ شتێکی زیاتریان لە موبارەک و زەینعابدین و قەزافی پێ نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە لەسەر دەستی ئەوان ئەو نوزەیەشی بۆ ئازادیی و دیموکراسی هەیە زیندەبەچاڵ دەبێت.
با لەوە بگەڕێین، ئامانجی شۆڕش لە وڵاتانی عەرەبی ئیسلامی سیاسیی نەبوو بەڵکو ئازادیی و خۆشگوزەرانیی بوو، چوونکە شۆڕش لەو وڵاتانەی رژێمیان تێدا گۆڕاوە بە کۆتا نەگەیشتووە “میسر نموونەیەکە”. ئێمە لەم دەرفەتە دەمانەوێت بڵێین، ئایا ئەو ئیسلامی سیاسییەی لە وڵاتانی عەرەبی ئێستا مومارەسەی سیاسەت دەکات بڕوای بە دیموکراسی هەیە؟. ئایا ئەو ئیخوانانەی لە زیندانەکانی ئەسکەندەریە و قاهیرەوە هاتن و لەسەرەتاوە لەسەر کورسی موبارەک دانیشتن، تاچەندە تەبابوون لەگەڵ دیموکراتی؟. ئەم پرسیارەی ئێمەش دوای ئەوە دێت کە تەرزێک لە بیرکردنەوە خەریکە هەڕمێن پەیدا دەکات، گوایە ئیسلامی سیاسیی دەتوانێت لەگەڵ دیموکراسی هەڵ بکات و هیچ هۆیەکیش نییە بڵێین ئیسلامی سیاسیی و دیموکراسی دوژمنی باوەکوژی یەکترن.
بەهاری عەرەبی یان پایزی ئیسلامی؟
جارێکی دیکە مێژووی خۆی دووبارە کردەوە، چۆن ئیسلامی شیعە مەزهەب، دەستکەوتەکانی شۆڕشی گەلانی ئێرانی لە ساڵی 1979 چنییەوە و خۆی بەسەر دەسەڵاتدا سەپاند، بەهەمان شێوە ئیسلامی سیاسیی سووننە دەستکەوتەکانی بەهاری عەرەبی دەچنێتەوە، شۆڕشێک کە بۆ نان و ئازادیی کڵپەی سەند، کراوەتە بەشێک لە هەستانەوەی بزاوتە ئیسلامییە رادیکاڵەکان، ئەمەش لە یەکێک لە رەهەندەکانیدا هەرەسی شۆڕشی دەگەیەنێت.
مارک هیلەر، پێیوایە بەهاری عەرەبی دەروازەی بە رووی فێندەمینتالیزمی ئیسلامیدا کردووە، شۆڕشی برسی و ئازادیخوازان، وەرچەرخاوە بۆ دەسەڵات پەیداکردنی ئیسلامییەکان. هیلەر دەنووسێت “رووخانی رژێمە تۆتالیتارییەکان کە گەشەکردنی زیاتری ئیسلامییەکانی بەدواداهات و پشتیوانییەکی بەرفراوانی بۆ ئەو رەوتانە پەیدا کرد. ناکرێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت سیستمێکی نوێی دەسەڵات لە رژێمەکانی پێشوو زیاتر لیبرال دەبێ و بە ئەندازەیەکی زیاتر کەمینەکان دەپارێزێت. لە پاش دروستبوونی ئەو تەوژم و چالاکییە میللییە بێ پێشینانەی دژ بە رژێمە دەسەڵاتدارەکان دروستبوو، مەترسییەکی گەورەتر بەڕێوەیە و پێدەچێت بەهاری عەرەبی بگۆڕێت بە پایزی ئیسلامی”. سەرەتای شۆڕشی لە تونس و میسرەوە، تەنانەت هەندێک لە بیرمەندان و گەورە رۆشنبیرانی جیهانیشی هێنایە، سەر کەڵکەڵەی ئەوەی لە دونیای عەرەبیدا دەگوزەرێت، وەرزێکی تازەی دیموکراسییە، سەرەتای کردنەوەی یەکەم دەرگا بە رووی دیموکراسی و لیبرالیزمدا. بۆ وێنە “جۆرج تەرابیشی” پێشبینی ئەوەی دەکرد ئەم وەرزە نوێیە شەپۆلێکی دیکەی دیموکراسییە، بۆیە ئەو راپەڕین و شۆڕشانەی بە “شەپۆلی سێیەمی دیموکراتی” ناوزەد کرد، کە ئەو پێیوایە شەپۆلی یەکەم دوای ساڵی 1848 دەستیپێکرد و ئەوروپای رۆژئاوا و ئەمەریکای گرتەوە. شەپۆلی دووەمیش ساڵی 1989 دەستیپێکردووە لە ئەوروپای رۆژهەڵات و کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤێت.
