Skip to Content

چیرۆکی مناڵان\ شازادە میهرەبانەکە.. نوسینی / تارق رسن.. وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە/ فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

چیرۆکی مناڵان\ شازادە میهرەبانەکە.. نوسینی / تارق رسن.. وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە/ فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

Closed
by ئاب 24, 2026 General, Kids Literature
image_print

لە هەیوانی بەرزی کۆشکەکەوە، شازادە ” ئلیانا ” سەیری خەڵکەکەی دەکرد، بە دەستە ناسکەکانی سڵاوی لێدەکردن و دەموچاوە گەشاوەکەیشی بە زەردەخەنەیەکی شیرین دەدرەوشایەوە. خەڵکەکەش بە بینینی شازادە جوانەکەیان کە خاوەن چاوو دڵێکی پاک و میهرەبان بوو، زۆر دڵخۆشدەبوون.

بەڵام باوکیی ، کە سوڵتان بوو، لە خۆشەویستییەکەیدا بۆ ئلیانا زۆر زیادەڕەوی دەکرد؛ بە ڕادەیەک ڕێگری لێدەکرد تێکەڵی خەڵکی ببێت و تەنها لە جەژن و بۆنەکاندا ڕێگەی پێدەدا بیانبینێت، ئەویش تەنها لە هەیوانە بەرزی کۆشکەکەوە. سەرەڕای ئەمەش، شازادە میهرەبانەکە باوکی خۆی زۆر خۆشدەویست و هیوای دەخواست ڕۆژێک ڕێگەی پێبدات بچێتە نێو خەڵک و لێیان نزیک ببێتەوە، چونکە دڵسۆزترین هەستی خۆشەویستی و سۆزی بۆیان هەبوو.

ئەو ڕۆژەی سوڵتان کۆچی دواییکرد و ماتەمینی لە سەرانسەری شانشینەکەدا ڕاگەیەندرا. خەمی شازادە میهرەبانەکە هێندە قورس بوو کە لە ژوورەکەی خۆیدا گۆشەگیر بوو و بۆ باوکی کۆچکردووی دەگریا. لەبەر ئەوەی ئەو کچێکی دڵپاکبوو و خێری بۆ هەمووان دەویست.هەرکاتێک شازادە دەگریا ،بارانێکی بەخوڕیش دەباری ، خەڵکی دەیانگوت : تەنانەت ئاسمانیش خەمبارە بۆ شازادە ئلیانا..

بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار، ڕووبارەکان لافاویان کرد و کۆڵانەکان پڕ بوون لە قوڕ و گۆماو، ئاوی بارانیش چووە نێو ماڵەکانەوە. خەڵکەکە لە زۆری و بەردەوامیی ئەم بارانە بێزار بوون و تووشی ناڕەحەتی بوون. یەکێک لە دانا (حەکیم)ەکان گوتی:

— من دەچمە لای شازادە و چارەسەرێکی گونجاوی پێشنیار دەکەم تا لەم دۆخە بێتە دەرەوە و ژیان بگەڕێتەوە بۆ شانشینەکەمان.

کاتێک داناکە چووە لای شازادە، پێی گوت:

— شازادە میهرەبانەکەمان، خەڵک بەهۆی زۆریی بارانەکەوە تووشی زیانێکی گەورە بوون، کارەکانیان پەکیکەوتووە و گوزەرانیان خراپبووە.

شازادە بە دەنگێکی خەمناکەوە قسەکەی پێبڕی و گوتی:

— بیستنی ئەمە زۆر ئازارم دەدات، بەڵام چیبکەم کاتێک خەم و پەژارەی باوکم وازم لێناهێنێت؟

داناکە گوتی:

— ئامۆژگاریت دەکەم لە کۆشکە بەرزەکەت بێیتە خوارەوە و بەسەر هاووڵاتیانتدا بچیتەوە، ئەوکات خەمەکەت دەڕەوێتەوە و زەردەخەنەش بۆ سەر لێوە جوانەکانت دەگەڕێتەوە.

بەیانییەکی زوو، کاتێک خۆر تاریکیی شەوی ڕەواندەوە، شازادە ئلیانا لەگەڵ وەزیرەکەیدا بە شەقامەکانی شانشینەکەدا پیاسەی دەکرد، دەستی بۆ خەڵکەکە بەرز دەکردەوە، سڵاوی لێدەکردن و هەواڵی دەپرسین. کاتێک بەو شێوەیە دەگەڕا، پیرەمێردێکی بینی کە کۆڵەک دار بە پشتییەوە بوو و بەهۆی قورسییەکەیەوە پشتی چەماوەتەوە. شازادە ڕایگرت و پێی گوت:

— چی ناچاری کردووی بەم تەمەنە گەورەیەوە ئەم کۆڵە قورسە هەڵبگریت؟

پیرەمێردەکە گوتی:

— شازادە میهرەبانەکە، من گەنجیی خۆمم لە خزمەتی سوڵتاندا بەسەربرد، بەڵام کاتێک تەمەنم چووە سەر، وازیان لە خزمەتەکەم هێنا.. ئێستاش هەوڵدەدەم بە دار بڕینەوە و فرۆشتنی لە بازاڕدا بژێوی ژیانم پەیدا بکەم، تا دەست بۆ هیچ کەسێک پان نەکەمەوە.

دڵی شازادە بە بەزەیی و سۆزەوە بۆ ئەم پیاوە پیرە لێیدا، پاشان ڕووی لە وەزیرەکەی کرد و فەرمانی پێکرد کە بۆ هەر پیر و پەککەوتەیەکی بێکار مووچەیەکی مانگانەی گونجاوببڕێتەوە کە حەوانەوە و ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکات.

بەیانی ڕۆژی دواتر، شازادە دیسانەوە چووە نێو هاووڵاتیانی و بەسەر دۆخ و گوزەرانیاندا چوونەوە. خەڵکەکە زۆر دڵخۆش
بوون بە بینینی، ئەویش گوێی لە سکاڵاکانیان دەگرت و پێداویستییەکانی بۆ جێبەجێ دەکردن… لەم نێوەندەدا، چاوی بە کەسێک کەوت کە بە قامچی لە ئەسپێکی بێدەسەڵاتی دەدا کە عارەبانەیەکی پڕ لە کاڵای بە ڕێگایەکی سەختدا ڕادەکێشا.
شازادە ناردی بە دوایدا و لۆمەی کرد لەسەر ئەو دڵڕەقییەی بەرامبەر بەو زیندەوەرە بێتاوانە نواندوویەتی. پاشان فەرمانێکی دەرکرد کە چاودێر هەبن بۆ لێپرسینەوە لە هەر کەسێک کە بێبەزەیی بێت بەرامبەر بە ئاژەڵان و بارێکیان بەسەردا بسەپێنێت کە تاقەتیان نەبێت.

هەر کاتێک شازادە ئلیانا دەگەڕایەوە بۆ کۆشک، دڵخۆشی لە دڵیدا چرۆی دەکرد، ڕێک وەک چۆن تۆو لە خاکێکی بەپیتدا شین دەبێت. دواجار، ئەو گەورەترین بەختەوەریی خۆی لە نێوان خەڵکی سادەدا دۆزییەوە، ئیتر نە ئەو گریا و نە ئاسمانیش لەبەر خەمی ئەو بارانی بە خوڕی باراند.

وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە/ فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next