Skip to Content

ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان و هەڵسەنگاندنێک لەپەیوەندی بەلایەنە بەهێزو لاوازەکانی!.. بەهادین حاجی بەکر دارتاش ( ڕێبوار عارف )

ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان و هەڵسەنگاندنێک لەپەیوەندی بەلایەنە بەهێزو لاوازەکانی!.. بەهادین حاجی بەکر دارتاش ( ڕێبوار عارف )

Closed
by شوبات 28, 2024 General, Opinion

ناڕەزایەتی مامۆستایان وەک ئەزمونێکی درەوشاوە چیمان پێدەڵێت!

مامۆستایانی کوردستان وەک بەشێک لە خەڵکی ناڕازی کوردستان نزیک بە ١٠ ساڵە بەشێوەیەکی لێبڕاوانەتر لە مەیدانابوون بۆ داکۆکیکردن لە مافو داواکاریەکانیان. لەم مێژووەدا مامۆستایان بەشێوازی جیاواز ناڕەزایەتیان دەربڕیووە. سەرەتا لەشێوەی یاداشت، کە لەو ساڵانەدا ٨٤ یاداشتنامەیان نووسیوە بۆ وەزارەتی پەروەردەو لایەنە بەرپرسەکان، دواتر لەڕێگەی خۆپیشاندان و بایکۆت کردنەوە درێژەیان بەخەبات داوە.
ئەوەی ئێمە لەچوارچێوەی ئەم نووسینەدا جێگەی مەبەستمانە ئەو دەورە مێژووی و پڕ لەشانازیەی ئەم قۆناغەی خەباتی مامۆستایانە، کەخاڵی دەستپێکردنی لێدانی چەغماخەی (بایکۆت)بوو بە نەچوونەوەی سەدانو هەزاران مامۆستا بۆ دەوام و قوتابخانەکانیان لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا.
مانگرتن و دەستلەکارکێشانەوەی مامۆستایان لەم قۆناغەدا بووە خالی وەرچەرخانی سەرلەنوێی ئەو جولانەوەیەو هێنایەوە مەیدانی جەماوەرێکی فراوان بۆ بەدەستهنانی مووچە و دامەزراندن… لەمبارەشەوە مامۆستایان ١٦٠ ڕۆژ بایکۆتی دەوامیان بەجەسارەت و ئیرادەیەکی بەرزو کەم وێنەوە درێژە پێدا، ئەم ئیرادەیە بەجۆرێک بوو کە زۆری پێنەچوو هەزاران ئینسانی ئازادیخوازو ناڕازی ڕژانە سەر شەقامەکان بەمشتی گرێدراویانەوە، جیاواز لەشیعاری ( بایکۆت بەردەوامە) چەندین شیعاری دەنگ دلێرانەتریان کردە وێردی سەر زمان و تینوتاوی خۆپیشاندانەکانیان کڵپەدارتر کردەوە.
ئەزمونێکی پردەستکەوت!

ئەوە ڕۆشنە کە ناڕەزایەتیەکانی ئەم قۆناغەی مامۆستایان بە تونێلی بارودۆخێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی ئالۆزو سەختدا تێپەردەبێت. قەیرانێکی ئابوری لەگۆرێدایەو دەسەلات لەژێر ناوی چاکسازیدا، ئاسەوارەکانی بەسەر کۆمەلگادا دەشکێنئتەوەو پەلاماری خزمەتگوزاریە گشتیەکانی بەڕیخستوەو کردونی بە کەرتی تایبەتی.
هاوکات وەک دەبینین تەعینی مەرکەزی و ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە لەکەرتی گشتیدا کێشەیەکی تری گەورە بووە، لەپاڵ ئەمانەشدا توندبوونەوەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و داشکانی ڕۆڵی حکومەتی هەرێم وکێشەی نێوان حزبەکان… هەموو ئەمانە مەسەلەی موچەی کردە گرێیەکی سیاسی گەورە، هەموو ئەم دۆخەش ژیانی خەلکی هەژارو کەمدەرامەتی بەگیرهێناوە.
بۆیە دەبینین ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان خوازیاری نان و ئازادی و ژیانێکی شایستە بە ئینسانن، خەڵکی دادپەروەری کۆمەڵایەتیان دەوێت، بۆیە کاتێک کە ئەو مافانەی نەبێت ئیتر باکی بە بوون و نەبوونی ئەو قەوارە سیاسیەوە نیە، کە بەردەوام سەرانی ئەم حیزب و دەسەڵاتە شەقامی ناڕازی پێ سەرکۆنە دەکەن و دەڵێن مووچە نابێت ئێمە بخاتە بەردەم هێنانە ژێر پرسیاری قەوارە سیاسیەکەمان لە بەغدادو بپارێنەوە بۆ مووچە.
هەر لێرەشەوەیە ئێمە لەم بارودۆخەدا دەبێت تێبگەین لەوەی سەرکەوتنەکانی شەقام چ بایەخ و جێگەوڕێگەیەکی هەیە، کەواتە با بزانین ئەو خاڵە بەهێزو پرشندارانە چین کە هاتنەمەیدانی ئەمجارەی مامۆستایاندا تۆمارکرا!

