شیعر لێوه‌كانی خۆی له سه‌ر مه‌مكی به‌غدا داده‌نێ … ئه‌دۆنیس … وه‌رگێڕانی ئه‌مین بۆتانی
Closed
ئه‌دۆنیس (به‌غدا 1969*)
وه‌رگێڕانی
ئه‌مین بۆتانی
- 1 –
- ئه‌مڕۆ رووناكایی له به‌غدا كه‌متر دره‌وشاوه‌یه له چاو دوێنێ،
له چاو ئه‌و رۆژه‌ی گه‌یشتم.
ئایه رووناكییش پیر و په‌ژمورده ده‌بێ؟ - به هێواشی قسه بكه. هه‌ر ئه‌ستێره‌یه‌ك لێره پلان بۆ كوشتنی دراوسێكه‌ی داده‌ڕێژێ.
- به هێواشی؟ مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه هه‌ر وه‌ك چۆن له‌گه‌ڵ مه‌رگدا قسه بكه‌م؟
*
پیاوگه‌لێك روویان بۆ وێنه‌كان وه‌رده‌گێڕن. بۆ وێنه‌گه‌لێك هیچ روخساریان نه‌بێ. روخسارگه‌لێك وه‌ك ئه‌و كونانه‌ی له ته‌ختی بۆشاییدا بن.
پیاوگه‌لێك به جاده‌كاندا رێ ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ڵیانبكۆڵن. وامدێته‌خه‌یاڵ هه‌نگاوه‌كانیان شێوه‌ی گۆڕی هه‌یه.
*
سیاسه‌ت بازاڕێكی وا گه‌وره‌ی هه‌یه گشت بازاڕه‌كان ئیره‌یی پێ ده‌به‌ن.
*
ده‌نگه ده‌نگێك له شانۆكانی ره‌هاوه دێ:
دیواره‌كان – ته‌نانه‌ت دیواره‌كانیش باوێشك ده‌ده‌ن. - 2 –
مێكوتی سیاسه‌ت سندانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه ده‌كوتێ كه لێی دابه‌زیوم.
ئاهه‌نگی ئاپۆرایێك – گه‌ڕه‌ك ساردوسڕ بێ‌باك ده‌كه‌وێته به‌زمی خۆی، سه‌رلێشێواو له هیچوبه‌لاشیی هاتوهاوار.
له دڵی خۆمدا ده‌ڵێم: كه‌ی فێری بێده‌نگی ده‌بین؟ و ده‌پرسم: ئایه به‌هه‌شت بێده‌نگ ده‌بێ؟ ئایه دۆزه‌خ بێده‌نگ ده‌بێ؟ ئایه كه‌سێك هه‌یه بوێرێ فه‌توا بدا؟
پێموایه كاتی هاتووه به گلگامێش بڵێین: هه‌ندێكمانت ته‌فره‌دا، هه‌ندێكیشمانت هێنایه سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی كه ژیان له به‌غدا نهێنیه‌كی هه‌یه و هێشتا چاوه‌ڕێی تۆ ده‌كه‌ین بۆمانی ئاشكرا بكه‌ی. به تایبه‌ت خه‌ریكه هه‌موو شتێك ئه‌وه دووپات ده‌كاته‌وه كه ئه‌م ژیانه هیچ نیه بێجگه له مردنێكی به‌رده‌وام. و سه‌یری شمشێری سته‌مكار بكه چۆن ده‌مه‌زه‌رد ده‌كرێته‌وه و بۆ ملپه‌ڕاندن ساز و ئاماده ده‌كرێ.
له‌و دانیشتنه‌دا: - پرسه‌كه ئه‌وه‌یه به‌كرێگیراوێكی بچووك وه‌ك سه‌گ تۆپێنرا.
- جا به‌كرێگیراوێك چۆن ده‌كوژرێ كه گه‌وره بێ؟
*
ئێستا تێده‌گه‌م چۆن چۆله‌كه‌یه‌ك ده‌ستی ده‌چێته خۆی، له ترسی چه‌كێك هه‌میشه به‌دواوه‌یه‌تی بۆ هه‌ر كوێیه‌ك بفڕێ.
* - هیچ كارێك ده‌كه‌ی؟ چۆن ده‌ژی؟
- له‌و جاده بۆ ئه‌و جاده ده‌خولێمه‌وه. به‌غدا خێرومه‌ندی لێ نابڕێ.
*
سه‌ری ئه‌و جاده‌یه پڕیه‌تی له حیكمه‌ت.
*
كۆترێك – به باڵه ره‌شه‌كانی خۆی بازنه‌یه‌ك به ده‌وری هه‌ردوو لێواری دیجله‌دا ده‌كێشێ.
*
له‌و دانیشتنه‌دا:
كه‌سانێك هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ ئه‌وه تێده‌كۆشێ ببێته تووتی ده‌سه‌ڵات، له هه‌ره ده‌مهه‌راشه‌كه‌ی.
*
به‌غدا هه‌ر هه‌مووی چه‌قه‌دووكه‌ڵه
به‌ڵام، ئه‌ی كوانێ ئاگر؟
*
هه‌ر چه‌ند رۆبچمه منداڵێتیه‌كانی به‌غداوه، زیاتر خۆم و ئه‌وانی دی و گه‌ردوون ده‌ناسم،
و زیاتریش بێزم له ئێستاكه‌ی ده‌بێته‌وه.
* - ” من له ده‌ره‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی – با – ، ئه‌وه‌ی كه‌سوكار بێ نیمه “:
عێراقیه‌ك پێی‌گوتم هاته ئوتێله‌كه به‌مه‌به‌ستی یه‌كترناسین.
*
بۆ یه‌كه‌م جار، زانیم كه لای چه‌پی دیجله، گورگه به‌سه‌ر خوشكه لای راسته‌كه‌ی،
و ئه‌مه‌شیان گورگه به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تره‌وه.
*
ئێستا، له‌م ساته وه‌خته‌دا، وامبه‌خه‌یاڵدا دێ كه له به‌غدا هیچ نابینم
بێجگه له دوو كه‌س:
حه‌للاج به له‌خاچدراوی، و
ته‌وحیدی-یش كتێبه‌كانی فڕێده‌داته نێو دیجله‌وه.
*
به‌غدا پیاوێكی تایبه‌ت به‌خۆی داده‌تاشێ: پیاوێك – چاخانه‌ئامێز.
*
عشتار نه‌خۆشه و تای موته‌نه‌ببی هیلاكی ده‌كا.
*
خه‌ریكه ئاو خۆی له ده‌ست هه‌ردوو لێواره‌كانی دیجله راده‌پسكێنێ.
*
گلگامێش! ئه‌ی كوڕی یه‌كه‌م، ئه‌ی نۆبه‌ره‌ی ئه‌فسانه،
ئایه قژت هه‌ر ئه‌و خاكه ده‌مێنێته‌وه بۆ كۆچ؟
ئایه نه‌گه‌ڕانه‌وه نشتیمان خۆیه‌تی؟
ئه‌ی له دوای تۆ كێ هاوڕێیه‌تی بچڕێ؟
*
لێره، ژیان كاتی خۆی به چاودێریكردنی مردنه‌وه به‌فیڕۆ ده‌دات.
*
ئه‌ندازه‌ی ئه‌و ژن و پیاوانه
بانگه‌شه بۆ ئاشه‌كانی – با – ده‌كا.
*
ئه‌وه خۆر چیه‌تی له به‌غدا؟، هه‌موو رۆژ هه‌ڵدێ و
منداڵێكی كوێری به‌ده‌سته‌وه‌یه!.
*
ئازادی ته‌نیا یه‌ك په‌یكه‌ری هه‌یه، ئه‌ویش: ئازادی یه و به‌س.
*
خه‌ریكه ده‌كه‌ومه گومانه‌وه كه ئه‌با نواس و ئه‌با ته‌مام و نه‌فه‌ری له به‌غدا ژیابێتن.
*
به ته‌نیا جنۆكه‌كان له به‌غدا برسین، سواڵكه‌رن، بێكارن، زیندانین…هتد.
*
لێره، ته‌واو دڵنیاده‌بم كه فه‌رمانڕه‌وا عه‌قڵی خۆی ته‌رخانكردووه بۆ نووسینی
فه‌رهه‌نگی تایبه‌ت به راوكردنی مرۆڤه‌كان و رامكردنیان.
