فێربوون له عه‌قڵی ناڕێك و پێكی ئێمه‌دا … محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن
فێربوون هه‌م هۆكاره و هه‌میش ئامانج، ئه‌و كاته هۆكاره كه كه‌س بیه‌وێ زیاتر بزانێ و زۆرتر له زانیاری له ماوه‌ی ژیانی خۆی كۆكاته‌وه، ئه‌و كاته‌ش ستراتیژه كه‌س بیه‌وێ ژیانێك بۆ خۆی بسازێنێ به‌قه‌د ئه‌و مانایانه بێ كه خۆی داویه‌ته ئه‌و ژیانه.
فێربوون پڕۆسێسێكی نه‌وه‌ستاوه، ئه‌و كاته ده‌وه‌ستێ كه كه‌س ژیانی كۆتایی پێدێ، له كرده‌ی فێربووندا سێنته‌ر و كه‌نار، یا ناوه‌ند و چێوه، یا روونتر بڵێین فێركه‌ر و فێربوو دوو بوونه‌وه‌ری تا هه‌تایی له‌و هه‌ڵوێست و فینۆمینۆیهدا نین و نامێننه‌وه، فێركه‌ر تاهه‌تایه فێركه‌ر نیه هه‌میشه خۆی به پیرۆز تێبگات و پێیوابێ ئه‌وه‌ش كه لێی فێر ده‌بێ تاهه‌تایه قوتابی ئه‌وه. كرده‌ی فێربوون كارلێكێكی به‌رده‌وامه له نێوان تاكه‌كاندا و ئه‌وه ههڵوێستهكانن بۆ ماوه‌یه‌ك و به گوێره‌ی هه‌ڵوێسته‌كه ناسنامه‌ی فێركه‌ر به كه‌سێك ده‌ده‌ن و بۆ ماوه‌یه‌كیش به فێربوو یا فێرخوازی ده‌ده‌ن.
له فێربووندا گۆڕانێك له ڕه‌فتاری كه‌سێك كه ده‌یه‌وێ یا ویستوویه‌تی فێری بابه‌تێكی تازه بێ رووده‌دات و ده‌رده‌كه‌وێ، ئه‌م گۆڕانه به‌ر له هه‌ر كه‌سێك خودی فێرخواز هه‌ستی پێده‌كا ئینجا فێركار له كردارێكی هه‌ڵسه‌نگاندندا ئه‌م ڕاستیه كاتیه‌ی بۆ ده‌رده‌كه‌وێ. مرۆڤ به ئاماده‌باشیه جینیتیكیهكهی بۆ فێربوون گره‌وی خۆی له هه‌موو بوونه‌وه‌ره زیندووه‌كانی تر له‌سه‌ر زه‌وی برده‌وه، ئه‌م ئاماده‌باشیه بۆ فێربوون له مرۆڤدا نه‌بوایه، ده‌بوایه به میكانیزمی تر و بژارده‌ی تر به‌رگری له بوونه بیۆلۆژیكیهكهی خۆی كردبایه. فێربوون هه‌م بوونه هۆشمه‌نده‌كه‌ی مرۆڤ ده‌پارێزێ و هه‌میش بوونه بیۆلۆژیكیهكهی.
ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ تاك ئه‌م ئاماده‌باشیه بۆماوه‌ییه له چالاكیی بوه‌ستێنێت و كرده‌ی فێربوون هیچی له گۆڕانكاری نه‌چێته سه‌ر، ئه‌وا پڕۆسێسه‌كه وه‌ك داینامیزم ده‌وه‌ستێت و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ته‌نها (خوو) هو به‌س، كه‌واته فێربوون كرده‌یه‌كی سه‌رتاپای بزۆز و نه‌وه‌ستاوه و په‌یوه‌سته به هه‌ناسه‌دان له ڕووی بیۆلۆژیكیهوه و به هوشیاری و په‌یبردنیش له ڕووی سایكۆلۆژیه‌وه، واته تاك تا هه‌ناسه بدات و بداته‌وه و هه‌تاوه‌كو هۆشیشی مابێ و هه‌ستیار بێ ئه‌وا بواری فێربوونی هه‌ر هه‌یه و ماوه.
