Skip to Content

چێکردنی ئاشتی بەڕێی توندوتیژییەوە: کامۆ لە جەزائیر رۆبێرت زارێتسکی

چێکردنی ئاشتی بەڕێی توندوتیژییەوە: کامۆ لە جەزائیر رۆبێرت زارێتسکی

Closed
by شوبات 15, 2017 General, Literature


لە ئینگلیزییەوە: نەبەز سەمەد

شەست ساڵ لەمەوبەر ئەلبێر کامۆ یەکەم گۆتاردانی خۆی لە کایەی گشتیدا پێشکەشکرد، لە ڕاستیدا گۆتاردانێك بوو، کامۆ خەریك بوو بە ژیانی باجەکەی بدا، هاوکات لە ئامانجەکەشی شکستی هێنا: پاراستنی ژیانی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سیڤیل لە عەرەب و فەڕەنسییەکان لە تیرۆریزمی هەردوو لای فەڕەنسا و جەزائیرییەکان لەکاتی جەنگی سەربەخۆیی جەزائیردا. هۆکارەکانی پشت گۆتاردانەکەی کامۆ تیشکێکی گرنگ دەخاتە سەر ”جەنگی دژە تیرۆر” کە ئێستا خۆرئاوا بۆی دەجەنگێ.
لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٦دا، جەنگی نێوان بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی جەزائیر (بەرەی ڕزگاریی نیشتیمانی ‘F.L.N’) و سوپای فەڕەنسا بووە هۆی هێنانەئارای کوشتارگە و گۆماوی خوێن لە هەردوو لادا. لە کوشتارگەکەی دانیشتوانی فیلیپڤیل (Philippeville)ی کۆلۆنیالیستی فەڕەنسییەوە، کە تێیدا پتر لە ١٠٠ کەس لە ژن، منداڵ و پیاو پارچە پارچە و هەنجنکران لە لایەن دراوسێ عەرەبەکانیانەوە؛ تا سیاسەتی ”بەرپرسیارێتی کۆیەکی” کوشتنی بە کۆمەڵی ژنان، منداڵان و پیاوانی عەرەب لە لایەن سەربازانی فەڕەنسا و میلیشیا مەدەنییەکانەوە. لێرەوە نەك تەنیا جەزائیرییەکان، بەڵکو لە زمانی کامۆوە بێژین خودی جەزائیر خۆشی، مرد.

لەبەر ئەم هۆکارە، لە دوانیوەڕۆی ٢٢ی جانیوەری کەمێك پاش سەعات چوار، کامۆ بە نیگەرانی و دەمارگرژییەوە ڕووەو پۆدیۆمەکە هەنگاوی نا، لە سێرکل دو پرۆگرێسی باڵەخانەی موسڵمانان لە ناوەڕاستی پایتەختی جەزائیردا. کامۆ لە گەڕەکێکی چینی کرێکاران لە جەزائیری پایتەخت هاتە ژیانەوە و گەورەبوو، ئەو لە نێوان دوو جیهانی تەواو جوداوازدا وەستاوە. لە لایەکەوە، پەیوەستبوونێكی سۆزمەندانە بە خەڵك و خاکی جەزائیرەوە، لە لایەکی دیکەشەوە، هەبوونی هاوسۆزییەکی بەهێز بۆ ئیدیالەکانی کۆماری فەڕەنسی: ئازادی، یەکسانی، هاوەڵێتی (برایەتی!). سەرەتا وەك ڕۆژنامەنووس و پاشان وەك ڕۆماننووس و گۆتارنووس کە ئیشەکەی زوو بەرەو خەڵاتی نوبڵی ئەدەبی دەبات؛ کامۆ بۆ درێژکردنەوەی ئیدیالەکانی کۆماری فەڕەنسی بۆ هەشت ملیۆن عەرەب و بەربەر کە لەژێر حوکمی فەڕەنسیدا دەژین خەبات دەکا. کامۆ بە پێچەوانەی زۆر لە ئەندامانی پیدس_نۆیرس (pieds_ noirs)ەوە لە لایەن مێژوویەکی ستەمکارانە و دیفاکتۆی هەڵاواردن دژ بە عەرەبەکان و بەربەرەکانەوە شۆککرابوو. کامۆ دەستبەرداری ئەو هیوایە نەدەبوو کە ”جەزائیری فەڕەنسی” دەتوانێ بە فەڕەنسی بمێنێتەوە کاتێك کە بە تەواوی بۆ دیموکراسی وەردەگۆڕێ. کامۆ سوربوو لەسەر ئەوەی کە پیدس_نۆیرس (خەڵکانی فەڕەنسی کۆچپێکراو بۆ کۆلۆنییەکانی باکوری ئەفریکا: جەزائیر، مەغریب و تونس_ ن.س)ەکان و عەرەبەکان ”مەحکومن بۆ پێکەوەژیان”.

