چه‌ند وێنه‌یه‌كی ورد “له‌نێوگێژاوی ژیاندا” بۆ دروستبوونی وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌تر.. ئەژین فەهمی
ده‌كرێ چه‌ندین چیرۆكی ئه‌ندێشه‌كراو لای هه‌ر یه‌كێكمان بۆ گێڕانه‌وه هه‌بێت، به‌ڵام ئەوەی گرنگه وه‌ها بگێڕینه‌وه له هیی كه‌سی تر نه‌چێت؛ گێڕانه‌وه‌ی تایبه‌ت به خۆمانمان هه‌بێت و هه‌میشه‌یش پێی بناسرێینه‌وه. ئیجا ئه‌و گێڕانه‌وه جیاوازه له داڕشتنی وشه‌سازی، ده‌ربڕینی هه‌ندێك وشه‌ی تایبه‌ت به خۆمان بێت، یاوه‌خود تەکنیک و وه‌سف كردنی دیمه‌نه‌كان و گرێچنی بێت. بۆیه چه‌ند گرنگه شاره‌زایی و كارامه‌ییت له‌خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌وانی تر هه‌بێت، هێنده‌یش گرنگه له ده‌قی خۆتدا چۆن كار ده‌كه‌یت و چیرۆكێكی جیاواز له گێڕانه‌وه و ناوازه له ده‌ربڕین داده‌ڕێژیت. بۆ دووپات کردنەوەی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه‌م، له كۆمه‌ڵه چیرۆكی “له‌نێیو گێژاوی ژیاندا”ی چیرۆكنووس (گۆران سه‌مه‌د )دا بە ڕوونی بەدیی دەکرێت. ئه‌م كتێبه له نۆ، کورتەچیرۆك پێكهاتووه.
نۆ، چیرۆك له كه‌شێكی جودا له یه‌كدی، كه هه‌ڵقوڵاوی كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی وردن بۆ نیشاندانی وێنه‌یه‌كی باڵاتر، به‌ڵام خاڵێكی هاوبه‌شیان هه‌یه، ئه‌ویش نیشاندانی وێنه‌ی (ئیرۆتیك)ه، کە له زۆرینه‌ی چیرۆكه‌كاندا هه‌یه و تا ڕاده‌یه‌ك چیرۆكنووسی پێ ده‌ناسرێته‌وه. نووسه‌ر جگه له خه‌می تاك و كۆمه‌ڵگه و نه‌هامه‌تییه‌كانیان، ئه‌و خه‌مێكی گه‌وره‌یش له پشت ئیرۆتیكه‌وه باس ده‌كات، ئیرۆتیك به مانای ئه‌وه‌ی، كه وێنه‌كان سرووشتی وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ن، بێ هیچ تەمومژێک، ببینرێن.
نووسه‌ر هه‌ر له‌ڕێگه‌ی وێنه هه‌ستیاره‌كانه‌وه نیشانی داوین، كه چه‌ند سرووشتین، بێ گومان ئیرۆتیكایش هه‌ستی بزواندنه، كه ده‌شێ له ژیانی هه‌ر یه‌كێكماندا هه‌بێت و ئه‌مێستایش له‌م چیرۆكانه به‌ری ده‌كه‌وین. هه‌رچه‌نده نووسه‌ر له چیرۆكه‌كانیدا هه‌موو شتێكی باس نه‌كردووه و زۆر شتی لە تاریکیدا بۆ خوێنەر بەجێ هێشتوە، لەگەڵ ئەوەیشدا، ئه‌وه‌ی پێویست بووه گوتویه‌تی، به‌ڵام له ڕێگه‌ی وێنه‌كانه‌وه وێنه‌ی تر ده‌بینین. گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه ناونیشانی