Skip to Content

قۆرخکاریی هزری و مەرگی ڕۆژنامەگەری.. ستار ئەحمەد

قۆرخکاریی هزری و مەرگی ڕۆژنامەگەری.. ستار ئەحمەد

Closed
by تەممووز 7, 2026 General
image_print


لەو ڕۆژەوەی مرۆڤایەتی یەکەمین ڕاپەڕینی بیرکردنەوەی خۆی لە ڕێگەی پیتی چاپکراو و لاپەڕەی ڕۆژنامەکانەوە ڕاگەیاند، فەلسەفەی بوونی ڕاگەیاندن لەسەر بنەمای بوونی بە پردێک لە نێوان جیاوازییەکاندا داڕێژرا. ڕۆژنامەگەری لە بنەڕەتدا هاواری دەرەوەی دیوارەکان بوو، سەنگەرێک بوو بۆ ڕاکێشانی دەنگە پەراوێزخراوەکان بۆ ناو جەرگەی مێژوو. بەڵام کاتێک سەکۆیەکی بەناو ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن دەبێتە قەڵایەکی داخراو و مۆڵگەیەکی تەسکی تاقمگەرایی، ئیدی ئێمە لەبەردەم مردنی پەیامەکە و لەدایکبوونی دیاردەیەکی کوشندەداین کە قەڵەم دەکاتە قامچی و پیت دەکاتە کۆت و زنجیر. ئەوەی ئەمڕۆ لەژێر سێبەری هەندێک بڵاوکراوەدا دەگوزەرێت، نەک هەر لادانە لە ئەلفوبێی ڕەوشتی پیشەیی، بەڵکوو جۆرێکە لە چەتەیی بیرکردنەوە و قۆرخکاریی پووچ کە لە تەواوی مێژووی شارستانییەتدا، هیچ وڵات، سەردەم و دەسەڵاتێک، گرووپێکی ڕاگەیاندنی بەم ڕادەیە لە داخران، کینە و بچووکبینی بەخۆیەوە نەدیوە. لێرەدا ڕۆژنامە ئیتر نەک هەر ئاوێنەی کۆمەڵگە نییە، بەڵکوو تەنها ئاوێنەیەکی تەڵخی سەر مێزی دەستەیەکی دیاریکراوە کە تێیدا پیاهەڵدان بە باڵای خۆیان و کۆمەڵە ڕامیارییەکەیاندا دەکەن.
ئەم مۆدێلە لە ڕاگەیاندن، فەرمانڕەواییەکی بیریی کۆمەڵەیی و کەسیی وای دروستکردووە کە تێیدا هێڵە سوورەکان نەک بەپێی یاسا و ڕەفتار، بەڵکو بەپێی میزاجی چەند کەسێکی ناو دەستەی نووسەران دیاری دەکرێن. ئەگەر سەیری لاپەڕەکانی ئەم جۆرە ڕۆژنامانە بکەیت، تەنها و تەنها ناوی چەند کەسێکی دووبارە دەبینیتەوە کە وەک بازنەیەکی بەتاڵ بە دەوری یەکدا دەسووڕێنەوە؛ ئەوان بریتین لە دەستەی ڕۆژنامەکە خۆیان، برادەرە نزیکەکانیان، ناسیاو و هاوپیاڵەکانیان، و لایەنگرە توندڕەوەکانی کۆمەڵە ڕامیارییەکەیان کە ئەرکیان تەنها ڕازاندنەوەی کورسییەکانی دەسەڵاتی بیریی تاقمەکەیە. لەم جیهانە بچووکەدا، گرنگ نییە تۆ چەندە خاوەنی بیرێکی قووڵ، زمانێکی پاراو، یان دیدگایەکی فرەڕەهەندیت، گرنگ ئەوەیە ئایا لەو بازنە مۆرکراوەدا جێگەت دەبێتەوە یان نا….؟
ئایا ئامادەیت ببیتە دەنگدانەوەی دەنگی ئەوان یان نا…….؟
تەنانەت یەک نووسەری دەرەوەی ئەم باندە، یەک دەنگی ڕەسەن کە نەیەوێت کڕنووش بۆ خێڵە ڕێکخراوەییەکەیان ببات، فەزای پێ نادرێت و هێڵێکی ئەستووری ڕەشی بەسەردا دەهێندرێت.
