بالۆرە … ستار ئەحمەد
لەم جەنگەدا
مناڵێك دیدەی رژاوی كۆئەكردەوە
لەبرسانا
دەیخستە سەر زاری تینووی
نەدەترسا لەزرمەی تۆپ
لەولاشەوە ئەفسەرێكی
سەر بەلیوای خەرەندەكان
سەعاتی دەستی براكەی دەكردەوە
لەنێوانی گەورەبوون و مناڵیا
لەمابەینی ئەمرۆو دوێنێ و بەیانیا
كات راوەستا
دێ خاپوور بوو
بەری رەنجی ئەم خاكەمان
بۆ ئاژانسی راست و چەپی
سەر سنوور بوو
شار چووە تافی مناڵی
كۆرپەكان فێری تلیاك و
بادەی خوێن بوون
(با) راوەستا لەهاتوچوون
كەس لاشەی خۆی لەبیر نەبوو
گرنگ دەسكەوت و سامان بوو
ئەوەی جگەری دەسووتا
دایكی بەرزی نیشتمان بوو
كوردستانی جەستە ونبووم
ئیتر لانكت
كێ بەرەو خۆی رایدەكێشێ
كێ رۆحی تاراوی خۆزگەت
لەبوخچەیەكا هەڵدەگرێ
كێ بەراستی لەپێناوی تۆدا دەمرێ
دەسكەنەی نیگاو پەرچەم و
سنگت دەكەن
بەتەمان بتكەن بەتاج و
فابریكاو كورسی رەنگاورەنگ
بنوە گوڵم نیشمانی بێ خاوەنم
كێ گوێ دەگرێت لەبالۆرەم
لەئاوازی دواشیوەنم