Skip to Content

مانادێراس ….. چیرۆک …نووسینی:موئەیەد مەحمود (کاردۆ)

مانادێراس ….. چیرۆک …نووسینی:موئەیەد مەحمود (کاردۆ)

Closed
by كانونی دووه‌م 26, 2019 General, Literature

ئێوارەیەکی درەنگ بوو، دونیا کش و مات.ژنان خەریکی ئامادە کردنی سفرەی ئیوارە بوون،پیاوانیش بەدیار تیڤییەکانەوە تەماشای ئەو دراما و پڕۆگرامانەیان دەکرد کە کەناڵە زۆر و زەبەندەکانی سەتەڵایت پەخشی دەکردن.ڕۆژێکی ئاسایی بوو، جگە لە درۆی نێو هەواڵەکان و گێڕانەوەی پڕوپاگەندەکان و دەرچوونی ئاخ و حەسرەتەکان لە سینگی گەلێکی غەزەب لێ گیراو ،هیچی تری تیا نەبوو.ئەو ئێوارەیە کەس بیری لەوە نەدەکردەوە کە شتێک چاوەڕوانی دەیان ساڵیان بۆ تەکاندانێک بەو وەزعە نالەبارەی کە تێی کەوتوون بهەژێنیت.لە پڕ دەنگێکی بەرز کە قەت لە مێژوودا دەنگی وا نەبیستراوە ،گوێی تاک بە تاکی خەڵکی عێراقی لەراندەوە.دەنگێک شووشەی بە هیچ پەنجەرەیەکەوە نەهێشت.خانوویەکی زۆر درزی تێکەوت و هەندێکیشیان داتەپین.ترسێک کە بە ترسی پێش مردن ئەچوو لە دڵی تاک بە تاکی ئەو ووڵاتە نیشت.دوعا و پاڕانەوە وەک باران ئاسمانی گرتەوەو مەلاکانیش کە خۆیان بۆ بانگی مەغریب ئامادە کردبوو لە مایکریفۆنەکانەوە بە ناوی خەڵکێکی ڕەش و ڕووت و بەد بەخت و بێچارەوە داوای شەفاعەتیان دەکرد.کەرەکان زۆرترین چاویان لەسەر بوو،خەڵکەکە چاوەڕوانی کەری دەجالیان دەکرد،چونکە مەلاکان بە جۆرێک لە خوا دەپاڕانەوە کە ئەمە ئاخری زەمان بێت.لە تیڤییەکانەوە بانگەواز بۆ ئەوانە دەکرا کە کەری دەجال ئەبینن بە زووترین کات شوێنەکەی دەست نیشان بکەن.خەڵکێکی زۆریش چاوەڕوانی دەرکەوتنی ئیمامی مەهدی بوون.نەجەف و کەربەلا کەسێکی تریان نە دەگرت.بەشێکی زۆریان بە پێیان و زۆریشیان بە پێی پەتی خۆیان گەیانبووە ئەوێ،بێ گومان خەڵکێکیش بە پڕادۆ و ئەڤەڵۆن.

ئەو بۆچوونە پووکایەوە.بۆمبی ئەتۆمییە،ئەمە ڕای زاڵ بوو پاش پووکانەوەی ئەگەری ئاخر زەمان.هەندێک دەیان ووت ئەمریکایە و لە وەزعەکە توڕەیەو تۆڵەی ئەو سەربازانە ئەکاتەوە کە لە هەردوو شەڕی کەنداو و شەڕەکانی تر لە دەستی داون و ئەو پارانەش کە لە عێراقدا خەرجی کردووە.هەندێک دەیان ووت ڕووسیایە و کەمیش نەبوون ئەوانەی کە پێیان وابوو بەریتانیایە.بۆ وەرگرتنی زانیاری هەموو بە دیار کەناڵە بیانییەکانی هەواڵ دانیشتن و چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد کە گرێی ئەم ڕووداوەیان بۆ بکەنەوە.`

ساتە وەختی تەقینەوەکە :-
لە بیابانەکانی عێراقدا دەعبایەکی بێ شومار دەرکەوتن ،ئەمەنە زل و زەبەلاح بوون دەیناسۆڕیان دەکرد بە پاروویەک .ئەم دەعبایانە تواناییەکی لە ڕادە بەدەریان هەبوو ،هەستەکانیان هەزاران جار لە هەستی مرۆڤ بەهێزتر بوو.لە دووری دەیان کیلۆمەترەوە بۆنی شتیان دەکرد و چاویشیان بە قەد ئەوە حوکمی دەکرد.ئەمانە لە یەک کاتدا توانای بۆمباران کردنی چەندین شوێنیان هەبوو.دیقەتی پێکانی ئامانجەکان لای ئەوان وەک هیچ چەکێکی ئەم سەردەمە نەبوو.ئەوان هەڵەیان نەدەکرد،چیان بویستایە لە چەند ساتێکدا دەیان کردە ئامانج و هەپروون بە هەپروونیان دەکرد.تا بڵێی زیرەک و بە ئاگا بوون گوێیان لە دەنگی پێی مێروولەش دەبوو.ئەوان نەدەخەوتن هەمیشە چاوکراوە و بەخەبەر بوون و هیچیشیان نەدەخوارد ،تێکەڵەیەک بوون لە ڕۆبۆت و بوونەوەر.
لە نێو ئاپوورای ئەو دەعبایانەوە بوونەوەرێکی کەڵەگەت دەرکەوت،بەژن و باڵای سێ بەقەد بەژن و باڵای کەڵەگەترین مرۆڤ دەبوو.،چاوەکانی دەبریقانەوە و لەپی دەستیشی بە قەد سەرە بێڵێک دەبوو.ڕیشێکی پیاوانە دەم و چاوی شاردبۆوە و قژێکی ژنانەش بەسەر و شانیدا هاتبووە خوار، بە جۆرێک کەس نەیدەزانی ژنە یان پیاو.کە ئەو دەرکەوت دەعباکان هەموو چاویان تێبڕی و چاوەڕوانی فەرمان بوون.دەستی ڕاستی هەڵبڕی و هێنایە خوارەوە.دەعباکان هەموو لەسەر ئەژنۆ دانیشتن.بە دەنگێکی گڕی ئەفسووناوی کەوتە قسە کردن بۆ دەعباکان.
( بیرتان نەچێت ئێمە بۆچی لێرەین،کارێکم ناوێت پێچەوانەی ئەو ئامانجە بێت کە بۆی هاتووین.کەس بەبێ پرسی من خاڵی سەر باڵی پەپوولەیەکیش ناڕوشێنیت.کەمێکی تر بەرەو بەغا بەڕێ دەکەوین،بەشێکتان لەگەڵ من دێن و ئەوانی تریش بە شار و شارۆچکە و لادێکاندا بڵاو دەبنەوە.ئاگادار بن ئەمەنە نەرم بڕۆن بەڕێوە زیان بە زەمینی بەر پێتان نەگەیەنن،خۆتان لە خانوو و باڵەخانە بەرزەکان بپارێزن.بەدەم کەسەوە پی مەکەنن و مۆڕەش لە کەس مەکەن.کەس تاوانبار نییە تا من بڕیاری لەسەر نەدەم.ئێستاش هەریەکە و بەرەو شوێنی دیاریکراوی خۆی بچێت.
هەموویان هەستانە سەر پێ و هەر کۆمەڵەو بەلایەکدا ڕۆی هەندێکیشیان لەگەڵ بوونەوەرە کەڵەگەتەکە بەرەو بەغا بەڕێ کەوتن.