تاك جگه له‌وه‌ی بوونێكه تا هه‌بێ ده‌بێ فێربێ شتێكی تر نیه له چوارچێوه‌ی بوون و نه‌بوون، ده‌بێ فێر بێ بخوات و بخواته‌وه و بجولێ و بحه‌سێته‌وه، پێكهنێ و بگری، هه‌ستێ و دانیشێ، قسه بكات و بێده‌نگ بێ، خاوێن بێت و جوان ده‌ركه‌وێ، بیر بكاته‌وه و خه‌یاڵ بكا، سه‌یركات و بۆن بكا، چێژ ببات و ئازار بناسێته‌وه، ده‌بێ فێر بێ بزانێ و په‌ی به نه‌زانی خۆی به‌رێ، فێربێ خواسته‌كانی خۆی بدركێنێ و چۆن چۆنی ده‌یانگاتێ، فێری ئه‌وه بێ به‌رانبه‌ره‌كانی حه‌ز و ئاره‌زوویان له چیه و له چیش بێتاقه‌ت و كه‌یف ناساز ده‌بن. مرۆڤ ده‌بێ فێر بێ به ڕێگاوه بڕوات چ پیاده بێ و چ سوار، سه‌رنج بداته شت و سه‌رنجی خه‌ڵك بۆ خۆی ڕاكێشێ. ده‌بێ فێر بێ چۆن له‌گه‌ڵ خۆی ده‌دوێت و چۆن چۆنیش له‌گه‌ڵ خه‌ڵك، چۆن ده‌چێته نێو دیبه‌یت و چۆنیش لێیدهردهچێ، چۆن ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ و ده‌یخوازێ و بیری لێده‌كاته‌وه ده‌یڵێ یا ده‌ینێرێ و چۆن چۆنیش كۆنتڕۆڵی ئارامی ده‌كات تاوه‌كو هه‌رچی لهبهرانبهرهكانیهوه ده‌رده‌چێ لێیان حاڵی بێ.
ده‌بێ فێری نووسین و وێنه‌كێشانی پیته‌كان بێ بۆ ئه‌وه‌ی بخوێنێته‌وه و بناسێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی حه‌ز و ویست و مه‌یل و دواتر هزری خۆی بكاته پیت و دواتر وشه و پاشان له ڕسته‌ی ته‌واو و هاوسه‌نگدا ده‌نگ و قسه‌یان لێ درووست بكا، بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی بیركردنه‌وه‌كانی خۆی له پڕۆسێسێكی سیمبولیزهكردندا بگوازێته‌وه سه‌ر كاغه‌ز و شاشه و جوان و جوانتر ده‌ركه‌وێ. بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی بیركردنه‌وه‌كانی خۆی له كرده‌یه‌كی ڕووبه‌ڕووی ده‌نگییدا بۆ به‌رانبه‌ر بنێرێت و جوانترین و ماقولترین نامه‌یان لێ بسازێنێ.
فێربوونی نووسین و خوێندنه‌وه هه‌ر بۆ ئه‌وه نیه تابلۆكانی سه‌رشه‌قام و نامه‌ی نێرهرهكانی پێ بخوێنیته‌وه و بزانی چین و چیان ده‌وێ، فێربوونی نووسین و خوێندنه‌وه بۆ ئه‌وه‌یه بیركردنه‌وه‌كان له‌به‌ر ده‌م و چاو و گوێكان بگوازرێنه‌وه دوورترین شوێن و زه‌مه‌ن و به هانای بیركه‌ره‌وه بچن تا ناكۆتاكان له گه‌ردوون. فێربوون بۆ ئه‌وه نیه وه‌ك باوكمان بخۆین و وه‌ك ئه‌و بخه‌وین و بخۆینه‌وه و بچینه زینده خه‌ون و خه‌یاڵه‌وه، بۆ ئه‌وه نیه وه‌ك ئه‌و یا هه‌ر كه‌سێكی دیكه له ده‌ورمان بجولێین و بجولێینه‌وه، بۆ ئه‌وه نیه له‌سه‌ر هه‌مان ئاوازه‌كان بخوێنین و بڵێینه‌وه، خۆ ئێمه قاز و قورنگ و مراوی و له‌قله‌ق نین تا ئه‌به‌د له كوێستانه‌وه بۆ گه‌رمێن و له گه‌رمێنه‌وه بۆ كوێستانان بچین و بگه‌ڕێینه‌وه، پشیله نین تا ئه‌به‌د بمیاوێنین و بۆسه له مشك دانێینه‌وه، گورگ نین تا ماوین تاو بده‌ینه ڕانه مه‌ڕ و بزنان و نیوه‌یان لێ كه‌ت و په‌ت كه‌ین و هه‌ر بایی سكی خۆشمان بخۆین.