گەشبینییەکانی تەرابیشی و هاوشێوەکانی لەلایەن هەندێک بیرمەندی دیکەی عەرەبییەوە رەتکرایەوە، بۆ نموونە “هاشم ساڵح” پێیوابوو ئەوەی لە کۆمەڵگە عەرەبییەکانی پاش شۆڕشدا دەگوزەرێت مایەی دوودڵییە. بۆیە لە وتارێکدا لە رۆژنامەی “الشرق الاوسط” نووسیوویەتی “ئاشکرایە پرۆسەی رۆشنگەریی رێگای بۆ شۆڕشی فەڕەنیسی خۆشکرد، بەڵام شۆڕشە عەرەبییەکان بەشێکی کەمی ئامانجەکانی بەدی هات. بۆ بەڵگەش بەراوردێک بکە لە نێوان ئەم دەستوورەی بەم دواییانە خەڵکی میسر دەنگیان پێدا، لەگەڵ جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیبوون کە شۆڕشی فەڕەنسا دەریکرد، ئەوەش مایەی دوودڵی و نیگەرانییە”. بەهاری عەرەبی لە هەنگاوی یەکەمیدا، لە بری هێنانە ئارای ئازادیی و پلورالیزم و خۆشگوزەرانی، زەمینەی خۆش کرد، تاکو ئیسلامی سیاسیی بگاتە دەسەڵات. ئەگەر نموونەی میسر بهێنینەوە، هەنووکە رەوڕەوەی ئەو وڵاتە بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە، ئازادییە گشتییەکان لەبەردەم تەهدیدی فەتوا ئاینییەکاندان، هونەر و رۆشنبیریی و کایە جۆراوجۆرەکانی دیکە لە پاشەکشەدان، ئەجیندای ئیخوان کە ئێستاش هەژموونی خۆی هەیە، دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامی نوێیە بە دەستوورێکی ئیسلامییەوە، کە بەها ئیسلامییەکان بکاتە پرنسیپ و یاساکانی ژیان.
لە سەرەتای وەرزی دەسەڵاتی ئیخواندا، “عادل ئیمام” ئەکتەری ناسراوی عەرەبی دەکەوێتە بن هەڕەشە، وەک سەرەتای لێپرسینەوەیەکی ئیسلامییانە لە رابردوو. لە 2-2-2012 حوکمی سێ مانگ زیندانی بەسەر عادل ئیمام درا، لە 24-2-2012 لەلایەن دادگای کەتنی قاهیرەوە حوکمەکە پەسەندکرا بۆ تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئیسلام. لە کاتێکدا ئیمام لە رێگەی فیلمەکانی “الزعیم، مرجان احمد مرجان، الارهابی، الارهابی و الکباب، حسن و مرقص، الواد سید الشغال هتد..” رەخنەی لە ئیسلامی سیاسیی گرتبوو نەک سووکایەتی بە ئاین بکات. بەڵام ئیسلامی سیاسیی پێیوایە نوێنەری خودایە لەسەر زەوی، بۆیە گاڵتەکردن بە خۆی بە سووکایەتی بۆ ئاین و خودا لێکدەداتەوە. لە بەرانبەر هەوڵەکانی پاشەکشە بە پارادیمە مەدەنی و سکۆلارەکانی کۆمەڵگەی عەرەبی، سەلەفییەت و خورافە و فەتوا لە بەهێزبووندان، شەقامی عەرەبی بووەتە مەیدانێک بۆ هوتاف کێشان دژی ئازادیی و مەدەنییەت و دیموکراتی، تەنانەت لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی “قاهیرە” دژی فیلمێکی ئەمەریکی کە سووکایەتی تێدابوو بۆ پەیامبەری موسڵمان، چەندین دروشمی مەترسیدار بەرزکرانەوە. لە یەکێک لە رۆژەکانی خۆپیشاندان کە لەلایەن “محەمەد زەواهیری” برای سەرۆکی رێکخراوی قاعیدەی پێشووەوە سەرپەرشتی دەکرا، دروشمی “ئۆباما.. هەموومان ئوسامەین” بەرزکرایەوە. ئەمەش مەترسییەکی جیددی بوو کە گۆڕەپانی وڵاتانی پاش شۆڕش بووە بە زەلکاوی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و نەشونماکردنی هێزە کۆنەخوازە ئیسلامییەکان. بە کورتیی، وەرزی گەشبینی بە راپەڕین و شۆڕشی کۆمەڵگە عەرەبییەکان زۆر کورت بوو، بەهاری عەرەبی بە مردووی لە دایکبوو، ئەوەی هەبوو تەنیا هەڵەیەکی زمان بوو، چوونکە شتێک لە کۆمەڵگە عەرەبییەکانی پاش شۆڕشدا دەگوزەرێت ناوی پایزی ئیسلامییە نەک بەهاری عەرەبی.