بەغا/مەیدانی ئازادی
بوونەوەرە کەڵەگەتەکە وەستاوە دەعباکان چوار دەوریان گرتووە.کەس دیار نییە.خەڵکی بەغا و بگرە خەڵکی شارەکانی تریش لە ماڵ خۆیان حەشار داوە. ترسێکی گەورە دای گرتوون و هەزار و یەک خەیاڵ و لێکدانەوە و بۆچوون مێشکی بەگیر هێناون.کێن ئەمانە ،بۆ چی و لە کوێوە هاتوون؟ بۆچوونێک کەبەسەر هەموو بۆچوونەکانی تر خۆی زاڵ کردبوو ئەوە بوو کە ئەمانە لە ئەستێرەیەکی ترەوە بۆ داگیرکردن و تاڵان کردنی زەوی هاتبن.هەندێک دەیان ووت هەموومان دەکوژن،هەبوو دەی ووت هەموومان لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ ئەستێرەکەی خۆیان،هەشبوو دەی ووت کەشفێکی زەوی دەکەن و لێی دەکۆڵنەوە و هەرچیان پێویست بێت دەیبەن و دەڕۆن،بەڵام ئەوەی کە لە هەموو ماڵێک میوان بوو ،ترسێکی بێ سنوور، بەڵکو تۆقین بوو.
دڵەراوکێیەک بە خەڵکەوە دیار بوو کەس نانی بۆ نەدەخورا.
بوونەوەرە کەڵەگەتەکە دەنگێکی بەرزی ئەفسوناوی هەبوو ،گەر بیویستایە لە دووری هەزاران کیلۆمەترەوە دەنگی دەبیسترا و بەشێک لە وڵاتانی دراوسێش گوێیان لێی دەبوو..ئەو دەیزانی هەمووان دەترسن و دەشی زانی کەس بۆ بینی نایەت ،بۆیە دەستی کرد بە قسە کردن.
من ناوم مانادێراسە، ئێمە لە هەسارەی ڤاناتۆنیسەوە هاتووین.هەزاران ساڵە چاودێری زەوی و چەند هەسارەیەکی تر دەکەین کە ژیانی تیایە،بەڵام قەت نەمان ویستووە تێکەڵ بە کار و بار و ژیانی هیچێک لەو هەسارانە بین،چونکە هیچ خاڵێکی هاوبەش لەنێوان ئێمە و ئەواندا نییە.ئێمە زیرەکترین بوونەوەری گەردوونین ،تواناییەکانمان بە بەراورد بە تواناییەکانی ئێوە ملیۆنەها جار زیاترە.ئەزانم هەمووتان دەتانەوێ بزانن ئێمە بۆچی هاتووین و نیازمان چییە.بۆیە باش گوێ بگرن.