خەباتی١٦٠ ڕۆژی مامۆستایان ڕیکۆردی شکاند !

یەکەم / مامۆستایان توانیان ١٦٠ ڕۆژ بە ئیرادەو ڕاوەستانەوە بەبێ مووچەو هیچ سەرچاوەیەکی بژێوی ژیان درێژە بە ناڕەزایەتیەکان بدەن، کە ئەمە تەنیا نیشانەی ئیرادەیەکی یەکجار گەورە نیە، بەڵکو لە ڕاستیدا ڕیکۆرد شکاندنی مێژووی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی کۆمەڵگای کوردستانە، کەتێیدا بۆ یەکەمجار دەبینین ناڕەزایەتیەک لەسەر چەند داواکاریەک پێنج مانگ تێپەڕێنێت.
لەمبارەشەوە مامۆستایان لەم قۆناغەدا توانیان پەرچەمی نارەزایەتیەکانی کۆمەڵگای کوردستان بەرزڕاگرن و ئیرادەو ئاستی هوشیاری و خۆڕاگری بەرامبەر بەدەسەلات راگرن و پەرەی پێبدەن.
دووهەم / ئەم ناڕەزایەتیانە سەلماندیان، کە کێ لە جەرگەی خۆپیشاندانەکاندا پەنا بۆ تووندوتیژی دەبات و ڕاستەوخۆ شەقام خەڵتانی خوێن دەکات، سەلماندی کە دەسەڵات بۆ داسەپاندنی ئاماژەکانی خۆی چەندە بێباکە لە دەست بردن بۆ هەر ڕەوشتێکی فریوودەرانەو سەرکوتگەرانە.
١٦٠ڕۆژ دەیان هەزار مامۆستاو خەڵکی ناڕازی و ئازادیخواز هاتنەمەیدان بەبێ ئەوەی چڵەدارێک بشکێت، بەبێ ئەوەی پەنجەرەی دائیرەو قوتابخانەیەک بشکێت، بەبێ ئەوەی فایلی هیچ دائیرەیەک ئامانجدارانە بسووتێنرێت.
سێهەم / بەشداری ڕێژەی باڵای ژنان، لە گردبوونەوەو خۆپیشاندانەکاندا خاڵێکی تری پرشنگداربوو، وە هاوکات جەماوەرێکی یەکجار فراوان لە خەڵکی ئازادیخوازو ناڕازی کوردستان کاریگەریەکی گەورەی لەسەر بردنە سەرەوەی ڕێژەی فراوانی بەشداربووان هەبوو.
چوارەم / دەتوانین بڵێین یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی ئەم ناڕەزایەتیانە، قۆرغ نەکردنی شەقام بوو لەلایەن ئەو حیزب و لایەنانەی کە مامەڵەو ساتوسەودا بە ئیرادەی جەماوەرەوە دەکەن، کە ئەمەش کاریگەریەکی زۆری لەسەر ئیعتمادکردن و دڵخۆشی خەڵک هەبوو لە پرۆسەی خۆپیشاندانەکاندا، بەشداربووان جۆرێک لە دلنیایان هەبوو کە ئەم جوڵانەوەیەش ناکەن بەدەستمایەی دانیشتنەکانی خۆیان لەگەڵ دەسەڵاتدا.
پێنجەم/ یەکێک لەخاڵە پرشنگدارەکانی ناڕەزایەتیەکانی ئەم قۆناغە، فەزاو پێشوازیکردنی کۆمەڵگاو چونەسەرەوەی هیوای خەڵک بوو بۆ پشتگیری کردن، لە داخوازیەکانی مامۆستایان و بەردەوامی بایکۆت، سەرباری هەموو هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ ڕاوەستانەوە دژ بە بەردەوام بوونی بایکۆت.
شەشەم / دواجار ئەو داواکاریانەی کە مامۆستایان لەم دەورەی ناڕەزایەتیەکانیاندا خستیانە دەستور کاری خۆیانەوە، بەشێکی وەڵامی ئەرێنیان وەرگرتۆتەوەو ئەوەی کە ماوەتەوە جێبەجێکردنیانە.