كتێبه‌كه “له‌نێو گێژاوی ژیاندا” ئه‌وه باش دیاره، كه مرۆڤ له به‌دبه‌ختیه‌كانی و سه‌ر لێشێواوییه‌كانی نێو ژیاندا كه‌وتووه‌ته نێو گێژاوه‌وه. جا ئەو گێژاوە چەند ڕەهەندی هەیە و لە هەر چیرۆکێک‌دا بە شێوەیەک دەردەکەوێت. هه‌ر به خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كان هه‌ست به ورد چنینی ده‌كه‌ین، ده‌رك به‌وه ده‌كه‌ین شتگه‌لێك كه‌شف ده‌كات و دنیایه‌كی جیاواز له سه‌ربه‌ستی هه‌یه. به‌و چه‌شنه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان به‌جه‌سته و ئازادن، به دڵی خۆیان دێن و ده‌سوڕێن، نه‌ك به خواستی دڵی نووسه‌ر گوزه‌ر بكه‌ن. ئه‌م ئازاد كاركردن و كاره‌كته‌ر ناسییه وای كردووه چیرۆكه‌كان جێگه‌ی خۆیان لای خوێنه‌ر بكه‌نه‌وه و ڕووداو و دیمه‌نه‌كان بیر نه‌چنه‌وه، ته‌نانه‌ت خوێنه‌ر به خوێندنه‌وه‌ی یه‌كێكیان په‌ر‌ۆشی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وانی تر ده‌بێت. لێره‌دا به باشم زانی به چه‌ند دێڕێك باس له هه‌ر نۆ چیرۆكه‌كه بكه‌م، هه‌رچه‌نده زۆرینه‌یان قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرن، به‌ڵام لام وایه “ئالوده به ته‌نیایی”، شه‌شه‌مین چیرۆكه، له باره‌یه‌وه تێڕامانی زیاترم بۆی هه‌بێ و زێده‌تر له‌باره‌یه‌وه بدوێم. چیرۆكی “دوو خولەک و په‌نجاوسێ چركه به كاتژمێره‌كه‌ی ده‌ستم” به چه‌ند دێڕێك له باره‌یه‌وه ده‌دوێم: ئه‌م چیرۆكه، مانشێتئاسایه، بۆ من ته‌كنیكێكی نوێتره له‌كاره‌كانی تری نووسه‌ر، ئه‌م ڕێپۆرتاژ كار كردنه وای له ده‌قه‌كه كردووه، گه‌ر هه‌ر پارچه‌یه‌ك له چیرۆكه‌كه وه‌ربگرین، چیرۆكێكی سه‌ربه‌خۆیه، ده‌شكرێ پارچه‌كانی چیرۆكه‌كان ته‌واوكه‌ری یه‌كدی بن و بێ یه‌كدی مانای ته‌واو نه‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه. بێگومان ئه‌م شێوازە كار كردنه خزمه‌ت به چیرۆكه‌كه ده‌كات و وای لێ ده‌كات به‌ر شێواز و ته‌كنیكێكی نوێ بكه‌وین. نووسه‌ر، له ڕێگه‌ی كه‌سی یه‌كه‌مه‌وه به زمانێكی پاراو و ساده، كه توخنی ناوچه‌گه‌رایی نه‌كه‌وتووه، چیرۆكی سه‌رگوزه‌شته‌ی خۆی و دڵداره‌كه‌ی له به‌غدا، كه بۆ بژێوی ژیان ده‌چێته ئه‌وێ، بۆ هاوڕێكه‌ی ده‌گێڕێته‌وه. پاڵه‌وان له‌كاتی گێڕانه‌وه‌دا به نێو كه‌ش و كوچه و كۆلانه‌كانی به‌غداددا ده‌مانگێڕێت. وه‌ها باش وێنه‌كانی