ته‌یرو تواڵ نین هه‌ر یه‌ك جۆره ده‌نگمان لێ بێته ده‌ر و له‌ویش زیاتر هیچی تر نه‌زانین، گوێدرێژ نین هه‌ر له سێ‌چوار وشه تێبگه‌ین و ته‌نها پڕمه پڕم له لێومان و زه‌ڕه زه‌ڕ له ده‌ممانه‌وه ده‌رچێ، و………………….تاد.
ئێمه مرۆڤین بۆ ئه‌وه ئاماده‌ین فێربین و نه‌زانراوه‌كان بزانین، هه‌ر كه‌سه‌مان خۆمان بین و په‌ی به خۆیه‌كانی تر به‌رین، خۆمان بناسین و تواناكانمان بپشكنین و بزانین چه‌ندمان له‌باردایه و تا چه‌ندیش توانا‌مان هه‌یه فێربین، تواناكانمان تا چه‌ند بڕ ده‌كه‌ن و بۆچی باشن و ده‌گونجێن. ده‌بێ فێربین په‌ره به توانا هزری و جه‌سته‌ییه‌كانی خۆمان بده‌ین و په‌ی به زه‌مه‌ن وه‌ك گۆڕاوێكی هه‌میشه‌یی و شوێنیش وه‌ك گۆڕاوێكی هه‌میشه‌یی تر به‌رین، پێویسته فێری ئه‌وه بین كات و شوێن دوو ڕه‌هه‌ندی جیانه‌بووه‌وه بن له یه‌كتر و له خۆمان و هه‌میشه و له‌هه‌ر دهركهتنێكمان و له‌هه‌ر بهركهوتنێكمانیشدا به‌رده‌وام به تازه‌یی ده‌ركه‌ون و شت و شێوازهكانمان له دیارده‌ی تردا بۆ بنه‌خشێنن.
مرۆڤ ده‌بێ فێری ئازادی بێ وه‌ك یه‌كه‌م وانه له ژیانیدا، ژیانكردن مه‌رجی ئازادی له‌گه‌ڵدایه، ژیان پڕۆسێسێكی زۆر تایبه‌ت و تاكانه‌یه، ههركهسهمان له‌خۆماندا ده‌ژین و بۆ خۆشمان ده‌ژین و ژیانیشمان په‌یوه‌سته به ژیانی ئه‌وانی تر ڕێك وه‌ك خۆمان، ژیان كرده‌یه‌كی درێژخایه‌نه و ده‌بێ فێری بین، ده‌بێ كه‌سانی تر له‌سه‌ر ئه‌وه ڕابێنین كه بژین و ڕێزی ژیانی خۆیان و كه‌سانی تر بگرن و بزانن.
فێربوونی ئازادی ته‌نها درووشمێكی شۆڕشگێڕانه‌ی نه‌ریتیانه نیه و سنووره‌كانی له گه‌رمكردنی مه‌جلیسی قسه و گوتاره حه‌ماسیه شۆڕشگێڕیه‌كان ده‌رنه‌چێ، ئازادی وه‌ك وانه و وه‌ك پڕۆگرام و وه‌ك ئامانجی كورتخایه‌ن و درێژخایه‌ن له سیستمی په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوریماندا ده‌بێ ڕه‌نگ و ده‌نگ بداته‌وه، ده‌بێ تاكه‌كان فێری ئه‌وه بن هۆشیار بن به ئازادی خۆیان، له‌كوێ یا چ كاتێ مه‌ترسی هاته سه‌ر سنووره‌كانی ئازادییان په‌ی پێبه‌رن و ده‌ستنیشانی كه‌ن و ڕایگه‌یه‌نن.