هەسارەکەی ئێمە پڕە لە بوونەوەری زیرەک و لێهاتوو،ساڵانە پێشبڕکێیەک بۆ دەستنیشان کردنی زیرەکترین و بەتواناترین بوونەوەر بەڕێوە دەچێت. بۆ ماوەی سەد ساڵ من بە پلەی یەکەم دەردەچووم .ئەمساڵ بوونەوەرێکی تر ململانێیەکی سەرسەختانەی لەگەڵا کردم ،ئەو ناوی ماناڤۆریسە .من و ئەو بۆ ماوەی دوو مانگ بە چەندین شێوە تاقی کراینەوە.لە هەموویاندا دەرچووین،هەزارەها پرسیارمان ئاڕاستە کرا وەڵامی هەموو پرسیارەکانمان بە دروستی دایەوە..هیچ ڕێگایەک نەما بیگرنە بەر بۆ تاقی کردنەوەمان، بەڵام هیچمان بەسەر ئەوی تردا سەر نەکەوت.ئەبوایە کەسێکمان وەک براوە دەست نیشان بکەن..بۆ یەکلا کردنەوەی ئەم کێشەیە پەنایان بردە بەر ئێراڤاراس ،ئەو کاروباری ئەستێرەکەمان بەڕێوە دەبات،ئەوەی کە` ئێوە پێی دەڵێن سەرۆکی حوکمەت یان دەوڵەت .ئەو پێشنیارێکی کرد کە بریتی بوو لە ناردنی ماناڤۆریس بۆ ناوچەیەک لە هەسارەی تۆکانۆسار و منیش بۆ عێراق.ئێراڤاراس پێی ووتم،لەسەر زەوی وڵاتێک هەیە بە ناوی عێراق ،پڕیەتی لە شتی سەیر و سەمەر،ئەوان حکومەتیان هەیەو بڕیاریان نییە،پەرلەمانیان هەیەو یاسایان نییە،نەوتیان هەیە و خەڵکەکەی لە زستاندا سەرمایەتی،بودجەیەکی زەبەلاحیان هەیەو خەڵکەکەی برسییە،ووتی ئەمانەو چەندین کێشەی تر کە مەحاڵە بەخۆیان چارەسەر بکرێت.ووتی تۆ ئەڕۆیت و پێنج ساڵ ماوەت هەیە بۆ بوونیات نانەوەی ئەو ووڵاتە و بنبڕ کردنی کێشەکانیان و دابین کردنی خۆش گوزەرانی بۆ هاوڵاتییەکانی.ماناڤۆریسیش بۆ هەمان مەبەست ئەچیت بۆ ئەو ناوچەیەی هەسارەی تۆکانۆسار کە کێشەکانیان هاوشێوەی کێشەکانی عێراقە.هەر کامێکتان لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا توانیتان کارێکی باشتر ئەنجام بدەن ئەو نازناوەکە دەباتەوە.
من بەر لەوەی بێم بۆ ئێرە یەک سەعات لێکۆڵینەوەم لەسەر هەسارەکەتان بە گشتی و عێراق بە تایبەتی کرد.ئێستا هەموو شتێک دەربارەی ئێوە ئەزانم.

ئەبێ ئەوە بزانن کە لەم ساتە وەختەوە من بڕیار دەری یەکەمم لەم وڵاتە ،کەس بۆی نییە گفتوگۆ لەسەر هیچ بڕیارێکم بکات.سوپایەکم هێناوە نەک هەر ووڵاتەکەتان بەڵکو دەتوانن لە چەند خولەکێکدا تەواوی زەوی بکەن بە خۆڵەمێش.،بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە بزانن من دیکتاتۆرم و هاتووم بە پڕاکتیکێکی دکتاتۆرانەوە ئێوە بخەمەوە سەر ئەو سکەیەی کە بەرە و خۆشگوزەرانی و داد پەروەریتان ئەبات.تا بڵێیت میهرەبان دەبم و تا بشڵێیت بێ بەزەیی.میهرەبان لە ڕویی هەموو ئەوانەی کە بڕیار و فەرموودەکانم جێ بە جێ ئەکەن و کار و کردارەکانیان دەخەنە خزمەتی و بێ بەزەیی بەرامبەر ئەوانەی کە تەگەرە دەخەنە بەردەم ئامانجەکانم.
من بۆ یەکلا کردنەوەی کێشەکانتان پلانێکی پێنج ساڵیم داڕشتووە کە بریتییە لە:

یەکەم :
هەرچی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و مەدەنییە هەڵدەوەشێتەوە.
دووەم:
هەڵوەشاندنەوەی حوکمەت و پەرلەمان و هەموو دام ودەزگاکان.
سێیەم:
هەڵوەشاندنەوەی سوپا و میلیشیا و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و هەموو هێزە چەکدارەکانی تر.
چوارەم:
پێکهێنانی حوکمەتێکی کاتیی لە کەسانێک کە پێشتر هیچ پۆستێکی دەوڵەتی و سیاسییان نەبووە و ئەندامی هیچ حیزب و گرووپێک نەبوونە
پێنجەم:
هەر کەسێک لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی ناشەرعی و نا یاسایی هەر بڕە پارەیەکی حوکمەتی خواردووە یان کەوتۆتە لا پێویستە لە ماوەی یەک مانگدا ڕادەستی حوکمەتە کاتییەکەی بکاتەوە.دڵنیاشتان دەکەینەوە کە هەموو دۆکیومێنتەکانمان لەلایە و هەرکەسێکیش بەدەم ئەم داواکارییەوە نەیەت سزا دەدرێت.
شەشەم:
تا پێنج ساڵی تر هیچ هەڵبژاردنێک ناکرێت،وڵات ئەو حوکمەتە بەڕێوەی دەبات کە ئێمە هەڵی دەبژێرین.
حەوتەم:
پاش تەواو بوونی پێنج ساڵەکە ئێمە عێراق جێ دێڵین و حوکمەت دەست دەکات بە ئامادەکردنی زەمینەکانی هەڵبژاردن و لە پاش هەڵبژاردنیش حیزبی براوە دەتوانێت حوکمەت پێک بێنێت.
هەشتەم:
لەماوەی ئەم پێنج ساڵەدا هەر گروپێک دەتوانێت حیزبی تازە پێک بێنێت لەسەر بنەمای خزمەت کردنی تەواوی خەڵکی عێراق و بەدەر لە هەستی تایەفەگەری و نەتەوەیی.هەموو حیزبێکیش دەبێت پڕۆژەیەکی دە ساڵیی بۆ بەڕێوە بردن و پێشخستنی عێراق و تەواکردنی کارەکانی حوکمەتە کاتییەکە هەبێت و دەتوانێت لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەدا ئەندام گیری بکات و بەرنامە و پڕۆژە چاکسازییەکانی خۆی بە خەڵک بگەیەنێت
نۆیەم:
لەمڕۆوە دەست دەکەین بە وەرگرتنی سیڤییەکانتان.هەرکەسێک لە خۆی ڕادەبینێت دەتوانێت سیڤی بۆ هەر پۆستێک کە دەیەوێت پێشکەش بکات.هیج مەرجێکمان بۆ خۆ کاندید کردن نییە جگە لە دەست پاکی و دڵسۆزی و نییەت چاکی.سیڤی وەرگرتن لە پاش دوو هەفتە کۆتایی پێ دیت.
ئەمە پووختەی پلانەکەی منە و چاوەڕوانی سیڤییەکانتان دەکەین بۆ پۆستەکانی حوکمەتە کاتییەکە.سوپاس بۆ گوێ گرتنتان.