خاڵە لاوازەکانی ئەم بزوتنەوەیە!
پێویستە بۆ هەڵسەنگاندنێکی دروست تەنیا لایەنە ئەرێنی و پێشڕەویەکانی بەرجەستە نەکەینەوەو لایەنی لاوازی کارەکانمان بەڕۆشنی ببینینەوە، بۆ ئەوەی لەداهاتوودا سوودیان لێوەرگرین، لەمبارەشەوە جێگەی خۆیەتی سەرنجی ئەم خاڵانە بدەین!
یەکەم / نەبونی ئاسۆیەکی سیاسی: ڕەنج کێشانی ئەم جوڵانەوەیە لە نەبونی ئاسۆیەکی سیاسی ڕۆشن، بەجۆرێک کە بتوانێت خوێندنەوەیەکی ڕۆشنی هەبێت بۆ ئاراستەکردنی هەنگاو بە هەنگاوی درێژەپێدانی نەخشە ‌ڕێگایەکی کارا کە بتوانێت بە ڕوئیایەکی شەفافەوە تەواوی پلانی پرۆسەی بەسەرکەوتن گەیاندنی جوڵانەوەکە لە هەموو ڕوویەکەوە بەدوا مەنزلی خۆی بگەیەنێت.
هاوکات مامەڵەیەکی تەندروستدار بکات لەگەڵ توێژو بەشە ناڕازیەکانی تری کۆمەڵگا، تابتوانێت وەک بەشێک لە لەشکری جەنگی ڕوو بەڕوو بوونەوەی دەسەڵات هەڵیانخڕێنێتو دەوری پێشڕەوانەی هەبێت و بەکردەوە هەنگاو هەڵهێنێتەوە بۆ بەرپاکردنی ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیەی کە دەیتوانی هاوکێشەکان لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بەگشتی ببڕێتەوە.

ئەم بزوتنەوەیە دووربوو لەو ڕێگەو ڕەوشتەی کە هاوپشتی نێودەولەتی تێدا بەهەند وەرگرێت, لە کاتێکدا کە دەستەلات نیگەرانیەکی زۆری لە هەرجۆرە گوشارێکی نێودەولەتیەو کوشتەی پەردەی لە ڕوو هەڵبماڵینە لە نێوەندە جیهانیەکاندا. بۆیە لەمبارەشەوە رابەری ئەم بزوتنەوەیە بەرزڕاگرتنی ئەو کارانەی کە لەڕێگەی ڕێکخراو نەقابە کرێکاری و کەسایەتیە ناسراوەکانی وەک جۆن ماکدۆنێل دەکرا زۆر بەلاوە بایەخدارنەبوو، لەباتی ئەمە بەشێکی زۆری هیوای خۆیان بەوەوە گرێدبووە کە سبەی فلان کتلەی پەرلەمانی و فلان ‌‌حزب لەبەغداد چ بەلێنێکی پێدەدات و چی بۆ دەکات، لەکاتێکدا ئەم جولانەوەیە ئەوەند مەزن و گەورە بوو کە بەبێ ئەوەی پێویستی بە هیچ فلتەرێک بێت خۆی ڕاستەوخۆ دەیتوانی تەرەف بێت لەگەل پەرلەمان و حکومەت .