گه‌یاندووه له ئێمه وایه له شه‌قامی “موته‌نه‌بین” و به دیار هاتن و چوونی پاڵه‌وانه‌کەوەین و تا ده‌گات به‌وه‌ی له كونێكه‌وه سه‌یری نزیك بوونی ئه‌و و دڵداره‌كه‌ی بكه‌ین. ئه‌م چیرۆكه به هونه‌رێكی به‌رز نووسراوه، هونه‌رێك تژی له وێنه‌ی جۆرا و جۆر و بینراو. دوابه‌دوای ئه‌وه نووسه‌ر له‌و ڕێگه‌یه‌وه باسی عیشقێكی ناكام له‌ژێر سایه‌ی پاره و ده‌سته‌ڵات ده‌كات، پێشمان ده‌ڵێت: عیشق باڵاتره له هه‌ر شتێك، كه مرۆڤ بایه‌خی بۆ داناوه. بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌یش بێ گوێدانه هیچ شتێك، پاڵه‌وان و دڵداره‌كه‌ی له‌و غه‌ریبییه‌دا به‌رده‌وامی ده‌ده‌ن به عیشقه‌كه‌یان. هه‌ر له ڕێگه‌ی پاڵه‌وانه‌کەوه به‌ر زۆر شتی نه‌بینراو ده‌كه‌وین، كه چەندین پرسیار دەوروژێنێت. بۆیه گه‌ر له دێڕه‌كانی نێو چیرۆكه‌كه ورد بینه‌وه ده‌رك به‌وه ده‌كه‌ین، نووسه‌ر جگه له‌وه‌ی وه‌ك نووسه‌رێك نووسیویه‌تی و خۆی بێ به‌ری كردووه له ڕه‌گه‌زی نووسه‌ربوون، كه‌چی ئه‌وه‌ی گرنگه چڕکردنەوە و كورتبڕی له گێڕانه‌وه‌ی چه‌ندین ساڵه كردووه.
(گۆران سه‌مه‌د) به زمانێكی پاراو و به چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌ك، چیرۆكی چه‌ندین ساڵمان بۆ چڕ ده‌كاته‌وه. لە چیرۆكی “گه‌نیو نه‌بوون”دا، بەر تەکنیکێکی تر دەکەوین، بۆ نموونە هه‌یكه‌لی ئه‌م چیرۆكه، تا ده‌گات به ناواخنیشی، سه‌رتاپێی له خزمه‌تی دۆخی سایكۆلۆژیی كاره‌كته‌ره‌کەدایە. بار و دۆخی چیرۆكه‌كه سه‌روكاری له‌گه‌ڵ جه‌نگدا هه‌یه و كاره‌كته‌ر له‌نێوان مه‌رگ و ژیاندایه. بە ڕوونی لێك چونێك لەنێوان ئه‌م چیرۆكه و چیرۆكی “دواهه‌مین وێنه”دا هەیە. گه‌رچی كاره‌كته‌ره‌كه‌مان بێ ناوه، به‌ڵام هۆكاری بێ ناوییه‌كه‌ی بۆ به‌دبه‌ختییه‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه… گه‌ر بێ ناویش بوویت، شتێك نامێنێته‌وه گرێدراوی ناونیشان بێت. گه‌رچی له‌چه‌ند دێڕێكدا هه‌ست به ده‌ربڕینێكی چه‌شنی وتار نووسین و جۆرە ڕاسته‌وخۆ ده‌ربڕینێک دەکەوین، به‌ڵام لام وایه ئه‌م ده‌ربڕینه وتارئاسا و ڕاسته‌وخۆییه زۆر جار وا ده‌خوازێت بۆ نێو چیرۆك، ڕه‌نگبێت ئه‌م جۆره لە گێڕانەوە، به‌ره‌و قووڵایی بمانبات، هاوکات لێرەدا گرنگە نووسەر بتوانێت تێمان بگەیەنێت و په‌یامه‌كه‌یشی وه‌ك ئه‌وه‌ی ویستوویه‌تی بگات.