خەڵکی عێراق کە ئەمەیان بیست دڵنیاییەکیان لەلا دروست بوو و وەڵامی زۆر پرسیاریان وەرگرتەوە و خۆشحاڵ بوون کە ئەوان بۆ مەرامێکی خراپ ڕوویان تێ نەکردوون.
خەڵکێکی زۆر دەستیان کرد بە ئامادە کردنی سیڤییەکانیان.حیزب و ڕێکخراو و سیاسەت مەدارەکانی عێراق دەیان زانی بەرانگار بوونەی مانادێراس خۆ کوژییە ،بۆیە هەر زوو هەمووان حیزبەکانیان هەڵوەشاندەوە . پەیتا پەیتا هێزە چەکدارەکان چەکەکانی خۆیان تەسلیم دەکردەوە تا وای لێهات ماڵەکان خاڵی بوونەوە لە هەموو جۆرە چەکێک.گەندەڵەکانیش بەو سەدان ملیار دۆلارەی کە هەڵیانلووشی بوو خەزێنەی دەوڵەتیان گەرم کردەوە.
ڕۆژی یەکەمی پاش ووتارەکە مانادێراس هەزارەها سیڤی بەدەست گەیشت و تا دوو هەفتەکە کۆتایی هات ژمارەکە گەیشتە سەدان هەزار سیڤی.
مانادێراس کە لە بەهێزترین کۆمپیوتەری ئەم سەردەمە زیرەک تر بوو بە خێراییەکی ڕادەبەدەر مامەڵەی لەگەڵ سییڤییەکان کرد و کەسی شیاوی بۆ حوکمەتە کاتییەکە دەست نیشان کرد.ئەوانەی کە هەڵی بژاردبوون هەموو کەسی سادەو ساکاری نێو کۆمەڵگا بوون .دەیزانی هەڵبژاردنی ئەوان دەبێتە جێی سەرسوڕمانی هاولاتیان بۆیە لە ڕۆژی ئاشکەرا کردنی ناوەکاندا ووتی:
ئەمڕۆ پۆستەکانی حوکمەت دابەش دەکەین، هەروەها پوختەیەکیش لە سیڤی کاندیدکراوەکان دەخەینە بەرچاو.ئەزانم پێتان سەیر ئەبێت کە ئەوانمان بۆ ئەو پۆستانە هەڵبژاردووە،بۆیە پێم خۆشە پێتان بڵێم کە لای من نییەت و ڕاستگۆیی و دڵسۆزی دەکەوێتە پێش بڕوانامە و توانایی و لێهاتووییەوە.لە ئەنجامی کار کردندا دەتوانی ئەمانەی دوایی بەدەست بێنیت،بەڵام پێچەوانەکەی ڕاست نییە.هەروەها ئەوانەی کە پۆستەکان وەردەگرن گەر دوو دڵ بوون لە هەر بڕیارێک کە دەیانەوێ بیدەن،دەتوانن ڕاوێژ بە کەسی لێهاتووی بواری بڕیارەکە بکەن .