*
ئه‌ی دیجله! من ده‌زانم ئه‌گه‌ر شۆڕش كه‌شتیه‌ك بێ،
تۆ یه‌كه‌مین كه‌سی چارۆگه‌كانی پارچه پارچه ده‌كه‌ی.
له دێر زه‌مانه‌وه، خه‌ڵكانێك له‌سه‌ر لێواره‌كانت ده‌ژیان بڕوایان به یه‌كتاپه‌رستی نه‌بوو، به‌ڵام زۆر زۆر داهێنه‌ر و مرۆڤانه‌تر بوون له‌م نه‌وه یه‌كتاپه‌رستانه‌ی ئه‌وان كه ئه‌مڕۆ ئابڵووقه‌یان داوی.
*
ئه‌مڕۆ خه‌به‌رم بۆوه وه‌ك هه‌ناسه‌یه‌ك له جه‌سته‌ی خۆر هاتبێتمه ده‌ر:
گومانی تێدا نیه – هه‌ر ئه‌و خاتوونه بووه كه گوڵێكی له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌م داناوه، به‌ر له خۆریش گه‌ڕاوه‌ته‌وه ماڵه‌كه‌ی خۆی.
*
له‌و دانیشتنه‌دا:
هه‌ر قسه‌كه‌رێك دڵنیایه له‌وه‌ی كه خۆی ده‌یڵێ راسته. دوا وشه‌ی
یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ش هه‌ر لای ئه‌وه.
هه‌ر شاعیرێك ده‌یه‌وێ پێی بگوترێ: تۆ یه‌كه‌م و كۆتای.
هه‌ر لێمشته و شه‌پۆلده‌دا، به لرفه یه‌كتری ده‌خۆن.
جێم ی هاوڕێم نیشته‌جێی شوێنێكه له كۆشك ده‌چێ. پێی گوتم: زۆر ئاسانتره
ئه‌و ماڵه بڕووخێ له‌وه‌ی یه‌ك په‌نجه‌ره‌ی لێ بكه‌مه‌وه تۆ باسی ده‌كه‌ی.
*
رۆژی به‌غدا چه‌نده قورسه. ئه‌گه‌ر شه‌وه‌كه‌ی نه‌بوایه رێك ده‌بووه زیندان. - له‌گه‌ڵ نه‌زار قه‌بانی. له‌گه‌ڵ تۆ؟ به‌ڵێ، دێین. هه‌ر شوێنێكتان پێخۆش بێ.
هه‌ر كه‌ی پێتان خۆش بوو.
به بوێرییه‌كی دڵنیا قسه‌ی ده‌كرد. كچه هاوڕێكه‌شی گوێی ده‌دایێ، دوو ئاسكی فڕیو له چاوه‌كانیا مه‌له‌یان ده‌كرد. - ئه‌ی ئه‌و په‌چه‌یه چیه؟
- په‌چه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ماڵ. تایبه‌ته به شه‌و.
نه‌ریت زیندانێكی دیكه‌یه له نێو زیندان. - …
ون بوون، به‌ڵام هه‌ر وه‌ك چۆن دوو هه‌ساره ون ده‌بن.
خۆر به په‌یژه‌ی دیجله‌دا سه‌رده‌كه‌وت.
رۆژ خۆی ئاماده ده‌كرد جله سه‌ربازیه‌كانی خۆی بپۆشێ.
شه‌ویش تیره‌كه‌ی خۆی هاویشت و پێكای.
كه‌رخ – سۆمه‌ر و بابل م له‌شێوه‌ی دوو باڵدا بینی – شێوه‌ی دوو ده‌زوو له نێوان
خۆرهه‌ڵات و خۆراوابووندا. شتێكم له شێوه‌ی ئه‌و شه‌پۆله بینی كه پێشوازیی له عه‌شتار ده‌كرد هه‌ر كاتێ قاچه‌كانی ده‌خسته نێو ئاوی دیجله‌وه. هه‌ر خودی عه‌شتارم به‌چاوی خۆم بینی وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی بۆ ئه‌ڤینێكی دی بڕازێنێته‌وه. یان ئاوهام هاته پێشچاو.
* - 3 –
بازاڕی مسگه‌ره‌كان – كچگه‌ل و كوڕگه‌لێك جه‌سته‌یان وه‌ك مێژوویه‌كی لێوان‌لێو له شه‌و ده‌هاته پێشچاو. به رۆژیش خه‌ریك بوو ژه‌نگ به جه‌سته‌ی كاته‌وه بنووسێ.
چه‌ند جۆگه‌له‌یه‌كی سه‌ربه‌ره‌ڵا، ده‌ڕژانه به‌رده‌م دوكان و بازاڕه‌كانه‌وه. بۆن زێرابێك
ئه‌و ناوه‌ی كاس كردبوو.
*
گوێم له چی ده‌بێ؟ ئه‌وه سرته‌ی دیواری خانوه كۆنه‌كانه له په‌نا گوێم: هیچم نه‌ماوه پاسه‌وانیم بكا بێجگه له یاده‌وه‌ری؟ یان ده‌مبینی خه‌یاڵپڵاوم و سه‌رم لێ شێواوه؟
*
بۆچی روخساری به‌غدا له ده‌روازه‌ی گومان نیگار نه‌كه‌م؟
ئاوی دیجله بۆی نیه بڵێ: نه‌خێر.
ملی دارخورماكان بۆیان نیه له‌وه زیاتر لار ببنه‌وه.
نیگارێك بۆ خۆی، بۆ ره‌نگوڕووی نیگار.
مشتومڕم له‌گه‌ڵ ئاوێكه هیچی له‌یاد نیه بێجگه له سه‌رچاوه‌كانی ئه‌و خوێنه‌ی رژاوه‌ته نێوی. ئاوێك هه‌وێنی فرمێسك ده‌شێلێ.
وه‌ك ئه‌وه‌ی مردن ببینم خۆی مه‌ڵاسدابێ بۆ راوكردنی مرۆڤ.
*
ئا له‌م ساته، حه‌زم لێیه، ئه‌وه بڵێم: به‌غدا – نیوه‌ی دارستانه، نیوه‌كه‌ی دیشی بیایان.
هاوڕێ، حه‌زم له‌وه‌شه – به هێواشی – پرسیاری ئه‌وه بكه‌م: - جیاوازی نێوان به‌غدای 1258 و به‌غدای 1969 دا چیه؟
- ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م ته‌تاره‌كان ته‌فروتونایان كرد،
ئه‌وه‌ی دووه‌میش كوڕه‌كانی ته‌فروتونای ده‌كه‌ن.
* - 4 –
چاخانه – نه‌رگه‌له وه‌ك هێشوو له‌و دره‌ختانه شۆڕبوونه‌ته‌وه له هیچ شوێنێكدا ناڕوێن
له خاكی خه‌یاڵدا نه‌بێ.
پیره‌مێردێك به سیپه‌لاكی منداڵیی هه‌ناسه ده‌دات. یه‌كێكی دی ئاخ هه‌ڵده‌كێشێ و زمانی ته‌ته‌ڵه ده‌كا. وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌توانێ گوزارشت له‌و ئاگره بكا له هه‌ناویدا كڵپه‌ی سه‌ندووه. وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌زانێ چۆن ئه‌و ئازاره له‌خۆی ده‌ركا باوكه ئاده‌می بۆی ساز كرد.
چه‌قه دووكه‌ڵێكی ره‌ش له چاخانه‌كه ده‌رده‌چێ – ئه‌وه هه‌ناسه‌ی ئه‌وانه‌یه به‌سه‌ر نه‌رگه‌له‌كانیانه‌وه داكورماون؟ یان خه‌ونێكی دیكه‌یه به بنمیچێكی دیكه‌وه؟ یان ئه‌وه نشتیمانی دووه‌مه؟
هاڵاو و ورته‌ورت له دووكه‌ڵه‌كه به‌رز ده‌بێته‌وه، له شێوه‌ی پردگه‌لێكی وه‌ستاوی نێوان رووداو و یاده‌وه‌ریه‌كاندا: ئه‌وه‌ی روونی بێ نیه، ئه‌وه‌ی نامۆیی بێ نیه.تۆڕگه‌لێك له پیته‌كان تژی باڵه‌فڕكێی ختووره.