بۆ نموونە گه‌ر بڕوانین له دوا دێره‌كانی ل (٢٤) بە ڕوونی ئەمە دەبینین. بۆیه دەکرێت بڵێم: ئەم چه‌ند دێڕه‌ی باسی (قاتیل بونی گیانی خۆت و شانازی كردن به‌م قاتیل بوونه‌وه) ده‌كات، لام وایه ئه‌م داڕشتن و ده‌ربڕینه، چه‌نده وتارئاسایه، هێنده‌یش هونه‌رییانه‌یه و لێرەدا بۆ چیرۆکەکە گرنگە. له‌م چیرۆكه‌دا نیگه‌رانییه‌كانی (ئه‌دگار ئالانپۆ)مان بیر دێنێته‌وه، بێگومان هه‌مان نیگه‌رانی و ته‌مومژییه‌كانی نێو چیرۆكه‌كانی (ئالانپۆ) نییه، به‌ڵكوو نیگه‌رانییه‌كی تره، كه وای له كاره‌كته‌رەکە كردووه شوێن به‌خۆی نه‌گرێت و زۆر كات له دواندنی خۆیدا بێت. كاره‌كته‌ر، چاوه‌ڕێی هاتنی كه‌سێكه، هه‌ر ئه‌م خۆ دواندنه‌یش، لەم چاوەڕوانییەدا وای كردووه ئه‌م چیرۆكه هه‌ڵگری په‌یامێكی قووڵبێت و چەندین لایەنی سایکۆلۆژی لەخۆ بگرێت. له چیرۆكی “ئاخێز” یشدا، نووسه‌ر گرنگی به پێوه‌ندی نێوان دوو عاشق ده‌دات، بێگومان ئه‌و پێوه‌ندییه‌یش پرسێكی گه‌وره‌یه له چیرۆكه‌كه‌دا و وێنه‌ی داوه‌ته‌وه. خه‌یاڵی چیرۆكه‌كه له‌و چیرۆكانه‌یه، كه كه‌وتووه‌ته ژێر كه‌شێكی ساردی زستانی و بۆنی خاك و عیشقێكی جوان. لێرەدا (گۆران سه‌مه‌د) به ئاگاییه‌وه ده‌ستی بۆ بابه‌ته‌كه بردووه و وای كردووه وێنه ئیرۆتیكییه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه چاوی كامێراكه‌ی له خزمه‌تی وێنه‌كان داناوه. كامێراكه‌یش وێنه‌كانی وه‌ك خۆی، بێ زیاد و كه‌م، گەیاندووە. بێگومان ده‌ربڕینی وشه‌گه‌لێك له ئامانجی نیشاندانی وێنه‌ی هه‌ستیار و ئیرۆتیك، پێیویستی به‌وه‌یه وشه‌ی كه‌م و ئامانجدار به‌كار بێت، له‌م چه‌ند دێڕه‌ی خواره‌م نیشاندانی وێنه‌كان و ئابووری وشه ده‌سه‌لمێنێت. ل (31) گوتی: ده‌خۆیته‌وه؟ گوتم: له‌وه ده‌چێت… له‌و باوه‌ڕه‌دا بووم ده‌رك به شتێكی سه‌یر بكات، پێشبینی ترسێكم لێی ده‌كرد. گوتی: جه‌ناب خۆش ده‌ژییت… گوتم: من؟ گوتی شوشه‌كه قڵب بكه‌مه‌وه، یان چۆڕێكت بۆ تێكه‌م؟ باگۆم دایه‌وه: تكایه، چۆڕێك… جووڵه‌كانی جۆرێك بوون. زۆر كۆنتڕۆڵ و به‌ئاگا. هیشتا جله‌كانی دانه‌كه‌ندبوون. ته‌نیا ماچی هاتنیمان گۆڕیبووه‌وه…