هەرچەندە لە ساڵی ١٩٥٦دا کامۆ ترسی ئەوەی هەبوو کە ئەوان لە جیاتیان مەحکومن بۆ کوشتنی یەکدی. ئاگری گریمانەی کۆتایی نەهاتن بەم جەنگە خوێناوییە بەڕێی کرداری تیرۆر دژی خەڵکی سیڤیلەوە خۆش دەکرا، ئەمە زۆر ئازاربەخشە بۆ پێوە خەریکبوون و ئەزموون کردن. کامۆ بە هاوڕێیەکی دەڵێ: جەزائیر ”خزێنراوەتە نێو قوڕگمەوە” بە یەکسانی لەگەڵ ژەمە دەرمانی بوێری و بێهیواییدا. لە درەنگانی ١٩٥٥دا کامۆ لە گۆڤاری لی ئێکسپرێس زنجیرەیەک سەرگۆتار دەنووسێ و بۆ ڕێککەوتن و ڕاگرتنی شەڕی سیڤیل ئارگومێنت دەکات. ڕێککەوتنی نێوان پاریس و ئێف. ئێڵ. ئێن (بەرەی ڕزگاریی نیشتیمانی)، کامۆ وەك مەحاڵ ئەو ڕێککەوتنەی دەبینی: ئاخر توندوتیژی ئەو جۆرە ڕێککەوتنە بەلاوە دەنێ.

بەڵام داخۆ هەردوو لا ناتوانن هاوڕابن لەبارەی توندوتیژی نەنواندن بەرانبەر سیڤیلەکان؟ گەر ناتوانن، کامۆ دەنووسێ، ئەوا ”جەزائیر تەنیا دەبێ بە شوێنی نیشتەجێبوونی بکوژان و قوربانییەکان. بۆیە ئەوسا تەنیا مەرگ بێتاوان دەبێ.” ڕاگەیاندنی ئەمە لە پاریسی دوورەوە زۆر ئاسانە بۆ هاندان و پاڵنان، بۆیە کامۆ بڕیاردەدا لە کایەی گشتیدا گۆتاربدا و ژیانی بخاتە مەترسییەوە بۆ ئەم کردارەی لە جەزائیری زێدی خۆیدا. جەزائیرییەکان چاوەڕێیان دەکرد: نزیکەی ١٥٠٠ لێڕوانەر لە ژن و پیاو، فەڕەنسی و موسڵمان، ڕۆشنبیر و دووکاندار هۆڵەکەیان پڕکردبوو. کەشی ناو هۆڵەکە گرژ و ئاڵۆز بوو، بەتایبەتی بەهۆی بیرکردنەوە لە ڕوودانی شتێکی خراپ لە لایەن فەڕەنسییە کۆلۆنیالیستەکانەوە لە دژی چالاکییەکە کە لە دەرەوەی بیناکە کۆببوونەوە. کامۆ بە ئامادەبووانی گۆت: ئەوە ئەرکی منە وەك جەزائیرییەکی فەڕەنسی و وەك نووسەر ”داوایەکی سادە بۆ مرۆڤبوونتان بکەم”، کامۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەوڵەی سەرەتا لە گۆڤاری لی ئێکسپرێس داویەتی: پێشنیازی ڕێککەوتنی سیڤیل لە نێوان بەرەی ڕزگاریی نیشتیمانی و دەسەڵاتدارانی فەڕەنسی دەکا. سەیرێکی چواردەوری هۆڵەکە دەکا و ئەوە ڕادەگەیەنێ کە ئەو نەهاتووە تاکو داوا لە گوێگرەکانی بکا ”واز لە هیچ بیروباوەڕێکی خۆیان بهێنن.” کامۆ بەبێ ڕەچاوکردنی تێکشکاندنی پرنسیپە ئیدیۆلۆگی، سیاسی و مێژووییەکانی گوێگرەکانی بەردەوام دەبێ و دەڵێ: ”بەڕێی هیچ پرنسیپێكەوە ڕەوایەتی بۆ کوشتنی خەڵکی بێتاوان نابرێتەوە”. کامۆ سورە لەسەر ئەوەی کە ئەو هیچ وەهمێکی نییە: چارەسەرکردنی ”دۆخی ئێستا” لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەودایە. لەبری ئەوە کامۆ گوێگرەکانی هاندەدا ”بۆ ڕاگەیاندنی ئەوە کە: کوشتاری خەڵکی بێتاوان وەها دەکا ئەو دۆخە نالێبوردە بێ”.