ئازادبوون به‌ر له‌وه‌ی كرده‌یه‌كی یا ئامانجێكی ده‌سته‌جه‌معی گشتگیر بێ، پڕۆسێسێكی هزری و په‌روه‌رده‌یی تاكانه‌ی درێژخایه‌نه و به تێپه‌ڕینی كات و قۆناغ به قۆناغ كاریگه‌ری و نیشانه‌كانی له‌سه‌ر خودی كه‌سه‌كان ده‌بینرێنه‌وه، من پێموانیه كۆمه‌ڵگه‌ی ئازاد به بێ تاكی ئازاد هه‌بێ، یا تاكی ئازاد هه‌بێت و كۆمه‌ڵگه‌كه‌شی نائازاد بێ، ئه‌م دوانه‌یه به‌یه‌كه‌وه جه‌ده‌لیه‌ت و داینامیزمێكی هاوسه‌نگ و هه‌ندێ جاریش لاسه‌نگ پێكده‌هێنن، لاسهنگیهكهی ئه‌وه‌یه ئازادی له پێتهرازوویهكیاندا باری شڕ و له‌نگ بێت، به‌ڵام هاوسه‌نگیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه چ تاك چ كۆ له دۆخێكی ئازادی‌دا بیبه‌نه سه‌ر و هه‌ردوو جه‌سته‌كه(تاك و كۆ) بۆ یه‌كتر و له‌نێو یه‌كتر و له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌ڵسوڕێن. جیا له‌وه بابه‌تێك نیه ناوی ئازادی بێت و ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌نها له چوارچێوه‌ی جوانكاریه‌كانی گوتاره و به‌س و نه‌په‌ڕیوه‌ته‌وه به‌ری ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وته‌وه.
ده‌بێ فێری ئه‌وه بین كه ئازادی له سیستمدا فه‌راهه‌م ده‌بێت، من وه‌ك كه‌سانێكی بیركه‌ره‌وه‌ی په‌راوێزنشین پێموانیه ئازادی ته‌نها له ده‌ره‌وه‌ی سیستم و چاودێریه‌وه دێته دی، چاودێری و سیستماتیزه‌كردنی ژیان ده‌بێ بۆ ئه‌وه بێ تا ماوین وه‌ك مرۆڤ، وه‌ك بوونێكی هوشیار و عاقڵ ڕێز له ئازادی بگرین و ئه‌م سه‌روه‌ریه كه له‌سه‌رووی هه‌موو سه‌روه‌ریه‌كانی تره بپارێزین و هه‌رچی هه‌یه له خواره‌وه‌ی ئه‌وه و له پێناوی به سه‌روه‌ری هێشتنه‌وه‌ی ئه‌وه.
ئازادی هزر و په‌یوه‌سته به گه‌شه‌كردنی هزری مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه‌وه، نه‌شونماكردنی هزر كه‌ش و فه‌زای ئازاد دێنێته ئارا و دواتر له ئازادیشدا ئازادی تادێ هێز وه‌رده‌گرێت و سه‌رتاپای بوونی تاك بوونێكی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد و ساغ و ته‌ن و دهرووندرووست ده‌بێ. من پێموایه هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك نه‌یتوانیوه ئه‌و وێنه جوانانه‌ی بۆ ئازادی له نێو هزر و زه‌ینی بیرمه‌ند و گه‌وره هزرواناندا هه‌بووه وه‌ك خۆی له‌سه‌ر زه‌وی بنه‌خشێنێته‌وه، تا ئاستێكی زۆر له دوای دووه‌م جه‌نگی جیهانی چه‌ند وڵات و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك تابلۆی جیاجیایان بۆ ئازادی تاك و كۆمه‌ڵگه‌كانی خۆیان نه‌خشاند، به‌ڵام هه‌ر نه‌گه‌یشتنه ئه‌و وێنه ئینسانیه باڵایانه‌ی ڕێچكه و قوتابخانه فیكری و فه‌لسه‌فیه‌كان پێیانوابوو دێنه دی ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجه له‌گه‌ڵ یهكگونجاوهكانیان بۆ بێته دی.
له كۆمه‌ڵگه‌ی خۆشمان ئه‌م وێنانه هه‌ر له‌سه‌ر كاغه‌زه‌كان ماونه‌ته‌وه و نه‌په‌ڕیونه‌ته‌وه مێشكی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست و جڵه‌و به ده‌سته‌كان. ئه‌م هزره پێویستی به په‌روه‌رده و فێركردنێكی له سیستم داڕێژراو هه‌یه و هه‌روا به گۆتره نایه‌ته دی.