له چیرۆكی “بووكه‌ڵه په‌ڕۆیینه‌كاندا” نووسه‌ر به شێوازێكی هونه‌ری سووژه و ده‌ربڕینەکانی چنیووە، ئه‌م چیرۆكه پشتی به نیشاندانی وێنه‌ی منداڵی به‌ستووه. شتێکی ئاشکرایە سه‌رده‌می منداڵی هه‌ر یه‌كێكمان بایه‌خێكی گرنگی له یاده‌وه‌ریماندا هه‌یه، منداڵیی ده‌توانێت هه‌ڵقووڵاوی چه‌ندان بیرۆكه‌ی كار كردن بێـت له چیرۆكدا. لەو بڕوایەدام، نووسه‌ریش ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی له منداڵیی خۆیەوە وه‌رگرتووه. لەم چیرۆکەدا تەمەنی منداڵی لەنێوەندی کارەکەدایە و هەموو شتەکان بە دەوری ئەو یادەوەرییانەدا دەسوڕێنەوە، کە جارێکی تر هەرگیز ناگەڕێنەوە. لێره‌دا پوخته‌یه‌كی چیرۆكه‌كه دێنمه باسه‌وه: ئه‌م چیرۆكه لە ژینگەیەکی هاوڕێیانه‌ی منداڵی‌دا دەسوڕێتەوە؛ هه‌روه‌ك چۆن له چیرۆكی یه‌كه‌مدا نووسه‌ر سوودی له هاوڕێی ڕاسته‌قینه وه‌رگرتبوو، به‌ڵام لێره‌دا باس كردنی هاوڕێ شتێكی تره، به‌كه‌مێك جوداوازییه‌وه. لێره‌دا ئه‌وه‌ی جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه منداڵییه، یاده‌وه‌ری (كۆدۆ و كارۆیه)، كه یاداشت كراوه و خۆیان چیرۆكه‌كه ده‌گێڕنه‌وه. یاده‌وه‌رییه‌ك له‌نێو فیلمی كارتۆن و یارییه منداڵییه‌كانییاندا به‌رجه‌سته‌یه. بێگومان ئه‌و به‌رجه‌سته بوونه وێنه‌ی جوانی سه‌رده‌می منداڵی ئه‌فراندووه. له‌یه‌ك چواندنی ئه‌و فیله‌ی یاری پێده‌كه‌ن و ئه‌و فیله‌یشی له چیرۆكه‌كانی داده سه‌یراندا هه‌یه. شایانی باسه چیرۆكه‌كه ڕەوشێکی تایبه‌ت به دنیای منداڵان لەخۆ دەگرێت، كه خێزان تێیدا سه‌رپشكه.
هه‌بوونی خێزانیش لەم چیرۆکەدا، وای كردووه چیرۆكه‌كه ساکار و پاك و سرووشتی ده‌ركه‌وێت. كۆتایی هاتنی چیرۆکەکەیش بە تراژیدیایه، ناوه‌ڕۆکەکەی تەواو پێكاوه و هه‌ڵگری چه‌ندان په‌یامی جیاوازه، كه ده‌كرێ لای هه‌ر خوێنه‌رێك جیاواز بێت.
له چیرۆكی “دواهه‌مین وێنه، ڕوون نییه كه‌ی ده‌بێته ده‌ستپێك ” دا : نووسه‌ر له‌م چیرۆكه‌یشدا تیشكی خستووه‌ته سه‌ر وێنه‌كان، به‌ڵام ئه‌م وێنه‌یه‌ی لێره‌دا ده‌بینرێت جیاوازتره له وێنەکانی پێشووتر، بێگومان وێنه‌یش پاڵنه‌رێكه بۆ مانه‌وه، به خۆشی و ناخۆشییه‌كانه‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌كرێ بیبینین نیشاندانی كاره‌ساتی بالیسانه، ده‌كرێ ته‌واوی ڕووداوه‌كانی ئه‌م كاره‌ساته‌مان یاد نێته‌وه، گه‌رچی خۆیشمان له‌وێ ئاماده نه‌بووین، به‌ڵام نووسه‌ر لێره‌دا، به نیشاندانی وێنه‌كان بۆمان ده‌گێڕێته‌وه، وەک ئەوەی خۆمان له‌وێ بووین. چرکاندنی وێنەیەک، ئەو ساتەمان بۆ تا ئەبد لەوێدا، بێ جووڵە دەهێڵێتەوە. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه به زمانی كه‌سی یه‌كه‌م داڕێژراوه، له تۆ وایه ئه‌م كاره‌ساته، گه‌ر ته‌واوی كاره‌ساته‌كانیش نه‌بێت، ئەوا نووسه‌ر ژیانی خۆی كردووه‌ته چیرۆك. گەر به زمانی که‌سی دووه‌م و سێیه‌می تاك نووسرابوایه، شتێكی تربوایه و به جۆرێكی تر به‌ری بكه‌وتینایه. سەرلەنوێ نووسه‌ر، لەم چیرۆکەیشدا، خۆی بێ به‌ری نه‌كردووه له كۆمه‌ڵگه، گه‌رچی لێک چوونێک لەێنوان ئەم چیرۆکە و چیرۆكی پێشتردا هەیە، به‌ڵام شایانی باسه بڵێم: ئه‌م خۆ دووباره كردنه‌وه‌ی نووسه‌ر بێ مه‌به‌ست نییه. به چه‌شنێكی تر و پلۆتیكی تر داڕشتنێكی جوانی نووسیوه‌ته‌وه. ده‌كرێ له هه‌ر كونجێكدا وێنه‌یه‌كی جوداوازی به‌دبه‌ختی و ڕاسته‌قینه و ته‌نانه‌ت كاره‌ساته‌كانیش ببینین. له چیرۆکی “ئالووده به ته‌نیایی” دا، چیرۆکێکە لام وایه پێویسته زیاتر له‌باره‌وه بدوێم و زیاتریش قسه هه‌ڵده‌گرێت. لێره‌دا به گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌موو شت زان نووسه‌ر هه‌وڵیداوه ڕاپێچی نێو ئه‌م چیرۆكه‌مان بكات. ئاشكرایه ئالووده به هه‌ر شتێك بین، ڕێی تێده‌چێت و له ژێر فشاری شتگه‌لێكه‌وه ئالووده بووبین، به‌ڵام گه‌ر ورد بینه‌وه زۆر جار به هه‌ر هۆكارێك بێت، ته‌نیایی وا ده‌كات ئالووده بین، ئه‌وه‌ی لێره‌دا پێویسته بڵێم ئالووده بوون به ته‌نیایی سه‌خته، ته‌نیایی پرسێكی فەلسەفی، مرۆیی و خودگەراییە، ده‌كرێ هه‌ر كه‌سێك بۆچوونێكی له‌باره‌وه هه‌بێت.
زۆر جاریش هه‌ر ته‌نیاییه داتده‌ماڵێت و دەتشکێنێت، ته‌نیاییه‌ك تێیدا سه‌ر لێ شێواو بیت، هاوکات گه‌ر ئه‌م ته‌نیاییه پشتگوێ بخه‌یت و باكت پێ نه‌بێت و له ئاستی خۆی گه‌وره‌تر نه‌كرێت، ئه‌وا زیانت پێ ناگات، لە هەمان کاتدا ده‌توانی له‌نێو ته‌نیای خۆتدا به‌دوای ماناكانی بون بگه‌ڕێیت. بیرمه‌نده‌كانی پێشوو له ته‌نیایدا زۆر شتیان ئه‌فراندووه، به‌دوای ماناكانی شته ورده‌كان گه‌ڕاون و زۆریان بۆ لێکداوینەتەوە، زۆر جاریش ببیرمه‌نده‌كان ده‌ره‌قه‌تی ته‌نیایی نه‌هاتوون و خۆیان كوشتووه. بۆیه ده‌كرێ له‌هه‌ركوێ بێت خۆمان فریو نه‌ده‌ین و له‌كوێدا پێویستی كرد له ته‌نیایدا بوه‌ستین و له كوێیشدا هه‌ستمان كرد ئیدی نابێت ته‌نیا بین، ئه‌وا ده‌بێت ته‌نیا نه‌بین، به جۆرێكیتریش: زۆر جار هه‌وڵی ته‌نیا بوونمان داوه و ته‌نیا نه‌بووین، زۆرجاریش به پێچه‌وانه‌وه. ئێمه له‌به‌رده‌م كاره‌كته‌رێكداین تێگه‌ڵ به ته‌نیایی بووه و تا ڕاده‌یه‌كیش ته‌نیایه و له یادی دڵداره‌كه‌یدایە، له ته‌نیاییدا ئاره‌زووه سێكسییه‌كانی كپ ده‌كاته‌وه. نووسه‌ر له نووسینه‌وه‌ی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌دا، كه به دوایدا چه‌ند دێڕێکی تر دێن، ئازادانه باسی ئه‌ندامی نێرینه ده‌كات، ڕه‌نگبێت ده‌ربرینی وه‌ها وشه‌یه‌ك ئاسان بێت، به‌ڵام ئاسانیش نییه نیشاندانی وێنه‌یه‌كی ئیرۆتیكی له ده‌ربرینی ئه‌م وشه‌یه‌دا. ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌ر ئیرۆتیكه نه‌ك زیاتر له ئیرۆتیك بێت. له دوا دێڕه‌كانمدا له باره‌ی چیرۆكه‌كه‌وه، گه‌رچی داڕشتنێكی تا ڕاده‌یه‌ك فره ده‌نگه و به‌ر ده‌نگی جودا ده‌كه‌وین. ئه‌وه‌یش باش ڕوونه، كه نووسه‌ر چه‌نده شاره‌زایی له دروستکردنی كاره‌كته‌ر هه‌بووه، شاره‌زاییه‌ك به‌و ڕاده‌یه‌ی كاره‌كته‌ره‌كه له‌م چیرۆكه‌دا چۆن جووڵێنراوه، “گۆران سەمەد” وه‌ها جووڵاندوویه‌تی و بارته‌قای ناسینی كارەکتەر، له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ردا ژیاوه و كۆتایی چیرۆكه‌كه‌یشی به كراوه‌یی جێهێشتووه. گه‌ر به چه‌ند دێڕێكیش بێ، باسی چیرۆكی “باڵكۆنێكی شین” دەکەم: ئه‌م چیرۆكه به زمانی كه‌سی دووه‌م ده‌گێڕدرێته‌وه، كه تێیدا گرنگی به باسكردنی كولتووری خۆرهه‌لات دراوه، ئێمه له‌م چیرۆكه‌دا به‌ر شوێنێكی جیاوازتر ده‌كه‌وین، وه‌ك له چیرۆكه‌كنی تر، ئه‌ویش بالكۆنێكی شینه، ناونیشانی چیرۆكه‌كه‌یش هه‌ر به‌و ناوه‌وه‌یه. چیرۆكی دایكێكمان بۆ ده‌گێڕیته‌وه، كه خاوه‌نی منداڵێكی كوڕه، كه منداڵه‌كه‌ی له ته‌مه‌نێكدایه هه‌ست به زۆر شتی ده‌وروبه‌ر ده‌كات، تێده‌گات دایكی له‌به‌ر عیشقی پیاوێكی تر خۆی ده‌دوێنێت، گۆرانی ده‌ڵێت و سه‌ما بۆ ژیان ده‌كات، ئه‌سته‌مه تێگه‌یشتن له‌و دۆخه، كه دایكی شوو به پیاوێكی تر ده‌كات و پێێوه‌ندی له‌گه‌ڵ باوه پیاره‌یدا چۆن بووه. دیاریش نییه ئه‌و پیاوه ده‌بێته باوكی ڕاسته‌قینه‌ی، یان نا، بوون به باوك به‌و مانایه‌ی، كه جێگه‌ی باوكی ڕاسته‌قینه‌ت بۆ بگرێته‌وه، به ڕاستی ئه‌و دۆخه بۆ كوڕێكی له‌و ته‌مه‌نه سەختە. هه‌ر له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌یش نووسه‌ر به‌م ڕێگه‌یه چووه‌ته ناخی كاره‌كته‌ره‌وه، له هه‌مووی جێ بایه‌ختر ئەوەیە، ئاوڕدانه‌وه له چیرۆكی ڕووسی و لایه‌نی سایكۆلۆژیش پشتگوێ نه‌خراوه. گه‌ر به چه‌ند دێڕێك باسی كۆتا چیرۆكه‌كانی (نادیار و مۆسیقاڕ) بكه‌م: ده‌شێ بڵێم: هه‌ردووكیان كورتیله چیرۆكن، به شێوازێكی جودا له‌وانی تر داڕێژراون و سرووشتی هه‌نگاو ده‌نێن: نووسه‌ر هه‌وڵیداوه به كه‌مترین وشه زۆرترین په‌یام بگه‌یه‌نێت.