هێشتاش کوشتاری خەڵکی بێتاوان بۆ شەش ساڵی دیکە بەردەوام دەبێ. تەنانەت کاتێ کامۆ قسەدەکا، لە دەرەوە جەماوەر زۆر توڕەن لە ”خیانەت”ەکەی ئەو لە جەزائیری فەڕەنسی، جەماوەر لە دەرەوە هاوار بۆ هەڵواسینی کامۆ دەکەن. بەڵام کامۆ ڕەتی دەکاتەوە هۆڵەکە جێبهێڵێ تاکو قسەکانی تەواو دەکا، ئینجا بۆ پاراستنی لە لایەن هاوڕێکانییەوە بە پاڵنان دەبردرێتە دەرەوە. پاش چەند ڕۆژ و هەفتەیەك کامۆ بۆی دەردەکەوێ قسەکانی کاریگەری لەسەر هیچ لایەکیان نەنواندووە، ئەو هەرگیز جارێکی دیکە لە کایەی گشتیدا سەبارەت بە جەزائیر نەپەیڤییەوە _بێدەنگییەکەی بە مەرگی کۆتایی هات لە ڕووداوی ئۆتۆمبیل لە ساڵی ١٩٦٠دا_ بەڵام تیرۆر لە زێدی کامۆ هەر بەردەوام بوو تاکو ڕێککەوتننامەی ئاشتی ئیڤان لە نێوان بەرەی ڕزگاریی نیشتیمانی و فەڕەنسا، لە ساڵی ١٩٦٢دا واژۆکرا.
داخۆ گۆتاردانەکەی کامۆ چ پەیوەندییەکی بە سەردەمی ئێستامانەوە هەیە؟ نەك تەنیا شکستهێنان لە بەدەستهێنانی ئامانجەکەی، بەڵکو هاوکات کارەکتەری تیرۆریزمی ئەوسا و ئێستا لە یەکدی جودان. تاڕادەیەکی زۆر بەکارهێنانی تیرۆر لە لایەن بەرەی ڕزگاریی نیشتیمانییەوە تاکتیکی بووە: لە ڕێگەی تەقینەوە و کوشتارەکانیانەوە، بزووتنەوەکە ویستویانە چەوساندنەوە و ستەمکارییەکانی فەڕەنسا ڕابگرن و ئەندامە عەرەب و بەربەرەکانیشیان ڕادیکالیزە بکەن. هەروەها ویستویانە کۆمەڵەی پیدس_نۆریس لە مۆڕاڵ بخەن (دیمۆڕالیزەی بکەن) و ئەوە ڕوون بکەنەوە کە ئەوان لە جەزائیر هیچ ئایندەیەکیان نییە. کاتێ ئامانجەکانیان بەدەست هێنا بەرەی ڕزگاریی نیشتیمانی کۆتایییان بە کەمپەینی تیرۆرەکەیان هێنا دژی فەڕەنسا (هەرچەندە بەردەوام بوون لە تۆقاندن و تیرۆرکردنی هاووڵاتییەکانی خۆیان). هەروەها فەڕەنسییەکانیش کۆتایییان بە بەکارهێنانی ئەشکەنجە و تیرۆریزم هێنا (هەرچەندە جەزائیرییە فەڕەنسییەکان وازیان لە بیرواڕاکانی خۆیان نەهێنابوو و چەند جار هەوڵی تیرۆرکردنی شارل دی گۆلیان دا).

موجاهیدەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کە لە ١٣ی نۆڤەمبەردا ١٣٠ هاووڵاتی سیڤیلیان لە پاریس کوشت، هەرچەندە ئەوان تاکتیکڤانی تیرۆر نین. بێگومان کردارەکانی تیرۆریزم بۆ دەوڵەتی ئیسلامی ئامرازێکی بەهێزی هاندانن. بەڵام بۆ زۆر لە ژن و پیاوە گەنجەکانی لەدایکبووی گەڕەکە دوورەکانی پاریس و برۆکسل، دەرفەتی شکستپێهێنانی تیرۆر کاریگەرییەکی گەورەی نییە بۆ پێوەخەریکبوون، نە هێرشە ئاسمانییەکانی فەڕەنسا لە سوریا و نە خەونی دروستکردنی خەلافەتی ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناڤینەوە تا بەلکان بگرێتەوە. لە جیاتییان ڕەنگە وەك نیهلیزمێکی سادە باشتر کرداربنووێنێ. بەم شێوەیەش لە خۆیدا ئامانجە.
بێگومان، کامۆ دەی زانی کە فەرمانە مۆڕاڵییەکەی ئەو بۆ _پاراستنی خەڵکانی بێتاوان_ هیچی دیکە پتر لە گروپی کچەکانی سکۆتس لەگەڵ نیهلیستەکاندا پەسەندکراو نییە.
بەڵام تیرۆریستانی ئاڵا ڕەشەکەی دەوڵەتی ئیسلامی گوێگری کامۆ نین: ئێمە گوێگری ئەوین. کامۆ ئەوەی دەناسییەوە کە ئەو توندوتیژییانەی دەخزێنرێنە نێو ژیانی ڕۆژانەوە چۆن رێکدەخرێن. هەرچەندە کەسی پاسیڤیست (دژەشەڕ/ئاشتیگەرا)ش دەزانێ توندوتیژی لە ساتە ڕەخنەییەکاندا، جەوهەری و کرۆکییە ئەگەر ئێمە مرۆڤایەتی خۆمان پاراستبێ. ئەوە کەیسەکەی ئەڵمانیای هیتلەرە _لە داواکارییە نوشوستییەکەیەوە بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی لەسەر ئاستێکی فراوان_ و هۆکارەکەی بۆ بەشداریکردن لە بەرگریدا. (لەکاتی ئازادکردنی پاریس لە ساڵی ١٩٤٤ کامۆ سەرنووسەری کاریگەرترین گۆڤار _کۆمبات_ بوو کە گۆڤارێكی نهێنی و نایاسایی بوو.
ئەو گۆڤارە تەنیا ڕووی ئێکزیستێنسیالیزمی فەڕەنسی نەبوو، بەڵکو ڕووی بەرگری فەڕەنسیش بوو). لە ساڵی ١٩٤٣دا باسکردنی هاوڕێیەکی ئەندێشەیی ئەڵمانی، کە بە ئامێزگرتنەوەی بۆ نازی هاوکات ئامێزی بۆ نێهلێزمیش کردبۆوە. کامۆ ئاماژە بەوە دەدا: ”کردنی توندتیژی زۆر ئاسانە کاتێ توندوتیژی بۆ تۆ زۆر لە هزرین سروشتیتر بێ” هەرچەندە ئەوە هەوڵێکی زۆر گەورەتری دەوێ ”تۆ شەڕبکەی، لە کاتێكدا ڕقت لە جەنگە”.
کامۆ بەڕوونی ئەوە دەبینێ کە ئێمە لەو ساتانەدا چۆن مرۆڤبوونی خۆمان لەدەستدەدەین و دەدۆڕێنین. لە کتێبی ”یاخی”دا، کامۆ دەیەوێ جیاوازییەکی ڕیشەیی لە نێوان یاخیبوون و شۆڕشدا بکا. ئەو دەنووسێ کاتێك کوشتنی ئەوانی دی دەبێ بە ناچاری، ئەوا بە هیچ شێوەیەك نابێ ڕەوایەتی بەو کوشتنە بدرێ. یاخی ڕاستەقینە کاتێ سورە لەسەر مرۆڤبوونی خۆی، ئەوا هەرگیز مرۆڤبوونی ئەوانی دیکەش لەبیرناکات. ئەو تەنیا دژی هەوڵەکانی چەوسێنەرەکەی بۆ نامرۆڤاندنی ئەو بەرگری ناکا، بەڵکو لە بەرانبەردا بەرەنگاری پەرچاندنەکانی خۆشی بۆ نامرۆڤاندنی ئەوان دەبێتەوە.
کاردانەوە، بەهەمان شێوەی شۆڕش ئاسان دێتەگۆڕێ، هەردووکیان بێڕێزی بە سنوورەکان دەکەن و توندڕەوی پەسەند دەکەن. لە لایەکی دیکەوە، بۆ کامۆ یاخبوون ”هیچ نییە جگە لە تەنگژەیەکی پەتی”. وەك ئەو لە سەرگۆتارەکانی لی ئێکسپرێس دەنووسێ ئەوە شتێکی سروشتییە بۆ کەسێکی چەوساوە، جا چ فەڕەنسییەك لەژێر دەسەڵاتی نازی بێ یان جەزائیرییەكی عەرەب لەژێر دەسەڵاتی فەڕەنسی، بەناوی دادەوە چەك هەڵگرێ. بەڵام وەك چۆن ”گەرەکە کەسێك هەرگیز لە داواکاری داد بۆ کەسی چەوساوە وازنەهینێ، ئەوا لێرەدا سنوور هەن لە پشتی ئەو کەسە کە ناتوانێ ئەو نادادیانە بسەلمێنێ کە بە ناوی ئەوەوە کراون”.