ئەم مامەڵە نادادپەروەرانە و کینەدارییە تەنها پەراوێز خستن نییە، بەڵکو جۆرێکە لە سەرکوتکاریی ڕۆشنبیری کە دژی هەر جیاوازی و داهێنانێک دەوەستێتەوە. کاتێک پێنووسێکی سەربەخۆ یان بابەتێکی بەپێز دەگاتە دەستیان، لەبری ئەوەی بە پێوەرە وێژەیی و زانستییەکان هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، بە چاوێکی پڕ لە ڕق و گومانەوە سەیری دەکەن. ئەوان وا ڕاهاتوون کە ڕاستی تەنها لە گیرفانی ئەوان و لە چوارچێوەی دروشمە کۆمەڵەیییەکانیاندایە، بۆیە هەر دەنگێکی دەرەکی لای ئەوان وەک هەڕەشەیەک دەبینرێت بۆ سەر ئەو پاشایەتییە کاغەزییەی بۆ خۆیانیان دروستکردووە. شێوازی دژایەتیکردنیان بۆ دەنگە جیاوازەکان هێندە نامرۆڤانە، نادروست و ناتەندروستە کە هیچ دەقێکی مێژوویی ناتوانێت نموونەیەکی هاوشێوەی ئەم داخرانەمان پێشان بدات. تەنانەت لە سەردەمی تاریکترین ستەمکارییەکانی مێژووشدا، ڕۆژنامەکان ناچار بوون بۆ پاراستنی ڕووی خۆیان شوێنێک بە دەنگە دەرەکییەکان بدەن، بەڵام ئەم گرووپە گەیشتوونەتە ئاستێک لە نەخۆشیی هزری و خۆپەرستی کە پێیان وایە مرۆڤایەتی تەنها لەواندا کورت بووەتەوە.
ئەم جۆرە ڕەفتارانە مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دەکات؛ چۆن دەکرێت مرۆڤ گەورەیی بیر و جوانیی وشە کورت بکاتەوە لە بەرژەوەندیی تەسکی چەند ناسیاو و برادەرێکدا……؟
چۆن ویژدانی ئەدەبی ڕێگە دەدات لاپەڕەکانی ڕۆژنامەیەک ببنە پاوانی خێڵەکی و کەرەستەی بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری…….؟
ئەوان بەم هەڵسوکەوتە نزمەیان، نەک هەر سووکایەتی بە مێژووی ڕۆژنامەگەری دەکەن، بەڵکوو گەورەترین خیانەت لەو خوێنەرە دەکەن کە بە هیوای دۆزینەوەی ڕاستی و زانیاری پارە بەو کاغەزە بێدەنگانە دەدات. ئەم داخرانە هزرییە دەبێتە هۆی تێکدانی بیرکردنەوەی کۆمەڵگە و گۆشەگیرکردنی، چونکە کاتێک خوێنەر تەنها یەک دەنگ و یەک ڕەنگ و یەک ئاڕاستە دەبینێت، ئیدی توانای ڕەخنەگرتن و بیرکردنەوەی ئازادی لێ زەوت دەکرێت. ئەمە دەقاو دەق ئەو ئامانجەیە کە تاقمە قۆرخکارەکە دەیانەوێت پێکیبهێنن: دروستکردنی گەلێکی گوێڕایەڵ و بێدەنگ لەبەردەم سەکۆیەکی حیزبیی چەقبەستوودا.
مێژووی مرۆڤایەتی گەواهی ئەو ڕاستییەیە کە هیچ قەڵایەکی داخراو ناتوانێت لەبەردەم ڕەشەبای گۆڕانکاریدا خۆی ڕاگرێت. ئەو ڕۆژنامە و دەستە و گرووپانەی کە تەنها پشت بە بازنەی هاوڕێیەتی و لایەنگریی کوێرانە دەبەستن، لە ڕاستیدا گۆڕی بیریی خۆیان بە دەستی خۆیان هەڵدەکەن. وشەی ڕاستەقینە و داهێنان وەک ئاو وان، هیچ بەربەستێک ناتوانێت ڕێگەیان لێ بگرێت؛ ئەگەر لێرە ڕێگەیان پێ نەدرێت، لە شوێنێکی تردا دەقڵیشێن و ڕێڕەوی خۆیان دەدۆزنەوە. ئەوانەی ئەمڕۆ بە ڕق و ناڕەواییەوە دەرگا بە ڕووی نووسەرانی دەرەوەی خۆیاندا دادەخەن، با باش بزانن کە داهاتوو شوێنی شەمشەمەکوێرەکان نییە؛ ئەو لاپەڕە داگیرکراوانەی کە تەنها بۆ پیاهەڵدانی ناوخۆیی و ناساندنی حیزبی بەکاردێن، زۆر زوو لە ناو تەمتومانی مێژوودا ون دەبن و دەبنە پەند بۆ نەوەکانی داهاتوو، لە کاتێکدا دەنگە ئازاد و ڕەسەنەکان هەمیشە وەک مەشخەڵێک بە بەرزی دەمێننەوە و مێژووی ڕاستەقینەی بیرکردنەوە دەنووسنەوە.

ستار ئەحمەد

Previous
Next