مانادێراس زۆر خۆی بە سیڤییەکانەوە خەریک نەکرد.ئەو کە ڕاستگۆیی و دڵسۆزی و نیەت چاکی لە هەر شتێکی تر بۆ گرنگتر بوو چەند سیڤییەکی هەڵبژارد کە خاوەنەکانیان کەسانی سادەو ساکار بوون و هیچ بڕوا نامەیەکیان نەبوو بگرە هەندێکیشیان نەخوێندەوار بوون.بۆ نموونە ئەو پیاوەی کە بۆ سەرۆکایەتی حوکمەت هەڵی بژاردبوو بەشێک لەسیڤییەکەی بەم شێوەیە بوو
(من یانزە مناڵم هەیە.لە پاش لەدایک بوونی مناڵە بچووکەکەمان هاوسەرەکەم بە نەخۆشییەک هەردوو چاوی لەدەستدا..من سەرباری ئەوەی کەدە سەعات لە نانەوا خانەیەک گونکم ئەبڕی ،کە دەهاتمەوە بۆ ماڵ ئەرکە بەجێماوەکانی ماڵەوەشم ڕائەپەڕاند.هەر یانزە مناڵەکەم کۆلیژیان تەواو کردووە.کچ و کوڕێکم دکتۆرن و دوو کوڕو کچێکی ترم ئەندازایار و دوو کچ و کوڕێکیشم مامۆستان و کوڕێکم شانۆکارە و کچێکم ڕۆمان نووسە و کوڕەکەی تریشم پارێزەرە.ژنم بۆ هەموو کوڕەکانم هێناوە و کچەکانیشم هەموو شوویان کردووە.تا توانیبێتم نەم هێشتووە کاتم بە فیڕۆ بڕوات و بەیارمەتی مناڵەکانم خۆم فێری خوێندن و نووسین کردووە.لەو ئابلووقە ئابووریەی کە بەسەر عێراقدا سەپێنرابوو من جۆرێکی تازەم لە ئارد داهێنا کە تێکەڵەیەک بوو لە چەند دانەوێڵەیەکی هەرزان و تەندروست،خەڵکێکی زۆر سوودیان لێ دەبینی.خانوویەکم بە شان و بازووی خۆم و مناڵەکانم درووست کردووە و هەموویانم لەوێدا پێ گەیاندووە.چیرۆک دەنووسم و تا ئێستا دوو کۆمەڵە چیرۆکم لە دوو توێی دوو کتێبدا بڵاو کردۆتەوە و ئێستاش سەرقاڵی لە چاپدانی کتێبی سێیەمم.لە پاش پێگەیاندنی مناڵەکانم سەفەرێکی زۆرم کردووە و بەچاوی فێربوونەوە لە کەلتور و فەرهەنگی گەلانی ئەو وڵاتانە ڕوانیوومە کە سەفەرم بۆ کردوون.مێژووی زۆربەی گەلانم خوێندۆتەوە و لە سەرکەوتن و شکستەکانیانم کۆڵیوەتەوە.من دەزانم هەموو کارێک بە پارە ئەنجام دەدرێت،بەڵام ئەگەر من ببم بە سەرۆکی حکومەت، وەزیرەکان لەسەر ئەوە ڕادێنم کە بە کەمترین پارە باشترین کار ئەنجام بدەن)
سیڤی وەزیری کارەبا کە هی ئافرەتێک بوو کە ژنی ماڵ بوو زۆر لەوە سادەتر بوو. لە بەشێکیدا هاتبوو
(من سێ جار کارەبا گرتوومی وپەنجەیەکم بەو هۆکارەوە قرتاوە.مناڵێکم لە بەفر و سەرما زۆرەکە بەدەم هیتەرێکی کوژاوەوە ڕەق بۆتەوە.هەموو مانگێک سی هەزار لە مەعاشە دووسەد هەزارییەکەم دەدەم بە موەلیدەی گەڕەک.لەو چوار ئەمپێرەش کە لە بەرامبەردا وەری دەگرم دوو ئەمپێری دەدەم بە دراوسێ نەدارەکەمان.قەدری کارەبا لای منە و هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی کارەبای بیست وچوار سەعاتی بگەیەنمە هەموو شار وشارۆچکەکان و بگرە لادێکانی عێراقیش)
ئەوەشی کە بۆ وەزیری توجارەت هەڵی بژاردبوو سیڤییەکەی کەمتر لەوانی تر سادە نەبوو
(من عارەبانەیەکم هەیە میوە و سەوزەی لەسەر دەفرۆشم .هەموو بەیانییەک سەعات سێ لە خەو هەڵدەستم وخۆم دەگەیەنمە علوە، تاوەکو بە نرخێکی گونجاو باشترین میوە و سەوزە بەدەست بێنم.من هەمیشە لە پاش یەکسان کردنی هەردوو تای تەرازووەکەوە بە میوەیەک یان چەند چڵە سەوزەیەک لایەکیان قورستر ئەکەم.بە قەرزی کورت خایەن و درێژ خایەن ڕزقەکانم دەفرۆشم .من کە عارەبانەکەم سەرچاوەی بژێوی ژیانمە بە باشی دەیپارێزم .میوە و سەوزە ڕزیو و تەپیوەکان جیا دەکەمەوە و دەیدەم بە باڵندەکان.کە هەست دەکەم شتەکانم دەمێننەوە، یان هەرزان فرۆشیان دەکەم، یانیش بە خۆڕایی دەیدەم بەوانەی کە توانای کڕینیان نییە)
بەم جۆرە مانادێراس پۆستەکانی دابەش کرد وحکومەت دەستی بە کارەکانی کرد.مانادێراس بڕیاری دابوو هیچ دەست تێوەردانێک لە کار و باری حکومەتدا نەکات تەنها ئەو کاتانە نەبێت کەدەست تێوەردانەکە دەبێت بە زەرورەت.

لەبەر ئەوەی عێراق لە هەموو ڕووەکانەوە وێران بوو، هەر کارێک دەکرا جێگای خۆی دەگرت.وەزیرەکان هەرکەسەو لای خۆیەوە ئەوەی بە پێویستیان زانی کردیان.سەرەتا بە هۆی نەشارەزاییەوە دووچاری هەندێک گرفت بوون، بەڵام پاشتر بە یارمەتی خەڵکانی پسپۆڕ و شارەزا کارەکانیان ئاسانتر بۆوە.ووڵاتانی دراوسێ لە سەرەتادا نەیان دەویست هاوکاری بەدیهێنانی ئامانجەکانی مانادێراس بکەن ،ئەویش کە گرەوی تەنها لەسەر عێراق کردبوو بۆی نەبوو دەست لە کاروباری ئەوان وەردات،بەڵام دواتر ووڵاتانی دراوسێ و هەموو ووڵاتەکانی دونیا ملیان بۆ بەرژەوەندییەکانیان کەچ کرد و کەوتنە بازرگانی کردن و وەبەرهێنان لەعێراق.زۆری نەبرد ووڵات پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی.جووتیارەکان هەموو بوون بە خاوەنی تراکتۆر و دەڕاسە و ئۆتۆمۆبیلی پێویست بۆ گواستنەوەی بەرهەمەکانیان.بەرهەمە کشتوکاڵیەکان ئەمەنە زیادیان کرد ،بەشێکی ڕەوانەی ووڵاتانی دراوسێ دەکرا.کارگەیەکی زۆر دامەزراو خەڵکێکی زۆری لە بێکاری ڕزگار کرد.کارەبا لە هەموو شارو شارۆچکە و لادێکان بیست و چوار سەعات هەبوو، تەنانەت ڕەوەندەکانی بیابانیش کە لەنێو چادرەکاندا دەژیان بەهرەمەند بوون لە کارەبا.هێزی چەکداری بە شێوەیەکی مۆدرن دروست کرایەوە و ئاسایش بەشێوەیەک بەرقەرار بوو دەتتوانی لە نێو کۆڵاندا فەردەیەک زێڕ بکەیت بە تەختی خەوتن.جادە و بانەکان هەموو بە شێوەیەکی سەردەمیانە قیرتاو کرانەوە و خەستەخانەیەکی زۆر درووست کرا کە توانای چارەسەر کردنی نەخۆشییە هەرە قورسەکانیان هەبوو.خوێندنگاکان بوون بە شوێنی پەروەردەیەکی مۆدرن و تەندروست.

