گوزەرێک بە نێو دێڕە شیعرەییەکانی ( کەژاڵ عەلی ) و ئاشنابوون بە جوانییان.. رەنگین مەلا سەمەد
لە گوزەرکردن بەنێو دێڕە شیعرییەکانی خانمە شاعیر ( کەژاڵ عەلی)دا هەوای شاعیربوونیت بەردەکەوێ، لێکدانەوەیان! ئاسۆیەکی ڕوونی شیعرییت پێدەبەخشێت، خەیاڵت بۆ لێکدانەوەی پیت و وشەکان پەلکێشدەکات، لەزەت و چێژی جوانیی و تێمای شیعرییت پێدەبەخشێ، ئەو بە سادەیی دێڕەکان دەرنابڕێ، بەڵکو هەڵوەداو ماندووت دەکات بۆ مانا هەقیقییەکەی خۆی، بێدەنگ و کەمدووە، بەڵام دونیایەکی بەرینە لە وشەو داڕشتن، دوورەپەرێزیی ئەو بۆ باشتر پێشکەشکردنە نەک خۆحەشاردان، سادەیە لە کەسایەتیی بەڵام دەوڵەمەندە لە بیرو دەربڕین و خەیاڵی ئەرێنی، ئەو! کاتێک دێڕەکان بەسەردەکاتەوە بۆ پێکهێنانی دەقێک، قوربانیی بە هەندێک لایەنی ژنێتیی خۆی دەدات بۆ ئەوەی دەقێکی ڕچەشکێن و داهێندراو بونیادبنێت و، گەمەیەک لەنێو کلتوورە زاڵەکان و خەیاڵە قەتیسەکان ئەنجامبدات، مەیلەکانی ئەو بۆ شیعرو شاعیربوون مۆرکی ڕەسانەیەتی پێوەیەو بەرگێکی سەنگینی شیکی بەبەردا کراوە، ئەو! هیچکات لە خەیاڵی لادان لەم بەرگەدا نییەو، کردوویەتی بە پۆشاکی شیعری هەمیشەیی
لای ئەو شیعرو ئەدەب گەنجینەیەکی ڕۆحیین و ئامادە نییە دەستبەرداریان بێت، وێنەی شیعریی ئەو پانتایەکی بەرینی داگیرکردووە.
ئەو ژیرە لە هەڵبژاردنی وشە شاراوەکان، دەریاندەخات و بەکاریاندێنێ، تا ئاستی پەیبردن بە هەموو جوانییەکانی ناوەڕۆکیان دەتبات، ئەو ناوەستێت، بەردەوامە لە گەڕان بەدوای دەقە نەبیستراو و نەوتراوەکان، دەیاندۆزێتەوەو بەرچاویان دەخات
لە ئاست پێناسەو هەڵسەنگاندنی قەڵەمەکەی تووشی شۆکت دەکات، هێزی ژنێتیی ئەو بۆ بوون، هێندەی ئاسمان و زەمینە
پێناسەو خوو و باس و خواسی کەژاڵ عەلی لە شیعرەکانیدا دەبینرێت، چون هێمن و هەیمەنەو کەسایەتیی ڕەونەقدارەو هاوشێوەی تیشکێک ڕەنگدانەوەی لەسەر ناوەڕۆک و فۆڕم و دەقەکانی دەبینرێت
کەژاڵ! بە شیرینی وشەو سەنگینی دەربڕین و سەلیقەیی لە تەکنیک، تاڵیی لە بیر دەباتەوە،
جوانیی دەبەخشێتەوەو ئازارەکان پێچەوانە دەکاتەوە.
ئەو جۆرێک دەنووسێت، ئەندێشە هاوشێوەی( با ) ئاراستە دەکا، گومان بۆ جوانبینی و داهێنانی ژن وەک گەردەلوول ڕادەماڵێ، ئیلهام بۆ بیرکردنەوه وەدەست ئەخات
هەروەک شاعیرو نووسەر کەژاڵ نوری لەبارەیەوە دەڵێت، کەژاڵ عەلی فەرهەنگێکی بێدەنگە.
ئەو پڕە لە قسەو زمانێکی نەرمی هەیە لە دەربڕین
لە شیعرێکدا کەژاڵ عەلی بە ڕەهەندێکی قووڵەوە وێنەی سۆزو ناخی پڕ خۆشەویستی خۆی بۆ عەشقێک دەکێشێت کە لێی ونبووەو ناتوانێت خۆی تێدا بدۆزێتەوە، لەکاتێکدا تەفسیری تاسەو تامەزرۆیی عیشقی ئەم بۆ ڕۆحێکی ونبوو، پڕە لە نائومێدی و چاوەڕوانی و بەربەرەکانێ بۆ ئەو عەشقەی کە وەک باران بەسەریدا دەبارێ و زیندووی دەکاتەوەو بەردەوامیش بەرەو مەحاڵی دەبات،
لێوی تەڕی پێ ئاو دەداو نوقمی حەسرەتی تێربوونی دەکات.
لە سروشتدا وێنەی عەشقی کێشاوەو با و باران و هەورو گەردوونی کردووەتە ڕەمزی عەشقێکی نەرم و بێگەردو ڕۆحیی.
راوەدووی بای دەنا
سەری لە گێژی باخچەدا
لێ جێ ما ، باران .
شەری گەردوون دەکەم
بەس هی تۆم پێ ناکرێ
کەدێی وەک باران
لەچاو ترووکاندنێکدا
شەلالم دەکەی بە دەسرێژی ئەشق .
تێکەڵبوونی کۆمەڵێک واتای وەک باران و مۆسیقاو بۆن و خەون و ئەرخەوان، هەستێکی ناوەکیی بزووێنەر ئەخوڵقێنێ لە عەشقێکی پەنهاندا کە پڕە لە هێمنی و جوانی و شکۆ، ئاوازێک ئەچڕێ کە عاشق مەست و سەرسام دەکات، وێنەیەکی شیعریی وا دەدات بە دەستەوە، کە ڕووی ڕاستیی عەشق دەردەخاو هێمای جوانیی عەشقی ڕۆحیی دیاریدەکات
ئەم جۆرە دەربڕینەش لە ئەنجامی لێوردبوونەوە، هەستەکان لە توڕەییەکی تەواو ڕووکەشەوە توڕ دەدات و بەرەو هێوربوونەوە ئاراستەیان دەکات،
بەهۆی بۆنی عەشقی ڕاستەقینەوە، ڕۆحی پەیوەست و پەلکێش دەکات.
کە دێمە بەر نمەی شەرەکانی تۆ و
مۆسیقای بەخوری ئاو
لە خەونێکی ئەرخەوانی یاخییەوە
دەبم بەپلینگێکی چنگ بەبارانی
عاشق
دێم بۆن بەرووحتەوە دەکەم .
شاعیر وێنایەکی جوانی ناخی خۆی تێکەڵ به تێکەڵەیەک لە سروشتی باران و سەرماو هەور کردووە، پێیوایە ئەو بارانەی کە سەرما لەگەڵ خۆی دێنێ و پێیەکان ئەتەزێنێ لەگەڵ گرمەو بروسکەکانی هەوریش سەما بە دەستە سڕو ڕچاوەکان دەکات.
ئەمەش پیشاندانی وێنەیەکە، کە خەمەکان دەڕەوێنێتەو ئازارەکان دەکاتە هیوا.
شاعیر پێیوایە باران ئاسوودەیی خۆی لە هەنسکی ئەودا دەدۆزێتەوه، باران ئاوی ئیلاهییەو هەنسکی ئەمیش فرمێسکی دووری یارە، هاودەنگیی و هاودەمییەک لە نێوان خۆی و باراندا بەدی دەکات بۆ هاوسۆزی و هاوڕێیەتی، هەنسک و باران دەکاتە هاودەم و هاوڕێی یەکتر.
پێیەکانی تەزین، باران
بەدیار چەپڵە بارگاوی یەکانی هەورەوە
دەستی سری کانوونەکانی گرتووە و
سەما دەکا .
وەک دلم لای ئەو بێ
سەری بە کەڤالی هەنسکم کردوە
باران .
بەکارهێنانی دوو دەستەواژەی پێچەوانە، کە ئەوانیش (منداڵیی و گەورەبوون)ە، پێناسەی ژیانی دوو وێستگەی جیاوازی تەمەنی شاعیرە لەو ساتەوەی کە هەستێکی منداڵانەی تێدابووە تا گەورەبوونی ئەو هەستە لەگەڵ خەمەکانی ژیانیدا.
منداڵیی، وێستگەیەکە ناخ تیایدا هێورەو خەم ئاڵۆزی ناکات و فرسەتەکانی لە کیس نادات.
بەڵام لە گەورەبووندا شەپۆلی بێئومێدیی، تاڤگەی ئاو
هەرچەندە تەڕە، مرۆڤ تووشی هەڵقرچان و وشکبوون دەکات.
لەم جەنجاڵییەش کە پڕە لە خەم و نائومێدی و حەسرەت، باران هەرچەندە دەنووکی نییە هاوشێوەی باڵندەیەک هەستەکانم بریندار دەکات.
منداڵیم ،
سێریز تریقانەوەی بارانی دەهۆنییەوە ،
تەر نەدەبوو .
گەورەییم، لەبەر تەوژمی
بێهومێدی تافاو
زەمەن وشک دەکاتەوە .
سەرم پر بوو لەجریوە
دەنووک لەگۆی ئیحساسم گیر دەکا
باران .
وێنەکان لەم بەشەی کۆتادا ترسی تیا بەدی دەکرێت
ترس لە هەڵخەڵەتاندن، ترس لەو بێزارییەی کە بەرۆکی پاکی بێئاگای یاری گرتووە، ترس لەو دەرفەتەی کە باران قۆستوویەتییەوە بۆ ئەوەی دڵی یاری پێ بخاتە نێو بۆسەو پیلانی داڕێژراوی ئەو بارانەی کە دڵۆپ دڵۆپ لە پەنجەرەی دەداو لە نهۆمی حەوتەمی (با)وە دەیەوێت بێ پرس، خۆی بە باوەشی پڕ سیناریۆی باراندا بکات، باران کە وەکتر ڕەمزێکەو بە دیوێکی جوان واتا ئەبەخشێت، لێرەدا شاعیر بە گومانەوه باسی لێوە کردووەو هاوشێوەی دێوەزمەیەک لێی دەڕوانێت و ترسی لە بوونییەتی.
ئەوەندە دێتە بەر پەنجەرەکەم
دڵۆپ دلٶپ ،
دەترسم ،
لەنهۆمی حەوتەمی باوە ،
بکەوێتە باوەشی سیناریۆی
بارانەوە ، دڵم
رەنگین مەلا سەمەد