له هه‌ر ” به‌ڵێ”یه‌كدا ” نا “یه‌ك هه‌یه.
له هه‌ر ” نا “یه‌كدا پشكۆیه‌ك هه‌یه نازانێ چۆن خامۆش بێته‌وه.
له‌ژێر پێستی ئه‌و چاخانه‌دا، ئۆقیانووسێك له ره‌دكردنه‌وه شه‌پۆل ده‌دا.
*
كتێبخانه – خه‌تی ئه‌و نووسه‌ره خواروخێچه، به‌ڵام وشه‌كانی
راست و دروست. - ئه‌وه نووسه‌رێكه شت دووباره ده‌كاته‌وه.
- هه‌ندێ جار ده‌گوترێ هاوشێوه بۆ ئه‌وه‌ی بگوترێ جیاواز.
- شاعیرێك له شێوه‌ی فریشته.
- ئه‌وه مه‌دحه یان زه‌م؟ فریشته ده‌توانێ چاكه و خراپه بكا. ئه‌هریمه‌ن بێجگه له خراپه ناتوانێ هیچ بكا. كامه‌یان پاكتره؟
- ئه‌وه شاعیرێكی ته‌مومژاوییه.
- ئه‌وه‌ی زوو ئاشكرا ببێ، زووش ریسوا ده‌بێ.
- شیعر؟ نازانم.
جوامێرێك له وێنه‌ی ڤالاهی ئاسمان. ته‌نانه‌ت ئه‌و مه‌لانه‌ش له ئامێز ده‌گرێ
كه لێی یاخی ده‌بن. - پێده‌چێ هه‌ر كه‌سێك لێره، وه‌ك دارخورمایه‌ك وابێ له رۆخی توونی بابای بێئامانی خه‌مۆكی. حه‌سه‌ب شێخ جه‌عفه‌ر گوته‌نی.
- ئایه تۆ گه‌لێكت بینیوه پێویستی به سته‌م بێ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست بكا كه هه‌یه؟
- گه‌لی عێراق؟
- به‌ڵام، ده‌بێ ئه‌و سه‌ركرده‌یه چی بێ به‌سه‌ر ئه‌و پلانانه‌دا هه‌ڵده‌زنێ كه له‌سه‌ر كێوێك له كه‌لله‌سه‌ری مرۆڤه‌كان دایده‌ڕێژێ؟
- دواڕۆژ؟
- بیرت نه‌چێ. ده‌نگت كز بكه. دواڕۆژ كڕكڕاگه‌ی شلۆقی باڵه‌كانی
شه‌مشه‌مه‌كوێره‌یه‌كه. - له وڕێنه‌كانی ببوورن.
- من پیاوی ملكه‌چی و پابه‌ندبوون نیم. فێر ده‌بم چۆن ببمه پیاوی ئازادی. په‌یوه‌ندییش به هۆشمه‌ندییه‌كی یاخییه‌وه بكه‌م، تووڕه و شكستخواردوو. رێك وه‌ك تۆ.
- باشتر وایه باسی ژن بكه‌ی، باسی جوانی. له به‌غدا ئه‌و ژنانه هه‌ن كه به راستی كات نازانێ مه‌ستی دایبگرێ بێ گه‌ر ئه‌وان نه‌بن.
- گه‌ر له شێوه‌ی ئه‌وانیش نه‌بن.
- دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه: با به‌هێواشی قسه بكه‌ین.
- پیاوگه‌لێك با ده‌خنكێنن.
* - 5 –
ژنێك له ماڵێكدا باوه‌ش به په‌نجه‌ره‌یه‌كدا ده‌كات له ته‌ك لێواری دیجله‌وه. ژنێكی رۆشن
له رووناكایی ده‌ترسێ.
دیجله وه‌ك جه‌سته‌یه‌ك وایه عه‌ره‌بانه‌یه‌ك رایكێشێ كه ترس راكێشی ده‌كات.
دیجله سروودی ژوانێكه كه‌مجار كه‌سێك هه‌یه گوێی لێ بگرێ. - چ كاره‌ی؟ چ شتێك داده‌هێنی؟
- دوو گوێچكه بۆ ده‌روازه‌ی ماڵ.
له‌وه‌وه پێویستیمان به بیركردنه‌وه نه‌ما. كه‌سێك هه‌یه شوێنی ئه‌ومان بۆ بگرێته‌وه:
هه‌موو شتێك ده‌زانێ و وه‌ڵامی هه‌موو شتێك ده‌داته‌وه.
هیچ شتێكیش له كیمیای سیاسه‌تدا وه‌ك خۆی نامێنێ:
ئه‌ی كوكوختی، ده‌ته‌وێ ببیته چ جۆره ژنێك؟
ئه‌ی په‌پو سلێمانكه، ده‌ته‌وێ ببیته چ جۆره پیاوێك؟
تۆ ئه‌ی به‌رده‌كه،
هه‌روه‌ها تۆش ئه‌ی قفڵه‌كه، ده‌تانه‌وێ چ جۆره رۆڵێك بگێڕن؟
كه‌شوهه‌وایه‌ك ده‌سته‌واژه‌كان سڕ ده‌كا،
زه‌هریش به‌ناو ده‌ماره‌كانی زماندا ده‌گڤێنێ.
*
بۆچی به‌غدا ته‌نیا یه‌ك رێگای هه‌یه،
له كاتێكدا رێگاكان ئه‌وه‌نده زۆرن له ژماردن نایه‌ن؟
به‌غدا وا دێته پێشچاو قه‌فه‌زێكبێ له ده‌سته‌واژه، مرۆڤ فریای ئه‌وه ناكه‌وێ لێی ده‌رچێ، ئه‌و وه‌ك شه‌ویلاگی دڕنده ده‌كرێته‌وه و قه‌پی پیا ده‌كا.
*
وه‌ك بڵێی عه‌قڵ ئێستا ته‌نیا بۆته په‌تێك به ده‌وری ملدا.
*
رۆژگار به بینینی ره‌نگی سوور مه‌ست ده‌بێ،
هه‌ڵبه‌ت بێ ئه‌وه‌ی ره‌نگی خوێنی لێ به‌ده‌ركه‌ین.
*
كات وه‌ك جه‌سته‌یه‌ك وایه ئه‌ندامه‌كانی یه‌كتری قووت بده‌ن.
*
ئه‌وه خۆره كه له‌سه‌ر جاده‌كان ده‌تلێته‌وه.
*
ئه‌بو حه‌نیفه، شافعی، مالك، ئیبن حه‌نبه‌ل – هه‌ر یه‌كه‌یان شوقه‌یه‌كیان له ئاسمان پێدرا، وه‌ك راكردنێك له‌ده‌ست ئه‌م جیهانه. ده‌شگوترێ: هه‌ر یه‌كه‌یان نه‌مریی خۆی له‌و شوقه به‌هه‌شتیه‌دا ته‌رخانكردووه بۆ نووسینه‌وه‌ی ئه‌و كتێبانه‌ی زه‌می دنیا و گوێرایه‌ڵیی بۆ”ئولی ئه‌مر” له‌خۆ بگرێ.
ئه‌ی ئه‌م تارا ره‌نگ پیرۆزه‌ییه چیه حه‌زره‌تی قادری گه‌یلانی داپۆشیوه؟ - به‌غدا وه‌ك به‌هه‌شت وایه!
- مرۆڤ به‌هه‌شته، نه‌ك شوێن.
* - ئایه ده‌ته‌وێ لێره بمێنیته‌وه؟
كه‌واته، ناوكێكی دی له شوێنی ناوكی خۆت دابنێ، سه‌ر- یشت بگۆڕه.
*
ده‌نگی ئامێرگه‌لێك ڤالاهی ئاسمانی ته‌نیوه.
له زانستی رواڵه‌تدا كه شه‌پۆلی ئه‌و ده‌نگه په‌خشی ده‌كا هاتووه، به‌غدا دایكێكه كۆرپه‌له‌كان له‌نێو سێبه‌نده‌یدا ده‌ڕسكێن، دواتر كۆرپه‌له دێته ده‌ره‌وه و نوێژ بۆ فه‌رمانداری سه‌ركه‌وتوو ده‌كا.
دیسان له زانستی رواڵه‌تدا باسكراوه ئه‌و جله‌ی بۆ یه‌كه‌مجار به‌ر جه‌سته‌ی كۆرپه‌له ده‌كه‌وێ، هه‌ر به‌ده‌ستی فه‌رمانداری سه‌ركه‌وتوو ده‌دوورێ.
هه‌ر له زانستی رواڵه‌تدا هه‌یه كه به‌غدا ماڵێكه بۆ مێرووله‌كانی كۆست، منیش سه‌رپێچیم كرد و ده‌ركرام.
*
ئایه له‌سه‌رم پێویست بوو واقیع ره‌د بكه‌مه‌وه و هه‌موو كاته‌كه‌م له‌گه‌ڵ مومكندا به‌ڕێ بكه‌م؟
ئایه پێویست بوو به‌ئاشكرا بڵێم: هه‌ر ده‌نگێك له به‌غدا زغته ركێبی خۆی هه‌یه؟
*
ده‌نگی ئامێرگه‌لێك ڤالاهی داگیركردووه.
به‌ناو گشت به‌شه‌كانیدا رۆده‌چێ،
گوێم له‌وه‌شه كه كات و بۆشایی و ده‌سه‌ڵات و ته‌رمه‌كانی پێ راڤه ده‌كا، هه‌روه‌ها ئاینده‌ش.
ئاواهی ئاراسته و ئاسۆكان رێك‌وپێك ده‌بن، به‌پێی رووناكاییه‌كی دی:
وڵات له‌مێستا به‌دواوه،
تیرێكه كه‌وانه‌كه‌ی كورسی سوڵتانه.
*
مه‌له‌كان – برینن به داره‌وه،
ئه‌و گوڵه‌یه‌ش كه ژێیه‌ك بو له بۆن
له نێوانی خۆرهه‌ڵات و خۆراوابووندا،
ئه‌ستۆیه‌كه ده‌چه‌مێته‌وه و برژانگێكه ده‌شكێ.
ئه‌وه‌ی بروسكه‌ش بێ به‌دیناكرێ بێجگه له هه‌وری نه‌زۆك.
*
تینوێتیه‌ك جه‌سته قه‌د ده‌كا وه‌ك قه‌دكردنی كاغه‌ز،
له‌هه‌ر ساتێكیش،
له‌شێوه‌ی چرا جادوو هه‌ناوی مێژووی لێ وه‌ده‌ر دێ.
* - 6 –
به‌پاڵكه‌وتوویی له‌سه‌ر رۆخی نوێنه‌كه‌م له ئوتێل (ناوه‌كه‌یم بیرچوو)،
گوێم له ده‌نگی كاتژمێرێكی نامۆیه،
وه‌ك بڵێی له هه‌وكی دارخورمایه‌ك شۆڕ بۆته‌وه خه‌ریكه وشك ده‌بێ.
كات دوازده‌ی شه‌وه.
شه‌وێك بێداره له نێو ده‌سته‌كانی دیجله‌دا. كۆخه‌كۆخی ئاو دێته به‌ر گوێم، لێواره‌كانیش ده‌گرین. ئه‌ی شه‌وه‌كه من ئاگادارت ده‌كه‌مه‌وه له تاریكستانه‌كانی خۆم. ئێوه‌ش ئه‌ی شاره فورات نشینه خه‌وتووه‌كان سڵاوتان لێ بێ.
زاره دۆشداماوه‌كه‌ی خۆم، فڕێده‌ده‌مه سه‌ر ته‌ختی رووداوه‌كان. چاوه‌ڕێ ده‌كه‌م، ورد ده‌بمه‌وه، بۆم ده‌رده‌كه‌وێ كه رووداوه‌كان داشی سواریان هه‌یه.