عێراق بە شێوەیەک کەوتە خێر و خۆشییەوە خەڵکی ووڵاتانی دونیا دەهاتنە سەر شەقام و داوایان لە مانادێراس دەکرد کە هەرچی بۆ عێراق کردووە بۆ ئەوانیشی بکات،بەڵام ئەو ئامانجەکەی سنووردار بوو، عێراق و بەس.
شان بە شانی دەست بەکاربوونی حکومەت چەند حیزبێکی سیاسی پێک هێنران و خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئامادە دەکرد.هەموو پڕۆژەی دە ساڵییان ئامادە کردبوو کەتەواوکەری ئەو کارانە بوون کە لە هەموو بوارەکاندا ئەنجام درابوون.پێنج ساڵەکە کۆتایی هات وهەموو شتێک بە دڵی مانادێراس و خەڵکی عێراق بەڕێوە چوو.مانادێراس هەستی بە خۆشییەکی بێ هاوتا کرد،هەستێک کە بارگاوی بوو بە خۆشی سەرکەوتن لە ناخیا دەهات و دەچوو .دەیزانی وادەکەی بەرەو تەواو بوون دەڕوات و ئەبێ بگەڕێتەوە بۆ ئەستێرەکەی خۆیان.ووتاری ماڵئاوایی خۆی پێشکەش کرد.
(خەڵکی عێراق من وادەی گرەوەکەم کۆتایی هاتووە.کاتی ئەوەیە خۆم و سوپاکەم بگەڕێینەوە بۆ هەسارەکەی خۆمان.ئەوەی مایەی دڵشادی و خۆشییە بۆ من ئەوەیە کە کارەکان وا بەڕێوە چوون کە هیوام بۆ دەخواست..ئێوە ئێستا خاوەنی حکومەتێکی کارامە و دڵسۆز و تەندروستن، خاوەنی ژێرخانێکی بەهێز و حاشاهەڵنەگرن.شەمەندەفەری پرۆسەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیتان کەوتۆتە سەرسکەی خۆی و گەلانی دونیا ئیرەییتان پێ دەبەن.ئێمەدەڕۆین و ئێوەش بە هەڵبژاردن دەبن بە خاوەنی حکومەتێکی نوێ.دڵنیام ئەم حکومەتەی ئێستا لەسەر خستنی پرۆسەی هەڵبژاردن درێخی ناکات.هیوادارم حکومەتی نوێی عێراق جێ پێی ئەم حکومەتە هەڵگرێت و عێراق بەردەوام بێت لە هەڵنانی هەنگاوی دروست و تەندروست بۆ پێشکەوتنی زیاترو خۆش گوزەرانی زیاتر بۆ هاوڵاتییەکانی.من هەر ئەمڕۆ سوپاکەم کۆ ئەکەمەوەو عێراق جێ دێڵین .ماڵ ئاوا و سەرکەوتنتان ئاواتمە.

پاش مانادێراس:

مانادێراس و سوپاکەی عێراقیان جێهێشت و گەڕانەوە بۆ هەسارەکەی خۆیان.کۆمسیۆنێک بۆ بەڕێوبەردنی هەڵبژاردن دامەزرا و دەستی کرد بە کارەکانی.سەرەتا حیزبێکی زۆر خۆی ناونووس کرد و تا دەهات ژمارەی حیزبەکان ڕوو لە زیاد بوون بوو.کە وادەی تۆمار کردن تەواو بوو ژمارەی حیزبەکان گەیشتبووە دوو سەد و پێنج حیزب.بەرنامەی حیزبەکان زۆر بەیەک دەچوون، هەمووشیان سوێندیان بە مانادێراس دەخوارد و گرەویان لەسەر جێ بەجێ کردنی ڕێبازەکەی دەکرد.
کە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێ کرد حیزبەکان بارەگاکانیان پڕ کرد لە وێنەی مانادێراس،لە خوار وێنەی هەر کاندیدێکیشەوە ووتەیەکی مانادێراس دەبینرا.ئەم لێکچوون و نزیک بوونە لە بەرنامە و دید و بۆچوون و داکۆکی کردنە لە ڕێبازی مانادێراس، سەری لەخەڵکی شێواند ،نەیان دەزانی دەنگ بە کامە حیزب بدەن ،کامیان نزیکترن لە ڕێباز و ئامانجەکانی ئەو.