دووهەم / ڕابەریەکی ناتەبا : یەکێک لەگرنگترین ئەڵقە سەرەکیەکانی هەر جوڵانەوەیەک، نەبوونی ڕابەریەکی کاراو وشیارو جۆشخواردو تەبایە بەبەدەنەی جوڵانەوەو ڕێکخراوەکەیەوە. کارەکتەری ڕابەری دەتوانێت دەوری چارەنووسازی هەبێت لە لێکهەڵپێکانو هیدایەتکردن و ئاراستەکردنی هەرجولانەوەیەکدا، کەبەداخەوە لەمبارەوە لەنێو ئەنجومەن و دەستەی مامۆستایانی نارازیدا ئەمە لاوازبوو .
لەبەرئەوەی دوو گروپی جیاواز لەنێو دەستەو ئەنجومەنەکانی مامۆستایاندا کاری دەکرد، ئەمە کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیام و بڕیارەکان هەبوو، هەرئەمەش وایکرد کە کەمتر بتوانن لەچوارچێوەیەکی دیاریکراودا، کارەکانیان پێکەوە ڕابەری بکەن و لە ئاستێکی شایستەدا درێژە بە بەردەوام بوونان بدەن.
بەتایبەتی ئەم دۆخە لە سلێمانی بەرجەستەتر خۆی نیشان دەدات، کە هەندێ جار بانگەوازی خۆپیشاندانی فڵانە ڕۆژ، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بۆچونی گروپەکەی تر ئەنجام دەدرا. دواین حاڵەتێک کە دەکرێت ئاماژەی پێ بکەین ڕاگەیاندنێک بوو بەناوی ئەنجومەنی سەراسەری مامۆستایانەوە بڵاوکرایەوە، بەبێ ئەوەی کەهەندێک لەشارەکان دواین بڕیاری خۆیاندابێت، یان تەنانەت ئاگاداری بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاگەیاندنە بوبن.
دواتر بینیمان زۆرێک لە ئەنجومەن و دەستەی شارەکانیش لەکاتی جیاوازدا لەوبارەیەوە ڕاگەیاندن بڵاودەکەنەوە.. جگە لەهەموو ئەمانە، نەبوونی ئەو هەماهەنگیە کاریگەری نەرێنی لەنێوان شارەکاندا دروست کرد، کە ئەمەش بووەتە هۆی لاواز دەرکەوتنی دەوری ڕابەری سەرتاسەری ئەم جوڵانەوەیە، لێرەوەیە بەجۆرێک ئەوە دەبینین کە ئەم ڕابەریە کەمتر غەمی یەکپارچە راگرتنی بزوتنەوەکەو دەخالەت پێدانی ڕابەران و هەلسوڕاوانی خوارەوەی هەبوو، کەمتر بەدوای دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشدا بووە، بۆیە وەک دەبینین رابەری ئەم جولانەوەیە نەیتوانی ئەو ڕۆلە شایستەیە ببینێت کە لە ئاستێکی بالاتردا جولانەوەکە بەرەو شوێنێکی خوازراوی شایستەتردا بەرێت.

سێهەم / تاکتیک و شێوەکار نەیتوانی وەڵام بە نیازی جوڵانەوەکە بداتەوە!
یەکێک لەچەق بەستووی ئەم جوڵانەوەیە لەتاکتیک و شێوەکارەکەیدا خۆی نیشان دەدات، وەک دەزانن بۆ ماوەی ١٦٠ ڕۆژ ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان لەم قۆناغەدا لەبازنەی بایکۆت+ ڕێپوان وخۆپیشاندانا خولایەوە، لەکاتێکدا دەتوانرا تاکتێکی زۆر کاراتر بەدەستەوە بگرین، لەچەشنی دانانی خێمە بۆ درێژماوە، وەک ئەوەی ساڵی ڕابردو لە کفری ئەنجامدرا.
یەکێکی تر لەو ڕێگەو ڕەوشتانە مانگرتنی دوکان و بازاڕەکانە هاوشێوەی ئەو هەنگاوەی کە لەهەڵەبجە نیشاندرا، بەهەمان شێوە چڕکردنەوەی کارەکانمان لەخاڵە سنووریەکاندا هاوشێوەی ئەوەی کە ساڵی ڕابردو خەڵکی پێنجوێن هەنگاوێکی سەرکەوتوانەیان ئەنجامداو دەسەڵاتیان ناچارکرد بەوەڵامدانەوە بە بەشێکی زۆر لەداخوازیەکانیان، چونکە خاڵە سنووریەکان یەکێکە لەشادەماری پێگەی ئابووری دەسەڵاتەیە.

لایەنێکی تری لاوازی ئەم تاکتیک و شێوەکارە، چۆنیەتی هێنانە مەیدانی چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگایە، کە دیارە لەوەرزی دووهەمی ناڕەزایەتیەکانەوە، هەولێک پەیدابوو بۆ کارکردن بەوئاراستەدا کە هەوڵێکی چڕوپڕتر بانگەوازی هەموو چین و توێژەکان دەکرا بۆ پەیوەست بوون بەناڕەزایەتیەکانەوە.
بەلام بەداخەوە شێوازی کارەکە بەجۆرێک بوو کە هاتنەمەیدانی چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگا دەخرایە خزمەت ئامانجەکانی مامۆستایانەوە، کە تا ئەو شوێنەی بەهاوپشتی کردن دەگەڕێتەوە ئەمە کارێکی دروستە، بەڵام نەدەبوو هەموو چاوەڕوانیەکە ئەوەبێت کە بەشەکانی تری کۆمەڵگا تەنیا سێرڤس بەناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان بدەن، بەڵکو دەکرا هاتنەمەیدانی ئەوان بەخواست و دواکاریەکانیانەوە جەبهەی کێشمەکێش و ڕاوەستانەوەکەی دژ بەدەسەڵات بەهێزتر بکردایە.
بۆ ئەمەش دەبوو کاتێک کە کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تەندروستی، کارەبا، مرورو ڕێگەوبان، خوێندکاران، شارەوانی و باج وخەراج بانگهێشت دەکەیت، دەبوو بەهەمان شێوە خواست و داواکاریەکانی خۆیان بەرجەستە بکردایەتەوە، ئەوکاتە شەقامێکی زۆربەهێزترو جوڵانەوەیەکی یەکجار کاراترمان بەخۆمانەوە دەبینیەوە .
لەم ڕێگەیەشەوە دەمانتوانی وەک بەشێک لە لەشکری جەنگی ڕوو بەڕووی دەسەڵات هەڵیانخڕێنین بەمەش بەکردەوە هەنگاو هەڵهێنێتەوە بۆ بەرپاکردنی ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیەی کە دەیتوانی هاوکێشەکان لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بەگشتی ببڕێتەوە.
هەلبەتە نابێت ئەوەش فەرامۆشکەین کە بەشێک لەم شێوازی کارە پەیوەندی بەو بیرکردنەوە سنفیگەراییەوە هەیە کە لەچوارچێوەی توێژو سنفەکەی خۆیان دەرناچێت و لەمەش خراپتر ئەوەیە بۆ سنفەکەی خۆشیان ترسیان لە بە سیاسی کردنی دۆسەکەیان هەبوو، لە کاتێکدا ئەمڕۆ ئیتر هیچ کەسانێک نیە نەزانێت کە مەسەلەی مووچە کراوەتە بابەتێکی سیاسی.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە هەموو ئەمانە پێمان دەلێن کە ئەم بزوتنەوەیە بەدەرلەهەر ئامانجێک کەمتر پشتبەستوبوو بەدەخالەتی ڕاستەوخۆی جەماوەر بەشێوەیەکی ڕێکخراو، هەربۆیە تەنانەت نوێنەرانی شارو ناوچەکانیش لەکارە سەراسەریەکاندا کەمتر دەخالەتیان پێدەدرا، ئەوە باسی هەلبژادن یان لابردنی کەسانێکی نەشیاو ناکەم. جیاواز لە هەموو ئەمانەش لایەنێکی تری لاوازی ئەم شێوە کارە لە نەبوونی هیچ پەیرەو پرۆگرام و مەوازنێکدا خۆی دەبینێتەوە کە گرفتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا .

دوا وشە!
ئەوەی کە خستمانە ڕوو چوارچێوەی گشتی یان پانۆڕامایەک بوو لەو پرۆسەیەی کە تێیدا سەرنجمان چووە سەر هەلسەنگاندنێکی دوولایەنە کە بەبڕوای من تەواوی بابەتەکە لە ئێستەدا هێشتا دواین بزماری بەسەردا نەدراوەو بردنەوەو کۆتایهێنانی ئەو ڕێژەیە لەسەرکەوتن لە گرەوی ئەوەدایە کە ئایا ئێمە دەرکو تێگەشتنێکی هاوبەشمان هەیە لەسەر بەکارهێنانی ترمەنلۆژی (هەڵسپاردن) ئایا دەزانین هەلسپاردن، واتە کارکردن لەقۆناغی ( هودنە)و تێگەشتن لەو دانوساتەی کە لەگەل دەسەلاتدا ڕاتگەیاندوە. کە بەدڵنیای دەسەڵات هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ کەم ڕەنگکردنەوەی سەلماندن و جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی، ئایا ئێمە لەوە حاڵی دەبین کە ئەگەر بە بەردەوامی لەسەر خەت نەبین بەدواچوون لەسەر جێبەجێکردنی داواکاریەکانمان نەکەین، ئەگەری هەر ئاڵوگۆڕێک بەسەر دۆخەکەو بەڵێنەکانی دەسەڵاتدا مستەحیل و چاوەڕوان نەکراو نیە. بۆیە ئەوەی لێرەدا دەتوانێت دەورێکی کاراو چارەنووسازی هەبێت پاراستنی ئاستێک لە هاوخەباتی ئەنجومەن و دەستەکانە کەخۆیان بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو ئامادە بکەن و ئەمەش هەنگاوێکی بەرپرسانەیە بە ئاراستەی بەرەو زیاتری ڕێکخراو بوونیان.

بۆئەوەی سزاکان بسڕینەوە!

دواجار بابەتێک کە یەکجار گرنگ و هەستیارە ئایندەو چارەنووسی ئەو ئەزیزانەیە کە بەر شەپۆلی هەڕەشەکانی دەسەڵات کەوتوون سزادراون و غایب دراون تەنانەت مامۆستایانێکیش فەسڵ کراون. بۆیە ئێمە ناتوانین باس لە هیچ سەرکەوتنێک بکەین بەبێ ئەوەی بتوانین تەواوی ئەو سزاو غیابدانانە لەلایەن دەسەڵاتەوە هەڵبووەشینینەوە!
هەربۆیە ئەرکی فەوری ئێمەیە کەمپەینێکی سەرکەوتوو بەڕێبخەین بە پشتیوانی دەیان پارێزەرو دەیان مامۆستاو هەڵسوراوی ئەم مەیدانە. لەمبارەشەوە دەستەی ئامادەکاری کۆنگرەی ڕێکخراوە جەماوەریەکان ئامادەیە بچێتە مەیدانی ئەم جەنگە لە دەرەوەو ناوخۆی کوردستان و عێراقیشەوە، بۆ ڕێگرتن لە سزادانی سزادراوەکان، بۆئەم مەبەستەش ڕوومان لە تەواوی هەڵسوڕاوانی مامۆستایان هەیە کە کارکردن بۆ ئەم مەبەستە بەئەرکی سەر شانی خۆیان بزانن و لەم کەمپەینەدا هاوکارو هاورێمان بن!

بەهادین حاجی بەکر دارتاش ناسراو بە ( ڕێبوار عارف )
٢٧.٢.٢٠٢٤

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish