Skip to Content

کورتە چیرۆک/ ژن، ژیان، ئازادی.. گۆران سەباح

کورتە چیرۆک/ ژن، ژیان، ئازادی.. گۆران سەباح

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 28, 2022 General, Literature

ژن

هەموو جار بە ئازادی و ژیانی خوشکم دەڵێم: لە گیاندارێکی دوو پێوە بوومەتە زیندەوەرێکی هەزار پێ. پێیەکم لە مەتبەخە و پێیەکیشم لەناو جێ: ئەوە جاران بوو. ئێستە پێیەکم لە مەتبەخە، پێیەکم لەناو جێیە، یەکێکم لە ئیشەکەمە لە دەرەوە، یەکێکم لە ڕێی قوتابخانەی منداڵانە بۆ هێنان و بردنیان، یەکێکم لە مۆڵەکانە بۆ کڕینی ئاتاجی ڕۆژ، یەکێکم لە دائیرەی کارەبایە بۆ سافکردنی قەرز، پێیەکم لە نۆرینگەی دکتۆرانە، سەتان پێی تر. جا کە پیاوەکەشم دێتەوە، دەبێ پێی بشێلم.

ژیان

هەموو جار بە ژنی خوشکم دەڵێم: دەمرم و دەژیمەوە کاتێ داوای پارەی ماکسییەک لە پیاوەکەم دەکەم. چا نییە تۆ ئیش و مەعاشی خۆت هەیە و چیت بوێ دەیکڕی. چاوی دەرێ، بۆ بۆی دەشێلی؟ هیچ ماقول نییە ئەو پرچە خاو و پڕەت هەیە و پێی پیاوەکەت بشێلی. دیقەتت داوەتە ڕەنگی؟ شتێک لە پرچتدا بەدی دەکەم. نازانم چییە. ئەوەندە دەزانم دەبێ هەزاران پیاو خزمەتی تاڵێکی پرچت بکەن. توخوا گوناه نییە بەو پرچە سیحراوییەت پێی پیاوەکەت بشێلی؟

ئازادی

هەموو جار ڕێ بە ژن و ژیانی خوشکم دەدەم قسە بکەن. دوای ئەوەی کیسەی دەردەدڵیان بەتاڵ دەبێ و ئیسراحەت دەکەن، وەک دوو بولبول دێنە پێش چاوم قەفەسیان بۆ کرابێتەوە و بفڕن و نەگەڕێنەوە. بە ژن دەڵێم ئەگەر پیاوەکەت سووتاوە بۆت، تۆی خۆش دەوێت و خاترتی دەوێ، ئەوا هەرچی بۆ بکەی هەر کەمە، نەک پێی، هەموو گیانی مەساج بکە. بە ژیان دەڵێم مێردی خۆتە و هیچ شەرمی ناوێ داوای لێ بکەی، مادام ئیش ناکەی، دەبێ ئەوەشت قەبول بێت. هەندێک جاریش بە هەردووکیان دەڵێم: خەتای خۆتانە خۆتان بە پیاودا شۆڕ کردووەتەوە.

ژن

سەت خۆزگەم بە ئازادی، بۆ خۆی بێ پیاو تێیدا دەسووڕێتەوە. حەسوودیم بە ئیش و ماڵ و سەیارەی بنی دێت. لەوسەری دەچێتەو ئەوسەری، پیاوی هەبا، ئەوها دەبوو؟ کە وای پێ دەڵێم، هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەمژێت، دێ لە پشتم دەوەستێ و دەست بە پرچمدا دێنێت و دەڵێت: من ئەو پرچەی تۆم پێوە بێت، هەموو دنیا ڕادەماڵم، تەواوی مرۆڤەکان ئازاد دەکەم. هێشتا قەدری پرچی خۆت نازانی. حەیفە ئەو پرچەت پێوە بێت و حەسوودی بە من ببەی.

ژیان

لاشەی ژن لەسەر تاتەشۆر بوو. پرچیی درێژ درێژ بووبوو. درێژییەکی نائاسایی. ڕۆیی. تەواوی وڵاتی تەنی. پرچی بووە قیڕ، هەرچی شەقام هەیە قیڕتاوی کرد. بووە ئاو، وشکەساڵی نەهێشت. پرچی بووە کارەبا، تەواوی وڵات لەبەری حەسانەوە. بووە قوتابخانە، سەنتەری پزیشکی، بووە دادگە و گەندەڵەکانی قڕ کرد. وامزانی لەبەر چاوی من وایە و خەیاڵ دەکەم، دەستم بە چاوەکانم داهێنا و لێم خشاندن، پاشان کردمنەوە، خەیاڵ نەبوو. دیتم وا پرچی بوویتە وڵات.   

ئازادی

 ژیانی خوشکم ڕاستی دەڵێ، خەون ناگێڕێتەوە. پێم گوت: توخوا حەیف نییە ئێستە هەزاران پیاو لە ژێر سایەی پرچی ژندا دەحەسێنەوە. پرچی ئەو، مانای بە من و هەموو مرۆڤی سەر زەوی بەخشی. دەبێ پرچی ئەو ببێتە ئاڵای ئازادیی هەموومان.

Previous
Next
Kurdish