له چیرۆكی “نادیار”دا جگه له ڕه‌چاوكردنی دەستگرتن بە وشه‌وە، ئێمه ده‌كه‌وینه به‌ر دۆخێكی ته‌واو جیاوازەوە، گه‌ر دوای چه‌ند جارێك خوێنه‌ری بن، دۆخه‌كانیش زیاتر ده‌رده‌كه‌ون. من وه‌ك خوێنه‌رێك ده‌ركم به هونه‌ری تێكه‌ڵكردنی ئاوازی وشه‌كان به‌و كوردییه پوخته‌یه‌وه، کرد. كۆتا چیرۆك، كه چیرۆكی “مۆسیقاڕ”ه، بێ هیچ وشه‌یه‌كی زیاده ئامانجی ده‌ربڕینی ڕووداوه‌كانی پێكاوه، ڕوونتر بڵێم: به كه‌مترین وشه، یان وشه‌ی بێ ئه‌رك زۆرترین په‌یامی تێدایه. من لێره‌دا بۆ هه‌ردووك چیرۆكەکە به پێویستی نازانم، بچمە وردەکارییەوە و باسی ته‌واوی ڕووداوه‌كانی بكه‌م، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا پێویسته بیڵێم، تێڕامانی دیمه‌نێكه، له ڕێی ئه‌م دیمه‌نه‌وه، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م كاره ورد و گرنگه‌ی نووسه‌ر ده‌كه‌م، كه چه‌ند به باوه‌ڕ به‌خۆ بوونه‌وه له باره‌ی ئازادی و ڕچه شكاندنه‌وه وێنه‌ی دوو عاشقی بۆ كێشاوین، كه له‌به‌رچاوی خه‌ڵكییه‌وه یه‌كدی له باوه‌ش ده‌گرن و ڕامووسین ده‌كه‌ن. نیشاندانی ئه‌م وێنه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌م به نموونه هێناوه‌ته‌وه، گه‌ر خوێنه‌ر زیاتر له جارێك نوقمی دێڕه‌كانی ئه‌م كورته چیرۆكانه نه‌بێت، له ئه‌و وایه، نووسه‌ر هیچی وای نه‌گوتووه و وێنه‌كانیش پارچه پارچه‌ن و نه‌شگه‌یشتوون، به‌ڵام لام وایه گه‌ر زیاتر له جارێك سه‌رنجی وێنه‌كان بده‌ین و ورد بینه‌وه، ئه‌وان به باشی ده‌بینرێن، زه‌ینت به‌جێ ناهێڵن و لێڵ نین. بۆیه، لێڵ نه‌نووسین و ڕوون هوونه‌ره، وا له خوێنه‌ر ده‌كه‌ن، كه لێی بێزار نه‌بن و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نووسه‌ریش دوای ماوه‌یه‌ك به‌ر خوێندنه‌وه‌ی هه‌مان به‌رهه‌می خۆی بكه‌وێت، هه‌م وێنه‌كانی دێنه‌وه به‌رچاوی و هه‌میش له‌نێو وێنه‌كاندا ده‌مێنێته‌وه.
سه‌رچاوه: “له‌نێو گێژاوی ژیان”دا، گۆران سه‌مه‌د، ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه، ٢٠٢١