چی بكه‌م؟ كۆڵ بده‌م؟ ئایه ئاوا بمێنمه‌وه و هه‌ر پرسیار وه‌ك به‌ردێك گلۆر بكه‌مه‌وه كه بۆم هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه؟ و خه‌ریكه ده‌مكا به‌ژێره‌وه؟
تۆش ئه‌ی سه‌ری خۆم – پێمبڵێ ئه‌و گه‌رده‌لووله‌ت له‌كوێ بوو، كه نایه‌وێ ئارامبێته‌وه؟
* - 7 –
شیعر لێوه‌كانی خۆی له‌سه‌ر مه‌مكی به‌غدا داده‌نێ…
به‌غدام به‌جێهێشت و هه‌ر له‌گه‌ڵ خۆم ده‌مگوت كه شاره‌كان هه‌ندێ جار خه‌ونی گۆڕانكاری دێنن و به خشپه‌یی ده‌یانخه‌نه نێو ماڵه‌كانی خۆیانه‌وه هه‌روه‌ك یارێكی نهێنی. ئه‌وه‌شم بیركه‌وته‌وه كه له هیچ شوێنێك نه‌مبینی وشه‌كانیش به‌ده‌وری خوانه‌كاندا دانیشن بۆ خواردن وه‌ك ئه‌وه‌ی له به‌غدا بینیم هه‌موو شتێك هه‌ڵده‌لووشن. به گۆشت و چه‌ور و ئێسقانه‌وه. ئه‌وانه‌ی له‌دایكبوون، ئه‌وانه‌ی مردن و ئه‌وانه‌شی هێشتا له‌دایكنه‌بوون.
له‌وێ ئه‌وه‌شم بینی كه چۆن زمان ده‌بێته سوپایه‌كی بێ‌شومار له ئاژه‌ڵی دڕنده. من تا ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ش له ساڵی 1969، كه سه‌یری “ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق”م ده‌كرد، زۆر هیلاك ده‌بووم تاوه‌كو بتوانم جیاوازیی بكه‌م له نێوان مرۆڤ و ئه‌هریمه‌ن و خوداوه‌ند. له‌وانه‌یه هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه بووبێ كه من له به‌غدا بێجگه له سه‌رما هه‌ستم به هیچ شتێكی دی نه‌كرد، هه‌ڵبه‌ت له‌و كاته‌ی له باوه‌شی خۆر بووم.
به‌ڵام، به‌ڵام،
ئه‌ی شیعر، داینێ
لێوه‌كانت له‌سه‌ر مه‌مكی به‌غدا.
(به‌یرووت 1969)
………………………………………………………………………………………………….. - له ساڵی 1969 وه‌ك ئه‌ندامێكی شاندی یه‌كێتی نووسه‌رانی لوبنان به سه‌رۆكایه‌تی سوهێل ئدریس چووم بۆ به‌غدا به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌بوون له كۆنگره‌ی یه‌كێتی نووسه‌رانی عه‌ره‌ب. نه‌زار قه‌بانیش ئه‌ندامی وه‌فده‌كه بوو. له‌وێ چه‌ند رۆژێك مامه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌شداریی له چالاكیه‌كانی شاند و كۆنگره‌كه‌دا بكه‌م، حه‌ز ده‌كه‌م هۆكاری ئه‌و به‌شدارینه‌كردنه‌شم هه‌ر لای خۆم بێ و باسی نه‌كه‌م.
ئه‌وه‌ش تاكه سه‌ردانم بووه بۆ به‌غدا.
ئه‌و ده‌قه‌ی ئه‌مڕۆ بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه له میانی ئه‌و سه‌ردانه‌مدا نووسراوه، كه له‌گه‌ڵ هه‌ندێ ده‌ستكاریی بۆ جاری یه‌كه‌مه بڵاو ده‌بێته‌وه. بۆ دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ر شیكاری و راڤه‌كردنێكیش كه هه‌ندێ كه‌س حه‌زیان لێیه‌تی، ئه‌وه ده‌ڵێم كه ئه‌م ده‌قه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك حوكمدان نیه به‌سه‌ر گه‌لی عێراقدا وه‌ك گشت، به‌ڵكو هه‌ڵێنجانی لێوردبوونه‌وه‌یه سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداران، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌و “كه‌ش”ه رۆشنبیری و سیاسییه‌ش كه خه‌ڵكانێك له‌و قۆناغه‌دا ده‌یانویست له گۆشه‌نیگای ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتدارانه كاری بۆ بكه‌ن.