کۆمیدیای ئیسلامی دیموکراتی
هەندێک جار گوێمان لەوە دەبێت، ئیسلامییەکان دەتوانن لەگەڵ دیموکراسیی هەڵبکەن، یان بە دەربڕینێکی تر، ئیسلامییەکان دەتوانن لەناو فەزای دیموکراسیدا کار بکەن و بەرگەی هەر ئاکامێک بگرن کە دیموکراسییانە بێت. ئەم بۆچوونە، زادەی عەقڵانییەت و واقیع نییە، تەنیا وەک قسەی رووت ماوەتەوە، چوونکە بە ئەزموون دەرکەوتووە، ئیسلامی سیاسیی لەهەر شوێنێک باڵادەست بووبێت، دیموکراسی پاشەکشەی کردووە و کێرڤی ماف و ئازادییە گشتییەکان بەرەو خوارەوە دابەزیوون. گەر واز لە دونیای تیۆر و ئەندێشە بهێنین و سەیری واقیع بکەین، ئەو نمایشە دەبینین ئیسلامی سیاسیی نەک دیموکراتییەتی قبوڵ نییە و نایەوێت گەمەی دیموکراسیانە بکات، بەڵکو هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوە خستۆتە گەڕ، دیموکراسی و لیبرالیزم و سکۆلاریزمی کۆمەڵگەکان تێکبشکێنێت، چوونکە هەر یەک لەوانە بە هەڕەشە بۆ سەر خۆی دەزانێت، پێیوایە لەو شوێنەی دیموکراتی و ئازادیی هەبێت، هیچ هۆکارێک یان یارمەتیدەرێک نابینێت بۆ ژیانی خۆی، لەم سۆنگەوە ئیسلامی بونیادگەرا و دیموکراسی دوژمنی هەرە دیار و ئاشکرای یەکترن.
ئەو دیمەنەی حاڵی حازر، لە میسردا دەگوزەرێت، مەسجێکە پێماندەڵێت، ئیسلامی سیاسیی کاری خۆی چڕ کردۆتەوە بۆ لەناوبردنی هەر نوزەیەک کە بیەوێت ئەو کۆمەڵگەیە بەرەو دیموکراسی و کرانەوە ببات. تەنانەت زۆربەی جار دیموکراسییەت وەک دیکتاتۆرییەتی زۆرینە بەکاردەهێنن لە دژی کەمینەکان، بۆ نموونە لە پرسی دەنگدان لەسەر دەستوور پەنایان بۆ ئەم رامیارییە برد. کاتی خۆیشی یەکێک لە سەرکردە ئیسلامییە کوردەکان دەیووت “ئێمە دیموکراسییەتمان بۆ ئەوە دەوێت دیموکراسییەتی پێ لەناو ببەین”. هەنووکە هەمان روئیا وەک بەشێک لە ئەندێشەی ئیسلامییە خاوەن دەسەڵاتەکانی میسر و تونس، لەوپەڕی بەهێزیی خۆیدایە. بۆیە بانگەشەکردن بۆ ئەوەی ئیسلامی سیاسیی دەتوانێت لەگەڵ دیموکراسیی تەکەیف بکات، ئەوپەڕی گاڵتەجاڕییە. شیرین عیبادی، هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، پێیوایە ئیسلامییە رادیکاڵەکان مەترسین لەسەر دیموکراسی و مافی مرۆڤ. لە وتەیەکیدا لە ساڵی 2006 رایگەیاند “فاشیستەکان و بونیادگەرا سەرەڕۆکان، هەردوو لایان دژ بە بەها مۆدێرنەکانی وەک لە خۆبردوویی و دیموکراسین. هەردووکیان لە پێناو باوەڕەکانی خۆیاندا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیان بە رەوا دەزانن. هەردووکیان ئەو هاووڵاتیانەی لەگەڵ رێسا و پرنسیپ و باوەڕە قبوڵکراوەکانی خۆیاندا رەت دەکەنەوە”.