من یەکێک بووم لەوانەی کە سەرم سوڕمابوو و نەم دەزانی کام حیزب شایستەی بردنەوەی هەڵبژاردنە و کامیان دەتوانن کارەکانی مانادێراس تەواو بکەن.دەستم کرد بە گەڕان و سوڕان و پرسیار کردن.سیاسەت مەدارێکی زۆرم دوواند،لەگەڵ ڕۆشەنبیرێکی زۆر گفتوگۆم کرد،ڕای چەندین نووسەر و ڕۆژنامەنووس و بگرە ئەدیب و هونەرمەندم وەرگرت،بەڵام نەگەیشتم بە هیچ ئەنجامێک.تێگەیشتم کە ئەوانیش وەکو من بەدەم هەمان کێشەوە دەناڵێنن.تووشی بن بەست بووم و نائومێدییەکی بێ سنوور دای گرتم.دواتر تروسکاییەک ئومێدم بەدەست هێنایەوە، کاتێک پێیان ووتم پیرەمێردێکی گوند نشین بە ڕاو بۆچوونە دروستەکانی بەناوبانگە.ئەیان ووت ئەو زۆر دونیا دیدەیە و پرسیاری زۆر قورس بەشێوەیەکی زۆر سادە وەڵام ئەداتەوە..تەمەنی نزیک بە سەد ساڵە ،شایەتی زۆربەی شۆڕش و هەڵچوون و داچوونەکانی عێراقە..خۆم کۆ کردەوە و وەک دوا چارە بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامی پرسیارەکەم ڕووم لە لادێکە کرد.
پیرەمێردەکە لە ژوورێکی بچکۆڵانەدا ئەژیا کە جگە لە دوو بەڕە و سەرینێک و سۆپایەکی دار هیچی تری تیا نەبوو.پێشتر پێیان وتبووم کە ئەو پیاوە زۆر کەم قسە ئەکات و زەحمەتە وەڵامی پرسیارەکەت بداتەوە،بۆیە کە چووم هیوایەکی زۆرم نەبوو کە بە وەڵامێکەوە بگەڕێمەوە.من ئەم ووت پیرەمێردێکی نەخوێندەواری سەد ساڵە لە کوێ دەتوانێت وەڵامی پرسیارێک بداتەوە کە مێشکی ملیۆنەها کەسی جەنجاڵ کردووە.من پێم وابوو وەڵامی ئەو پرسیارە لای فەیلەسوفەکانە ،لای قاڵ بووەکانی ناو دونیای سیاسەت، لای ئەوانەی کە دەیان کتێب لە ساڵێکدا دەخوێننەوە،بەڵام لەوانە هەموو نا ئومێد ببووم .کە خۆم کرد بە ژووری پیرەمێردەکەدا، ئەو پاڵ کەوتبوو ،نە بزەیەک بە لێویەوە دەبینرا و نە بچووکترین ئومێد بە ڕووخساریەوە دیار بوو.کە منی بینی حاڵەتی دانیشتنی وەرگرت ،بە ووشەیەک بەخێرهاتنی کردم، سوپاسم کرد و ئەو هیچی نەووت..زانیم من ئەبێ ئەو بدوێنم .ووتم خاڵە گیان من زۆر کاتت لێ ناگرم تەنها بۆ وەڵامی یەک پرسیار هاتووم هیچی تر.ئەزانم حەزت بە قسە کردن نەماوە و ئەزانم گفتوگۆ لەگەڵ کەسدا ناکەیت،ئەشزانم لە مێژە ڕای خۆت بەکەس نەوتووە و لەسەر هیچ قسە ناکەیت،بەڵام هاتوومەتە ماڵەکەت و ئەرکی خانە خوێییت بە وەڵامدانەوەی تەنها یەک پرسیار جێ بە جێ بکە.
سەرەتا هیچی نەووت دواتردیار بوو بیر لە داواکارییەکەم ئەکاتەوە، سەری هەڵبڕی و سەیری کردم .
– لە ڕێیەکی دوورەوە هاتوویت دڵت ناشكێنم ،بەڵام لە پرسیارێک زیاتر وەڵام نادەمەوە،
خۆشییەک سەرتاپای جەستەی داگرتم و پێم ووت.
خاڵە گیان وەک ئەزانی عێراق لە سەر و بەندی هەڵبژاردنە و زیاتر لە دوو سەد حیزبیش بەشداری لە هەڵبژاردنەکە ئەکەن.ئەم حیزبانە هەموو خۆیان بە میراتگری مانادێراس ئەزانن و هەمووشیان جەخت لەسەر پەیڕەو کردنی بەرنامەکەی ئەکەنەوە.من ئەمەوێ وەکو هاوڵاتییەک بەشداری لە پرۆسەی گەشە کردن و بەرەو پێشچوونی عێراق بکەم،بەڵام نازانم کامێک لەم حیزبانە شایستەی ئەوەن کە متمانەی خۆمیان پێ بدەم.هاتنەکەم بۆ لای تۆ تەنها بۆ ئەو مەبەستەیە و هیچی تر.
پیرە مێرد سەرەتا هیچی نەووت.پێم وابوو وەڵامی پرسیارەکەم ناداتەوە، دواتر بۆ یەکەم جار بزەیەکم لەسەر لێوەکانی بینی.تێگەیشتم کە گاڵتەی بە عەقڵم دێت و چوونەکەشم بۆ لای ئەو بە نەفامی و بێ ئەقڵی ئەزانێت،لەگەڵ ئەوەشدا بزەکەی سەر لێوی خۆشییەکی لە ناخمدا چاند.دەستی برد بۆ قوتوی جگەرەکە و جگەرەیەکی قەمیشی داگیرساند و قومێکی لەجگەرەکە داو ڕووی تێ کردم
کوڕم؟
بەڵێ؟
ئەگەر ئەو حیزبانە هەموو خۆیان بە میراتگری مانادێراس ئەزانن و ئەیانەوێت هەنگاوەکانی ئەو هەڵگرن،ئەی بۆچی دابەش بوونەتە سەر دوو سەد حیزبی جیاواز؟ ڕاستە مانادێراس بۆ گرەو بۆ ئێرە هاتبوو،ڕاستە ئەو لەو ماوە کەمەدا کە لێرە بوو نموونەیەکی جوانی نیشان داین،بەڵام مانادێراس حکومەتەکەی گٶڕی و ئەقڵی خەڵکەکەی نەگۆڕی،.مانادێراس کتێبێک بوو هەمووان پیشتر خوێندبوویانەوە ،بەڵام نەیان دەویست دەقەکەی بکەن بە کردار.تاکە کەس کە شایانی ئەوە بێت دەنگی پێ بدرێت مانادێراس خۆیەتی،چونکە ئەو خەڵکی هەسارەیەکی تر بوو.
ئەمەی ووت و سەری داگرت و دەستی کرد بە قومدان لە جگەرەکەی،دواتر بە دەستی ڕاستی دوو جار لە شانی چەپی دام .زانیم ئەمە کۆتایی قسەکانییەتی و ئیتر منی لەوێ ناوێت،منیش پێویستم بە ڕوون کردنەوەیەکی زیاتر نەبوو و ئەوەی کە بۆی چوو بووم بەدەستم هێنا.سوپاسم کرد و ماڵ و لادێکەم جێ هێشت.
لە ڕێ هەر دەمویست بیانوویەک بۆ دەنگدان بە حیزبێک بدۆزمەوە،بەڵام ئەو چەند دێڕەی پیرەمێرد وەکو دیوارێک لە نێوان من و بڕیارەکەم وەستابوو.هەرچیەکم شی دەکردەوە و هەرچییەکم لێک دەدایەوە بەر ئەو دیوارە ئەکەوت و لە بەین ئەچوو.من یان دەبوایە باجی گەمژەیی خۆم بدەم و حیزبێک هەڵبژێرم یانیش بە حەسرەتەوە چاوەڕوانی ڕووداوەکانی داهاتوو بکەم.یەکەمیانم هەڵبژارد و کەسم هەلنەبژارد.