هەرچەندە لە یەکەم بینیندا پارادۆکسییە، بەڵام یاخیبوون باشترین هەلی پاراستنی مرۆڤبوونمان پیشاندەدا. زمانی سیاسی لە هەردوو لای ئەتلەنتیک نەك تەنیا بە بەردەوامی دوژمنە ڕاستەقینەکان لە مرۆڤبوون دەخەن، بەڵکو سەرجەم مرۆڤانی سەر بە هەمان ئاینیش لە مرۆڤبوون دەخەن. بۆ وەسفکردنی گەشەکردنی شەپۆلی پەنابەرە سورییەکان بە شێوەیەک وەك ‘داگیرکەر’ یان ‘جانەوەر’ یان ناساندنی ئەو موسڵمانانەی لە جادەکانی پاریس نوێژ دەکەن وەك ‘داگیرکەر’، بۆ بە ڕەوانی قسەکردن لەبارەی بۆمبڕێژکردنەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و ئەو شارانەی داگیری کردوون یان ڕاگەیاندنی سەرجەم پەنابەرە موسڵمانەکانی وڵاتەکەمان وەك کەسانی ناپەسەند یان پێشنیازکردن بۆ ئەوەی ئێمە ئەوانە بکوژین کە پەیوەندییان بە بکوژەکانی دەوڵەتی ئیسلامییەوە هەیە، ئەوا ئێمە پێشێلی سنوورەکانی بەرگری لە خۆکردن دەکەین دژی کردارە نامرۆڤایەتییەکان کە لە لایەن کامۆوە داڕێژراون.

گەر کامۆ ئێستا لە ژیاندابوایە، ئەوا یەکسەر دەوڵەتی ئیسلامی بەهەمان شێوەی نازیزم وەك دوژمنێکی ناجۆر و نێهلیستی دەناساند، هەروەها وەك دوژمنێك کە پێویستە ئێمە بەتوندی لە دژی خەبات بکەین. هاوکات ئەو ئێمەی ئاگاداردەکردەوە ئەوە لە بیرنەکەین ئێمە کێین و بۆچی شەڕ دەکەین. کامۆ لە کۆتایی کتێبی ”یاخی”دا دەنووسێ لۆگیکی یاخی ئەوەیە ”خزمەتی داد بکا تاکو ڕێگەنەدا نادادی بۆ دۆخی مرۆڤ بێتەئاراوە، هەروەها سوربێ لەسەر زمانێکی سادە تاکو جیهانی درۆکان گەشەنەکا”.

چەند ئەبسۆرد (مجرد)ە، لە لایەکەوە، لەبارەی شتێکەوە بهزری کە دەبێ پێچەوانە بێ؛ چەند ئەبسوردە، لە لایەکی دیکەوە، لەبارەی شتێکەوە بهزری کە دەشێ جودا بێ لەوەی ئێستا هەیە. کاتێ ئەم تەنگژەیە بەتەواوی کامۆ بێدەنگ دەکا، ڕەنگە ئێستا بتوانێ ئەوانە هانبدا، کە بە دوای حوکمکردنی ئێمەدا دەگەڕێن بۆ پەرچاندن لەسەر فەرمانە دادییە ڕاستەقینەکان و هزرین سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەو وشانەی کە ئەوان لە ژیانی ڕاستەقینەدا هەڵی دەبژێرن و بەکاری دەهێنن.

Previous
Next
Kurdish