هەرچەندە هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە، ئیخوان بەشێوەیەکی گشتیی میانڕەون و دەتوانن خۆیان لەگەڵ رێسا مودێرنەکانی مرۆڤایەتی بگونجێنن، بەو پێیەش دەتوانن بەرگەی گەمەی دیموکراسی بگرن. بەڵام لە ئەرزی واقیعدا، دیمەنەکە پێچەوانەی ئەو تێفکرینەیە، ئیخوان هێزێک نییە بە میکانیزمی قاعیدە و سەلەفییەکان کار بکات، وەلێ بۆ هەمان ئامانج کار دەکات، بۆیە لە کۆتاییدا ئیخوان و قاعیدە خاوەنی یەک خەونی هاوبەشن، ئەویش دروستکردنی دەوڵەتی خەلافەتە، ئەمیان بانگەشەی میانڕەویی دەکات و بە شانی دیموکراسییدا هەڵدەدات بۆ ئەوەی بگاتە خەونەکەی، ئەویتریان رێگەی تیرۆر و تەقاندنەوەی هەڵبژاردوو بۆ هەمان مەبەست. لەم نێوەندەدا کۆمەڵێک بیرمەند هەن، گووومان دەخەنە سەر وشەی “ئیسلامی میانڕەو” و پێیانوایە ئەم داتاشینە ساختەیە و ناتوانێت قەناعەت بە هەموو خەڵک بهێنرێت، ئیسلامی میانڕەو شتێکی زۆر جیاوازترە لەو گروپەی پێیان دەوترێت ئیسلامی توندڕەو.
“ئەدۆنیس” یەکێک لەو رۆشنبیرانەی هەمان بۆچوونی هەیە و لە وتارێکیدا بە ناوی “دە بۆچوون لەمەڕ بەهاری عەرەبی” دەنووسێت “ئیسلامی سیاسیی یان ئیسلامی میانڕەو مانای چییە؟ هەندێک موسڵمان سیاسین و هەندێک موسڵمان میانڕەون، بەڵام ئیسلام بەو سیفەتەی ئاینێکە ناشێت لە کاتی قسەکردن لەسەر کاروباری سیاسیی و کۆمەڵایەتی و کولتووریدا بە (سیاسیی) یان (میانڕەو) وەسف بکرێت.. بۆ نموونە لەسەر ئاستی مەدەنیەتی کۆمەڵگە یان هونەر یان بیر یان موزیک یاخۆ ژیانی جەستە و سێکس و خۆشەویستیدا (ئیسلامی میانڕەو) مانای چییە و کێ و چۆن راددەی ئەم (میانڕەوییە) دیاری دەکات؟ هەروەها (ماهیەتی) ئەم میانڕەوییە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئایا لەخوێندنەوەیەکی تایبەت و تێگەیشتنێکی تایبەتەوە و چۆن؟ ئایا شوێنی شەرع لەم میانڕەوییەدا چییە بە تایبەتی سەبارەت بە ژن و (ئەوی دی) ناموسڵمان و (ئەوی دی) کە بەموسڵمانی لە دایکبووە و حەزدەکات بە تەواوەتی بچێتە ناو دنیای مەدەنییەوە؟”.
ئیسلامی میانڕەو و توندڕەو ناتوانن لەگەڵ بنەماکانی سیستمی دیموکراتی هەڵبکەن، ئەمەش رەنگە پەیوەندیی بە خودی ئاینی ئیسلامەوە نەبێت، بەڵکو پەیوەندیی بە جۆری خوێندنەوەی ئیسلامی سیاسییە بۆ ئاین. فۆکۆیاما پێیوایە “هیچ ئاینێک وەک پێویست ناکۆک نییە لەگەڵ مودێرنێتە و دیموکراسیدا”. ئەم بۆچوونە لە زەمینەی واقیعدا، پیادە کراوە، هەزاران موسڵمان و مەسیحی و بوزی دەبینین، کێشەیان نییە لەگەڵ سکۆلاریزم و بەهاکانی مودێرنێتە و دیموکراتیدا، ئەوەی کێشەی هەیە رەوتە بونیادگەرەکانن. ئەوەی ناتوانێت لە زەمینەی دیموکراسیدا درێژە بە ژیان بدات رەوتە ئیسلامییە سەلەفییەکان و رەوتی سەلەفییەکانی ئاینەکانی دیکەن. دواجار ئەوەی دیموکراسی ئەجینداکانی پووچەڵ دەکاتەوە پێش هەر کەس ئیسلامی سیاسییە.
تێکشکانی خەونەکان
نووسەری جەزائیریی “بوعلان سنساڵ” لە وتارێکیدا بەناوی نامەیەکی کراوە بۆ “بوعزیزی” دەنووسێت “بوعزیزی برام، ئەم چەند دێڕە کەمەت بۆ دەنووسم، تاکو ئاگادارت بکەمەوە لەوەی هەنگاوەکانی ئێمە بەرەو پێش دەچێت!، هەرچەندە بەرەو پێشچوونەکە رۆژ لە دوای رۆژ جیاوازیی هەیە، هەندێک جار رەشەبا ئاڕاستەمان دەگۆڕێت، بەڵام با بەگشتیی چاو بەم ساتەدا بخشێنین. ئایا ئەوەی نازانێت بەرەو کوێ دەڕوات رێگەکە دەدۆزێتەوە؟. ئایا دوورخستنەوەی ستەمکار کۆتاییە؟. لەو جێگەیەی تۆ کە نزیکی لە خواوەندەوە، دەتوانیت دڵنیامان بکەیتەوە کە مەرج نییە هەموو رێگاکان بمانبەنەوە بۆ رۆما؟. لابردنی ستەمکار نابێتە مایەی ئازادیی، بۆ گۆڕینی دیمەنەکە و بە هیوای ئەوەی شتێکی بچووکیان لە رێکە دەست بکەوێت، زیندانییەکان حەز دەکەن گرتووخانەکانیان بە گرتووخانەیەکی دیکە ئاڵوگۆڕ پێ بکەن”.
خەونەکانی بوعزیزی هەرەسیان هێنا، لە بری نان و ئازادیی خەریکە ئیسلامی سیاسی فەتوا و شمشێر دەکاتە خەڵاتی شۆڕش. خەونەکانی ئێوە کە خاوەنی راستەقینەی شۆڕشن، ئازادیی و دیموکراتی و هەڵتەکاندنی حکومی دیکتاتۆریی دەیان ساڵە بوو، خەریکە خەونەکانی ئێوە تێکدەشکێت و دیکتاتۆری کۆماری دەگۆڕێت بۆ دیکتاتۆری ئیسلامی. ئامانجی ئێوە لە شۆڕش چەسپاندنی مافی مرۆڤ و مەدەنیەت و خۆشگوزەرانی بوو. خەریکە خەونەکەتان پێچەوانەوە دەبێتەوە و ئەو هەناسە کەمەی لە ئازادیی و مەدەنیەت هەیە پاشەکشەی پێ دەکرێت. ئیسلامی سیاسیی خەریکە یەک یەک خەونەکانی شۆڕش زیندەبەچاڵ دەکات. هەرچەندە من بۆ چەندەهەمین جار دووپاتی دەکەمەوە، شۆڕش، شۆڕشی ئیسلامیی نەبوو، هەرچەندە خەونی شۆڕش حکوومەتی ئیسلامی نەبوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەڵتەرناتیڤی بەهێزی چەپ یان دیموکراتیخواز، ئیسلامی سیاسیی سواری ملی شەپۆلەکە بووە و بە قازانجی سیاسیی خۆی شکاندوویەتییەوە. ئەمەش وەک وتم دووبارەبوونەوەی مێژووە، وەک ئەوەی ئایەتوڵاکانی ئێران کردیان و هاتنە سەر سفرەی حازری.
نووسینی: ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆڵم – سۆلنا