پاش هەڵبژاردن

هەڵبژاردن تەواو بوو،لەبەر ئەوەی حیزبێکی زۆر بەشداری لە هەڵبژاردن کردبوو وە بەرنامە و پڕۆژەی داهاتوویان هەموو بە یەک دەچوون و هەموو خۆیان بە قوتابی مانادێراس دەزانی،هیچ حیزبێک نەیتوانی بە تەنها حکومەت پێک بێنێت.لە ناو یەکتردا کەوتنە گفتوگۆ.خولیای پۆست وەرگرتن سیاسەت مەدارێکی زۆری لە بازنەی ململانێکان چەقاند.وڵاتانی دراوسێ هەلێکی باشیان بۆ ڕەخسا تاوەکو جێ پێی خۆیان لە بازنەی بەڕێوەبردنی عێراقدا بکەنەوە و ووڵاتانی دونیاش کەوتنە خۆیان و دۆستیان بۆ بەرژەوەندییەکانیان پەیا ئەکرد.تا دەهات ئاگری ململانێکان زیاتر کڵپەیان دەسەند.حیزبە براوەکان بە لادان و پشت کردن لە ڕێبازەکەی مانادێراس یەکتریان تۆمەت بار دەکرد.حکومەت کە بە نەمانی مانادێراس بە باڵندەیەکی بێ پەڕ ئەچوو،بوو بە تەماشاچی و نەکەس گوێی لێ دەگرت و نەکەسیش ڕاوێژی پێ دەکرد.
ماوەیەکی زۆر تێپەڕی،هەرچۆنێک بێت چەند حیزبێک نێچیری حکومەتیان لە نێوان خۆیاندا بەش کرد و هەندێک زۆر و هەندێک کەمی بەرکەوت.حکومەت دەست بەکار بوو.وەزیرەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرووی خۆیان کار و بارەکانیان جێ بە جێ دەکرد،لە ماوەیەکی پێوانەییدا خەزێنەی دەوڵەت بەتاڵ بوو.دەزگاکانی دەوڵەت پر بوون لە تووتی و ڕێوی.جۆگەڵەی خزمەتگوزارییەکان وەک ساڵی بێ باران کەمیان کرد.،پڕۆژەکان زۆربەیان ئیفلیج بوون و بۆڕیە نەوتەکانیش زیاتر نەزیف بوون.بە هەر چوار لادا نەوت دەڕۆی،نە ڕێژەکەی دیار بوو نە داهات.کارگەکان لە پەل و پۆ کەوتن و کرێکارەکانیش بوون بە هاوڕیی گیانی بە گیانی تەسبیح و فەیس بووک.بەها و ئاکارەکان وەک داری پێکراو بەخەزان گەڵاکانیان دەوەری و (من) کورسی لە (ئێوە) زەوت کرد.ڕەفەکان بە کاغەزی یاساکان باڵایان کرد و ئاشتی و ئارامی و ئاسایش وەک کۆتری تەرە هەموو عێراق دەگەڕان و شوێنێکیان بۆ نیشتنەوە بەدی نەئەکرد.نائومێدیش وەک سێبەر پێ بە پێ و سات بە سات هاوڕیی هاوڵاتیان بوو.کەس نەیدەزانی دەستی تۆمەت بۆ کێ ڕاکێشیت.هەموو دەیان ووت حیزبەکانی تر ناهێڵن بەرنامەکانی مانادێراس جێ بە جێ بکەین .عێراق بووەوە بە کەلاوەکەی پێش هاتنی مانادێراس و تروسکاییەک بۆ بۆ گٶڕانکاری بەدی نەئەکرا.

ئەمڕۆ ئێوارە

ئیوارەیەکی درەنگە ،دونیا کش و مات. ژنان خەریکی ئامادە کردنی سفرەی ئێوارەن،پیاوانیش بە دیار سەتەلایتەکانەوە دانێشتوون،بەڵام هەمووان چاوەڕوانی دەنگێک دەکەن ،دەنگێک کە لە مێژوودا نەبیسترابێت،دەنگێک بە ئاخری زەمان بچێت و سەرەتای زەمانێکی تر بێت ،دەنگێک لەگەڵ پریشکی پەڕیوی شووشەی پەنجەرەکان ئاهێک بە سینگی تاک بە تاکیان بێنێت و بزە بخاتەوە سەر لێوان و خوێن بخاتەوە بەر دڵان ،دەنگێک هەموو سیحرەکان بەتاڵ بکاتەوە و هەموو دوعاکان بگرێت،هەور بێنێتەوە بۆ ئاسمان و باران بەرێتەوە بۆ بیابان.
دەنگێک……………………….

موئەیەد مەحمود(کاردۆ)
٢٤/١/٢٠١٩

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish